په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١٢\٢٠١٩

خوێندنەوەیەکی جیاوازی رووناکبیرێکی تورک

بۆ "دۆزی کورد" دۆزی کورد لە پەیڤێکدا.

وەرگێڕانی: هۆمەر    


پەیڤی وەرگێڕ:
ئەحمەد ئاڵتان، نووسەر و ڕۆژنامەوانی ناسراوی تورک، ساڵی ١٩٥٠(١٣٢٨ی ھەتاوی)لە باژاڕی "ئەنقەرە"ی وڵاتی تورکیا لەدایک بووە. کوڕی نووسەر و پەرلەمانتاری پێشووی تورکیا "چەتین ئاڵتان"و برای نووسەر و مامۆستای ناوداری زانستگەی ئەستەنبووڵ "محەممەد ئاڵتان"ە. ئەحمەد ئاڵتان، سەرنووسەری ڕۆژنامەی"تەرەف"ە. ھەروەھا بە ڕۆماننووسێکی ناوئاشنای تورکیش دادەنرێت کە بەرھەمەکانی بەردەوام بەرەو ڕووی پێشوازییەکی بەرفرەوان دەبنەوە. چەندان جار دەخرێتەوە زیندانەوە و نھایش ھەر لە بەندیخانەدایە. خاوەنی چەندان ڕۆمان و بەرھەمی ڕەخنەییە. ئەحمەد ئاڵتان لە گەلێک ڕۆژنامەی وەک حوڕییەت، میللییەت و ڕادیکاڵ دا کاری کردووە.

 

*   *   *


خوێندنەوەیەکی جیاوازی ڕووناکبیرێکی تورک بۆ "دۆزی کورد"دۆزی کورد لە پەیڤێکدا...


نووسەر: ئەحمەد ئاڵتان
لە تورکییەوە: ئازاد کەریمی
لە فارسییەوە: ھۆمەر نۆریاوی


ئێمە ھەموومان ھاووڵاتی یەک وڵاتین و لە نێو سەرزەوییەکی ھاوبەشدا دەژین. بەڵام گەلۆ ھەموومان پێکەوە یەکسانین؟ بڵا پرسیارەکە ڕوونتر بخەمە بەردەم:ئایا تورک و کورد پێکەوە یەکسانن؟ بێ سێ و دوو و بە بێ ھیچ چەشنە دڕدۆنگییەک پێمان دەڵێن:"دیارە کە ھەموومان پێکەوە یەکسانین".
ئێمە(تورک)تا چەندە لەگەڵ کورددا یەکسانین؟ تورک،بە تورکی دەئاخفێت و کورد،بە کوردی.بەڵام زمانی فەرمیی حوکوومەت چییە؟
- تورکی.
بۆیە بەو دەرەنجامە دەگەین لە باری زمانەوە،ھیچ یەکسان نین. زمانی لایەنێک لەم وڵاتەدا"زمانی فەرمیی"حوکوومەتە و زمانی لایەنێکی ھەرە گەورەی دی لەم وڵاتەدا "فەرمی"نییە.
لەم وڵاتەدا،زمانی فێرکاری و بار‌ھێنان کامە زمانە؟
- تورکی.
باشە ھیچ خوێندنگەکەت بۆ فێرکردنی زمانی کوردی پێ شک دێت؟ نا. باشە زانستگەیەکت پێ شک دێت کە زمانی کوردی تێدا بخوێندرێت؟ ھەرگیز!
لەم وڵاتەدا،ئێمە تەنانەت بۆمان ھەیە فێری زمانەکانی ئینگلیزی و فەرەنسایی ببین؛بەڵام کوردی یاساخ دەکەین. بۆیە لەم ڕوانگەیەوە (فێرکاری و بارھێنان)دەکرێت بڵێین ھیچ یەکسان نین.
یاسای بنچینەیی و دەستوور ھاووڵاتییان بە چی ناو دێنێت؟
- تورک.
باشە ئەی دەستوور، کورد بە چی ناو دێنێت؟ بە گوێرەی یاسای بنچینەیی،ئەوانیش تورکن. ئایا کورد،"تورک"ە؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر! دەی ئەگەر "تورک نییە،بۆچی ئێمە ناوی بە "تورک"دەھێنین؟ چونکە دەستوور بەو چەشنە بڕیار دەدات. ئایا بە گوێرەی یاسای بنچینەیی،ھاووڵاتی"کورد"لەم وڵاتەدا،بۆی ھەیە "کورد"بێت؟وەرام نەخێرە. بۆیە بەم ئەنجامە دەگەین بە پێی "دەستوور"یش یەکسان نین.
لە باری "زمان"،لە ڕوانگەی"فێرکاری و بارھێنان"و بە گوێرەی "دەستوور[ئێمەی تورک و کورد]یەکسان نین. ئیتر"ئێمە"لە کوێ لەگەڵ کورددا یەکسانین؟
کاتێک دەچین بۆ ئیجباری،بە بێ ھیچ چەشنە جیاوازییەک،ئێمەی تورک و کورد دەبەن بۆ ئیجباری. لە کاتی وەرگرتنی باج و کۆدەدا یەکسانین. بە بێ ھیچ چەشنە ھەڵاواردنێک،ھەم لە تورک و ھەمیش کورد باج و کۆدە وەردەگیردرێت. بۆیە بەو ئەنجامە دەگەین کە لە باری "بەرپرسیاریەتی"یەوە لە ھەمبەر حوکوومەتدا،یەکسانین. بەڵام بۆ ئەو شتانەی کە لە حوکوومەتیان وەردەگرین،ھیچ یەکسان نین. ئایا بە لای ئێوەوە ئەمە دادپەروەرانەیە؟
ئەوان دەنێرن بۆ ئیجباری. باج و کۆدەیان لێ وەردەگرن،بەڵام ناچنە ژێرباری یەکسانی بۆ زمان،فێرکاری و بارھێنان و دەستوور. پاشانیش سینگ دەدەپەڕێنن و پێیان دەڵێن: "کێشەتان چییە؟". تووڕە دەبن و دەڵێن: "باشە ئێوە بۆچ ئارێشە چێ دەکەن؟". پەلاماریان دەدەن و دەیانخەنە نێو ڕەشەچاڵێکەوە؛ لە شەقامدا وەبەر لێدان و کوتانیان دەدەن و لە بەندیخانەکاندا وەبەر ئازار و ئەشکەنجەیان دەخەن.
ئێستا بە ڕوانینێکی وردتر،ئایا بە لای ئێوەوە سەرچاوەی"کێشەی کورد"چییە؟
لە ڕوانگەی منەوە،ئەم ئارێشەیە تەنیا تاقە ھۆکارێکی ھەیە و بەس کە ئەویش"نادادپەروەری"یە. نەتەوەیەک دێت و لە ھەمبەر نەتەوەیەکی دیکەدا وەک "کۆیلە"ھەڵسوکەوت دەکات و پێی دەڵێت:" دەبێت پێملی ڕەگەزی من،زمانی من و باڵادەستبوونی من بیت".
بۆچی ئێمە و کورد یەکسان نین؟ ئەگەر ئەم پرسیارە لەوان بکرێت،وەرام دەدەنەوە:"ئەگەر ئێمە یەکسان بین و مافی یەکسانیش بەوان[کورد] ببەخشین،وڵاتەکەمان پارچە پارچە دەبێت".
پرسیار ئەوەیە: "وڵاتی کێ پارچە پارچە دەبێت؟". وڵاتی "ئێمە". ئێمە کێین؟
- تورک.
دەی باشە ئەی "کورد"کێن؟ ئایا ئێرە وڵاتی ئەوانیش نییە؟ دەستبەجێ وەرام دەدەنەوە:"دیارە کە ئێرە وڵاتی کوردانیشە". ئەگەر ئێرە وڵاتی"ھەموومان"ە،ئیدی بۆچی پەرۆش و ترسەکانمان لە ھەمبەر ئەم وڵاتەدا"یەکسان"نییە؟
بۆچی ئێمە لەوەی"پارچە پارچە"بین،دەترسین بەڵام کورد لەوەی وڵات "پارچە پارچە" بێت،ترسی نییە؟گەلۆ "خاوەنانی ھاوبەش"ی وڵاتێک،نابێت ترسەکانیان لە ھەمبەر وڵاتەکەیاندا ھاوبەش بێت؟ ئێمە دەترسین ،چونکە "دادپەروەرانە"لەگەڵ کورددا ھەڵسوکەوت ناکەین. لە تەکیاندا ھەروەک "کۆیلە"ھەڵسوکەوتمان کردووە و پێمان وایە ئەوان ڕەنگە کۆتایی بەم دۆخە بێنن. ئەگەر نەتەوەیەکی گەورەی نێو وڵاتێک،دەسەڵاتی خۆی بە زۆر بەسەر نەتەوەیەکی تردا بسەپێنێت،ھەمیشە ترسی "پارچە پارچە"بوونی لە دڵدایە و بێ سێ و دوویش،ئەو وڵاتە بەو دەردە دەچێت.
ئەگەر زمانی کوردانیش ببێتە زمانێکی فەرمی ،ئەگەر ئەوانیش خاوەنی مافی یەکسان بۆ فێربوونی زمانەکەیان بن و "دەستوور"یش بە زۆر "بە "تورک"یان ناو نەھێنێت،ئایا "کێشەی کورد"درێژەی دەبێت؟ ھەرگیز. لە ئاکامدا،چارەسەر،ڕوونە و زۆریش سادە و ساکار. ئەگەر یەکسان بین،کێشەکە چارەی دێت. بەڵام بۆچی چارەسەری کێشەکە ناکەن؟
- چونکە نامانەوێت"یەکسان"بین.
ئێستا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە، باشە بۆچی ئێمە نامانەوێت لەگەڵ کورددا یەکسان بین؟ ئەوە کامە ھۆکارە کە ئێمەی تورک دەبێت بانتر لە کورد بین؟ باشە نفووس و حەشیمەت و سوپا،ئەم باڵادەستییە بە تورک دەبەخشێت؟ ڕەنگە بە زۆری چەک ئەمە جێبەجێ بووبێت؟
ئێوە ھەر لە ھەمان سەرەتاوە پەناتان بۆ چەک بردووە. ئەی بۆچی کاتێک لە چیاکانەوە دەنگی چەکتان بەرگوێ دەکەوێت،لاتان سەیر دەبێت؟
ئێوە بۆ خۆتان چەکەکانتان دانێن،واز لە باڵادەستبوونی ملھوڕانە بێنن،بێگومان،چیاکان چەکیان تێدا نامێنێتەوە. کێشەکەیش چارەسەر دەبێت. بەڵام پێش ھەموو شتێک،لە ھەمبەر خودا و عەبدەکانیدا پێملی "یەکسانبوون"ببن.

 

 

h_noryawi@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک