په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٢\٢٠١٢

خاڵێک بۆ لیستی کوردستانی.


شوان سدیق       


رەنگە لەمێژووی کاری لیستی کوردستانی لەناو پەرلەمانی کوردستاندا، یەکەم ھەنگاوی جدی ئەو لیستە بێت، بەرانبەر وەھا بڕیارێک کە لەلایەن خەڵکەوە ناڕەزای بەدوای خۆیدا بێنێت، بە دەلیلی ئەوەی لیستی دەسەڵات لە زۆر روەوە غیاب بووە، دەرھەق بە ئیشوکارەکانی حکومەت و ھاودەنگ بوونیان، لەگەڵ دەنگی زۆرینەی خەڵکی کوردستان، کە خەڵک دەخوازێت دەسەڵاتێکی مەدەنی دوور لە ئەجێندای راستەوخۆی حزبی و گروپگەلی سیاسی لە کوردستان، سەرمەشقی ژیانی رۆژانەی ھاوڵاتیان بکات.


بەگوێرەی ھەواڵیکی سایتی “خه‌ندان” سۆزان خاڵە شیھاب، سەرۆکی لیستی کوردستانی رایگەیاندووە، لیستەکەیان لەرێگەی لیژنەیەکەوە داوای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پێدانی پلەی وەزیفی و پێشینەی خانووبەرە بە فەرمانبەرانی پەرلەمانی کوردستان دەکات، کە لە دەرەوەی یاسا ئەنجام دراون. لەلایەکی تریش سایتی “ھاوڵاتی”ش نوسیویەتی “ئەگەر لیژنەکە ئەنجامی نەبێ و بڕیارەکەی سەرۆکی پەرلەمان ھەڵنەوەشێنرێتەوە، لیستی کوردستانی داوای کۆبوونەوەی نا ئاسایی دەکات، لەو حاڵەتەشدا دوورنییە پێکدادان دروستببێت”.


پێویستە بگوترێت، ھەرچەندە ئەو بڕیارە بڕیارەی لە مێژینەی سەرۆکایەتی پەرلەمان خۆیەتی کە ئەوانیش لە سەرکردایەتی پارتی و یەکێـتی پێکدێن، بەڵام ئێستاشی لەگەڵ بێ ئەو بەئاگابوونەی لیستی کوردستانی لەوەھا بڕیارێک لەبەرانبەر ئەو جۆرە پرۆژەیە، دەکرێت بە خاڵێکی گرنگی دابنێین لە مێژووی کارکردنی ئەو لیستە لەناو پەرلەمانی کوردستان، چونکە ھەر کارێکی لەو شێوەیە دەبێت بەھەندی وەربگرین.


بەڵام ئەوەی گرنگترە، بۆ فراکسیۆنی دەسەڵات، واتە فراکسیۆنی کوردستانی خاوەن ٥٩ کورسی، زۆر شتی تر ھەبوو دەبوایە ھەر لەسەرەتاوە بیانکردبا ئەگەر ئەم لیستە دەردی خۆیان دەڵێن “خەمخۆری میلەت”ن و بڕوایان بە عەدالەتی کۆمەڵایەتی ھەیە و پشتیان لە دادپەروەری نەکردووە. چونکە لە ھەموو کاتێکدا ئەوان وەک زۆرینەی لیستی فراکسیۆنی دەسەڵات، وەک چاودێر و یاسا دانان خەمساردو کەمتەرخەم و غیابوون لە ئاست ژیانی بەڕێوەبردنی حکومڕانی لە ھەرێمی کوردستان.


بە دەلیلی ئەوەی ئەو ماوە دوورودرێژەی ساڵ ئەم لیستە وەک چۆن توانیویانە پرۆژەی فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ناو پەرلەمان، بەزۆرینەی دەنگ رەت بکەنەوە، یاخوود دژایەتیان کردووە، خۆ ئەگەر بھاتبان لە بەرامبەر خراپی گوزەرانی ھاوڵاتیان و پرۆژەی ئەو بەرپرسە نا بەرپرسانە ھەڵوێستیان ھەبوایە کە لەم ھەرێمە خێر لەخۆ نەدیوە کە ساڵانێکە ھەندێ لە ‌گروپگەلی سیاسی لەسەرداھاتی خەڵکی رەش و رووتی کوردستان شەو و رۆژ دەکەنەوە و بێباکانە بەبێ ئەوەی لەخۆیان بپرسن ئەوە چ ھەق و رەوایەتییەکە “ئێمە” بەو جۆرەی دەژین و خەڵکیش رووبەڕووی دەیەھا جۆر ناخۆش و نەھامەتی بۆتەوە!


غیابی لیستی کوردستانی لەوەشدا خۆی دەبینێتەوە، کە تاھەنووکەش ئەو لیستە نەیانتوانیوە وەک لیستی زۆرینە لێ پێچینەوە، لە ژمارەیەک وەزیر و کار بەدەستی حکومەتی ھەرێم بکەن، ئەگەر ئەو لیستە وەڵامی ئەوەبێت، ئەوان چاودێری کاروباری وەزارەتەکانیان کردووە، دەبێ بپرسین کام لێپرسینەوەیە؟ ئەو لێپرسینەوەیە کاتێک کە وەزیرێک دێتە پەرلەمان لە جیاتی ئەوەی دەنگ ھەڵببڕن داوای روونکردنەوەی لەسەر گرێبەستی نەوت و داھاتی نەوتی لێ بکرێت، ئەوان بە چەپڵە رێزان بەڕێی دەکەن. یان چ کات لیستی کوردستانی سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکانیان رووبەڕووی پرسیاری یەکگرتنەوەی وەزارەتەکان و باسی نەھێشتنی ئەجێندای حزبی و شەفاش بوون لە ئیشوکارەکانیان کردۆتەوە!


کاتێک دەڵێم لیستی کوردستانی جورئەتی کرد بەرانبەر بە رەتکردنەوەی ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پێدانی پلەی وەزیفی و پێشینەی خانووبەرە بە فەرمانبەرانی پەرلەمان، پێمانوانەبێت ئیدی ئەوان لە ھەموو کارێکدا جورئەتیان کردووە و بوێرانە پەییان بە ھەقیقەتی ھەموو شتەکان بردووە، چونکە دوا کەوتنی لیستی کوردستانی لە جورئەت و بەئاگاھاتنەوە لەوەدایە کە وڵات پڕبووە لە بازرگانی جۆراوجۆر مافیا ئاسا بێویژدانانە ناوچەکەیان کردووە بە شوێنی ساغکردنەوەی کاڵاو شتومەک و پێداویستییە جۆراو جۆرەکانی تری ژیانی ئینسان بەبێ ئەوەی رۆژێک لە رۆژان لیستی کوردستانی پرۆژەیەکی ھەبێ بەبێ گوێدانە ھیچ بەرپرس و گروپێکی سیاسی ئەوان وەزیرە پەیوەندیدارەکانی حکومەتیان رووبەڕووی لێپێچینەوە کردۆتەوە، بۆ بازاڕەکانی ھەرێم وای لێ ھاتووە؟ ئایا کێن ئەوانەی کاڵاو دەرمانی ساختە و مەوادی خراپ دێننە کوردستان؟ ئەگەر وەزارەت کاری ئەوەیە بەداواچوون و چاودێر بێت، دەبێ وەزیر و بەرپرسە حکومیەکان لە ناو ھۆڵی پەرلەماندا وەڵامی نوێنەری خەڵک بدەنەوە!!

 

ماڵپه‌ڕی شوان سدیق

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک