١٨\١\٢٠١٦
خەمۆکیی
سیاسیی.
''فاکتەکان هاوئاهەنگ لەگەڵ تیۆریی من نین، وای بە حاڵی فاکتەکان!''. (هێگێل).
کاتێک حیزبێک باس لەوە بکات کە خەڵکی گوێ بە قسەیان نادەن و بێ لەبەر چاوگرتنی ئەوان بە پێێ بارودۆخێ نێو کۆمەڵگا و بەرژوەندیی خۆیان بەشداریی لە هەڵبژاردەکانی کۆماری ئیسڵامیی دەکەن، ئەوە نیشاندەری ئەم ڕاستییە تاڵەیە کە نەیانتوانیووە بە هەر هۆیەک بێ، کاریگەریییان لە سەر خەڵکی بێ! بە لەبەر چاوگرتنی ئەم ڕاستییە، ئەم پرسیارە دێتە پێش:"ڕۆڵی حیزبێکی سیاسیی کە قەرارە پێشەنگی خەڵک بێ و ڕێو شوێن بە خەڵکی نیشان بدا، لە چیدایە؟ ئایا ئەم حیزبانە بە هەڵبژاردنی سیاسەتێکی پۆپۆلیستیی دەبێ بە شوێن ڕووداوەکان کەون؟ یان بێهەڵویست بمێنەوە، و بە ترس و دڵەڕاوەکێ لەوەی کە نەکا تووشی هەڵەیەک بن تەنیا پاش تێپەربوونی ڕووداوەکان دەس بە لێکدانەوە و ئاکامبەندیی بکەن؟
لە راستیدا، حیزبێک کاتێک دەتوانی بڕیاری درووست بدات کە لە ڕەوتی دیاریی کردنی دروشمی دوور و نزیک، پاش کۆکردنەوە و پلەبەندیی زانیاریی و فاکتە پێویستەکان بتوانێ پێوەندیی زنجیرە رووداوەکانی سیاسیی نە بە چەشنێکی جیا لەیەک، بەڵکوو بە گشتیی بەیەکەوە گرێ بدات و پاش لێکدانەوەی ووردی ئەم فاکتانە و تەیار کردنی تەواوی ئەمرازە پیویستەکان ئەرکی خۆی بۆ دیارییکردن و وەدی هێنانی ئامانجەکانی بخاتە گڕ و خەڵکی بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە کۆکاتەوە. ئەگەر لەم ڕەوتەدا سەرکەوتنی وەدەس هێنا، ئەوە خۆی بۆ ڕۆیشتن بۆ قۆناخێکی سەرتر ئامادە دەکات، بەڵام کاتێک سەرکەوتوو نەبێ، ئەمجار پاش پێداچوونەوەیک لەسەر رووداوەکان و دۆزینەوەی هەڵەکان، تێدەکۆشێ ئەو کەمایەسییانە قەربوو بکاتەوە. لێرەدا گرینگ هاوئاهەنگیی تیۆریی جووڵە و تێکۆشان لەگەڵ فاکتە دیارییکراوەکانە، نە پێچەوانەکەی، دەنا هێگێل" کوتەنیی "وای بە حاڵی ئەو فاکتانەی کە هاوئاهەنگ لەگەڵ تیۆرییەکانی من نەبن".
ئەم شێوە بۆچوونانە تەنیا پێشاندەری دژووازییەکی حاشا هەڵنەگر و پاکانە بۆ بێ ئەرک کردنی خۆیان لە ڕەوتی هەڵوێست گرتندایە. هەڵویست گرتنی حیزبێک نە بە پێی بەشداریی خەڵک یان نەکردنیان، گوێدان بە قسەی ئەوان یان نەدانیان، بەڵکوو بە پێی ئەو بنەواشانەیە کە لە پێوەندیی لەگەڵ سیستێمی دەسەڵات و ئامانجەکانی ئەم حیزبە بنەمای سیاسەت و هەڵسوکەوتی ئەوان بە پێی پێرەو وپرۆگرامی پەسەندکراوی کۆنگرەکەیان پێک دەهێنێ. ئەم چەشنە بۆچوونانە بنەمایەکی پۆپۆلیستیی هەیە کە بە شایدی مێژوو چ لە ئاستی ئێران و چ لە ئاستی جێهاندا هەرەسی هێنانە، نموونەکەی پشتیوانیی جەماوەریی خەڵکی ئالمان و ئیتالیا لە فاشیسم لە دەیەی ٤٠ی سەدەی ڕابردوو و خەڵکی ئێران لە حکومەتی ئیسڵامیی پاش شۆرشی ڕێبەندانی ٥٧ی هەتاویی و پشتیوانی کردنی بەشێک لە هیزە چەپەکانی ئێرانی وەکو "حیزبی تودەی ئێران" و پاشان "سازمانی فیدائیانی اکثریت" لە ڕژیمی ئیسڵامیی ئێرانە.
بە باوەری نووسەری ئەم بابەتە، هەڵبژاردنی دروشمەکان و شیوەی سیاسەتی بەشێک لە حیزبەکان نە لە تەبایی لەگەڵ ئاستی بزوتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، کە بە درێژایی دەسەڵاتداریی حکومەتی ئیسڵامیی کۆڵی نەداوە و لەم دوایانەشدا چ لە کاتی شەری کۆبانی و هێرشی داعش بۆ کوردستان و چ لە کاتی شهیدکردنی نەمر فەرزاد و هاورئیان، چ بەردەوام لە ساڵرۆژی ترۆری نەمڕ دوکتور قاسملو ئاستیی ئاگایی نەتەوەیی خۆی نیشان داوە، بەڵکوو بە پێی بارودۆخی نێوخۆیی و ئابووریی حیزبەکان لە باشوری کوردستان، نەبوونی پێگەیەکی بەهێز و کەمایەسیی کارو چالاکیی جیددی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دابڕانەکانی بێپسانەوەی نێوحیزبەکان و دوورکەوتنەوەی بەشێکی زۆر لە کادر و ئەنەدامەکانی ڵێهاتوویان، هەروەها بێ کاریگەرییان لە ڕووداوە سیاسییەکانی کوردستانە.
ئەم خاڵە نەرێنییانە بۆتە پێوەری پێناسەکردنی ئاستی بزوتنەوەی کورد لە ئێران و هەڵسوکەوت لەگەڵ کاربەدەستانی تاران! ئەم چەشنە هەڵسوکەوت و زەوی و ئاسمان بە یەک گرێدانەوە دەتوانێ تەنیا نێشانەی خەمۆکیی سیاسیی و ناتەوانیی لە هەڵبژاردن دروشمی شیاو و سیاسەتی درووست بێ، کە بە داخەوە چەپ و ڕاست وەکو بنێشتە خۆشەی عەقلییەتی سیاسیی دووپات دەکرێتەوە؟ بێ گوومان ئەرکی حیزبێکی ئوپۆزیسیۆنی لە دەروەی وڵات پێویستە جیاوازیی لەگەڵ ڕێکخراوەیەکی مەدەنیی، فەرهەنگیی و سیاسیی لە ئێراندا بێ و نابێ ئەرکی حیزبێکی سیاسی کورد کە خۆی بە بەشێک لە ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی دەزانێ و بە شوێن پێکهێنانی "کۆماری کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵی ئێران"دایە بێتە ئاستی ڕێکخراوەیەکی مەدەنیی و فەرهەنگیی نیو وڵات کە لە چوارچێوەی قانوونی ئەساسیی ئێراندا کار و چاڵاکیی دەکات، و بەردەوام بە دووپاتکردنەوەی ئەم ڕاستییە کە دەوڵەتی ئیران بە کورد نارووخێ پاکانە بۆ بێ دەستەڵاتیی خۆی بکات.
|