په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٢\٢٠١١

خەمی کەرکوک، گۆڕینی دەموچاوەکانی حیزبە، یان چاکسازیی و هەنگاوی دڵسۆزانەیە؟!


رابەر رەشید    


دوای نزیکەی (8) سالڕ لە تێپەڕبوون بەسەر رووخانی دەسەڵاتی بەعس و دانانی کۆمەڵێک بەرپرسی حیزبیی حیزبە باڵادەستەکانی باشووری کوردستان و هەندێ لە حیزبە هاوپەیمانەکانیان و لە ئەنجامی ئەو باهۆزی گۆڕانکارییەی لە ناوچەکەدا دەستی پێکردووەو خەریکە باشووری کوردستانیش دەگرێتەوە، تازە بە تازە دەسەڵاتی حیزبی کەوتوونەتەخۆ بۆ گۆڕینی ئەو بەرپرسانەی کە ساڵانێکە جگە لە پەیڕەو و پیادەکردنی سیستەمێکی سەقەتی سیاسەتکردن، لە کوردستان بەگشتی و لە کەرکوکیش بەتایبەتی، هاتوون و بە قسەی خۆیان دەیانەوێ گۆڕانکاری بکەن!!، هەرچەندە زۆرینەی خەڵکی سڤیل و کەسانی وەکو ئێمەومانانیش دڵنیایە لەوەی کە مادام گۆڕانکارییەکان حیزب دەیانکات و کۆرپەی منداڵدانی هەمان سیستەمی حکومڕانیی فەلسەفەو ئایدیای حیزبایەتین، ئەوا گۆڕینی هەندێ لە بەرپرسەکان، جگە لە گۆڕینی دەموچاوەکانی ئەندامە باڵادەستەکانی حیزب بەولاوە هیچیتر نییەو خۆڵ لەچاوکردنی جەماوەرو درێژەدانە بەلاڕێدابردنی چارەنووسی کەرکوک ء هێشتنەوەی زێدو مرۆڤەکانیەتی بە داگیرکراوی.


دڵنیاین لەوەی کە بەرپرسێکی حیزبی هەرچەندە دڵسۆزی گەل و نەتەوەکەی بێت، تا ئەو شوێنە لەگەڵ کاروانی ئەو دڵسۆزییەدا رێدەکات کە حیزبەکەی رێگەی پێدەدات و دوای ئەوە دەبێ: یان دەسبەرداری حیزبایەتیء گیرفان پڕکردن بێت، یاخود ببێتەوە دەستەمۆی حیزبەکەی!!. ئەمەی لێرەدا ئاماژەی پێدەکەم، خودی ئەوجۆرە بەرپرسانەیش لە من وخەڵکانی دیکەش باشتر دەرکی پێدەکەن، لێ لە ترسی حیزبەکانیان دەیان و سەدان پاساوی بێ پاساویان بۆ دەهێننەوە: وەک ئەوەی پێش رووخانی سەدام، مەترسی سەداممان لەسەربوو، دوای ئەویش مەترسی وڵاتە هەرێمایەتییە داگیرکەرەکانی دەوروبەرو هەتا مەترسیی بەغداشمان لەسەرە!!. ئەرێ پێمان ناڵێن کەی ئەو مەترسییانە کۆتاییان دێت، یان دڵنیان کۆتایی هاتنی ئەو مەترسییانە کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی خودی خۆتانە؟


بە کوردی و بە کورتی: ئەگەر ئەو شکستەی کورد لە کەرکوک بەدەستی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارو حیزبە پاشکۆکانی دیکەیەوە خواردی و دۆخەکە بەمڕۆژە تاریکە گەیشت –کە پێویست ناکات بچینە ناو وردەکارییەکانییەوە، چونکە منداڵێکیش دەزانێت کە لەدرێژەی ئەم هەشت ساڵەدا لە کەرکوک چی کراوەو چۆن کراوەو بۆ کراوە؟!!


بۆیە ئەگەر گۆڕینی بەرپرسە حیزبییەکانی ناو حکومەت لە کەرکوکدا، گۆڕینی ئەوانەن کە حیزب پێی وایە، ئەوان بارودۆخی کەرکوک و کەرکوکییەکانیان بەم دۆخە گەیاندووەو دەبێ کەسانێکی دیکەی حیزبی و گوێڕایەڵی حیزب لەو شوێنە هەستیارانە دابنرێن، ئەوا هەڵەیەکی کوشندەی دیکە دەکەن، چونکە ئەوجۆرە بەرپرسە حیزبییانە، ئەگەر دارەکەی مووساشیان بدەیتە دەست، بەبێ بڕیارو فەرمانی حیزب، ناتوانن هەنگاوێک هەڵبێنن. من پێموایەو دڵنیاشم کە گۆڕینی بەرپرسە حیزبییەکانی ناو هەندێ لە جومگەو کایە گرنگەکانی حکومڕانێتی لە کەرکوک، لە ئێستادا، جگە لە گۆڕینی دەموچاوە حیزبییەکان کە حیزبیش گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی هەندێک لەوانە لای جەماوەر ناشیرین بوون، کە دیسانەوە دەیڵێمەوە: ئەوانە ئەگەر ناشرینیش بووبن، هەرخودی حیزب ناشیرینی کردن، بەولاوە هیچیتر نییە.


بە دڵنیاییەوە تاکە چارەسەر بۆ پرسی کەرکوک و ئاییندەی کەرکوکییەکان، گۆڕینی ریشەیی ئەو سیستەمی فەرمانڕەوایەتییەیە کە لە هەرێمی کوردستان و بەغداش پەیڕەو دەکرێت، دەڵێم سیستەم نەموتووە، حیزب و کەسەکان، چونکە ئەگەر هەرهەمان سیستەمی فەرمانڕەوایەتی پەیڕەو و پیادە بکرێت، با حیزبی (ئەلیف) نەبێت، (ی) بێت، ئەوا هیچ لە مەسەلەکان ناگۆڕێت و تەنها هەوڵی خۆڵ لەچاوکردنی جەماوەرە کە مەحاڵە، هەتا دونیا دونیایە ئەوها ملکەچ و بێدەنگ دانیشێت و نووزەی لێوە نەیەت!!.


24\2\2011

ماڵپەڕی رابەر رەشید