په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٨\٢٠١٢

    خەونەکان ئاوا هاتنەدى.


بێستوون مینە

ماچ نەگەیشتە دەمى یار و
لە هەوادا بوو بە هەڵم و
دواتر بە دوو دڵۆپە فرمێسک
لە چاوى سەگێگدا.

لە رێگاى چوونم بۆ سەر دەریا
بەدەم ڕێوە ونبووم
لەسەر گردێکى سارا
بە هەمان قولاپى ماسى گرتن
یەخەى پیرە پیاوەکەم قایم دەکردەوە.

بە پلیکانە بۆ ژیان سەردەکەوتم
لەسەر بان لەگەڵ پیرە جلڕەشەکان شینم دەگێڕا و
سەیرى خوارەوەمان دەکرد
لە ناو تابووتێک ئاهەنگى هاوسەرگیریی منە.

هەرزەکارێک کتێب دەخوێنێتەوە
کۆڵان کۆڵان مالڕ بە مالڕ بە دوایدا دەگەڕێم
پرسیارێکم هەبوو؟!
لەژێر سێبەرى دارگوێزێک بە پاڵکەوتوویى
گیانى سپاردوە.

هەموو ئەوانەى خۆشیاندەویستم لێرەن
چەند دڵم خۆشە کاتێک خۆشەویستەکانى خۆم
لێرە دەبینمەوە
کەسیان من ناناسنەوە و هەر ئەوەش وام لێدەکات
گۆڕەکەم دابخەمەوە.

کەتان.. لەسەر جۆگەلەیەک دانیشتووە
جلى بووکێنیی خۆى دەشوات
بانگى کەتان. دەکەم ،کەتان....کەتان
بە زاواکەت بڵێ دڵى خۆى بشوات.

هەمووان یەخەى من دەگرم
من یەخەى کەسم نەگرت
تەنها چەند جارێک لەژێر ئازارى
ویژدانم بەزەییم بە خۆمدا هاتەوە و
بەڵێنم بە خۆم دا: هەمووشتێکت لە پێناو
دەکەم تا لەو جەنگە ڕزگارتەبێت.

چەند رقم لە ژوورى تۆیە
چەند ژوورەکەى خۆم خۆشدەوێت
ژوورەکەى تۆ یەک وێنەى منى لێنییە
ژوورەکەى من وێنەیەکى تۆیە.

زەمین منى کڕیوە بۆ ئەوەى لە ئێستاوە تا مردن
هاوشانى بم هاوشانى هەموو نەهامەتییەکان
هەر بە ئەنقەست چەند جار زگم هەڵدڕیوە
تەقاندوومەتەوە گڕم تێبەرداوە
ئەو زۆر ترسنۆکانە
هەر لەگەڵم ئاشتدەبێتەوە.

منداڵە کان دەبینم دەست بە چڵک
پێیان گرژ و رەش لە ناو قوڕولیتاو
دەم و لوتیان ئاوساوە و مێشولەکان تێى وەرهاتوون
منداڵەکان خەریکى خۆش رابوواردنن!

خەونەکان ئاوا هاتنەدى مناڵێک وا دەڵێت
هەموومان بەدبەخت و ماڵوێران
هەموومان مردووى دەستى ئەو دەردەین
هەموو شتێک هەبێت و خاوەنى هیچ نەبین
چیتر خەو مەبینە منداڵى هاروهاج.

خەم لەوە ناخۆم گڕ بەردەنە ناو ماڵەکانمان
چیمان دەسووتێ لە دۆڵا بێک نوێن و
تاخمێک قەنەفە زیاتر
خەمى ئەوەمە گڕ بەربێتە ماڵەکانى ئێوە
ژیانى ئێمە لەوێ هەڵگیراوە.

سێ جار بە جدیی هەوڵى گەورەبوونم داوە
جارێک بە منداڵیی لە داخى منداڵانى گەڕەک
جارێک لە قوتابخانە لە ترسى مامۆستاکانم
ئێستاش لە ترسى ژیانى خامۆشى ئێرە.

ئەگەر مرۆڤ دەریا بووایە لە کاتى شەپۆلدان
کەنارەکانى پڕ دەکرد لە رق و
گەشتیارەکانى وندەکرد
نەیدەهێشت هەرچى گیانلەبەرە
لە رۆحى دا بژیت.

پێویست بەوە ناکات بگرین و بتوێینەوە
ئیدى خەمباربوونیش ناخۆشى کرد
ئەمە گەیشتن بە خۆشبەختیى نییە!
ئەوە بە شێوەیەکى نوێ دڵتەنگبوونە.

 

٢٠١٢

bestunmina@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک