په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٤\٢٠١٦

خاتوونێکی کورد دەبێتە نوێنەری ئازاری ژنە ئێزیدییەکان.

 

شاخەوان


خاتوونە نووسەری ناسراوی کورد کازیوە ساڵح، بۆ جاری دووەم لە ساڵی دووەمدا بەشداری کۆنفرانسی ئەندسپلیند دەکات و باسێک لەسەر کێشەی نوێنەرایەتیکردنی ئێزیدی و ئازاری ژنە ئێزیدییەکان پێشکەش دەکات.

لەوبارەیەوە کازیوە بە "وشە"ی راگەیاند: بۆ جاری دووەم بەشداری دەکەم لە کۆنفرانسی ئەندسپلیندی زانکۆی کوین لە پانەڵی کێشەی نوێنەرایەتیکردن، لەو کۆنفرانسەدا باسێک لەسەر کێشەی نوێنەرایەتیکردنی ئێزیدییەکان و ژن وەک نوێنەرێکی زۆر دەستەگرتەکراو و ئازاری ژنە ئێزیدییەکان، پێشکەش دەکەم، دواتر بەشداری فیلمی دیکیۆمێنتاری ئەکادیمیای دیسپلینەکراو دەکەم، ساڵی رابردووش بەشداریم کرد و باسێکم لەسەر ئەنفال و ھەڵەبجە پێشکەش کرد، باسم لە چۆنیەتیی ھاوکاری ئەکادیمیای فرە رەھەند کرد لە نوێنەرایەتیکردنی نەتەوەیەکی نوێنەرایەتی نەکراوی وەک کورد .

ئەو کۆنفرانسە کۆنفرانسێکی ئەکادیمییە و دووپات لەسەر فرە رەھەندی بواری ئەکادیمیا دەکاتەوە، زانکۆی کوین لە شاری کینگستنی کەنەدا ساڵانە رێکی دەخات، ھاتنەژوورەوە بە تۆمارکردنی ناوە، رۆژی شەموو رێکەوتی ٢/٤، لە پانەڵی یەکەم بەشداری دەکەم .

کازیوە ساڵح لە ئێستەدا خوێندکاری دکتۆرایە و ھەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە جینۆساید و کولتوور، خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە کەمیونیکەیشن لە زانکۆی یۆرک لە کەنەدا، بڕوانامەی دیپلۆم لە رۆژنامەنووسی لە کۆلیژی شەرەدن لە کەنەدا، بڕوانامەی باڵا لە فشار و تەنگژەکانی پەناھەندە و کۆچبەر لە زانکۆی یورک لە ھەمان وڵات، خاوەنی ١٢ کتێبی چاپکراوە، لە ماوەی شەش مانگدا سێ کتێبی چاپ کردووە بەناوەکانی "لە ھەموو شوێنێک ئاسمان شینە" لە دووتوێی ٢٨٠ لاپەڕەیی و خگیبی الگینی کۆمەڵە چیرۆک و دەزگیرانە قوڕینەکەم کە لە ٢٨ کورتە چیرۆک لە دووتوێی کتێبێکی ٢٠٨ لاپەڕەیی پێک ھاتووە.

کازیوە ساڵح وەک سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیاز و بەڕێوەبەری نووسینی گۆڤارەکانی "نڤار" و "نوێکار" کاری کردووە، تا ئێستە ھەشت خەڵاتی نێودەوڵەتیی پێ بەخشراوە و لە ١٢ وڵاتی جیاواز بەشداری کۆنفرانسی نێودەوڵەتی کردووە بە لێکۆڵینەوە لە جینۆسایدەکانی گەلی کورد، ئێستە نێشتەجێی کەنەدایە و خەڵکی باشووری کوردستانە.

 

ماڵپه‌ڕی کازیوه‌ ساڵح

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک