په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١٠\٢٠١٦

خانەقین و لێکەوتەکانی ئابووریی لیبراڵیزمی نوێی جیھانگیر.

سەلام نەجیبە       


ھەموان باسی گۆڕانکاری ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی پەیوەست بە جیھانگیری و بازاڕی ئازاد و سیاسەتی لیبڕالیزمی نوێ دەکەن، بەڵام ھیچ کەس باسی لێکەوتەکانی ناکات کە راستەخۆ لەسەر ئاستی شار و لادێکانمان رەنگی داوەتەوە. لەم نووسینە بە پرسیار لەبارەی چەند دیاردەیەکی زەق و داخۆ پەیوەندیان بەیەکەوە ھەیە یا نا، ھەوڵێکی سەرەتایی دەدەین بۆ لێکەوتەکانی ئەو گۆڕانکارییانە وەک: بێکاری لەنێو ئەکادیمیەکان، کرێی کاری ھەرزان، بە ئەھلیکردنی زۆربەی کەرتە ئابوورییەکان، لاوازکردنی ئیدارەی شار، پەککەوتنی ھەندێ پڕۆژە، گەندەڵی، قوڵبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، گرانی، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کۆچکردن، ئاوارەیی، تیرۆر، ھەژاری، وێرانی و مایەپووچی ھەندێ کارگە، وێرانکردنی کەرتی کشتوکاڵی، رۆڵی زانکۆ و پەیمانگەکان.

 
بێکاریی و بە تایبەتی لە نێو ئەکادیمستەکان.


بەھۆی بێکارییەوە لە زۆر کەرت کرێی کاری ھەرزان برەوی ھەیە، بۆ نموونە لە کەرتی قیرتاوکردن، پاککردن، بیناسازی، چێشتخانە، مۆل و ستی، کۆکا، بارھەڵگری، نانەواخانە و، ئێستاش دەیانەوێت دەرچوانی بەشە زانستیەکان بە خۆڕایی وانە بڵێنەوە لە قوتابخانەکان. لێرە نزیکە ٢٠٠٠دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان ھەیە. ھەرگیز ئەو رۆژەم لەبیرم ناچێتەوە کاتێ باوکێک لێم نزیک بووەوە و پێی وتم(بەڵکو ھەوڵ بدەی کچەکەم دابمەزرێت، ٣ ساڵە دەرچووی پەیمانگەیە و کاری دەستناکەوێت، خەریکە لەبن ماڵ شێت دەبێت، ھەر قورئان خوێندنە!- لەبێدەسەڵاتییەوە باوکەکە رووی لە بێدەسەڵاتێک وەکو من کرد!). ئەم توێژە چەندین جار ناڕەزایەتیان دەرخست دژ بە دانەمەزراندیان، بەڵام ھەوڵەکانیان سەریان نەگرت، تەنھا چەند کەسێکیان دامەزرا و چەند کەسێکی تر بە ژمارەی پەنجەکان بەشێوەی گەندەڵ (کەسوکاری ھەندێ بەرپرس یان...)دامەزران. دانەمەزراندنی ئەم توێژە پەیوەندی بە فەرمانەکانی ێەندوقی دراوی جیھانییەوە ھەیە، واتە(راگرتنی دامەزراندن لە کەرتی گشتی)و ناچارکردنیان بەوەی خۆیان بۆ ھەلی کارکردن لە کەرتە تایبەتەکان بگەڕێن و لەولاشەوە بەھۆی بشێوی رێکخستنی دامودەزگانی دەوڵەت. شایانی باسە دەرچووان دەیانتوانی خۆیان لەسەر ئاستی شار و وڵات رێکبخەن و ببن بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی دژ بە فەرمانەکانی ێەندوقی دراوی جیھانی و سیاسەتی لیبرالیزمی نوێ و داخوازیەکانیان بەسەر حکومەت بسەپێنن، بەڵام لەئاستی بەرپرسیارێتی لەبەرامبەر ئەرکەکانیان نەبوون، بۆیە ھەروا پەراوێزخراون و مافەکانیان پێشلکراوە.


لەنێو کەرتی چاکسازی ئۆتۆمبیل، دەستەفرۆشی، دوکانەکانی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و چایخانەکان ئیش بە منداڵی تەمەن خوار ١٦ ساڵ دەکرێت.


خانەقین و بەرھەمھێنانی نەوت:


لەبیستەکانی سەدەی رابردوو کۆمپانیا جیھانیەکان کانی نەوتیان لە چیاسورخ و نەفتخانە دۆزیەوە. ئەم دۆزینەوەیە بووە ھۆی دامەزراندنی پاڵاوگەی ئەڵوەن و گەنجینەی نەوت(کیودی) و وێستگەی شەمەندنەفەر و بۆرییە نەوتەکان لە نەفتخانەوە راستەخۆ بۆ ئەو شوێنانە بەسترانەوە و دەگوێزرایەوە بۆ بازاڕەکانی نەوت لە جیھان.


ئێستا پاڵاوگەی ئەڵوەن کە بەدەستی رژێمی فاشیست لەناوبرا، دووبارە دانەمەزرایەوە. نەفتخانە تارادەیەکی زۆر کاریگەری ئەرێنی بەسەر شاری خانەقین نەماوە، بەڵکو بەشێوەیەکی نەرینی ئاوی رووباری ئەڵوەنی بۆ کێشراوە و لە پارەی(پیترۆدۆلار)یش بێبەشکراوە و نەوت و گازەکەیشی بەرەو بەغدا دەڕوات. نۆژەن نەکردنی پڕۆژە پیشەسازییەکان و پەراوێزخستنیان لەپێناو ئەوەیە بە نرخی تەڕەتۆڵەکە بە کەرتی تایبەت بیانفرۆشن.


لەلایەکی تریشەوە چەندین کۆمپانیای نەوتی بەریتانی و ئەمریکی و روسی روویان لەناوچەکەمان کردووە(کانی پەمو و چیاسورخ و بەمۆ) و شێوەی کار- خاوەنکاری لیبراڵیزمی نوێ(دەستکاری ھەرزانی بێبەشکراو لە بیمەی کۆمەڵایەتی و بە گرێبەستی کاتی، کارکردن بۆ ماوەی ١٢ کاتژمێر لە رۆژێکدا و ھەفتەی یەک رۆژ پشوو)یان سەپاندووە. زۆربەی کرێکارەکان ئەندامی سەندیکای کرێکاران نین و سەندیکاش لەنێویان چالاک نیە.


گەرچی دانیشتوانی شار لە ٣٠ھەزار کەسەوە بووە بە نزیکەی ١٥٠ھەزار کەس، بەڵام ھێشتا ھەر تەنیا یەک بانزینخانەی حکومەتی لەشارەکە ھەیە و بانزینخانەکەی دەروازەی مەنزەریەیان داخستووە. ئەمەش پەیوەندی ھەیە بە بچووککردنی دەزگا دەوڵەتییەکان و گەشەپێدان بە بانزینخانە ئەھلییەکان. خەڵک لەم سیاسەتە کێشە و گرفتی زۆری بۆ درووستکراوە وەک بەفیڕۆدانی کات، گرانی نرخ، ھەندێ جاریش خراپی جۆرەکەی، کێشەی کۆمەڵایەتی و دەروونی: بەرژەوەندی گشتی کراوە بە قوربانی بەرژەوەندی کەرتی تایبەتی: نەوت و بەگشتی سووتەمەنی بووە ژیانی خەڵک وەک خۆی رەشکردووەو بووە بە خێر و نیعمەت بۆ چینێکی تایبەت.


بەئەھلیکردنی کەرتە گشتییەکان.


دەیان ساڵە لە شەقامی مامۆستایان فەرمانبەرایەتی پۆست و گەیاندن ھەیە، بەڵام ئێستا کارمەندەکانی لەوی ئامادە دەبن بەبێ ئەوەی وەکو جاران ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن. کۆمپانیا ئەھلییەکانی ناوەندو نووسینگەکانی تۆری ئینتەرنێت و کۆمپانیەکانی ئاسیاسێل و کۆڕەک و میدیا و فایستلینک و تیشک و عیراقنا ئەوانی تر شوێنی ئەو فەرمانگەیەیانە گرتووە. بەکارھێنانی ئەو ئامێرانە زۆر گرانە و خزمەتەکەشیان زۆر خراپە و بە رێگای جۆربەجۆر، فێڵ لە ھاوڵاتیان دەکرێت و تەنانەت مەترسیشیان بۆ تەندرووستی ھاوڵاتیان ھەیە.


لەبواری تەندرووستی: نەخۆشخانەی گشتی بەباشی لە ھەموو بوارێکدا ناتوانێت خزمەت بە نەخۆشەکان بکات: شریقەی لە ھۆشبردن نیە، نەخۆش و بریندار زۆرجار ناچاردەکرێن بۆ نەخۆشخانەکانی کەلار و سلیمانی بنێردرێت، سونەری نیە و نەخۆشەکان ناچارکراون بڕۆن بۆ کەرتی بەرژەوەندی تایبەت و بەنرخێکی زۆر گران سۆنەریان بۆ بکرێت. زۆر جار ئافرەتە دووگیانەکان ناچاردەکرێن بە نەشتەرگەری منداڵیان ببێت، نەخۆش بۆ دەرمانخانە تایبەتەکان دەنێردرێت کە ھەندێکیان لەلایەن کەسانێکی ناشارەزا بەرێودەبرێت و نرخی دەرمانەکانیش گرانن و جۆرەکانیشیان جێگای متمانە نین. ھەروا لەم بوارە نەخۆشخانەی ئەھلی(نەخۆشخانەی ھیوا) دامەزراوە کە نەخۆشی خێزانە ھەژارەکان ناتوانن سەردانی بکەن و ئەگەر کردیشیان ئەوا لێرە و لەوێ بە قەرز نرخەکەی دابین دەکەن: دابینکردنی تەندرووستی ھاوڵاتیان ئەرکی حکومەتە، نەک بۆنەیەک بۆ بازرگانی بە گیان و روحی مرۆڤ.


زانکۆ و پەیمانگەکانی.


لە خانەقین زانکۆی ئەھلی دامەزراوەو خوێندکار(ھەژارەکان ناتوانن لە زانکۆ ئەھلییەکان بخوێنن)، ناچارکراوە بە پارە خوێندنەکەی تەواو بکات. ئەم زانکۆیە تا پێش ماوەیەک مۆڵەتی فەرمیشی وەرنەگرتبوو، بەڵام "بە قودرەتی قادر" رێگاکە قیرتاو کرا(با گەڕەکانی ئەرکەوازی، سیروان، ئیمام عەباس، بانمیل، کارێز بان و کارێز خوار، دڕو، پاشاکۆپری جارێ چاوەڕوانبن). زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان وەک(حوجرەی مەلاکان و بنکەی مەشقی سەربازی) لە ژیان و چالاکی و رۆشنبیری شارەکە دوورخراوەتەوە: نە رۆژنامە و نە گۆڤار و نە سیمینار و کۆبوونەوەی گشتی بۆ گەشەپێدانی ئاستی ھوشیاری ھاوڵاتیان رێکناخرێت.


لەبواری قیرتاوکردن، حکومەتی"موقر" کارگەی بەرھەمھێنانی قیری گشتی پەکخستووە و ھاوکات چەندین کۆمپانیای ئەھلی دامەزراوەو کرێکارەکانی بە مەرجی سەردەمی کوێلایەتی کاریان پێدەکرێت، بۆ نموونە(کرێکارەکان لە شوێنی کار ئاماەدەبن، ئەکەر کار ھەبێت، کرێی کار وەردەگرن، بەڵام ئەگەر کارنەبێت، بەدەستی خاڵی بۆ ماڵ دەگەڕێنەوە). لەم کەرتە بە روونی بەندی ٢٥ لە جاڕنامەی جیھانی مافی مرۆڤ پێشێلکراوە(ھەموو کەسێک مافی ژیانێکی تێرای ھەیە کە بەشی پاراستنی لەشساغی و خۆشگوزەرانی خۆی و خێزانی بکات، ئەوەش خۆراک، پۆشاک، خانوو، چاودێری پزیشکی و ھەروەھا خزمەتە کۆمەڵایەتیەکان پێویستەکان دەگرێتەوە...).


کارەبا.


بەشێکی لەبەرچاوی ئەم کەرتەش دراوە بە کەرتی تایبەت و، نرخەکەی گران و خراپە، رووی تری سیاسەتی حکومەتە: لەم بوارە(خانەقین لەباشترین ئاستە). گەرچی دوو بەرێوبەرایەتی کارەبا لەشارەکە ھەیە، بەڵام حکومەت کورتدەھێنێت و چەندین موەلیدەی ئەھلی دامەزراون. کارەبا زیانێکی زۆری گەیاندووە بە ھاوڵاتیان و ماڵ نیە چەندین ئامێری کارەییەکان نەسووتابێت و زیانی چەند ملیون دیناری لێنەکەوتبێت و، خەڵکیش ئامادەنیە پارەی بەکارھێنای کارەبا بدات.
بازرگانی بە ئاوی خواردنەوە.


بازرگانی بە ئاوی خواردنەوە رووی رەشی تری حکومەتی تالانکردنی ماڵ و حاڵی خەڵکە: سەرەڕای زۆربوونی دانیشتوانی شارەکە، ھێشتا ئامادە نیە پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە نۆژەنبکاتەوە. چەندین کۆمپانیای ئەھلی ئاوی خواردنەوە دامەزراوە، ھەندێکیشیان مەرجی تەندرووستی یان مۆڵەتیان نیە و چاودێریکردنیشیان لەئاستێکی باش نیە. ئاوی خواردنەوە بە گوێرەی پێویست ناگاتە ماڵەکان و خەڵک بەھۆی ترس لە نەخۆشی ناچارکراوە لە کەرتە ئەھلییەکان ئاو بکڕێت و ھەندێکیشیان ئامێری پاڵاوتکردنی ئاویان لەناو ماڵەکانیان داناوە. ھەژارەکان لەم جۆرە ئامێرە و کڕینی ئاوی خواردنەوە بێبەشن. نرخی ئاو لە نرخی نەوت و بانزین گرانترە!


بەئەھلیکردنی بازرگانی.


لێرەشدا مەترسی و بارقورسی تر بۆ خەڵک رێکخراوە: گرانی بازاڕ، خراپی جۆری کاڵاکانیان ماوە بەسەرچوو و سەپاندنی مەرجی کرێی کاری ھەرزان کۆڵەکەکانی تاوانی ئەم کەرتەیە. خۆراک و خواردەمەنی و کەرەستەکانی بیناسازی نموونەی کاری گەندەڵی و بێویژدانی کاری بازرگانیە. دەروازەی مەنزەریە تا رادەیەکی زۆر پەکخراوە، جاران سەدان خێزان بژێویان لەم دەروازەیە دابیندەکرا. لەسەر رێگای دەروازەکە چەندین(کەراج)ی بەرپرسەکان ھەیە کە ھیچ پەویەندیان بە گەراج و کاروبارەکانیەوە نیە!


پڕۆژەکانی رێگاوبان.


سەبارەت بە پڕۆژەکانی رێگاوبان و بیناسازی(پرۆژەی نیشتەجێی چلی حەپەلووشکرا) کە پێشکەش بە بەڵێندەرەکانی کەرتە ئەھلییەکان کراون، کەرتێکی ترە بۆ یاریکردن بە داھاتی گشتی خەڵک: چەندین پڕۆژەی رێگاوبان پەکخراون یان بەھۆی کاری گەندەڵکاریەوە شایانی ھاتووچووی ئۆتۆمبیل نین، وەک بەشێک لە شەقامی تۆڵەفرۆش، رێگای یاریگا، دارەکونارە، نزیک بازگەی کارێز، رێگای کارێز- چوارڕیانی لەیلا قاسم، شەقامی ئاغاوخەلیفە...ھتد.


لاوازکردنی ئیدارەی شار.


یەکێک لە بنەماکانی سیاسەتی لیبڕالیزمی نوێ بریتیە لە لاوازکردنی رۆڵی دەوڵەتە لە کاروباری ئابووری، کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکان: ماوەی فەرمانبەرایەتی بەرپرسانی حکومەت( قائیمقام و ئەنجومەنی شار) بەسەرچووە و مانەوەیان لە دەسەڵاتن ھیچ پەیوەندی بە پرەنسیپەکانی دیموکراسییەوە نیە و ھەر بۆ بەرێکردنی کاروباری بیروکراسی وەڕەسکەر بۆ ھاوڵاتیان و، بە پلەی یەکەم خراونەتە خزمەتی کەرتە تایبەتەکان. دیموکراسی بەئاشاکرا دەرکەوتووە و پەیوەندی بە پێناسەکەیەوە نیە، نوخبەیەکی خاوەن بەرژەوەندی تایبەت بەشێوەیەکی ھەرەمی لەسەرەوە بۆ خوارەوە بڕیار لەسەر دامەزراندنی ئەم یان ئەو کەس دەدەن و کەی بیانەوێت بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لایاندەبەن، ھەر چۆن لەئاستی کەموکوڕییەکان بێدەنگیان ھەڵبژاردووە! بەگشتی ئیدارەی شار دوورە لەو خەڵکە کە دەنگیان پێداوە، بەساڵ یەکتر نابینن، راستەوخۆ بەشێوەی رۆژانە گوێ لە داخوازیەکانی خەڵک ناگرن.


تێکدانی کەرتی کشتوکاڵ.


دەشتی خانەقین، ئاوایی و باخەکانی لەھەموو روویەکەوە بەپیتن بۆ دابینکردنی خۆراک نەک بۆ شارەکە بەڵکو بۆ ھەناردکردنیش، بەڵام بەھۆی سیاسەتی دڕندانەی ێەندوقی دراوی جیھانی، رێکخراوی خۆراکی جیھانی، مافیاکانی کشتوکاڵی جینتەکنەلۆژی و کۆمپانیەکانی داودەرمانی کشتوکاڵی، پشتگوێخراوە. دانیشتوان ناچارکراون بەربوومی وڵاتانی تر بکڕن وەک ھەنار، تەماتە، شوتی، خورما، ترشەمەنیەکان، کاڵەک، بایمجان، پیاز و ھەموو شتێک و جۆرەکانیشیان خراپە و دەبن بە ھۆی نەخۆشییە ترسناکەکان.


وەرزش بە پارەیە.


تەنانەت حکومەت کەرتی وەرزشی داوە بە کەرتی تایبەت: زۆرێک لە گەنجانی شار بەپلەی یەکەم دڵیان بە وەرزش خۆشە، لەبری ئەوەی حکومەت پشتیوانیان بکات، گۆڕەپانەکانی یاریکردن(تاتان) بە کرێدراون و تیپیی وەرزشی لاوان ناچارن پارە بدەن تا رێگایان پێبدرێت تێدا یاری بکەن. ماوە ماوە ھەواڵی دەستگیرکردنی بە کۆمەڵ بڵاودەکرێتەوە لەبارەی گەنجانی ئالوودەبوو بە مادە ھۆشبەرەکان و مرۆڤ دەتوانێت وەک(دیاردە) باسی بکات بەتایبەتی لەناو گەڕەکە ھەژارەکان، بۆ نموونە لە بەختیاری و مەحەتە و بانمیل.


ئاوارەیی، (قاعیدە)، (حەشدی شەعبی) و دووبارە ئاوارەیی.


پاش روخاندنی حکومەتی تاوانی رێکخراو، لە ساڵانی رابردوو بە دوو قۆناغی جیاواز و بەھۆی بێزاری لە شێوەی ژیان، بێکار، ھەژاری، نەبوونی ھیوا و ئومید بە دوارۆژ و ئاشتی و ئارامی سەدان گەنجی شارەکە روویان لە ھەندەران کرد. لەلایەکی ترەوە لەو رۆژەوە ئاوارەکان روویان لە خانەقین کردووە، شەڵەژان و مەترسی کاری تیرۆرستی داعش نەماوە، بەڵام جاران شانە نووستو و چالاکی تیرۆریستە ئیسلامیەکان بوونیان ھەبوو و چەندین لاوی شارەکە روویان لە رێکخراوی قاعیدە و پاشان داعش کرد و چەندین تاوانی زۆر قورس لەسەر ئاستی ھەموو عیراق ئەنجام دا وەک(تەقاندنی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا، کوشتنی کوڕە گەورەکەی محسن ئەلحەکیم، ھێرشی خۆکوژی لەسەر وەزاەرتی ناوخۆی ھەرێم لە ھەولێر و چەندین تیرۆر لەناو شاری خانەقین و بوون بە ھۆی شەھیدکردنی دەیان ھاوڵاتی و پۆلیس و پێشمەرگە. پاش رزگارکردنی قەرەغان(جەلەولا، گوڵاڵە)و قزرەبات و باری گرانی بێکاری و ھەژاری لاوان، دەرگا بۆ بوون بە(حشدی شعبی)کرایەوەو سەدان گەنج چوونە ریزی. مرۆڤ نازانێت دوێنێ میرمنداڵێکم بینی کراسی(حشدی شعبی)لەبەرکردبوو و پێشی چەند رۆژێک بێکارێکی ھەژار و نەخۆش پرسیاری لێ کردم(ئێمە ٥ کەسین دەمانەوێت بچینە ریزی حەشدی شەعبی).


حکومەت شارەوانی رسواکردوە!


شارەوانی رۆڵی باڵادەبینیت لە گەشەپێدانی شارەکان، بەڵام حکومەت لەبری پڕکردنی پێداویستیەکانی ئەم دەزگا گرنگە، گوڕیوە بو خزمەتکاری کۆمپانیا ئەھلییەکان. بۆ نموونە بەشێوەی کاتی و کرێی کاری ھەرزان کرێکاریان دامەزراند و لەولاشەوە پاککردنی شار لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەھلی(ئۆڕانۆس) ئەنجامدەدرێت.


دەوڵەمەندە دەستڕەشەکان!


لیرە چەند خێزانێکی خاوەن خانووبەرە و کۆمپانیا و بازرگان ھەبووەو، "ئاساییە"ئەگەر نەوەکانیان خاوەن سەرمایەبن، بەڵام ئێستا ژمارەیەکی لەبەرچاو لە خاوەن سەرمایەی دارایی یان خانوبەرەی دەستڕەش پەیدابوون و مرۆڤ تەنھا دەتوانێت پرسیاربکات(ئەو ملیونان دۆلارەت لە کوێ بوو؟!): ئەم دەستڕەشانە بە نھێنی و ئاشکرا بوون بە خاوەن کۆمپانیای جۆربەجۆر و بەش و خانوی گرانبەھا لەناوەوەی کوردستان یان لە دەرەوە سەرمایەگوزاری دەکەن.


رێکخراوە ناحکومییەکان و بەناو"رۆشنبیر"ەکان!


بەدەیان رێکخراوی ناحکومی و مەدەنی ھەیە، بەشی زۆریان خەرجی وەردەگرن. بەدەگمەن رێکخراوێکی سەربەخۆ بوونی ھەیە، سەرتاپایان بە ئاشکرا یان بە نھێنی پەیوەندیان بەم یان ئەو حزبەوە ھەیە کە لەدواییدا سەریان لە وەزارەتەکانی دەرەوەی وڵاتە زلھێزەکان دەردەچێت و خزمەت بە سیاسەتی لیبرالیزمی نوێ دەکەن، واتە ئەو بۆشاییە پێیان پڕدەکرێتەوە کە بەھۆی لاوازکردنی حکومەت درووستدەبێت. ئەم رێکخراوانە نەیانتوانیوە بەجددی رۆڵی خۆیان ببینن بۆ گەشەپێدانی ئاستی ھوشیاری یان ژیانی مەدەنی شارەکە، بەڵام توانیویانە ئامانجی سەرەکی پشتت دامەزراندنی ئەو رێکخراوانە بپێکن، واتە، لاوازکردن و پەراوێزکردنی خەبات و ھوشیاری چینایەتی و روحی موقاوەمەت. "خوا" خێری ئاوارەکان بنووسێت کە بوون بە ھەلێک بۆ کار و دەستکەوتی تایبەتیان و بە روونی مۆرکی حزبیان پێوە دیارە. ئەم رێکخراوانە جۆرێکن لە مۆرفین دژ بە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک. کەم نین ئەو لووگیانە کە لەدەوری ئەم جۆرە رێکخراوانە کۆبوونەتەوە و ھەروا دەرچوانی زانکۆکانیش لەو رێکخراوانە بە مەرجی بازاڕی ئازاد کاردەکەن.


لێرەو و لەوێ کەسانی وا ھەیە خۆی بە رۆشنبیر دەزانێت و بە کردەوە نموونەی لووگێتی بۆ ئەم یان ئەو حزب، خۆفرۆشی و مشەخۆری(کاڵای بۆگەن و سواو)ەکانیان بەسەر خەڵک ساغ دەکەنەوە، رۆژنامە و کەناڵەکانی تەلەفزیون زوو زوو، فرەبێژی بێ ئاست و مەعریفەکانیان بلاودەکەنەوە. ئاسۆی باشترین کەسەکانی ناویان لەباشترین حاڵەت بەدەوری ریکلامکردن بۆ لیبرالیزمی نوێ دەسووڕێتەوەو، پەنایش بۆ وەھم دەبەن، بۆیە دەبینین زۆرێک لەو(ئەقڵ تەختانە) بە حوکمی رۆژگار و دەرکەوتنی ئەفلاسی لیبڕالیزم و خیتابی"دیموکراسی و مافی مرۆڤ"ەکانیان خۆیان کپ کردووە و ئامادەنین داوای مافی خۆشیان بکەن، بەڵام لە گازینۆ و چایخانەکان خەریکی فرەبێژی و مقۆمقۆی بێسەروبەرن و بەکردەوە نامۆن لە شتێک بەناوی ناڕەزایەتی سەرشەقام و داخوازی خەڵک. تەنانەت ئیمرۆ دەبینین ناڕەزایەتی جەماوەری مامۆستایان، کارمەندان و خانەنشینان شارەکانی گردۆتەوە، بەڵام لێرە ھیچ روونادات.


ئەمە ئەگەر زمانی رۆشنبیریان ھەبوو، بەڵام ئایا چەند (رۆشنبیر و رۆژنامەنووس)ی نەخوێندەوارمان ھەیە، چەند بەرپرس ھەیە شایانی پلەوپایەکانیان نین(دانشتنیان لە پشت مێزی بەرپرسیاری و دانەنشتنیان) ھەر وەک یەکە؟!


پرۆسەی کارکردن.


کاریگەری جیھانگیری سەرمایە لە قۆناغی ئیمپریالیزم نموونەی چەوساندنەوەی وەحشیگەرێتیانەیە، واتە: دامەزراندنی کاتی، ١٢ کاتژمێر کارکردن لە رۆژێک (پێشی ماوەیەک پێیان وتم: (جاران فڵانە کارگە بە سێ شفت کاریان دەکرد، واتە رۆژی ٨ سەعات کار، بەڵام ئێستا کردوویانە بە دوو شفت: ١٢ سەعات کارکردن لە رۆژێک) و بەبێ بیمەی کۆمەڵایەتی و بە موچەیەک بەشی بژێوی مامناوەندیش ناکات.


بەبەردەوام گویم لێدەبیت: (نازانی لە کوێ کار دەستدەکەوێت؟ رێکخراوەکان کارمەندیان ناوێت؟ وەاللە چایچێتی یان پاسەوانێتیش بێت ممنونم...لەکار وازم ھێنا....چەند مانگە کاردەکەم بەڵام کرێی کارم نادەنێ...ئەڵێن فڵانە بارەگا خەڵک بۆ پێشمەرگەیاتی دادەمەزرێنن و کەفالەتیان دەویت...کرێی کارەکە کەمە و ماوەی کارەکە درێژە...کارەکە قورسە و زۆر بۆچوونی تر). زۆربەی دامەزراندنەکان کاتین و ئەوەی کاریشی دەستبکەێت ھەر لەناو ترسی دەرکردن دەژێت. مناڵی زۆر دەبینم ناچاری کارکردن بوون بە کرێیەکی زۆرکەم و ژیانی منداڵێتیان لەدەستدەدەن و بەھۆی ئەم دۆخە قورسەوە، ھەندێکیشیان لە قوتابخانە دەردەچن. بێکارکردن زیاتر کچانی گردتۆتەوە و ژیانیان کراوە بە دۆزەخ. ھەروا بەھۆی کێبرکێی کۆمپانییەکان، زۆرێک لە کارگە و پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان توشی مایەپووچی دەبن و کارکەرەکانیشیان دەخرێنە دەرەوەی پرۆسەی کارکردن، بەبێ ئەوەی حکومەت یان کارگەکان بیریان لەلای منداڵ و بژێوی ئەو ھەموو گەنجە خێرنەدیوە بکەن.


قووڵبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و گرانی بازاڕ.


ئەمەش دیوێکی تری سیاسەتی ناوبراوە: بەرزبوونی رێژەی (جیابوونەوەی ھاوسەرەکان، توندوتیژی ناو خێزان، بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان، ئەلکھول، قومار). زۆربەی ھەرە زۆری خێزانەکان لەسەر قەرز دەژین و، ئێستا ئیدی بەھۆی بێ موچەیی زیاتر بووە و ھاوکات خودی بازاڕ و ھەندێ کارگەیش رووبەڕووی مایەپووچی بووەتەوە.


کاریگەری ئابووری لیبڕالیزمی نوێ و بازاڕە ئازادەکەی ئەمەی لێکەوتۆتەوەو لەسایەی ئەو دەسەڵات و حزبانە کە لافی (دیموکراسی و مافی مرۆڤ)ی لێدەدەن، ئەو تابلۆ رەش و بێ ھیوایەیە کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێکرا. ئەی لە شارەکەی تۆ چ جۆرە گۆڕانکارییەک رووی داوە؟ لەبەرامبەریدا چی دەکەن...خۆتان رێکخستووە؟ چی بکرێت باشە؟

 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام نەجیبە


 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک