٣\٩\٢٠١١
خانەی سفر لە
رەخنەی شانۆییدا.

فەرەیدوون سامان
دوای زێتر لەنیو سەدە لەهەبوونی بزاڤێکی شانۆیی (با لەچاو ئەزموونی
شانۆیی گەلانی دەوروبەرو جیهان سەرەتاکەی لاواز و سادەو رەگەز وپێکهاتە
هونەری و تەکنیکیەکانیشی کەم و کوڕی زۆری تێدا بووبێت)، بەڵام لەگەڵ
ئەوەشدا کۆمەڵێک بەرهەمی درامی و شانۆیی پێشکەش بە ئەرشیڤی هونەری
کوردی کرد، دەتوانین بڵێین لەکات و شوێنی خۆیدا هەوڵدانێکی باش بووەو
تا ئەندازەیەک جەماوەری بینەری بەم هونەرە ناوازەیە ئاشناکرد،بەڵام
ئەمڕۆ دوای هەبوونی چەندان تیپ و گروپی شانۆیی وهەروەها هەبوونی
بەشەکانی شانۆ لەزۆرینەی پەیمانگاو ئەکادیمیا هونەرییەکان لەشارەکانی
کوردستاندا و بوونی چەندان مامۆستای خاوەن بڕوانامەی بەرز لەسەر ژانرە
جیاوازەکانی شانۆ ، ئەمە وێڕای ئەوەی لەو ساڵانەی دوایی چەندان کادیری
دیکەی هونەری بە ئەزمونی شانۆیی لەبوارەکانی شانۆ لەهەندەران گەڕانەوە
، ئایا ئەمڕۆ دەتوانین بڵێین تەڤگەرێک هەیە بەناوی شانۆی کوردی، وەک
چۆن دەکارین بێژین شانۆی روسی و شانۆی ئەلمانی و شانۆی ئیتالی یان
بەریتانی یان هەر نەتەوەیەکی دیکەی سەر رووی ئەو زەمینە پان و پۆرە،
دیارە هەر لەسەرەتای ساڵانی هەفتاشەوە تا بە ئێستا دەگات چەندان تیپی
هونەری شانۆیی لەشارەکانی کوردستاندا سەریانهەڵدا و دامەزران ، لەو
ماوەیەشدا چەندان کارو بەرهەمی هونەری شانۆیی و درامییان پێشکەش بە
جەماوەری خەڵک کرد، وەلێ مخابن سەرباری ئەو هەموو کار و چالاکیانەش
شتێک هەمیشە لەبواری بزاڤی شانۆ و درامای کوردیدا نائامادەگی بەردەوامی
هەبووە ، ئەویش رەخنەی هونەری شانۆیی بووە.
راستە تاک و تەرا چەند هەوڵێکی رەخنەیی هەبووە بۆ قسە کردن لەسەر
کێشەکانی شانۆ و بزاڤی شانۆی کوردی بەتایبەتیش نووسینەکانی کەمال
غەمبار و موحسین محەمەدو سەباح هورمز و..هتد، وەلێ رەخنەیەک بەواتای
شیکردنەوە و شرۆڤەکردنی گشت لایەنەکانی کارە هونەریەکە، واتە هەر
لەخوێندنەوەیەکی رەخنەیی بۆ تێکستە شانۆییەکە و بەها ئێستاتیکیەکانی
بگرە تا دەگات بە ستایل شێواز و رێبازەکانی دەرهێنان وئاست و ئەدای
ئەکتەرو تەنانەت لایەنی هونەری دیکۆرکاری و رووناکی وموزیک و ئیکسسوار
یان هەبوونی هۆڵێکی گونجاو وهتد...مخابن کەمتر قسەی لەسەرکراوە.
لەهەمووی گرنگتر نەبوونی بینەرانی شانۆیی و ئاستی رۆشنبیرییان ودواتر
چۆنیەتی گەراِندنەوەیان بۆ ناو هۆڵەکانی شانۆ ،کە هونەرمەند و
توێژەرێکی شانۆیی وەک د.قوتبەدین سادقی لەفێستڤالی شانۆیی گوڵەمێخەک
لەسلێمانی لەباسێکی تێرو تەسەلی لەسەر ئەزمونی هونەری خۆیدا لەو
سیمینارەدا پێشکەشی بە ئامادەبووان کردو ئاماژەی بەوەدا کە سەیرە
لەشارێکی یەک ملیۆن کەسی وەک سلێمانی کە بە مەڵبەندی رۆشنبیری
لەکوردستان ناسراوە ، کەچی 100 کەس ئامادەی نمایشێکی شانۆیی نابن*.
بەڵێَ ئێمە زۆرجار ئەو وتەیە دەبیستینەوە کە هونەرمەندانی شانۆ شانازی
بەوە دەکەن کە لەکوردستاندا دەیەیەکی زێڕینی خۆی لەهەشتاکاندا
بەڕێکردووە.یەکێک لەو بۆچوونانەش تەلار هیرانی هونەرمەند لەدیمانەیەکی
هەفتەنامەی گوڵانی هونەریدا لەژمارە( 839) لە18-7-2011
**وەڵامدەداتەوە و دەڵێت : داخۆ
ئەو دەیەی هەشتاکان دەیەی شانۆ بووە، یان هۆکاری تر لەدواوەی بوون.
دیارە ئەوەی هەبووە زیاتر مەسەلەی هەڵوێستی سیاسی و کۆمەڵایەتی بووە
کە جەماوەر ژان و خەونەکانی خۆی لەم بوارەدا دەبینیەوە. شانۆ هەرگیز
وەک شانۆ، واتا وەک هونەرێکی ئێستاتیکی لەکوردستاندا برەوی نەبووە ،
بەڵکو ئامرازێکی سیاسی بووە بۆ ئەوەی کەخەڵک بتوانن بارگەی ڕق و
خەونەکانیان لەگەڵ یەکدا و بەهۆی شانۆوە خاڵی بکەنەوە، هەر بۆیەش
دەبینین دوای راپەرین و دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی
کوردستان ، بوونی دامەزراوەیەکی کولتوری وەک وەزارەتی رۆشنبیری
وبەڕێوبەرایەتی هونەری شانۆ لەهەر سێ پارێزگاکەی هەرێم و هاوکاریکردنی
ماددی و مەعنەوی تیپ و گروپە هونەرییە شانۆییەکان و واڵاکردنی تا
رادەیەک کەشێکی ئازادی گونجاو بۆ خودی هونەرمەندان و نەبوونی سانسۆر،
بەڵام رۆژ لەدوای رۆژ ئەم بزاڤە شانۆییە لەپاشەکشێ دابووە. گەندەڵی
هونەری بینە قاقای خودی هونەرمەندانی شانۆی گرتووە، باشە بۆچی و
هۆکارەکانی چین و کێ بەر پرسە بەرامبەر ئەم رەوشە ؟
من وەڵامەکان بۆ خودی هونەرمەندانی بواری شانۆ بەجێدەهێڵم،چونکە ئەوان
بەرپرسی یەکەمی ئەو دۆزەن نەک کەسانی دیکە ، لێرەدا هەر بۆ نموونە
خاتوو تەلار هیرانی هونەرمەند دەڵێت: ئەو پەیامە سیاسییەی شانۆ لەدوای
ڕاپەڕین نامێنێت و شانۆش ناتوانێ پەیامێکی ئەلتەرناتیڤ ببینێتەوە، بۆیە
دەبینین کە شانۆ سستی دەنوێنێت، کاری شانۆیی کەم دەبێتن و جەماوەریش
کەمتر لەجاران شانۆ بەهەند وەردەگرن.
کە ئەمە رەوشی بزاڤی شانۆی کوردی بێت، مخابن هونەرمەندان ئەوەندەی
خەریکی دەسکەوتی ماددی و مەعنەوی بن ئیدی بۆ گلەیی لەهونەرمەندێک
دەکرێت ، کاتێک لەدوورە وڵاتییەوە بەخەونی ئەوەی خزمەتێک بەرەوتی شانۆی
کوردی بکات و شەو لەسەر رۆژ دابنێ و بێ ئەوەی وەکو تیپ و گروپە
هونەرییەکان دەسکەوتێک یان ئیمتیازیکی هەبێت ، کەچی لەپاداشتی ئەو
هەموو ئەفراندنە هونەرییە و خزمەتکردن بەرەوتی راستینەی شانۆی کوردیدا،
نووسەرێک وەک رەخنەگر خۆیمان پێدەناسێنێنێ***
بەڵام (کام رەخنەو کام رەخنەگر؟! ) دەکەوێتە سەرو پۆتەلاکی ئەو خانمە
هونەرمەندە ( تەلار هیرانی)و کارە هونەرییەکەی زەربی سیفر دەکات . (ژنەکەی
ئەو ماڵە) وەک تێکستێکی شانۆیی کە لەشاری سلێمانی لەفیستەڤالی شانۆیی و
هەروەها دواتر لەهەولێریش پێشکەش کرا، باس لەدیاردەیەکی رۆژانەی
کۆمەڵگای ئێمەی رۆژهەڵاتی و، خیانەتی هاوسەرێتی، پیاو سالاری و کوشتن
دەکات . نماییشەکەش تەنها هەوڵدانێک بووە بۆ پەردە لادان لەسەر ئەو
دیارەدە بێزەوەرو نامۆیە، کە بەرۆکی تاکەکانی کۆمەڵگای ئێمەی گرتووە ،
شانۆ لێرەدا راستەوخۆتر لەگەڵ خەڵکیدا دەدوێت و پەیامەکە دەگەیەنێت،
بەڵام تۆ بڵێی چ شتێک لەپشت ئەو نووسینەی ئەو برادەرە بێت، لەکاتێکدا
هەر لەو هەولێری پایتەختە بەبناو بەینێک کارێکی بەناو شانۆیی و درامی
پێشکەش دەکرێت ( کە بودجەیەکی قەبەشی بۆ خەرج دەکرێت )ولێ کاکی رەخنەگر
نووزەی لێوە نایەت و بڵێت ئەها ئەمە کارێکی درامی یان شانۆیی ناکامە،
نووسینێک وەک وتارێکی رەخنەیی باس لەلایەنە نەگەتیڤەکانی ئەم نمایشە
شانۆییە(ژنەکەی ئەو ماڵە) دەکات ، کە من یەکەمجار نووسینەکەیم لە(سایتی
ئەلیکترۆنی ئەمڕۆ)م بینی و دواتر لەهەفتەنامەی گوڵانی هونەری خوێندمەوە،
سەرم سڕ ما ، ئایا ئەم نووسینە هەر تەنها بۆ مەبەستی نوسینێکی رەخنەیی
شرۆڤەکاری و توێکاری بووە تا لەکارە هونەریەکە بدوێت یان مەبەستی بوو
کەسایەتی خانمی هونەرمەندەکە بریندار بکات... چونکە ئەو هونەرمەندە بێ
چاوەروانی کردنی خەڵات و پاداشتی ئەم و ئەو کارە هونەرییە داهێنەرەکەی
پێشکەش بە بینەران کرد، راستە ئەم جۆرە کارە هونەریانە و هەڵبژاردنی
ئەم جۆرە تێکستە شانۆییانە تا رادەیەک بە بینەران و کۆمەڵگای ئێمە
نامۆن و بەسانایی نایەنە پەژراندن ، بەڵام ئەمە دیسان ئەوە ناهێنیت کە
کەسێک بێت و بە ناوی رەخنەی شانۆیی تەنها باس لەکەم و کوڕییەکانی خودی
کەسایەتی ئەکتەرەکە بکات نەک ئەدای نواندنەکە ، ئەوەش بە خوێنەران بڵێت
کە ئەم کارە هونەرییە هیچ نەبووە ، جگە لەنماییشکردنی چەند وروژاندنێکی
سێکسی، ئەو نووسینەی من خوێندمەوە نەک هەر رەخنەی شانۆیی نەبوو ، کە
لەسەر بنەمای هیچ خەسڵەت و مەرجێکی هونەری و میتۆدی رەخنەیی باو و
ناسرا و لەرێبازە رەخنەییەکان نەرۆیشتبوو، بەڵکو هەر تەنها ڕق
هەڵڕشتنێک بوو بەرووی خانمی هونەرمەند تەلار هیرانی و سووکایەتی
پێکردنیدا ، کە دیسان بەداخەوە من نازانم ئەو هەمووکینەو سوکایەتی
پێکردنە لەپای چی بوو ، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە بیڵێم بەڕاستی
ئەگەر رەخنەی ئەدەبی یان هونەری لەلای ئێمەدا نائامادەگی بەردەوامی
هەبوو بێت، ئەوا بێگومانم رەخنەی هونەری شانۆیی ئەسڵەن لەخانەی سیفر و
نەبووندایە.
________________________________________________
*
دیمانە لەگەڵ هونەرمەندی شانۆکاری رۆژهەڵاتی
کوردستان د.قوتبەدین سادقی رەخنەی چاودێر ، ژمارە (266)لە13-6-2011.
**
هونەرمەند تەلار هیرانی لەدیمانەیەکی هەفتەنامەی گوڵانی هونەریدا
لەژمارە( 839) لە18-7-2011
***
وتارەکەی حەیدەر عەبدولرەحمان بە ناونیشانی(تەلار هیرانی.. هەموو شتێک
لەپێناو وروژاندندا.) هەفتەنامەی گوڵان - ژمارە -
830سایتی ئەلیکترۆنی ئەمڕۆ لەرێکەوتی
26-7-2011
ماڵپهڕی فهرهیدوون سامان
|