٢٧\١\٢٠١٦
خەڵکی ناڕازیی
کوردستان لە دوو تەنگەژە دایە.

جیهاد محەمەد
خەڵکی ستەمدیدە و بەشمەینەتی کوردستان، تەنها بە دەست حکومەت و
حیزبگەلێکی هاوبەش "براوە" لە دەسەڵاتی سیاسییدا لە تەنگەژەدا نییە،
بەڵکو لە هەمانکاتدا بە دەست حیزبگەلێکی جووت مۆراڵ و خەیاڵپلاوەوە لە
تەنگەژەدایە.
ئەو حیزبانەی جووت مۆراڵن، ئەوانەن کە لە لایەک راستەوخۆ و بە چەند
ئەندام پەرلەمان و چەند وەزیرێک هاوبەشن لە دەسەڵاتی سیاسیی حکومەتە
گەندەڵەکەدا و لە لایەکی دیکە خۆیان بە پێشەوا و رابەری خەڵکی
ئۆپۆزسوێن دەبینن.
چەند حیزبێکی دیکە، کە تەنها دروشمگەرایین و بە بەرزکردنەوەی دروشمە
خەیاڵپڵاویەکانیان خۆیان بەوە دەزانن جێگرەوەی حکومەت و دەسەڵاتە
سیاسییە گەندەڵەکەن لە حاڵەتی راماڵینی ئەم دەسەڵاتە سیاسییە گەندەڵەدا.
حیزبە جووت مۆراڵەکان مەستی هاوبەشین لە دەسەڵاتی سیاسییدا و بەردەوام
لە دوای هەموو هەڵبژاردنە ساختەکارییەکان شەڕیانە لەسەر وەرگرتنی پۆستە
گرنگ و دەوڵەمەندەکان، کەچی بێ شەرمانە خوا خوایانە ئەم دەسەڵاتە
سیاسییە گەورەترین هەڵەی ستراتیژی بکات، زۆرترین دزی و گەندەڵی بکات،
زۆرترین و بەرفراوانترین ستەم و چەوساندەوە بکات، بۆ ئەوی ئەمان قاچی
ناو ئۆپۆزسوێنیان قایمتر بێت و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بقۆزنەوە بە "ئەلله
و اکبر" و بە نوێژکردن لە سەر شەقامەکان و کردنی شەقامەکان بە مزگەوت و
وتنەوەی سروتی دینی و هاتوهاوار و بانگهێشتکردن بەوەی کە تەنها دینی
ئیسلام و سەلەفیەت چارەسەرە و هیچی تر.
کۆمەڵە حیزبیکی دیکەی درووشمگەرایی، کە هەندێکیان بیانەوێت یان نا لە
گەندەڵیەکەی دەسەڵاتی سیاسییەوە ئاڵاون و بوون بە زوڕناژەنی ئەم
دەسەڵاتە سیاسیی و دیموکراتیە درۆزنانەیەی کوردستان، ئەم حیزبانە و
هەندێکی دیکە لەو حیزبانەی کە خەیاڵپڵاوانە خۆیان بە جێگرەوەی دەسەڵاتە
سیاسییە گەندەڵکە دەزانن و هەموو دواکارییەکی چاکسازیی و
نارەزایەتییەکی خەڵکی کوردستان وا نیشان دەدەن کە گوایە ئەمە دوا
ویستگە و کۆتای دەسەڵاتە سیاسییەکەی کوردستانە و ئەمان جێگەرەوەن و هەر
ئەمانن کە دەتوانن پێشەوایەتی و رابەرایەتی ناڕەزایەتیەکان بکەن تا دوا
مەنزڵ و دوا چارەسەر.
بە بڕوای من چەند حکومەت و دەسەڵاتە سیاسییە گەندەڵەکە زەرەری لە خەڵکی
کوردستان داوە، هێندەش و بگرە زیاتریش ئەم حیزبە جووتمۆراڵ و
خەیاڵپڵاوانەش زەرەریان لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان داوە بە
موزایەدەی سیاسیی. ئەم حیزبانە لێناگەڕێن، خەڵکی کوردستان خۆیان
دەریچەیەک بدۆزنەوە بۆ رێکخستنی ناڕەزایەتییەکانیان، خۆیان خۆیان
رێکبخەن، ئەگەر ناڕەزایەتییەکانیان گەیشتە ئەو ئاستەی دەسەڵاتی سیاسیی
و حکومەتە گەندەڵەکە ملی شۆرکرد بۆ داواکارییەکانیان ـ کە شۆڕی ناکەن و
مل نادەن ـ ئەوە چاکسازییەکە دێتە دی و خەڵک هەندێک ماندووی دەحەسێتەوە
لەوەی کە دەگەن بە ماف و پێداویستییە سەرەتاییەکانیان(هەروەک هەموو ئەو
خەڵکەی لە ژێر چەوساندنەوە و ستەمکاری حوکومەتە تۆتالیتاریی و
دیکتاتۆرییەکاند دەناڵێنن، بەڵام مافە سەرتاییەکانیان وەک موچە و
کارەبا و ئاوی پاک و تا ئاستێک دادپەروەری و یاسا بوونی هەیە) چونکە
هەموو داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان، ئەگەر بمانەوێت خۆمان
نەخەڵەتێنین، دەچێتە چوارچێوەی چاکسازییەوە و هیچی دیکە.
ئەوە حیزبە جووت مۆراڵ و دورشمگەراییەکانن کە داخوازییەکانی خەڵک و
نارەزایەتیەکان وا پیشان دەدن کە گۆڕانگاری بنەڕەتی لێوە بەرهەم دێت،
دەنا لە راستیدا وانیە و خەڵکی کوردستان تا ئێستاش لەو ئاستەدا نییە کە
داوای گۆڕانکاری بنەڕەتی بکات. ئەم حیزبانە لە جیاتی ئەوەی
ناڕەزایەتییەکان بەو عاقارەدا بەرن کە ببێت بە داخوازی بۆ گۆڕانکاری
بنەڕەتی و هۆشمەندیەکی وا لای خەڵک دروستبکەن کە بە چاکسازیی رازی نەبن،
کەچی بە خەڵکی دەڵێن دوامانکەون لەگەڵمان بن، وەرنە ناو حیزبەکانمانەوە
ئێمە ئازدتان دەکەین، لە جیاتی ئەوەی خەڵکی فێری قسە بە ناوبانگەکەی
پاوڵۆ فرێری بکەن کە دەڵێت: "کەسێک دەتوانێت کەسێک بچەوسێنێتەوە بەڵام
کەسێک ناتوانێت کەسێک ئازاد بکات" . ئازادی لە گۆڕانکارییە
بنەڕەتییەکاندایە، لە گۆڕنکاری جیهابنیی سەردەمیانەو و مرۆڤدۆستی و
بوون بە مرۆڤ و گۆڕینی کولتوور و پەروەردەی نەریتیی دایە بۆ کولتووری
دیموکراتیی و پەروردەی فەلسەفیاینە.
٢٤\١\٢٠١٦
- سلێمانی
ماڵپهڕی جیهاد محهمهد کهریم
|