|
١٩\٤\٢٠٢٦
خەزاڵە شۆڕی
سابڵاخی!

برایم فەڕشی
|
 |
|
خەزاڵ، خەزاڵە شۆڕی سابلاخییە
کەنیشکی شارەکەی هێمن و قازییە
ڕۆڵەی چوارچرا و کۆماری کوردییە
لە دەست عەجەمان ڕووی لە شارەزوور کردییە
سویندی بە نیشتمان و زێدی خۆی خواردییە
هەتا ڕزگار نەبێ نیشتمانی لە دەستی عەجەمان
خوورد و خوارکی لە خۆ حەرام کردییە
هەستا وەڕێ کەوت گوند بە گوند و شار بەشار
چۆم و کێو و شاخ و چیایی لە ژێر پێ خستیە
خۆی لە مەڵبەندی پیرەمێرد و حاجی کۆیە دیتییە
خۆی تێکەڵ کچ و کوڕانی ڕۆژهەڵاتێ کردییە |
لاس و خەزاڵ، خەج و سیامەند، سەیدەوان، مەم
و زین و زۆربەی بەیتی کورد، بە تراژێدی کۆتایی پێدێت، وەک ژیانی خەزاڵ
و خەزاڵەکان. زۆربەی ڕابەرانی سیاسی کورد وەک شێخ سەعید و سەید ڕەزا ،
سمکۆ، قازی، قاسملو، شەرفەکەندی، شەفیعی و زۆریتر، ژیانیان بە تراژێدی
کۆتایی هاتووە. کارەساتەکانی دەرسیم، هەڵەبجە، ئەنفال، قاڕنا و
قەڵاتان، گێڕانەوەی ژیانی تراژیکی نەتەوەی کوردە.
کورد خۆی لە حاند ئەم تراژێدی و کارەساتانە بە شیعر و سروود و ڕۆڕۆ
دەلاوێنتەوە و بە شەهید ناوهێنانی کوژراورکانی خۆی لە ناو فەرهەنگێ
هێرشبەران و داگیرکەرانیدا، دەبینێتەوە. بە خوێندنەوەی شیعر و سروود
جۆشوخرۆش و هەستی خۆی دەژێنێتەوە و بیر و هزر و بیرکردنەوە لە جێدا
دەمێنێتەوە، بەم چەشنە ڕێگا بۆ دووبارەبوونەوەی کارەسات، ئاواڵە
دەهێشترێتەوە.
هەر نەتەوەیەک بە وانە وەرگرتن لە کارەسات و هەڵەکانی، ڕێگای نوێ
دەگرێتەوە و ڕێگای کۆن دووبارە ناکاتەوە. ئەوەی تووشی هۆلۆکۆست کرا،
خۆی لە سەربەخۆیی خۆی و نیشتمان و خەڵکەکەیدا، دیتەوە. خاوەنی دەرسیم،
هەڵەبجە، ئەنفال، قاڕنا و قەڵاتان و شەنگال، خۆیان لە ناو جەغزی
داگیرکەرانی خاک و خەڵک و قەوارەی خۆیاندا، دیتۆتەوە.
مەرگی خەزاڵەکان تێگەیشتن و سیاسەت و هەڵسوکەوت و لە ناو جەغزەکان
مانەوەمان، لەقاودەدەن!
١٧\٤\٢٠٢٦
ماڵپەڕی
برایم فەڕشی
|