په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٢\٢٠١٤

    خەمەکانی تۆ

    خۆیان لە مندا بەرجەستە دەکەن.

هاوار تەیب

بۆ هاوڕێم (بەختیار ئەحمەد) لاوێک لە رەنگی ئاو.


من و تۆ لەخاکێکدا دەژین پڕە لە مین
پڕە لە هەناسەی بەستوو
پڕە لە خستنەگۆڕى خەونە ئەرخەوانییەکان
تۆ کوڕى هەور و
منیش نەوەی دوای بەفربارینم
خەونی من و تۆ
لە خەونی پاڵەوانێک دەچێ
کە هێشتا لەدایک نەبووە،
لەوانەشە هەرگیز لەدایک نەبێت،
بەس نابێت هەرگیز گوڵ تەنیا بکەین و
بیخەینە
دەستێکی سەڕابی و
قەدەرێکی لێڵەوە
دەزانم تۆ هەیت،
بەڵام من لە دوای تۆوە دێم
تا خەونەکان
لە خاکێکدا بچێنین
کە هێشتا باران تەڕی نەکردوە
کە هێشتا مینەکان
دەتەقن پێمانا
مەترسە
لە نێوان رەش و سپیدا
چەندان رەنگی جوانتر هەیە.
مەترسە دەستی گوڵ بگرە و
وەک باران تەڕ تەڕی بکە
بە ئاهە سەرابییەکانت
بە نۆتە ئەفسوناوییەکانت
خۆر بگێڕەوە بۆ بەر لە هاتنی مانگ و
لە پێدەشتی عەرعەردا
تەرمی گەرمیانییەکانم بۆ بهێنەوە
بۆ مەملەکەتێک، کە بەهای مرۆڤ بوون و
ژیان بزانێ.
هاوڕێم کە لێم دووریت،
مەملەکەتی من دەبێتە سەڕابستانێکی پەنهان
کە لێت نزیکم ئاوێتەم دەکەیت بە خەونە ئەبەدییەکان.

هاوڕێم ژیان لێرە ئاوایە
من ئێوارەکانی ژیان زۆر بە خەمەوە بەڕێ دەکەم،
دەمەوێت تۆش
ماڵت لە دڵی کۆترێکدا چێکەی...!
لەم مەملەکەتەی مندا،
ئەوەی بەشی نەبێ من و تۆین
بڕۆ!
تۆ وەک من مەبە،
بڕۆ خۆت سەرگەردان مەکە
لێرە نووزەیەک نەماوە بۆ ژیان
بە سپی بڵێی: سپی،
خوێنت دەڕژێ
ژیان پڕە لە مین
پڕ لە گوللەی سارد
لە قسەی کاڵفام
ئێرە بەس خۆگەوجاندنە
هاوڕێم!
دەزانی هیچ شتێ لە خۆگەوجاندن بێ واتاتر نییە.
هاوڕێم ببوورە
ببوورە زۆر،
کە ناتوانم گریان بگۆڕم بۆ خەندەیەکی درۆینە
دڵنیام تۆش وایت
دڵنیام لەبری قاچێک
هەزار قاچ قەرز دەکەی و
ڕادەکەیت
دلنیام بە هەزاران دەست چەمۆڵە لە بێ ئومێدیی دەنێی
دڵنیام دڵنیا
تا هاتنەوەی ئەوین
هەر دڵتەنگی
دەزانی
هاوڕێ
دوێنێ شەقام خوێنى ڕژا،
ئەمڕۆش دەستەکانى بڕانەوە
تا نەتوانێ، هەنگاو بنێ.....!
چ دڵتەنگییەکە هاوڕێم
دڵنیام تۆش لە نیشتمان بێزار نیت
دڵنیام تۆ ژیان بە بتەکانی ئەوان ناگۆڕیتەوە،
دوێنێ چاوت دەیەشا
ئەمڕۆش دڵت.
ئای هاوڕێم
بڕۆ وەک من مەبە
شەق لە بێزاریی و دڵتەنگیی هەڵدە
بڕۆ ماڵک لە خەندە و
شەقامێک لە باران
دروست بکە
بڕۆ دەستی گوڵ بگرە با تەنیا نەبێت.

 

سەرەتای پاییزی ٢٠١٣ - رانیە

ماڵپەڕی هاوار تەیب

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک