په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٩\٢٠١٥

خەمساردیی حکومەت و بێ باکیی پەرلەمان؟!


ستار محەمەد قادر   


بە دڵنیاییەوە پرسی کۆچکردن، پرسێک نیە کە پشتی لێ بکرێت و بخرێتە ژێر چرپەی لێوەوە، پرسی کۆچکردن ئەگەر بۆ وڵاتێکی وەکو عێراق و سوریا ئاسایی بێت، ئەوا بۆ کورد بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ناکرێت ئاسایی ببینرێ و تەماشا بکرێت، سەیرە بەلامەوە حکومەتێک خۆی بەخاوەنی هاوڵاتییان بزانێ و تەماشای ئەو دیمەنە تراژیدیا ئامێزانە بکاو نوقەی لێوە نەیاو لەئاستی ژیانی ئەو خەڵکە خۆی بەبەرپرسیار نەزانێت وەکو ئەوەی هیچ رووی نەدابێت!


با دەسبەرداری رۆڵی حکومەت ببین، چونکە ململانێی حیزبی حکومەتی ئیفلیج کردووەو ئەو بوارەی نەهێشتۆتەوە سەرۆکی حکومەت و شالیارەکانی لەبەردەم زومی کامێراکان خۆیان با بدەن و گەمە بەزاراوەکان بکەن و قسە بەو خەڵکە رەش و رووتە بفرۆشنەوە!


ئەدی رۆڵی پەرلەمان، ئەو پەرلەمانتێرانەی وا خۆیان بەنوێنەری ئەو خەڵکە دەزانن وا ژیانی خۆیان لەپێناوی ژیاندا دەخەنە مەترسیەوەو دەیانەوێت بەهەر شێوەو شێوازێک بێت ئەم وڵاتە بەجێبهێڵن، بۆ سەرۆکی حکومەت بانگهێشتی پەرلەمان ناکەن و لێپرسینەوەی لەگەڵدا ناکەن بۆ ئەوەی هیچ نەبێت بزانن ئەو خەڵکە لەچی را دەکاو بۆ کوێ دەڕوات؟


بێ گومان ئەگەر بەدوادا چوون بکەن بۆ هۆکارەکان، پەرێزی کەسیان پاک دەرناچێ و هەر هەموویان لەهەمبەر ئەم پرسەدا تاوانبارو پشکدار دەردەچن، چونکە با وای دابنێین خەڵکی ئازادەو حکومەت و پەرلەمان ناتوانن رێگا لەئازادیی و بەربەستی بۆ درووست بکەن، بەڵام خۆ دەبێت دەستنیشانی ئەو هۆکارانە بکەن وا وای لەو خەڵکە کردووە بەڕەو کۆچ بکەن!


بەرای من ئەگەر کار وا بڕوات و ململانێی حیزبی بەو شێوەیە خۆی ئیبراز بکاو کۆمەڵانی خەڵکی بخاتە پەراوێزەوە، خەڵکی هەر هەموویان کۆچکردن دەکەن بەنۆرم و ئەم وڵاتە نەک نیشتیمان، بۆ مەکتەب سیاسی و سەرۆکی حیزبەکان بەجێدەهێڵن!


گەنجان بۆ وڵات بەجێدەهێڵن؟ بێ گومان ئەوان بەچاوی خۆیان ئەو هەموو نادادپەروەریە دەبینن و گەیشتوون بەو قەناعەتەی کە ئەم رەوشە بەهیچ شێوەیەک باش نابێ و لەدەرەنجامدا چاوەنواڕی هەموو تەمەنیان دەدزێ و دەستیان لەبنی هەمانەی ئەو خۆشگوزەرانیەوە دەردەچێت وا لەسەر وەختی هەڵبژاردن پڕو پاگەندەیان بۆی دەکرد، گەنجان بەشوێنی خؤیاندا دەگەڕێن و دەیانەوێت شوێنێک بکەن بەنیشتیمان، ئەوی وەکو هاونیشتیمانی پێ هەرس بکرێت.


ئەوان لێرە هەست بەغوبن دەکەن، دڵشکاو و بێ ئومێدن لە وڵاتەکەی خۆیان، ئەوەی ئومێدیان پێدەبەخشێت، راکردنە لەم سنوورە جۆگرافیەو گیرسانەوەیانە لەسەر زەمینێکی تر، را کردنیانە لەدەستی دەسەڵاتێکی ملهوڕو بارگە گواستنەوەیانە بۆ ژێر پەرچەمی دەسەڵاتێکی سیستیماتیکراو و بێ رووتووش!


ماوەتەوە بڵێم: ئەگەر هەربَمی کوردستان ببێت بەدەوڵەتیش ئەمە حاڵی بێت؟ کەس بەفلسێک نایکڕێ و سەرلەبەرمان ئەگەر بۆمان بکرێت لێی هەڵدێین و بۆ ئەو حکومەتە خەمساردە و ئەو پەرلەمانە حیزبۆکراتە جێيدەهێڵین؟!
 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک