خه‌بات بۆ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی نه هه‌نگاوێک که‌متر، نه هه‌نگاوێک زیاتر!!
ئه‌یوب ره‌حمانی
((ئه‌م وتاره پێشکه‌شه به گیانی پاکی ئه‌و ده‌سته پێشمه‌رگه سه‌ربه‌رز و شۆڕشگێڕانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان که له‌و کاته‌یدا که من ئه‌م وتاره‌م ده‌نووسی، ئه‌وان سه‌ربه‌رزانه چووبونه ناو دڵی کوردستانه‌وه و له به‌رانبه‌ر داگیرکه‌رانی ئه‌م نیشتمانه‌دا گیانبازانه پارێزگاری‌یان له شه‌رافه‌تی ئه‌م گه‌له کرد و چوونه ڕیزی کاروانی گیانبه‌ختکردووانی ڕێگای ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان! ئێوه هه‌رگیز نامرن!))
مرۆڤ سه‌ربه‌ست له‌وه‌ی که بیر و باوه‌ڕی چیه، ڕه‌نگی پێستی چۆنه، ژنه یا خۆ پیاوه، منداڵه یا گه‌وره‌ساڵه، کورده یا عه‌جه‌مه، ئازاده له‌وه‌ی که چ شێوه‌ی ژیانێک بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر ده‌کات. سه‌ربه‌ستیی و سه‌ربه‌خۆیی مرۆڤ به پێی زۆربه‌ی هزره فه‌لسه‌فیی و ئایینیه‌کانی جیهان سه‌لمێندراوه، ئه‌ڵبه‌ت له ڕوی تێئۆریاوه! دیاره سه‌ربه‌ستیی له ڕوانگه‌ی ئایینه جۆربه‌جۆره‌کانه‌وه جیاوازی هه‌یه له گه‌ڵ سه‌ربه‌ستیی له ڕوانگه‌ی ڕامیاره ڕۆژئاوایه‌کان و هزره فه‌لسه‌فیه جۆراوجۆره عیرفانیی و یا لیبڕالیه‌کان. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا وه‌ک سه‌ربه‌ستیی و هه‌م سه‌ربه‌خۆیی تاک و کۆمه‌ڵ له جیهاندا وڵامیداوه‌ته‌وه و ئاسایش و ئه‌منیه‌تی به دیاری بۆ مرۆڤ هێناوه، سه‌ربه‌ستیی و سه‌ربه‌خۆیی له ڕوانگه‌ی فه‌یله‌سوفه لیبڕاڵه‌کانه‌وه‌یه. به پێی جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤ، هه‌مو تاکێک سه‌ربه‌سته له‌وه‌ی که چۆن ده‌ژی و چ باوه‌ڕێکی هه‌یه و هتد. هه‌ر به پێی ئه‌و جاڕنامه‌یه هه‌مو کۆمه‌ڵگاێک، هه‌مو گه‌لێک، هه‌مو تاکێک ئه‌م مافه‌ی هه‌یه که بۆخۆی له‌مه‌ڕ چاره‌نوسی خۆی بڕیارده‌ر بێت و خۆی خۆی به‌ڕێوه به‌رێت و نه‌ک که‌سێکی دیکه یا خود گه‌لێکی دیکه بڕیاری بۆ بده‌ن یا خۆ به‌ڕێوه‌ی به‌رن. گه‌لی کوردستان که گه‌وره‌ترین گه‌لی بێ ده‌وڵه‌تی جیهانه، ئه‌مڕۆکه ده‌بێت له ئه‌وله‌ویه‌تی هه‌موکه‌سدا بێت که چاره‌نووسی خۆی به ده‌ست خۆیه‌وه بگرێت. ئه‌م مافه بۆ ئێمه‌ی کورد پارێزراوه، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه هیچ که‌س نایات ئه‌م مافه‌مان بۆ به دیاری بێنێت، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که خۆمان داوای بکه‌ین و هه‌وڵی بۆ بده‌ین و خه‌ونی پێوه ببینین! بۆیه ئه‌وه ئێمه‌ین که ده‌بێت دروشمیی سه‌ربه‌خۆیی به‌رز بکه‌ینه‌وه، تاکو چالاکوانانی مافی مرۆڤیش به چه‌پ و ڕاست و ئایینیه‌وه له هه‌مو جیهان پشتیوانیمان لێ بکه‌ن، به‌ڵام کاتێک ئێمه خۆمان ئه‌م مافه بۆ خۆمان به ڕه‌وا نه‌زانین و دروشمگه‌لی بچوک و لاواز و که‌م بایه‌خ به‌رز ده‌که‌ینه‌وه، ئیدی زۆر که‌س پێیان وایه که گه‌لی کورد له‌وپه‌ڕی بێ موشکیله‌ییدا له سایه‌ی سه‌ری داگیرکه‌ره‌کانیه‌وه ده‌ژین!! به‌ڵام وا نیه و ئێمه لانیکه‌م له پێنجسه‌د ساڵی ڕابردوودا هه‌رگیز ڕۆژێک بێ کێشه نه‌بووینه و به سه‌دان و به هه‌زاران جار توشی ڕه‌گه‌زکوژی و توانه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی و جێنۆساید له لایه‌ن داگیرکه‌رانی کوردستانه‌وه بوینه! ئه‌ی که وایه شه‌رممان له چیه که سه‌ربه‌خۆیی به مافی هه‌ر ئێستاکه‌ی خۆمان نازانین؟ ناسیۆنالیزم وشه‌ێکی بێگانه‌یه و به مانای نه‌ته‌وه‌چیه‌تیه. نه‌ته‌وه‌چی ئه‌و که‌سه‌یه که ڕێز له نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی ده‌گرێت. ئه‌م وشه به مانای لایه‌نداری و پشتیوانی له نه‌ته‌وه‌ێکه که خۆشت ده‌وێت. ئه‌و نه‌ته‌وه‌ی که تۆ له‌ویت و ئه‌ویش له تۆیه. خۆش ویستنی نیشتمانی دایک یا دایکی نیشتمان، خۆش ویستنی فه‌رهه‌نگ و داب و نه‌ریتی هه‌زاران ساڵه‌یه که پشتاوپشت به ئه‌مڕۆ و به ئێمه گه‌یشتووه. به‌م مانایه ناسیۆنالیزم خزمه‌ت ده‌کات به سه‌روه‌ری خۆت به سه‌ر خاک و زێد و نیشتمانی خۆت دا. هه‌ستیی نه‌ته‌وه‌یی یا وشیاری نه‌ته‌وه‌یی لای هه‌ر نه‌ته‌وه‌ێک یا هه‌ر گه‌لێک له سه‌ره‌وه بێت ئه‌و گه‌له هه‌رگیز بنده‌سته نابێت و حازر به بنده‌سته‌یی که‌س نابێت و ئه‌گه‌ریش به هۆی ده‌ورانێک و قه‌یران و شه‌ڕه‌وه ژێرده‌سته ڕابگیرێت یا نیشتمانه‌که‌ی داگیر بکرێت، بێ‌شک بنده‌سته بوونه‌که‌ی زۆر ده‌وام ناهێنێت و له دوا ماوه‌ێکی کورت هه‌مدیسان به سه‌ربه‌خۆیی ده‌گاته‌وه. کوردستان له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی شانزده‌هه‌مه‌وه دوای شه‌ڕی چاڵدێران له ساڵی 1514 له به‌ینی دو داگیر که‌ری دواکه‌وتو و فاشیستی عوسمانی و سه‌فه‌ویدا دابه‌شکرا و له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌میشدا بۆ دوهه‌مجار به پێی په‌یمانی لۆزان له 1923دا هه‌مدیسان بۆ دوهه‌مین جار به فه‌رمی دابه‌شکراوه و ئه‌مجاره‌یان کرا به پێنج به‌ش! نیشتمانی کوردان زیاتر له پێنج سه‌ده‌یه که خاکێکی داگیرکراو و له‌ویش خراپتر خاکێکی دابه‌ش کراو و پارچه پارچه کراوه. کوردستان به شه‌ڕ و زۆرداری و نیفاق و نه‌فره‌ت دابه‌ش و داگیر کرابو و ئێستاش به خۆشه‌ویستی ئه‌م دایکه یه‌ک ده‌گرێته‌وه، ته‌نیا کاتێک ده‌توانین ئه‌م نیشتیمانی دایکه‌مان یه‌ک بخه‌ینه‌وه که خۆشمان بوێت و به بێ شه‌رم و ترس و دڵه‌ڕاوکێ له به‌رچه‌سپ خواردنی وه‌ک ته‌جزیه‌ته‌ڵه‌ب یا ناسیۆنالیست، پێویسته به ڕاشکاوی به هه‌موان ڕابگه‌ێنین که ئه‌م وڵاته‌مان خۆش ده‌وێت، هه‌ر وه‌ک ئه‌وانیتر به ئایینی و چه‌پ و ڕاستییانه‌وه نیشتمانی خۆیان خۆش ده‌وێت و بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وی خۆیان گه‌وره‌تر و به‌هێزتر بێت به ئێمه ده‌ڵێن ته‌جزیه‌ته‌ڵه‌ب! به‌ڵام ناسیۆنالیزم کاتێک له خۆشویستن دور ده‌که‌وێته‌وه و خودسه‌ر ده‌بێته‌وه، کاتێک قودسیه‌ت په‌یدا ده‌کات و توشی خۆ گه‌وره بینین و ته‌نیا خۆ دیتن ده‌بێته‌وه، مه‌ترسیدار ده‌بێت. له‌م حاڵه‌ته‌دا ئیتر ناسیۆنالیزم نه‌ماوه، به‌ڵکو هه‌نگاوێک واوه‌تر چووه و له وشه‌ی فاشیزمدا خۆی ده‌بینێته‌وه. فاشیست ئه‌و ناسیۆنالیسته توندڕه‌وه‌یه که ناتوانێت سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌ێکی دیکه ببینێت. وه‌ک نمونه تورک که بوونی کورد به ته‌واوی ڕه‌ت ده‌کاته‌وه و لانیکه‌م تا پێنج – شه‌ش ساڵ له‌مه‌وپێشیش به کوردیان ده‌وت تورکی کێوی و هێنده ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ست بوون که نه‌یانده‌توانی ته‌نانه‌ت وشه‌ی کوردیش به زمانیاندا بێنن! ئه‌مه له حاڵێکدا که کورد ئه‌وه‌تا بوونی هه‌یه هه‌ر له‌و شوێنه‌ی خۆی و پێشتریش له ئێران ژیاوه و خاوه‌نانی سه‌ره‌کی ئێران بوونه، به‌ڵام تورک کۆچبه‌ر بون و نیزیک هه‌زار ساڵه که هاتونه‌ته ئه‌و ناوه‌ی که ئه‌مڕۆ ناوی تورکیه و ئازه‌ربایجانه و به هۆی ئه‌وه‌ی که به تێکڕا بوونه موسوڵمان و دواتر خه‌لیفایه‌تی ئیسلامی‌یان وه ئه‌ستۆ گرت، بوونه ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌و ناوچانه، که زۆر که‌س مێژوویانی وه‌ک عوسمانلییه‌کان خوێندۆته‌وه. (هیوادارم به هۆی وتنه‌وه‌ی ئه‌م ڕاستیانه لۆمه نه‌کرێم، ئه‌گه‌ریش لۆمه بکرێم ئه‌وا چاره نیه!) له‌م به‌ینه‌شدا وشه‌ێکی دیکه‌مان هه‌یه که ئه‌ویش شۆڤینیزمه. شوڤینیست که‌سێکه که ئه‌گه‌ر چی نه‌ته‌وه‌ی دیکه ده‌بینێت، به‌ڵام خۆی له‌و به زیاتر و گه‌وره‌تر ده‌زانێت وه‌ک نمونه فارس و عه‌ڕه‌ب که ئه‌گه‌ر چی بوونی نه‌ته‌وه‌ێکی وه‌ک کورد ڕه‌ت ناکه‌نه‌وه، به‌ڵام خۆیان له کورد پێ زیاتره و ناشتوانن سه‌روه‌ری کورد ببینن! شۆڤینیزم له جیهاندا په‌ڕ و باڵی زۆر کێشاوه‌ته‌وه و زۆربه‌ی ڕه‌قابه‌ته‌کانی جیهان له‌مه‌ڕ خۆ به زیاتر زانینی ئه‌م ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه یا ئه‌و ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌وه‌یه. به تایبه‌ت له به‌ینی ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌کاندا ئه‌مه زۆر باوه و زۆر جار له توێی ڕه‌قابه‌ت و کێبه‌رکێی ته‌سلیحاتی یا خۆ کێبه‌رکێ ئابوری‌دا خۆی ده‌نوێنێت. ئوروپائیه‌کان له کێبه‌رکێ له دژی ئه‌مریکا خۆیان یه‌کخست و ئوروپای یه‌کگرتوو و پاڕله‌مانی ئوروپا و پووڵی یه‌که‌ی یۆڕۆیان پێک هێنا و وه‌ک ده‌شزانین ساڵ به دوا ساڵ ڕێژه‌ی وڵاتانی ئوروپای یه‌کگرتوو زیاد ده‌کات و ئه‌مڕۆکه یه‌که‌ی یۆڕۆ زۆر له دۆلار به هێزتره! دیاره پێویسته ئه‌مه‌ش بڵێم که نه فاشیزم و نه شۆڤینیزم ئێمه‌ی کورد ناگرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌یکه ئێمه هێشتا ده‌وڵه‌تێکمان نیه تا چاو له وڵاتی که‌سێک ببڕین و داگیری که‌ین و هتد..، ئێمه هێشتا له ناسیۆنالیزمه‌که‌شدا ماوینه‌ته‌وه و هێشتا خۆمان دو دڵین که ئایا ئه‌م دایکه‌مان له دڵه‌وه خۆش ده‌وێت و ده‌شی درکێنین، یا به دزییه‌وه له دڵی خۆماندا خۆشمان ده‌وێت و ناوێرین له ترسی به‌رچه‌سپی فاشیست و شۆڤینیسته داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان بیدرکێنین؟ نازانم له چی ده‌ترسین؟ ئه‌وه‌نده ده‌زانم که داگیرکه‌رانی باڵاده‌ست له کوردستان زۆر له ئێمه زیره‌ک ترن و له توێی پێنج سه‌ده داگیر کردنی نیشتمانی ئێمه و خزاندنی زمان و فه‌رهه‌نگی خۆیان له ناو مێشکماندا، هێندییان شتی سه‌رنجڕاکێش خستۆته مێشکمان وه‌ک کرێکارانی سه‌رتاسه‌ری و ناسیۆنالیزمی کوردی خراپه و هی خۆیان چاکه و ته‌جزیه‌ی وڵاتی ئه‌وان خیانه‌ته و هتد...، که ئێمه به نوخبه و ئۆمه‌ته‌وه ماف ده‌ده‌ین به ئه‌وان به جێگای ئه‌وه‌ی که ئیتر گوێ له تڕه‌هاتی ئه‌وان نه‌گرین و نیشتمانی خۆمان خۆش بوێت. ئه‌وه‌نده بزانین که نه‌ته‌وه‌چیه‌تی زۆر شۆڕشگێڕانه‌تره له ئێرانیچیه‌تی و ئه‌وه‌ی که زۆربه‌ی حیزبه سیاسیه‌کانمان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان گرتوویانه‌ته به‌ر بێ‌شک له زه‌ره‌ری خۆمان و له قازانجی داگیرکه‌راندایه. نه‌ته‌وه‌چیه‌تی خیانه‌ت نیه، ئه‌گه‌ر بۆ ئێمه خیانه‌ته، به ته‌ئکید بۆ نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست که نیشتمانی ئێمه‌ی داگیر کردووه به سه‌د قات خراپتره، هی ئه‌وان هه‌م فاشیزمه و هه‌میش شۆڤینیزم!! کورد له ڕابردووش‌دا هه‌ستیی نه‌ته‌وه‌یی بووه به‌ڵام ئه‌و هه‌سته له ڕوی شوناسێکی زانستییه‌وه نه‌بووه، بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌وکات نه‌خوێنده‌واری باڵی به سه‌ر کوردستاندا کێشاوه و گه‌لی کورد به هۆی داگیرکه‌رانیه‌وه نه‌خوێنده‌وار و دواکه‌وتوو ڕاگیراوه! هه‌روه‌ها کورد ئیرادێکی دیکه‌ی که له ڕابردوودا بووه، نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی ئابوری بووه، چونکو ده‌وڵه‌تی نه‌بووه. هه‌ر بۆیه سه‌رۆک هۆزه‌کان دایمه بۆ وه‌ده‌ست خستنی پاره و پووڵ چاویان له ده‌وڵه‌تانی ده‌وروبه‌ری خۆیان بووه و ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ش له‌م هه‌له که‌ڵکییان وه‌رگرتووه و به دانیی پاره به لایه‌نێکی کوردی، له لایه‌نێکی دیکه‌یان به‌رداوه و ئه‌ویش چونکه وشیاری نه‌ته‌وه‌یی نه‌بووه، بۆ خۆ به‌هێز کردن و سه‌رکه‌وتن به سه‌ر لایه‌نه‌که‌یتردا وه‌ری گرتووه و کورد له گه‌ڵ کورد به‌شه‌ڕ دراوه. بۆیه له هه‌ندێک کتێب‌دا ده‌خوێنینه‌وه که کورد نه‌ته‌وه‌ێکی خۆخۆر بووه یا ده‌ڵێن کورد نه‌ته‌وه‌ێکی خۆخۆرن. ئێستاش که ده‌بینین باشوری کوردستان نیوه سه‌ربه‌خۆیه، ده‌وڵه‌تانی ده‌ور و به‌ر و به تایبه‌ت داگیر که‌رانی کوردستان که فارس و تورک و عه‌ڕه‌بن، زۆرترین هه‌وڵی خۆیان ده‌ده‌ن که کورد ده‌ستی به سه‌رچاوه‌ی ئابووری ڕانه‌گات و بۆ نمونه که‌رکوک که شارێکی نه‌وت داره و سه‌رچاوه‌ێکی گرنگی ئابوریی ئێراق له ئێستا و له ڕابردوودا بووه، له ڕووی هه‌مو به‌ڵگه‌ێکی مێژووییه‌وه، شارێکی کوردستانه، به‌ڵام دوژمنانی ئه‌م گه‌له هه‌وڵ ده‌ده‌ن که له کوردی داگیر بکه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر چی ئێستاش هه‌ر ده‌وڵه‌تی ئێراق زۆرترین به‌شی داهاتی نه‌وتی ئه‌و شاره کوردستانیه ده‌بات، به‌ڵام ئه‌م سامانه نه‌ته‌وه‌ییه ته‌نیا هی کورده به هه‌مو پارچه‌کانیه‌وه و نه‌ک ته‌نیا باشوری کوردستان و ده‌وڵه‌تی ئێراقیش هیچ مافێکیی پێوه‌ی نیه و پێی حه‌رام بێت، چونکو وڵاتی خۆمان کاوله و هه‌ر ئه‌و داگیرکه‌رانه‌ش کاولییان کردووه و ئێمه ده‌بو به سامانه‌کانی که‌رکوک نیشتمانه‌که‌مان ئاوه‌دان که‌ینه‌وه و نه‌ک بڕژێته گیرفانی عه‌ڕه‌ب که بیست و دو ده‌وڵه‌تییان هه‌یه و هه‌موشییان ده‌وڵه‌مه‌ندن، به‌ڵام ئه‌وان ته‌نیا که‌رکوک که هیی خۆشمانه پێمان ڕه‌وا نابینن، بۆیه دوباره ده‌یڵێمه‌وه، به حه‌رامییان بێت، ئه‌وه‌ی ماڵی ئه‌م گه‌له چه‌وساوه ده‌خاته گیرفانی خۆی!! ته‌نیا که‌رکوکیش نیه که کێشه‌یان بۆ دروست کردووه، بگره له توێی پێنج سه‌ده داگیر کردنی وڵاتمان و به تایبه‌ت له‌م چه‌ند ده‌یه‌ی ئاخردا زۆربه‌ی شاره گرنگه‌کانی کوردستان و به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی که سامانه و قه‌ناتی ژێرزه‌وینییان هه‌یه و ده‌توانن ئابوری کوردستان له داهاتودا ببوژێننه‌وه وه‌ک کرماشان و ئیلام و لوڕستان و ورمێ و هتد... له تورک و عه‌ڕه‌ب و فارس ئاخێنراون و فوڕمی دێمۆگڕافی ئه‌م شارانه‌یان وه‌ها گۆڕیوه که بێ شک له داهاتودا بێ کێشه نابن و تا ئه‌و شارانه داگیرکراو بمێنن و تا کورد ده‌وڵه‌تی نه‌بێت هه‌ر ئه‌و سامانانه به تاڵان ده‌به‌ن، به بێ ئه‌وه‌ی که هیچی به کورد بده‌نه‌وه و هاوکات به بێ ئه‌وه‌ی هیچ چالاکێکی مافی مرۆڤ ئه‌مڕۆکه له‌مه‌ڕ ده‌رکردنی کوردان له‌و شاره کوردستانیانه وه‌ده‌نگ بێن و کاتێک له داهاتوودا ده‌وڵه‌تێکی کوردستان ببێته واقیع، ئه‌وجار کێشه‌ی نه‌ته‌وه هاورده‌کان دێته ئاراوه و ئه‌وجار به سه‌دان چالاکی مافی مرۆڤ که هه‌مو تا ئێستا هیچ ده‌نگییان نییه ڕاست ده‌بنه‌وه و کورد به خراپ له قاو ده‌ده‌ن...! ئه‌مه پێشوتنه و بێ‌شک داهاتو هه‌ر وا ده‌بێت، که هیواخوازم وا نه‌بێت!!
باسێک له‌مه‌ڕ ڕێکخراوه و ڕێکخراوه‌کانی کوردستان و ئاسۆی ئه‌م گه‌له؟!
ڕێکخراو بوون و خۆ ڕێکخستن یه‌ک له چه‌که گرنگه‌کانی کۆمه‌ڵگاکانه که ده‌توانێت له به ده‌ست هێنانی ده‌سکه‌وته کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌کان زۆر چاره‌نوس ساز بێت و به خێرایێکی که‌م وێنه ئامانجه‌کان بپێکێت! به هۆی ئه‌وه‌ی که له کۆمه‌ڵگاێک یا له کۆمه‌ڵگاکاندا جۆره‌ها بیر و بۆچوون و شێوه‌ی تێڕوانین و بیرکردنه‌وه‌ی جیاواز و ئایینه جیاوازه‌کان و بگره هزره جۆرا و جۆره فه‌لسه‌فیی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیش بوونیان هه‌یه، له ئاکامدا چه‌نده‌ها ڕێکخراوه‌ی سیاسی و مه‌ده‌نی و ئایینی و وه‌رزشی و خولاسه له هه‌مو بواره‌کاندا و بۆ هه‌مو بواره‌کان ڕێکخراوه‌ش بوونیان هه‌یه یا بۆیان هه‌یه بوونیان هه‌بێت! تا ئێره‌ی کار نه زۆر بوونی شێوه‌ی بیر و بۆچون و ئایینه‌کان و نه ڕێکخراوه‌کانیان هیچ کامییان کێشه نین له ناو کۆمه‌ڵگاکاندا، بگره باش و پێویستیشن. کۆمه‌ڵگا خاوه‌نی ڕه‌نگا و ڕه‌نگ بوونێکی زۆره و ئه‌مه‌ش فره ڕێکخراوه‌ییی ده‌خوازێت و ده‌شبێت بیبێت. که‌واته بۆ ئه‌وه‌ی له کۆمه‌ڵگاکاندا هه‌مو که‌س بتوانێت خاوه‌نی ڕێکخراوه‌ی خۆی بێت و له ڕێگای ئه‌م ڕێکخراوانه‌وه بتوانێت خۆی و کۆمه‌ڵه مرۆڤه هاو بیره‌کانی خۆی لێک کۆببنه‌وه و بۆ ئه‌وه‌ش که مافه‌کانیان پێشێل نه‌کرێت و هه‌مو بتوانن به مافه‌ڕه‌واکانی خۆیان بگه‌ن، ئازادی یا سه‌ربه‌ستی له کۆمه‌ڵگاکاندا پێویسته. ئازادی بۆ ئه‌وه‌ی که هه‌مو که‌س بتوانێت به سه‌ربه‌ستیی و به بێ ئه‌وه‌ی که له ده‌ربڕینی بیر و باوه‌ڕی خۆی ترسی له که‌سی دیکه هه‌بێت، نه‌ترسانه بیر و باوه‌ڕی خۆی ده‌رببڕێت و له هه‌موو مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ێکیش به دوور و پارێزراو بێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پاش ئه‌وه‌ی که باسم کرد که ئازادی پێویسته ئه‌وجار پێویستی دیکه‌ش خۆی قوت ده‌کاته‌وه و ئه‌ویش حکومه‌تێکی یاسامه‌نده که له‌و حکومه‌ته‌شدا یاسا و عه‌داڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێز بێت. بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌گه‌ر حکومه‌تێک خۆی یاسایی بێت و له‌وێشدا یاسا ده‌ستی باڵای هه‌بێت تا بتوانێت له ڕێگای یاساوه پارێزگاری له مافه‌کانی که‌سایه‌تیه‌کان و ڕێکخراوه‌کانیان بکات، ئه‌وجار دێمۆکڕاسی پێویسته که له ڕێگای کۆمه‌ڵگاێکی دێمۆکڕاتیکه‌وه خه‌ڵک یا گه‌ل یا کۆمه‌ڵگا بتوانن حکومه‌تێک و پاڕلمانێکی یاسامه‌ند له ڕێگای هه‌ڵبژاردنێکی ئازاده‌وه، هه‌ڵ بژێرن.
ئێمه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و یه‌کدا ده‌ژین و کۆمه‌ڵگا و ژیانی ئه‌مڕۆکه کۆمه‌ڵێک پێداویستیی نوێێ گه‌ره‌که و گه‌لانی ئه‌م سه‌رده‌مه ته‌نانه‌ت وه‌ک بیست ساڵ پێش ئێستاش بیر ناکه‌نه‌وه و پێشکه‌وتنه ته‌کنیکی و دیجیتاڵی و کامپیوتریه‌کان مرۆڤی ئه‌م قۆناخه‌ی ژیانیشی گۆڕیوه و خه‌ڵک ته‌وه‌قوعیان چۆته سه‌ره‌وه و کۆمه‌ڵگای کۆنیان لا په‌سه‌ند نیه! هه‌ر بۆیه دێمۆکڕاسی یه‌ک له‌و ئینتیزاراتانه‌ی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌شه که پێمان وایه له داهاتوودا پێویسته لێی بێ به‌ش نه‌بین. بۆیه هه‌ر کات حکومه‌تێک له‌م ڕێگایه‌وه هه‌ڵبژێردرا، ئه‌وا حکومه‌تێکی مه‌شروعیی یاسایی هه‌ڵبژێردراوه و یاساش تێیدا ده‌ستی باڵای هه‌یه و ده‌سکه‌وته‌کانی کۆمه‌ڵگا و مرۆڤ ده‌پارێزێت و ده‌شبێت بیپارێزێت! چونکه ئه‌وه کۆمه‌ڵگایه که حکومه‌ت دروست ده‌کات و نه‌ک سه‌رۆک قه‌بیله و سه‌رۆک عه‌شیره یا پادشا یا حیزبێک به تاقی ته‌نیا.
تا ئه‌و جێگایه‌ی که ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر مرۆڤه‌کانیش، ئه‌وانیش پێداویستییان له‌م سه‌رده‌مه‌دا زۆره. مرۆڤ کاتێک بتوانێت خۆی، به بێ کارتێکه‌ری هیچ که‌س و لایه‌نێک به ته‌واو مانا ئازاد ڕێگا و شوێنی ژیانی خۆی، یا ئایینی خۆی یا حیزب و ڕێکخراوی خۆی و بیر و باوه‌ڕی خۆی هه‌ڵ بژێرێت، ئه‌وا ئه‌م مرۆڤه مرۆڤێکی ئازاده و مرۆڤ پێویستی به‌م ئازادیه هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش هه‌مو ئازادی نیه، به‌ڵکو کاتێکیش کۆمه‌ڵگا ئیزن به‌م مرۆڤه بدات خۆی بیر و باوه‌ڕی خۆی هه‌ڵبژێرێت، ئه‌وجار به‌شێکی دیکه‌ش له ئازادییه‌که‌ی هاتۆته دی و به‌ڵام ئه‌مجاره‌ش و ئه‌مه‌شیان هه‌مو ئازادی نیه، به‌ڵکو ده‌بێت ئه‌و حکومه‌ته یاسامه‌نده دێمۆکڕاتیکه‌ی که له سه‌روتره‌وه باسم کرد ئازادی تاک بۆ مرۆڤه‌کان له توێی به‌ندێکی یاسایی هه‌ر به‌م ناوه‌وه واته "ئازادی تاک" بپارێزێت، ئه‌وجار ده‌توانین بڵێین که له‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا و له ژێر سه‌یته‌ره‌ی ئه‌م حکومه‌ته دێمۆکڕاتیکه‌دا ئازادی تاک و کۆمه‌ڵگا به ته‌واوی سه‌لمێندراوه. ئه‌م کۆمه‌ڵگایه به‌م شه‌رتانه‌ی سه‌ره‌وه که باسم لێ کردن، ئه‌گه‌ر له هه‌ر وڵاتێکی جیهان بوونی هه‌بێت، ئه‌وا کۆمه‌ڵگاێکه به حکومه‌تێکی لیبڕاڵیه‌وه که هه‌مو یا لانیکه‌م به‌شێکی زۆر له ئازادیه‌کانی مرۆڤ و مافه‌کانیان تێیدا به شێوه‌ی یاسایی پارێزراوه. دیاره وه‌ها کۆمه‌ڵگاێک وه‌ک له وڵاته لیبڕاڵه‌کانی جیهان پێشتر سه‌لمێندراوه، به خێراییێکی که‌م وێنه‌ش گه‌شه ده‌کات و له هه‌مو بواره‌کاندا، پێش ده‌که‌وێت. مرۆڤ و کۆمه‌ڵگا که ئازاد بێت، له تۆڵه و کوژران بێ باک بێت، واته ئه‌منیه‌تی پارێزراو بێت و هتد.. ئه‌وجار هه‌مو پتانسیێڵی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌ش ئازاد ده‌بێت و له پیشه سازییه‌وه بگره تا ته‌جاره‌ت و تا هونه‌ر و تا وه‌رزش و تا ئه‌ده‌بییات و ڕادیۆ و تلویزیۆن و سینه‌ما و ئیتر له هه‌مو بواره‌کاندا پێش ده‌که‌وێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئیتر هیچ که‌س خه‌می ئه‌منیه‌ت و سیحه‌ت و سڵامه‌تیی خۆی نیه و هه‌ر هه‌مو له به‌ره‌و پێش که‌وتن ده‌جوڵێنه‌وه و له‌م حاڵه‌ته‌شدا ته‌نیا گه‌شه کردن و نوێ بوونه‌وه و ئاسایش و ئه‌منیه‌ت و ئه‌مانه په‌ره ده‌ستێنێت. وه‌ها نیزام و ده‌سه‌ڵاتێک، که خه‌ڵک تێیدا سه‌روه‌ر بێت و حکومه‌ت له خزمه‌ت ئه‌منیه‌ت و ئاسایش و خۆشگوزه‌رانی کۆمه‌ڵگادا بێت، حکومه‌تێکی لیبڕاڵ دێمۆکڕاته. بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که حه‌ز ده‌که‌ن زیاتر له‌مه‌ڕ ئه‌م کۆمه‌ڵگایه و ئه‌م سیسته‌مه و ئه‌م هزره فێر ببن و ببیستن و بخوێننه‌وه، به سه‌دان و هه‌زاران په‌ڕتوک و وتار و فیلم و دۆکومێنت و هتد له‌م بوارانه‌دا هه‌یه و ده‌توانن بۆ زانیاری زیاتر وه‌ده‌ستییان بخه‌ن و له باره‌یه‌وه بخوێننه‌وه و هه‌ربۆیه من له‌مه زیاتر له سه‌ری ناڕۆم و ده‌چمه سه‌ر به‌شێکی دیکه‌ی وتاره‌که!
ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر کۆمه‌ڵگای کورده‌واری، ده‌توانم بڵێم که کۆمه‌ڵگای کوردستان به گشتی و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به تایبه‌تی ڕێکخراوه‌ی زۆره. ڕێکخراوه‌ی سیاسی له فوڕم و شێوه‌ی پاڕت و حیزب و سازمان و ئه‌مانه و ڕێکخراوه‌ی مه‌ده‌نی یا "ئین جی ئۆ" له بواری چالاکانی ژنان و لاوان و مافی مرۆڤ و هتد و هه‌روه‌ها له بواری سه‌ندیکا کرێکاریه‌کانیشه‌وه تا ئه‌و جێگای که حکومه‌تی داگیرکه‌ر ڕێگای پێ دابێت وه‌ک ڕێکخراوی مامۆستایان، نانه‌وایان، کارخانه چکۆله و گه‌وره‌کان و هتد..ی هه‌یه. که واته له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ش که‌م تا زۆر هه‌ست به پێویستیی ڕێکخراوه‌کان له ناو خه‌ڵکدا بوونی هه‌یه و تا ئه‌و جێگایه‌ش که ڕێگایان پێ درابێت به کرده‌وه‌یان ده‌ر هێناون. ئه‌مانه ده‌یسه‌لمێنێت که کۆمه‌ڵگای ئێمه له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که له‌گه‌ڵ نیزامێکی دیکتاتۆڕی و تۆتاڵیتێر و میلیتاریستی داگیرکه‌ر سه‌ر و کاری هه‌بووه و هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م گه‌له له هه‌ر فورسه‌تێک که بۆیان هه‌ڵکه‌وتبێت که‌ڵکییان وه‌رگرتووه و له خۆ ڕێکخراو کردندا که‌میان نه‌هێناوه و هه‌وڵیان داوه که له‌و حه‌دی ئه‌قه‌لانه‌ش باشترین و زیاترین سوود وه‌رگرن و خۆیان ڕێک خه‌ن. ئه‌مه ده‌یسه‌لمێنێت که هه‌ر کات له داهاتووشدا هه‌ر ئاڵ و گۆڕێک به قازانجی ئازادی و دێمۆکڕاسی بێته ئاراوه، ئه‌وا ئه‌م پتانسیێڵانه‌ش که له ژێر دیکتاتۆڕیدا چالاک بوون، له فه‌زاێکی ئازاد‌دا به سه‌دان قات چالاک‌تر ده‌بنه‌وه و هه‌ر هه‌مو ئه‌و ڕێکخراوانه‌ش که له نیزامه دیکتاتۆڕی و داگیرکه‌ره‌کاندا ڕێگای بنیات نرانیان پێ نه‌دراوه، ئه‌وا ئه‌وانیش قوت ده‌بنه‌وه و کۆمه‌ڵگاکه‌مان ئه‌وه‌نده‌ی تریش ده‌بێته خاوه‌نی ڕێکخراوه جۆراوجۆره‌کانی خۆی.
و‌ک باسم کرد بوون و دامه‌زرانی ڕێکخراوه، به هه‌ر ناو و بیر و بۆچوونێکه‌وه که ببێت، هیچ زه‌ره‌ری نیه بگره زۆر به قازانجیشه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که له بوونی ڕێکخراودا به زه‌ره‌ری کۆمه‌ڵگایه، ئه‌وه‌یه که ڕێکخراوه‌کان دوژمنکارییان له به‌یندا هه‌بێت و بییانهه‌وێت ئه‌م دژایه‌تیی و دوژمنکارییانه له دژی یه‌کتر له ڕێگای توند و تیژی نواندن و تێرۆری دژبه‌رانی خۆیان و له ڕێگای چه‌کداریه‌وه چاره‌سه‌ر بکه‌ن! ئه‌مه ئه‌و دیارده مه‌ترسیداره‌یه که کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و شه‌ڕی ناوخۆیی و به‌ره‌و سقوت و فه‌وتان ده‌بات. که‌واته له‌م حاڵه‌ته‌دا بوونی ڕێکخراوه و حیزب نه ته‌نیا به قازانجی کۆمه‌ڵگا نه‌بووه و نیه، به‌ڵکو به ته‌واوی به زه‌ره‌ری ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌یه. بۆ نمونه گریمان دوو حیزب هه‌بن که دژبه‌ری یه‌کتر بن و بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانیان له گه‌ڵ یه‌کتر به شه‌ڕ بێن و ئه‌وجار یه‌کیان خێرا ئه‌وه‌ی دیکه‌یان له ناو به‌رێت و له سه‌ر ڕێگای خۆی لای به‌رێت. (چونکو ئه‌مه گریمانه و فه‌ڕز دانانه بۆیه له باسی زه‌ره‌ره گیانی و براکوژی و ئابوری و دواکه‌وتویی کۆمه‌ڵگا به هۆی ئه‌م شه‌ڕه فه‌ڕزیه‌وه ده‌گه‌ڕیم!) بۆیه دوای ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ی لایه‌نێک به‌رانبه‌ر لایه‌نێکی دیکه، نه ته‌نیا ئازادی ڕێکخراوه‌کان پێشێل کراوه به‌ڵکو کێشه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ش چاره‌سه‌ر نه‌بووه و هاوکات حیزبێکی تاقانه و تۆتاڵیتێر شه‌ڕه‌که‌ی بردۆته‌وه که پاش بردنه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕه ئه‌وجار به هه‌مو هێز و توانای خۆی ده‌که‌وێته گیانی هه‌واداران و چالاکانی حیزبه دۆڕاوه‌که و دوای ئه‌م پاکسازییانه‌ش کۆمه‌ڵگا وه‌ها سه‌رکوت ده‌کات، که یا ببنه ئه‌ندامی حیزبی سه‌رکه‌وتو یا سه‌ریان بخه‌نه ناو قاپوڕی خۆیان و تا ئه‌و ڕۆژه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م حیزبه بمینێت ئه‌وا ئه‌وانیش سه‌ریان له قاپووڕی خۆیان ده‌ر نه‌هێنن. لێره‌دا جێی خۆیه‌تی خاڵێکی که پێم گرنگه له یاد نه‌که‌م و ئه‌ویش ئه‌مه‌یه که له‌م قۆ‌ناخه‌دا مرۆڤگه‌لی فورسه‌ت ته‌ڵه‌ب و ئۆپۆرتۆنیست، به‌ریان لێ به‌ڕه‌ڵا ده‌بێت و ژیانێکی شاهانه بۆ خۆیان ده‌سته‌به‌ر ده‌که‌ن و ده‌بنه جاشی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته تاقانه نوێیه! له‌م نمونانه‌مان له ڕابردوو زۆر دیون و پێم وا نیه له داهاتووشدا لێیان بێ به‌ش بین، ئه‌گه‌ر چی هیوای گه‌وره‌م به دوا دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان ئه‌مه‌یه که هه‌رگیز هیچ شه‌ڕێکی ناوخۆیی له داهاتوودا به چاوی خۆم نه‌بینم به‌ڵام ده‌زانم، فورسه‌ت ته‌ڵه‌به‌کان هه‌ر ئێستاکه له سه‌فدان بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کانیان!
وه‌ک باسم کرد زۆری و بۆری ڕێکخراوه‌کان کێشه نین. له کۆمه‌ڵگا مۆدێڕن و پێشکه‌وتووه‌کاندا ڕێکخراو بوون تا بڵه‌ی به قازانجی کۆمه‌ڵگاکه‌یان بووه، به‌ڵام مه‌به‌ستی ئه‌م وتاره کۆمه‌ڵگا مۆدێڕنه‌کان نیه به‌ڵکو کۆمه‌ڵگای کورده‌واریه! وه‌ک ده‌زانین و له سه‌ره‌تاوه باسم کردووه کورد گه‌لێکی بنده‌سته ڕاگیراوه که خاک و نیشتمانه‌که‌ی داگیر کراوه و کوردستان ئه‌مڕۆکه نیشتمانێکی داگیر کراوه. له نیشتمانێکی داگیرکراودا به تایبه‌ت که داگیرکه‌ره‌که‌ش ده‌وڵه‌تێکی دیکتاتۆڕ، تۆتاڵیتێر، دواکه‌وتوو فاشیست و هتد بێت، ئیزن به کۆمه‌ڵگاکه‌ی نادرێت که ڕێکخراوه دروست بکات، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که ڕێکخراوه‌که ئیده و فیکری حکومه‌ته‌که خۆی بێت و ڕاسته و خۆ له ژێر چاوه‌دێری حکومه‌ته دیکتاتۆڕه‌که‌دا به ڕێوه بچێت. که‌واته له ژێر ده‌سه‌ڵاتداری وه‌ها حکومه‌تێکدا ڕێکخراوه‌ی سه‌ربه‌خۆ، چ سیاسی و چ مه‌ده‌نی و چ له هه‌ربوارێکی تردا ناتوانێت دروست بکرێت و یا ئه‌گه‌ر دروست کرا، ئه‌وا به شێوه‌ی نهێنی و ژێر زه‌وینی دروست ده‌کرێت و چالاک ده‌بێت. کۆمه‌ڵگای کوردستان وه‌ها کۆمه‌ڵگاێکه که له گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که خه‌ڵکه‌که‌ی هه‌ستی خۆ ڕێکخستنیان هه‌یه و به هۆی داگیر کراو بوونی خاکه‌که‌شی هه‌ستیی پارێزگاری و خه‌بات بۆ ئازادی نیشتمان و ده‌ر کردنی داگیرکه‌ر له خاک و زێد بوونی هه‌یه و به هێزه، به‌ڵام هه‌ر ڕێکخراوێک و به تایبه‌ت ڕێکخراوه‌ی سیاسی ده‌بێت به شێوه‌ی شاراوه چالاکی بکات. له ناو کۆمه‌ڵگاێکی نائازاددا و له دژی حکومه‌تێکی داگیرکه‌ر، ڕێکخراوی سیاسی ئازادیخواز به شێوه‌ی چه‌کداری و نیزامی په‌یدا ده‌بن که بۆ مانه‌وه و پارێزگاری له خۆیان ناچارن چه‌ک هه‌ڵگرن واته چه‌ک به سه‌ریاندا ده‌سه‌پێت، چونکو ئه‌گه‌ر چه‌کدار نه‌بن، ده‌فه‌وتێن. کوردستان لانیکه‌م له ده‌یه‌کانی ڕابردوودا له‌م جۆره ڕێکخراوانه‌ی هه‌بووه. له به‌ر ئه‌وه‌ی که مه‌به‌ستی وتاره‌که‌م لێکۆڵینه‌وه و به‌ڕڕه‌سی حیزبه سیاسیه‌کان نیه که ئایا بۆچی چه‌کیان هه‌ڵگرتووه، هه‌ر ئه‌و ئیشاره کورته به‌سه.
له سه‌ره‌تای وتاره‌که‌م باسی ئه‌وه‌م کرد که بیر و بۆچوونی جیاواز ده‌بێته هۆی دروست کردنی ڕێکخراوه‌ی جیاواز. مه‌به‌ستی ئه‌م وتاره مه‌ترسی له داهاتوی کۆمه‌ڵگای خۆمانه که له‌وێدا حیزبه چه‌کداره‌کان که دایمه جیاوازی بیر و بۆچون و تاکتیک و ستڕاتێژییان پێکه‌وه هه‌یه، له پڕ کێشه‌ێکیان لێ گه‌وره ببێته‌وه و نه‌توانن به وتووێژ و پۆلیمیکی سیاسی چاره‌سه‌ری بکه‌ن و ئه‌وجار بکه‌ونه سه‌نگه‌ر گرتن له یه‌کتر و کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و شه‌ڕی ناوخۆیی به‌رن! تا ئه‌و جێگایه‌ی که ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر جیاوازیه‌کان، هیچ کێشه‌ی تێدا نابینم و هه‌ر حیزبێک مافی خۆیه‌تی که چلۆن بیر ده‌کاته‌وه و کامه سیاسه‌ت هه‌ڵده‌بژێرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که زۆر گرنگه ستڕاتێژی حیزبه‌کانه. حیزب یا ڕێکخراوه‌ی سیاسی دایمه پێشڕه‌وی خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگا بووه، واته سوکان یا فه‌ڕمانی کۆمه‌ڵگای به‌ده‌سته‌وه‌یه. که‌واته ئه‌م حیزبه به‌رپرسه له‌مه‌ڕ ئه‌وه‌ی که ئه‌م کۆمه‌ڵگایه به ئامانج یا مه‌قسه‌د بگه‌ێنێت! وه‌ک ده‌بینین کۆمه‌ڵگای ئێمه چه‌ند ڕێکخراوه‌ی سیاسی هه‌یه به بیر و بۆچونی جیاوازه‌وه، که‌واته ئه‌مه هیچ له ئامانج ناگۆڕێت، که کێ چۆن بیر ده‌کاته‌وه. وه‌ک ئه‌وه وایه که ئه‌م چه‌ند حیزب و ڕێکخراوانه چه‌ند ماشین یا قه‌تارن، که هه‌ر کامه‌یان به ڕه‌نگی جۆراوجۆر و دروشمی جۆراوجۆر ڕازاونه‌ته‌وه و هه‌ر کام به ڕێگاێکی جیاوازدا ده‌ڕۆن، به‌ڵام ئامانجیان یه‌ک شوێنه. ئالێره‌دایه که هه‌ر کات ئامانج یا مه‌قسه‌د جیاواز بێت، ئه‌وا خه‌ڵکه‌که په‌رته‌وازه ده‌که‌ن، یه‌ک ئامانجی باشوره و ئه‌وانه‌ی له گه‌ڵین به‌ره‌و باشور ده‌بات، یه‌کی دیکه ئامانجی باکوره و موسافیره‌کانی بۆ باکور ده‌بات و ئه‌وانی تر له ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا ده‌گیرسێنه‌وه. له ئاکامدا ئه‌م گه‌له هه‌رگیز به ئامانجی خۆی ناگات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئامانجی هه‌مو یه‌ک شوێن بێت و بڕیار بێت کۆمه‌ڵگا بۆ یه‌ک ئامانج شوێن خۆیان خه‌ن، ئیتر گرنگ نیه که به چ دروشمگه‌لێک ده‌یڕازێننه‌وه و له کام ڕێگایانه‌وه ده‌ڕۆن! یه‌ک ڕێگای کوێستانی هه‌ڵده‌بژێرێت، یه‌ک ئاوتۆبان و یه‌ک جاده‌ی ساحیلی گوێ ئاو و یه‌ک جاده‌ی بیابانی و ده‌شت هه‌ڵده‌بژێرێت و هتد.. ئیتر هه‌مو دوا پیوانی ڕێگاکه‌یان له مه‌قسه‌دی نیهایی یه‌ک ده‌گرنه‌وه و پێک ده‌گه‌ن. ئه‌و مه‌قسه‌ده نیهاییه ده‌بێت سه‌ربه‌خۆیی گه‌لی کوردستان و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بێت و پێویسته هه‌ر هه‌مویان دیانی پێدا بنێن و شه‌فاف بن له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگاکه‌یان، بۆ ئه‌وه‌ی خیاڵی هه‌موکه‌س به دۆست و دوژمنه‌وه له ئێستاوه ڕاحه‌ت که‌ن و هه‌مو پێکه‌وه و له ڕێگا جیاوازه‌کانه‌وه و به دروشمه جیاوازه‌کانه‌وه به‌ره‌و مه‌قسه‌د و ئامانج ڕی بگرینه به‌ر، به دڵنیاییه‌وه له‌م حاڵه‌ته‌دا سه‌رکه‌وتن مسوه‌گه‌ر ده‌که‌ین!
به‌ڵام هه‌واڵه ناخۆشه‌که ئه‌مه‌یه که ڕاستیه‌که‌ی ئه‌وه‌ی ئێستا له ڕێکخراوه سیاسیه‌کانی ئێستامان ده‌بیندرێت، هه‌ندێک جێگای ڕه‌خنه و نیگه‌رانیه! ئامانجه‌کانیان شه‌فاف و ڕۆشن نین. له گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ڕێگاکانیان جیاوازه و ئه‌مه کێشه‌ێک نیه، به‌ڵام مه‌قسه‌دییان زۆر ڕوون نیه و ئه‌مه جێگای نیگه‌رانیه. کورد به‌س یه‌ک مه‌قسه‌د یا یه‌ک ئامانجی هه‌یه و ئه‌ویش سه‌ربه‌خۆییه وه‌ک هه‌مو گه‌لانی جیهان، هه‌ر وه‌ک داگیرکه‌رانی نیشتمانه‌که‌ی که فارس و عه‌ڕه‌ب و تورکن و خۆیان سه‌ربه‌خۆن، به‌ڵام ئه‌م مافه بۆ منی کورد به ڕه‌وا نابینن!! سه‌یری ئه‌و دو وێنانه بکه‌ن، ده‌بینین که ڕێگاکان جیاوازن به‌ڵام له ئاکامدا به‌ره‌و یه‌ک مه‌قسه‌د ده‌ڕۆن و له یه‌ک شوێن یه‌کتر ده‌گرنه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت و یه‌کتر نه‌گرنه‌وه، ئه‌وا به مه‌قسه‌دیش ناگه‌ن و هه‌ر یه‌که‌ی به‌ره‌و دیارێک ده‌ڕوات!
چ بکه‌ین؟ چ بکرێت؟ ئیدی به‌سه!
ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه، وشیاری نه‌ته‌وه‌ییه. هه‌ر نه‌ته‌وه‌ێک وشیار بێت، ڕێگا به هیچ ڕێکخراوێک نادات که نانی نه‌ته‌وه‌که‌ی بخوات، به‌ڵام له ئامانجی نه‌ته‌وایه‌تی لابدات و ئه‌م کاره‌ش زۆر به سانایی ده‌کرێت. پێویسته وشیار بکرێنه‌وه و وه‌بیریان بێنینه‌وه و له جێگای خوشیدا ڕه‌خنه‌یان لێ بگرین، که ئیتر ژێر چه‌پۆکیی ئه‌م گه‌له به‌سه، ئیتر بنده‌سته‌یی به‌سه، ئیتر بێ ماڵ و حاڵی به‌سه، ئیتر بێ مافی به‌سه، ئیتر ئازار و ئه‌شکه‌نجه له به‌ندیخانه‌کانی داگیرکه‌راندا و له ناو شاره‌کانی کوردستان به‌سه، ئیتر کوشتن و ته‌عه‌دای ناموسی بۆ سه‌ر گه‌لی کورد به‌سه، ئیتر کۆمه‌ڵکوژی و ئه‌نفال و شیمیایی ئه‌م گه‌له به‌سه، ئیتر هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی دواکه‌وتووانه‌ی دو ده‌وڵه‌تی فاشیست له ناو نیشتمانی کوردان‌دا به‌سه، ئیتر ته‌ڕاتێنی داگیرکه‌ران له باکوره‌وه بۆ باشور و له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه بۆ ڕۆژئاوا له‌م نیشتمانه‌دا به‌سه، ئیتر سه‌پاندنی دواکه‌وتوویی فه‌رهه‌نگی، زمانی، ڕامیاری، ئابوری و هتد له کوردستان به‌سه، ئیتر دزین و له ناوبردن و سوتاندن و ته‌خت کردن و تاڵان‌کردنی ئاسه‌واره مێژوویه‌کانی گه‌لی کوردستان به‌سه، ئیتر دزینی سامانه‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وه به بێ ئه‌وه‌ی له سه‌دا یه‌کیشی بۆ ئه‌م گه‌له بگه‌ڕێندرێته‌وه به‌سه، ئیدی به‌سه، من کوردم و مافی خۆم ده‌وێت و ده‌ی ستێنم، ئازادیم ده‌وێ و ده‌یستێنم، چاره‌نووسی خۆم به ده‌سته‌وه ده‌گرم و ده‌یسه‌لمێنم، چاوم له خاکی که‌س نیه، به‌ڵام چاوپۆشی له بستێک له نیشتمانه‌که‌شم ناکه‌م و ده‌یستێنم و ئه‌وه‌ی هی خۆمه به من ڕه‌وایه!!
2ی خه‌رمانانی 2709
|