٣\١٠\٢٠١٢
خەڵکی سوریا ئایندەیەکی نادیار و
راوەستان
لە نێوەڕاستی گۆماوی خوێن و
کوشتار
و ئاوارەییدا!

نوری بەشیر
ئەوەی ئێستا لەسوریا دەگوزەرێ لەسیناریۆیەکی ڕەشو تراژیدیایەکی ئینسانی
و خوێناوی زیاتر نییە. کۆمیسۆنی باڵای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ
کاروباری پەنابەران وەک ئاگادارکردنەوەیەک ئەوەی ڕاگەیانددوە، کەتاکو
کۆتایی ئەمساڵ ئاوارە سوریەکان دەگاتە ٧٠٠ ھەزار کەس، بۆ ئەو یەک
ملیۆنەی کاتائێستا ئاوارە بووە زیاد دەبێ ئەمەش بەو پێوانەیەی کەڕۆژانە٣
ھەزار ھاوڵاتی سوری سنورەکان دەبڕن بۆ وڵاتانی دراوسێ وکەمپەکانی
پەنابەران ھەڵدێن. تەنیا دوێنێ چوار شەممە٢٦ سەپتێمبەر، یەکێک بوە
لەرۆژە خوێناویەکانی سوریا وزیاتر لە٣٠٠ کەس کوژراون، بەمجۆرە ژمارەی
کوژراوەکان تائێستا ھەڵکشاوە بۆ٢٧ ھەزار کەس لەماوەی ١٨ مانگی
رابردودا. لەلایەکی تریشەوە ڕێکخراوی بەرگری لەمناڵان لەبەریتانیا،
ڕاگەیاندووە، کەئەو ژمارە زۆرەی لەکوشتاری مناڵان وئەشکەنجەدان وڕفاندن
وئیغتیسابی کچانی کەم تەمەن، بوەتە مەترسیەکی گەورە لەبەردەم کۆمەڵگای
جیھاندا، ئەمە وێرای ژمارەی ئەو مناڵانەی بێدایکو باوک لەکەمپەکانی
پەنابەریدا دۆزراونەتەوە. لەکەنار ئەم ئامارانەو ئەم ھەواڵانەوە،
مەسەلەی داڕووخانی شیرازەی کۆمەڵگاو شەڕی کۆڵان بەکۆڵانو بۆردومان و
ئیعداماتی مەیدانی وکاول بوونی بیناو خەستەخانەو قوتابخانە
ودامەزراوەکان لەم وڵاتەدا، سیماکانی سیناریۆیەکی ڕەشو شەڕێکی ناوخۆی
وێرانکەر دەخاتەسەر شاشەی تەلەفیزیۆن وکەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە،
بەجۆرێک کەئیتر سادەترین کەس ناتوانێ ئەم ڕووداوانە بەشۆڕش وکاری
شۆڕشگێرانەی جەماوەری ناوبەرێت. لەمەش تراژیدیتر ئەوەیە کەخەڵکی
بێدیفاعی سوریا لە نێوەڕاستی کوشتارگایەک وگۆماوێکی خوێن ڕاگیراوە
بەبێ ئەوەی ئایندەیەکی ڕزگاربوونیان لەبەرچاوبێت. ھۆکاری ئەم
ڕاوەستانو درێژە کێسانی ئەم تراژیدیە لەچیدایە؟
ئەوەی لەم تراژیدیایەدا بەڕووکەش دەبینرێ و میدیاکان باسی لێوە دەکەن،
شۆڕشێکە کەشەڕی نێوان دەسەڵاتی بەشار ئەسەدو سوپای ئازاد ولایەنە
ئۆپۆزسیۆنەکانی پشتی ئەم شەڕەیە کەتائێستا ھیچ لایەکیان توانای
یەکلاکەرەوەی دەسەڵاتو بارودۆخی ئەم جەنگەیان نییە. بەڵام ئەمە
ناتوانێ ڕاستیەکانی ئەم دۆخەنیشان بدا. بەتایبەتی مەسەلەی سوریا تەنھا
کێشەیەکی ناوخۆیی نییەو بۆتە ناوەندێک بۆ دەخالەتی دەوڵاتانی ناوچەکەو
کێشمەکێشی ھێزە ئیمپریالیستیەکان لەئاستی جیھاندا. بەدیاریکراوی بەدوای
پێکھێنانی سوپای سوریای ئازاددا، شۆڕشی جەماوەری کرایە قوربانی و
ڕاکێشرایە ژێر سایەی ستراتیژی ئەمریکاو دەوڵەتانی ڕۆژئاواو ڕۆڵی
دەخالەتگەرانەی دەوڵەتانی وەک تورکیا، سعودیە، ئیمارات وتەنانەت مەسعود
بارزانیەوە. کە بێگومان ئەمەش لەبەرامبەر خۆیدا کێشمەکێش ودەخالەتی
روسیا وچینو ئێرانو حزبوڵای لوبنانیو تەنانەت حکومەتەکەی نوری مالیکیشی
ھێنایە پێشەوە وسەرەنجام کەیسی سوریای لەجوڵانەوەیەکی شۆڕشگێڕانەوە
گۆڕی بۆمەیدانی شەڕو دەعوای ئەم ھێزە جیھانی وناوچەیانەو ھەرلایەک بۆ
بەرژەوەندیەکانی خۆی بوونە ھۆکارێک لەدرێژ بوونەوەی ڕوداوەکانی سوریا
وڕاگرتنی خەڵکەکەی لەنێوەڕاستی سیناریۆیەکی ڕەشو گۆماوێکی خویندا،
کەڕۆژانە قوربانیەکانی لەخەڵکی مەدەنی ئەم وڵاتە وەردەگرێ. ئەگەرچی
ڕۆژانە ئاڵوگۆڕی سیاسی وکاردانەوەی جیاجا لەھەر یەک لایەنەکانی ئەم
شەڕو ڕوو بەڕووبونەوەیەدا دەبینرێ ودەبیسترێ، بەڵام ھێشتا ئایندەی
خەڵکی سوریا نادیار ماوەتەوە، تا ئەم ھێزە جیھانیو ناوچەییانە کێشەی
خۆیان یەکلا بکەنەوە. لەمانگی رابردوو، ئەمریکا دەیوست، دەوری نەتەوە
یەکگرتوەکانیش لەدەخالەتی سوریا نەیەڵێ و خۆی بەتەنیا کێشەی سوریا
یەکلا بکاتەوە وبەروخانی نیزامی ئەسەدو جێنشینی ئۆپۆزسیۆنێکی قەومی و
ئیسلامی پرۆ ئەمریکی، دەستی روسیا وچین کۆتا بکات وھەنگاوێکیش بێت بۆ
فەرزکردنی داواکانی بەسەر ئێراندا. بەڵام تەوازنی ھێزی بلۆکی نەیاری
ڕێگای بەم ھەوڵە گرت ودەخالەتی زیاتری روسیاو ئێران، ئەم سیاسەتەی
پەکخستو جارێکیتر ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتوەکان بەنوێنەرایەتی ئەسغەر
ئیبراھیمی ھێنرایەوە نێو گۆڕەپانی ڕووداوەکانی سوریاوە. کۆبونەوەی
وڵاتانی بێلایەن لە ئێران ودواتریش کۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی
ھاوسێی سوریا لەتورکیا وھاوکات ڕۆڵی روسیاو چین لەئەنجومەنی ئاسایشدا،
بەدژی دەخالەتی سەربازی ئەمریکاو ئەوروپا.. جارێکیتر مەسەلەی
چارەسەرکردنی کێشەی سوریا، لەڕیگای دانوسانی لایەنەکان بەنوێنەری
ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە، خستەوە ھەمان چوارگۆشەی یەکەم کەکۆفی عەنان
تێیدا شکستی ھێنا. ئەمە ئەو فاکتۆرەیە کەڕووداوەکانی سوریای
لەتونێلێکی تاریکدا ڕاگرتووە، بەبێ ئەوەی ڕۆشنایی ئەوسەری دیاربێت.
تەنانەت لەپێشنیاری"چارەسەری دانوسانو ڕێکەوتنی لایەنەکان، لەلایەن
نەتەوە یەکگرتوەکانەوە"، کە ئەمریکا ھێشتا بێدەنگەی لەسەر کردووە، ئەو
خاڵە لەئارادایە کەنەتوانێ یەک ھەنگاو بچێتە پێشەوە. ئەویش جێگای
بەشار ئەسەدە لەم دانوسانو ڕێکەوتنانەدا. بەتایبەتی کە ئەمریکاو
فەرەنساو بەریتانیا و ھاوپەیمانەکانیان لەئۆپۆزسیۆنی سوریادا، لەسەر
ئەوە سورن کە بەشار ئەسەد دەبێ بڕواو ڕازینین بەھیچ جۆرە دەخاڵەتێکی
لەپرۆسەی دانوسانو ڕێکەوتنەکاندا، لەو لاشەوە ڕوسیاو ئێران ھێشتا
بەشار ئەسەدو ڕژێمەکەی بەلایەنێکی ڕەسمی دانوسانەکان دەناسێنن. ئەمەش
بەکردەوە دەکاتە ئەوەی ھەر ھەوڵێک بۆسازانی دانوسانو ڕێکەوتنەکان
لەسەرەتاوە پەکبخات. ڕوسیاو ئێران زەمانەتی دەربازکردنی بەشار
ئەسەدیان دەوێت وکردویانەتە شەرتێکی ڕانەگەیەندراویان، بەرامبەر
جێھێشتنی دەسەڵات وڕیکەوتن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنداو پێکھێنانی دەوڵەتی نوێ.
بەمجۆرەش ئەوە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش وھاوڵاتیانی بێدەرەتانی سوریایە
کەلەبازنەیەکی بۆشدا بەدیار یەکلاکردنەوەی بەرژەوەندیەکانی ئەم ھێزانە
وەڕاگیراون ودەبێ ڕۆژانە قوربانی خۆیانی پێبدەن.
ماڵپهڕی نوری بهشیر
|