په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٩\٢٠١١

خانەقین لەنێو بەرەکان.


سەلام عەبدوڵا   


شوێن و جێگای جیوستراتیژی خانەقین وای کردووە ببێت بە یەکێک لە کۆنترین قەزا بەتوانا و دەوڵەمەندو پێشکەوتووەکانی کوردستان. دانیشتوانەکەی شانازی دەکەن بە کۆنترین قوتابخانە، فەرمانگەی پۆست، تەلەگراف، کێڵگەکانی نەوت و گاز، پاڵاوگە نەوت و وێستگەی شەمەندنەفەرەکەیان.

شۆفێنیزمی عەربی و ئەقڵی مشەخۆر و بازرگانی کورد بەربوونەتە گیانی برینداری ئەم شارەو بە ئارەزووی خۆیان لەتلەت، پەراوێز و بێ ئیرادەی دەکەن!

تاوانی شوفێنزمی عەرەبی و گاڵتەجاڕیی ئیداری کورد!


حکومەتی بەغدا دووربینانە رەفتاردەکات، بۆیە بە مەبەستی دەستگرتن بەسەر چالگە نەوت و گازە بێشومارەکانی گەرمەسێر، هەوڵ بۆ بەعربکردنی ناحییەی جەلەولا، سەعدیە، قەرەتەپەو نەفتخانە دەدەن، هەمان کردە لە دەروازەی مەنزەریەیش پەیڕودەکەن. ئەم سیاسەتە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بە هەماهەنگی بەعس، قاعیدە و حزبە ئیسلامییەکان ئەنجام دەدرێ. بۆ نموونە، دەزگای پۆلیسی جەلەولایان بۆ ئاستی بەڕێوبەرایەتی بەرزکردووە و بە ملهوڕی وەک خاوەن ماڵ بڕیار لەسەر رۆڵی پۆلیس و ئاسایشی کوردستان دەدەن.

لەلایەکیترەوە ئاوایی و دەروازەی پەروێزخان تا چیای بەمۆو بەنداوی دەربەندیخانی ئەمبەر، لەسەر ئیدارەی خانەقین بوون، بەڵام لەبەر هەر هۆیەکی خواروخێچ، شاراوەو جێگای پرسیار، ئێستا ئەو دەروازە بازرگانییە خراوەتە سەر ئیدارەی گەرمیان و لەوێڕا بڕیار لەسەر داهاتەکەی دەدرێ.

گاڵتەجاریییەکە گەیشتووەتە ئەو ئاستە کە شاری دێرینی خانەقین لە ئاستی رۆشنبیری کراوە بە فەرمانگەیەک سەر بە بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیری گەرمیان، بەبێ ئەوەی لەم بارەیەوە سیاسەتمەدارە"بلیمەت و گەورەکان" هیچ پرسیارێک یان شەرمێک لە خۆیان بکەن!

پەراوێزخستنی دەزگاکان.


پاش روخاندنی رژێمی بەعس رێژەی دانیشتوانی شارەکە لە30هەزار کەسەوە بووە بە نزیکەی150هەزار کەس. زۆرێک لە خێزانە تەعریبکراوەکان گەڕانەوە ناو ماڵ و سەر زەوییەکانیان. ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورە بوو، بەڵام ئیدارەکەی بە تواناکانی رابردوو ناتوانن داخوازییە سەرەتاییەکانی ئێستای خەڵک جێبەجێ بکەن. بۆ نموونە فەرمانگەی ئاو(بەهۆی وشککردنی رووباری ئەڵوەن، هاوینان رووبەڕووی کێشەی زۆر گەورە دەبیتەوە)و بەرپرسێک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، وتی: (ئەگەر ئەم فەرمانگەیە نەکرێت بە بەڕێوبەرایەتی، ناتوانین کێشەی ئاو چارەسەر بکەین). بەهەمان شێوە بەڕێوبەرایەتی شارەوانی خانەقین بۆ خزمەتکردنی شارەکە تەنها یەک شۆفەل، 38پاکەوان(مانگی بە250،000دینار!)، 2گەڵابە، 4تەنکەری ئاو، هەیە! ئایە ئەو توانایە بەشی خزمەتکردنی شارێکی گەورە وەک خانەقین دەکات؟! رۆشنبیرەکانی لە ئاستی فەرمانگەیەک رەفتاری لەگەل دەکەن. هەروا قائیمقامییەتی خانەقین بە روونی پەراوێزخراوە. ئەو هەوڵانە ئیدارەی شارەکەی گز و نیوە ئەفلیج کردووە.

جاران باس لە سێ ئیدارەیی دەکرا، ئێستا خەڵک باسی چوار ئیدارەیی دەکەن: ئیدارەی هەلێر، ئیدارەی سلیمانی، ئیدارەی دیالەو ئێستا لەبەر هەر هۆیەک بێت، خەڵک باس لە ئیدارەی چوارەم دەکەن(مەبەست ئیدارەی گەرمیان)ە کە لەلایەکەوە جێگای شانازییە کە کەلار بەو شێوەیە گەشەیکردووە، بەڵام ناکرێ ئەو گەشەکردنە لەسەر حیسابی بچووککردنی خانەقین بێت.


جارێکیان برادەرێک لەبارەی گەڕاندنەوەی خانەقین بۆ سەر ئیدارەی هەرێم، وتی:(خانەقین بالجێب)، بەڵام راستیەکان ئەو بۆچوونە ناسەلمێنن، بۆیە پرسیار دەکرێ: کێ سوود دەبینێ لە پەراوێزخستن و بچووککردنی ئەم شارە؟ کێ لە ئاستیدا بەرپرسە؟!

کێشەی شەهیدان و ئەنفالکراوەکان.


هێرش ئەحمەد(بەڕێوبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان لە خانەقین)، وتی: ماوەی2ساڵە دووسێی نزیکەی121شەهیدی سەنگەرو کارە تیرۆریستییەکانی لە خانەقین بۆ وەزارەت ناردووە، بەڵام تا ئێستا ئەنجامی نییەو کەسوکارەکانیان سەردان و داوای وڵاممان لێدەکەن.

کێشەیەکی گەنجەکان!


پێشی چەند ساڵێک خەڵک بەخۆشییەوە منداڵەکانیان بۆ قوتابخانەی کوردی دەنارد، بەڵام هەر کە دەرکەوت زۆربەی دەرچوانی پۆلی شەشی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکانی کوردستان و شارەکەیان بە ئاسایی وەرناگیرێن یان پاشان دامەزراندیان سەخت و قورسە و پێویستی بە خاوەن بڕیارە یەکەمەکانە، حەماسەت و ئینتیما کزو لاواز بووە. بۆ نموونە ساڵانێکە نزیکەی800گەنج لە دەرچوانی زانکۆو پەیمانگەکان بە چالاکی جۆربەجۆرو ناڕەزایەتی، هەوڵ بۆ دامەزراندن دەدەن، بەڵام لە هەوڵە یەک لە دوای یەکەکانیان هەر نائومێدی بەشیان بوو.

ئێمە سواڵکەر و بێخاوەن نین؟!


زۆرێک لە خەڵک پرسیار دەکەن: بۆچی پێشینەی هاوسەرگیری، عەقار، قەرزی بچووک خەڵکی شارەکەمان ناگرێتەوە؟!

ئیمڕۆ بەرپرسێکی ئیداری هێلکەکەی بە پاککراوی بەدەستمانەوە دا و وتی:(بۆ ئەو پڕۆژانە لە خانەقین ئەنجام دەدرێن، دەبێ لە بەشی شوێنەکان تر بگرینەوە. خانەقین لەسەر هەرێمی کوردستان نییە.).

ئێمە کارمان بەو دەستوورە هەیە کە لە ماددەی1ی هاتووە:(کوردستان - عیراق قەوارەیەکی جوگرافی مێژووییە، پێکدێت لە پارێزگای دهۆک بە سنووری کارگێڕی ئێستایەوەی و لە پارێزگاکانی کەرکوک و سلیمانی و هەلێرو قەزاکانی ئاکرێ و شێخان و سنجارو تلکێف و قەرەقوش و ناحییەکانی زمارو بەعشیقەو ئاسکی کەلەک لە پارێزگای نەینەواو هەردوو قەزای خانەقین و مەندەلی لە پارێزگای دیالە. ئەمانەش بە سنووری کارگێڕی پێش ساڵی1968یانەوە).

حکومەت مامەڵەی سواڵکەرو بێخاوەن لەگەل دانیشتوانی شارەکە دەکات. خەڵکی خانەقین نە سواڵکەرن و نە بێخاوەن تا لە دەمی شوێنەکانی تر بگرنەوەو بە ئەوان بدەن یان هەندێ پڕۆژە لەسەر ئەرکی حزبی بۆ شارەکە ئەنجام بدەن. خانەقین داهاتێکی گەورەکان هەیە و لەتوانای هەیە هەموو ناوچەکە بەرێوە ببات، بەڵام جەناب عالیە"دەست پاکەکان" داهاتەکەی بەدەستێک لێی دەبەن و بەدەستەکەی تر بڕێکی"لەرێی خوا و پیاوەتی" بۆ شارەکە خەرجی دەکەن.

هەژاریی و بێکاریی.


لە شاری نەوت و گازو کشتوکاڵ و دەروازەکان، رێژەی هەژاریی، بێکار و بێکاریی پۆشراو لەبەرچاوە، بۆ نموونە تەنها مەڵبەندەکەی(ی.ن.ک) یارمەتی 30هەزار دینار تا 150هەزار دیناری بە نزیکەی2000کەس دەدەن و هەزاران کەس کۆمەکی کۆمەڵایەتی وەردەگرن و لە چەندین فەرمانگە سەددان کەس موچە وەردەگرن بەبێ ئەوەی کاربکەن و سەدان کەس کاری هەرزان دەکەن یان دوو رۆژ کاریان دەستدەکەوێت و هەفتەیەک بێکار دەبن وەک کرێکارانی بیناسازی، بارهەڵگرەکان و نزیکەی1000گەنج لەسەر ئەرکی کەسوکاریان دەژین و لەمەش کچان بەشی شێریان بەرکەوتووە. لەگەل ئەو نەهامەتیانە بە هۆی پەیڕەکردنی بەرنامەی نامرۆیی و نەگریسی لیبڕلیزمی نوێ، هەزاران کەس بە شێوەی کاتی دامەزراون و هەمیشە لە ناو ترس لەدەستدانی کارەکانیان دەژین.

راستە حکومەت هەندێ کاری خزمەتگوزاریی یان خەڵکی دامەزراندووە، بەڵام ئەمەش ئەرکیانە و شەرمە وەک چاکە بە خەڵک بیفرۆشنەوە. شارەکە موزایەدەی سیاسی و حیزبی بێتام و لەزەتی لەسەر دەکرێ و راستییەکەی ئەوەیە، بەشێکە لە هەرێم و دانیشتوانەکەی خۆیان بە هاوڵاتی کوردستان دەزانن و ئەرکی حکومەتە بە یەکچاو مامەڵە لەگەل هاوڵاتیانی وەڵاتەکەی بکات، هاوکات ئەرکی زیاترو قورستری لەسەرە لەبەرامبەر خانەقین وەک شارێکی تەعریب و پەراوێزخراو ئەنجام نەداوەو دەبێ ئەنجامی بدا.

ئەمە بارودۆخی ئەو شارەیە کە سەرۆکی کۆماری عیراق و سەرۆکی هەرێم پارێزەر و بەرگریکەریە!

 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک