١٢\٣\٢٠٢٢
خەڵکی سیڤیلی
ئۆکراینا
پێویستی بەپەلە و
بە هاوپشتیی و بەهاناوەچوون هەیە!
جەنگ و بۆمبارانە خوێناوییەکان ژیانی هەزاران مرۆڤی خستۆتە مەترسییەوە
ئەگەر مرۆڤایەتیی هاوچەرخ و شارستانیی دەستبەجێ نەیەتە جۆش!
پاش ١٥ ڕۆژ لە لەشکرکێشی و ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی رووسیا بۆ نێو خاکی
ئۆکراینا و کوشت و کوشتاری کۆیرانە و بەردەوام لەنێو شار و شارۆچکەکانی
ئۆکراینادا بەدەیان کەس لەخەڵکی سڤیل بوونەتە قوربانی. بەپێی ئاماری
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەدەستپێکی ئەم جەنگەوە زیاترلە ٢ ملیۆن
مرۆڤ لە ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتە ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ بوون و
تادێ ئاماری ئاوارەکانی جەنگ ڕوو لە زیاد بوونە. ئەمە جگە لە کاولکردنی
دەیان باڵەخانە و شوێنی مەدەنی... هەموو ئەمانە کارەساتێکی گەورەی
مرۆیی دروستکردوە، کە ئەگەر مرۆڤایەتیی هاوچەرخ و شارستانیی دەستبەجێ
بۆ دەربازکردنی ژیانی ملیۆن مرۆڤ و پاشماوە و کاریگەرییە ترسناکەکانی
ئەم جەنگ و میلیتاریستیە لەئاستی جیهاندا نەیەتە مەیدان، ئەوا ئەو
کارەساتە چەند بەرابەر قوربانی و ئاوارەیی و وێران بوونی لێ دەکەوێتەوە.
ئەم بەربەریەتە کە لەلایەکەوە رووسیا و هاوپەیمانەکانی و لەلایەکی
ترەوە ئەمەریکا و هاوپەیمانانی لە غەرب و ناتۆ و ڕژێمی ئۆکراینا
بەرپایانکردوە، لەپێناو سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی ناوچەی دەسەڵات و سامان،
بەنرخی خاپورکردن و میلیتاریزە کردنی کۆمەڵگا و کوشتاری خەڵکی بێتاوان
بەڕێوەی بەرن، خەریکە تراژیدیایەکی مرۆیی لەئاست ناوچەکە و جیهاندا
پێکدەهێنێ.. ئەم جەنگە جەنگی بەرژەوەندییە جیاوازەکان و پێگەی سیاسی
دەوڵەتە زلهێزەکانی دنیا و دەست و پێوەندەکانیانە، کە کارەسات و
ئاکامێکی زیانباری گەورە لەسەر مرۆڤایەتی دادەنێ، ئەگەر کاردانەوەیەکی
خێرا و دەمودەست بەڕوویدا بەرز نەکرێتەوە. هەرئێستا ژمارەیەکی زۆر لە
دەوڵەت و حکومەتەکان لە پێشبڕکێی خۆ پڕچەککردندان و بوودجەی بێ هەژماری
بۆ تەرخان دەکەن. ئەمە جگە لە کاریگەری و لێکەوتەکانی لەچەشنی گران
بوونی نرخی شتومەك و سووتەمەنی و خواردن و خزمەتگوزارییەکان لە ئاستی
جیهاندا.
جەنگێك کە چەند ڕۆژێکە لە ئۆکراینا بەڕێخراوە، بەپێی چیەتیی
بەرامبەرکێی هێزە دەرگیرەکان و دەستێوەردانی وڵاتانی ناتۆ، ئاکامەکانی
ئێجگار کارەساتبارە و دەوڵەتانی ئیمپریالستی جیهان و یەکێتی ئەوروپا
دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتیی گەورە. بەکارهێنانی خەڵکی سڤیل وەك
قەڵغانی مرۆیی و بە بارمتە گرتن، ڕاگەیاندنی حوکمی عورفی، گیانبازی
کردن بەلاوانی ئۆکرایناوە، ڕێگەگرتن لە هەڵهاتنی لاوان لە شار و
شارۆچکەکان لەلایەن حکومەتی ڕاستی ئۆکرایناوە لەلایەك کوشتنی خەڵکی
سڤیل و بۆمبارانکردنی ماڵ و حاڵیان و ڕێگەگرتن لە خۆپیشاندان و
دەربڕینی ناڕەزایەتی و سەرکوتی ڕۆژنامەنووسان و بەرەی ئازادیخوازی دژی
جەنگ لەلایەن رووسیاوە، تا دەگات بە داسەپاندنی ئابڵوقەی ئابووری
لەچەشنی خۆراك و پێداویستییە ژیارییەکانی خەڵکی مەدەنی و بەسیاسیکردنی
وێژە و هونەر و وەرزش و مۆسیقا... بەهەر بەهانەیەك بێ، تاوانی جەنگە.
رێکخراوە مرۆیی و پەنابەرییەکان!
ئازادیخوازان، مرۆڤایەتیی شارستانیی و هێز و لایەنەکانی لایەنگر لە
مەدەنیەت و مرۆڤایەتی!
ناکرێ لە بەرامبەر ئەم جەنگ و میلیتاریستییەی کە کارەساتی مەترسیداری
لێکەوتۆتەوە و دەکەوێتەوە بێدەنگ بین. داوا دەکەم له بەرامبەر ئەم
جەنگە و خاپوورکردنی ئۆکراینا و کوشتن و ئاوارەکردنی سەدان هه زار
خەڵکی بێتاوان دەنگی نەفرەت و ناڕەزایەتی بەرز بکەنەوه. به هانای خەڵکی
ماڵوێران و برینداری ئەم جەنگەوە بچن. چیەتیی ئەم جەنگە و پاشماوە
زیانبارەکانی بۆ تەواوی دنیا و بیروڕای گشتی جیهان ڕوون بکەنەوه و
لایەنەکانی بەشدار لەم جەنگ ڕیسوا بکەن.
ئێستا ئۆکراینا بوەتە مەیدانی جەنگ و کێشمەکێشی حکومەتەکەی زلینسکی و
پوتین و ئەمەریکا و ناتۆ و ڕۆژانە خەڵکەکەی باجی قورسی ئەو جەنگە ئەدەن
کە سەرئەنجام ژیانی ئاوارەیی ملیۆنی و داڕمانی کۆمەڵگای لێکەوتەوە و
ئێستاش هەر ئەوان بەرپرسیارن لە ڕاگرتنی ئەم جەنگە خوێناوییە.
ڕێکخراوە مرۆیی و پەنابەرییەکان، ئازادیخوازان، مرۆڤایەتیی شارستانیی و
هێز و لایەنەکانی لایەنگر لە مەدەنیەت و مرۆڤایەتی، هەموو دەزگا
مرۆڤدۆستییەکان و ڕێکخراو و یەکێتییە کرێکارییەکان...تاد، پێویستە له
دژی سیاسەتی جەنگ و میلیتاریزم بە یەك دەنگ دژی جەنگی ئۆکراینا و
رووسیا و ئەمەریکا و ناتۆ ڕابوەستین، نابێ کارێك بکرێ کە بچێتە
بەرژەوەندی لایەکی، ئەم جەنگە، هەردوو جەمسەری شەڕەکە تۆمەتبارن. ئەم
جەنگە، جەنگی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئۆکراینا و رووسیا و ئەوروپا و
ئەمەریکا نییە و بگرە دژ بە بەرژوەندییەکانی ئەوانە. بۆیە ئەم دۆخە
ئەرکی دەستبەجێ دەخاتە ئەستۆمان، مرۆڤایەتی پێویستی بە هەڵوێست نواندنی
خێرا و کارساز هەیە و دژ بە وێرانکاری و کوشتنی بەلێشاو و ئاوارە بوون
و پێویستە هەرچی زووە، بەدەنگ ئازارەکانی خەڵکی ئۆکرایناوە بچین. بۆ
بەرگرتن بەم کارەساتە مرۆییە گەورەیە.
دەشتی جەمال
سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
١١\٣\٢٠٢٢

|