په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٩\٢٠٢٠

خوان و سفرەکەی نێچیرڤان بارزانی و ھاتنی کازمی.


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   


لە جیھانی ئەمرۆدا خەڵک بە دوای زانست و تەکنولۆجیا دەگەرێت وھەوڵ دەدەن بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەیەک بۆ پرس و گرفتەکانی رۆژو ھاوڵاتیانی باشوری کوردستان بە دوای دۆزینەوەی چارەسەرییەک دەگەرێن بۆ پاراستنی ژینکەی کوردستان و بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دۆزینەوەی چارسەری گونجاو بۆ نەھێشتنی برسێتی و بەرەنگاربوونەوەی ھەموو جۆرە دزی و گەندەڵییەک لە ھەموو بوارەکانی دامودەزگاو دامەزراوەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم و پەرلەمان و حکومەت.
چەندین جارە ھوشیار زێباری ئەندامی مەکتبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لە تام و خۆشی و دەوڵەمەند بوونی خوان و سفرەی نێچیرڤان بارزانیەو ئاواتەخوازە ھەموو جارێک لەو تام وخۆشییە بێ بەش نەکرێت و، ھەروا شاھو ئەمین بێژەری تەلەفزیۆنەکەی نێچیرڤان بارزانی بەناو روداو بە دەنگێکی زۆر بەرز باس لەو نازو نیعمەتەو خوان و سفرەی رازاوەی نێچیرڤان بارزانی دەکات.

لە ئایاری ساڵی ٢٠٠٣ من و دوو ھاورێم (عەدنان ئەحمەد و فەرھاد فرانک) لە کافتریاکەی کاک عابدین لە شارەکەمان دانیشتبووین و، لە پر کاک فەرھاد پرسیاری کردو وتی: ئایا ئەو ژنە کە جانتایەکی بە پشتی بەستووە دەناسن؟ وتمان بەڵێ ئەوە ئەنا لیندە وەزیری دەرەوی سویدە، (تەنھا خۆی بوو بەبێ پاسەوان‌و حمایە) چوو پەرداخێک قاوەو پارچە کێکێکی بچکۆلەی ‌ کڕی ‌و لە نزیکمانەوە دانیشتوو لە پاش پشوودانێکی کورت ھەڵساو وەک سەرکردەیەکی حزبی سۆشیال دیموکرات بەشداریکرد لە ئاھەنگی رۆژی کرێکارانی جیھان و وتارێکی بۆ جەماوەرە فراوانەکەی حزبی سۆسیال دیموکراتەکان و چەپەکان پێشکەش کردوو، لە کۆتاییدا روویکردە ویستگەی شەمەندەفەرو وەک چۆن بە شەمەندەفەر ھات بەو شێوەیەش گەرایەوەو، ( جێی داخە لە سێپتەمبەری ھەمان ساڵ لەلایەن دەستێکی چەپەڵەوە ئەو ژنە تێکۆشەرە تیرۆر کرا).

دیارە خوان و سفرەی نێچیرڤان بارزانی خۆشە و ئەی بۆنا ؟‌ : ھەنگوینی رەسەنی خۆماڵی و ماست و پەنیر و گوێز و ھەموو شیرەمەنییەکانی ئاڵتون سای تورکی و نانی گەرم و شتی تریش مەگەر تەنھا ھوشیار و شاھو بزانن ئەو شتانە چۆن ئامادە دەکرێن و کێ ئامادەیان دەکات.

لە سایەی نێچیرڤان بارزانی و حکومەتەکەی مەسروری ئامۆزای و چاکوازییەکەی خەڵک توشی ھەژاری و برسێتی بووەتەوەو رۆژ لە دوای رۆژ ھەرێمی کوردستان روو لە خراپە دەکات و دوور نییە بە ھۆی سیاسەتی ھەڵە و دزێنی ماڵ و سامان و قوتی خەڵک و یارمەتی دەستی دەرەکی ھەرێمی کوردستان لەناو ببەن.

ھاتنی مستەفا کازمی بۆ نانخواردن و خوان و سفرەی رازاوە نییە بەڵکو بۆ جو‌ڵاندنی دوسیە شاراوەکانی نەوت و غاز و دەستدرێژی تورکیا و ئێرانە لەگەڵ پرسی دەروازە سنوورییەکان و دزیی و قاچاغچێتی و فرۆکەخانەکان و گواستنەوەی شتومەکی بەرپرسانی باڵاو، باسکردنی موچەی فەرمانبەرو مامۆستایان و دانانی ھیڵی سوور بۆ ئەو کەسانەی یارمەتی دەستی دەرکی دەدەن بۆ داگیرکردنی خاکی کوردستان کە سەرجەم بەرپرسان کە تا دوێنی بە عێراقیان دەوت دراوسێ، لەمرۆدا دەڵێن کوردستان بەشێکە لە عیراق و شانازی بە عێراقی بوونی خۆمان دەکەین و، لێرەوە موزایەدەی حیزبی کۆتایی پێدێت و حیزبی گەورە رۆڵی دەمرێت و، ئەم ھاتنەی کازمییە ئەو بەرپرسانەی کە خۆیان لە ترسی کۆرۆنا حەشاردابوو ناچارکرد بجوڵێن و، کازمی لە ‌ماوەیەکی کورتدا وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق توانی سەردانی دھوک و ھەولێر و سلێمانی و ھەڵەبجە و زاخۆ و باشماخ بکات بەڵام بەرپرسانی ھەرێم و حکومەت نەیانتوانیوە ئەو کارە بکەن.

خەڵک داوای مافی خۆیان دەکەن و موچەکانیان دەبرن و، ئێوەش بە خوان و سفرەو تەلاری مێرگەپان سەرقاڵن!

دەربارەی شاند ناردن و رێکەوتن لە نێوان ھەرێم و عێراق بێسوودە چونکە ھەرێم بە ‌بێ رەزامەندیی خەڵکی کوردستان و حکومەتی ناوەندی نەوتی بۆ ماوەی ــ ٥٠ ــ ساڵ داوە بە تورکیا و، ھەشت نۆ ساڵە خەریکی شاند ناردنە ‌بەڵام ئەنجام تەنیا شتی زەق و درۆی بەرپرسانە، جا تا ئێوە حکومەت و ھەرێم بەرێوەببەن ھەرگیز خەڵک ھەست بە ئاسوودەیی ناکا.


ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک