١٣\٢\٢٠١٤
خەجێ چەتوون!

وشەجاڕ
پێشکەشە بە یادی ئەو ئازیزانەی لێرەدا
ناویان هاتووە و بە هەموو خەجێ هاوچەرخەکان!
کاتێ ئیبلیس ئەهات بۆ ماڵمان و یەکمان ئەگرت، خەڵک گەڕەکەکەیان بۆ چۆڵ
ئەکردین! هاروهاجیمان لە سەرووی ١٠ ڕیشترەوە بوو! باوکم بەو هەموو سام
و عەزەمەتەوە نەیدەتوانی کۆنترۆڵمان بکات!
بیر لەوە بکەنەوە کەسێک لە پۆلی دووی سەرەتاییدا چەن جار لەگەل کچە
دراوسێدا گیرابێت و هەر کۆڵ نەدات ئەبێ چەند کیلۆ ئۆرانیۆ، ببورن
تستسترۆن لە هەمانەی مەترەقە سەرزلەکەیدا بێت!
بەڵێ ئازیزان! پڕبەپێستی "احسن الخالقین" بووم!
قەلێکی مێچکەی شێتمان هەبوو، بەردەوام داگرسابوو! تەنانەت نێرەکان
گیریان خواردبوو بە دەسیەوە! ناوم نابوو خەجێ چەتوون! لە ئایشێ قەلاشی
هەژدیهاخۆریش خەتەرتر بوو! زەلام بەو ناوەدا تێنەدەپەڕی، ئەم کچەتیوە
هێرش نەکاتە سەری! هێندە قەل بوو سوڵتانی قەڵا پێی نەدەخورا!
هەست دەکەم خەجێ چەتوون نەنکی شەپۆلی سێهەمی فێمێنیسم بوو! خەجێیش لایوابوو
دەبێ پیاو دەرزیئاژن و دەندووکئاژن بکری، تا دڵی دەتەقێ!
ئێستا بیهێنە پێش چاوت! خەجێ چەتوون بەو کەبکەبە و دەبدەبەیەوە، کیری
خواردبوو بەدەست من و ئیبلیسی پوورزامەوە! پەڕۆیەکی سوورمان بۆ ئەکرد
بە دارا و دائنیشتین عەلەعیشمان بۆ ئەکرد! قەلی قوڕبەسەرکایەکلێکەی
ئێمەی لێ ببو بە دوژمن و کایەکلێیش! ئەوەندەی قوولاندبوو هیز لە قولی
بڕابوو! خەجێم هەک کردبوو، هەک! چی پەیام لە مێشکیدا ئەهات و ئەچوو
دەمخوێندەوە و لە ئەرشیڤە پووکەکەی ئیبلیسدا هەڵماندەگرت! بەڵێ هەتا
مردارۆ بوو، ڤایرۆسی من لە کەللەیدا خەجێدا پلیزیقانی بوو!
هەرچەندە ئەودەم نەمدەزانی سادیسم چییە، بەڵام دەمزانی ئەو قەلە کەرە
چێژ لەو نەخۆشی و تووڕەییە وەردەگرێت و وەیشوومە بە کایە تێگەیشتووە!
ئێستا دەزانم؛ کچەتیوە سادیسمی بوو! خەجێ بە هەوەسی دڵی، هاوچەشنەکانی
و تەنانەت مرۆڤەکانیشی ئازار دەدا و چێژی لەو بەزمە وەردەگرت!
بەڵام خەجێ لە ناخەوە زۆر لاواز بوو! زۆر جار بە کوڵ دەگریا! ئەوەندە
لاواز بوو کە "احسن الخالقین"ێکی کرچ و کاڵی وەکوو من بە ئاسانی هەکی
کردبوو!
وەلحاسڵ خەجێ چەتوونی سادیست ئاوا بەسادەیی ببوە یەکێ لە کایەکلێکانی
من و ئیبلیس و داماوە خۆیشی نەیدەزانی بۆچی ئەو پەڕۆ سوورە کراوە بە
دارا و خەشی خۆی بەوە دەڕشت!
ئەمەم بۆ گێڕایتەوە کە بزانی هەرچی چەشنە و چی ڕەگەزە، کەریان تێدایە!
ئەوەندە هەکە "کا"یش نییە و کەچی خۆ بە خوا و بە دیکتاتۆر دەزانێت و
خەڵک بە گەمژە! لە پشت کۆمپیوتەرەوە دادەنیشێت و خۆ بە شا و خەڵک بە
سەپان دەزانێت و وادەزانێ خەڵک کایەکلێی ئەون! بەڵام هەکێرێکی "احسن
الخالقین"ی لێ ڕاست دەبێتەوە و ئەیایکاتە بووکڵە و جووجەڵەی پێ هەڵدێنێ!
وتم با بزانی هەرچی زاڵمە زەواڵێکی هەیە!
بیری خەجێ و عەزازیل و کچە دراوسێ و کەلامە گیا سووتاوەکان و کاڵەکە
دزراوەکان و دراوسێ هەککراوەکان و خۆمی "احسن الخالقین" دەکەم و...
بەزەییم بەو مرۆڤانەیشدا دێتەوە کە لە قەل کەرترن!
ماڵپهڕی
وشەجاڕ
|