په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١\٢٠٢٢

خەڵاتی نۆبێڵی ٢٠٢١ لە ئابووریدا

بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر لانی کەمی کرێ و کرێکارانی کۆچکردوو.


عامر سابیر       


لە ١١/١٠/٢٠٢١ خەڵاتی نۆبێڵ لە ئابووریدا، درا بە سێ ئابووری ناسی ئەمریکی (دایڤد کارد و جۆشوا ئەنگریست و گویدۆ ئیمبێنس). لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەکانی ئەم ئیکۆنۆمیستانە لە دوو بواردا بوو. یەکەم دەربارەی کاریگەری زیادکردنی لانی کەمی کرێ بوو. کە لەو لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونانەی کردبوویان، بە بەڵگە و شێوەیەکی زانستی ئەوەیان سەلماند و بەو ئەنجامگیریییە گەیشتوون کە زیاد کردنی لانی کەمی کرێ، نابێتە ھۆی لە ناوبردنی ھەلی کار، بەڵکو بە زیاد کردنی کرێی کرێکار، ھێزی کار توانای بەرھەمھێنانی زیاتری ئەبێ و نەک ھەر کرێکاران بەھرەمەند ئەبن، بەڵکو گوایە خودی سیستەمی سەرمایەداریش تەندرووستتر ئەبێت.

 

  

دۆزینەوەکانی ئەم ئیکۆنۆمیستانە بە گۆڕانکارییەکی زۆر گرنگ ئەژمێردرێ دەربارەی لانی کەمی کرێ و ڕێگەی دراسەکردن و خوێندنی ئیقتیسادی بۆرژوازی. لیکۆڵینەوەکەی ئەمان بە بەرپاکردنی شۆڕشێک وەسفکراوە لەسەر دراسەکردنی ڕێگەیەکی تر بۆ ڕیسێرچ لە ئیقتیساددا و خوێندنی ئیقتیساد و لانی کەمی کرێ.

ئەوە بۆ چەندین دەیەیە کە سیستەمی سەرمایەداری و پارێزەران و پیاھەڵدەرانی ئەم سیستەمە، بەردەوام ئەوە ئەڵێن کە ئەگەر لانی کەمی کرێ زیاد بکرێ، ئەوا خاوەنکار ناچار ئەبێ کە ئەو ھەلی کارانەی ھەیە کەمی کاتەوە و ناشتوانێ ھەلی کاری نوێ بڕەخسێنێ و ئەمەش ئەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری. خاوەنکار و سەرمایەداران بەردەوام (لۆبی)یان کردووە و فشاریان بۆ سەر حکومەتەکان ھێناوە و داوایان کردووە، کە نابێ لانی کەمی کرێ بە پێی پێویست زیاد بکرێ و حەقدەستی کرێکار ئەبێ لە خوارەوە ڕاگیرێ، تا ئابووری وڵات بەردەوام لە پێشەوەچووندا بێ.

بێگومان لای کرێکارانی ھوشیار و سوسیالیست و کۆمۆنیستەکان، ئەوە زۆر ڕۆشن بووە کە ئەم بیانووەی سەرمایەداران بۆ لەخوارەوە ڕاگرتنی حەقدەستی کرێکار و بەستنەوەی ھەلی کار و حەقدەستی کەم پێکەوە، شتێکی زۆر نادرووستە و تەنھا ھۆکار ئەوەیە کە سەرمایەدار و خاوەنکارەکان ئەیانەوێ قازانج و سەرمایەی زیاتر کەڵەکە بکەن، نەک بێکاری کەم بکەنەوە. یەکێک لەو میکانیزمانەی کە خاوەنکار قازانجی زیاتر کەڵەکە بکات، ئەوەیە کە کرێ و حەقدەستی کەمتر بدات بە کرێکاران. بۆ سەرمایەداران پێشکەوتنی ئابووری وڵات یانی قازانجی زیاتر و کەڵەکە کردنی سەرمایەی زۆرتر بۆ خۆیان.

ببینن، لە ئێستادا ئەمریکا خاوەنی گەورەترین ئابوورییە لە دنیادا، بەڵام لانی کەمی کرێ کە حکومەتی فیدرالی ئەمریکا دیاری کردووە ٧.٢٥ دۆلار بۆ ھەر سەعاتێک. کە ئەمە نزمترینی لانی کەمی کرێیە لە نێو وڵاتانی (ئۆ ئی سی دی) دا. لە کاتێکدا سەروەتی تەنھا ٧٥٠ ملیاردێری ئەمریکا زیاترە لە سەروەتی نیوەی دانیشتوانی ھەموو ئەمریکا. لە ٢٠٠٩ ەوە لانی کەمی کرێ لە ئەمریکا زیادی نەکردووە، وە لە ھەمان کاتدا ھەرگیز ھێندەی ئێستا جیاوازی و قڵشتی چینایەتی فراوان نەبووە. لە ئەمریکادا لە ھەر چوار کرێکارێک یەکێکیان لانی کەمی کرێ وەرێ. لە نێو وڵاتانی (ئۆ ئی سی دا)دا ئەمریکا سێیەم وڵاتە لە زۆری ڕێژەی ئەو کرێکارانەی کە حەقدەستی کەم وەر ئەگرن، تەنھا لاتڤیا و ڕۆمانیا لە ئەمریکا خراپترن. لە لیکۆڵینەوەیەکی پەیمانگای (بروکینگ) دا ئەوە دۆزرایەوە کە ٥٣ ملیۆن کرێکاری ئەمریکی موعەدەلی حەقدەستیان ١٠.٢٢$ بۆ سەعاتێک کارکردن، کە تێکڕای داھاتی ساڵانەیان ١٧.٩٥٠ دۆلار.

دایڤید کارد و ھاوڕێکەی ئالان کروگە (کە لە ٢٠١٩ دا لە تەمەنی ٥٨ ساڵیدا مرد، پێش ئەوەی خەڵاتی نۆبێڵ وەربگرێت) لیکۆڵینەوەکەیان بە (ناچرەڵ ئێکسپێرەمێنت) ناو ئەبرێ، کە تیایدا پشتیان بە ژیانی واقعی ئینسانەکان (کرێکارەکان) بەستووە، نەک ھەر تیوری و ڕێگەی ئۆرسەدۆکس کە مەیدانی ئیقتیسادی داگیر کردبوو.


لەساڵی ١٩٩٢ دا ویلایەتی نیو جێرزی لە ئەمریکا، لانی کەمی کرێی زیاد کرد و بوو بە یەکەم ویلایەت کە بەرزترین لانی کەمی کرێی تیادا بێت. بەڵام ویلایەتێکیی دراوسێی (پینسلڤەینیا) ئەم زیاد کردنەی نەکرد. لە ١٩٩٤ دا کارت و کروگە لە ھەر ویلایەتەی ٤٠٠ ڕیستۆرانتیان (خواردنگەیان) ھەڵبژارد، تا لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر ژیانی کرێکارەکان و ھەلی کار بکەن و بەو ئەنجامە گەیشتن کە زیادکردنی لانی کەمی کرێ لە نیو جێرزی نەبۆتە ھۆی کەم کردنەوەی ھەلی کار. بەڵکو خودی کرێکارەکان بەوەی کرێکانیان زیاد کراوە توانیویانە خۆیان و خێزانەکانیان لانی کەم ھەفتەی جارێک بچنە دەرەوە و نان لە ڕیستۆرانتەکان بخۆن و پێداویستی زیاتری ناو ماڵ بکڕن. تەنھا پێوەرێک و تەنھا جیاوازییەک کە بەکاریانھێنا و لە بەینی ئەم دوو ویلایەتەدا بوو، زیادکردنی لانی کەمی کرێ بووە لە نیو جێرزی. وە ئەوەیان دۆزییەوە کە زیاد نەکردنی لانی کەمی کرێ لە پینسلڤەینیا نەبۆتە ھۆی زیاتر ڕەخساندنی ھەلی کار. تا ئێستاش ئەنجامی ئەو ڕیسێرچەی کە ئەوان بڵاویان کردەوە، بەردەوام لە لێکۆڵینەوەی تردا لە لایەن کەسانی ترەوە ئیشارەت بە دۆزینەوەکانی ئەمان ئەکرێت.

دایڤید کارد لە ھەمان جۆری لێکۆڵینەوەدا (ڕیەڵ لایف ئیکسپێرەمێنت) ئەوەی دۆزییەوە کە کۆچکردن (ھاتنی کرێکارانی ھاتوو) نابێتە ھۆی کەمکردنەوەی حەقدەستی کرێکارانی ئەسڵی ئەو شوێنە خۆی.


بۆ ئەمەش لێکۆڵینەوەکەی لەسەر ھاتنی کرێکارانی کوبا و ھایتی بوو بۆ ئەمریکا. کە لە ساڵی ١٩٨٠ کوبا بە ھۆی ئابڵوقەی ئابووری ئەمریکاوە تووشی داڕوخانی ئیقتیسادی بوو. بۆ ئەمەش خەڵکی کوبا بە لێشاو ئەچون بۆ ئەمریکا. کە لە ١٥/٤/١٩٨٠ تا ٣١/١٠/١٩٨٠ واتە لە ماوەی نزیک بە شەش مانگدا لە بەندەری (مارییەڵ)ەوە لە کوبا ١٢٥ ھەزار کۆچبەری کوبی و ٢٥ ھەزار کۆچبەری ھایتی گەیشتنە مایامی لە فلۆریدا. دە ساڵ پاش ئەمە لە ١٩٩٠ دا کارد و کروگە لە ڕیسێرچەکەیاندا (لێکۆڵینەوەکەیدا) ئەوەیان دۆزییەوە کە ھاتنی کرێکارانی ھاتوو ھیچ تەئسیری نەکردۆتە سەر کڕێی کرێکارانی مایامی و فلۆریدا. واتە کرێکارانی ھاتوو کار ناکاتە سەر بڕی کرێی کرێکارانی نەشارەزا و ئەو کەسانەی کە خەڵکی کوبی و ھایتیی نەبوون.

ھەرچەندە دۆزینەوەکانی ئەم ئیکۆنۆمیستانە کۆنە، بەڵام وەرگرتنی خەڵاتی نۆبێڵ بۆ ئەم دوو مەسەلە گرنگە لە ٢٠٢١ دا گرنگییەکی زۆری ھەیە. ئیدارەکەی جۆ بایدن لە مانگی چواری ساڵی ڕابردوودا (٢٠٢١)، ویستی ئەم دۆزینەوەیەی کارد و کروگە بەکاربھێنێ بۆ گۆڕینی قانوون و زیادکردنی لانی کەمی کرێ بۆ ١٥ دۆلار لە سەعاتێکدا، بەڵام تا ئێستا زیاد نەکراوە و وەک خۆی ماوە.

________________________________________
سەرچاوە و زاراوەکان:
١)
بڵاوکراوەی چرا، گۆڤاری مانگانەی سەندیکای پەرستیاران لە ویلایەتی نیو ساوس ویڵز لە ئوسترالیا، لاپەڕە ٤٢. ٦/١٢/ ٢٠٢١
The Lamp, the magazine of the NSW Nurses and Midwives’ Association, Volume 78, No: 6, page 42. Dec2021/Jan 2022
٢) سایتی خەڵاتی نۆبێڵ:
https://www.nobelprize.org/prizes/economic-sciences/2021/press-release

هەروا ڤیدتۆی یو تیوب کە وتاری وەرگرانی خەڵاتەکەیە:

https://m.youtube.com/watch?v=DV4IjRfjTs0 
٣)
ناوی ئیکۆنۆمیستەکان بە ئینگلیزی:
David Card, Joshua Angrist, Guido Imbens and Alan Krueger
٤)
ئەزمەی کۆچبەرانی کوبا ناسراوە بە
Mariel Boatlift کە کاتی خۆی بە ڕێکەوتنی جیمی کارتەر و فیدڵ کاسترۆ کۆتایی پێ ھێندرا.
٥)
Natural experiment, Real life experiment

٦)
OECD = Organisation for Economic Co-operation and Development
٧)
A Brookings Institute study


٦\١\٢٠٢٢
ماڵپه‌ڕی عامر سابیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک