١٩\٨\٢٠١٦
خاوەنشکۆی شیعرم!

سوهیلا مەیهەمی
بۆ شێرکۆ
بێکەس.
خێراکە مردن خەریکە بگات
تیشکەکانی پێلووت بە وەنەوزی کام ئەستێرەدا
خاوبوونەوە
مردن
و تۆ؟
دڵنیام
دڵنیاتر لە هەنبانەی بێکەسییدا
کۆششی مردن بێ واتایە
تۆ دەڕۆی و هاوارەکانت
دەلەرنەوە..
بەسەر داوی برینەکانمدا
بێزووی خەمە سەرکەشەکانی وڵاتی ژان
رۆژژمێری شاعيرێك..
مێرگی زامی بەسەر مێرگی هەتاودا
کۆتايی نییە کە گۆڕستانی چراکانە
ئیستا کچێك نیشتمانە و ژن و باران دوو سروودی کێویین
تۆ بووی و تێنوێتییت بە
گڕ دەشکا..
کەژاوەی گریانت، هۆبەی زەریای هەڵدەپێچا
هەناسەسوار مەبە ئیدی
دەستەیێ شەهیدی ئازادیی..
جۆگەی گۆرانین بەو گابەردەی دا،
رووخان نازانێ
درێژترین هۆنراوەی شەو هێشتا ماوە
بە کەنیزەکەکانی کۆشکی (خەلیفە)
و تێنوێتیی چیای شەنگال
وەك ئاڵایەك رەش کە نێرە..
دەزانم نالی دەستی بەسەر شانتەوە و لە
دەربەندی پەپوولەدا چاوەرێی حەبیبە دەکەن
ئیستا خانوویەکت ساز کردوە..
''بریتۆنیش''
بە خەو نایبینێ
خەونەکانمان رەنگە منیش نەیانبیم
دڵنیا بە
زۆریش دڵنیا بە
کچێك ئاڵای وڵاتەکەمان بە تەبايی..
دەشنێتەوە بە یەکگرتووەکانی مروڤایەتی.
____________________________
• بۆ
سێیەمین ساڵوەگەڕی
کۆچی دوایی ئیمپراتۆری
شیعر مامۆستا شێرکۆ بێکەس یادی
بۆ هەمیشە لە
دڵمان دایە و بەرز و زیندوە.
سنە
ماڵپهڕی
سوەیلا مەیهەمی
|