په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٨\٢٠١٥

    خەوزڕان.


شوان حه‌سه‌ن

بەئاگاهاتم
بە دوای ئەو پیتانەدا گەڕام
لە شەودا هەڵوەرین
کتێبێک لە گۆشەیەکی ماڵ
ناونیشانم دەداتێ و
بە چاویلکەکەی چەند لاپەڕەیەکم لێدەخوێنێتەوە
بەرنامەیەکی تیڤی وەرمدەگرێ و
لە درەنگی کاتدا
کزم دەکا
لە دووڕیانێکی بەشی دووەمدا بەجێمدێڵێ
تەوالێتیش بە بەشی خۆی دەمخافڵێنێ
بە ئاو بەڕێکردنێک
دڵنیام دەکاتەوە پێویست بوو لەوێ بوومایە
برسیەتی بە قەڵەویی خۆیم نیشاندەدا
چایە...؟؟؟
هاوڕێیەکی بێهودەی شەوە
بۆ من
تامی پیاسە دەکوشێ
پرخە نەرمەکانی تۆش...
راوی شەوە رۆمانسییەکانیان دەکەن و
بە تیشکەکانی، ئێستایان دەسڕنەوە
ئاوێنە بە گومانەوە سەیرم دەکا و
لە لێڵییم خۆی ناناسێتەوە
ئەندێشە لە ئاڵۆزییدا بەند دەبێ
پەرداغێک ئاو دێ هەموو حاڵەتەکان دەشواتەوە
گەرمییەک
لە ئامێزی دۆخ دەمهەژێنێ
کە بەئاگادێمەوە
فۆرمی قەنەفەکەم لێم نابێتەوە
ئازار...
پاش چەند کاتژمێرێک
دەخزێتە ناو تابلۆی ماڵەکەم و
دەخەوێ.

 

ماڵپهڕی شوان حهسهن

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک