په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٨\٢٠١٢

خەڵکی کوردستان لە چوارچیوەی سەرچڵیی بارزانی دا!


سامان کەریم        


ئەمرۆ خەڵکی کوردستان بیانەوێت یان نا لە چوارچیوەی کایەیەکی سیاسی نێو نەتەوەییدان. ئەوان بێ ئاگا لە بڕیاری سیاسی سەرۆکی ھەرێم کەوتونەتە نێو داوی یەکێک لە گەورەترین کایە سیاسییەکانی ناوچەکەو جیھانەوە. سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ، کە لەھەمانکاتدا سەرۆکی ھەرێمە، بە ئاشکرا خۆی خستۆتە پاڵ یەکێک لە تەوەرە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکەو جیھانەوەو ڕۆژانە بە شێوەیەکی پراتیکی کاری بۆ دەکات بە بێ ئەوەی تەنانەت گوێ بداتە پەرلەمانەکەی خۆی کە ھەمیشە ستایشی دەکات، وە بە نوێنەرانی خەڵکی کوردستان ناوزدەیان دەکات. بێ ئەوەی گوێ بداتە ڕاگەیاندن و قسەکانی خۆی لەھەمبەر ئەوەی کە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان ناکاتە قوربانی کێبەرکیی وولاتانی ناوچەکە. ئەم سیاسەتەی بارزانی ھەر لە سەرەتاوە شاراوە نەبوو، بەڵام بە شێوەیەکی ڕۆشن لە ھەڵھاتنی ھاشمی یەوە دەستپێکردو وردە وردە کارتەکانی تری راکێشا. بارزانی بەئاشکرا پێشوازی لە عبدالباسگ سیدا دەکات کە سەرۆکی مەجلیسی نیشتمانی سورییە و ڕاستەوخۆ لەلایەن تورکیاو ئەمەریکاوە بەڕیوەدەبرێت بە پارەی قەتەرو سعودییەو سەرۆکایەتی سوپای ئازادی سوریا دەکات، کە سیاسەت و بەرنامەیان ھەمان شیوازو سیاسەتی ئەمەریکی یە کە لە ناوەراستی ساڵەکانی دەیەی ھەشتاکانی قەرنی ڕابوردوودا، سی ئای ئەی چەکدارەکانی کۆنترای پێکھێنا دژ بە دەسەڵات لە نیکاراگوادا، وەک گروپێکی ھەڵقە لەگویی ئەمەریکی و لە پێناو جێخستنی سیاسەتی خۆیدا. لە ھەمانکاتدا ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا پەلکێش دەکات بۆ شاری کەرکوک بەبێ ئەوەی ھیچ حسابێک بۆ حکومەت ودەسەلاتی عێراق بکات کە خۆی ھاوبەشە لە پێکھینانی داو بە ئاشکرا ڕادەگەیەنێت کە "کوردەکان" لە سوریا چەکدار دەکات، دیارە ئەو گروپانەی کە دار دەستی خۆیەتی ئەگەر نا ئێستا ھەموو شارە کوردنشینەکانی سوریا بەدەست پەکەکەوەیە...ئەمە بەجیا لە کایەی سیاسییەکانی بە ئابوری، واتە بە نەوت و کۆمپانیا نەوتییەکان کە زیاتر لە ٤٠ کۆمپانیا لە کوردستان کاردەکەنو چواریان لە گەورەترین کۆمپانیا جیھانییەکانن، ئاکسۆن مۆبیل و شیفرۆن ی ئەمەریکی و گۆلف کیستونی بەریتانی و، تۆتالی فەرەنسی.... کە ئەم سیاسەتە بەشیکە لەھەمان سیاسەتی ئیستراتیژی بارزانی و لێی جیانابێتەوە. واتە لە پشت گرێبەستە نەوتییەکانەوە لە ھەلومەرجی ئێستادا سیاسەت بوە بە پێشەنگ نەک ئابوری، ھەر بۆیە چالە نەوتییەکانی کوردستان ھەرزان فرۆش یا لە ڕاستیدا فەرھود دەکریت لە لایەن ئەو کۆمپانیانەوە.


رۆشنە ئەم بریارە سیاسییەی بارزانی بڕیارێکە ڕاستەوخۆ پراتیکیەو کاری پێدەکات بە بێ ئەوەی بگەرێتەوە بۆ لای ھیچ لایەنێکی سیاسی تەنانەت ئەو لایەنەی کە ڕیکەوتنی ئیستراتیژی ھەیە لە گەڵیدا، ئەوە پەرلەمانەکەی بزوتنەوەی کوردایەتی بێ ئاگایە لە ھەموو شتێک، پەرلەمان سفری دوای فاریزەش نییە، چونکە ئەو سفرانەش بەھایەکیان ھەیە.‌ بەم پێیە بارازنی بۆتە فەرمانڕەوای موتڵەقی کوردستان و تاکڕەوانە لە جیاتی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی بڕیار دەدات لەسەر مەسەلە گەلێکی سیاسی ھێجگار چارەنوسساز، بارزانی بەمکارەی نەک تەنھا باوەری بە " دەستێوەردان ھەیە لە کاروباری ووڵاتانی تردا" بەڵکو بە پراتیک و بە چەک دەخاڵەتی ڕاستەوخۆ دەکات لە کاروباری سوریادا، ئەمەش ئەو درۆ گەورەیە دەسڕێتەوە کە ھەمیشە لە سەر زمانی سەرۆک و گەورە بەر پرسانی ووڵاتانە کە" دەستێوەردان لە کاروباری وولاتانی تردا قەدەغەیە"!! وە بەشێکە لە پرنسیبی ڕێکخستنی پەیوەندی نێو دەوڵەتییەکان بەپیی دەستوری نەتەوە یەکگرتوەکان. ‌ بەھەر حاڵ باسی من لێرەدا ئەو نییە کە ئەم سیاسەتەی بارزانی کە لە خوارەوە رۆشنی دەکەمەوە سەرکەوتوو دەبێت یان نا، بەلام ئەو خەڵکی کوردوستانی خستۆتە نێو چوارچیوەو کایەیەکی سیاسی ناوچەیی و جیھانییەوە، بێ ئەوەی ئاگاداربن، چ جا بگا بەوەی کە پرسیان لێ بکریت و ڕەئیان وەربگیرێت.

بزوتنەوەی کوردایەتی ‌ لە نێو ئیستراتیژی ئەمەریکیدا.

 
ئیستراتیژی ئەمەریکی، ھەرھەمان ئیستراتیژی ساڵی نەوەتەکانە، "نیزامی نوێی جیھانی" بەسەرکردایەتی ئەمریکا، جیاوازییەکە تەنھا لە میکانیزمەکانی جیبەجێکردندایە، ئەوکات و تا نیوەمی دەورەی دووەمی سەرۆکایەتی بۆشی کوڕ ئەم ئیستراتیژییە لە ڕیگای جەنگی پێس وەختەوە Preemptive War "الحرب الاستباقیە" دەبرایە پێشەوە، لە کاتی ئۆبامادا ئەم میکانیزمە گۆرا بە حوکمی شکستە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و ئەفغانستان وھەروەھا داکشانی وەزنەی ئابوری ئەمەریکا لە ئاستی جیھانیدا، بۆ میکانیزمی جەنگی ناعم"نەرم" ھەرچەندە زۆر خوێناوییە، بەلام لە عەقیدەی ئەمەریکیدا، باسی خوێن تەنھا خوێنی سەربازەکانی خۆیەتی، بە جەنگی ناتۆ لە لیبادا دەڵین جەنگێکی نەرم...بە ھەرحال دوای دەرکەوتنی ھێزی گەورەی شۆرش لە میسرو تونس و پشتگیریکردنی موبارەک و عابدین تا دوا ھەناسە و سەرنەکەوتنی ئەم سیاسەتەو و سوک بوونی زیاتری جێگاو ڕیگای ئەمەریکا لە جیھانی عەرەبدا، ئۆباما لە دوای ڕوخانی موبارەکو سەرکەوتنی قۆناغی یەکەمی شۆرش لەو ووڵاتەدا ڕایگەیاند کە " بەرژەوندییەکانی ئەمەریکا دژایەتی نییە لەگەڵ ھیواوو ئامانجەکانی گەلاندا". لیرەوە ئەمەریکا دوای شۆرشی تونس و میسر، میکانیزمی ئامادەی تازە" کۆنی" خۆی بەکاردەھێنیت، کە پشت نا بەستێت بە جەنگی ڕاستەخۆی ھێزەکانی خۆی بەڵکو پشت دەبەستێت بە پێکھێنا‌نی سوپای کۆنترا کە پێشتر لە ناوەراستی سالاکی ھەشتاکاندا لە بەرانبەر حوکمڕانی ئەوکاتی نیکاراگوادا بەکاری ھێنا. سوپای ھەڵقە لەگوێ بەلام ئەمجارەیان لە ژێر ناوی شۆرشدا، سوپاو حەشاماتی دژە شۆرشو تاسەر کۆنەپەرست بە ناوی شۆرشەوە لغاویان بەردەدرێت بە پارەو پولێ ئالسعود و قەتەر دەکەونە گیانی دەسەلاتە مەوجودەکان لە لیبیا و لە یەمەن وە دواجار لە سوریا، کە ناوی سوپای ئازادیان بەسەردا دادەبڕیت و لە باری سیاسیشەوە لە لایەن مەجلیسی نیشتمانی سوریاوە وەک ناوێکی " نیشمانی" بەڕیوەدەبرین. لە باری ئایدۆلۆژی و سیاسیشەوە ‌ھیزەکانی ئیسلامی سیاسی لە ئیخوانەوە بگرە تا وەھابییەکان تلیاکی ئەم پرۆژە سیاسیەی ئەمەریکان و بەم پێیە غەنوشیەکان لە تونس و مەرسیەکان لە میسرو عەرعورەکان لە سوریاو قەرزاوییەکان لە ئاستی جیھانی عەرەبدا دەبنە چاوگی بیرو سیاسەتی ئەم بزوتنەوە کۆنترایانە، ئەلجەزیرەو ئەلعەرەبییەش و سەدان قەڵەم بەدەستی نوسین فرۆش لە ژێر لافتەی دیمو‌کراتیدا دەبنە بڵندگۆ.


ئەم بزوتنەوەی ئێستا لە سوریا ڕۆژانە خەریکی کوشتنو بڕینە، بزوتنەوەیەکی تاسەر کۆنەپەرست و دژە شۆرشە، ئامرازێکی سیاسەتی ئەمەریکایە بۆ دوبارە دابەشکردنەوەی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەراست و جیھانی عەرەب بە پێی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاواو بەتایبەت ئەمەریکا... ھەمان سایکس –بیکۆیە بەلام بە میکانیزمێکی دیکە ئەوکات شەریفی" ناشەریفی" مەککە بوو لە ساڵانی ١٩١٦-١٩١٨ کە ھەمان نەخشەی بەریتانی بوو بۆ دابەشکردنەوەی میراتی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی ، دابەشکرانی جیھان لە نێوان زلھێزانی ئەوکاتدا بە تایبەت بەریتانیاو فەرەنسادا. ئەمڕۆ ئیستراتیژی ئەمەریکی لە ڕیگای ئیسلامی سیاسییەوە دەچیتە پێشەوە. شەیتانی ئەکبەرو ئیسلامی سیاسی پێکەوە کلکیان گرێ داوە. بەلام ئەوکات دابەشکردنەوەی ناوچەکە وە بەرژەوندی زلھێزەکان لە پێکھێنانی دەوڵەتدا مەیسەر دەبوو، ئەمرو، بە پشت بەستن بە ئایدیاو بیری پۆست مۆدرێنیزم، بڕیارە ئەم دەولەتانە لەتو پەتبکرێنەوە، لەسەر پایەی ڕەچەڵەک و ئاین و تائیفە دوبارە ناوچەکە لە بێژەنگ بدرێتەوە بەپێی ناوچە نەوتییەکان، سنوریان بۆ دیاریبکرێتەوە، عێراق وە سودان وە لوبنان نمونەی سەرەتایی ئەم میکانیزمو سیاسەتەیە بۆ جێبەجێکردنی ھەمان ئیستراتیژی کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد. کۆنتراکانی سوریا ئامرازی جێبەجێکردنی داکێشانی نفوزی روسیاو چینن لە ناوچەکەدا وە دواتر ئێران. جەنگێک کە ئەمڕۆ لە سوریا بە رێوە دەچیت نەک ھیچ پەیوەندییەکی بە ژیانێکی باشترو ئازادترەوە نییە بۆ خەڵکی سوریا بەڵکو ڕاستەوخۆ دژ بەویستو خواستی خەڵکی سوریاوە، ئەمڕۆ پاش لەبارچونی شۆرشەکانی میسرو تونس ئەنجامەکانی دەبینین ھەم لەو ووڵاتانەو ھەم لە لیبیاو لە یەمەن وە لە سوریا ھە رئێستا لە سەر دەستی کۆنتراکانی ئەمەریکاو ئالسعوددا خەڵکی بێتاوان بە ئاشکرا دەکوژرێت و کۆنەپەرسترین فەرھەنگی کۆمەلایەتیان بەسەردا دەسەپێنرێت، شوناسنامەی تائیفی و ئاینی و نەتەوەیی کە لە سوریادا ھیچ کامیان نەبوبونە قەزییەیەکی کۆمەلایەتی ئێستا بۆتە واقعیەتێکی دەردەناک.

 

چینی دەسەلاتداری ئەمرۆی سوریا، کە حزبی بەعس سەرکردایەتی دەکات، سەرمایەدارییە، بە شیوەی دیکتاتۆری خیزانی بەڕیوەدەبرێت. ڕۆشنە کە ئەم سیستەمە پێویستە بروخیت بۆ ئەوەی خەڵکی سوریا باشتر و ئازادتر بژین، ئەمەش پێویستی بە ھاتنە مەیدانی ڕاستەوخۆی کرێکاران و خەڵکی نارازی سوریا دەبێت بە دەوری سیاسەتو جیھەتێکی کۆمۆنیستیدا، مەرجی یەکەمی بزوتنەوەیەکی لەم چەشنە بڕینی دەستی کاریگەری سعودیەو قەتەرو تورکیایە، بڕینی دەستی ئێرانە.... وە خۆجیاکردنەوەی سیاسی و فکرییە لە بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی بە ھەموو جۆرەکانییەوە، لە وەھابییەکان ئیخوانییەکان و ئەوانی دیکە و ھەروەھا ناسیونالیزمی عەرەب کە ئێستا فەرمانڕەوایە لە سوریا. مەسەلەیەکی دیکە ئەوەیە کە ئەرکی فەوری کۆمۆنیستەکانە لە ناوچەکدا کە ئیعتبار بگەرێننەوە بۆ شۆرش ، ئەمڕۆ شۆرش بوە بە ئاشوب، بوە بە کوشتارگای خەڵکی بێ تاوان، بوە بە ویردی سەرزمانی کلینتۆن و ئۆباماو تیرۆریزمی ئیسلامی، شۆرشی سەردەمی ئێمە پێویستە ئیعتباری واقعی و کۆمەلایەتی لە نیو دڵی بزوتنەوەی کرێکاری دا بە شیوەیەکی پراتیکی وەربگرێتەوە. ئەمانە گەورەترین وانەیەکن کە پێویستە بەشی پێشرەوی بزوتنەوەی شۆرشگێرانە فێری بن نەک لە سوریا بە تەنھا بەڵکوو لە ھەموو ناوچەکەدا.


بزوتنەوەی کوردایەتی لە عیراق وە بەتایبەتی بارزانیو باڵەکەی لەنێو ئەم کایەدا مەلەوانی دەکات، کە پریەتی لە گێژاو و ڕاستەوخۆ پشتی کۆنتراکانی گرتوە وەک عادەتی ھەمیشەیی خۆی بەلام ئەمجارە بارزانی بەناوی سەرۆکی کوردستانەوە خەریکە ئەمکارە دەباتە پێشەوە. ئەگەر ئەمە باری سیاسی و ئاراستەی بارزانی بێت ئەوەچاڵە نەوتییەکان و سیاسەتی لە بەرانبەر مەرکەزدا ئەم ئیستراتیژییەی کامل دەکات. ئەم ئیستراتیژییەی بارزانی بۆ ھێنانە خوارەوەی نفوزی ئێرانە لە عێراق و ناوچەکەدا و لە پاڵ سعودیەو تورکیا و قەتەردا لە جوارچیوەی ھەمان ئیستراتیژی ئەمەریکیدا قەراری گرتوە، وەک کۆنتراکانی سوریا. جێگاو ڕیگای بارزانیو بزوتنەوەی بورژوازی کورد ھەر ئەو جێگاو ڕیگایەیە کە مەجلیسی نیشتمانی سوریا ھەیەتی لە ئێستادا وە تەنانەت نەک دواتر. بەلام ئەمە لە کاتێکدایە کە ھێشتا ھەلومەرجی سوریا ماویەتی یان زۆری ماوە. کە ھێشتا ئیران باڵا دەستی گەورەو پلە یەکە لە عێراقدا وە سنورەکانی ئێرانیش لە گەڵ کوردستان نەگۆرە، پەیمانەکانی ئەمەریکا لە کاتی ڕودانی ھەر ئالوگۆرێکدا ناتوانێت فریای بارزانی بکەویت و ئاشبەتاڵی بزوتنەوەی کوردایەتی سالێ ١٩٧٥دا مێژوییەکی کۆن نییە. ھەلو مەرجەکە گۆراوە، ھیز ھاوسەنگی نێوان زلھێزەکانی جیھان گۆراوە، ئاڵوگۆڕەکان بروسکە ئاسا لە ئاستی جیھانی و ناوچەییدا دەگۆڕێن و ڕودەدەن.


بەڵام بارزانی دواین کارتی خۆی ھەر لەسەرەتاوە ڕاکێشاوە، وەکوو ئەوەی لە نۆزدەدا ڕابکێشیت، دەیگرێت یان نا ئەوەیان جێگای لێکدانەوەی سیاسی نییە لە ئێستاوە. بەڵام ئەوەی ڕۆشنە ئەوەیە کە بارزانی باڵەکەی لە پاڵ کۆنەپەرسترین ووڵاتو ھێزو ئاڵوگۆری سیاسی و کۆمەلایەتی ناوچەکەدان.... ئەو لە پاڵ ھیزە تیرۆریستییە ئیسلامییەکان و وەھابییەکان و ئیخوانییەکانی سوریاو ناوچەکەدا وەستاوە و پشتگیریان دەکات بەڵآم لە ھەولیرو دھۆک یەکگرتوو دەسوتێنێت، ئەم سیاسەتە دوو فاقەیە وەک ماری کۆبرا درەنگ یان زوو بە ڕووی خۆیدا ھەڵدەشاخێت و خەڵکی کوردستانێش تیوە دەگڵین.


سیاسەتێک کە ئێستا دەتوانێت لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستاندا بێت، تەنھا سیاسەتی کۆمۆنیستییە. بەڵام سیاسەتی کۆمۆنیستی لە یەکەم ھەنگاویدا کۆکردنەوەو ڕێکخستن و ئامادەکردنی بەشی پێشرەوی بزوتنەوەی کرێکاری و خەڵکی ناڕازییە بە دەوری ئەو سیاسەتە کۆمۆنیستییەدا. سیاسەتێک کە پشتی بەستوە بە دابڕانی تەواو لە وەھمی نەتەوە و بزوتنەوەی کوردایەتی، لەباری سیاسی و فکری و فەرھەنگییەوە، کە پشتی بەستوە بە ھێزی ڕیکخراوو ئامادەی بزوتنەوەی کرێکاری لە پێناو دابینکردنی دەسەلاتی کرێکاریدا لە کوردستان. ئەمکارە لە ھەلومەرجی ئەمڕۆدا مانای ھەتنە مەیدانی خەڵکی کوردستانە بەڕووی بەرزانی وحزبەکەی وگشت دەسەلاتی بۆرژوازی کورد بۆ ئەوەی لە ‌ئاکامە مەترسیدارو ‌زیانبارو سەرچڵییەکانی بارزانی بەدوربن وجارێکیتر نەبنەوە بابەتی کارەساتە ماڵوێرانیو تراژیدیەکان، دەبێ خەباتی خۆیان ، توندکەنەوە وبۆ کۆتایی پێھێنانی ئەو دەسەڵاتە بە ڕیزی یەکگرتوو شۆڕشگێرانەی خۆیان لەمەیداندا یەکگرتوانەو ڕێکخراوو ڕابگرن و وەک ھێزێکی بڕیاردەر بۆبەدەستەوەگرتنی چارەنوسی ئەمڕۆ وداھاتووی خۆیان تێبکۆشن. بارزانی دەیەوێت لە وڕێگایەوە کە لەسەرەوە باسکرا بە دەوڵەتی کوردی خۆی بگات واتە لە ڕێگەی ئیمزای سی ئای ئەی و پنتاگۆنو میتی تورکییەوە کە وەکو پێشتر وتومە ھیچی تێدا نابێت بۆ خەڵکی کوردستان. لە ھەمانکاتدا ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە کە کۆمۆنیزم لە کوردستان بە ئاسۆی خۆیەوە بێتە مەیدان و لە ڕێگای سیاسەتی جیابونەوەی کوردستانەوە ببێتە پێشەنگی بزوتنەوەی نارەزایەتی خەڵکی کوردستان دژ بە دەسەڵاتی ناسیونالیزم. ئەگەر نا ئەوە خەڵکی کوردستان جارێکی دیکە دەرگیر دەبنەوە لە گەڵ نەھامەتی جۆراوجۆر لە وانە شەری ناوخۆ، ئاوارەیی، لە باشترین باردا ئەو دەولەتەیە کە بارزانی دەکاتە شیخ نشینەکانی کەنداو.

 

 

Saman.karim5@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک