٢٨\١١\٢٠١٩
خاڵدار.

جەلال قادر
دوێنێ ئێوارە تەکسیم دەهاژووشت، نزیک بە گۆڕستانەکەی گەرەکی (رەحیم
ئاوا)، ژن و مێردێک بە دەست ئیشارەتیان بۆکردم تا بوەستم. هەرکە نزیک
کەوتمەوە موسافرەکەم ناسی، هاوڕێیکی دێرینم بوو، بەلام بۆ ماوەی بیست،
سی ساڵش دەبێت لەیەکتر زیزن و یەکترنابینین.
ناخۆشترین ساتی ژیانم بوو، چونکە دەبوایە بڕیاربدەم هەڵیانگرم یان
خۆمیان لێ نەناس بکەم و بەتەنیشتیان تێپەڕم. لەبەرئەوەی ژنەکە
کۆرپەیەکی لەباوەش بوو. بەزەییم پێیان هاتەوە و تەکسیەکەم ڕاگرت.
بێئەوەی پرسیاری نرخی کرێ بکەن، بە بێدەنگی و خەمبارییەوە، برادەرەکەم
بەتەنیشتمەوە دانیشت و ژنەکەشی لە کورسیەکەی پشتەوە.
کاتێ موسافرەکەی تەنیشتم ڕووی وەرگێڕاو ویستی ئەدرەسی ماڵی پێمبدات،
هەر کە منی بینی شۆک بوو، خەریک بوو دەرگەکە بکاتەوە و دابەزێت. بەلام
باشبوو، خێرا زەردەخەنەیەکم بۆ کرد و پەشیمانم کردەوە.
هاوسەرەکەی لەپشتەوە وتی : ئەرێ ئەوە چییە پیاوەکە، گووتمان نەخۆشی،
بەلام تکایە بە شوفێڕەکە بڵێ بۆ کوێ دەچین؟
ئاوڕێکی دواوەمدایەوە و بە ژنەکەم وت : پێویست ناکات، خۆم ماڵتان
پێدەزانم.
تا نزیک پردەکەی خاسە بێدەنگیەک کەوتبوە نێوان من و موسافرەکانم کە
دەتگووت لەسەر پرسەی دایکمان گەڕاویوەنەتەوە. لەگەل ئەم بێدەنگییە
شریتێکی سینەمایی لە هزری من و برادەرەکەم، بیرەوەرییەکانی زیندوو
کردینەوە، بۆ ڕۆژگارێک کە من و (حەسەن) دوو هاوڕێی جوان بووین و بە
کۆلانەکانی (ئیمام قاسم) قۆپچەکانی سەر سنگمان دەکردەوە و پیاسەمان
دەکرد. ڕۆژگارێکی خۆشبوو، ماڵی حەسەن لە کۆلانی (عاشوور) بوو، نزیک بە
سینەما خەیام، زوو زوو دەچووین بۆ سینەما و تەماشاکردنی فیلمە
هیندیەکان. گۆڕانیەکانمان ئەزبەر کرد بوو، لەناو باخچەکەی قەلا خۆمان
بەسەر لقی دارەکان شۆڕ دەکرد و لاسایی شامی کاپوورمان دەکردەوە.
ئەوەی جێی داخبوو، لەدڵم گرانبوو، کە نەدەهاتەوە یادم لەسەرچی و بۆچی
لەیەکتر دابڕاین و زویر بووین. هەر ئەوەند دەزانم کە ڕۆژێکحەسەنم بینی
وتی : چیتر حەز بە برادەریت ناکەم.
کە لە پردەکە پەڕینەوە، هاوسەرەکەی حەسەن لەپشتەوە،کۆرپەکەی لە باوەشیا
نووستبوو، سەرێکی هێنایە پێش و لێی پرسیم : ئەرێ کاکی شوفێڕ بەڕیزتان
چۆن ماڵی ئێمە پێ دەزانیت؟
سەیرێکی حەسەنم کرد، لات و داماوو، مووی سەری سپی بووبوون، کەپووشی
گەورەتر و سوور هەلگەڕابوون. بە ژنەکەم وت : من و حەسەنی هاوسەرت
هاوڕێی منداڵین و تا سالی هەشتاکان دوو برادەری گیانی بە گیانی بووین،
بەلام نازانم بۆ حەسەن لێم زیزبووە ؟
ژنەکە دەستی نایە بان شانی حەسەن و وتی : دە قسەیەک بکە، بزانین چی
ڕوویداوە.
حەسەن سەیرێکی منی کرد و ئاوڕێکی لەژنەکەی دایەوەو گوتی : جارێ کاتی
نییە، بەلام ڕۆژێکیتر ئەگەر یەکتر ببینینەوە پێتدەڵێم.
_کێ دەڵێت یەکتر دەبینینەوە؟ هەرچیت لەدڵدایە ئێستا هەڵڕێژە...
هاوسەرەکەی لە پشتەوە دەنگی بەرزتر کردەوە و وتی : ڕاستدەکات، ئەمە
ڕێکەوتێکی باشە، تا تۆ و ئەم برادەرەت ئاشت ببنەوە.
حەسەن بێدەنگ بوو،لەپاش چەند چرکەیەک بە دەنگێکی پڕ لەخەماوی وتی :
لەبیرتە تۆ هامووشۆی مالی ئێمەت دەکرد؟
-بەلێ...
+ڕۆژێکیان شیعرێکی دڵداریت بە خوشکەکەم دابوو.
- بەڵێ..
+ بەڵێی چیی...چۆن برادەر حەز لە خوشکی برادەری دەکات؟
دەستێکم نایە بانشان حەسەن و داوای لێبووردنم لێکرد و گوتم : بەلام
ئەوە (خاڵداری) خوشکت بوو، هۆنراوەکانی پێیدابووم تا چاوێکی پێبخشێنم.
حەسەن بێدەنگ بوو.
منیش بۆ ئەوەی ئەو ڕق و کینەیەی چەند ساڵەی لەبیربەرمەوە، پێمگووت :
هەر ئەو ڕۆژەی تۆ پێتگووتم چیتر نامەوێت یەکتر ببینین، من لەبەر خاتری
تۆ هاتووچۆی گەرەکەشتانم نەکردوە. هەرچەندە ئێستا نازانم (خالداری)
خوشکت چی بەسەرهاتووە، بەلام من لەپاش ئەو نامەیە خۆشەوسیتی خاڵدار
چووە دڵمەوە، لی لەبەرخاتری تۆ، دوور کەوتمەوە ئەو خۆشەویستیەم لەناخم
خنکاند.
کاتێ من قسەم دەکرد حەسەن ڕووی لێم وەرگێڕابوو، نەیدەویست ڕووخساری
ببینم. یان لەوانەیە نەویستبێت چاولەچاوم ببڕێت.
لە ئاوێنەکەوە سەیرێکی پشتەوەم کرد، بۆئەوەی دڵنیا بم هاوسەرەکەشی گوێی
لە قسەکانم بووە. کەچی بینیم فرمێسک لەچاوەکانیا دەهاتە خوارێ.
دڵم خورپەی کرد و هەستمکرد شتێک بەسەر (خاڵدار) هاتووە.
بەناو بازاڕەکەی ئیمام قاسم تێپەڕین، چەند کۆلانێک مابوو بگەینە ماڵی
حەسەن.
بێدەنگیحەسەن و فرمێسکەکانی هاوسەرەکەی سەری لێشێواندبووم. ناچاربووم
بپرسم: ئایە هیچ ڕوویداوە؟
کەسیان وەلامیان نەدامەوە.
کاتێ گەیشتینە بەردەرگەی ماڵیان. حەسەن خێرا دابەزی و بێئەوەی
خووداحافیزی بکات یان پارەی کرێ بدات؟ لەدەرگەکەی پشتەوە کۆرپەکەی لە
هاوسەرەکەی وەرگرت و بەجێی هێشتم.
هاوسەرەکەی فەرمووی لێکردم ، دابەزم و ببم بە میوان.
- نەخێر...پێویست ناکات، بەلام پێم نالێین چی ڕوویداوە؟ بۆ حەسەن ئاوا
خەمبارە؟
هاوەسەرەکەی حەسەن بەنیگەرانیەوە، وتی :کەواتە تۆ کاک بەختیاریت؟
-بەلێ...
+ دە..یەک دەقە ڕاوەستە دەچم ئەڵبوومێکی (خاڵدار) هەیە بۆت دەهێنم.
ژنەکەی حەسەن کورتەباڵاو بچکۆلانە و قەشەنگ بوو، گوورج خۆیکرد بە
حەوشەو لە پاش نیو خووڵەک خێرا ئەلبوومێکی دایە دەستم، چاوێکم بە
ئەلبوومەکە خشاند، پەڕە بە پەڕە بە خەتێکی خۆش شیعری تیا نووسرابوو. لە
دواپەڕە، وێنەیەکی سەردەمی لاویەتی منی تیابوو، کە تازە خەتی سمێڵم
هاتبوو.
هاوسەرەکەی حەسەن وتی : ئەمڕۆ یادی چڵەی ماتەمینی خاڵدارە، خاڵدار زۆر
چاوەڕووانی کردی، بەو خەفەتەوە نەخۆش کەوت و مرد.
تشرینی دووەمی ٢٠١٩ -
ئۆتاوا
ماڵپهڕی جهلال قادر
|