١\٧\٢٠١٣
خاتوو شادیە:
ژنانی سوێد خەباتێکی زۆریان کردووە تا بەو ئامانجانە
گەیشتوونە.
سازدانی: ئەڵماس مستەفا
ژنان هەمیشە سومبولی
ئاواتەکانی کۆمەلگە بوون.. ئەوان خەندە لەسەر لێوی گوڵەکان دەنەخشینن..
ئەوان تێدەکۆشن دەڵێن ئیمە نیوەی کۆمەڵین و دایکی نیوەکەی تریشین، لە
هەڤپەیڤینێکدا لەگەل بەڕێز خاتوو شادیە ئەندام پەرلەمانی سوێد چەند
ئاخاوتنێکمان سەبارەت بە پرسی ژن و کێشەکانی ژن لە تاراوگە ئەنجام دا..
ئەڵماس: هۆی
بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ خودی ژن یان دەستەبەرکردنی
لە لایەن دامودەزگا حکومییەکانەوە یان خەباتی ژن خۆیەتی؟
شادیە:
لە راستیدا هەردووکیان پەیوستن بۆ دەستهێنانی مافەکانی ژنان چونکە ژن
هەمیشە وایان کردووە جێگەی خۆیان بکەنەوە و گۆڕانکاریی لە ژیانی خۆیان
بکەن پاشان دامودەزگا حکومییەکان ئاسانکاریی بۆ کردوون، پێشتر ژنان لە
ماڵەوە تەنیا کاری ناوماڵیان رێکدەخست و منداڵیان پەروەردە دەکرد بەلام
دوای ئەوە (دایەنگا) دروستبوو تا ژنان بتوانن لە ماڵ بێنە دەرەوە و
ئەوانیش شان بە شانی پیاوان کار بکەن. پاشان ژنان خۆیان وایان کرد بێنە
ناو سیاسەتەوە.. ئەوان ریفۆرمیان کرد و وایان کرد کە بنکە دروست بکەن.
یەکگرتوویی بکەنە مارشی هیواکانیان تا گۆڕانکاریی دروست بکەن. دەتوانم
بڵێم ژنانی سوێد خەباتێکی زۆریان کردووە تا بەو ئامانجانە گەیشتوونە.
بە هیوام ژنانی کوردیش کۆشش و خەباتێکی زۆر بکەن بۆ ئەوەی بتوانن لە
چەوسانەوە رزگار ببن و مافەکانیان بەدەست بێنن.
ئەڵماس: ئازادیی ژن بە شێوەیەکی
بەرفراوان لەم وڵاتەدا دەبینرێ، هۆکاری بەکارهێنانی ئەو ئازادییە
بەرفراوانە بە شێوەیەکی نادروست لە لایەن ژنانی کۆچبەرەوە هۆیەکەی
دەگەرێتەوە بۆ چی؟
شادیە: نەزانین وات لێ دەکا رێگا
راستەکان بە پێچەوانەوە بگری، ئێمە ئەگەر زانیارییمان لە شت نەبێ ترس
دروست دەبێ، ئەگەر شارەزاییت لەسەر کلتووری ئەو ولاتە نەبێ تاریکاییت
بۆ دروست دەبێ، واتا ئەوان لە چوارچێوەیەکی داخراوەوە هەنگاویان ناوە
بۆ سەربەستییەک کە ئەو پێی وا بووە کە ئەوە هەموو خواست و
هیوایەکانیەتی کە لێرە دەیبنێتەوە، بە بۆچوونی من هەر مرۆڤێک پێوستە
کۆدی کۆمەڵایەتیی ئەو کۆمەڵگەیەی کە تێیدا دەژی بدۆزێتەوە، ئازادیی ژن
بە بەکارهێنانی سەربەستیی بە هەڵە دەستەبەرناکرێ.
ئەڵماس: هۆکاری بەرزبوونەوەی رێژەی
جودابوونەوەی خێزانیی لە سوێددا دەگەرێتەوە بۆ چی؟
شادیە: ئەوان لە سەرەتادا خۆشەویستییان
نەبووە بۆیە هەمیشە جودابوونەوە لەگەڵیاندا گەشە دەکا. ئەو ژنانەی کە
دێنە تاراوگە پێشتر سەربەستیی ئاوەها لە رادەبەدەریان نەدیوە.. کە
دەبنە خاوەنی گیرفانی خۆیان و کۆنتۆی تایبەتی خۆیان دەبێ ئیتر پێوستیان
بەوە نابێ هاوسەریان هەبێ یان نا.. ئەمەش خۆی لێرەدا هەڵەیەکی گەوەرەیە
کە ئافرەت تەنیا لە کۆتاییدا خۆی باجی ئەمە دەدا. ئەو ژنانە واتای
ئازادیی نازانن یان بە شێوەیەکی نەرێنیی بەکاریدەهێنن چونکە لای ئەوان
وایە کە دارایی یان باری ئابووریی گرنگییەکی زۆری دەبێ، لێرەدا پیاو
هەست دەکا توانستی خۆی لەدەست داوە.. هەر بۆیە گرفتەکان زۆر دەبن و
جودابوونەوە لەنێو خێزانەکان دروست دەبێ.
ئەڵماس: لێرە ئافرەت سەربەستیی و مافی
تەواوی هەیە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە هەندێ دامودەزگاکاندا مووچەی ژنان
کەمترە لە پیاو، هۆکارەکەی چییە؟
شادیە: لێرە زۆر باسمان لەسەر ئەوە
کردووە، چەندین جار لە پەرلەمان باسمان لە کەمیی مووچەی ژن کردووە بۆ
ئەوەی لەگەڵ مووچەی پیاوان یەکسان بێ. لە داهاتوودا چاوەڕوانی بڕیاری
هاوسەنگکردنی مووچەکانیانین، ئەمەش دەگەڕێنینەوە بۆ ئەوەی کە ژنان
درەنگ کاریان کردوە.. نەک لەبەرئەوەی کە هێزی ژنان لە پیاوان کەمترە لە
کارکردندا، لێرەدا جیاوازیی ناکرێ بۆیە ئێستا لە کۆششی
چارەسەرکردنداین.
ئەڵماس: ژنسالاریی لە تاراوگە بە تایبەت
لە وڵاتی سوێد بە رێژەیەکی بەرچاو دەبینرێ، هۆکاری ئەمە دەگەڕێنیەوە بۆ
چی؟
شادیە: ژنان هەمیشە پڕن لە سۆز و
خۆشەویستیی بەڵام کاتێک کە دەبینن لە لایەن پیاوانەوە تاوانێکیان لە
بەرانبەر ئەنجام دەدرێ یان ئازارێکی جەستەیی دەدرێن ئەوانیش خۆیان
دەخۆنەوە، چونکە توانای دەربڕینیان کەمە و هێز و دەسەڵاتیان نییە بۆیە
زۆربەی ئەو خانمانەی کە دەبینم لە ولاتەکەی خۆیان لە لایەن
هاوسەرەکانیانەوە ئازاردراون لێرە هەقی خۆیان لێدەکەنەوە.. ئەوەش
دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی کە لێرە لەم وڵاتەدا زۆر پشتگیریی لە ژن دەکرێ..
ئەو خانمەش هەڵدەستێ بە ئەنجامدانی هەقێک کە پێیدەلێن تۆڵەسەندنەوە،
لێرەدا ژنسالاریی دروستدەبێ.. ئیتر پێیوایە هەموو خواستەکانی هاتوونەتە
دی بەم ژنسالارییە، ئەمەش هۆکاری تێنەگەیشتنە لە یەکتری و نەبوونی
بنەمایەکە لەسەر پێکەوە گفتوگۆکردن تا بتوانن کێشەکان چارەسەربکەن.
ماڵپهڕی ئهڵماس مستهفا
|