(خڕ‌و وڕی کوردایه‌تی )چی له کۆمۆنیزمی کارگه‌ریی ده‌وێت!
کازم قادر
(زمانی کوردی و خڕ‌و وڕی کوردایه‌تی)ناونیشانی نوسینێکی کامیار سابیره که له 09.07.2009 له ماڵپه‌ڕی(ده‌نگه‌کان)دا بڵاو کراوه‌ته‌وه.هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ناونیشانه بۆ نیوه‌ی ناونیشانی ئه‌م بابه‌ته مانا‌و مه‌غزای گرنگی هه‌یه.ئه‌گه‌رچی کامیار له‌و نوسینه‌دا به قه‌ولی خۆی ده‌یه‌وێت خۆی وه‌ک که‌سێکی مۆدێرن و دوور له خڕ‌و وڕی کوردایه‌تی و نه‌ته‌وه‌چێتی نمایش بکات،که‌چی خڕ‌و وڕی کوردایه‌تی ئه‌وی له نێو سایکۆلۆژییه‌کی پڕ کینه‌و بوغزدا جۆشداوه.خڕووڕی کوردایه‌تی هه‌ر ئه‌وه نییه سه‌ما له‌به‌ر سرودی ئه‌ی ڕه‌قیبدا بکه‌یت،خۆته‌کاندن له‌و خڕ‌و وڕه‌ش هه‌ر ئه‌وه نییه ماسکی مۆدێرنگه‌ریی بپۆشیت و به‌ده‌نگی به‌رز ئه‌ی ڕه‌قیب نه‌فی بکه‌یته‌وه.مرۆڤ ده‌توانێت حه‌زی له چاره‌ی ئه‌و سروده دواکه‌وتووه نه‌بێت و به‌ڵام، نه‌ته‌وه‌چییه‌کی 24 عه‌یاریش بێت،بۆ نمونه:وه‌ک کامیار سابیر.
سه‌یره مرۆڤ خۆی له نێو بوغزوکینه‌دا نوقم بووبێت و له بوغزه‌وه هه‌ڵوێست بگرێت و بنوسێت،که‌چی به‌بێ ئه‌وه‌ی پایه‌و ڕه‌گ وڕیشه‌یه‌کی زانستی بۆ بۆچوونه‌که‌ی بهێنێته‌وه،ده‌ست له سه‌رچاوی خۆی دابنێت و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌یان له لیستی گۆڕانه‌که‌ی کامیار گرتووه،به کینه له دڵ و بوغزاوی و سه‌رگه‌ردان و تۆقیو و ده‌یان گوزارشتی نابه‌جێ و ناشیرین و سوکایه‌تی ئامێز تۆمه‌تباروتاوانبار ده‌کات!
هه‌ڵبه‌ته پاڵنه‌ره‌کانی ئه‌م نوسینه،نوسینێکی تازه‌ی کامیاره که له به‌رواری 20.08.2009له هه‌مان ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌کاندا له ژێر ناونیشانی(قیامه‌تی کتێب سوتاندنه‌که‌ی گه‌نجه‌کانی که‌لار) بڵاوکراوه‌ته‌وه. کامیار له‌م نوسینه‌دا دوای ئه‌وه‌ی ده‌چێته پشتی مێژوویه‌کی پتر له دوو هه‌زار ساڵه‌ی ئیمپراتۆره کتێب و سووتێنه‌رو مرۆڤخۆره‌کان و دواتر ستایشی(کتێب سوتاندنه‌که‌ی گه‌نجه‌کانی که‌لار)یش ده‌کات،چ له‌م نوسینه‌یداو چ له چه‌ند نوسینی پڕکینه‌یتریدا(که له‌م نوسینه‌دا ئاماژه‌یان پێده‌ده‌م)شاڵاو ده‌کاته سه‌ر کۆمۆنیسته‌کان و کۆمۆنیزمی کارگه‌ریی،هه‌ر تۆمه‌ت و گوزارشتێکی پیس و ناشیرین که مێژوویه‌که ناسێونالیزم و نه‌ته‌وه‌چییه‌کانی کورد بۆ کۆمۆنیزمی کارگه‌ریی و کۆمۆنیسته‌کان هه‌ڵیان به‌ستووه‌و ته‌قه‌لایانداوه له‌و ڕێگه‌یه‌وه کۆمۆنیزم ناشیرین بکه‌ن،وه‌ک زه‌خیره‌یه‌کی پڕخێروبه‌ره‌که‌ت و ئاماده به‌ده‌ست،وه‌ک خه‌زێنه‌ی فه‌رهه‌نگ و کولتورێکی ناشیرین و کۆنه‌په‌رست و دژی ئازادی ناسێونالیزم، کامیار سوک و ئاسان ده‌ستیان بۆ ده‌بات و له مێژوو و ڕۆخساری کۆمۆنیسته‌کان و کۆمۆنیزمی کارگه‌ریی ده‌سوێت!خوێنه‌ر ئه‌گه‌ر ته‌نها که‌مێک به ووردی سه‌رنجی نوسینه‌کانی ئه‌م نوسه‌ره بدات ،سایکۆلۆژییه‌کی تووڕه‌و تووندوتیژو بڕست لێبڕاو و ماندوو ده‌بینێت،قه‌ڵه‌مێک ده‌بینێت له جیاتی ئه‌وه‌ی بیر بکاته‌وه‌و له ڕوانگه‌ی میتۆدێکی زانستییه‌وه دیدێکی ڕه‌خنه‌یی به‌رهه‌م بهێنێت،که‌چی له لوتکه‌ی کینه‌وه خوار ده‌بێته‌وه‌و به هه‌موو لایه‌کدا شاڵاو ده‌بات و بوغز ده‌چێنێت!وه‌ک دۆسته (بیرمه‌نده)بیرکڵۆڵه‌کانی،خۆی لێده‌بێته بیرمه‌ندو ئه‌وانیدیش بێ بیر!مرۆڤ ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی فکر به‌رهه‌م بهێنێت هه‌رگیز ناتوانێت به گوزارشتی نه‌فیکردنی ئه‌وانیدی به بێ فکر،هه‌م بێ فکریی ئه‌وانیدی به‌سه‌لمێنێت و هه‌م خۆی وه‌ک خاوه‌ن فکر نیشان بدات. دڵنیام هه‌موو که‌سێک ده‌توانێت قسه‌ی زل بکات،به‌وانیدی بێژێت بێفکر،بێ مه‌عریفه،به‌رهه‌مهێنی زبڵ! گه‌مژه‌و جاهیل و مێگه‌ل و ده‌یان و سه‌دان وشه‌و زاراوه‌ی پیس و ناشیرینیتر که زمان و فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بییاتی کوردیی غه‌رق کردووه‌و بووه به به‌شێک له فه‌رهه‌نگی زمان و کولتوری نوسه‌رو(ڕۆشنفکره باڵاکانی)کورد!
دوای ئه‌م پێشه‌کییه کورته با گه‌شتێک به نێو نوسینه بوغزاوی و ستاییشه‌کانی کامیار له مه‌ڕ به قه‌قنه‌س کردنی کتێب و ڕوانگه‌ی قیناوی ئه‌و سه‌باره‌ت کۆمۆنیسته‌کان بکه‌ین.
کامیار ئاوا ناشیرین ده‌ست پێده‌کات:( تا هه‌نووکه زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی لایه‌نگریی له فه‌رهاد پیرباڵ ده‌که‌ن، له هه‌ندێ فێمینیستی هه‌ڵوێستنووس و چه‌ند کۆمۆنیستێکی بێزه‌خیره له‌فیکر و چه‌ند که‌سێکی نزیک له‌پارتیی، پێکهاتوون. خه‌ریکه کتێب سووتاندنه هه‌ڕه‌مه‌کیی و ئانارشیستییه‌که‌ی کۆمه‌ڵێ گه‌نجی داخ له‌دڵ له سه‌رۆکی پارتیی و ده‌سه‌ڵاتی دوو حیزبه‌که، به ده‌ی مانگی مه‌ی 1933 ی شاری به‌رلین بچوێنن، کاتێ خوێندکاری زانکۆ ئاڵمانییه‌کان، کتێبه‌کانی تۆماس مان و فرۆید و ئاینشتاین و جاک له‌نده‌ن و چه‌ندینی تریان ده‌سووتاند. به‌هه‌مان مێنتا‌ڵیتی سیاسییی و ئایدیۆلۆژییشه‌وه خه‌ریکه به‌زۆری زۆرداریی لیستی گۆ‌ڕان بخه‌نه ئاست جۆزێف گۆبڵزی وه‌زیری پڕوپاگه‌نده‌ی نازییه‌کانه‌وه)
(هه‌ڵوێستنوس)ئه‌مه وشه‌و گوزارشتێکی بێ بنه‌ماو داتاشراو و خورافی به‌ختیار عه‌لییه،کامیار ده‌روێش ئاسا لێی وه‌رگرتووه‌و به‌بێ بیرکردنه‌وه‌و وه‌ک له ئاسمانه‌وه خودا دایبه‌زاندبێت،به هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌فرۆشێته‌وه که کتێب سوتاندن له ژێر هه‌ر ناو و مه‌به‌ست و ئامانجێکدا بێت مه‌حکوم ده‌که‌ن. کاریگه‌ربوونی کامیار بۆ ئه‌م وشه‌یه(هه‌ڵوێستنوس)ده‌لیلی بێفکریی ئه‌و به‌یان ده‌کات،چونکه ئه‌و نوسینه‌ی به‌ختیار هیچ نه‌بوو جگه له خورافه‌و بێ میتۆدی و بوغز‌و هه‌ڵچوون و داچوونێکی ده‌روونی له زه‌مه‌نێکی دیاریکراودا،که به‌ختیار هیچی له باره‌وه نه‌ده‌زانی و له(بۆشاییه‌کاندا)به دوای پاڵنه‌رو حوکمه مێژووییه‌کاندا ده‌گه‌ڕاو دواجاریش به‌بێ حاسڵی له بۆشاییه‌کانه‌وه ده‌رده‌چوو.من له نوسینێکیتردا ڕه‌خنه‌ی ئه‌و خورافاتانه‌ی به‌ختیارم کردووه،به‌ڵام دیاره کامیار نه‌یخوێندۆته‌وه ئه‌گه‌ر نا به ئاسانی ئه‌و وشه بێ بنه‌مایه‌ی به زاردا نه‌ده‌هات!
کامیار ئێژێت چه‌ند کۆمۆنیستێکی بێزه‌خیره له فیکر..(دواتر دێمه سه‌ر ئه‌وه که بۆچی لای کامیار کۆمۆنیسته‌کان بێفکرن).به‌ڵام خۆی خاڵی له فکرو زۆر شکڵگه‌را کتێب سوتاندن به کارێکی هه‌ڕه‌مه‌کی و(ئانارشیستی)(دڵنیام کامیار نازانێت ئانارشیزم چییه) کۆمه‌ڵێک گه‌نجی داخ له دڵ له قه‌ڵه‌م ده‌دات.من هیچ گومانم نییه ئه‌م بۆچوونه که‌م و زۆر په‌یوه‌ندی به فکره‌وه نییه،چوونکه کتێب سووتاندن هه‌رکه‌س و گروپ و لایه‌نێک ئه‌نجامی بدات، به‌بێ باکگراوندێکی فه‌رهه‌نگی کولتوریی سیاسی و فکریی دژه ئازادی و سته‌مگه‌ریی نییه.کولتورێکی سیاسی و ئه‌خلاقی ده‌ست بۆ به قه‌قنه‌سکردنی کتێب ده‌بات باوه‌ڕی وایه که ئه‌گه‌ر له گه‌ڵیدا نه‌بیت،مافی ئازادی و قسه‌کردن و نوسینت نییه،کتێب سووتاندن هیچیتر نییه جگه له ده‌م داخستن،واته مه‌رگی ڕه‌های ئازادی.ئه‌وه که کامیار ئێژێت:(کتێب سوتاندنه‌که‌ی گه‌نجه‌کانی که‌لار پێوه‌ندیی به پێشێلکردنی رای جیاواز و ئازادیی راده‌ربڕینه‌وه نییه. به‌ڵکو په‌رچه‌کردارێک و هه‌ڵچوونێکی حه‌ماسیی هه‌ندێ گه‌نجه...) ئه‌مه قسه‌ی هه‌ر که‌سێکه که ده‌ڕوات و له به‌ر خۆیه‌وه قسان ده‌کات،ئه‌مه نه‌ک په‌یوه‌ندی به فکرو مه‌عریفه‌ی زانستییه‌وه نییه،به‌ڵکو بۆچوون و خه‌یاڵی که‌سێکه هێشتا نازانێت فکر چییه،چونکه کارکردن له نێو فکردا قسه فڕێدان نییه،داتاشینی حیکایه‌ت و ئه‌فسانه‌ی باریک و درێژ له بۆته‌ی زمانسازییه‌کی ڕووت و قووتدا نییه،وه‌ک له نێو بڕێک له ئه‌فسانه‌سازه‌کانی کوردا باوه،(ڕۆشنفکره‌کان!)به‌ڵکو فکرو کارکردن له ئاستی فکردا ئه‌وه‌یه چۆن له ڕوانگه‌یه‌کی زانستییه‌وه تیورێزه‌ی کایه دیارده‌و فه‌زا سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی و فه‌رهه‌نگی و کولتورییه‌کان ده‌کات؟چۆن به نێو ئه‌و فه‌نتازیا شه‌ڕانگێزو ئازادی کوژه‌دا شۆڕ بێته‌وه‌و قووڵ بێته‌وه‌و شرۆڤه‌ی بکات که ئاگر له باڵای کتێب به‌رده‌دات!
ده‌بێت کاری فکر گه‌ڕان بۆ که‌شفی ئه‌و باکگراونده ده‌روونییه بێت که کتێبه‌کان ده‌سووتێنن،گرنگ نییه کتێبه‌کان هی کێیه‌و چ نوسیوه‌و چ ده‌نوسێت،به‌ڵکو گرنگ ئه‌وه‌یه له چ سه‌رزه‌مینێکی فه‌رهه‌نگی و کولتوری و سیاسی‌دا که‌سانێک گروپێک و سیسته‌مێک په‌یدا ده‌بن کتێبه‌کان بسووتێنن؟غه‌ریزه‌ی کتێب سووتاندن هه‌مان ئه‌و کولتور‌و فه‌رهه‌نگه‌یه که به پێش چاوی هه‌موو دنیاوه سه‌ری ژن به بلۆک ده‌پژێنێت.
ئه‌گه‌ر فه‌رهه‌نگ و کولتورێک وه‌ک کۆیله له ژن نه‌ڕوانێت،هه‌رگیز ڕێگه به خۆی نادات مه‌راسیم و که‌ڕنه‌ڤاڵی بلۆک باراندن له سه‌ر سه‌رو جه‌سته‌ی ژنان نمایش بکات،ئه‌م هاوکێشه‌یه له په‌یوه‌ند به قه‌قنه‌س کردنی کتێبیشه‌وه دروسته،ئه‌و قه‌ڵایه‌ی کتێبی تێدا ده‌سووتێنرێت له سه‌رزه‌مین و کولتورێکی ڕه‌ش و ترسناکدا هه‌ڵکه‌وتووه(قه‌ڵای سته‌م و شه‌وه‌زه‌نگی کولتوریی)له خۆوه نییه له سه‌ر بیرورای جیاواز نان و کاری خه‌ڵک ده‌بڕن،بڕینی نان پارووی ده‌می منداڵانی باوک و دایکێک به هۆی بیرورای جیاوازه‌وه،ئیتر کۆتایی دنیایه،خاڵی کۆتاییه بۆ مه‌رگ.له‌م فه‌زایه‌دا سه‌یر نییه کتێب ده‌سووتێنرێت، سبه‌ینێش له په‌نایه‌کدا به گوله‌ی قه‌ناسێکی بێده‌نگ کۆتایی به ژیانی هه‌ر که‌سێک بێنن قسه‌یه‌کیتری هه‌یه،بۆچونێکیتری هه‌یه‌و کتێبێکی بێجگه‌ی ئه‌وانیتر ده‌نووسێت.
هه‌ڵبه‌ته له باری مێژووییشه‌وه کتێب سووتێنه‌ران هه‌رده‌م ده‌سته‌و گروپ و ئیمپراتۆره سته‌مگه‌رو دژی ئازادییه‌کانی خه‌ڵک،که‌ڕنه‌ڤاڵی کتێب سووتاندنه‌کانیان ئه‌نجامداوه،ئه‌و مێژووه‌ش واته مێژووی کتێب سووتاندن مێژووی سوتاندنی به‌شه‌ره‌کانیش بووه،مێژووی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های ئیمپراتۆرو مێژووی کۆیله‌تی ڕه‌های به‌شه‌ر.
ئه‌وه که کامیار باوه‌ڕی وایه:( . خه‌ریکه کتێب سووتاندنه هه‌ڕه‌مه‌کیی و ئانارشیستییه‌که‌ی کۆمه‌ڵێ گه‌نجی داخ له‌دڵ له سه‌رۆکی پارتیی و ده‌سه‌ڵاتی دوو حیزبه‌که، به ده‌ی مانگی مه‌ی 1933 ی شاری به‌رلین بچوێنن، کاتێ خوێندکاری زانکۆ ئاڵمانییه‌کان، کتێبه‌کانی تۆماس مان و فرۆید و ئاینشتاین و جاک له‌نده‌ن و چه‌ندینی تریان ده‌سووتاند. به‌هه‌مان مێنتا‌ڵیتی سیاسییی و ئایدیۆلۆژییشه‌وه خه‌ریکه به‌زۆری زۆرداریی لیستی گۆ‌ڕان بخه‌نه ئاست جۆزێف گۆبڵزی وه‌زیری پڕوپاگه‌نده‌ی نازییه‌کانه‌وه) له لایه‌ک خه‌ریکه چه‌واشه ده‌کات و له‌لایه‌کیتریشه‌وه خه‌ریکه کڵۆڵی فکریی خۆی له سه‌ر کاغه‌ز ده‌نووسێته‌وه. چوونکه وه‌ک پێشتر ڕوونم کرده‌وه سووتاندنی کتێب گرێدراوی ستراکتۆری فه‌رهه‌نگ و کولتورێکی ڕه‌ش و ترسناکه،نه‌ک وه‌همی په‌رچه‌کردارێکی چه‌ند(گه‌نج) وه‌ک کامیار جاڕی بۆ ده‌دات!
ئه‌وه‌ش که کامیاری نیگه‌ران_تا ئاستی هیستریا بردووه،ڕه‌خنه‌ی عه‌مه‌لی و تیوری ئه‌و نوسه‌رو هزرگه‌ر (ڕۆشنبیر)ه سه‌ر به ڕه‌وت و ئایدۆلژییه جیاوازانه‌یه_به تایبه‌ت کۆمۆنیسته‌کان له ڕه‌وتی نه‌وشێروان و ته‌واوی مێژووی سته‌مگه‌ریی ئه‌و که‌سایه‌تییه.ئه‌وه‌ش که نه‌وشیروان نه‌ک لیستی گۆ‌ڕان به ڕه‌وشت فاشی و جۆزێف گۆبه‌ڵز ده‌چوێندرێت په‌یوه‌ندی به مێنتالیتێتی سیاسی و ئایدۆلۆژی ڕووته‌وه نییه،که کامیار ده‌خوازێت وه‌ک دژی ئایدلۆلۆژییزم ڕه‌خنه له خه‌سڵه‌ته فاشییه‌کانی نه‌وشێروان بێبایه‌خ بکات.مێژووی چل ساڵه‌ی سیاسی نه‌وشێروان مێژووی سه‌رکوت و سته‌می نه‌یاره سیاسییه‌کانی خۆیه‌تی،ئه‌گه‌ر ئه‌م مێژووه وایه،ئه‌گه‌ر ده‌یان و سه‌دان به‌ڵگه‌ی مه‌لموس هه‌یه‌و بابه‌تی جۆراوجۆر‌و کتێبی له سه‌ر نووسراوه، یان به‌رجه‌سته‌تر قسه بکه‌م:ئه‌گه‌ر نه‌وشێروان له مێژووی خۆیدا پراکتیکی ڕه‌وشتی فاشیه‌تی کردووه‌و ئه‌رزوئاسمانیش ئه‌م مێژووه ڕه‌نگڕێژه‌ی به خوێنی قوربانییه‌کان نووسیوه‌ته‌وه،ئه‌مه ئیتر خه‌تای که‌س نییه،که‌سیش ناتوانێت له ژێر هیچ په‌رده‌یه‌کدا ئه‌م مێژووه کوێر بکات.
هێشتا خوێنی پێنج کرێکاری کۆمۆنیست به شه‌قامه‌کانی سلێمانییه‌وه فواره ده‌کات که به سه‌رپه‌رشتی ڕاسته‌وخۆی ئه‌م قاره‌مانه فریادڕه‌سه‌ی(ڕوناکبیرانی کورد)ڕژا...!
چاو له‌م ڕق وبوغزه قووڵ و ترسناکه‌ی کامیار بکه‌ن: (سایتی سبه‌ی ته‌نها هه‌واڵی سووتاندنه‌که‌ی بڵاوکرده‌وه، ئه‌مه‌ش مافێکی سروشتییه و شتێکی زۆرباشیشی کرد. دواتریش یاسین بانیخێڵانیی هه‌مان کاری بۆ پشتگیریی له گه‌نجه‌کانی که‌لار کرد‌و وه‌ک هه‌واڵێک ئه‌وه‌ش له سبه‌یدا بڵاو بووه‌وه. ئه‌وه منیش هه‌مان کار ده‌که‌م، به‌ڵام من شتێکی ئه‌و پیاوه‌م لا نییه تا بیسووتێنم ، به‌ڵکو ته‌نها چه‌ند چاوپێکه‌وتنێکی رۆژنامه‌وانیی و دواترین روونکردنه‌وه‌که‌ی خۆی له‌سه‌ر کتێب سووتاندکه‌ی ، که پڕ بوو له‌جوێنی بازاڕیی و سه‌رجاده‌کان ، به فایل له کۆمپیوته‌ره‌که‌مدا هه‌ڵمگرتبوون. به دیلیت delete کردنیشیان دڵم ئاوی نه‌خوارده‌وه، پاش سه‌یڤکردنی ئه‌و دۆکیومێنت و شتانه‌ی ساڵانێکه هه‌ڵمگرتوون له‌سه‌ر هارد دیسکێکی تر، سه‌راپا کۆمپیوته‌ره‌که‌م فۆرمات کرده‌وه) جه‌خت هی منه.
کامیار دبێژێت ئه‌وه منیش هه‌مان کار ده‌که‌م..هیچی ئه‌و پیاوه‌م لا نییه..ته‌نها شتێکی ئه‌و پیاوه له کۆمپیوته‌ره‌که‌یدا بووه سڕیوێتێوه،به‌ڵام دوای سڕینه‌وه‌شی هێشتا دڵی گڕگرتووی تێر ئاو نه‌بووه،بۆیه په‌نای بردۆته به‌ر فۆڕماتکردن نه‌کا ئه‌و ڤایرۆسه له کون و قوژبنی کۆمپیوته‌ره‌که‌یدا مابێته‌وه...!به‌ڕاست کامیار ئه‌مه‌ش فکره!ئه‌مه قسه‌و بۆچوونی که‌سێکه ده‌خوازێت دنیا له ڕێگه‌ی فکره‌وه شرۆڤه‌و تیورێزه بکات؟به‌ڵام دڵنیام هیچ شتێک له‌وه بێ ماناتر نییه ئه‌و پرسیارانه له کامیار بکه‌ین،له‌وه‌ش کاره‌ساتتر ئه‌وه‌یه کامیار به نێوی فکره‌وه قسان ده‌کات،کۆمۆنیسته‌کان و هه‌موو ئه‌وانه‌ش که ڕه‌خنه‌ی فکریی و تیوری له نه‌وشێروان و لیسته‌که‌ی ده‌گرن به بێ فکر ده‌ناسێنێت!
ئێژێت به سڕینه‌وه‌ش دڵم ئاوی نه‌خوارده‌وه،له دوو توێی(دڵم ئاوی نه‌خوارده‌وه)دا ڕق وکینه‌یه‌کی گه‌وره خۆی حه‌شارداوه،ئه‌و دوو سێ وشه‌یه بارگاوییه به ڕوانینی فه‌رهه‌نگ و کولتورێکی ڕه‌ش و بوغزاوی.له نێو کولتوری کوردا(دڵم ئاوی نه‌خوارده‌وه)گوزارشتێکه ڕۆژانه هه‌موو ئه‌وانه به کاری دێنن که له‌سه‌ر مه‌رگی ڕه‌مزی و جه‌سته‌یی ئه‌وانیتر کار ده‌که‌ن،وه‌ک تا پۆرتیم نه‌شکاند دڵم ئاوی نه‌خوارده‌وه،تا شه‌ره‌فی نه‌شکێنم دڵم ئاو ناخواته‌وه،تا نه‌یکوژم دڵم ئاو ناخواته‌وه...تاد..کامیار چوونکه له سه‌ر هه‌مان خوان و کولتور ده‌ژێت،به غه‌ریزه که‌وتۆته سه‌ر ئه‌و ڕوانینه نه‌رێتی و دواکه‌وتوانه‌یه!
ئێستا چه‌ند نمونه‌یتر له تێکسته بوغزاوی و هه‌ڵچوونه ده‌روونیه فێگرتووه‌کانی کامیار ده‌هێنمه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچیان له سه‌ر بێژم،به‌ڵکو با خوێنه‌ر خۆی سه‌رنجیان بدات.سه‌رنج بده‌ن: سه‌یره، ئاخۆ ده‌بێ فه‌رهاد پیرباڵی چیرۆکخوان و شیعرنووس، کتێبه‌کانی چ مه‌عریفه‌و داتایه‌کی فیکریی ئه‌وتۆیان تێدا بێت که له‌سه‌دان که‌چه کتێبی تردا نه‌بێ)...( ئیتر ئه‌م پیرۆزییه چییه به شیعره‌کانی پیرباڵ دراوه...)... گوێش به‌و وڕێنانه مه‌ده‌ن که پێتان ده‌ڵێن کتێب سووتاندن کاری فاشیزم و نازییه‌کانه..) ئه‌وانه قسه‌ی به‌تاڵن، قسه‌ی ئه‌و کۆمۆنیسته بێسه‌وادانه‌یه که هیچ له ئازادیی راده‌ربڕین نازانن...)
سه‌رنجی بیرمه‌نده‌که‌مان بده‌ن:(کتێب سووتاندن وه‌ک مۆراڵ و ئێسیک جوان نییه و لایه‌نگریشی ناکه‌م. کتێب سوتاندنه‌که‌ی گه‌نجه‌کانی که‌لار پێوه‌ندیی به پێشێلکردنی رای جیاواز و ئازادیی راده‌ربڕینه‌وه نییه. به‌ڵکو په‌رچه‌کردارێک و هه‌ڵچوونێکی حه‌ماسیی هه‌ندێ گه‌نجه له هه‌مبه‌ر ئایکۆنێکی شاراوه‌ی سه‌ربه‌ده‌سه‌ڵاتدا که ناوی نووسه‌ری ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆی له‌خۆنابوو. من لایه‌نگریی له "ئازادیی" تا هه‌موو سنووره‌کانی ئازادیی ده‌که‌م، به‌ڵام نایه‌م سه‌رکۆنه‌ی ئه‌و گه‌نجانه‌ش به ریچواڵی ئایدیۆلۆژیی و ئه‌فسانه‌تاشینی فێمینیزم و تۆتالیتاریزمی کۆمۆنیزم "کۆکتێلی ئایدیۆلۆژییانه‌ی بۆلشه‌فیزم و خورافه‌ی حیکمه‌تیزم"، لابه‌لا و به‌ناڕاسته‌وخۆ قودسیه‌تی مه‌رجه‌ع و ریچواڵی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی کوردیی بکه‌م) کامیار ئێژێت لایه‌نگری کتێب سووتاندن نیم،له کاتێکدا ته‌واوی ئه‌م نوسینه‌ی پشتگریی و ستایشی ئه‌و که‌سانه‌یه که کتێبه‌کانی فه‌رهاد پیرباڵیان سووتاندووه،ئه‌م هه‌ڵوێسته دووفاقییه له که‌سانێک ده‌وه‌شێته‌وه نه‌ک ئاگه‌یان له فکر نییه،به‌ڵکو ئاگه‌یان له پێش و پاشی نوسینه‌که‌ی خۆشیان نییه.کێ ده‌توانێت به من و به ئێوه(خوێنه‌رانیش) بسه‌لمێنێت،ئه‌م نوسینه‌ی کامیار نه‌ک پشتیگیرییه له کتێب سووتاندنه‌که‌ی فه‌رهاد به‌ڵکو پشتگیرییه له به‌قه‌قنه‌سکردنی هه‌ر کتێبێک و هه‌ر مرۆڤێک که له‌گه‌ڵ لیسته‌که‌ی کامیاردا نایه‌ته‌وه!
ماڵی ئازادی وێران بێت وا وێران بووه،هه‌موو که‌سێک و هه‌موو ئه‌وانه‌ش که هه‌ڵگری مێژووی ته‌ورن، خۆیان به ئازادیخواز ده‌زانن و هه‌ر به نێوی ئازادیشه‌وه شاباڵی ئازادی ده‌قرتێنن.ئازادی ده‌بێت چ بێت ئه‌گه‌ر مرۆڤ نه‌توانێت ئازانه هه‌ڵبژێرێت،چ ده‌نوسێت و چۆن ده‌نوسێت،به چ قاییله‌و چ نه‌فیی ده‌کاته‌وه.
به‌ڵام کێشه‌ی کامیار کێشه‌ی نه‌بوون و هه‌ژاریی فکره،مرۆڤ که نه‌یتوانی له نێو فکردا کار بکات و فکر به‌رهه‌م بهێنێت،هه‌رگیز ناتوانێت ئازادی ناس بێت،به‌ڵکو ئازادی ده‌خاته نێو قه‌فه‌سه‌وه.
ئه‌و بۆچوونه‌ی کامیار که باوه‌ڕی وایه ئه‌و کتێب سووتاندنه په‌یوه‌ندی پێشێلکردنی ڕای جیوازو ئازادییه‌وه نییه،هێند به کۆمیدیاوه گرێی خواردووه هێنده‌ی سه‌ره‌ده‌رزییه‌ک په‌یوه‌ندی به لۆژیک و فکره‌وه نییه.مه‌گه‌ر کتێب سووتاندن ناکاته ده‌م داخستن،بۆت نییه بنوسیت،بۆت نییه ڕای جیاوازت هه‌بێت.به‌ڵام چوونکه کامیار هیچ له ئازادی تێنه‌گه‌یشتووه،پێی وایه ئه‌وه حه‌ماس و په‌رچه کرداری چه‌ند(گه‌نجێکه)له ڕقی پارتی و یه‌کێتی ئه‌و کاره‌یان کردووه!
کامیار هه‌ڵگری فه‌رهه‌نگ و کولتورێکی نه‌رێتی دواکه‌وتوانه‌یه وه‌ک پێشتریش ئامه‌ژه‌م پێ‌کرد،ئه‌و کولتوره دواکه‌وتوانه‌یه دیسان له‌م وشانه‌دا(گه‌نجانه‌و هه‌رزه‌کارانه)پتر به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه.له دیدی ئه‌م کولتوره‌دا گه‌نج بوونه‌وه‌رێکی که‌م ئه‌قڵ و که‌م ئه‌زموونه،بۆیه ده‌بێت گه‌وره‌کان_کامیار کۆنترۆڵ و ئامۆژگارییان بکات تا نه‌که‌ونه هه‌ڵه‌وه.له کولتوری هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دواکه‌وتوو و نه‌رێتیدا ئه‌م دیده نێگه‌تیڤ و نازانستییه بۆ مرۆڤی گه‌نج هه‌یه.به‌ڵام ئه‌گه‌ر به پێی هه‌مان ستاندارتی یاسایی و جیهانی و ته‌نانه‌ت له ڕووی زانستی بایۆلۆژیشه‌وه،داوه‌ری له سه‌ر ڕاده‌ی کامڵیی جه‌سته‌یی و ئه‌قلیی مرۆڤی گه‌نج بکه‌ین،واته پێگه‌یشتووویی ئه‌قڵیی و جه‌سته‌یی مرۆڤ له ته‌مه‌نی هه‌ژده ساڵیدا،ئه‌وا دیدی گه‌نجانه‌و هه‌رزه‌کارانه‌که‌ی کامیار نه‌ک ده‌بێته هه‌ڵم و به ئاسماندا ده‌چێت،به‌ڵکو بۆ کۆمه‌ڵگه‌و مرۆڤی خاوه‌ن فه‌رهه‌نگ و کولتوری پێشکه‌وتوو(به داخه‌وه ده‌بێت بێژم)ده‌بێته مایه‌ی پێکه‌نین..!به‌ڵام چوونکه کامیار هه‌مان دیدو فه‌رهه‌نگ وکولتوری دوێخانی بۆ مرۆڤی گه‌نج هه‌یه بۆیه ناتوانێت گه‌نجان به‌بێ ئه‌قڵ نه‌بینێت،ناتوانێت له ده‌ره‌وه‌ی لۆژیکی دوێخان چاو له مرۆڤی گه‌نج بکات!
کامیار وه‌ک شێخه‌کانی:به‌ختیار عه‌لی و مه‌ریوان قانع و(بازنه‌که‌ی دژه مارکس و کۆمۆنیزم)بڕیاری داوه له‌دژی کۆمۆنیزم و کۆمۆنیزمی کارگه‌ریی(شت)بنوسێت،وه‌ک چۆن به‌ختیارو مه‌ریوان و ئه‌وانیتریش ده‌ست ده‌که‌ن به گیرفانی پیسیانداو(شت)ی ناشیرین به ڕۆخساری جوان و مرۆیی مارکس و کۆمۆنیزدا ده‌سوون، ده‌خوازێت به هه‌مان ڕێگه‌دا بروات و له نێو کڵۆڵیی فکردا،هه‌مان گه‌مه‌ی ناشیرین په‌ره‌پێبدات.
سه‌یری ئه‌م ڕسته ناقۆڵاو کۆزاراوه به زۆر له یه‌ک ترنجاو و ئاخێنراوه‌دا بکه‌ن:(ریچواڵی ئایدیۆلۆژیی و ئه‌فسانه‌تاشینی فێمینیزم و تۆتالیتاریزمی کۆمۆنیزم "کۆکتێلی ئایدیۆلۆژییانه‌ی بۆلشه‌فیزم و خورافه‌ی حیکمه‌تیزم).
به‌ڕاستی کامیار ئه‌گه‌ر خاوه‌نی فکرو توانایی ڕه‌خنه‌گرانه بوایه،هه‌رگیز ڕێگه‌ی به خۆی نه‌ده‌دا له زاراوه‌گه‌لێک ڕسته‌یه‌کی وا ناقۆڵا دروست بکات،که هه‌ر یه‌کێک له‌و زاراوانه بارگاوییه به چه‌ندین ئاراسته‌و مانا‌و ڕه‌هه‌ندو ئاماژه‌ی قووڵی فکریی و فه‌لسه‌فی.به‌ڵام چ بێژین،ڕیزکردنی زاراوه‌و نوسینی ڕسته‌گه‌لێکی(بیرمه‌ندان)له ده‌ستپێکی نوسینی نوسه‌راندا،له‌نێو کایه‌ی ئه‌ده‌ب و هزرگه‌ریی(ڕۆشنبیریی) کوردی‌دا بووه به نه‌رێتێکی بێماناو ڕه‌زاتاڵ!نوسینی ئه‌و(دروشمانه‌ش)هێنده گرێدراوی فکرله‌رزۆکی و باوه‌ڕ به‌خۆ نه‌بوونی ئه‌و گروپه له نوسه‌ران به‌یان ده‌کات،هێند گرێدراوی تێگه‌یشتنێکی قووڵ له‌و دروشمانه‌و هه‌بوونی گه‌وره‌یی مانا له نێو ئه‌و(دروشمانه‌دا)نییه،ئه‌وه‌ش دیارده‌یه‌که من به ده‌ردی هه‌ژاریی هزرگه‌ریی(ڕۆشنبیریی)ئه‌و گروپه نێوزه‌دی ده‌که‌م،کامیار یه‌کێکه له‌و نوسه‌رانه ئه‌و زاراوه‌ناقۆڵاسازییه به زۆربه‌ی نوسینه‌کانێوه دیاره.
فۆبیای سیاسیی و فۆبۆفۆبیا لە لیستی گۆ‌ڕان.
پێتان وانه‌بێت ئه‌و ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه(فۆبیاوفۆبۆفۆبیای)من بێت،نا،ئه‌وه ناونیشانی نوسینێکیتری کامیاره که له به‌رواری 09.07.2009 له ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌کاندا بڵاوکراوه‌ته‌وه.هه‌ڵبه‌ته لێره‌دا کارم به فۆبیا‌و فۆبۆفۆبیاکه‌وه نییه،به‌ڵکو ده‌مه‌وێت هه‌وڵی ئه‌و پینه‌وپه‌ڕۆکردنه‌و ته‌قه‌لای کامیار بۆ لیستی گۆ‌ڕان و شانخاڵیکردنه‌وه‌ی تۆمه‌ت و تاوانه‌کانی نه‌وشێروان مسته‌فا ده‌یدات ته‌فسیر بکه‌م،لێره‌شه‌وه شوێنپێی هه‌ڵوێسته بوغزاوی و دژه کۆمۆنیستییه‌که‌ی هه‌ڵبکه‌م.
ئایه ئه‌مه فکره !(ماوە‌یە‌کە چە‌ندین دە‌رچە بۆ تە‌قینە‌وە‌ی ئە‌و هە‌موو بێزاریی و بێدادییە‌ی کە خە‌ڵکی کوردستان 18 سا‌ڵە پیشی پێ دە‌خواتە‌وە لە دە‌سە‌ڵاتی سیاسیی و سە‌رکردایە‌تییە‌کە‌ی پە‌یدابووە. کە دیارترین ئە‌و دە‌رچانە خۆی لە لیستی گۆ‌ڕاندا دە‌بینێتە‌وە. وێرای ئە‌وە‌ی زۆرترین ژمارە لە رۆشنبیران و ئە‌کادیمستان و ئازادییخوازان و لاوان و ژنان لە گە‌ڵ ئە‌م لیستە‌دا بە‌جۆرێک لە‌جۆرە‌کان نزیکایە‌تییان هە‌یە، یاخود پاڵپشتیی دە‌کە‌ن...) ئه‌وه که کامیار ده‌چێته پشتی لیستی گۆ‌ڕان و سبه‌ینێش ده‌کرێت ببێته ئه‌ندام په‌رله‌مانێکی ئه‌و لیسته، بێگومان له ڕوانگه‌ی ئازادییه‌وه که‌س ناتوانێت ئه‌و مافه‌ی لێقه‌ده‌غه بکات.ئه‌وه‌ش که گوایه زۆرترین ژماره له هزرگه‌ران(ڕۆشنبیران)و ئه‌کادیمیستان ئازادیخوازان و ...تاد مه‌یلیان بۆ ئه‌و لیسته هه‌بووه، ده‌بێت وه‌ک مه‌زه‌نه‌و ڕه‌قه‌م لێدانی کامیار چاوی لێبکه‌ین،چوونکه کامیار ئامارێکی باوه‌ڕ پێکراوی له به‌ر ده‌ستدا نییه‌و وه‌ک گوتم هه‌ر له خۆوه ژماره لێده‌دات.بێگومان کۆڵه‌که‌ی ئه‌و(ڕۆشنبیران و ئه‌کادیمیستانه‌ش)که کامیار پشتی پێی به‌ستووه،گومان ده‌کرێت ته‌نها به‌ختیارو مه‌ریوان و بازنه‌که بێت. به درێژایی ئه‌م هه‌ژده ساڵه‌ش هه‌میشه بڕێک له (ڕۆشنبیران و ئه‌کادیمیستان)له نێو ئه‌و ده‌سه‌ڵاته دژی ئازادیی و تاڵانچییه‌دا بوونه،نه‌ک هیچیان پێنه‌کراوه به‌ڵکو بوونه‌ته توێژێکی مشه‌خۆرو به‌شدار له‌و تاڵان و بڕۆیه‌دا که شیرازه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانیان له به‌ر یه‌ک هه‌ڵوه‌شاندووه،بۆیه ئه‌و ته‌قه‌لایه‌ی کامیار پشتی به خورافات به‌ستووه نه‌ک لۆژیک.
به‌ڵام کوتبینی و دیدی دژه‌ئازادی و کڵۆڵییه فکرییه‌که‌ی کامیار،له‌و پۆلێنکردنه ترسناکه‌ی بیروڕا جیاوازانه‌دایه که له‌و چه‌ند زاراوه ناقۆڵاو تۆقێنه‌رانه‌دا به زۆری چه‌کوش لێکیترنجاندوون.مرۆڤ کاتێک ئه‌و ڕوانگه تۆقێنه‌ره‌ی کامیار سه‌باره‌ت بیروڕا جیاوازه‌کان و ڕه‌خنه‌ی ئه‌وان له لیسته‌که‌ی گۆ‌ڕان و نه‌وشێروان ده‌بینێت،ده‌بێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌شی لێبکات هه‌میشه له پشتی فتوای کتێب سووتاندنه‌وه قه‌رار بگرێت،واته ئه‌و فتوایه‌ی کامیار له خۆوه نییه که به ده‌نگی به‌رز هاوار ده‌کات:( گوێش به‌و وڕێنانه مه‌ده‌ن که پێتان ده‌ڵێن کتێب سووتاندن کاری فاشیزم و نازییه‌کانه..!)سه‌یر ئه‌وه‌یه کامیار ئه‌م هاواره ترسناک و تۆقێنه‌ره جاڕ ده‌دات،که‌چی له شوێنێکی‌تردا ئێژێت:کتێب سووتاندن وه‌ک مۆراڵ و ئێسیک(هه‌رچه‌ند نه‌مزانی ئێسیک چییه)جوان نییه‌و لایه‌نگیریشی ناکه‌م)وه‌ک ئێژن ئه‌مه چه‌ندی به چه‌نده!
سه‌رنجی ئه‌م وێنه کاریکاتێری و هه‌ناسه ته‌نگییه بده‌ن: ، لەهە‌مانکاتیشدا هە‌ندێ کە‌س لە دیدی جیاوازە‌وە زۆر ئایدیۆفۆبیایانە Ideophobia( ترس لە ئایدیا) و پۆلیتیکۆفۆبیایانە Politicophobia ( فۆبیای سیاسیی )، بە دیدێکی زۆر ئایدیۆلۆژییانە‌و شە‌خسییانە رە‌خنە لە لیستی گۆ‌ڕان و نە‌وشیروان دە‌گرن.
کاتە‌گۆریی رە‌خنە‌گرە‌کان دە‌کرێ بە‌مشێویە پۆلێن
بکرێن:
کامیار چوونکه باوه‌ڕی به کتێب سووتاندن و ده‌م داخستنی ڕه‌های ئازادی هه‌یه،ده‌م داخستنی هه‌موو ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌ی جدی و فکرییان له لیسته‌که‌ی گۆ‌ڕان و نه‌وشێروان گرتووه،ناچاریشه ئه‌و ڕوانگه‌و ڕه‌خنه ڕیشه‌ییانه له‌و لیسته،له ژێر ناو و ناتۆره‌و زاراوه‌سازییه‌کی داتاشراو‌و ناقؤڵاو ترسناکدا پۆلێن بکات.ئه‌و ده‌نوسێت به دیدێکی ئایدۆلۆژی و شه‌خسییانه ڕه‌خنه له لیستی گۆ‌ڕان و نه‌وشێروان ده‌گرن! به‌ڕاست دیدی شه‌خسییانه مانای چییه؟ئه‌م دیده شه‌خسییانه‌یه له(چه‌مکی بۆشاییه‌که‌ی به‌ختیار عه‌لی ده‌چێت)له نوسینێکیتره‌دا هیوام خواستووه به‌ختیار بتوانێت په‌ره به‌و چه‌مکه بدات و وه‌ک دۆزینه‌وه‌یه‌کی نوێ پێشکه‌ش به خوینه‌رانی بکات!ئه‌و داوایه‌شم له کامیار هه‌یه به‌ڵکو بتوانێت له شوێنێکتردا دیدی شه‌خسییانه‌مان بۆ ڕوون بکاته‌وه! هه‌ڵبه‌ته هه‌موو که‌سێک و هه‌موو ڕه‌وت و ئایدۆلۆژیایه‌ک له ڕوانگه‌ی دنیابینی و به‌رژه‌وه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی خۆیه‌وه،قسه‌ی خۆی له سه‌ر لیستی گۆ‌ڕان و ئه‌و فه‌زا کۆمه‌ڵایه‌تیی سیاسی و فکرییه ،که له‌ستراکتۆری کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و سیاسی و ئه‌و فه‌زایه که له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له کوردستان هاته ئاراوه کرد،ئه‌مه‌ش نه‌ک نابێت ببێته مایه‌ی تۆقین و هیستریای هیچ که‌س و لایه‌نێک(که‌س و لایه‌نێک که باوه‌ڕی به"ئازادی"هه‌بێت)به‌ڵکو ده‌بێت وه‌ک به‌رخوردو سروشتیترین جم و جوڵ و په‌رچه‌کرداری ڕه‌وت و بزوتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیتر چاو لێبکات و ببینێت. ئه‌وه به‌رژه‌وه‌ندییه مادی و کۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تییه‌کانه هه‌ڵوێست و په‌رچه‌کرداری مرۆڤه‌کان چ به تاک و چ به‌کۆ،له به‌رامبه‌ر یه‌کدا ڕاده‌گرێت.ئه‌و کڵێشه به‌ندییه‌ش که کامیار سازی داوه ته‌نها له‌و ڕوانگه‌یه‌وه مانا په‌یدا ده‌کات،نه‌ک سه‌یرکردن و دیتنی دنیا له که‌لاوه‌ی بوغزه‌وه،نه‌ک داتاشینی وه‌همی ڕه‌خنه‌ی شه‌خسی و چه‌پی سه‌رگه‌ردان و کۆمۆنیسته کرێکارییه‌کان!
سه‌باره‌ت بوغزی دژی ئایدۆلۆژیگه‌ریش ده‌بێت به کامیار بێژین،کۆمۆنیست و مارکسیسته‌کان نه‌ک له شوناسی ئایدۆلۆژیگه‌ری ناترسن،به‌ڵکو به باوه‌ڕێکی قووڵه‌وه باوه‌ش به‌و ناسنامه‌یه‌دا ده‌که‌ن.ئه‌و ناسنامه‌یه ئه‌گه‌ر بۆ خێزان و باڵه ده‌مامک پۆشه‌کانی بۆرژوان مایه‌ی تۆقین و دڵه‌ڕاوکێی ئه‌به‌دییانه، تارماییه‌که ڕۆژێک دنیای پیسی موڵکایه‌تی به‌سه‌ریاندا قه‌ڵپ ده‌کاته‌وه،ئه‌وا بۆ کۆمۆنیسته‌کان ڕێڕه‌وو ڕێبازێکه مرۆڤایه‌تی له‌م دنیا ناشیرین و سه‌روخواره‌ی بۆرژوازی ڕزگار ده‌کات،ئه‌و ڕێگه‌یه‌یه مرۆڤ ده‌باته‌وه نێو ژیان و ماڵی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی..ماڵی به‌رابه‌ریی.ئه‌گه‌ر ئایدۆلۆژی کۆمۆنیزم ئه‌مه بێت،که بێگومانم ئه‌مه‌یه،ئه‌وا ده‌نگی ته‌پڵی دڕاوی دژه ئایدۆلۆژی و دژه کۆمۆنیزمه‌که‌ی کامیارو هاوبیره‌کانی نه‌ک به گوێی کۆمۆنیسته‌کان ده‌گات،به‌ڵکو سه‌داکه‌ی به‌ژێر پێستی ڕووقاییمی ته‌پڵه‌که‌دا ده‌چێته‌خوار.
ته‌قه‌لای کۆمیدیانه‌ی کامیار بۆ داپۆشینی تۆمه‌ت و تاوانه‌کانی نه‌وشێروان!
(بە‌دڵنیاییە‌وە، لە کۆمە‌ڵگە‌یە‌کی رۆژهە‌ڵاتییداو لە کوردستانێکی داهێزراودا ، سیاسیی پاک و ئایدیال و تە‌واوکە‌ماڵ نە‌ک هە‌رنییە، بە‌ڵکوو بیرکردنە‌وە‌ش لێی خۆشخە‌یاڵییە! منیش بڕوام وایە کە نە‌وشیروان مستە‌فا، بە‌شداربووە لە زۆرێک لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و سە‌رکوتکردنی نە‌یارە‌کانی خۆی و حیزبە‌کە‌یدا، سە‌رکردە‌یە‌کی میلیشیایی و جە‌نگاوە‌رێکی شاخ بووە، بە‌ڵام هە‌موو ئە‌مانە لە‌لایە‌ک دابنێین، ئە‌گە‌ر دە‌ست بۆ دادپە‌روه‌ریی بە‌رین، بە‌شێوە‌یە‌کی زۆر شاعیرانە‌ش وە‌ک عە‌دالە‌تە‌کە‌ی ناو شاری مۆسیقارە سپییە‌کان، عە‌دالە‌ت بسە‌پێنین، خۆ کە‌س دە‌رناچێ! و عە‌دالە‌ت ملی هە‌موومان دە‌پە‌ڕێنێ. خۆ زۆربە‌ی سیاسییە‌کانی کوردستان بە درشت و بچووکیانە‌وە، سامیری بابلیین و دە‌ستیان بە‌خوێنی نە‌ک نە‌تە‌وە‌کانی تر، بە‌ڵکو بە نە‌تە‌وە،بە‌تاک، بە مرۆڤ، بە منداڵ، بە‌ژنی کورد سوورە. منیش رە‌خنە‌م لە‌نە‌وشیروان هە‌یە، دە‌بووایە لای کە‌م بە‌جورئە‌تە‌وە ددانی بەهە‌ڵە‌کانی رابردووی خۆیدا بنایە‌و لە‌بە‌ردە‌م گە‌لە‌کە‌یدا داوای لێبووردنی بکردایە‌و ویژدانی خۆی و مێژووی خۆی ئاسوودە بکردایە. بە‌نامە‌ی تایبە‌تیش بۆم نووسی و داوام لێیکرد ئە‌گە‌ر داوای لێبووردن لەهە‌ندێ هە‌ڵسوکە‌وتی میلیشیایی و سە‌رکوتی سیاسیی بکردایە، دە‌یانجار لە هە‌نووکە خۆشە‌ویستتر و جە‌ماوە‌رییتر دە‌بووە‌وە. بێگومان دە‌یان و سە‌دانی تریش پێشتر ئە‌و داوایە‌یان لێکردووە. بە‌ڵام کە تا هە‌نووکە نە‌یکردووە، خۆ ناکرێ تۆ کە‌ڕە‌تی سفری بکە‌یت و بیدە‌یتە بە‌ر بوغزی مرۆڤێکی رۆژهە‌ڵاتیی تە‌نگە‌چیکڵدانە‌و هە‌موو شتێکی باشی ئە‌و کوێر بکه‌یته‌وه).
پێشتر باسی کڵۆڵیی فکرم له کامیاردا کرد،بۆیه قوڕ به‌سه‌ری ئه‌و سته‌مگه‌رو دیکتاتۆره هه‌ره بچووکانه‌ش که پشت به توانای فکریی کامیار ده‌به‌ستن تۆمه‌ت و تاوانه‌کانیان بۆ په‌ڕۆوپینه بکات!ئه‌م لاوازییه فکریی و گوزارشته ئایینییه(سیاسی پاک و ئایدیال و ته‌واو که‌ماڵ)ته‌نها له فه‌رهه‌نگی هه‌ژارانه‌ی کامیاردا ده‌ست ده‌که‌وێت،ئه‌وه‌ش که ئایه موشته‌ری بۆ په‌یدا ده‌بێت،به ڕاستی من نازانم!
هه‌ڵبه‌ته سیاسی پاک و ته‌واو که‌ماڵ!له دنیادا_مه‌به‌ستم دنیای بۆرژواکاندا نه‌ک هه‌ر نییه وه‌ک(کامیار دبێژێت)به‌ڵکو بیر لێکردنه‌وه‌شی خۆشخه‌یاڵییه!دنیای سه‌رمایه،سیاسه‌تی سه‌رمایه،مۆراڵ و فه‌رهه‌نگ و کولتور‌و فه‌لسه‌فه‌ی سه‌رمایه،له سه‌ر بنه‌مای گه‌نده‌ڵی،تاڵانچێتی،ته‌ڵه‌که‌و چه‌واشه‌کاری،دزی و چه‌وساندنه‌وه‌و نابه‌رابه‌ریی و سیسته‌مێکی کوێر ڕاوه‌ستاوه‌و به‌ڕێوه ده‌چێت.واته ئه‌و گوزارشته ئایینی و چه‌واشه‌کارییه‌ی کامیار له‌مه‌ڕ سیاسی پاک و کامڵ،نه‌ک له کوردستانه تاڵانکراوه‌که‌ی ئه‌ودا بوونی نییه،به‌ڵکو مۆراڵ و فه‌لسه‌فه‌ی بۆرژوازی لێی بێبه‌رییه.
به‌ڵام ته‌قه‌لا له‌رزۆک و بێڕیشه‌که‌ی کامیار بۆ(شتی)تره،ئه‌و ده‌یه‌وێت هه‌موو به‌شه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان و(ڕۆژهه‌ڵاتیی) بکاته چه‌په‌ڵ و(وه‌ک ئه‌وه‌ی سیاسییه‌کانی ڕۆژئاوا فریشته‌بن)له‌و ڕیگه‌یه‌شه‌وه نه‌وشێروان له ژێر باری زه‌بروزه‌نگ و سته‌مێکی مێژوویی ڕزگار بکات.له کاتێکدا میلێونان به‌شه‌ری کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان و(ڕۆژهه‌ڵاتی)هه‌یه به هیچ تاوانێکی سیاسییه‌وه نه‌گلاون،نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ڵکو قوربانییه‌کی گه‌وره‌ی نێو دنیای چه‌په‌ڵ و پیسی سیاسه‌ت و فه‌رهه‌نگی بۆرژواکانن.به‌ڵام کامیار ده‌ست له سه‌ر چاوو ویژدانی خۆی داده‌نێت و بێباکانه هه‌موو کۆمه‌ڵگه به چه‌په‌ڵکارییه‌وه ده‌گلێنێت!کامیار سه‌رباری باوڕبوونی به‌پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و هه‌ڵسوکه‌وتی میلیشیایی و سه‌رکوتگه‌رییه‌کانی نه‌وشێروان(ئه‌گه‌رچی زۆر به نه‌رم و نیانی و هه‌لپه‌رستانه ده‌ریده‌بڕێت،چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کان هیچ تاوانێکیان نه‌کردووه،به‌ڵام وه‌ک ئاگر به‌رده‌بێته گیان و جه‌سته‌یان،نه‌وشێروان مێژوویه‌کی له سته‌مکاریدا هه‌یه که‌چی ئاوی پێدا ده‌کات!)که‌چی له‌لایه‌ک ده‌چێته پشتی بزوتنه‌وه‌که‌یی وبه فریادڕه‌سی کۆمه‌ڵگه له ناسێونالیزمی کورد_پارتی و یه‌کێتی به دنیای ده‌ناسێنێت،له‌ولاشه‌وه بۆ لێخۆشبوو‌ن له تاوانه‌کانی نه‌وشێروان،کۆمه‌ڵگه ده‌کاته چه‌په‌ڵ و ده‌خوازێت،به‌پێی پێوه‌ری(عه‌داله‌تی)خورافیترین تێکستی دنیا_شاری مۆسیقاره سپییه‌کان_دنیا بکاته جه‌لادو به پێی دادگه شاعیرانه‌و وه‌همییه‌که‌ی به‌ختیار عه‌لی(ئه‌گه‌ر عه‌داله‌ت بسه‌پێنین خۆ که‌س ده‌رناچێت و ده‌بێت به ته‌ور ملی هه‌موو که‌سێک بقرتێندرێت!)ئه‌مه له کاتێکدا چه‌مکی عه‌داله‌ت له شاری مۆسیقاره وه‌همییه‌کاندا سوکایه‌تی پێده‌کرێت، ناشیرین و ئه‌تک ده‌کرێت،عه‌داله‌تی ڕه‌ها ئه‌م سه‌زه‌مینه ده‌کاته دۆزه‌خ،له دیدی ئه‌م شاره ناشیرینه‌دا هه‌موو مرۆڤه‌کان کۆپییه‌کیتری سامیری بابلین و ده‌یان گوزارشتی پوچ و بێمانایتر...
به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌و په‌نابردنی کامیار بۆ ئه‌و تێکسته ئایینی و خوارافییه‌ی به‌ختیار بۆ پینه‌وپه‌ڕۆکردنی ئامانجه‌که‌ی،دووماناو ده‌لاله‌تی هه‌یه،یه‌که‌م:هه‌ژاریی_یان نه‌بوونی فکر،چوونکه مرۆڤی خاوه‌ن فکر هه‌رگیز بۆ ئه‌و تێکسته خورافییه ناگه‌ڕێته‌وه،تا لێیه‌وه مێژوو و واقیعیه‌تی سیاسی که‌سایه‌تییه‌کی پڕسته‌م و زه‌بروزه‌نگ بخوێنێته‌وه،چوونکه چه‌مکی عه‌داله‌ت له شاری مۆسیقاره‌کاندا کۆمیدیایه‌که مه‌گه‌ر ته‌نها له فه‌نتازیای به‌ختیاردا هه‌بێت،نه‌ک له به‌ر ئه‌وه‌ی باوه‌ڕمان وابێت تێکستێکی خورافییه،به‌ڵکو له به‌ر ئه‌وه که چه‌مکی عه‌داله‌ت ده‌بێته ئه‌و سه‌رزه‌مینه جه‌لاد به‌رهه‌م ده‌هێنێت،ئه‌گه‌ر عه‌داله‌ته‌که‌ی به‌ختیار به‌ڕێوه ببردرێت ئه‌وا ده‌بێت به‌شه‌ریه‌ت ڕاکێشی پای دادگه بکرێت و به‌بۆچوون و پێوه‌ری دادگه‌ی شاره‌که‌ش یه‌ک که‌سیش بێ تاوان ده‌رناچێت.پێوه‌ری ئه‌و شاره بۆ مرۆڤ ئه‌وه‌یه که هه‌موو که‌سێک گوناهباره‌و گوناهـ ده‌کات.ده‌شێت به‌ختیار دیدو بیرۆکه‌ی ئه‌و دڕنده‌گه‌رایه‌ی مرۆڤی له‌و تێکسته پڕوپوچانه‌وه وه‌رگرتبێت که پێیان وایه مرۆڤ به غه‌ریزه بوونه‌وه‌رێکی سه‌ره‌ڕۆیه‌و ده‌بێت ڕێسایه‌که‌ی ئاسنین هه‌بێت تا جڵه‌وی بکات، یان زیاتر له‌و دیده ئایینییه‌وه نزیکه که مرۆڤ هه‌ر له ئه‌زه‌له‌وه گوناهباره‌و تا ئه‌به‌دیش گوناهـ ده‌کات،واته یاخی بوونی مرۆڤ له خوا له سه‌ره‌تاکانه‌وه ...(ئێره شوێنی ته‌فسیری ئه‌و شاره ناشیرینه نییه...!)
دووه‌م:کامیار ده‌یه‌وێت ئه‌رک و وه‌فای موریدانه‌ی خۆی بۆ شێخی سه‌نعان به‌سه‌لمێنێت،له لایه‌ک نمایشی نوشته‌ی تێکسته‌کانیان بکات و له‌ولاشه‌وه له جیاتی ئه‌وان به قسه بێت و وه‌ڵامی ئه‌و چه‌پ و کۆمۆنیسته بێفکرانه بداته‌وه،که ڕه‌خنه‌یان له لایه‌نگیریی به‌ختیارو(بازنه‌که)بۆ لیستی گۆ‌ڕان گرتووه. کامیار سه‌رباری ئه‌وه که چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کان به سه‌رگه‌ردان و بێفکر ده‌زانێت و سوکایه‌تییان پێده‌کات،به‌ڵام ڕه‌خنه‌کانی ئه‌وان له لیستی گۆڕانه‌که‌و به‌ختیارو(ڕه‌هه‌ندییه‌کان)تووشی هیستریای کردووه.سه‌رنجی ئه‌م شاڵاوو باره هیستریایه‌ی بیرمه‌نده‌که‌مان بده‌ن:
(بە‌ڵکوو فۆبیا لە‌نە‌وشیروان دە‌گە‌یە‌نێ. رقێکی رۆژهە‌ڵاتیی، بوغزێکی کوێر، دە‌روونێکی ژاکاو دە‌یهە‌ژێنێ و ناتوانێ رابردوو کە‌مێک کاڵبکاتە‌وە داهاتوو ببینێی)... هە‌ندێ چە‌پی لاکە‌وتە‌و دابڕاو لە کۆمە‌ڵگە‌ی کوردیی، لە‌گە‌ڵ کۆمۆنیستە کرێکارییە‌کان و چە‌ند کە‌سایە‌تییە‌ک لە شیوعییە دێرینە‌کان، کە لەهە‌موو مە‌عریفە‌یە‌کی سیاسیی و کو‌لتووریی بە‌دوورن، بە‌یە‌قینە‌وە ژمارە‌یان لە‌کوردستان و لە‌تاراوگە‌ش لە‌چە‌ند سە‌د کە‌سێک تێپە‌ڕ ناکات، کە‌وتوونە‌تە کە‌مپە‌ینکردن بۆ بایکۆتی هە‌ڵبژاردن و لە پارتیی و یە‌کێتیی خراپتر بۆ سە‌ر لیستی گۆ‌ڕان هێرشدە‌کە‌ن. ئە‌م جۆرە کۆمۆنیست و شیوعیی و چە‌پانە کە خۆیان بە پێشکە‌وتووخواز دە‌زانن، لە‌ڕاستییشدا وە‌ک ئیسلامی سیاسیی، دژی ئازادیی و دێمۆکراسیی و مافی مرۆڤن، هێشتا لە دۆکترینی ستالینیزم و ترۆتسکیزم و ماویزم، خۆیان نە‌تە‌کاندووە، هێشتا لە‌خە‌ونی داگرتنی بۆرژوازیی لە‌دە‌سە‌ڵات خە‌بە‌ریان نە‌بووە‌تە‌وە. هێشتا دە‌ف و شمشێر بۆ فانتە‌سیی "شۆ‌ڕشی کرێکاریی" رادە‌وە‌شێنن. کە گومانی تێدانییە، بایکۆتە‌کە‌یان جگە لە‌وە‌ی لە‌خۆیان رانابینن، هیچیتر نییە. ئە‌وان ئێرە‌ییان بە‌وە دێت، چە‌ندین سا‌ڵە دروشمی بە‌تاڵ دە‌نووسنە‌وە، چوار کە‌س لە‌دە‌وریان کۆنە‌بووە‌وە، هە‌نووکە چاویان بە‌رایی نادات، جە‌ماوە‌ری کوردستان داوای گۆ‌ڕان دە‌کە‌ن و ئە‌وان هیچکارە‌ن. ئاخر بایکۆتکردن، گە‌ورە‌ترین قازانج بە‌دوو حیزبە‌کە دە‌گە‌یە‌نێ! و مە‌ودای ساختە‌کاریی بۆ ئە‌وان زۆرتر دە‌کات...( هاوکات هه‌ندێ له‌م نووسه‌رو رۆشنبیرانه رووی قه‌ڵه‌مه‌کانیان کردبووه ئه‌وانه‌ی لایه‌نگریی له ئۆپۆزیسیۆنی پارتیی و یه‌کێتی ده‌که‌ن. ره‌خنه‌ی رادیکاڵانه‌و شۆڕشگێڕانه‌و لیبڕاڵانه‌و چه‌پانه‌یان له‌وانه ده‌گرت که ده‌ستوریان ره‌تده‌کرده‌وه و له‌وانه‌ش که به‌گرووپی ره‌هه‌ندییه‌کان ناسراون) ئه‌مه ئیتر قسه‌ی که‌سێکه نه‌ک بیر ناکاته‌وه،به‌ڵکو له بارێکی ده‌رووونی وێراندایه،نه‌ک ته‌نها فتوای کتێب سووتاندن جاڕ ده‌دات،به‌ڵکو له هه‌ر گۆشه‌یه‌کی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌دا بۆ یه‌ک ڕۆژیش موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵات بکات،له سه‌ر بیروڕای جیاواز ته‌واوی به‌شه‌ره‌کانی له قه‌فه‌س ده‌نێت(ئه‌مه ئه‌گه‌ر نه‌یان سووتێنێت)
له کۆتایی ئه‌م بابه‌ته‌دا دبێژین:بوغز‌و کینه‌ی کامیار(نه‌ک ڕه‌خنه‌ی فکریی)له کۆمۆنیزمی کارگه‌ریی و (حیکمه‌تیزم)هه‌مان کاردانه‌وه‌ی هه‌مان فه‌رهه‌نگ و سیاسه‌تی ناسێونالیستێکی یاخی له شێوه ده‌سه‌ڵاتێکی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تییه،که هه‌ژده ساڵه خه‌ریکی به‌خشینه‌وه‌ی ئه‌و پڕوپاگه‌نده پیسانه‌ن له به‌رامبه‌ر بزوتنه‌وه‌ی کۆمۆنیزمی کارگه‌رییدا.ئه‌وه‌ش که کامیار سکاڵای له خڕ‌و وڕی کوردایه‌تی و سرودی ئه‌ی ڕه‌قیبه‌که‌ی هه‌یه،هیچیتر نییه جگه له ده‌مامکێک بۆ داپۆشینی ئه‌و فه‌رهه‌نگه سیاسی و کولتوره دواکه‌وتوانه‌یه که له‌م نوسینه‌دا په‌نجه‌م له سه‌ری دانا.چه‌پ و کۆمۆنیزمی کارگه‌ریی چه‌ند سه‌د که‌سێک بن یان چه‌ند که‌سێک،په‌یوه‌ندی به شێوازی سیاسه‌ت و پراکتیکی کۆمۆنیستی و کرێکارییه‌وه هه‌یه، مرۆڤی خاوه‌ن فکریش ده‌بێت له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه ڕه‌خنه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی گه‌شه یان داکشانی بزوتنه‌وه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بکات،نه‌ک له سه‌ر بنه‌مای بوغز‌و ده‌ستکردن به باخه‌ڵدا.که‌سێک هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه بڕیاری دابێت له دژی کۆمۆنیزم راوه‌ستێت،بێگومان نه ده‌توانێت له کێشه‌وگرفته‌کانی کۆمۆنیزم بگات نه ده‌شتوانێت خاوه‌نی میتۆدێکی ڕه‌خنه‌یی بێت.
(حیکمه‌تیزم)مه‌نسوری حیکمه‌ت به‌م قسه‌و زاراوه‌سازییه ناقۆڵانه(کۆکتێلی ئایدیۆلۆژییانه‌ی بۆلشه‌فیزم و خورافه‌ی حیکمه‌تیزم)لاواز نابێت.مه‌نسوری حیکمه‌ت ئیتر بیرمه‌ندێکی مارکسییه،من و کامیاریش به‌مه قایل نه‌بین،هیچ له‌و حه‌قیقه‌ته ناگۆڕێت.ئه‌و مێژووی هه‌یه،ئاسه‌واری مێژوویی هه‌یه،که‌سایه‌تییه‌کی به‌رجه‌سته‌ی مێژووکرده،باوه‌ڕیشم وایه کۆمۆنیزم له هه‌ر شوێنێکی دنیادا شکڵ بگرێت و به‌ره‌و شکڵگرتن بڕوات، ده‌بێت بۆ تێزه‌کانی مه‌نسور بگه‌ڕێته‌وه.ئه‌مه ئه‌گه‌ر هێشتا قسه‌یه،به‌ڵام مێژوو ئه‌و ڕاستییه ده‌سه‌لمێنێت!ئه‌وه‌ش که کامیار به بوغز‌و لێوێکی وشکه‌وه کۆکتێلی بوڵشه‌فیزم و حیکمه‌تیزم ده‌نوسێته‌وه نه‌ک به شێوه‌ی بوغز به‌ڵکو له چوارچێوه‌ی فکردا دروسته،مه‌نسور یان(حیکمه‌تیزم)له بوڵشه‌ویزم جیانابێته‌وه، مه‌نسور دبێژێت:لینین ڕه‌مزی جه‌ساره‌تی چینی کرێکاره...!
دوا ته‌وه‌رێک ئاماژه‌یه‌کی کورتی پێبده‌م بڕیار‌و هه‌ڵوێست و به‌یانی گه‌ڕانه‌وه‌ی فه‌رهاد پیرباڵه،بۆ لای ده‌سه‌ڵاتێکی تاڵانچی و به ئاشکرا ڕاگه‌یاندنی ده‌نگدان و لایه‌نگیریی خۆی بۆ مه‌سعود بارزانی.تا ئێره هیچ کێشه‌یه‌ک نابینین،ئه‌ویش وه‌ک هه‌ر هاوڵاتییه‌ک که باوه‌ڕی به ده‌نگدان و به‌شداریکردن له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی بۆرژواکاندا هه‌یه،له ڕوانگه‌ی هه‌مان ئازادی ساخته‌ی بۆرژوازیشه‌وه ئه‌و مافه‌ی هه‌یه‌و ده‌یبێت.ئازاده زنجیری پانتۆڵه‌که‌ی بکاته‌وه‌و میز به ئه‌رزوئاسماندا بکات،میزی خۆیه‌تی و هه‌ر شتێک که ئه‌و پێی ناشیرینه پێیدا ده‌کات،زنجیری خۆیه‌تی و هه‌میشه کراوه‌یه،ئه‌مانه هیچی کێشه‌ی که‌س نییه‌و ئازادی که‌سیشی پێشێل نه‌کردووه.به زۆر که‌سی ڕاپێچ نه‌کردووه تا بێن و گوێ له کۆڕ‌و شیعره‌کانی بگرن،له سه‌ر گوێ نه‌گرتن نان و مه‌عاش و پارووی ده‌می هیچ منداڵێکی نه‌بڕیوه.
ئه‌وه‌ش بێماناییه‌کی بێتامه گوایه به شیعر‌و کۆڕه‌کانی خه‌ڵک و گه‌نجانی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندووه‌و ڕاستی له گه‌ڵ نه‌کردوون.چوونکه ئه‌و قسه‌ی کردووه‌و خه‌ڵک گوێی لێگرتووه،خه‌ڵک ئازادانه‌و به پێی ئاستی وشیاری و تێگه‌یشتنی خۆیان،هه‌ڵسه‌نگاندن و داوه‌ریی خۆیان مه‌یلیان پێداوه‌و باوه‌ڕیان به به‌رگریکردنی فه‌رهاد بۆ مافه‌کانیان لادروست بووه،پێی سه‌رسام بوونه‌و چه‌پڵه‌یان بۆ لێداوه.
به‌ڵام حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه گه‌ڕانه‌وه‌ی فه‌رهاد پیرباڵ بۆ لای ده‌سه‌ڵات و بارزانی(یاخود ده‌شێت له ژێره‌وه‌و هه‌میشه له گه‌ڵ بارزانی بووبێت)جێی سه‌رسوڕمان نییه،چوونکه فه‌رهاد ئه‌ندامی خێزانێکی نێو هه‌مان ئایدۆلۆژی ناسێونالیزمی کورده،ده‌کرێت ئه‌مڕۆ له هه‌ندێک شت یاخی بێت و سبه‌ی بۆ هه‌ندێکیتر بگه‌ڕیته‌وه.یاخیبوونی فه‌رهاد هه‌رگیز یاخیبوونێکی فه‌رهه‌نگی و کولتوری قووڵ له فه‌رهه‌نگ و کولتوری ناسێونالیزم نه‌بووه.من هه‌رگیز به هیچ شتێکی فه‌رهاد سه‌رسام نه‌بوومه،شیعری خوێندۆته‌وه سه‌رسام نه‌بوومه،ئێخه‌ی خۆی دادڕیوه‌و گوتویه‌تی گوله له سنیگم بده‌ن سه‌رسام نه‌بوومه،ئه‌و هه‌موو میزه‌ش که به ڕۆخساری ناشیرینییه‌کاندا ڕژاندوێتی سه‌رسامی نه‌کردووم.به‌ڵام ئه‌وه که خه‌ڵکانێک وادار به هاواره‌کانی فه‌رهاد بوونه،په‌یوه‌ندی به ساده‌وشیاریی و ساده‌تێگه‌یشتنی ئه‌و خه‌ڵکه‌وه هه‌بووه،که‌سیش له‌م نێوه‌دا تاوانبار نییه،نه فه‌رهادو نه ئه‌وانه‌ش که واداری بوونه.ده‌کرێت سبه‌ی کامیاریش بگه‌ڕێته‌وه نێو هه‌مان ده‌سه‌ڵات و هه‌مان پارت و بزوتنه‌وه،ئه‌مه خه‌یاڵ و حوکمێکی کڵێشه‌گه‌ریی من نییه،به‌ڵکو واقیعییه،زه‌مینه‌ی فه‌رهه‌نگی کولتوریی و کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه،فه‌نتازیاو ستاتیاکای ڕیشه‌یی هاوبه‌شی هه‌یه، دنیابینی و مۆراڵی چوونیه‌کی هه‌یه.به‌رجه‌سته‌ترین نمونه‌ی ئه‌م پێوه‌ره فه‌رهاد پیرباڵه،خودی کامیاره له نێو لیستی گۆ‌ڕاندا،به‌ختیارو مه‌ریوان و ڕێبین هه‌ردی و بازنه‌که‌یه بۆ نێو هه‌مان لیستی گۆ‌ڕان و هه‌مان فه‌رهه‌نگ و جیهانبینی.نمونه‌ی ئه‌و شاعیره هه‌ست ناسکه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه نێو هه‌مان فه‌رهه‌نگ،له ماڵی وشه‌وه فرته ده‌کات و ده‌بێته دۆستی ته‌ورو دبێژێت(به‌تاڵی به‌تاڵ!)ئه‌وانیتریش که به په‌یژه‌ی ته‌پۆڵکه‌که‌دا سه‌رکه‌وتن!
ئه‌وه‌ش که فه‌رهاد پیرباڵ دبێژێت گوایه که‌س له مه‌سعودبارزانی شییاوترو دیبلۆماسیتر بۆ سه‌رۆکی هه‌رێم نه‌بووه،باوه‌ڕم وایه بێماناترین و کۆمیدیتیرن قسه‌یه‌که که هزرگه‌رێک(ڕۆشنبیرێک)بیکات.چوونکه به دڵنییاییه‌وه کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان ده‌یان وسه‌دان که‌سی چه‌ند قات به تواناتر سیاسیترو دیبلۆماسیتری تێدایه،که له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه له بارزانی شییاوترن.به‌ڵام فه‌رهاد چاو له‌و حه‌قیقه‌تانه ده‌پۆشێت و وشیارانه بانگه‌شه‌ی سیاسی خۆی ده‌کات،ئه‌و ڕۆیشتووه‌و خه‌ریکی کاری خۆیه‌تی. باوه‌ڕیشم وایه ئیتر نه زنجیری پانتۆڵه‌که‌ی ده‌کاته‌وه‌و نه که‌سیش به میزکردنی شیعره‌کانی سه‌رسام ده‌بێت.
24.08.2009
|