٤\١٠\٢٠١٣ خەونى دەسەڵات.. خەونى ئۆپۆزیسیۆن.. خەونى خەڵک، سێ خەونى جیاواز.
خەڵکى کوردستان کارەباى دەوێ ئاوى دەوێ نانى دەوێ کارى دەوێ ئازادى دەوێ یەکسانى دەوێ خزمەتگوزارى تەندروستى دەوێ.. خانە و لانە و مەسکەنى دەوێ و ژیانێکى شارستانیانە و مەدەنیانەى دەوێ ژیانێک شیاوى مرۆڤ بێت خەڵکى کوردستان دەیەوێت وەک بەشەر بژى و بەهرەمەند بێت لە سەروەت و سامانى ئەم هەرێمە و بەهرەمەند بێت لە ژیانێکى سەردەمیانە ژیانێکى ئارام و پڕ ئاسوودەیى دەوێ دوور لە شەڕ و توندووتیژى.. خەڵکى کوردستان ئازادى بیروڕا و عەقیدەى دەوێ ئازادى خۆپشاندان و ناڕازایى دەربڕینى دەوێ هەر بۆیە شەڕى سەرۆکایەتى و دەستوور و پەرلەمان و هەڵبژاردن و کورسى هیچ کام لەم خواست و مافانە بەخەڵکى کوردستان نابەخشێت بەڵکو ئەو مافانەیان زەوت دەکا و لێوەردەگرێتەوە.. ئایا دەستوور چى لە وەزع و نەهامەتیەکانى خەڵکى کوردستان دەگۆڕێ لە کامە مافە مرۆییەکانیان بەهرەمەند دەکات ئەو دەستوورەى کە دەستوورێکى کۆنەپەرستانەو نامرۆییانەیە و بە دڵى حیزبەکان نووسراوە و خەڵکى کوردستان بچووکترین ڕاپرسى پێنەکراوە و بەشدارنەبووە لە داڕشتنى ئەو دەستورەدا تەنانەت کوردەوارى گوتەنى پرسە گورگانەشى پێنەکراوە ئێستاش بۆ مزایەدەى سیاسى و هەڵفریواندنى خەڵکى دەگوترێ دەستوور بگەڕێتەوە بۆ ڕاپرسى خەڵکى خەڵک خۆى بڕیاربدات بە ڕاستى مایەى شەرمەزارى و پێکەنینە ئەوى خاوەنى هیچ بڕیارێک نیە لەم کوردستانەدا ئەوە بە تەنها خەڵکى کوردستانە کە بەپێى خودى ئەم دەستوورە خەڵکى کوردستان بێ ئیرادە و بێ بڕیارکراوە ئەم دەستوورە وەڵام دەرەوە نییە بە خواست و ماف و پێداویستیەکانى خەڵکى کوردستان ئەم دەستوورە هیچ ئالوگۆرێکى ڕیشەى لە ژیانى خەڵکى کوردستاندا وەدى ناهێنێت بۆ خەڵکى کرێکار و هەژار و زەحمەتکێشى کوردستان.
بە ڕاستى ٢٢ ساڵ ئەم دەسەڵاتە و پەرلەمان چى بە خەڵک بەخشیوە هەر ئەوەى پێ دەبەخشێتەوە.. سەرکوتى زیاتر.بێ مافى زیاتر..هەژارى و نەهامەتى زیاتروڕۆژڕەشى زیاترمن پێم وایە دەستورى سوویدیش بێنیت لە م کوردستانە بیدەیتە دەست ئەم ئەحزابە بۆرژواناسیۆنالیستە خاوەن دەسەڵاتانە بۆ خەڵکى کوردستان هیچ ئاڵوگۆڕێک پێک ناهێنێ چونکە ٢٢ ساڵە ئەمانە خۆیان هەموو دەسەڵات و یاساودەستورێک بوون ولە سەرووهە موو ئەمانەوە بوون وخۆیانکردوە بەحاکم بەسەرخەڵکیدادەستورى چى ئەمانە خۆیان هەموو دەستورێکن بەراستى خەڵکى کوردستان ئەم دەستوورەى ناوێت بەڵکودەستورێکى سیکیولارانەى پێشکەوتوخوازانە و ئینسانیانەى دەوێَ کە وەک هاوڵاتى وئینسان بڕوانێتە خەڵکى کوردستان ودابەشکارى و جیاوازى تێدا نەکرێ لە سەر بنچینەی دین.. نەتەوە.. زۆرینە و کەمینە و... هتد.
ئەم شەڕە شەڕى دەسەڵات و بەرژەوەندییە شەڕى بەدەستهێنانى کورسى زیاتر.. بوجەى زیاتر.. نفووزى زیاتر.. ئیمتیازاتى زیاتر.. پاوانخوازى زیاترە ئەم شەڕە شەڕى خەڵک نییە شەڕى خۆتانە و مەیکە نەشەڕى خەڵکى خەڵک لە شەڕەکانتان بێزار بووە و تێگەیشتوە دەزانێت کە ئەم شەرە شەڕى ئەو نیە خەڵک لە شەڕەکانتان بێزار بووە چ شەڕى چەکدارى و چ شەڕى ڕاگەیاندن لە ڕابووردووشدا هەر خەڵک بوو باجى شەڕەکانى ئێوەى داو بوە سوتەمەنى و قوربانى بەسیە ئەو خەڵکە پێوویستى بە ئاشتى و ئارامى و ئاسوودەى هەیە پێویستى بە شەڕە جۆراو جۆرەکانى ئێوە نیە پێویستى بەشەڕى کورسى و ڕەنگ و دەنگ وپەڕۆنیە ئەم شەڕانە دادى خەڵک نادات و کێشەى خەڵک چارەسەرناکات خەڵک بێزارو بێتاقەت بوو لە شەرەکانتان کە هەر کوڕى هەژارو زەحەتکێش دەبێتە قوربانى شەڕەکانتان وکوڕەکانى خۆشتان دوور لە هەموو شتێک دەگرن کوڕى خەڵکى بۆناو ئاگرە سوورەو بۆ کوڕانى ئێوەش ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە بەڵێ شەڕە دەبە و شەڕە مستەکۆڵەى ناو پەرلەمان کێشەى خەڵک چارەسەر ناکات و هیچ بە و خەڵکە نابەخشێ ئاخر پەرلەمانێک پڕلە بیروڕاى پیاوسالارى وکۆنە پەرستانە پێم بڵێن چۆن دەتوانێ ئازادى بەژن ببەخشێ ئاخر پەرلەمانێک بڕیارى قەدەغەکردنى جگەرە کێشانى بەلاوە گرنگتربێ لە قەدەغەکردنى توندوتیژى و تیرۆرکردنى ژنان ئەبێ چ بەهایەک بە ژن ببەخشێ بەڕاستى ئۆپۆزیسیۆنیش لە ماوەى چوارساڵى تەمەنى خۆیدانەک هەربچووکترین ئاڵوگۆڕى لە ژیانى خەڵکیدا وەدى نەهێنا وبچووکترین دەسکەوتى بۆ خەڵکى کوردستان نەبوو بگرە خەڵکى بەلاڕێدابردوجۆریک لە نائومێدى لاى خەڵک دروست کرد وزەربەیەکى گەورەى لە ناڕەزایەتى و خەباتى جەماوەری کوردستان دا ئەو ئۆپۆزیسیۆنەى کە سوارى شەپۆلى نارەزایەکانى خەڵک بوو خواست و داواکاریەکانى خەڵکى بە لاڕێدا بردو بە بنبەستى گەیاند ئۆپۆزیسیۆن گەورەترین زەربەى لە ناڕەزایەتەکانى خەڵک دا کاتێک سوارى شەپۆلى ئەم ناڕەزایەتیە بوون و گەورەترین بیانویان دا بەدەستەوە تا دەسەڵات ئیعترازى خەڵک سەرکوت بکات من پێم وایە ئۆپۆزیسیۆنیش بە جۆرێک لە جۆرەکان بەشداربوون لە کۆتایى هێنان بە و ناڕەزایەتیەى خەڵکى کوردستان کە هەر ئەو ئۆپۆزیسیۆنە خۆیان خەڵکى ناڕازیان بە گێرەشێوێن پێناسەکرد و هەر ئەو ئۆپۆزیسیۆنەى کە پێشتر خۆیان بەشێک بوون لە دەسەڵات بەشداربوون لە سەرکوتکردنى ناڕەزایەکانى خەڵکى کوردستان و پێشێلکردنى ماف و ئازادیەکانى خەڵکى کوردستان.
لە هەمووى سەیرتر ئەوەیە لەو شەڕە ڕاگەیاندنەى دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا هەردوولا دەڵێن ئێمە شەقاممان هەیە و بەدەستەوەیە من پێم وایە شەقامى ناڕازى نە هى دەسەڵاتە نە هى ئۆپۆزیسیۆن شەقام تەنها موڵکى خەڵکى شۆڕشگبَرو ئازادیخوازو خەڵکى ستەمکێش و کرێکار و هەژارو زەحمەتکێشى کوردستانە نەک موڵکى دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە ساڵى ١٩٩١وە تا بە ئەمڕۆ دەگات ئەو خەڵکە ناڕازیەى کوردستان بەردەوام ناڕەزایەتى جۆراوجۆریان هەبوە و داواکاریان هەبووە لە و پێناوەشدا چەندین قوربانیان داوە ١٨ ساڵ پێش ئۆ پۆزیسیۆن خەڵکى ناڕازى کوردستان خواستى هەبووە داواکارى هەبووە ناڕەزای دەربڕینى جۆراوجۆرى هەبووە داواى گۆرانکارى کردوە و ڕەخنەى لە کۆى سیستەمى دەسەڵات هەبوە وهتد ئە م خەباتەى خەڵکى کوردستان نەریت ودەسکە وت و مۆدێلێکى سیاسی نوێ نەبوە لە کوردستاندا کە ئۆپۆزیسیۆن خۆى بە داهێنەرو ئەندازیارى بزانێت ئەوە هەر بەتەنها خەڵکى کوردستانە داهێنەر و ئەندازیارى کاتێک ئۆپۆزیسیۆن دروست بوو ناڕەزایەتیەکانى خەڵک لە ئەوجى لوتکەى خۆیدا بووئۆپۆزیسیۆن هات ئەم ناڕەزاییەى خەڵکى قۆستەوە وەک پردوفشار دژبەدەسەڵات دروست بوونى ئۆپۆزیسیون لە کوردستاندا لە ئەنجامى ناڕەزایی وخواست و داواکارى خەڵک نەبوو و پێویستى وڕەنگدانەوەى واقعى کۆمەڵایەتى و سیاسى خەڵک نەبوو بەڵکو لە ئەنجامى هەلومەرجێکى تایبەتى و قەیرانى سیاسى وململانێى حیزبى سیاسى و بەرژەوەندى حیزبى و سیاسیەوە دروست بوو لە پێناو گەیشتنە دەسەڵات لەو پێناوەشدا خەڵک و ناڕەزایەتیەکانى خەڵکیان قۆستەوە و بۆ زیاتر کردنى نفوزیان وەک گوشارێک بۆ سەر دەسەڵات ئەمە کرۆکى دروست بوونى ئۆپۆزیسیۆنە.
من پێم وایە ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان ناڕەزایەتیەکانى خەڵکى سارد و کاڵ و کپ کردەوە وئومێدێکى پڕلە نائومێدى لە گیانیاندا ڕووان لەو ڕووەوە گەورەترین خزمەتى بەدەسەڵات کرد تا بە تۆمەتى ئۆپۆزیسیۆن بوون ناڕەزایەتیەکانى خەڵک سەرکوت و خوێناویی بکات هەربۆیە من پێم وایە خەونى خەڵک خەونێکى جیایە لە خەونەکانى دە سەڵات و ئۆ پۆزیسیۆن خەونى خەڵک خەونى ژیانێکى شیاوى مرۆییانە و خۆشگوزاریانەیە و خەونى دەسەڵاتیش مانەوەى هەرچى زیاترە لە دەسەڵات دا و پاراستنى بەرژەوەندیەکانیەتى و خەونى ئۆپۆزیسیۆنیش خەونى گەیشتنە بە دەسەڵات لە ڕێى فریودانى خەڵکەیەوە هەر بۆیە خەونەکانى خەڵک لە نێو خەونەکانى دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا بوونى نییە و جێگەى نابێتەوە.
بۆیە دەبێت خەڵکى کوردستان خەونە جوانە مرۆییەکانی خۆى نەبەستێتەوە گرێ نەدات بە خەونە دزێو و سیاسى و حیزبى یەکانى دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە چونکە بەدیهێنانى خەونەکانى خەڵکى تەنها لەلایەن خەڵکى خۆیەوە دێتەدى ئەویش لەڕێى خەبات و گوشارى جەماوەریی جۆراوجۆرى مەدەنیانە و شارستانیانەى بەردەوام و لە ڕێى هاتنە مەیدان و ناڕەزای دەربڕینى بەردەوام لە شوێنى کار و ژبان و سەندن و سەپاندنى ماف و داواکارییەکان بە سەر دەسەڵاتدا ئەمە ئەڵتەرناتیڤى خەڵکە نەک پەرلەمان و دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن ناکرێ ئیتر خەڵک دەیەیەکى تر چاوەڕوانى وادە و بەڵێنە فریوکارانەى دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بێت کە خەونەکانیان بهێننە دى من پێم وایە خەڵکى کوردستان هەڵەیەکى گەورە دەکات کە خەونەکانى خۆى بسپێرێت بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن چونکە سپاردنى خەونەکانى خەڵکى بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بە واتای لەدەستدانى خەونەکان دێت.. شاعیر (لنگستن هویز) گوتەنى: (خەونەکانت لەدەست مەدە گەر خەونەکانت لە دەست دەیت وەک مەلێکى بێ باڵت لێ دێ کە هەمیشە خەون بە فڕینەوە دەبینێت).
|