٧\۴\٢٠١٠
خرۆشان.

شاخەوان برایم عەبدوڵا
1
شار خرۆشاوە، هەر کەسە و لە خەمى خۆیدایە کە
بە زووترین کات لە شار دوور کەوێتەوە، دەنگى گریانى منداڵان، نێو شارى
پڕ کردووە، تەواوى خەڵکى، بە بچووک و گەورەوە، بیر لە ڕۆیشتن دەکەنەوە،
بێ ئەوەى بزانن کە چارەنووسیان بە چیدەگات، لە کوێ دەگیرسێنەوە، کەى
هەلى گەڕانەوەیان بۆ دەڕەخسێت، هەمووان سووڕن لەسەر ڕۆیشتن.
هیچ کاتێک، باوکمم بە ترساوى نەدیبوو، هەمیشە وەک پاڵەوانێکى ئەفسانەیی
هەڵسوکەوتى دەکرد و بێ باکانە بەدەم سەختییەکانى ژیانەوە پێدەکەنى و
ژیانى دەگوزەراند. ئەو شەوە سەرم سووڕمابوو لەوەى کە ترس و دڵەڕاوکێ بە
ڕووخسارییەوە دیار بوو، کەچى نەیدەویست وەک کەسێکى ترساو، خۆى لەبەر
چاوى ئێمەدا بنوێنێت، درکم بەوە کردبوو کە خەریک بوو هەترەشى بچێت،
قوڕگى پڕ ببوو لە گریان، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتاکە نەدەگریا، دەویست بەسەر
خۆیدا زاڵ بێت، دڵى ئێمەى دەدایەوە، هەوڵیدەدا ئەو ڕۆیشتنە بە شێوەیەکى
ئاسایی لە ئێمە بگەیەنێت، من باش دەمزانى کە ئەو ڕۆیشتنە بە هیچ
شێوەیەک بە لاى ئەوەوە ئاسایی نەبوو، دەمزانى لەناو خۆیەوە کەسێکى
ترساو بوو، بەڵام لە ڕواڵەتدا وەکو کەسێکى ئاسایی خۆى نیشاندەدا.
چەند خولەکێک، بە بێدەنگى، بەدەم پیاسەکردنەوە، ئەمسەر و ئەو سەرى
حەوشەى دەکرد و خەریکى بیرکردنەوەیەکى قووڵ بوو، پێدەچوو بیەوێت
بەراوردى نێوان دوو شت بکات و نەیدەزانى چۆن و لە کوێوە دەست پێبکات،
هەندێجاریش لە کەسێکى ڕێبوارى دەکرد کە لە دەشتێکدا تووشى ببێت بە دوو
ڕێگەوەو نەزانێت کامیان هەڵبژێرێت، جارجارەش دەوەستاو سەیرى ئاسمانى
دەکرد، دەچووە کۆڵان و لەم خەڵکانەى دەڕوانى کە بە پەلەپروزێوە بە نێو
کوچەو کۆڵانەکاندا دەڕۆیشتن. دەهاتەوە نێو حەوشەکەو هەندێکی تر خۆى
سەرقاڵى پیاسەکردن دەکردەوە، دەچۆوە کۆڵان، دەگەڕایەوە، بە
پلیکانەکاندا سەردەکەوتە سەر خانووەکەوە، دەهاتەوە خوارێ، دوایین جار
کە لە کۆڵان هاتەوە، بێ ئەوەى خۆى خەریکى هیچ شتێکى لاوەکى بکات،
رووبەڕووى ئێمە هات و کەوتە دوان:
شار خرۆشاوە، ئەگەر بێت و تا بەیانى وا بڕوات، شار چۆڵ دەبێت، تەنیا
خێزانێکیش لە شاردا بمێنێتەوە، ئێمە دەبین، چەندى بیر لەم مەسەلەیە
دەکەمەوە، نازانم چ بڕیارێک بدەم، بڕۆین ، یان نەڕۆین، ئەگەر بڕۆین
چارەنووسمان دیار نییە! خۆ ئەگەر نەڕۆینیش هەر چارەنووسمان دیار نییە!
پێم باشە خۆتان ئامادە بکەن، دەبێ ئێمەش بڕۆین، نازانم چۆن بە تەنیا
لێرە بمێنینەوە! شارى بێ مرۆڤ ترسناکە، شار بە مرۆڤەوە جوانە، بە
ئارامییەوە خۆشە، ئەگەر ئەوانەى تێدا نەبێت،شار نییە، چۆن دەتوانین بە
تەنیا لەم جۆرە شارەدا بژین، دڵنیام تا بەیانى چۆڵ دەبێت، شۆک تەواوى
کوچەو کۆڵان و مرۆڤەکانى داگرتووە، چۆن ژیان لە نێو شۆکدا دەگوزەرێت،
تەنانەت خەڵکى ناتوانن بە ئاسایی ڕێبکەن، هەنگاوێک دەهاوێن و ئاوڕێکى
دواوەى خۆیان دەدەنەوە، بەدەمدا دەکەون، منداڵ جێدەمێنێت، دایک و باوکى
ئامادەنین لەسەرى بووەستن، باشتروایە ئێمەش لەگەڵ ئەواندا بین، خۆ
لەوان زیاتر نین ، ئەگەر مردیشین، با لەگەڵ ئەواندا بمرین، تا
جێنەماوین، خێراکەن، خۆتان ئامادە بکەن، نابێت لەوە زیاتر دوابکەوین.
ڕووەو ژوورەکەم کەوتمەڕێ، هەر کە ڕۆیشتمە ژوورەوە، هەرچیەک لە نێو
ژوورەکەدا بوو هاتنە نێو چاومەوە، لام خۆشەویستتر بوون لە جاران، بۆ
ئەوەى زیاتر لە بارودۆخەکە تێبگەم، بە بێزارییەوە ڕووەو پەنجەرەکە
هەنگاوم هاویشت و بە ئاسپایی پەردەکەم هەڵدایەوە، سەیرى نێو حەوشەم کرد،
باوکمم بینى، چەند نانێکى ڕەقى بەدەستەوە بوو، ڕووەو دایکم و "ڕۆژان"ى
خۆشکم دەڕۆیشت، "ڕەوەند"ى براشم خەریکى کۆترەکانى بوو، نازانم نیازى
داخستنى دەرگەى کولانەکەى هەبوو، یان ئاوەڵاى دەکرد، بە هۆى هەورەوە
هیچ ئەستێرەیەک بە ئاسمانەوە نەدەبیندرا، شینایی لە ئاسمان بڕی بوو،
دەتگوت هیچ کاتێک ئاسمان شینایی بە خۆیەوە نەدیوە، کاتێ چاوم کەوتەوە
سەر باوکم، لەگەڵ دایکم نانەکانیان وردکرد و خستیانە نێو گونیەیەکەوە،
هەرکە ئەم دیمەنەم بینى، ترسێک ڕایچڵەکاندم، بەرانبەریان مۆڵەق وەستام،
هەر هێندەم زانى لەگەڵ ناوەوەى خۆمدا کەوتمە قسەکردنەوە:
تێناگەم! دەبێ ئەم نانەیان بۆ چى بێت؟ تۆ بڵێى ئەو شوێنەى بۆى دەچین،
نان و خۆراکى لێنەبێت؟ دیارە باوکم دەزانێت لە کوێ دەگیرسێینەوە، بەڵام
نایەوێت بە ئێمە بڵێت، یان پێدەچێت ئەم ڕۆیشتنە درێژە بکێشێت، دەبێ
خەڵکانى تریش، بیریان لە بردنى نان کردبێتەوە؟ شارێک چۆن دەتوانێت بێ
نان و خۆراک بژیەت، زۆر دەترسم لە تاو برسێتى، خەڵکى پەلامارى یەکتر
بدەن و یەکتر بخۆن، چۆن شتى وا دەبێت؟ بۆ نابێت، سروشتى مرۆڤ وایە، لە
پێناو مانەوە و بەرژەوەندى خۆیدا، هەرچیەکى لە دەست بێت، درێغى ناکات،
زۆر دەترسم، من یەکەم کەسبم بخورێم، دڵنیام من یەکەم کەس دەبم.
هاتمەوە سەر خۆم، چاوم بە نێو ژوورەکەدا گێڕایەوە، تەماشاى هەر شتێکم
دەکرد، زیاتر لە جاران بە لامەوە خۆشەویست دەبوون و ئاواتى ئەوەم
دەخواست کە بمتوانیبووایە ژوورەکەم وەک خۆى کە هەیە، بە تەواوى کەرەسە
و شتەکانى نێویەوە بدەمە کۆڵ و لەگەڵ خۆمیدا بەرم، بەڵام
بیرکردنەوەیەکى پووچ بوو، مەگەر بە خەیاڵ بمتوانیبووایە وابکەم، بە
دەست خۆم نەبوو، ئاو بە چاوەکانمدا هاتە خوارێ، سڕیمەوە، بە نیازى بردن
لەگەڵ خۆمدا، لە نێو چەکمەجەى مێزە دارینەکەدا، ئەلبوومەکەمم هێنایەدەر
و تەماشاى چەند وێنەیەکم کرد و دواتر ڕووەو دەرگەکە هەنگاوم هاویشت،
بەر لەوەى دەرگەکە بە تەواوى کلۆمبدەم، ویستم بۆ دوایین جار تەماشایەکى
ترى نێو ژوورەکەم بکەمەوە، ئینجا دەرگەکە کلۆمبدەم، چاوم کەوتە سەر ئەو
کتێبەى کە چەند ڕۆژێک بوو خەریکى خوێندنەوەى بووم، هێشتاکە لە نیوەیدا
بووم، پاڵەوانى نێو ڕۆمانەکە خەڵکى شارێکى دابووە دواى خۆى و بەرەو
بەرزاییەکى نادیار هەنگاوى دەهاویشت و بێ سڵەمینەوەش خەڵکەکە شوێن پێى
هەنگاوەکانى ئەویان هەڵدەگرت، هەندێجاریش ترسێک لە ڕۆیشتن پەشیمانى
دەکردەوە، خەڵکەکە لەگەڵ ئەودا دەوەستان، بێ ئەوەى قسە بکەن، چاوەڕێى
فەرمانى ئەویان بوو، ئیدى هێزێک تواناى دەدایەوە بەر و هەنگاوەکانى
زیاتر لە جاران خێراتر دەهاویشت، ئەو کاتەى دەستم لە خوێندنەوەى
ڕۆمانەکە هەڵگرت، پاڵەوانەکە بەرەو لوتکە هەڵدەکشا، زۆر پەرۆشى ئەوە
بووم کە بزانم لەم دیوى لوتکەکەوە چارەنووسى خەڵکەکە بە چیدەگات و
پاڵەوانەکە چۆن هەڵسوکەوت دەکات.
هەر کە کتێبەکەم بینى، یەکڕاست بۆى گەڕامەوە، گرتمە دەست و تێیڕامام،
بە دەست خۆم نەبوو کە دەبووایە لەگەڵ خۆمیدا بەرم، بۆ ئەوەى کە لەو
شوێنەى لێى دەگیرسێینەوە بتوانم تەواو بیخوێنمەوە، چونکە لەم ساتەدا
درکم بەوە کرد کە چارەنووسى پاڵەوان و خەڵکى شارەکەى نێو ڕۆمانەکە،
لەگەڵ خەڵکى شارەکەى من کە بەم تاریکەشەوە ڕێگەیەکى نادیاریان
هەڵبژاردووە، هەمان چارەنووسیان هەیە.
مەوداى نێوانى مێزە دارینەکە و دەرگەى ژوورەکەم، تەنیا سێ چوار
هەنگاوێک دەبوو، بەڵام هەرچەند دەمکرد نەمدەتوانى بگەمە لاى دەرگەکەوە،
هەنگاوێکم بۆ لاى دەرگەکە دەهاویشت، دەگەڕامەوە دواوە، ئەم حاڵەتەم
دووبارە و چەند بارە کردەوە، بۆ دوایین جار بڕیارى ئەوەمدا کە ژوورەکە
جێبهێڵم، بەر لەوەى بگەمە دەرگەکە، لە پڕێکدا باوکم بە دەنگێکى بەرز،
هاوارى کرد بەسەرمدا، ئەوە چیدەکەیت؟ لە کەیەوە خۆت لە ژوورەوە ئاخنیوە،
بۆ نایەیتە دەرەوە؟ جەنابت دیارە نازانى شار کەسى تیا نەماوە؟
ئەم چەند قسەیەى زۆر بە توڕەیی دەربڕین، دەتگوت نیازى شەڕکردنى
لەگەڵمدا هەیە و دەیەوێت پەلامارم بدات، بۆیە بە تەواوى شڵەژام، چونکە
هیچ کاتێک باوکمم بەم شێوە توڕەییەوە نەدیبوو، ئەمشەوە بە تەواوى
هەڵچوو بوو، هێندەى نەمابوو هۆشى لە دەستبدات.
بە پەلەپروزێ، دەرگەکەم کلۆمدا، وەک سەربازێک چۆن لەبەردەم ژەنەڕاڵێکى
بەرەى جەنگدا، دەوەستێت و چاوەڕێى وەرگرتنى فەرمانێک دەکات، منیش بە
هەمان شێوە لەبەردەمى وەستام، هیچ قسەیەکم بۆ نەدەکرا، هەندێ بە قووڵى
سەیرى نێو چاوى کردم، دواتر زۆر بە ئارامى دەستى خستە سەرشانم، سەرم
سووڕما، چونکە من چاوەڕێى ئەوەبووم کە زیاتر بە تووڕەیی قسەم لەگەڵدا
بکات، بەڵام بە پێچەوانەوە، بە قوڕگێکى نزیک لە گریانەوە، ئەم چەند
قسەیەى لەگەڵدا کردم:
بمبوورە، کەمێک هەڵچووبووم، بۆیە بە توندى هاوارم بەسەرداکردى، باش
دەزانم کە تۆ ناتەوێت بڕۆین، بڕوابکە منیش وەک تۆ نامەوێت ماڵ و
شارەکەى خۆمان جێبهێڵین، بەڵام چیبکەین، ناچارین، نیگەران مەبە، خۆ بە
یەکجارى دەست لەم شارە هەڵناگرین، ئێمە بەم شارەوە جوانین، لێرە لە
دایکبووینە، لێرەش بەختەوەر دەبین، چۆن دەتوانین بە یەکجارى لە بیر
خۆمانى بەرینەوە، سروشتى مرۆڤ وایە، کاتێک لە شوێنێ لە دایکدەبێت، ئیدى
تا لە ژیاندا ماوە، بەو شوێنەوە پەیوەست دەبێت، ئێمەش بەم شارەوە
پەیوەستین، دەبێ هیوامان بە گەڕانەوە هەبێت، ئەگەر بۆ تەنیا ڕۆژێکیش
بێت، هەر دەگەڕێینەوە.
2
چەند خولەکێک، پێش هەڵکشانمان بە کێوەکەدا، لە نزیکى ئێمەوە، لە نێو
ئاپۆرەى بێشوومارى خەڵکیدا، دەنگى قیژە و هاوارى ژنێک هاتە گوێمەوە،
هەندێجاریش بە قوڕگێکى تێکەڵ بە گریانەوە، دەیگوت:
چۆن بڕۆم؟ ژانم گرتووە، ناتوانم ڕێبکەم، توخودا جێم مەهێڵە، خۆ هێشتاکە
خەڵکى ماون، ئەم پەلەپەلى ڕۆیشتنەت لە چیدایە؟ توخودا بە تەنیا جێم
مەهێڵە، دەترسم بەهۆى ئەم ژانەمەوە سەربنێمەوە.
کاتێک ئەم چەند قسەیەم بەر گوێ کەوت، ویژدان ڕایچڵەکاندم، بێزارییەکى
قووڵ، هەموو ئەندامەکانى گیانمى گرتەوە، گیانم کەوتە لەرزەوە، ئەژنۆم
شل بوو، خەریک بوو مێشکم لەسەر خۆم نەمێنێت. هەر چۆنێک بوو، بۆ
ماوەیەکى کورت، توانیم دان بە خۆمدا بگرم، بەڵام بە دەست خۆم نەبوو،
بەرەو لاى ژنەکە کەوتمەڕێ، هەندێ بە دیارییەوە وەستام، لەسەر
بەتانییەکى قوڕاوى ڕاکشابوو، جار جارە، لە نێوانى هەر چەند لەحزەیەکى
کورتدا، تەماشایەکى شەرم ئامێزى منى دەکرد، دوایی هەندێ قسەى توندى
ئاڕاستەى پیاوەکەى کرد:
هەى خوێڕى، ناپیاوى بێ وەفا، بیرت چۆتەوە؟ ئەو کاتانەى دەهاتیتە لام،
وەک منداڵ لەبەرم دەپاڕایتەوە تا لەگەڵتدا بخەوم. بیرت چۆتەوە؟ ئەو
ڕۆژەى کە لە پارکە گشتییەکەى شاردا، داوام لێکردى سکەکەم لەبار بەرم،
ئەى تۆ نەبوویت دەتگوت:
لە سایەى منداڵدا دەحەسێینەوە، نابێت لە ناوى بەرین، ئەوە دیارى خودایە،
مرۆڤ چۆن دەبێت دیارى خودا ڕەتکاتەوە، شتى وا نابێت، چۆن دەستکارى ئیشى
خودا بکەین؟ گوناهبار دەبین.
خۆت باش دەزانیت کە حەزم بە منداڵ نەبوو، تۆ حەزت پێى بوو، هەمووى
خەتاى تۆ بوو، خۆ ئێمە هێشتاکە خۆمان بچووکین، منداڵمان بۆچیبوو؟
ئەگینا منیش ئێستاکە بە پێى خۆم، لەگەڵ ئەو خەڵکەدا دەڕۆیشتم.
ڕۆچوومە نێو خەمێکى قووڵەوە، ماوەیەک بوو، چاوم لەسەر ژنەکە
هەڵنەبڕیبوو، کاتێک سەرم هەڵبڕى، نزیکەى پانزە تا بیست کەسێک کە
پێکهاتبوون لە ژن و منداڵ و پیاوەوە، لە چوار دەورى ئێمەوە کۆببوونەوە،
ماوەیەک بە چاوى بەزەییەوە، تەماشاى ژنەکەیان کرد و بێ ئەوەى هیچ
یەکێکیان قسەیەکى لەزاردا بێتەدەرەوە، یەک بە دواى یەکدا، بە ئاڕاستەى
بەرزایی کێوەکە کەوتنەڕێ. هەر کە ئاوڕێکى ترى دواوەى خۆم دایەوە، باوکم
و دایکم لەگەڵ "ڕۆژان"ى خوشکم و "ڕەوەند"ى برام لە پشت منەوە وەستابوون،
بە هەمان شێوەى کۆمەڵە کەسەکەى تر، ئەوانیش هیچ قسەیەکیان لەدەم
دەرنەچوو، هەندێ تەماشاى ژنەکەیان کرد، لەم کاتەدا، تەماشایەکى دایکمم
کرد، چەند دڵۆپە فرمێسکێک بە چاوییەوە دیاربوون.
لە پڕێکدا، باوکم بێ ئەوەى هیچ قسەیەکى لەزاردا بێتەدەر، بە تووڕەیی
گرتى بە قۆڵم و بە دواى خۆیدا کێشى کردم، چەندى تکام لێى کرد کە
هاوکارییەکى ئەو ژنە بکەین، چونکە پیاوەکەى بە تەنیا لێرە جێیهێشتووە،
خەریکە منداڵى دەبێت، با لەگەڵ خۆماندا بیبەین، من دەیخەمە کۆڵ خۆمەوە،
یاخود ماوەیەک بە دیارییەوە بووەستین تا سکەکەى دادەنێت، بەڵام هیچ
یەکێک لە پێشنیارەکانى منى قەبووڵ نەکرد، دوایی ئێمەش جێمانهێشت.
بۆ دوایین جار، ئاوڕێکى ترى ژنەکەم دایەوە، بە تەنیا لەسەر پشت
ڕاکشابوو، کەس بە لایەوە نەدەچوو، هیچ جووڵەیەکم لێى بەدى نەکرد،
دووبارە کەوتمەوەڕێ، لە لێوارى ئەو باریکە ڕێگەیەى کە خەڵکەکەى پێدا
هەڵدەکشا، منداڵێکى پێنج شەش ساڵان، بە مردوویی فڕێدرابوو، چەند
هەنگاوێک لەو لاى تەرمى منداڵەکەوەش، پیرێژنێک لە ڕێگەکە هەڵدێرابوو،
سەرى دابووى لە بەردێکى گەورە و خوێن پڕژابووە سەر زەویەکە و تێکەڵ بە
باراناوەکە ببوو، لەوەى دەکرد تازە گیانى دەرچووبێت، چونکە هێشتاکە
خوێنەکەى سوور دەچۆوە.
هەنگاو دواى هەنگاو، ماندووتر دەبووین و بەردەوامیش ڕێگەمان دەبڕى،
چەند جارێک داوامان لە باوکم کرد کە ماوەیەکى کەم بووەستین و پشوویەکى
کورت بدەین، بەڵام ئەو تەواوى داواکانى ڕەتکردەوە، تا دەهات هەڵکشان بە
کێوەکەدا سەختتر دەبوو، ئەو کاتانەى تەماشاى خوارەوەم دەکرد، دونیام
وەک تۆپێکى بچووک دەبینى، ئەو کات زۆر هەستم بە ترس دەکرد، چونکە هیچ
کاتێک دونیام بەم شێوە ترسناکە نەدیبوو، مرۆڤ کەمتر لە شاردا هەست بە
ترس دەکات، لە شاردا هەر کەسە و خەریکى ئیش و کارى ڕۆژانەى خۆیەتى،
ژیان لە نێو شاردا فەوزایەکە و کەس ناپڕژێتە سەر شتى لاوەکییەوە، لە
نێو شاردا کەسى سادە زۆر بە کەمى هەلى بۆ دەڕەخسێت بیر بکاتەوە،
ئەوانەى لە نێو فەوزای شاردا، بیردەکەنەوە و باس لە سەختى ژیان و ترس
دەکەن، کەسانێکى دەستەبژێرن و زۆر جار وەک کەسانێکى سەر لێشێواو، لە
لایەن خەڵکانێکى سادەى نێو شارەوە، سەیر دەکرێن و رووبەڕووى گاڵتەجاڕى
دەبنەوە، بەڵام لە دواییدا و وەکو ڕەمز تەماشایان دەکرێت و بۆ هەتاهەتا
بە نەمرى دەمێننەوە.
چەندان جار، لە فیلمەکاندا، بینیبووم کە مرۆڤەکان کاتێک رووبەڕووى
ژیانى نێو کێوەکان دەبوونەوە، ژیانێکى تا ئەوپەڕى سەختیان دەگوزەراند،
وام هەست دەکرد کە ئەو جۆرە ژیانە سەختە، داهێنانى کامێرایە و دوورە لە
ڕاستییەوە. ئینجا زانیم کە ژیان پڕیەتى لە ترس و سەختى، ژیان لە
کێوەکاندا سەختە و مرۆڤ دەبێ خۆڕاگربێت، بۆ ئەوەى بتوانێت بەردەوامى بە
مانەوەى خۆى بدات.
لەسەر لوتکەى کێوەکەدا، تەماشایەکى ترى خوارەوەم کرد، سەرم سووڕما،
هەستم بەوەکرد کە لە بەرزترین شوێنى گەردووندابم، لەو دیوى کێوەکەوە،
ڕووبارێکى پێچاوپێچ هەر ئەوەتەو بە چاو دەبیندرا، هەندێ کەس خەریکى
پشوودان بوون، هەندێکى تریش بە هەمان ئەو ڕێگە باریکەى کە پێیدا
سەرکەوتبوون، بە پێچەوانەوە، دادەبەزینە خوارێ.
دابەزین بە کێوەکەدا، زۆر سەختتر بوو لەسەرکەوتن بەسەریدا، مرۆڤ بە
دەست خۆى نەبوو، هەنگاوەکانى بێ ئیرادەى خۆى خێراتر دەبوون، لە کاتى
هەڵکشانمان بە کێوەکەدا، جێهێشتنى ژنەکە و تەرمى پیرێژنەکە زۆر کاریان
کردە سەر دەروونم، بەڵام لە کاتى دابەزینماندا، دیمەنى ئەو پیاوە
بەساڵداچووەم، هیچ کاتێک بیر ناچێتەوە کە چەند هەنگاوێک لە پێش منەوە،
لە کاتى ڕێکردندا، لە ڕێگەکەوە هەڵدێراو لەو بەرزییەوە کەوتە خوارێ،
تەنیا لە لەحزەى یەکەمدا، هاورێکى کزى لێوەهات و دواتر دەنگ و ڕەنگى بۆ
هەمیشە سڕایەوە.
سات دواى سات، ویژدان ئازارى ناوەوەى دەدام، لەم کاتەدا حەزم دەکرد
ببوومایەتە پاڵەوانێکى ئەفسانەیی و تەواوى خەڵکەکەم بدابووایەتە دواى
خۆم و بە هەمان ئەو ڕێگەیەى کە پێیدا هاتبووین، بەرەو شار
بیانمگەڕاندبووایەتەوە، بەڵام نەمدەتوانى، تەنیا ئارەزووێکى پووچ بوو،
مێشکمى تەنیبۆوە، هیچ ڕێگەیەکى ترم لە پێشدا نەبوو، جگە لەوەى کە
دەبووایە منیش هاوشانى خەڵکەکە هەنگاو بهاوێم، بەرەو ئەو شوێنەى کە
نەمدەزانى کەوتۆتە کوێندەرى سەر زەوى.
3
لە نێوانى دوو کێوى بڵندەوە و لە ژێر خیوەتدا گیرساینەوە، مەوداى
نێوانى هەر خیوەتێکیش کەمتر لە هەنگاوێک دەبوون، زوو زوو بارانێکى توند
دەبارى و لە بەرزایی کێوەکانەوەش باراناو دەڕژایە ژێر خیوەتەکانەوە و
تەنگى بە خەڵکەکە هەڵدەچنى.
برسێتى و پەتایەکى توندى سکچوون و ڕشانەوە، باڵیان بەسەر خەڵکیدا
کێشابوو، رۆژ نەبوو هەواڵى مردنى یەکێک، یان دووان و زیاتریش بە گەورە
و بچووکەوە بە نێو خیوەتگەکەدا بڵاو نەبێتەوە، تەنیا جارێکیش لە لایەن
دەوڵەتەوە، تیمێکى پزیشکى نێردرا، ئەویش چەند پزیشکێکى پاک و تەمیز
بوون، بە قێزەوە تەماشای چوار تا پێنج کەسێکیان کرد و پاشان بێ ئەوەى
قسە لەگەڵ کەسیتردا بکەن، بە پەلەپروزێ ڕۆیشتن.
ژیان سات دواى سات، ڕووەو لوتکەى بێزارى و سەختى هەڵدەکشا، مرۆڤ ، تا
دەهات هەیبەتى لاوازتر دەبوو، سروشتى مرۆڤەکان، وەها گۆڕابوو، لە هیچ
شتێک سڵیان نەدەکردەوە، گوێیان بە شەرم نەدەدا و هەر چۆنێک بیانویستایە،
وا هەڵسوکەوتیان دەکرد، ڕەچاوى ماف و بەرژەوەندى بەرانبەرەکەیان
نەدەکرد و خۆپەرستى ڕەگى لە قووڵایی ناوەوەى مرۆڤەکان داکوتابوو، تا
دەهات پتەوتر دەبوو و زیاتر گەشەى دەکرد.
دزى و ڕفاندنى ژن و توندوتیژى مرۆیی بە لاى هەندێ خەڵکەوە ئاسایی ببوون،
تەنانەت گەیشتبووە ئەو ئاستەى کە لە شێوەى گروپێکى ڕێکخراو دەرکەوتبوون
و لە هەر دەرفەتێکدا، هەڵیاندەکوتایە سەر ماڵان و دزى و ڕفاندنى خەڵکى
لێدەکەوتەوە.
ئەو شەوەى کە باوکم بە دەستى " قالە سمێڵ" و پیاوەکانى کوژرا، بە
پێچەوانەى جارانى پێشووترەوە، بارانێکى نەرم نەرم دەبارى و دەنگى سەگ
نێو خیوەتگەکەى پڕکردبوو، لە سەرەتاى ڕووداوەکەوە بە ئاگابووم، بەر لە
ڕووداوەکە، هەر لە خۆمەوە، ترسێک ڕۆچووبووە دەروونمەوە، چەند جارێک، بە
ئاسپایی دەرگە پەڕۆینەکەى خیوەتەکەم هەڵدایەوە و تەماشاى دەرەوەم کرد،
جگە لە دەنگى سەگ و هاتووچۆیان بە نێو خیوەتەکاندا، هەستم بە هیچ شتێکى
تر نەکرد، لە نێو درزى دەرگە پەڕۆینەکانى چەند خیوەتێکى نزیکمانەوە،
ڕووناکییەکى کز دەکەوتنە بەر چاوم، ڕۆیشتمەوە ژێر پێخەفەکەمەوە، لەبەر
خۆمەوە بیرم دەکردەوە، نازانم چۆن بوو، بیرم بۆ ئەوە ڕۆیشت کە منیش ببم
بە یەکێک لە پیاوەکانى "قالە سمێڵ" و فەرمانەکانى ئەو جێبەجێ بکەم،
تەکنیکى نوێ بدۆزمەوە بۆ ڕفاندنى ژن و کچانى نێو خیوەتگەکە و بکەومە
دواى ئارەزووەکانى خۆمەوە، دەم و دەست پەشیمان دەبوومەوە، نا چۆن دەبێ
من شتى وا بکەم، ئەوە لە من ناوەشێتەوە، منێکى خوێندەوار، چۆن دەبێ بیر
لە شتى وا بکەمەوە. هەندێجاریش بە خەیاڵ خۆم بە یەکێک لە پیاوەکانى "نورە
کەتن" دادەناو هەڵمدەکوتایە سەر ماڵان و هەر چییەکم بکەوتبایەتە دەست،
تاڵانم دەکرد، لەم خەیاڵکردنەوانەدابووم، لە پڕێکدا، بە هۆى ئەو دەنگى
پێیانەى کە لە نێو قوڕاوەکەدا، لە نزیکى خیوەتەکەى ئێمەوە، کەوتنە بەر
گوێمەوە، ڕاچڵەکیم، شڵەژام، ماوەی چەند خولەکێکى کورت، هەستى خۆم
ڕادێرا، تا دەهات دەنگى پێیەکان زیاتر و نزیکتر دەبوونەوە، هێندەى
نەبرد، یەکێک زۆر بە ئاسپایی، بە چەقۆیەک ئەو بەنە باریکەى کە دەرگەى
خیوەتەکەمان پێ بەستابۆوە، پچڕاند و خۆى کرد بە ژێر خیوەتەکەوە، لە
دەرەوەش چەند کەسێکى تریش دیار بوون، ترس دایگرتم، هەرچەندى دەمکرد،
نەمدەتوانى بانگى باوکم بکەم، چونکە لەبەر خۆمەوە دەمگوت: با کەمێک
چاوەڕێ بکەم، بزانم چیدەکەن، لەوانەیە بێ ئەوەى هیچ شتێک ئەنجام بدەن،
لە کۆڵمان ببنەوە و بەرەو لاى کارى خۆیان بڕۆن، زۆر بە نهێنى، لە ژێر
بەتانییەکەوە، سەیرى پیاوەکەم کرد، ناسیمەوە "قالە سمێڵ" بوو، هەر ئەو
دەم، سێ لە پیاوەکانیشى، خۆیان کرد بە ژێر خیوەتەکەوە "قالە سمێڵ"
هەندێ چاوی بەسەر ئێمەدا گێڕا، پاشان بەتانییەکەى سەر منی هەڵدایەوە و
تەماشایەکى خێرای منى کرد و بەتانییەکەی دایەوە بەسەر سەرمدا، دیسانەوە
لە ژێر بەتانییەکەوە تەماشام کردنەوە، ئەمجارەیان بەرەو لاى "ڕۆژان"
رۆیشت، ئەوەبوو بەتانییەکەى ئەویشی لەسەر سەرى هەڵدایەوە، یەکڕاست
دەستى خستە سەر دەمى و دەم و دەست، پیاوەکانى لەژێر پێخەفەکەیان
هێنایەدەر "ڕۆژان" چەند جارێک بە قوڕگێکى نووساوەوە، بە نزمى، بانگى
باوکمى کرد، شڵەژام، هەڵچووم، هەستم کرد کە دەیانەوێت "ڕۆژان" ببەن،
بۆیە بەتانییەکەم لەسەر خۆم هەڵدایەوە و لە هەمان کات و لەحزەشدا،
باوکم لە خەو هەڵسا، دواى یەک لەحزە لە تەماشاکردنى دیمەنەکە و بێ
ئەوەى من و باوکم تەنیا قسەیەک لەگەڵ یەکدا بکەین، بە یەکەوە، پەلامارى
"قالە سمێڵ" و پیاوەکانیماندا، لە ژێر خیوەتەکە بووە دەنگە دەنگ و
بینەو بەردەیەکى زۆر، بەم هۆیەوە دایکم و "ڕەوەند"ى براشم لە خەو
هەڵسان و هاتنە نێو ڕووداوەکەوە"قالە سمێڵ"و پیاوەکانى بە هەر جۆرێک
بوو، توانیان "ڕۆژان" ببەنە دەرەوە، پەلامارى ئێمە بۆ بەرەنگاریکردن لە
"ڕۆژان" بەردەوام بوو، بەڵام ئەوان لە هەوڵى ئەوەدابوون کە بە زووترین
کات "رۆژان" لەگەڵ خۆیاندا بەرن و ئەوێ جێبهێڵن، لە کاتى هەڵاتنیاندا"
قالە سمێڵ" بەرەو ڕووى باوکم گەڕایەوە، چەقۆیەکى لەسەر سەرى بردە
خوارەوە، دەم و دەست باوکم کەوتە سەر زەویەکە و گیانى دەرچوو، ماوەى
چەند لەحزەیەکى کورت، ڕۆیشتینە سەر تەرمەکەى باوکم، کاتێک ویستمان بە
دواى "قالە سمێڵ" و پیاوەکانیدا بڕۆینەوە، ئیدى ئەوان دیار نەبوون و "ڕۆژان"یشیان
لەگەڵ خۆیاندا بردبوو.
بۆ بەیانییەکەى تەرمەکەى باوکممان لە بنارى کێوەکاندا و لەو گۆڕستانەى
کە تەمەنى لەگەڵ دروستبوونى خیوەتگەکەدا، دەستى پێکردبوو، بە خاکمان
سپارد، دواى ناشتنى تەرمەکەش، خیوەت بە خیوەت، بە دواى سۆراخى "ڕۆژان"دا
گەڕاین، هیچ سۆراخێکیمان نەزانى، ئەوەى کە ئەودەم بۆ ئێمە، جێگەى
ئومێدێکى بچووک بوو، ئەوەبوو کە چەندان جارى تریش "قالە سمێڵ"و
پیاوەکانى، کردەوەى لەم جۆرەیان لە نێو خیوەتگەکەدا ئەنجامدابوو، دواى
چەند شەوێکى کەم، لە پڕێکدا و لە نیوەى شەودا، ژنە ڕفێندراوەکەیان بە
چاو بەستراوى و لە هەمان ئەو شوێن و خیوەتەى کە لێیان ڕفاندبوو،
دادەناو کەسیش نەیدەزانى کە بەرەو چ لایەک دەڕۆیشتنەوە و لە کوێ خۆیان
دەشاردەوە!
بێ ئەوەى کەسمان بۆ تەنیا چرکەیەک، خەو چووبێتە چاویەوە، شەوى سێیەمى
دواى ڕووداوەکەشمان بەڕێکرد، تەواوى ئەو ماوەیە، لە چاوەڕوانى
گەڕانەوەى "ڕۆژان"دا بووین، نەگەڕایەوە، شەوى پانزەمیش کۆتایی هات، هەر
نەگەڕایەوە، چاوەڕوانى خەریک بوو لە نێو خۆیدا بزرم بکات، بێ ئومێدى
تاسەر ئێسقان ڕۆچووبووە نێو بوونمەوە، هێندەى نەمابوو، بە یەکجارى
بوونم بسڕێتەوە، بەڵام هەرچى هێز و بیرکردنەوەم هەبوو، خستبوومە گەڕ،
بۆ ئەوەى بەسەر خۆمدا زاڵبم، بە خەیاڵ ئومێدم دروست دەکرد، وام لە خۆم
دەگەیاند کە "ڕۆژان" دەگەڕێتەوە، هەر ئەودەمیش کۆشکى ئومێدە
خەیاڵییەکەم، دەڕووخاو لە خۆمم دەپرسى: دەبێ بگەڕێتەوە؟
لە نێوانى ئەم پانزە شەوەى کە باوکمى تێدا کوژراو "ڕۆژان"ى تێدا
ڕفێندرا، بە هەمان شێوە، لە لایەن "قالە سمێڵ"و پیاوەکانییەوە، چەندان
ژن و کچى تریش لە نیوەى شەودا، بەڵام بێ ئەوەى هیچ کەسێکى تر بکوژن،
ڕفێندران، دواى چەند شەوێکى کەم، تەنانەت یەکێک لە ژنە ڕفێندراوەکان،
هەر هەمان شەوى ڕفاندنەکەى و دواى دەستدرێژییەکى زۆر، گەڕێندرانەوە
شوێنەکەى خۆیان.
هیچ یەکێک لە ژنە ڕفێندراوەکان، سۆراخى "ڕۆژان"یان نەدەزانى، بە هۆى
ئەوەى کە لە کاتى ڕفاندنیاندا، بە توندترین شێوە، چاوبەست کرابوون و بە
کۆڵیش بردرابوون، تەنیا هەستیان بەوەکردبوو کە زۆر لە خیوەتگەکەوە دوور
نەخراونەتەوە، ئەو شوێنەى کە تێیدا دەستدرێژییان کراوەتەسەر، ژێر خیوەت
بووە، چونکە بە هۆى "با"و بارینى بارانەوە، هەستیان بەو نهێنییە کردووە.
ئەو بەیانییە زووەى کە لە خەو هەڵسام، یەکڕاست تەماشایەکى وردى نیو
خیوەتەکەم کرد، دایکم هێشتاکە لە خەودابوو، بەڵام "ڕەوەند" لە ژێر
پێخەفەکەیدا هاتبووەدەر و لە نێو خیوەتەکەش نەمابوو، سەرەتا تاڕادەیەک
بەلامەوە ئاسایی بوو، بەڵام کاتێک لە دەرگەى خیوەتەکەم ڕووانى، بە هۆى
ئەو کاغەزەى کە بە داوە بەنێکى باریکەوە، بەدەرگەکەوە هەڵواسرابوو،
ترسێک بە گیانمدا گەڕا، شڵەژام، بە پەلەپروزێوە لە جێگەى خەوەکەم
هاتمەدەر و بەرەو کاغەزەکە ڕۆیشتم، گرتمەدەست، هەرچەندى دەمکرد،
نەمدەوێرا بیخوێنمەوە، چونکە هەر لە خۆمەوە هەستم دەکرد، لەگەڵ
خوێندنەوەى کاغەزەکەدا ڕووداوێکى ترم بۆ زیاد دەبێت، بەڵام خۆ هەر
دەبووایە بخوێندرێتەوە، دواتر هەر چۆنێک بوو کەوتمە خوێندنەوەى:
دایکە...
کاکە...
هەر چەندە گومانم نییە، لەوەى کە منتان خۆشدەوێت، ئەگەر بەڕاستى لاى
ئێوە خۆشەویستم، نامەوێت خەم بۆ منیش بخۆن، دڵتەنگ مەبن، پێتان سەیر
نەبێت کە من ئێستاکە لە ژیاندا نەماوم، بەرانبەر دارستانەکەى خوار
خیوەتگە، لە نێو ڕووبارەکەدا خنکاوم، لە هەمان ئەو شوێنەى کە ماوەیەک
لەمەو پێش، تەرمى منداڵەکەیان لێ دۆزییەوە، تەرمى منیش لەوێدایە،
بمبوورن ئەگەر تەرمەکەم لەوێ نەبوو، من لەوێ خۆم خنکاندووە، لە
دەسەڵاتى مندانییە ئەگەر ئاوەکە منى بۆ شوێنێکى تر بردووە.
ئەمە باشترین ڕێگەیەک بوو کە بەوپەڕى بڕواوە هەڵمبژاردووە، ڕۆژ دواى
ڕۆژ ، ژیانم زیاتر بەرەو ئاڵۆزى دەڕۆیشت، کوژرانى باوکم و ڕفاندنى "ڕۆژان"
بەم شێوەیە نەبووایە، هیچ کاتێک و بە هیچ جۆرێک بیرم نەدەچۆوە، کوژرانى
باوە بە لاى منەوە، وەک کوژرانى تەواوى ڕەگەزى مرۆڤایەتى وابوو،
کاتێکیش مرۆڤایەتى بکوژرێت، من بۆ نەمرم، هەستم دەکرد، دواى ئەو، بوونى
من پێویست نەبوو، منێکى بێ توانا کە بە بەرچاومەوە "ڕۆژان" ڕفێندرا و
باوەش کوژرا، نەمتوانى بەرەنگاریان لێ بکەم، مرۆڤ ئەگەر نەیتوانى
بەرەنگارى لە هاوڕەگەزەکانى خۆى و نزیکترین کەسەکانى بکات، بۆ مردن
نەبێت، بۆ هیچ شتێکى تر باش نییە، ئەو کاتە هیچم بۆ نەکرا، ئەى
لەمەودوا چیم بۆ دەکرا، دڵنیام بۆ دۆزینەوەى "ڕۆژان"یش هیچم لە دەست
نەدەهات.
دەزانن، چەند ناخۆشە، مرۆڤ لە ژیاندا بەبێ هێزى بسووڕێتەوە، من هەستم
دەکرد بێ هێزترین مرۆڤى ئەم دونیایەم، بۆیە بڕیارمدا کە نابێت لەوە
زیاتر ببمە بارگرانى بەسەر ژیانەوە، مرۆڤى بێ هێز بەسەر مرۆڤەکانى
ترەوە دەبێتە بار گرانى، حەزم نەکرد من لەو جۆرە مرۆڤانەبم.
تکایە هەر کاتێک گەڕانەوە شار، هەر چەندە نازانم دەگەڕێنەوە، یاخود نا،
بەڵام ئەگەر گەڕانەوە، یەکڕاست سۆراخى کۆترەکانم بکەن، ئەگەر مابوون،
زۆر ئاگاداریانبن، ئەوان تاڕادەیەک هۆى بەختەوەرى من بوون، خۆ من بە
هۆى خۆشەویستى ئەوانەوە، لە خوێندن دوور کەوتمەوە، توخودا ئاگاداریانبن.
بمبوورن، زۆر شتى تریش مابوون کە بیانووسم، بەڵام نەمتوانى لەوە زیاتر
بنووسم، دەترسام بەم کارەم بزانن و بمخەنە ژێر چاودێرى خۆتانەوە، مرۆڤ
ئەگەر لەژێر چاودێریدابوو، بێ ماناترین ژیان دەگوزەرێنێت، نەمتوانى
ژیانم بێ مانا بێت.
دواى خوێندنەوەى یەکەم و دووەمى نامەکە، من و دایکم بە پەلەپروزێ،
خۆمان گەیاندە هەمان ئەو شوێنەى کە لە نامەکەدا ئاماژەى پێدرابوو، نە
بەزیندوویی و نە بە خنکاوى "ڕەوەند"مان نەبینى، بەڵام من دڵنیابووم کە
لە نێو ڕووبارەکەدا خنکاوە، چونکە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانى ئەو لە
ژیانیدا ئەوەبوو کە بڕیارى لەسەر هەر شتێک بدابووایە، زۆر بە خێرایی
جێبەجێى دەکرد، تەنانەت ئەگەر بیزانیبووایە زیانیشى بۆى دەبێت، بە
لایەوە گرنگ نەبوو، بەڵکو گرنگ ئەوەبوو کە جێبەجێى بکات و خۆى لە ژێر
قورسایی ئەو بڕیارەى دابووى، بهێنێتەدەر.
کات ڕووەو ئێوارە هەڵدەکشا، هێشتاکە لە قووڵایی ڕووبارەکەمان دەڕوانى،
هیچ شتێک سەرنجى بۆ خۆى ڕانەدەکێشاین، لەو کاتەدا حەزم دەکرد جووڵەى
گەردوون بەدەست من بووایە، بۆ ئەوەى بیوەستێنم، تا بەرەنگارى هاتنى
تاریکى ببمەوە، بەڵام زۆر بە هێواشى، هەستم دەکرد کە هێزى تاریکى ڕووەو
ئێمە دەهات و باوەشى پیاماندادەکرد و نەمدەتوانى بەرەنگارى ببمەوە.
نێوانى من و دایکم، نزیکەى بیست هەنگاوێک دەبوو، لە بەیانییەوە بێ
ئەوەى زۆر قسە لەگەڵ یەکدا بکەین، بەردەوام لە ڕووبارەکەمان دەڕوانى،
لە پڕێکدا ، دایکم ناوى هێنام، ڕاچڵەکیم،، بە ترسەوە ئاوڕم لێى دایەوە،
بەرەو لاى من هەنگاوى دەهاویشت، لەبەرى هەڵسامەوە و بەرەو ڕووى هەنگاوم
هەڵێنا، دواى چەند لەحزەیەک تێڕامان لە نێو چاوى یەکترى، دایکم بە
قوڕگێگى پڕ لە گریانەوە کەوتە قسەکردن:
کوڕم، ئێمە لە بەیانییەوە لەسەر ئەم ڕووبارە وەستاوین، بە هیچ شێوەیەک،
نە بە خنکاوی و نە بە زیندوویی "ڕەوەند" دیار نییە، خەریکە چاوەڕوانى
دەمکوژێت، ناتوانم لەوە زیاتر دەستەوئەژنۆ دانیشم و چاوەڕێى ئەوەبم
تەرمەکە لە خۆیەوە لەژێر ئاوەکەدا بێتەدەر، دەبێ ڕێگەیەکى تر بدۆزینەوە،
بۆ ئەوەى بتوانین تەرمەکە بهێنینەدەر.
چ جۆرە ڕێگەیەک؟
دەبێ کەسێکى مەلەوان، بڕواتە ژێر ئاوەکەوە، ئەوسا بە ئاسانى تەرمەکە
دەدۆزرێتەوە.
دایکە، خۆت دەزانى کە من مەلە نازانم، لەم ڕۆژگارەشدا کەس هاوکارى کەس
ناکات، ئەوەتا لە بەیانییەوە ئێمە لێرەین، بەدەیان کەس بێرەدا ڕەتبوونە،
کەسێک سڵاوی لێ نەکردووین، ئیدى چۆن هاوکاریمان دەکەن.
دەزانم تۆ مەلە نازانى، من مەبەستم تۆ نییە، ئەگەر خۆشت بتەوێت بچیتە
نێو ئاوەکەوە، من ڕێگەت نادەم، هەر تۆم ماوە، چۆن ڕێگەت دەدەم شتى وا
بکەیت.
ئەى مەبەستت چییە و دەتەوێت چیبکەین؟
چەند ڕۆژێک بەر لە ڕووداوەکەى ئەوشەوە، وا ڕێکەوت کە من و پورە فاتیمە
و پێنج شەش ژنى تر، نزیک ماڵى پورە فاتیمە یەکترمان گرتبوو، ئیدى بۆ
خۆمان باسى ئەو ڕەوشە ناخۆشەمان دەکرد کە ئێمەى تێکەوتووین، هەر کەسە و
باسى شتێکى دەکرد، ئەوەبوو یەکێک لە ژنەکان ئاماژەى بەوەدا کە کوڕێکى
گەنج کە وەختى خۆى لە شاردا، لە مەلەوانگەدا کارى کردووە، ئێستاکەش
لێرەدا ئەم شارەزاییەى کە هەیەتى، وەک پیشەیەک بۆ پەیداکردنى پارە
بەکار دەهێنێت، کەسانى خنکاو لە ڕووباردا بە پارە دەردەهێنێت، پێت باش
نییە کە ئێمەش بڕێ پارەى بدەینێ و تەرمەکەمان بۆ بدۆزێتەوە؟
ڕێگەیەکى باشە، بەڵام من دەترسم بەو پانزە بیست دینارەى کە هەمانە،
ڕازى نەبێت، تەنانەت بە قەرزیش، کەس ئامادە نییە پارەمان پێبدات، ئەى
چۆن ڕازى بکەین؟
لەوانەیە بەو پارەیەى کە هەمانە، ڕازى بێت، خۆ ئەو چیدەکات، تەنیا ئیشى
نیو کاتژمێریەتى و بۆ خۆى دەڕواتەوە ماڵ، خۆ قابیلە لە سوود بەو لاوە
زەرەرى تێدا بکات.
چۆن بتوانین ئەو کوڕە مەلەوانە بدۆزینەوە؟ ئەى ئەو ژنە نەیگوت کە لە چ
خیوەتێکدا دەژیەت؟ خۆت باش دەزانى دۆزینەوەى ئاسان نییە، بە هەزاران
ماڵ لەم خیوەتگەیەدا دەژین، ئێستاکە پێم بڵى چۆن بیدۆزینەوە؟
ئەو ژنەى کە باسى ئەو کوڕەى بۆ ئێمە گێڕایەوە، پورە فاتیمەى هاوسێمان
دەیناسێت، من لێرە دەبم ، ئاگام لە ڕووبارەکە دەبێت، تۆ بڕۆ بۆ لاى
پورە فاتیمەو با ئەو ناونیشانى ئەو ژنەت بداتێ، لە ڕێگەى ئەو ژنەوە
کوڕەکە دەدۆزرێتەوە، هەر ئێستاکە بڕۆ، تا زیاتر درەنگتر نەبووە،
هەوڵبدە هەر چۆنێک بێت، ڕازى بکەیت، ئەگینا تەرمەکەمان بۆ نادۆزرێتەوە.
لە ڕێگەى پورە فاتیمەوە، ژنەکەم دۆزییەوە، ئەویش ناونیشانى کوڕە
مەلەوانەکەى پێمدا و هەر هەمان کات ئەویشم دۆزییەوە، گەنجێکى باریکەلەى
موو ڕەش بوو، باڵاى کورت و جل شڕ بوو، ئەوەى بەزەیی بێت لە ڕووخساریدا
بەدیم نەدەکرد، زۆر بە ڕێزەوە بەرەو ڕووى وەستام و لەگەڵى کەوتمە
گفتوگۆوە:
بموورە، کاتەکەشى ناوەختە، هیوادارم بێزارم نەکردبیت.
بە پێچەوانەوە، فەرموو هەر کارێکت هەیە، شەرم مەکە بیڵێ، ئەگەر لە
تواناى مندا بێت، بە چاوان بۆتى جێبەجێدەکەم.
ئەوەى ڕاستى بێت، ناونیشانى تۆیان داومەتێ، گوایە تۆ شارەزاییت لە
مەلەکردندا هەیە، نازانم جەنابت شارەزاییت لە مەلەکردندا هەیە؟
بەڵێ، من مەلەوانێکى باشم، لە شاریشدا هەر ئەوە پیشەم بووە، بڵێ، هیچ
بووە؟
کارێکى زۆر گرنگ و بە پەلەم پێت هەیە، لە بەیانییەوە برایەکم لە خوار
خیوەتگەکەوە، لە ئاوى ڕووبارەکەدا خنکاوە، تا ئەم لەحزەیەش تەرمەکەیمان
بۆ نەدۆزراوەتەوە، بۆیە هانام وەبەر جەنابت هێناوە، بەڵکو تەرمەکەیمان
بۆ بدۆزیتەوە، زۆر مەمنوونت دەبین.
ئەو شوێنەى براکەتى تێدا خنکاوە، زۆر لە خیوەتگەکەوە دوورە؟
زۆر نا، هەر لاى دارستانەکەوەیە، لەوانەیە پێنج تا دە خولەکێک لە
خیوەتگەکەوە دوور بێت. ئەگەر پەلە بکەین زۆر باشە، چونکە ئێستاکە دایکم
چاوەڕێى ئێمە دەکات، بەدبەختەى خەریکە لە تاوا لە هۆشخۆى بچێت.
خۆت دەزانى لێرە هیچ کارێک نییە، مرۆڤ خۆى پێیەوە خەریک بکات و بژێوى
ژیانى لێوە بەدەست بکەوێت، بۆیە منیش ئەو شارەزاییەى کە لە مەلەکردندا
هەمە، کردوومەتە پیشەیەکى سەرەکى، بۆ ئەوەى بتوانم بڕێ پارەم دەستکەوێت،
لەگەڵ ئەوەى کە ئێستاکە نێو ئاوەکە زۆر ساردە، بەڵام هەر چۆنێک بێت،
توانیومە چەندان تەرم لە ئاوەکە دەربهێنم.
کەواتە لەگەڵ منیش دێیت بۆ دۆزینەوەى تەرمى براکەم؟
بەڵێ، لەگەڵ تۆش دێم، بەڵام دەبێ پیشەکى بڕى سەد دینارم بدەیتێ، ئینجا
خۆم دەخەمە نێو ئاوەکەوە، کەمتر لە سەد دینار ناتوانم ئەم کارەت بۆ
ئەنجام بدەم.
ئاخر بۆ ئێستاکە سەد دینار پارەیەکى گەڵێک زۆرە، ئێمە ئەو پارەیەمان بۆ
دابین ناکرێت.
بەڕێزم، من بە زۆر ئەو پارەیەت لێناسەنم، بەڵکو لەبڕى ئەوەى کە من
ژیانى خۆم دەخمە مەترسییەوە ئەو پارەیەت لێ وەردەگرم، ئەگەر زۆر
مەمنوونیش نەبیت، لەگەڵت نایەم.
تکایە بە هەڵە لێم تێمەگە، ئەگەر هەمبووایە، زۆر لەوە زیاتریشم پێتدەدا،
لە پێناوى دۆزینەوەى تەرمەکە، چونکە ئێمە ئەو برایەمان زۆر خۆشدەویست،
هەرچییەکى بۆ بکەین، هێشتاکە قابیلى ئەو نییە. تکایە هاوکاریمان بکە،
ئەو پارەیەمان بۆ دابین ناکرێت، کەسیش بە قەرز نامانداتێ.
دیارە تۆ ئەوە بە هاوکاریکردن نازانیت کە تەرمەکەتان بۆ
دەدۆزمەوە،ئەگەر بە پارەش بێت، کاتێک تەرمێک لە ئاوى ڕووبارەکە
دەردەهێنم، لاى خۆمەوە وەک هاوکاری تەماشاى دەکەم. لێرە خۆت دەزانى،
جگە لە من کەسى تر ئەو کارە ناکات، ئەگەر من نەبوومایە، خەڵکى چییان
دەکرد؟ دەبووایە دەست لە تەرمەکانیان بشۆن، دەبێ زۆر مەمنوونیشبن پارەم
پێبدەن، هەرچەندە پارەش مافێکى سروشتى خۆمە کە لە بڕى دۆزینەوەى هەر
تەرمێک لە خاوەنەکەى وەریبگرم.
دەزانم مافى خۆتە پارە وەربگریت، بەڵام خۆ دەبێت تۆش بڕە پارەیەکى وا
داوا بکەیت کە خاوەن تەرمەکە بۆى دابین بکرێت، بڕوابکە بیست دینارمان
لەماڵەوە هەیە، هەموویت دەدەمێ ئەگەر تەرمەکەمان بۆ بدۆزیتەوە.
جا بیست دینار کەى حیسابى پارەى بۆ دەکرێت، حەز ناکەم زۆر یەکترى
ماندوو بکەین، بە ڕاشکاوى پێت دەڵێم کە سەد دینار یەک فڵسى کەمبێت،
تەرمەکەتان بۆ نادۆزمەوە.
جگە لەو بیست دینارەى کە باسم کرد، دایکیشم ئەنگوستیلەیەکى زێڕى لە
پەنجەدایە، ئەویشت دەدەێنێ، زێڕیش هەر پارەیە، بۆ خۆت دەتوانى بە پارە
بیگۆڕیتەوە.
لەوانەیە بە فرۆشتنى ئەو ئەنگوستیلەیەش، هێشتاکە حیسابى پارەکەى من
تەواو نەبێت، باشتر وایە خۆت ئەگەر بۆت دەفرۆشرێت، بیفرۆشە و حیسابەکەى
منى پێ تەواو بکە و ئەوسا منیش تەرمەکەتان بۆ دەدۆزمەوە.
ئێمە کاتمان بەدەستەوە نییە تا ئەنگوستیلەکە بفرۆشین، دەمانەوێت
تەرمەکە بە خێرایی بدۆزینەوە، چونکە ترسى ئەوەمان هەیە کە بە یەکجارى
بزر بێت، تکات لێدەکەم ئەنگوستیلەکەت دەدەینێ، خۆت بیفرۆشە، ئەگەر چەند
دینارێکیش لە حیسابەکەت کەمى هێنا، زۆر مەمنوونت دەبین، ئەگەر وەک
هەڵوێستێکى ئینسانی لێمان خۆشبى، ئەگەر لە حیسابەکەشت زیادى کرد، ئەوا
ئێمەش لێت خۆش دەبین و تا دونیا دونیایە، ئەم چاکەیەت لە بیر ناکەین.
بە مەرجێک لەگەڵت دێم.
بڵێ، بزانم مەرجەکەت چییە؟
من هەوڵى جیدى دەدەم کە تەرمەکە بدۆزمەوە، ئەگەر نەمتوانى، لە بڕى
ماندوو بوونەکەم، بیست دینارەکەم هەر دەوێت، بەڵام کاتێ دۆزیمەوە، بیست
دینارەکە و ئەنگوستیلەکەشم دەوێت، ئەم ڕێکەوتنەمان لە نێواندایە، بیرت
نەچێت، ئەگەر لێى پەشیمان بیتەوە، تەرمەکە دەخەمەوە نێو ئاوەکەوە.
مەرجەکەتم قەبووڵە، بەڵام تا زیاتر درەنگ نەبووە، با بە خێرایی بڕۆین.
گەیشتینە ئەو کەنار ڕووبارەى کە تەرمەکەى لێ بوو، هەرچەندى چاوم گێڕا،
دایکمم نەکەوتە بەر چاو، شڵەژام، ترسێک بە جەستەمدا گەڕا، خەریک بوو لە
هۆشخۆم بچم، وەک شێت تەماشاى چواردەورى خۆمم دەکرد، هێندەم زانى لە نێو
دارستانەکەوە منداڵێکى شەش حەوت ساڵان بەڕاکردن بەرەو ڕووى ئێمە دەهات،
هەستم کرد کە هەواڵى دایکمى لایە، ئەو ڕێگە کورتەى کە لەبەریدابوو، لاى
من ببووە ڕێگەیەکى درێژ و کۆتایی نەدەهات، هەرکە گەیشتە بەردەممان و
یەکڕاست بۆمان هاتە دوان:
من کەمێک پێش ئێستاکە لێرە بووم، بۆ خۆم یاریم دەکرد، پیرێژنێکیش
نازانم بۆ لێرە وەستابوو، جار جارە دەگریا و دوایی لە گریانەکەى
دەوەستا، هێندەم زانى دەنگێک لە نێو ئاوەکەوە بەر گوێم کەوت، ئاوڕم
دایەوە، پیرێژنەکە دیار نەبوو، ترسام، تەماشاى نێو ئاوەکەم کرد،
پیرێژنەکە بوو، خۆى هەڵدابووە نێو ئاوەکەوە، هەر ئەودەم لە نێو ئاوەکە
بزر بوو، چیتر نەمبینییەوە.
دواى تەواو بوونى قسەکانى منداڵەکە، تەماشام کرد کە کوڕە مەلەوانەکە
بەرەو ڕووى خیوەتگەکەوە هەنگاوى دەهاویشت، چەند جارێک بانگم کرد،
نەوەستا، بەدەم ڕێوە ئاوڕێکى خێراى لێم دایەوە و بە جۆرە
گاڵتەجاڕییەکەوە گوتى: تۆ سەد دینارت بۆ تەواو نەدەکرا، ئێستاکە چۆن
دەتوانى دوو سەد دینارم پێبدەیت، تا دوو سەد دینارم بۆ نەهێنى،
تەرمەکانت بۆ نادۆزمەوە.
4
دوو کاتژمێر دەبوو لە پرسگەکەیدا، چاوەڕێى دیدارى "قالە سمێڵ" بووم،
تەواوى ئەو ماوەیە بە بیانووى ئەوەى کە جەنابى لەگەڵ سەرۆک بەشەکانى
فەرمانگەکەیدا، دانیشتنى هەیە، نەمتوانى چاوم پێى بکەوێت، ئەوەى کە
زیاتر منى بێزار دەکرد، ئەوەبوو کە بە بەر چاوى منەوە، سکرتێرەکەى کە
کچێکى باڵا بەرزى ڕەنگ گەنمى بوو، درزى مەمک و قۆڵ و ئەژنۆکانى
بەدەرەوە بوون، مۆڵەتى چوونە ژوورەوەى بە سێ کچى هاوشێوەى خۆیدا.
تەواوى ئەو ماوەیەى کە لە پرسگەکەدابووم، بۆ تەنیا چرکەیەک چییە "ڕۆژان"
لە نێو بازنەى بیرکردنەوەکانمدا دەرنەچوو، بەردەوام بە نێو دەمارەکانى
هەستەوەریمدا دەهات و دەچوو، هێندەى نەمابوو کە بەو هۆیەوە لە هۆشخۆم
بچم.
لە نێو ئەو بیرکردنەوانەدابووم، لە پڕێکدا، دوایین کچ لەو کچانەى کە
ڕۆیشتنە لاى جەنابى بەڕێوەبەر، هاتەدەرەوە، بیرکردنەوەکانى پەرتکردم،
تێیڕامام، پارچە کاغەزێکى بەدەستەوە بوو، جۆرە پەشۆکاویەک بە
ڕووخسارییەوە دەبیندرا، هەندێ خۆى خەریکى ڕێکخسنى جلەکانى کرد، ئینجا
لە سکرتێرەکە نزیک بۆوەو چەند قسەیەکى لەگەڵداکرد و پارچە کاغەزەکەى
دەستى بە سکرتێرەکە نیشاندا، ئەویش دواى خوێندنەوەیەکى خێرا و بە
دەنگێکى تا ڕادەیەک بڵند پیرۆزبایی لێکرد و دەستى بۆ یەکێک لە ژوورەکان
درێژ کرد، دەم و دەست کچەکەش بەرەو ژوورە ئاماژە پێکراوەکە هەنگاوى
هەڵێنا.
دواى ڕۆیشتنى کچەکە، کەمێک لە سکرتێرەکەم ڕوانى، هەستم کرد جۆرە
دڵتەنگییەک بە ڕووخسارییەوە دیار بوو، بەر لەوەى ئەو کاغەزە بخوێنێتەوە،
چەند جارێکى تر تەماشام کردبوو، ئاسایی بوو، بەڵام لەگەڵ خوێندنەوەى
کاغەزەکە هەستم بەو گۆڕانە کرد کە ڕووخسارى گرتبۆوە.
بە بێدەنگى دانیشتبووین، هەریەکە و بیرمان لە شتێک دەکردەوە، من بیرم
لە چارەنووسى "ڕۆژان" و ئەویش پێدەچوو بیر لە هاتنى ئەو کچە بکاتەوە،
لەو بێدەنگییەدابووین، هەر هێندەم زانى هەمان کچە پەشۆکاوەکە خۆى
کردەوە بە پرسگەکەدا، بەپێچەوانەوە، ئەمجارەیان زەردەخەنەیەکى گەش
ڕووخسارى تا ڕادەیەکى زۆر گۆڕیبوو، هەر ئەوەتەو دەناسرایەوە، بە کەمێک
فیزەوە، تەماشایەکى منى کرد و پاشان ئاڕاستەى تەماشاکردنەکەى بەرەو لاى
سکرتێرەکە سووڕاندەوە.
ئەویش بە کەمێک بێزارییەوە، لە کچەکەى پرسى:
ناوت تۆمار کرا؟
بەڵێ، زۆر بە خێرایی ئیش و کارەکانیان بۆ ڕاپەڕاندم.
ئەى پێیان نەگوتى کەى دەست بە کار دەبیت؟
ئەوەى ڕاستى بێت، من نیازى ئەوەم نەبوو کە بەمزووانە دەست بە کار بکەم،
چونکە تازە شووم کردووە و لە دەیەم ڕۆژى مانگى هەنگوینیدام، خەریکى
ڕێکخستنى ماڵم، کاتێ ناوەکەم تۆمار کرا، ناوەکەى نازانم! بەڵام هەمان
ئەو کەسەى کە ناوى تۆمار کردم، لەسەر ڕۆژى دەست بە کار بوونەکەم، بە
تەلەفۆن قسەى لەگەڵ کاک قادردا کرد، ئەوەبوو جەنابى فەرمانى کرد کە
دەبێ لە بەیانییەوە بێمە سەر کارەکەم.
نازانى لە کامە بەش دەست بە کار دەبیت؟ هەر چەندە هەموو بەشەکان وەک
یەکن، جیاوازیان نییە.
بەڵێ، بۆ من بەشەکان جیاوازیان نییە، بەڵام هەر لە تەلەفۆنەکەدا کاک
قادر فەرمانى ئەوەشى دەرکرد کە وەک سکرتێرى خۆى، لەگەڵ تۆدا کار بکەم،
ئەوە فەرمانى خۆیەتى، دەبێ ئێمەش پێوەى پابەندبین.
گوێم لە گفتوگۆکەى نێوانیان گرتبوو، لە پڕێکدا و بە پەلەپروزێوە، چەند
کەسێک کە جلى فەرمیان لەبەردابوو، خۆیان کرد بە پرسگەکەدا، هەر هەمان
کاتیش "قالە سمێڵ" کە بچووکترین مووى بە ڕووخسارەوە نەدەبیندرا، لە
ژوورەکەى هاتەدەر و لە چاوتروکانێکدا بزر بوون.
دواى ڕۆیشتنى ئەوان، هەستم بەوە کرد کە سکرتێرەکەى بە مەبەستى
چەواشەکردن پێى ڕاگەیاندم کە جەنابى بەڕێوەبەر لەگەڵ سەرۆک بەشەکان
دانیشتنى هەیە، بۆیە بە توندى لەگەڵى کەوتمە قسەوە:
تۆ زیاتر لە دوو کاتژمێر دەبێت، بە بیانووى ئەوەى کە جەنابى بەڕێوەبەر،
لەگەڵ سەرۆک بەشەکانى دانیشتنى هەیە، منت وەستاندووە، کەچى ئەوەتانە بە
بەر چاوى ئێمەوە هاتەدەر و کەسى بە دواوە نەبوو، بۆ ڕاستگۆ نەبوویت
لەگەڵمدا؟ من کارێکى زۆر گرنگم پێى هەیە، پەیوەستە بە چارەنووسى
کەسێکەوە، لەو زیاتر کەسى تر چارەنووسى نازانێت.
بەڕێزم، کەمێک ئارام بەرەوە، خۆت دەزانى جەنابى بەڕێوەبەر، ڕۆژانە
زۆربەى ئیش و کارەکانى ئەم شارە، لەڕێگەى تەلەفۆنەوە بەسەر دەکاتەوە،
ئەو کاتى نییە، ئەگەر لێرەش بێت، وەک ئەوە وایە کە لێرە نەبێت، چونکە
هەر وەک گوتم بە هۆى تەلەفۆنەوە سەرقاڵە و ناتوانێت دیدار لەگەڵ هەموو
کەسێکدا ڕێکبخات.
دەزانم سەرقاڵە، خۆ من نەمگوتووە بێ ئیش لێرە دانیشتووە، بەڵام تۆ
دەبووایە ئاگادارت بکردابووایەوە کە کەسێک هاتووە، دەیەوێت چاوى پێى
بکەوێت.
تا خۆى بانگم نەکات، من ناتوانم بچمە ژوورەوە، ئەى چۆن تۆ بەرمە
ژوورەوە؟
من دەڵێم ئاگادارت بکردابووایەوە.
تەنانەت ناتوانم ئاگاداریشى بکەمەوە.
ئەى چۆن ئەو کچانەت بێ پرسى ئەو ناردنە ژوورەوە؟
من ناتوانم بۆ تەنیا خولەکێکیش بێت، کچان لە پرسگەدا ڕاگرم، ئەوە
فەرمانى خۆیەتى کە نابێت هیچ کات و بە هەر هۆیەکەوە بێت، کچان لە
پرسگەدا بهێڵمەوە، من چۆن دەتوانم دەستکارى فەرمانى ئەو بکەم.
بە هەرحاڵ، دەبێ کەى جەنابى بگەڕێتەوە؟
هەر خۆى دەزانێت، لەوانەیە ئەمڕۆکە نەگەڕێتەوە، چونکە تازە کاتەکە
درەنگە، تازە هەر دەبێ بەیانى یان ڕۆژانى تر بێیتەوە، بەڵکو بتوانى
چاوت پێى بکەوێت، من بەڵێنت نادەمێ کە دەتخەمە ژوورەوە، مەگەر خۆى
ئاگادارم بکاتەوە کە دیدار بۆ خەڵکى ڕێکبخەم.
دەبێ هەر چاوم پێى بکەوێت، چونکە ئیشەکەم زۆر گرنگە، خۆشى دەزانێت،
چونکە پەیوەستە بە خودى خۆى و چارەنووسى ئەو کەسەى کە تەنیا ئەو
دەیزانێت.
ئەگەر خۆى دەیزانێت، چۆن دیدارێکت بۆ ڕێکناخات؟
لەوانەیە ئەو بیەوێت لە بیرى خۆى بەرێتەوە، بەڵام من دەمەوێت بیرى
بخەمەوە.
لە نێو دەرگەى هەمان ئەو ژوورەى کە کچەکە ناوى خۆى تێدا تۆمار کرد،
پیاوێکى سک گەورەى چاویلکە لە چاو، بانگى هەمان کچى کرد: خاتوو "نازدار"
بێزەحمەت نایەى قاوەیەکمان لەگەڵدا بخۆیتەوە؟ چیدەکەى لەوێ؟ وەرە لاى
ئێمە پشوویەک بدە.
بێ ئەوەى تەنیا قسەیەک چییە، لە زارى بێتەدەر، هەندێ تەماشاى نێو چاوى
ئێمەى کرد و پاشان ڕووەو پیاوەکە کەوتەڕێ، بۆ دوایین جار لەبەردەم
دەرگەى ژوورەکە ئاوڕێکى لە من و سکرتێرەکە دایەوە و ئینجا ڕۆیشتە
ژوورەوە، پیاوەکەش لە دواى خۆیەوە دەرگەکەی بە هێواشى داخست.
بە هەمان شێوە، منیش بێ ئەوەى هیچ قسەیەکى تر لەگەڵ سکرتێرەکەدا بکەم،
تەماشایەکى قووڵى نێو چاویم و کرد و پاشان فەرمانگەکەم جێهێشت.
بە پێچەوانەى جارى پێشووترەوە، دیسانەوە شار خرۆشایەوە، ئەمجارەیان
خەڵکى لە نێو خۆیاندا ببوونە چەند بەشێک و پەلامارى گەڕەکەکانى
یەکتریان دەدا، هەر گەڕەکە و چەندین دەستە و گروپى تێدا دەرکەوتبوون،
هەندێ لە گروپەکان یەکیان گرتبوو و پەلامارى ئەوانى تریان دەدا، ماوە
ماوە پەلاماردانەکان دەوەستان و دواى ماوەیەکى کورت، دیسانەوە سەری
هەڵدەدایەوە و بە شێوەیەکى تر ترسى دەخستە نێو گەڕەکەکانەوە، تا دەهات
هاتوچۆى نێوان گەڕەکێک بۆ یەکێکى تر، بەر تەسکتر دەبۆوەو پەشێوى زیاتر
گەشەى دەکرد، مرۆڤەکان بەردەوام بەرانبەر بە یەکترى، تەکنیکى تازەی
جەنگى دەروونی و توندوتیژى جەستەییان دادەهێنا و هەوڵى سەرکوت کردنى
یەکتریان دەدا.
لە نێو ئەو فەزا خرۆشاوەى شاردا، دیسانەوە، دواى دەیەمین رۆژ بەسەر
تێپەڕبوونى ئەو ڕۆژەى کە نەمتوانى جەنابى بەرێوەبەر ببینم، خۆم
گەیاندەوە فەرمانگەکەى. ئەمجارەیان بڕیارمدابوو کە دەبووایە بە هەر
شێوەیەک بێت، چاوم بە جەنابى بەڕێوەبەر بکەوێت و چارەنووسى "ڕۆژان"ى
لەگەڵدا باس بکەم.
مێزەکە لە شوێنەکەى خۆى نەمابوو، هەندێ لە کورسییەکان کەم کرابوونەوە "نازدار"
لە بەردەم مێزەکە دانیشتبوو، سکرتێرەکەى پێشووش بە خەمبارییەوە لە
سووچێکى پرسگەکەوە لەسەر کورسییەکى کۆن دانیشتبوو، هەستم بە گۆڕانێکى
زۆر دەکرد کە لە ماوەى ئەو چەند ڕۆژەى کە "نازدار" وەک سکرتێرى تازە
دەست بە کار ببوو، ڕوویدابوو، سکرتێرەکەى تر هەندێ تەماشاى کردم و
دواتر لێمى پرسى:
دیسانەوە دەتەوێت چاوت بە جەنابى بەڕێوەبەر بکەوێت؟
بەڵێ، ئەى نەمگوت زۆر پێویستە و دەبێ هەر جەنابییان ببینم، ئێستاکە
دەتوانم چاوم پێى بکەوێت؟
من نازانم! "نازدار"خان دەیزانێت، دەتوانى پرسیار لەو بکەیت.
تەماشایەکى "نازدار"م کرد، دەستى بۆ سەر یەکێک لە کورسییە دارینەکان
درێژ کرد و فەرمووى دانیشتنى لێکردم، دەم و دەست لەسەر هەمان ئەو
کورسییەى کە ئەو ئاماژەى بۆ کردبوو دانیشتم، لەو کاتەدا خزمەتگوزارێک
هاتە ژوورەو پارچەیەک پەڕۆى بەدەستەوە بوو، هەندێ سەر مێزەکەى "نازدار"ى
سڕیەوەو بەرەو لاى تەلەڤزیۆنەکە ڕۆیشت، بە هەمان شێوەى مێزەکە،
تەلەڤزیۆنەکەشى سڕیەوەو پاشان ژوورەکەى جێهێشت، هەر دواى دەرچوونى
ئەویش، کوڕە گەنجێکى تر بە خۆی و سینیەک چایەوە هاتە ژوورەکەوە و هەر
یەکە و چایەکى بۆ داناین و ئیدى ڕۆیشت.
ماوەیەک بێدەنگ بووین، دوایی بێدەنگییەکەم شکاند و پرسیم:
خاتوو "نازدار" بێزەحمەت ئاگادارى جەنابى بەڕێوەبەر بکەوە کە من
ماوەیەکە دەمەوێت بۆ مەسەلەیەکى گرنگ چاوم پێى بکەوێت.
تازە هاتۆتەوە، جارێ هێشتاکە ماندووە، دەبێ چاوەڕێ بکەیت تا کەمێک پشوو
دەدات.
ئاخر من زۆر دەمێکە خەریکى ئەو دیدارەم، تا درەنگتر بێت بۆ من خراپە،
کارێکى زۆر گرنگم پێى هەیە، پێش ئەوەى بەڕێزتان دەست بەکاربن، بەو
خاتوونەم گوتووە کە ئەم دیدارەى من پەیوەستە بە چارەنووسى کەسێکەوە کە
تەنیا ئەو دەیزانێت، بۆیە ناکرێت لەوە زیاتر دوا بخرێت، زۆر مەمنوون
دەبم، ئەگەر ئاگادارى بکەیتەوە.
ئێمە لەو گفتوگۆیانەدابووین، لە پڕێکدا زەنگێک لە نێو پرسگەکەدا
بەرزبۆوە، بێ ئەوەى "نازدار" ڕووخسەت لە من بخوازێت، بە خێرایی چووە
ژوورەوە، دڵم خۆشبوو کە دیارە جەنابى بەڕێوەبەر دەیەوێت دیدار بۆ
میوانەکان ڕێکبخات، ئێ خۆ بە تەنیا منیش لە پرسگەکەدابووم، بۆیە پێم
وابوو کە یەکەم کەس دەبم چاوم پێى بکەوێت. نزیکەى پێنج تا هەشت
خولەکێکى برد "نازدار" نەگەڕایەوە، تەماشایەکى سکرتێرەکەم کرد،
زەردەخەنەیەکى بۆم کرد و ڕووى وەرگێڕا، دیسانەوە تەماشاى کردمەوە و
ئینجا بە شێوەیەکى نزیک لە گاڵتەجاڕییەوە گوتى:
بۆ خۆت تاماوەیەکى تریش چاوەڕێ بکە، خاتوو "نازدار" بەمزووانە نایەتە
دەرەوە، ئەو ئیشى گرنگى لەگەڵ جەنابى بەڕێوەبەردا هەیە، تا جێبەجێى
نەکەن نایەتەدەرەوە.
یەکسەر لە مەبەستى قسەکەى گەیشتم، وەڵامم دایەوە:
لەوانەیە ئیشەکەیان تایبەتى بێت، قەیناکە چاوەڕێ دەکەم تا تەواو دەبن.
ئاخر ئەگەر بێتەدەرەوش حەوسەلەى ئەوەى نابێت کارەکەت بۆ ڕایی بکات،
چونکە ماندوو دەبێت.
ماندوو بوونى بۆ چییە، هەر دواى تەواو بوونى کارەکەیان، بە چەند
خولەکێک هەر دووکیان دەگەڕێنەوە بارى ئاسایی خۆیان، خۆ بە کێودا
هەڵناگەڕێن، پێویستیان بە کاتێکى زۆر هەبێت تا دەحەسێنەوە.
برا وا بزانم تەواو لە مەبەستى قسەکانى من گەیشتوویت؟
بەڵێ، بەڵێ، زۆر بە چاکى لە مەبەستى قسەکانت گەیشتووم، پێم وابێت هەر
بۆیەش بەڕێزت لەسەر مێزەکەت دانەنیشتوویت، وا بڕوات لێرەشت دەردەکەن،
داخوا دەتگوازنەوە بۆ چ بەشێکى ترى فەرمانگەکە.
خۆشم دەزانم کە هەر چەند ڕۆژێکم ماوە، لەوانەیە هەر لە فەرمانگەکەش
دەربکرێم.
هەر هێندەم زانى کە لە پڕێکدا "نازدار" خۆى کردەوە بە پرسگەکەدا و بە
جۆرە شڵەژاویەکەوە فەرمووى لێکردم کە بڕۆمە ژوورەکەى جەنابى بەڕێوەبەر،
بە مەبەستى دیدار، بەر لەوەى لە دەرگەکە ڕەتبم هۆشدارى ئەوەى پێمدا کە
دیدارەکەم کورت خایەن بێت.
لەسەر یەکێک لەو کورسییە دارینانەى کە لە نزیکى کورسى و مێزەکەى ئەودا
بە ڕێکى ڕیز کرابوون، دانیشتم، هەر ئەودەم چایەچییەکەى سەر و چاى بۆ
هاوردین، هەندێ تەماشاى یەکتریمان کردو پاشان دەستمان کرد بە
خواردنەوەى، چاوێکى خێرام بە نێو ژوورەکەیدا گێڕا، دەرگەیەک کەوتە بەر
چاوم کە پێدەچوو ژوورى تایبەتى بێت، لە سووچێکیشدا کتێبخانەیەکى بچووک
کە نزیکەى پەنجا تا شەست کتێبێکى تێدا بوو، سەرنجى بۆ خۆى ڕاکێشام،
تەماشایەکى ترى چایەکەم کردەوە، هێشتاکە پیاڵەکە بە نیوە نەببوو،
دیسانەوە کەوتمەوە خواردنەوەى، دوایین چۆڕى چایەکەم خوارد و مەبەستى
دیدارەکەمم بۆى ڕوونکردەوە، سەرەتا ئاسایی وەریگرت، بەڵام کاتێک هەستى
بەوەکرد کە من لەسەر مەسەلەى چارەنووسى "ڕۆژان" پێداگرى دەکەم، شڵەژا،
هەڵچوو، دەم و دەست بە تەلەفۆن بانگى "نازدار"ى سکرتێرى کرد و ئەویش
بانگى پاسەوانەکانى و ئەوانیش بە قۆنداغە تفەنگ بەربوونە گیانم، لە
ژوورەکەى "قالە سمێڵ"ەوە تا نێو حەوشەى فەرمانگەکە، بە لێدان دامیانە
پێش خۆیان، لە نێو حەوشەکەش بەردەوام بوون لەسەر ئازار دانم، بەم
هۆیەوە تەواوى فەرمانبەرەکان لە ئێمە کۆبوونەوە، هیچ یەکێکیان دەنگى
لێوە نەهات، تەماشایەکى خێرایانم کردن، هەندێ خەریکى ڕۆیشتن بوون بۆ
ژوورەکانى خۆیان و هەندێکیش وەک چۆن بە دیار فیلمێکى کۆمیدییەوە بووبن،
بە دیار ئێمەوە پێدەکەنین، پاشان تا بەر دەرگەى فەرمانگەکە لەگەڵ
پاسەوانەکاندا هاتن، دوایی منیان لەسەر شەقامەکە جێهێشت و ئەوانیش
شانبەشانى پاسەوانەکان گەڕانەوە نێو فەرمانگەکە و هەر چۆنێک بوو خۆم
گەیاندەوە ماڵەوە.
دوو ڕۆژ دواى ڕووداوەکە، بەیانییەکى زوو، تازە لە خەو هەڵسابووم،
هێندەم زانى لە دەرگە درا، بەدەم ئێش و خاوە خاوێکەوە، بەرەو دەرگەکە
کەوتمەڕێ، کردمەوە، کوڕە گەنێکى چاویلکە لە چاو بوو، هەندێ تەماشاى
کردم و ئینجا گوتى:
بێزەحمەت ئێرە ماڵى هەرمانە؟
بەڵێ، خۆم هەرمانم.
من پەیامنێرى ڕۆژنامەى .....م، دەتوانم هەندێ قسەت لەگەڵدا بکەم؟
لەبارەى چییەوە قسە بکەین؟
زانیومانە کە بەڕێزتان دوو ڕۆژ لەمەوبەر، بە فەرمانى بەڕێوەبەرى
فەرمانگەى ..... لە لایەن پاسەوانەکانییەوە لێتدراوە، دەمەوێت لەم
بارەیەوە هەندێ قسەت لەگەڵدا بکەم.
دەکرێت بزانم کە ئەو هەواڵەتان چۆن و لە لایەن کێوە دەستکەوتووە؟
یەکێک لە فەرمانبەرانى فەرمانگەکە، ئەم هەواڵەى پێداوین.
مەبەستت چییە؟ دەتەوێت لە ڕۆژنامەکەتاندا بڵاوى بکەیتەوە؟
بەڵێ، ئەگەر جەنابت حەز بکەیت؟ بە پێچەوانەوە، ئەگەر حەز نەکەیت بڵاوى
ناکەینەوە؟
فەرموو، وەرە ژوورەوە، بە چاوان، تەواوى زانیارییەکانت پێدەدەم.
بۆ بەیانییەکەى بە خێرایی خۆم گەیاندە یەکێک لە ڕۆژنامەفرۆشەکانى نێو
شار و ڕاستەوخۆ هەمان ئەو رۆژنامەیەم گرتەدەست کە پەیامنێرەکەى ئاماژەى
بە ناوەکەیدابوو، لە لاپەڕەى یەکەمیدا و بە مانشێتێکى گەورە،
ڕووداوەکەى منیان دەرخستبوو، خەریکى خوێندنەوەى ناواخنى هەواڵەکە بووم،
لە پڕێکدا، چەند کەسێک کە هەمان جلى ئەو پاسەوانانەیان لەبەردابوو کە
ئازاریاندام، تەواوى ژمارەکەى ئەو ڕۆژەیان کۆکردەوە و ئەو دانەیەى کە
بە دەست منیشەوە بوو لێیانسەندم و هەمووانیان خستە دواوەى یەکێک لە
ئۆتۆمبێلەکانیان و ڕۆیشتن.
تازە خۆر ئاواببوو، لە ژوورەکەى خۆمدا خەریکى خوێندنەوەى کتێبێک بووم،
بێدەنگى تەواوى ماڵەکەمانى داگرتبوو، هەر لە خۆمەوە هەستم دەکرد ئەو
شەوە گۆڕانێک لە ڕەوتى ژیانم ڕوودەدات، بەڵام نەمدەزانى کە ڕووداوەکە
چییە و چۆن ڕوودەدات! چەند جارێک کتێبەکەم دادەنا و هەڵمدەگرتەوە،
دەمخستەوە نێو ڕەفەکەیەوە، دەمهێنایەوە خوارەوە، لەو جموجۆڵانەدابووم،
لە دەرگە درا، شڵەژام، ویستم دەرگە نەکەمەوە، دیسانەوە لێدرایەوە،
کەمێک خۆم دواخست، تا دەهات زیاتر بە توندى لە دەرگەکە دەدرا، بە
پەلەپروزێ خۆم گەیاندە دەرگەکە و کردمەوە، هەمان پاسەوانەکانى "قالە
سمێڵ" بوون، دەم و دەست چاویان بەستم و خستمیانە دواوەى ئۆتۆمبێلێک و
بە خێرایی کەوتنەڕێ، نزیکەى بیست تا سى خولەکێک ڕێگەمان بڕى، دوایی
ئۆتۆمبێلەکەیان وەستاند و بە چاو بەستراوى منیان دایە پێش خۆیان، هەندێ
قسەیان لەگەڵ یەکێکدا کرد و دواتر دەنگى کردنەوەى دەرگەیەکى ئاسنین
کەوتە بەر گوێم، بەر لەوەى بمخەنە نێو ژوورەکەوە، چاویان کردمەوە،
هۆلێکى گەورەى تاریک بوو، بە سەدان کەسى تێدا بوو، توڕیان هەڵدامە
ژوورەکەوە، لە هەمان لەحزەشدا دەرگەکەیان داخستەوە.
هەستم کرد کە ئیدى ڕەوتى ژیانم گۆڕا، تەماشایەکى وردى نێو هۆلەکەم کرد،
هەندێ خەریکى تەماشاکردنى من بوون و هەندێکیش لە خەوێکى قووڵدابوون،
لەو هۆلە گەورەیەدا، تەنیا دوو ڕووناککەرەوەى کارەبایی تیابوو، ئەویش
بە هۆى گەورەیی شوێنەکە و دووکەڵى جگەرەوە، هەر ئەوەتەو ڕووناکیان هەست
پێدەکرا، لە سووچێکى هۆلەکەدا یەکێک بە ئیشارەى دەستەکانى بانگى کردم،
سەرەتا ویستم بەدەم داواکەیەوە نەچم، دووبارە و چەند بارەى کردەوە، بە
نێو زیندانییەکاندا هەنگاوم بەرەو لاى هاویشت، پەرژینێکى لە کارتۆن بە
چواردەورى خۆیدا دروست کردبوو، لەسەر سەریشیدا هەندێ جل و ئاوێنەیەکى
درز تێکەوتووى هەڵواسیبوو، ڕووخسارێکى تا ئەوپەڕى ناشیرینى هەبوو،
دەتگوت تازە لە نێو دارستانێکى سووتاوەوە گەڕاوەتەوە، بە دەنگێکى ناشاز
فەرمووى دانیشتنى لێکردم، بە بێزارییەوە دانیشتم، چاوى پڕییە نێو
چاوەکانم، لە نێو چاوەکانیدا هەستم بەوە دەکرد کە ئومێدى بە ژیان
نەماوە، تەنیا ئومێدێکیشى هەبێت، ئەوەبوو کە بتوانێت پارێزگارى لە
سووچە پەرژینکراوەکەى بکات، ماوەیەک بە دیار یەکەوە دانیشتین، دواتر
هەڵیدایە قسان:
ناوت چییە؟
هەرمان.
لەسەر چى دەستگیر کراویت؟
ئەو چیڕۆکە دوور و درێژە، هەر وا بە ئاسانى ناگێڕدرێتەوە.
من چوار ساڵ و سێ مانگ و چەند ڕۆژێکە، لەم سووچەدا، ژیان دەگوزەرێنم،
بەر لەوەى دەست بەسەر ئەو سووچەشدا بگرم، یەک دوو مانگى تریشم لە
زیندانێکى تردا گوزەراندووە، من لە لایەن بەرپرسانى زیندانەوە کراوم بە
چاودێرى ئەم هۆلە، هەر کەسێک بێتە ئێرە، دەبێ لە لاى من ناوى خۆى تۆمار
بکات، دەبێ بزانم لەسەر چى دەستگیر کراوە، تۆش بە هەمان شێوە پێم بڵێ
لەسەر چى دەستگیر کراویت؟
ئاخر هەر وەکو گوتم چیڕۆکێکى درێژە، ئێستاکە ناتوانم تەواوى چیڕۆکەکەت
بۆ بگێڕمەوە، با بۆ کاتێکى تر بێت، بە چاوان هەموویت بۆ باسدەکەم.
هیچ جارێکى تر زیندانت دیوە؟
نەخێر.
بۆیە شارەزای نێو زیندان نیت؟ ئەو کەسەى کە ڕێگەى دەکەوێتە زیندانەوە،
خۆى نییە، دەبێ هەر چییەکى پێگوترا جێبەجێى بکات، تۆش ئێستاکە کەسێکى
زیندانیت، دەبێ هەر چییەکت پێدەگوترێت، جێبەجێى بکەیت، بۆیە ئێستاکە
دەمەوێت تەواوى چیڕۆکەکەتم بۆ بگێڕیتەوە.
ئەو ساڵەت بیرە کە تەواوى خەڵکى شار، لە ژێر خیوەتدا ژیانیان
دەگوزەراند؟
بەڵێ، باشم بیرە، هیچ کاتێک بیرم ناچێتەوە، بەڕاستى ژیانێکى سەخت بوو.
لە یەکێک لە نیوە شەوەکانى ئەو ساڵەدا، چەند کەسێک هەڵیانکوتایە سەر
ماڵمان، ئەو شەوە، باوکم بە دەستى ئەو کەسانە کوژراو خوشکێکی گەنجیشم
هەبوو، ئەویشیان ڕفاند، ئێستاکە من ئەو کەسەم دۆزیوەتەوە کە سەردەستەى
ئەو کردەوەیە بوو، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، چاوم پێى کەوت و داواى
چارەنووسى خوشکەکەمم لێیکرد، خۆى لێ بێبەرى کرد و ئەوەتا منى بەو
هۆیەوە زیندانى کردووە.
دیارە ئەو کەسە دەستى دەڕوات، وا تۆى زیندانى کردووە؟
بەڵێ، لەوانەیە خۆشت بیناسیت، ئێستاکە بەڕێوەبەرى فەرمانگەى ...... یە
و دەیان پاسەوانى تایبەتى بۆ دابینکراوە، بە ئارەزووى خۆى و بۆ
بەرژەوەوندى تایبەتى بەکاریان دەهێنێت.
بەڵێ، ناویم بیستووە، بەڵام لە نزیکەوە ڕووخساریم نەدیوە.
زۆر جار لە تەلەڤزیۆنەکاندا دەردەکەوێت، سەرەتا من نەمدەزانى کە هەمان
ئەو کەسەیە، بیرم بۆ شتى وا نەدەچوو کە پیاوێکى وەک ئەوە، ئەو
بەرپرسیارێتییەى پێبدرێت، دوایی یەکێک ئەو زانیارییەى پێمدا، ئەوەبوو
منیش ناسیمەوە، چونکە لە خیوەتگەکەدا بەر لەوەى دەست بەو کارانە بکات،
چەند جارێک بینیوبووم.
ئێمە لەو قسانەدابووین، لە پڕێکدا دەنگێک لە دەرگەکەوە هات و پاشان
کرایەوە، زیندانییەکان هەر یەکە و کوپێکى بەتاڵیان بە دەستەوە گرت و
بەرەو دەرگەکە کەوتنەڕێ، تێکقژقژان، کەس بە کەس نەبوو، نێو هۆلەکە
خرۆشا، هەستم بە دڵتەنگییەکى زۆر کرد، دەبێ لەمەودوا منیش بەم جۆرە بۆ
تەنیا چایەک ڕٍیز ببەستم و یەکێکبم لە پێکهاتەى ئەو تێکقژقژانە، لەگەڵ
ناوەوەى خۆمدا قسەم دەکرد، هەر هێندەم زانى پیاوەکە گوتى:
تۆش بڕۆ کوپێک چاى بێنە.
من حەزم پێى نییە، ئێستاکە دڵم بۆى ناچێت.
خۆ نەمگوتووە بۆ خۆت چاى بێنە.
ئەى بۆ کێ چاى بێنم؟
بۆ من.
ئەوە کەى ئیشى منە چاى بۆ تۆ بێنم.
پێم گوتى بڕۆ.
ئاخر بۆ خۆت ناچیت؟ من هێشتاکە شارەزای وەرگرتنى چاى نەبوویمە.
زۆرى لەسەر مەڕۆ، ئەگینا چى خراپە پێتى دەکەم، تۆ تازە دەبێ لەژێر
فەرمانى مندابیت، هەر چییەکم گوت دەبێ بۆمى جێبەجێ بکەیت، تێگەیشتى؟
بەڕێزم، من هەر یەک دوو رۆژ لێرە دەمێنمەوە، هاکا ئازاد کرام.
بیر لە ئازادبوون مەکەرەوە، هەموو ئەوانەى یەکەم ڕۆژ دەخرێنە
زیندانەوە، تا ماوەیەک وا هەست دەکەن کە زوو ئازاد دەکرێن، ئەو ماوەیە
بەردەوام تەماشاى دەرگەى زیندانەکە دەکەن، نازانن هەر کە پێت لە ژوورى
زیندان نا، ئیدى ئازاد بوونت ئاستەم دەبێت، تۆش چاوەڕێى ئەوە مەکە کە
بەمزووانە ئازاد بکرێیت، تۆ تازە زیندانى کراویت، جارێ بیر لە
ئازادبوون مەکەرەوە، تا چەند مانگی تر کەس تۆى بیر نییە، لەوانەیە هەر
لە بیریش بکرێیت، منیش سەرەتا وابووم، وامدەزانى دواى چەند ڕۆژێک ئازاد
دەکرێم، بەڵام ئەوە چەند ساڵە کەس لێمى نە پێچیوەتەوە، ئومێدم نەماوە
کە تازە کەس لێم بپێچێتەوە، ئەوەى کە لەم زیندانەدا جێگەى دڵخۆشى منە،
تەنیا ئەو سووچەیە، وا هەست دەکەم تەواوى دونیا هى منە، هەموو
هەوڵێکدەدەم کە بتوانم پارێزگارى لێبکەم، نەهێڵم خەڵکانى تر لێمى داگیر
بکەن.
خێراکە تا چایەکە ماوە، کوپێک چاى بێَنە، دوایی منیش چیڕۆکى
دەستگیرکردنى خۆمت بۆ دەگێڕمەوە.
بەشەرمەوە چایەکەم بۆى هێنا، هەندێ لە زیندانییەکان کاتێک ئەو
کردەوەیەى منیان بینى، کەوتنە پێکەنین، زیاتر شەرم دایگرتم، هەستم کرد
کە بوونم وا خەریکە بەرەو سڕانەوە دەچێت، دواى ئەوەى کە چایەکەى
خواردەوە، ئینجا دەستى کردەوە بە قسەکردن:
حەز دەکەیت منیش چیڕۆکى خۆمت بۆ بگێڕمەوە؟
ئێستاکە دڵم زۆر توندە، ئەگەر لێرە مامەوە، لە کاتێکى تردا بۆمى
بگێڕەرەوە.
پێم نەگوتى بەمزووانە ئازاد ناکرێیت؟ دەبێ خۆت ڕابهێنیت، ئەگینا ژیانت
ئاڵۆزتر دەبێت، هەر ئەو چەند ڕۆژەت بە لاوە ناخۆش دەبێت، دوایی بە دەست
خۆت نییە، یادەوەرییەکانى دەرەوەت بیر دەچێتەوە و بە ژینگەی نێو زیندان
ڕادێیت.
بڕوابکە هیچ کاتێک ناتوانم بەم شوێنە ڕابێم، ئەگەر بزانم بەمزووانە
ئازاد ناکرێم، خۆم دەکوژم، خۆکوژى زۆر خۆشترە لە ژیانى نێو زیندان،
مرۆڤ ئەگەر ئازاد نەبێت، ژیانى ماناى نابێت.
باسى خۆکوژى مەکە، بەخوداى بەرپرسانى زیندان بزانن ئەشکەنجەت دەدەن،
ئێرە زیندانە تێگەیشتى؟ دەرەوە نییە بە ئارەزووى خۆت قسە و هەڵسوکەوت
بکەیت، نابێت هەموو قسەیەک بکەیت، تێگەیشتى؟
لە مەبەستى تۆ گەیشتم، بەڵام من ناتوانم لێرە درێژە بە ژیانم بدەم.
دەبێ خۆت ڕابێنى، هێندە بیر لە دەرەوە مەکەوە.
چۆن بیر نەکەمەوە، دەبێ من ئازاد بکرێم، چونکە ئازادى من چارەنووسى
کەسێک دیارى دەکات، ئەگەر لە زینداندابم، ئەویش چارەنووسى دیار نابێت.
ئەو کەسەى کە چارەنووسى خوشکەکەتى لایە، ئێستاکە چارەنووسى تۆشى
بەدەستەوەیە، هیچت لە دەست نایەت تا بیکەیت، ئەو ئێستاکە زۆرترین
دەسەڵاتى بەدەستەوەیە، تۆ لە بەرانبەر ئەودا وەک ئەوە وایت کە هەر
بوونیشت نەبێت، دەنگى تۆ بە کوێ دەگات؟ پێم ناڵێى تۆیەکى زیندانى چیت
لە دەست دێت؟ بۆ خۆت بێدەنگ بیت باشترە، ئەگینا هەر زیندانییەکان
ئەشکەنجەت دەدەن.
پێم ناڵێی زیندانییەکان چ پەیوەندییەکیان بە ئەشکەنجەدانى منەوە هەیە؟
ئەوان چییان بەسەر منەوە هەیە؟ خۆ من هیچ زیانێکم بۆیان نییە تا
ئەشکەنجەم بدەن.
هەندێ زیندانى هەیەن، بۆ ئەوەى کە خۆیان لاى بەرپرسانى زیندان خۆشەویست
بکەن، هەموو شتێک لە پێناوى بەرژەوەندى خۆیاندا دەکەن، هاوڕێیەتى نێو
زیندان نازانن، ئامادەن هەموو شتێک بکەن، تەنیا چەند خولەکێک بۆ
پشوودان بیانبەنە نێو حەوشەکەوە، ئەوە سروشتى نێو زیندانە، منیش لەم
جۆرە کارانەم کردووە، پێت سەیر نەبێت، لەوانەیە تۆش ڕۆژێکدابێت ئەو
شتانەت بە لاوە ئاسایی بێت، ناچاریت دەبێ هەموو شتێک قەبووڵ بکەیت.
ئەگەر تەواوى ژیانم لە نێو ئەو چوار دیوارەى زینداندا بەرمەسەر، لەم
جۆرە کارانە ناکەم، مرۆڤ چۆن دەبێ بەسەر هاوڕێیەکانییەوە جاسووسى بکات.
بە هەرحاڵ لە لاى زیندانییەکان باسى مەسەلەى گیرانەکەت مەکە، هەروەک
گوتم دوایی لاى بەرپرسانى زیندان ورد و درشتى دەگێڕنەوە، ئەوکاتە
کێشەکەت گەورەتر دەبێت.
ئەو کێشەیە خۆى گەورە بووە، ڕاستە ئێستاکە زیندانییەکان نازانن کە
لەسەر چى گیراوم، بەڵام من ئەو مەسەلەیەم داوەتە ڕۆژنامە و پەخشکراوە،
ئێستاکە لەوانەیە لە دەرەوە هەرایەکى گەورەى نابێتەوە.
جا ئەوان کەى گوێ بە قسەى ڕۆژنامەکان دەدەن، من خۆم ڕۆژگارێک لە
نێویاندا خاوەن دەسەڵاتێکى دیاریکراوى خۆم بووم، ئەوەى کە حیسابى بۆ
نەکەن، قسەى ڕۆژنامەکانە، پێت سەیر نەبێت بەر لەوەى دەستگیر بکرێم
ئەفسەر بووم، ماڵەکەم هەمیشە پڕى بوو لە ئەفسەرانى گەورە و پلەدارانى
نێو لەشکر، ئەوەتانە ئێستاکەش لێرە کەوتووم، تەنانەت یەکێک لە
ئەفسەرانى هاوڕێشم بۆ دیدەنیم نەهاتوون.
گوتت ئەفسەر بوویت؟
بەڵێ، لە نێو ڕیزەکانى لەشکردا پلەى ئەفسەریم هەبوو.
ئەى باشە بۆ ئێستاکە دەستگیرکراویت؟ هێندەى من زانیبێتم ئەفسەران کەمتر
لە خەڵکانى ئاسایی دەستگیر دەکرێن، ئەگەر دەستگیریش بکرێن، شوێنى
تایبەت بە خۆیان هەیە و زووتریش ئازاد دەکرێن، من تێناگەم! بۆچى چەند
ساڵە ئازاد نەکراویت؟ دیارە کێشەیەکى گەورەت هەیە؟
بەڵێ، کێشەکەى من زۆر گەورەیە، پەیوەندى بە ناپاکییەوە هەیە.
ناپاکیت لە ڕیزەکانى لەشکردا کردووە؟
نەخێر.
ئەى ئێستاکە نەتگوت لەسەر مەسەلەى ناپاکى دەستگیر کراویت؟
خۆم ناپاکیم نەکردووە.
ئەى کێ کردوویەتى، مادام تۆ نەتکردووە چ پەیوەندییەکى بە تۆوە هەیە؟
ژنەکەم کردوویەتى.
دیسانەوە پەیوەندى بە تۆوە نییە.
چۆن پەیوەندى بە منەوە نییە؟
من تێناگەم ناپاکى ژنەکەت چ پەیوەندییەکى بە تۆوە هەیە! دیارە تۆ
ئاگاداربوویتە لە مەسەلەکە و خۆت بێدەنگ کردووە؟
نەخێر، دەم و دەست ئاگادارى سەرووى خۆم کردەوە.
ئەى ژنەکەت دەستگیر کراوە؟
نەخێر.
چۆن دەستگیر نەکراوە؟ ئەى ناپاکى نەکردووە؟
چونکە ئێستاکە ئەو لە ژیاندا نەماوە.
لە ژێر ئەشکەنجەدان گیانى دەرچوو؟
نەخێر، خۆم کوشتم، دەبووایە بکوژرێت.
بمبوورە، زۆرم پرسیار کرد، هیوادارم بێزارم نەکردبیت؟
ئاساییە، سەرەتا حەزم نەدەکرد بۆ کەسى بگێڕمەوە، بەڵام ئێستاکە
گێڕانەوەى بە لامەوە ئاسایی بووە، حەز دەکەیت تەواوى چیڕۆکەکەت بۆ
بگێڕمەوە؟
ئەوەى ڕاستى بێت حەزم لێیەتى، ئەو مەسەلەیە بە تەواوى سەرنجى بۆ خۆى
ڕاکێشاوم، خەریکە بەو هۆیەوە کێشەکەى خۆمم بیر چێتەوە.
بەیانییەک بۆ ئەرکى ئاسایی ڕۆژانەى خۆم لە ماڵ دەرچووم، کاتێک گەیشتمە
شوێنى ئەرکەکەم، تەماشام کرد هەندێ نووسراو کە ڕۆژى پێشوو بە نیازى
ئیشکردن لەسەریان، لەگەڵ خۆمدا بردبوومنەوە، لە ماڵەوە لێم جێمابوون،
دەبووایە ئەو ڕۆژەش بۆ سەرووى خۆمان بەرز بکرێتەوە، نەدەبووایە بە هیچ
جۆرێک دوابخرێت، بۆیە بە خێرایی گەڕامەوە بە دواى نووسراوەکاندا، ڕێگەى
نێوان ماڵى ئێمە و شوێنى ئەرکەکەم، نزیکەى کاتژمێر و نیوێک دەبوو،
هەمیشە دەرگەکانى ماڵەوەمان، سەروو کلیلى زیادەیان لە لاى من هەبوو،
بۆیە هیچ کاتێک پێویست بە لە دەرگەدانى نەدەکرد، هەر وەک جاران خۆم کرد
بە ماڵەوە، ژنەکەم دیار نەبوو، هەندێ هەستى خۆم ڕاگرت، لە نێو
گەرماوییەکەدا دەنگى شووڕەى ئاو هاتە گوێمەوە، لە درزى دەرگەکەوە
تەماشایەکى نێو گەرماوەکەم کرد، ژنەکەم بوو خۆى دەشۆرى، حەپەسام، لەبەر
خۆمەوە کەوتمە حاڵەتى بیرکردنەوەوە، باشە بەیانى بەیەکەوە خۆمان شۆرى،
ئەو خۆ شۆرینە چییە؟ دەبێ چی ڕوویدابێت، ئاگادارى بکەمەوە، نەخێر،
دواتر بێ ئەوەى ژنەکەم هەست بە گەڕانەوەى من بکات، نووسراوەکانم لەسەر
مێزەکەدا هەڵگرت و ڕۆیشتمەوە.
ئەو ڕۆژە هەرچەندى دەمکرد نەمدەتوانى ئەو دیمەنە لە بیر خۆم بەرمەوە،
سێ چوار ڕۆژ بە بەردەوامى لە نێو مێشکمدا دەهات و دەچوو، ئەوەبوو دوایی
لە شوێنى ئەرکەکەم ڕۆژێکیان بە نیازى چاودێرى کردنى ژنەکەم گەڕامەوە
بەرەو ماڵەوە، بزانم کە دواى ڕۆیشتنى من خەریکى چی دەبێت، چونکە
بەڕاستى ماوەیەک بوو هەستم دەکرد لەگەڵ مندا جۆرە ساردییەکى دەنواند،
گەیشتمەوە کۆڵان، لە سووچى کۆڵانەکە سووڕامەوە، ئۆتۆمبێلەکەى کوڕى
یەکێک لە ئەفسەرە باڵاکانى نێو لەشکر لەبەر دەرگەى ماڵەوەمان وەستابوو،
شڵەژام، دوایی ئاسایی بوومەوە، لەبەر خۆمەوە گوتم لەوانەیە لەگەڵ
خوشکەکانى هاتبێت بۆ لاى ژنەکەم، چونکە هاتووچۆیەکى گەرم لە نێوانماندا
هەبوو، بێدەنگ خۆم بە ماڵدا کرد، لە نهۆمى خوارەوە هەستم بە هیچ نەکرد،
ڕۆیشتمە نهۆمى سەرەوە، لە نێو ژوورى خەوتنەکە جیڕەى سیسەم و دەنگى
نیمچە گریانى ژنەکەم هاتنە گوێمەوە، ئەوەى کە لێیدەترسام ئەوەبوو،
ڕۆیشتمە ژوورەوە، کوڕەکەى ئەفسەرە باڵاکە بوو، بە ڕووتى لەگەڵ ژنەکەمدا
خەریکى ڕابواردن بوون، هێشتاکە لە باوەشى یەکدابوون، یەکە و چەند
گوللەیەکی دەمانچەم ئاڕاستەى نێو چاویان کرد و دەم و دەست لە باوەشى
یەکدا گیانیان دەرچوو، دواتر باوکى کوڕەکەم لە هۆى کوژرانى کوڕەکەی
ئاگادارکردەوە، هەمان ڕۆژ، جلە سەربازییەکەیان لەبەرم کردەوە و
دەستگیریان کردم، ئەوەبوو چیڕۆکى دەستگیرکردنى من.
نیسانى 2009
Shaxewan_braim@yahoo.com
|