١٣\١٠\٢٠١٤
خەڵاتی نۆبڵی
ئاشتیی ساڵی (٢٠١٤) درایە دوو چالاکوانی بواری منداڵان.

رەزا ساڵح
رۆژی
هەینی (١٠ /١٠ / ٢٠١٤)، لە شاری ( ئۆسڵۆ) ی پایتەختی ( نەرویج )،
سەرۆکی لیژنەی بەخشینی خەڵاتی ئاشتی ( سۆربیون یاگلاند) ناوی
خەڵاتگرانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی ( ٢٠١٤) راگەیاند، خەڵاتەشەش بە
نیوەیی درایە، دوو چالاکوانی بواری داکۆکیکردن لە مافەکانی منداڵان و و
مێردمنداڵان، هەردووکیان لەدژی چەوسانەوەی منداڵان و، رێ نەدان بە کچان
کە بچنە قوتابخانە .. تێکۆشاون.
یەکەمین براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، ( مالالا یوسفزای ) یە، کە کچە
لاوێکی خوێندکاری ( پاکستانی ) یە و، تەمەنی ( ١٧) ساڵە، ئیستا لە شاری
( بەرمەنگەهام ) ە لە( بەریتانیا ) .. لە مانگی سێبتەمبەری ساڵی (
٢٠١٢) دا، چەکدارانی بزووتنەوەی تالیبان لە پاکستان لە سەر ئەوەی کە (
مالالا ) داوای کرد مافەکا ی کچان نەخۆن و، پێویستە رێیان پێ بدەن بچنە
قوتابخانە و بخوێنن و فێربن، گوزارشت لە رای خۆیان بکەن، بە نیازی
کوشتن تەقەیان لێکرد و فیشەکێک بەر سەری کەوت بەڵام نەمرد..
سەرۆکی لیژنەی نۆبڵ ( یاگلاند ) لە بارەی ( مالالا ) وە گوتی : "
پێویستە منداڵان بچن بۆ قوتابخانە، ناشبێت بۆ پارە هەڵیان بخەڵەتێنن".
مالالا یوسف زای ، کچە چالاکوانێکی تێکۆشەر و چاونەترسی پاکستانییە، بێ
جیاوازی داکۆکی لە کچانی جیهان دەکات، کە مافی خوێندنیان هەیە، بە
تایبەتیش لو کۆمەڵگا داخرا و دواکەوتووانەی کە رێگرنلەوەی کە کچانیان
بچن بۆ قوتابخانە و بخوێنن.
باوکی مالالا، بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی ئامادەییە و، کاریگەری لەسەر
مالالا هەبووە.
لە مێژووی ( ١١٤) ساڵەی بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ دا، مالالا یوسفزای تەمەن
حەڤدە ساڵان، بچووکترین چالاکوانی براوەی ئەم خەڵاتەیە .. مالالا گوتی
: " زۆر شانازییە بۆ من، کە یەکەمین لاوم کە ئەم خەڵاتە وەردەگرم "
مالالا خان، خەڵاتەکەشی پێشکەش : ( بە هەموو ئەو منداڵانی بێدەنگن) ،
مالالا ئەوەشی گوت : "من شانازیش بە ئەوەوە دەکەم، کە یەکەمین کچە
پاکستانیم و، یەکەمین ئافرەتی لاوم و، یەکەمین کەسیشم کە لەم تەمەنەدا،
ئەم خەڵاتە وەردەگرم " شایانی باسیشە، لە ساڵی ( ١٩٧٩) دا،
عەبدولسەلام، کە پاکستانییە، لە بواری فیزیادا، ( خەڵاتی نۆبڵ ) یان پێ
بەخشی .. مالالا بوو بە دووەمین پاکستانی، لەوەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ دا
.. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، مالالا داوای لە سەرۆک وەزیرانی
هیندستان ( نارندرا مودی) و، سەرۆک وەزیرانی پاکستان ( نەواز شەریف )
کرد، کە هەردووکیان لە ئاهەنگی بەخشینی خەڵاتەکە، لە رۆژی (١٠ / ١٢/
٢٠١٤)دا، لە شاری ( ئۆسڵۆ) ئامادەی ئاهەنگی پێشکەشکردنی خەڵاتەکەیان
ببن.
کاتی راگەیاندنی خەڵاتەکە ، مالالا وەکو رۆژانی ئاسایی تر، لە
قوتابخانە بوو، یەکسەر سەرۆک وەزیرانی پاکستان ( نەواز شەریف ) لە
بەیانامەیەکی گشتیدا، کە نووسینگەی سەرۆک وەزیران بڵاوی کردەوە،
نامەیەکی پیرۆزبایی بۆ مالالا نارد، ئەوەشی تێدا نووسیبووە، کە : " ئەم
سەرکەوتنەی مالالا، مایەی شانازییە بۆ پاکستان و بۆ باکستانییەکان..".
( ئەحمەد شای) مامۆستاشی پیرۆزبایی لێکرد و گوتی : " مالالا مایەی
شانازییە بۆ هەرێمی خیبەر باختونخوا و بۆ پاکستان " گوتیشی : " مالالا
لە دژی ستەمی کۆمەڵ دەنگی هەڵبڕی، کە ئافرەت ناتوانێت گوزارشت لە رای
خۆی بکات".
مالالا، لە تەمەنی ( ١١) ساڵاندا، ناسرا و ناوبانگی دەرکرد، ئەو کاتەی
کە کەناڵی ( بی بی سی ئۆردو ) سەرکۆن و رەخنەی لە بزووتنەوەی تالیبان
کرد، کە رێگرن لەوەی کە کچان بچن بۆ قوتابخانە و بخوێنن و فێربن.
سەرەرای ئەوەی بە سەدان، لەسەر تۆڕی ئەلیکترۆنی ( تویتەر ) و (
فەیسبووک ) دا، بە سەدان هاوڕێ و دۆستی، دەستخۆشی و پیرۆزباییان لێکرد
و بە شایانی وەرگرتنی ئەم خەڵات و رێزلێنانەیان زانی .. بەڵام
کەسانێکیش هەن کە پێیان وایە چالاکییەکانی مالالا، لە ئاستی وەرگرتنی
ئەم خەڵاتەدا نییە .. کچان و ژنانی لەو چالاکتر هەن.
سەرۆکی پارتی گەلی پاکستانی ئۆپۆزیۆنش، بیلاوال بۆتۆ زاردای گوتی : "
مالالا کچی پاکستانە .. باڵیۆزی ئاشتییە .. ئێمە شانازی پێوە دەکەین ..
مالالا پاڵەوانێکی نەتەوەییە .. بژی باکستان .." ، سەرۆک وەزیرانی
پێشووی پاکستانیش، ئاسیف زارداری گوتی:
"مالالا بووکی پاکستانە.. ئەی مالالا تۆ شایانی ئەم نازناوەی".
براوەی دووەمی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، پیاوێکی هیندییە ناوی ( کابلاش
ساتیارسی ) یە تەمەنی ( ٦٠) ساڵە، ئەندازیاری کارەبایە، وەکو لیژنەکە
بەخشینی خەڵاتەکە باسیان کرد، کابلاش ساتیارسی تا ئێستا سەرپەرشتی و
پێشڕەوی چەندین خۆپێشاندانی لە دژی چەوسانەوە و کۆیلەکردنی منداڵان
کردووە، بەڵام هەموو خۆپێشاندانەکانی بە شێوەیەکی ئاشتییانە بوونە،
بەپێی ( باوەڕەکانی گاندی )بوون.
کابلاش، سوپاسی لیژنەی نۆبڵی کرد، بە دانانی بە بارودۆخی ناهەمواری
ملیونان منداڵ، کە بەدەم ئازارەوە دەناڵێنن .. کابلاش گوتیشی : " ئەمە
سەربەرزییە بۆ هەموو هاوڵاتییانی هیند، درێژە بە خزمەتکردنم دەدەم لە
پێناوی خۆشی منداڵاندا".
کابلاش، خەڵاتەکەشی پێشکەش بە منداڵانی قوربانیانی کۆیلە و ژێدەستە
کرد..".
کابلاش ئەوەشی گوت : " ئەمە رێزلێنانە لە هەموو ئەو منداڵانەی کە هێشتا
بە دەم کۆیلایەتییەوە .. دەناڵێن".
کابلاش شاتیارسی، دامەزرێنەری ( بزووتنەوەی رزگارکردنی منداڵی ) یە، کە
نزیکەی دوو هەزار کۆمەڵە و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی ، لە (١٤٠) شاردا،
تێدا ئەندامن.
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|