په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\١\٢٠١٠

خوێندنەوەیەکى خێرا بۆ مێژووى هه‌فتاوپێنج ساڵەى حیزبى شیوعى.


هیوا ڕەش   

- بەشى هەشتەم -

قۆناغى شکستیى گەورە. 1983 - 1988


ئەتوانین نەبوونى ناوەندێکى کارامەى بڕیار و پاشاگەردانى لە سەرکردایەتى کردنى بزووتنەوەى پێشمەرگایەتى حیزبى شیوعى بە جوانى درک پێ بکەین کە هەموو بڕیارەکان خزێنرا بوونە نێو مستى پیاوە نەشارەزا حیزبییە نا سەربازییەکان و فەرماندەیى پێشمەرگایەتییان پێ سپێردرابوو بە بێ هەڵسەنگاندن بۆ ئەو ئەرکە کە : 1 - تا چەند کەسایەتییەکى کۆمەڵایەتى و تواناى خۆ نزیک کردنەوەى هەیە لە گەڵ گوند نشینانى ناوچەکە و تێکەڵاوى کردن لە گەڵیان دا بۆ سوود لێ وەرگرتنیان 2 – لە ڕووى سەربازییەوە چەند شارەزاى تاکتیکى سەربازى یە لە زەبر وەشاندن لە دوژمن تا بتوانێت بە بێ زیان یان زیانى کەمەوە زەبرى گەورە لە دوژمن بوەشێنێت – 3 لە ڕووى بوێرییەوە تا چەند ئازایە لە پلان دانان و هێرش بردنە سەر دوژمن وە یا لە کاتى هێرش هێنانى دوژمن و شەڕ دا نەشڵەژێ و جڵەوى فەرماندەیى لە دەست نەدات و نەبێتە هۆى وورە شکاندنى هێزەکەى و کۆنترۆل لە دەست نەدات بێگومان ئەمە فاکتەرێکى گرنگە بۆ سەرکەوتن 4 – خۆشەویستى لە ناو خەڵک و هاوڕێکانى دا یەکێکە لە مەرجەکانى سەرکەوتنى فەرماندە لە ئەرکەکانى دا 5 – شارەزایى لە هونەرى خۆ حەشاردان و بە هەڵە بردن و لێدە و ڕاکە و هێرش و پاشەکشە و بەرگرى و خۆ لادان و پێچ و پەنا کردن و سەر لێ شێواندنى بەرامبەر و کات و شوێن هەڵبژاردنى شەڕ و گرتنە دەستى جڵەوى شەڕ کردن و دەست پێشخەرى لە ئاکارە سەرکەوتووەکانى فەرماندە سەربازییەکانە و ئەبێت ڕەچاو بکرێت 6 – هەڵبژاردنى شێوازى شەڕ ( پارتیزانى و ڕوو بە ڕوو ) بە پێى جێگە و ڕێگە 7 – سەرپەرشتى مەیدانى و دابەش کردنى هێز و جۆرى چەک و تەقەمەنى بە سەر بەرەکانى شەڕ دا 8 – دانانى ڕێگەى ڕایەڵە و پەیوەندى لە نێوان بەرەکان دا و هەماهەنگى و بەرنامە دانان لە پاشەکشە دا 9 – ئاراستە کردنى شەڕەکە بە شێوەیەکى گونجا و بۆ پێشڕەوى یان پاشە کشە و یەدەک خستن بۆ بارى ناکاو بۆ زاڵ بوون بە سەر ڕووداوى پێشبینى نەکراو لە دەرباز کردنى بریندار و شەهید دا کە کاریگەرى زۆرى هەیە بۆ سەر وورەى تەواوى هێزەکە 10 – چۆنێتى ڕەفتار کردنى فەرماندە لە دواى شەڕ لە کاتى شکست دا لە گەڵ هێزەکە دا و لە کاتى سەرکەوتن لە گەڵ دیل و دەسکەوتى دوژمن دا و خۆ دوور گرتن لە بوغرایى و خۆ دەرخستن و کەمتەرخەمى نواندن و ووریایى و یەدەک دانان بۆ درێژە پێدانى شەڕ لە حاڵەتى هێرشى تۆڵە سەندنەوەى بەرامبەر دا - - - ئەم کردەوە و ئاکارانە و گەلێکى تر هەمووى بە بێ هیچ پێوەرێک بەخشرا بوو بە پیاوانى شکست خواردووى سەرکردایەتى حیزبى شیوعى لە بزووتنەوەى چەکدارى دا و هەندێک فەرماندەى ترسنۆک و ڕەزا قورس کرا بوونە مێردەزمەى هێزى پێشمەرگە و زۆر جار لە ناو خۆمان دا سوێندمان بەو فیشەکانەیان ئەخوارد کە لە ساڵى 1974 ەوە بە قەدیانەوەیە و زیاد و کەمى نەکردووە ، ئەمانە حیزبەکەیان تووشى شکستى گەورەى وەکو کارەساتى قرناقا و پشتاشان کرد کە لە سەر دەستى هێزەکانى یەکێتى زیاد لە 60 پێشمەرگەى حیزبەکە شەهید کران و ڕاگەیاندن و تەواوى بارەگاکانى سەرکردایەتى دووچارى لە بەر یەک هەڵوەشاندنەوە هاتن ، سەرکردایەتى حیزبەکە بە بێ ئاووڕ دانەوە لە کەم توانایى خۆیان یەکسەر بۆ چاو بەستەکى هاوار و ناڵەیان لێ بەرز بووەوە و هەموو تاوانەکەیان فڕێ دایە ئەستۆى یەکێتى و خۆیان لە بەشداریى ئەو تاوانە دەرباز کرد ، زۆر جار گوێ بیستى داخوازى زۆرێک لە خانەوادەى شەهید و شیوعییە دڵسۆزەکان ئەبین کە داواى دادگایى ئەنجام دەرانى تاوانەکە ئەکەن بە بێ لێپرسینەوە لە هۆکارانى تاوانەکە کە من پێم وایە تاوانبارى ڕاستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆ لە بەردەم لێپرسینەوە دا پێویستە لە سزا نەبووردرێن .

لە ساڵى 1981 لە مەلا هۆمەر و لە ساڵى 1982 لە بەکر بایف و لە هەمان ساڵ دا لە بۆلقامیش دا زیاد لە 60 پێشمەرگەو کادر لە 3 شەڕى نا بەرامبەر دا شەهید بوون جگە لە دەیان شەهیدى تر لە ناوچە جیا جیاکانى کوردستان لە بەرامبەر بەعس و دەیانى تر لە شەڕى لابەلاى ناوخۆدا بوونە قوربانى و سەربارى زیاتر لە 60 شەهیدى قرناقا و پشتاشان ، ئەبوایە لە ئاکامى ئەو هەموو زیانە مادى و مەعنەوییانە و لە دەست چوونى ئەو هەموو کادیرە ناوەندییە بێ سەرپەرشتانە لە لایەن سەرکردایەتییەکانیانەوە و بگرە جارى وا هەبوو لە دواى شەهید بوونیشیان خەتا باریش ئەکران ، پێکهاتەى فەرماندەیى گشتى هێزى پێشمەرگەى حیزبى شیوعى کە لە ئەندامانى سەرکردایەتى حیزبەکە پێکهاتبوون بە توند ترین شێوە سزا بدرانایە و لەو ئەرکە قورس و پیرۆزە دوور بخرانایەتەوە ، بەڵام ئەوەى بینرا پێچەوانە بوو ، 3 کەسى سەرکردایەتى ( کەریم ئەحمەد و مەلا ئەحمەد بانیخێڵانى و قادر ڕەشید ) کە لە شەڕى پشتاشان بە دیل کراوى کەوتنە دەستى هێزەکانى یەکێتى و سازشیان بە خوێنى ئەو شەهیدانەوە کرد کە بە بەر چاویانەوە بوونە قوربانى و لە بەرامبەر دا بە بەیاننامەیەکى ڕوو زەردانە ملکەچییان نواند و لە لایەن مام جەلالەوە بە دەمانچە پاداشت کران ، ئەبوایە ئەگەر سزاى توندیش نەدرێن هیچ نەبێت لە حیزب دەر بکرێن وە یا هەر هیچ نەبوایە دووبارە نەبوونایەتەوە خۆرە بۆ جەستەى هێزى پێشمەرگە ، کەچى شەرمنانە بە سنگ دەرپەڕاندنەوە ناردیانیانەوە مەیدانەکە بۆ داخورانى هێزى پێشمەرگە و داوەشاندنى و هەر یەکەیان پۆستى خۆیان بۆ دیارى کرایەوە کە کەریم ئەحمەد لە پۆستى سکرتێرى لیژنەى هەرێمى کوردستان و ئەندامى مەکتەبى سیاسى حیزبى شیوعى عێراق و مەلا ئەحمەدى بانیخێڵانى بۆ پۆستى بەرپرسى یەکەمى مەڵبەندى سلێمانى و کەرکوک و ئەندامى سەرکردایەتى حیزبى شیوعى عێراق و ئەبو شوان بۆ پۆستى بەرپرسى یەکەمى محەلى کەرکوک و ئەندامى هەرێمى کوردستانى حیزبى شیوعى عێراق .

