په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٢\٢٠١١

خودا؟؟؟ یان بۆ ده‌بێ ئاینم هه‌بێ؟


ئارام جه‌لال


پێناسه‌کردن و قسه‌کردن له‌سه‌ر خودا بۆ که‌سێک قسه‌گه‌لێک هه‌ڵده‌گرێت که‌ خۆی بڕوایه‌کی ته‌واوی به‌ خودا هه‌بێت و یاخود شوێنکه‌وته‌ی یه‌کێک له‌ ئاینه‌کانبێت چونکه‌ مرۆڤ له‌ ڕێگه‌ی ئاینه‌کانه‌وه‌ پێناسه‌ی حازر و ڕونکردنه‌وه‌ی حازری له‌به‌رده‌سته‌ له‌سه‌ر خودا، بێ ئه‌وه‌ی پرسیار له‌ هیچ شتێک بکات خودایه‌کی حازری بۆ دانراوه‌ و ده‌توانێت قسه‌ی زۆری هه‌بێت له‌سه‌ر خوداوه‌ند، به‌ڵام بۆ که‌سێک هه‌ هیچ ئاینێکی نیه‌و خودایه‌ک تا ئه‌م ده‌مه‌ نه‌بۆته‌ خودای ئه‌و، له‌م کاته‌دا ئه‌و نه‌ پێناسه‌ی حازرو به‌رده‌ستتی هه‌یه‌ نه‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی هه‌یه‌ که‌ خودای لێوه‌ ببینێت بگره‌ خودایه‌ک نابینێ تا پێناسه‌ی بۆ بکات، بۆیه‌ له‌م کاته‌دا قسه‌ کردن له‌سه‌ر خوداو خودابوون لای شوێنکه‌وته‌ی ئاینه‌کان قسه‌و باسی زۆرتر هه‌ڵده‌گرێت تا لای که‌سانی بێ ئاین.


کاتێک که‌ من هیچ پێناسه‌یکی ئاماده‌کراوم بۆ نه‌کراوه‌ که‌ له‌ ده‌می ئاینه‌که‌مه‌وه‌ باسی خودا بکه‌م و خودا ڕوون بکه‌مه‌وه‌ کێیه‌، چونکه‌ من میتۆدێکم نییه‌ ناوی ئاینی ئاسمانی بێت ده‌توانم بڵێم:


لە ئەنجامی رامان لە کەون و بیرکردنەوە لە ھاوکێشەی بوون و ڕاوەستانی کەون، بەر ھێزیکی توند دەکەوین،کە ھەمیشە ئەو ھێزە راکێشی کردووین بۆبیرکردنەوە لە سەرچاوەکەی، زانیاری مرۆڤ زۆر لەوە سنور دارتربووە کە بگاتە پێناسەکردنی ھێزە بەدیھێنەرەکەی کەون، زۆربەی کاتەکان ئەم بیرکدنەوە قوڵە مرۆڤەکان بەرەو گێژبوون دەبات، بۆ خۆدەربازکردن لە سەرگێژخواردنمان لە بیرکردنەوە لەو ھاوکێشەیە، ئەو ھێزە ناودەبەین بە خودا، ڕەنگە ئەو ھێزەی کە ناوی دەبەین بە خودا ڕۆژێک زانست بیسەلمێنی کە فیزیا یە فیزیایەکی ئەزەلی، ھەمیشە خودا لای من بریتیبوە لەو ھێزە نادیارەی پشتی کەون رەنگە ئەو ھێزە سروشت دەربچێت یاخود فیزیا یاخود سودفە ھیچیان جیاوازی یەکی ئەوتۆیان نیە.


بەڵام ئەوەی کە لای من جێگای دڵنیاییە کە ئه‌و هێزانه‌ کارێکیان بەسەر مرۆڤەکانەوە نی یە واتە کاری ئەو وەک و ھێزێکی دروستکەرە و ھیچی تر.


کاتێک مرۆڤ هه‌وڵی داوه‌ ئه‌م هێزه‌ بکاته‌ خودایه‌ک و په‌رستراوێک بۆ خۆی، هاتووه‌ به‌رگی کردوه‌ به‌به‌ر ئه‌م هێزه‌داو ئاینی بۆ دروست کردووه‌، ئه‌گه‌ر بێت و سه‌یری هه‌ر یه‌کێ له‌ ئاینه‌کان بکه‌ین که‌ ئه‌و هێزه‌یان کردوه‌ به‌ خودا، لای ئه‌وان پێناسه‌ هه‌بووه‌ بۆ خودا یاخوود وێنه‌ هه‌بووه‌ بۆ خودا، بۆ نموونه‌ له‌ هه‌ندێک ئایندا ده‌ڵێن خودا له‌ شێوه‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤێکدایه‌ یاخود له‌یه‌کێک له‌ ئاینه‌ زیندوه‌کاندا ده‌ڵێت خودا له‌ وێنه‌ی گه‌نجێکی جواندایه‌ یاخود ده‌ڵێت خودا ده‌ستی هه‌یه‌ قاچی هه‌یه‌ وه‌ ڕانی هه‌یه و له‌ ڕۆژی دواییدا به‌رده‌ له‌سه‌ر خودا لاده‌برێو ڕانی ده‌ره‌که‌وێ،‌ ته‌نانه‌ت ده‌ڵێن په‌نجه‌ی هه‌یه‌و دڵی مرۆڤه‌کان له‌ نێوان دوو په‌نجه‌ی خودادایه‌، ته‌نانه‌ت له‌ زۆر شوێندا هه‌ندێک له‌ سیفاته‌کانی مرۆڤیش ده‌درێت به‌ خودا و ده‌وترێت خودا پێده‌که‌نێت یاخود خودا توره‌ ده‌بێت که‌ مرۆڤ له‌ سیفاته‌کانی خۆیه‌وه‌ بیر له‌ سیفاتی خوداش ده‌کاته‌وه‌، گه‌ر بێت و سه‌یری ئه‌م لێکدانه‌وانه‌ بکرێت بۆ وێناکردنی ئه‌و هێزه‌ نه‌زانراوه‌ی پشتی به‌دیهێنان ئه‌وا زۆر به‌ ڕوونی ده‌یبینی که‌ ئه‌م وێناکردنه‌ جگه‌ له‌ خه‌یاڵاتی مرۆڤ زیاتر هیچی تر نیه‌ چونکه‌ ئه‌م بونه‌وه‌ره‌ که‌ مرۆڤه‌ خودای له‌ شێوه‌ی خۆیدا به‌ڵام به‌ باڵاده‌ستی وێنه‌ ده‌کات، گه‌ر بێت و بچینه‌ ناو خه‌ێڵی ماسی یه‌ک یاخود هه‌رچ بوونه‌وه‌رێکی دی ئه‌وا ئه‌ویش گه‌ر ڕۆژێک بیر له‌ بونی ئه‌و هێزه‌ به‌دیهێنه‌ره‌ بکاته‌وه‌، له‌سه‌ر هه‌مان شێوه‌ی خۆی بیری لێده‌کاته‌وه‌، ماسیه‌ک خودا به‌ ماسیه‌کی زۆر گه‌وره‌و باڵاده‌ست ده‌بینێت ووه‌ هه‌رچ بوونه‌وه‌رێکی تر به‌هه‌مان شێوه‌ وێنای ده‌که‌ن.


گه‌ر سه‌یری سه‌راپای مێژووی مرۆڤایه‌تی و په‌رستن بکه‌یت زۆر به‌ده‌گمه‌ن وێنای خودا له‌ وێنای مرۆڤ دوور بووه‌، وه‌ ئه‌و په‌یکه‌رانه‌ی که‌ کراونه‌ته‌ په‌رستراو زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆریان له‌ شێوه‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤدان و به‌ ده‌گمه‌ن په‌یکه‌رێک ده‌بینرێته‌وه‌ شێوه‌ی مرۆڤی تیا نه‌بێت.


وه‌ چه‌مکی خودا لای ئاینه‌کان زۆر باڵاده‌ستتره‌ له‌ هێز، چونکه‌ خودا‌ خالقه،‌ وه‌ خودا ئاگادارو به‌ ئاگایه‌ له‌ کاری هه‌موو مه‌خلوقه‌کانی وه‌ لێپرسینه‌وه‌ی وردیان له‌گه‌ڵده‌کات، که‌واته‌ ئه‌م خودایه‌ی لای ئاینه‌کان هه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌کی زۆر توندو تۆڵ کار ده‌کات و وه‌ به‌ ئاگایه‌ له‌ هه‌موو شته‌کان وپێویستی به‌ که‌س نیه‌و هه‌موو که‌س پێویستی به‌وه‌و.... هه‌تا دوایی، ئه‌گه‌ر بێت و لۆجیکی بیر له‌ ئه‌م خالق بوونه‌ بکه‌ینه‌وه‌ ده‌بێت خالق بوون له‌ قۆناغێکدا بگاته‌ بن به‌ست، کاتێک مرۆڤ ڕازی نیه‌ به‌که‌ون دروست بون بڵێت سودفه،‌ له‌ وه‌ختێکدا که‌ ده‌بێت ڕازیبیت به‌وه‌ی که‌خودا دروستبوونی نا دیاره‌و تاراده‌یه‌ک شێوه‌ سودفه‌ی پێوه‌ دیاره‌ به‌ڵام ئاینه‌کان نالێن سودفه،‌ وه‌ ئه‌م خودایه ‌دروستکه‌ری نیه‌و خۆی له‌ نه‌بوونه‌وه‌ هاتۆته‌ بوون و وه‌ دروستکه‌ری هه‌موو شته‌کانه‌و زانا و دانا و به‌ یه‌ک چرکه‌ هه‌موو شتێک دێنێته‌ بوون، ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ مه‌نتیق نایه‌ته‌وه‌ ئه‌م خالقه‌ بێ دروستکه‌رو به‌ سودفه‌ دروست بوبێت، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا هه‌میشه‌ ئه‌وانه‌ی که‌ یه‌که‌مجار دروست ده‌بن ساده‌تروو سه‌ره‌تاییترن وه‌ک له‌وانه‌ی که‌ زه‌مه‌ن تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ریانداو به‌ تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ن ئاڵۆزتر و به‌رنامه‌دارتر ده‌بن، به‌م پێیه‌ ده‌توانم بڵێم دروست بوونی که‌ون له‌ خۆیه‌وه‌ زۆر لۆجیکی ترو عه‌قلانی تره‌ وه‌ک له‌ دروست بوونی خوایه‌ک له‌ خۆیه‌وه‌، له‌ کاتێکدا که‌ ئه‌م خوایه‌ ئه‌و هه‌موو تواناو زانیاریه‌ی هه‌یه‌.

خودای من کێیە:


ئەگەر بیر لە بە خودا بوون بکرێتەوە، خودابوون دەبێتە دووبەش خودابوون لە بەدیھێنان و خودابوون لە پەرستن لای من ئەم دوو خودایە ھەر یەکەیان سەربەخۆن، خودای من لە بەدیھێناندا بریتیە لەو ھێزە نادیارە سروشتی یە یاخەود فیزیاییەی کە ڕوون نیە بۆمان بە جۆرێک لە جۆرەکان دەتوانم بڵێم لە بەدیھێناندا خودای من نادیارە، وه‌ ناتوانم به‌ ئاسانی بڕیار له‌سه‌ر هێزێک بکه‌م که‌ من و هه‌موو ته‌نه‌کانی ده‌ورو پشتمی به‌دیهێناوه‌، چونکه‌ بڕیاردان له‌م کاره‌ پێویستی به‌ یه‌قێنێکی گه‌وره‌ هه‌یه‌، هه‌میشه‌ ئه‌و بابه‌تانی که‌ له‌ دنیای مادیدا نین هه‌تا به‌ڵگه‌ی زانستی نه‌بێت ئاسان نیه‌ یه‌قینت هه‌بێت له‌سه‌ری.


بەڵام خودای پەرستن جۆرێکی دیکەیە چونکە پەرستن بریتیە لە (خۆشویستنی تەواو + بەگوێکردنی تەواو)، بە بونی ئەم دوو کاراکتەرە پەرستن دروست دەبێت کەواتە خودای من لە پەرستنا دەکرێت ھەر دەمەو شتێکی جیاوازبێت وە خودایەکی جێگیر و خودایەکی کامل لە سیفاتی پەرستندا بۆمن بوونی نیە چونکە ئەستەمە بڕیاربدەین کە بونەوەرێک یاخود ھەر شتێکی دی قابیلی خۆشویستنی تەواو و بەگوێکردنی تەواوبێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی په‌رستن له‌ زۆرکاتدا چاوه‌ڕوانی پاداشت کردن و زیندوو بونه‌وه‌و کۆمه‌ڵێک له‌م بابه‌تانه‌ به‌دوای‌ خۆیدا ده‌هێنێت که‌ من ناتوانم ئه‌و جۆره‌ خودایه‌م هه‌بێت که‌ چاوه‌ڕوانی پاداشت و سزای لێبکه‌م، جگه‌ له‌وه‌ی ڕه‌نگه‌ ئه‌و هێزه‌ی که‌ بۆته‌ دروست بوونی که‌ون به‌ هه‌موو پێکهاته‌کانیه‌وه‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ ئه‌و پێویستی به‌ په‌رستنی ئه‌م ته‌نه‌ بچوکانه‌ی سه‌ر زه‌وی هه‌بێت و ئه‌م بونه‌وه‌رانه‌ له‌چاو قه‌باره‌ی ته‌نه‌کانی تردا جێگه‌ی ئه‌وه‌ نیه‌ پێوه‌ی سه‌رقاڵ ببێت.


 

Aram.jalal@hotmail.com