٢٤\١٠\٢٠١٩
خێرایی تەکنەلۆژیا
و رەنگدانەوەی لەسەر کۆمەڵی کوردان.

دانا محەمەد عەبدوڵا
لەم ساڵانەی دوایدا بە هۆی بە لێشاو هاتن و خێرایی تەکنەلۆژیا و
ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بڵاوبوونەوەی لە ناو کۆمەڵی
کوردیدا بە شێوەیەک تاک دەبێتە قوربانی و ون دەبێ کە نازانێ چۆن مامەڵە
لەگەڵ ئەو هۆکارە سەردەمیانە بکا بۆیە زۆر جار دەبینین لە رووداو و
کارەسات و تاوانەکاندا بەشێکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
بە راست و چەپ قسە دەکەن، بۆیە زۆر جار تاک فرە پسپۆریی وەردەگرێ و بە
شێوەیەک خۆی دەردەخا کە پسپۆرانە قسە لەسەر هەموو شتەکان دەکا بەڵام
لەو بوارەی کە خوی پسپۆریی تێدا هەیە کەمترین زانیاریی هەیە، واتا جاری
وا هەیە تاک قسە لەسەر هەموو بابەتێک دەکا کە کەمترین زانیاریی لەسەری
هەیە یان لە بوارێک قسە دەکا کە هیچی لێ نازانێ ئەوەش لە ناخودئاگادا
یان لە بەرامبەردا دەرفەت بۆ کەسانی پسپۆریش کەمدەبێتەوە یان ون دەبێ.
هەڵبەتە ئەوەش دیاردەیەکی ناو کومەڵە دواکەوتووەکانە کە تاک لە نەست
دەبێتە قوربانی و ناخی و کەسایەتی وەک چێشتی مجێوری لێدێ، لەگەڵ رێز و
خوشەویستیی بۆ كەسانی پسپۆر، بەڵام كەسانێک دەبینی لە یەك كاتدا
شیکەرەوەی سیاسییە، ۰دکتۆرە،۰ پۆلیسە، مامۆستایە، رۆژنامەنووسە،
ئەندازیارە، شاعیرە، وەرزشوانە، ئەفسوونکارە، چاودێری سیاسییە،
هونەرمەندە، شۆڕشگێڕە، بەرپرسە، مەلەوانە، شارەزای بواری ئاسایشە،
لێخوڕە، موسلمانە، کرستیانە، ماركسییە، سەلەفییە، راوچییە،
ژینگەپارێزە، جوتیارە، كریارە، فرۆشیارە، شوانە، كریكارە، رەخنەگرە،
سەرتاشە ،گوشتفرۆشە... تد، ئەوەش تاک لە (هەست)ەوە بەرەو (نەست) کێش
دەکا و کێشە و گرفت لەبەردەم پێشکەوتنی کومەڵ۰ دروستدەکا.
ماڵپهڕی دانا محەمەد
عەبدوڵا
|