سەرکردایەتى هێزى پێشمەرگە لە نان و ئاو زیاتر پێویستى بە تۆڕى گەیاندن و پەیوەندى کردن و برەو دان بە بوارى ڕاگەیاندن و ئێستگەى ڕادیۆیى هەبوو بۆ پێکەوە گرێدانى هێزەکان و بە هانا چوون و ئاگادار بوونى یەکتر و ئاراستە کردنیان بەڵام ئەمانە هیچى بە قەد گەشتە سوورەکانى سەرکردایەتى و ڕا کردنیان لە مەیدانەکە بایەخدار تر نەبوون بە لاى سەرکردایەتییەکەى عەزیز محەمەدەوە کە ڕۆڵى پێغەمبەرایەتى ئەگێڕا لە ناو حیزبەکە دا تەنانەت جەماعەتى – عشرە المبشرە – شى هەبوو کە بە بێ هیچ پێوەرێک خزا بوونە نێو کۆمیتەى ناوەندى و مەکتەبى سیاسى حیزبەکەوە ، تەنها یەکێک لەمانە لە مەیدانى چەندان کیلۆ مەتریش لە دوورى شەڕگەکان دا نەبینراون مەگەر لە شەڕێکى ناکاوى نەخوازراو دا ئەویش تا بۆیان کرا بێت خۆیان لێى لا داوە و قوچاندوویانە ، شڕە ئێستگەیەکیان دا نابوو هێندە خولیاى خوێندنەوەى هەواڵە جیهانییەکان بوو ئاگاى لە هەواڵە ناوخۆییەکان نەما بوو بە تایبەتى گرنگى دان بە چالاکى پێشمەرگانە بوو بووە ئەرکێکى زۆر لاوەکى هەر چەندە ڕۆڵى بەرچاوى ئەگێڕا لە بەرز کردنەوەى حەماسى پێشمەرگەکان ، بەندە بەشدارى چالاکی گەورەم کردووە دواى ڕۆژێک ئێستگەى یەکێتى بە ناوى خۆیانەوە خوێندوویەتیەوە و ئێستگەى حیزبیش دواى 15 ڕۆژ بە نقە نق و بێ تامانە گێڕاویەتیەوە ، جارێکیان چالاکییەکمان خوێندرایەوە لە ئێستگەى حیزبەوە کە لە ماوەى 4 شەو دا 3 شەویان لە دائیرەى ئیستیخباراتى شارێکمان دا بوو و زیانى باشیشمان پێ گەیاند بوون و خۆشمان بە بێ زیان گەڕابووینەوە و لە بارەگاش خاولى لە ملێکى حیزبى بەر پەنا دیوارى مەقەر لە باتى دەسخۆشى ڕەخنەى توندى لێ گرتین گوایا گەورەترین هەڵەى سەربازیمان کردووە و 3 جار لە سەر یەک و لە ماوەى 4 ڕۆژ دا لە یەک مۆڵگەى دوژمنمان داوە ، ئەم چالاکییە دواى 10 - 12 ڕۆژ لە ئێستگەى حیزبەوە خوێندرایەوە و لە کۆتایى دا بە حەماسەوە ڕایگەیاند کە مەفرەزەکە بە سەلامەتى گەڕانەوە – مۆسکۆ – بە بێ ئەوەى هیچ وێستەیەک بکرێت یان مارشێک و پارچە مۆسیسقایەک لێ بدرێت وە یا هیچ نەبێت هەناسەیەک هەڵکێشێت بێژەرەکە یەکسەر هاتە سەر سەر هەواڵى مۆسکۆ ، منیش لە ناو هاوڕێیان دانیشتبووم و گوێم ئەگرت وا توڕە بووم ووتم : سەیرى ئەم سەگبابانە ، ئاخر خەڵکى ناڵێن بەم دەم و دەسە چۆن گەییشتنەوە مۆسکۆ ، کەم مەفرەزەمان هەبوو دەزگاى بێتەل و جیهازى پەیوەندیمان پێ بێت ، لە ناوچەى بازیان لە جەولە دا بووین و هەندێک جاش ئەیانویست دزە بکەنە ناوچەکە ڕاویانمان نا ، ئەوەى لە زارى زۆرینەى خەڵکەکە گوێ بیستى بووین ئەیانووت ئەمە یەکەم جارە پێشمەرگەى حیزبى شیوعى ببینین و جگە لەوەش پڕوپاگەندەى ( ترسنۆک و لا شەڕ ) ى زۆرمان بە دەمەوە کرا بوو کە ئەو هەڵوێستە و هاتنە دەستى مەفرەزەکەیان لە بەرامبەر جاشەکان و ڕاو نانیان لێمان بینى ڕێز و خۆشەویستیمان لە ناو جەماوەرەکە زیادى کرد ، لەو سەر و بەندە دا خۆ پیشاندانى هەڵەبجە لە ساڵى 1987 بەرپا کرا بوو ، لە ئێستگەکەى حیزبەوە داوا کراین لە بەر ئەوەى حهازمان پێ نەبوو بە ناوى مەفرەزەى شەهید هیوا ڕەشەوە نیدائیان لێدا ، بەمەش تەواوى کەس و کار و خوشک و باوک و برا و بە شاردنەوەى لە دایکم ئەو هەواڵى شەهید بوونەم هەموویانى شڵەژاند بوو ، بۆیە ئەبوو لە باتى سەفا و مەروەى سەرکردایەتى خەرج کردنى دارایى حیزب و بە فێڕۆ دانى بە کارى ناشایستە ، دارایى حیزب لەو بوارانە دا تەرخان بکرایە بەڵام هایهوو کام لە ئێمەى دەروێشى خەڵوەتخانەکەى عەزیز محەمەد دڵى ئەهات زمان هەڵبێنێت لە ئاستى سەرکردایەتى ، هەتا خۆمیش چەندین جار نەڕاندوومە کە بۆچى مەلایى و جەلالى هەیە منیش عەزیزیم ! و وام ئەزانى ئیتر ئەمە لوتکەى شیوعیەتە ، ئێستا کە ئەو سەردەمەم دێتەوە یاد دڵم بە ساویلکەیى خۆم و هاوشێوەکانم ئەسووتێ کە چۆن مێشکمان لە قالب درا بوو ؟ !

لە دواى شکستە خوێناوییەکەى پشتاشان کە لە پەلامارى یەکێتى بۆ سەر بنکە و بارەگاکانى حیزبى شیوعى هاتە کایەوە لە لایەن مەڵبەندى سلێمانى و کەرکوکى حیزبى شیوعییەوە هەنگاوێکى پێچەوانەى ئەو پێکدادانە نرا بۆ ڕێککەوتنێک لە گەڵ یەکێتى دا کە هێشتا خوێنى سەر تاوێر و تاشە بەردەکانى شەهیدە شیوعییەکان هەڵمى لێ هەڵئەستا ، ئەو دەمە بەهادین نورى یەکە ڕکابەرى - عەزیز محەمەد - بەرپرسى مەڵبەند بوو ، شاندى دانوستان کە پێکهاتبوون لە مەلا عەلى بەرپرسى سەربازى مەڵبەند و شێخ سەعید بەرزنجى و نەسرەدین هەورامى فەرماندەى بەتالیۆن لە گوندى دێوانە لە 10 ى ئایارى 1983 ڕێککەوتننامەیەکیان لە گەڵ یەکێتى دا مۆر کرد کە لە دوایى دا وەکو - کامپ دیڤید – ى نێوان ئەنوەر سادات و ئیسرائیل بە – کامپ دێوانە – ناسرا ، ئەم ڕێککەوتننامەیەش بەشێک بوو لەو سیاسەتە سازشکارانەیەى سەرکردایەتى حیزبى شیوعى نزیکەى چارەکە سەدەیەک بوو خووى پێوە گرتبوو ، بێگومان کاریگەرى ئەمە بە شێوەیەک ڕەنگى دایەوە سەر پێشمەرگەکان کە بە تاک و بە کۆمەڵ ، بە ئاشکرا و بە نهێنى چەکیان فڕێ ئەدا و سەنگەریان چۆڵ ئەکرد ، وورتە وورت و بۆڵە بۆڵ و ناڕازێتى نهێنى و ئاشکراى ناو هێزەکە دۆخێکى نا ئارام و نا سەقامگیرى واى دروست کردبوو لە سوپایەکى بەزیوى بەرەى جەنگ ئەچوو کە ماندوێتى و شپڕێوى زۆرى پێوە دیار بوو .

چەندین جار و لە چەندین کەسى ئاستى باڵاى حیزبى شیوعى لەو دەمە دا بیستراوە و گێڕاویانەتەوە کە گوایە بەر لە پەلامارەکەى پشتاشان کۆپتەر و قوات خاسەى بەعس لە بارەگاى سەرکردایەتى یەکێتى دا نیشتوونەتەوە و سەرکردایەتى حیزبى شیوعى بەو کەین و بەینەى زانیوە و لە سەرکردایەتى یەکێتییان پرسیوەتەوە و لە وەڵام دا پێیانیان ووتووە کە ئەوانە وەفدى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى فەڵەستینن نەک وەفدى ڕژێمى بەعس ، لە گەڵ ئەوەش دا سەرکردایەتى ( بە قسەى خۆیان ) لایان ڕوون بووە کە یەکێتى و ڕژێم شتێکیان لە ژێر سەر دا داناوە بەر لە هێرشى پشتاشان و پشتاشانیش دیارى یەکێتى بووە بۆ سەر مێزى گفت و گۆ ! ئەگەر لاریمان نەبێت لەم ڕاستییەى سەرکردایەتى حیزبى شیوعى و ئەوەى ئەوان ئەیڵێن وا بێت ، ئەى ناکرێت بپرسین دواى ئەو هەموو زانیارییەى لە جوعبەکانیان دا بوو بۆچى بە ووریاییەوە ڕەفتاریان نەکرد و کەمتەرخەمانە بوونە هۆکار بۆ ڕشتنى خوێنى ئەو هەموو شەهیدە لە سەر دەستى یەکێتى ؟ ئەمە ئەوەمان پێ ناڵێت کە سەرکردایەتى حیزبى شیوعى لە سەرکردایەتى یەکێتى تاوانبار تر بن چونکە تاوانپۆشى پێش ئەنجام دانى تاوان تاوانبار ترە لە ئەنجام دەرانى تاوان لە بەر ئەوەى ئەیانتوانى بەر لە ڕوودانى ئەو تاوانە بگرن کە ڕووى دا ، ئەگەریش سەرکردایەتى حیزبى شیوعى بیانەوێ بەو شێوازە خۆیان لە کەمتەرخەمى و ناشایستەیى و بەرپرسیارێتى بدزنەوە ئەوا سوچ لە قەباحەت خراپتر ، ئەبێت بدرێنە دادگایەکى حیزبى و نەک تەنها خوێنى شەهیدەکانى پشتاشان بەڵکو لە شەهید کردنى سەلام عادل و جەمال حەیدەرى و عەبەلى و عەلى بەرزنجى و عایدە یاسین و سەرجەم شەهیدانى دەستى تاوان و هەموو ئەو ماڵوێرانییەى لە سەردەمى سەرکردایەتى خۆسەپێن دا بە سەر تەواوى حیزبەکە دا هاتووە لێپرسینەوەیان لە گەڵ دا بکرێت .

بەڵام تا ئێستاش دەسبەردارى نەریتى داتاشینى زەلام نەبوونە و لە دواى خۆیان دا وەریسى شەرعى سازش و چۆک دادان لە سەر شاکیلەى خۆیان دروست ئەکەن و بەیداخى سەرکردایەتییەکەیان ڕ دەست ئەکەن ، هەر وەک پێشینان ووتوویانە (( تەیرى گول عاشق بە دارى زەقنەبووتە )) .
 


07701309524 
Hewarash1@yahoo.com