په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٢\٢٠١٥

خراپتر لە دیکتاتۆر.


زاھیر باھیر     


خوێنەری بەڕیز ئەمەی کە لەم وتارەدا دەیخوێنیتەوە چەند ئایدیا و زانیارییەکە کە لە وتارێکی ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی ڕۆژی ٢٦/١٢/٢٠١٤ سەبارەت بە فەرمانڕەویی 'سیسی' لە میسر، وەرمگرتووە. لە ڕاستیدا من خۆم بەو شیوەیە نەمدەزانی کە سەرۆکی نوێی میسر لەم ماوە کورتەدا توانیبێتی ئەم ھەموو گۆڕنکارییە ‌ یاسایانە بە بەرژەوەندی خۆی، بکات، پێشموایە ‌ گەلێکی دیکەمان وەکو من بە ئاگانین لەم گۆڕانکارییانەی کە ئەم سەرۆکە تازەیە کردویەتی ھەر لەبەر ئەم ھۆیەش حەزم کرد بیکەم بە وتارێک و لە گەڵ خوێنەری بەڕێزدا، شەیری بکەم.‌


دوای کودەتاکەی عەبدول فەتاح ئەل سیسی لە مانگی تەموزی ٢٠١٣ بەسەر موحەمەدا مۆرسی سەرۆکی ھەڵبژێرراوی میسردا، لە غیابی بوونی پەڕلەماندا، 'سیسی' بە ھەلی زانی تاکو چەند گۆڕانکارییەک لە یاسای میسردا بکات بە شێوەیەک کە وەکو ڕۆژنامەی گاردیان دەڵێت " بە پەلە کردنی ئەم گۆڕانکارییانە لە یاساکاندا لەگەڵ کردەی ھیچ ڕژێمێکدا لە ماوەی ٦٠ ساڵی ڕابوردوودا نایەتەوە" کە ئەم یاسایانەش ھەر ھەمووی لە بەر‌ژەوەندی دەسەڵاتدارێتی خۆی و زەوتکردنی ئازادییەکانی خەڵکی و سەپاندنی ھێزو پاوەری خۆی و پیاوەکانێتی. کردنی ئەم جۆرە یاسایانە دیکتاتۆرەکانی وەکو ئەنوەر سادات و حوسنی موبارەک زاتی ئەوەیان نەکردووە کە تەنانەت لێشیان نزیکببنەوە، عا‌مر عەبدولڕەحمان، کە بەڕیوەبەری ئازادی مەدەنییە لە میسر، دەڵێت " سادات و موبارەک دەسەڵاتی خۆیان لە دەرکردنی یاسا گرنگەکاندا بێ گەڕانەوە بۆ پەڕلەمان، بەکارنەھێناوە ، وەکو ئەوەی کە ئێستا 'سیسی' دەیکات .....ئەمانە ڕاگەیندراوێکی (مەرسوم) زۆر گرنگن کە پەیوەستە بە بە بواری جیاواز جیاوازی وەکو ئابوری و ژیانی کۆمەڵایەتییەوە کە بێ ھیچ دایەلۆگێکی نەتەوەیی، خراونەتە کار".

 

ئەوەی کە ئێستا دانیشتوانی میسر ڕووبەڕووی بوونەتەوە مەگەر لە سەردەمی شانشینی سەردەمی ساڵانی ١٩٥٢ دا ھەندێکیان بوونیان ھەبووبێت. ئەم یاسایانەش لە لایەن عادلی مەنسورەوە، سەرۆکی میسر دوای مۆرسی، ‌ ئامادەکراون و لە لایەنی خوودی ئەل سیسیشەوە بەجێھێنراون، لەوانە یاساخکردنی ناڕەزاییدەربڕین و فراوانکردنی دەسەڵاتی دادگای میللتەری و لابردنی ھەندێک بڕگەی یاسایی کە پەیوەندییان بە بەندیکردنی ھاووڵاتیانەوە پێش دادگاییکردنییان ھەیە و ھەروەھا کەمکردنەوەی ڕۆڵی میدیا لە نمایشکردنی ھێزی میللتەری بێ مۆڵەتی بەرپرسان و دانی دەسەڵات بە 'سیسی' کە لە حاڵەتی نائاساییدا دەسەڵاتی دەرکردنی بڕیار و ڕاگەیاندراوی، ھەبێت.


ئەوە زیاتر لە ساڵ و نیوێکە 'سیسی' دەسەڵاتی گرتۆتە دەست و بڕیاربوو کە کە پەڕلەمان لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٣ دا ھەڵبژێرێت ، دواتر ئەم پرۆسەیەیە دواخرا بۆ مانگی تەموزی ٢٠١٤ ، ئێستاش کە ٨ مانگ تێپەڕیوە و چەندەھا یاسای سەرکوتکەرانە و کەمکردنەوەی مافەکانی مرۆڤ دەرکراوە لەم ماوەیەدا ، بەڵام یاسایەک سەبارەت بە ھەڵبژاردنی پەڕلەمان، دەرنەکراوە ، بۆیە ھەندێک لە توێژەرەوانی سیاسی و یاساناسان وا پێشبینی دەکەن کە ڕەنگە ھەڵبژاردنی پەڕلەمان لە میسردا ،ھەتا ھاوینی ئەمساڵ ڕوونەدات.


ئەو یاسایانەی کە 'سیسی' لە دوای ھاتنییەوە بۆ فەرمانڕەوایی، دەریکردون ، ئەمانەی خوارەوەن:


یاسای تەندەر و گرێبەستەکان ، لە مانگی سێبەتمبەری ٢٠١٣ دا، دەرکرا:


بەم یاسایە وەزیرەکانی حکومەت مافی ئەوەیان ھەیە کە گرێبەستەکان بە کۆمپانیاکان بدەن بێ ئەوەی کە ئەم گرێبەستانە بکەونە پرۆسەی تەندەرلێدانەوە ‌ بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت کە پرۆژەکان بگرن . ھەر مانگێک دوای ئەم یاسایە سوپا گرێبەستی دروستکردنی بیناو شوێنی دیکەی پێبەخشرا ، کە نرخ و بەھای پرۆژەکە نزیکەی ١ ملیار دۆلاری ئەمەریکی بوو.


یاسای درێژکرژدنەوەی ماوەی بەندکردنی پێش دادگاییکردن، لە مانگی سێبتەمبەری ٢٠١٣ دا، دەرکرا:


ماوەی دیاریکراوی بەندکردنی پێش دادگایی کردن بۆ ئەوانەی کە بە تۆمەتێک تاوانباردەکران کە سزای حوکمەکەیان ژیان بوو، لابرا و ھاوکاتیش ھەندێک لە کەسانی سیاسی مونشەق ،یاخود ڕاجیاواز بە دەسگیریکردن (حیجز) ،واتە بێ دادگاییکردن، دەتوانرێت بۆ ھەتا ھەتایە لە بەندیخانەدا بھێڵرێنەوە.‌.


یاسای قەدەخەکردنی ناڕەزاییەکان، لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠١٣ دا، دەرکرا:


یاسای قەدەخەکردنی دەربڕینی ناڕەزایی ئامرازێکە بۆ سەرکوتردنی خەڵکی و دەستبەسەرکردن و گرتنی ھەزاران کەس.


یاسای بەگەڕخستنی پارە، لە مانگی نیسانی ٢٠١٤ دا دەرکرا:


ئەم یاسایە لایەنی سێھەم یاساخدەکات لە کردنی یاخود داخوازی ئیستئناف (Appeal) دژی بەخشینی گرێبەستەکان لە لایەن حکومەتەوە. ‌. ئەحمەد عزەت، پارێزەری مافی مرۆڤ، دەڵێت " ئەمە زۆر مەترسیدارە.......تۆ وەکو ھاووڵاتییەک گەر گەندەڵی لە گرێبەستەکاندا ، (واتە دانی یا بەخشینی گرێبەستەکاندا) ببینیت ، ناتوانیت ئیستئناف بکەیت . دەرکردنی یاسایەکی ئاوا خۆی لە خۆیدا گەندەڵییە".


یاسای زانکۆکان ، لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤ دا ، دەرکرا:


بەم یاسایە 'سیسی' دەسەڵاتی بەخۆی داوە کە دەتوانێت سەرۆکی دانشگەکان دانێت و دەریشیان بکات، ھەروەھا ھەر وەکو موبارەک مافی ‌ کۆنترۆڵکردنی داخلییەکانی زانکۆ و دەسگیرکردنی کەسانی دژ و ناڕازی بە سیاسەتەکەی، ھەیە.‌.


یاسای ھەڵبژاردنەکان، کە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤ دا، دەرکرا:


بەم یاسایە سیستەمێکی نوێی دەنگدانی خولقاندووە کە بەرتەری ( ئیمتیاز) بە دەستەبژێرە کۆنەکان و خەڵکانی نێو پارتە لیبراڵەکان و کە لە دوای "شۆڕش " سەریان ھەڵداوە، دەدات . عا‌مر عەبدولڕەحمان دەڵێت " ئەم یاسایە وا دانراوە کە دڵنیایی ساماندارەکان و دەوڵەمەندە موسڵمانەکان بکاتەوە و بۆ ئەوان بێت".


یاسای کەمپەین دژی کۆمەکی پارەی (فەندی) بێیانە، لە مانگی سێبتەمبەری ٢٠١٤ دا، دەرکرا:


بە گوێرەی ئەم یاسایە داواکردنی یاخود پێگەیشتنی پارەی بێیانە بۆ مەبەستی " ئەزێتدانی بەرژەوەندی نەتەوەیی" سزاکەی بەندکردنی ھەتا ھەتاییە. حکومەت دەڵێت ئەمە بۆ تیرۆریستەکان دانراوە. گروپەکانی مافی مرۆڤ کە سەرچاوەی زۆربەی یارمەتی و ھاوکاری پارەیان، لە وڵاتانی دیکەوەیە،‌ دەڵێن بە گوێرەی ڕیزبەندی وشەکانی بڕگەی ئەو یاسایە،‌ دەتوانرێت دژی ئەوان بەکار بھێنرێت، وایان لێدەکات کە تا ڕادەیەک پاشەکشە ‌ لە داواکردنی یارمەتی لە دەرەوەی وڵاتەوە ، بکەن..


فروانکردنی دەسەڵاتی دادگای میللیتەری، لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٤ دا ، دەرکرا:


بەم یاسایە سوپا دەسەڵاتی دادگاییکردنی لە بواری گەورە و لایەنە جیاوازەکانی ژیانی خەڵکیدا پێدراوە ، بۆ نموونە وەکو لەسەر شەقامەکان، پردەکان و زانکۆکان . دەرکردنی ئەم یاسایە گوایە بۆ تیرۆریستانە بەڵام ھاوکاتیش ئاسانکاری بۆ حکومەت دەکات لە دادگاییکردنی ئەندامەکانی ئۆپۆزیسوێنی وڵاتدا لە دادگای سوپادا..


یاسای ئینزار بەرامبەر بە گروپە مافناسەکان، لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠١٤ دا ، دەرکرا:


بەم یاسایە دواوادە بۆ گروپەکانی مافناسی دانراوە ‌ تاکو واژۆی خۆبەستنەوە بە یاساکانی سەردەمی موبارەکەوە بکەن. ، گەر وانەکەن ئەوە ڕووبەڕووی داخستن دەبنەوە . ئەمەش ھەنوکە ڕۆڵی خۆی بینیوە بەوەی کە ھەندێک لەو گروپانە ئەوەندە مەترسییان لێنیشتووە کە لە ‌ ژمارەی کردن و ڕادەی ئاستی چالاکییەکانیان، بکشێنەوە، یاخود سەرجەمی چالاکییەکانیان ھەلبسپێرن.


یاسای تیرۆریزم، لە مانگی دیسەمبەری ٢٠١٤دا ، درافتکراوە:


ئەم یاسایە گەر لە لایەن 'سیسی' یەوە مۆر بکرێت ئەوە پێناسەی تیرۆرریزم فراونتر دەکات بۆ ھەر بوار و شتێک کە " ئەزێتی یەکێتی نەتەوەییی بدات، واتە بۆ یەکێتی نەتەوەیی خراپبێت" تا ئەو ڕادەیەی کە ئەم یاسایە دەتوانرێت دژی ئۆپۆزیسۆن بەکار بھێنرێت. ‌عامر عەبدولڕەحمان دەڵێت " بەڕای من ئەم یاسا نوێیە خراپترین یاسایە... زۆر ناڕوون و ناڕۆشنە تا ئەو ڕادەیەی پەیوەندی بە ھەموو شتێکەوە ھەیە، تا ڕادەیەکیش پێشتر نموونە نەبووە و پێشبینی نەکراوە".
 

١٩\٢\٢٠١٥ - لەندەن

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک