|
١٧\٩\٢٠٢٦
خوێندنەوە و
ناساندنی پەرتووکی
''منداڵ لە
جینۆسایدی ئەرمەندا''.

هەڵۆ محەمەد
''منداڵ لە جینۆسایدی
ئەرمەندا''. نووسینی: ڕوبینا پێرۆمیان. وەرگێڕانی: محەمەد حەمە ساڵح
تۆفیق. چاپی ٢٠٢٦. ٢٠٠ لاپەڕە.

(بێهیوا بەدوای
هەندێک سێبەردا دەگەڕێم
لەم بيابانه خۆلەمێشييەی مانگی نيساندا
بۆ ئەوەی نەنكم دابنێم و پشوو بدات
ئاخر ئەو قورسه و من ئێستا پير بووم و هەست به ماندوێتی دەكەم.
پێناچێت مەسەلەكە هێندە گرنگ بيّت
كه من سەرەتا نەنكم له كۆڵ دەكرد
کاتێ ئەو لەڕ و لاواز و چواردە ساڵ بوو
منیش بەزەحمەت تەمەنم دەگەیشتە نۆ ساڵ). ل ١٣٧
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا شەڕ و کوشتار و
کارەساتی دڵتەزێی زۆر روویان داوە، هێشتا ئەم گەردوونەی ئێمەی تێدا
دەژین، کەشوهەوایەکی تێدا نەخوڵقاوە، دوور لە زەبروزەنگ و کوشت و
کوشتار، پێکڕا بتوانین پێکەوە بژین، بە ئازادی و یەکسانی و
دادپەروەرانە.
لەم میانەدا نەتەوە و گەل و گرووپێک هەن زاڵم و خوێناوی و ستەمکار و
بکوژوببڕ، هاوکات دەستەیەکی تر هەن ستەملێکراو و قوربانیدەر.
جیاوازییە نەتەوەیی و جوگرافیایی و ئایینی و هەندێ جاران سیاسیش هۆکاری
بەشێکی زۆری رووداوەکانن، لەتەک حەزی دەسەڵات و پاوانخوازیدا..
گەلی ئەرمەن یەک لەوانەیە، کوشتار و جینۆسایدی بەسەر هاتووە..کە دەشێ
بەوهۆیە بووبێت، ئایینی کریستیانیان هەبووە.
ئەم بەرهەمە باس لە پشکی منداڵان لە چارەنووس و قەبارەی ئەو
قوربانییانە دەکات لە هەناوی ئەو جینۆسایدەی بەسەر ئەرمەندا هاتووە.
گێڕانەوەکان، تفتوتاڵ و تراژیدیایین، کاتێ خوێنەر دەیانخوێنێتەوە،
ئازار موچڕکە بەلەشیدا دێنێت.
دەبێت ئەو دڵ و هەست و باوەڕە چەند ڕەق و پڕ لە کینە و نامرۆیی بێت، وا
ڕێگەی بەخۆی داوە، بێ بەزەییانە، مامەڵەی کوشتن و مەرگ لەتەک ئەو
منداڵانەدا بکات.
رووداوەکانی بەسەر ئەرمەندا هاتووە، لە سەر دەستی دەسەڵاتی عوسمانی
تورکەکاندا بووە.
فەرمان و بڕیارەکان لە سوڵتانەوە دەرچوون..
ئەرمەن سنوور و تێکەڵییەکی لەگەڵ کوردستاندا هەیە..
ئەو رۆژگارەی بڕیاری جینۆسایدی ئەرمەن دەدرێ، چەند هۆز و گرووپێکی کەمی
کوردیش دەبنە داردەستی ئەو هەڵمەتی لەناوبردنی ئەرمەن. بۆیە لە هەندێ
سەرچاوە و گێڕانەوەی ناو ئەم کتێبەدا ناوی کوردیش بەرچاو دەکەوێت.
گرنگ ئەوەیە هەموو ئەو راستییە بزانین بڕیار بەدەست سوڵتان بووە، نەک
بەدەست سەرەک هۆز یان مەلایەکی کورد. زۆر لە مێژوونووسانی کاریان لەسەر
ئەم ڕاستییە کردووە و بابەتەکەیان روون کردۆتەوە.
لەتەک ناوی کورددا ناوی گرووپە عەرەبی و چیچانی و چەرکەزییەکانیش بە
دڕندەتر و بێ بەزەیی تر دێت. ئەمەش بەڵگەیەکی تری مێژوویی گرنگە کەوا
کورد دوژمنایەتی ئەرمەنی نەکردووە، بەڵکوو دەسەڵاتی عوسمانی
نەخشەوپلانی کۆمەڵکوژی ئەرمەنی داڕشتووە ، خەڵکی تری تێوە گلاوە.
خاڵێکی گرنگ ئەوەیە بە سەدان خێزان و تاکی ئەرمەن هەن، نێرومێ کە کورد
داڵدەی داون و لە هەڵمەتی کوشتنی سوارەی حەمیدی رزگاری کردوون..
تەنانەت ئاغای کورد هەیە، ئەرمەنی خستۆتە ژێرباڵی خۆیی و لە مردن
رزگاری کردووە.
دەوڵەتی عوسمانی هەر باوک و دایک و گەورەکانی ئەرمەنی نەکووشتووە،
بەڵکوو جۆرەها میتۆدی تری بۆ لەناوبردنی منداڵەکانیش بەجیا پێڕەو
کردووە.
شێوازەکانی لەناوبردنی ئەرمەن (کوشتنی راستەوخۆ، سوتاندن، خنکاندن بە
شێوازی جۆراوجۆر، برسی و تینوو کردن، دەستدرێژی سێکسی، زیندەبەچاڵا
کردن، فرۆشتن و بە تورککردن و زمان لە بیرکردن و).. سەدانی جۆری تری
جینۆسایده.
جینۆسایدی بەسەر ئەرمەندا هاتووە، لەلایەن رۆشنبیرەکانیانەوە لە
چەندەها ژانری ئەدەبی شيعر و چیرۆک و رۆمان و هونەری فیلم و شانۆ و
وێنەکێشاندا و زۆر ڕەهەندی تردا بەرجەستە کراوە.
ئەم بەرهەمە رۆحی زیندووی قوربانییەکانی میللەتی ئەرمەنی لەخۆ گرتووە.
چونکە گێڕانەوەن لە دەمی بەشێک لە خودی قوربانییەکان یاخود
نەوەکانیانەوە.
ئەم بەرهەمە بەوهیوایەی بێتە بەردەبازێکی ئەرێنی بۆ ئێمەی کورد، ئەوەی
بۆ ئەنفالکراوەکان و رزگاربووانی ئەو کەمینە هوڤییە دڕندانەی دەوڵەتی
داگیرکەری عێراق و رژێمە خوێنڕێژەکەی بەعس، نەکراوە، وانەیان لێوە
فێربین دەستوبردی بکەین لە کۆکردنەوە و تۆمارکردن و بە ئەرشیفکردنیان .
دەمێنێتەوە دوا قسەمان لەسەر وەرگێر مامۆستا [محەمەد حەمەساڵح تۆفیق]
بکەین، وەک رۆشنبیر و وەرگێڕێکی گەورە کە خەرمانێ لە کتێبی وەرگێڕان و
نووسینی خۆی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە، پسپۆڕێکی بە سەلیقە و
شارەزا و وێڵ بەدوای ئەم پرسەدا، چۆن بۆ دەوڵەمەندکردنی رۆشنبیریی و
مەعریفەی خۆی لەسەر جۆرەکانی جینۆساید، سنووری گەرمیانی تێپەڕاندووە و
وڵاتە و وڵات و مۆزەخانە بە مۆزەخانە دەگەڕێ و بنکۆڵی و کنە دەکات لەم
پرسەکەدا، تا سەرەداوێکی دەستکەوێ، پرسی ئەنفال و جینۆسایدی کوردی پێ
دەوڵەمەندتر بکات و بەراوردی بکات، بە رووداوەکانی تری بەسەر گەلاندا
هاتووە.
وەرگێڕ، زۆربەی مۆزەخانەکانی نازییەکییەکان لەمەڕ کوشتنی چەندین ملیۆن
جولەکەوە بینیوە. سەردانی وڵاتی ئەرمینیای کردووە و لە نزیکەوە
ئاگاداری پرۆسەی قڕکردنی ئەم نەتەوەیە..
لەم ڕووەوە کۆمەڵێ بەرهەمی ناوازەی پێشکەش بە خوێنەری کورد کردووە..
تەنانەت لە سەر ئازار و مەینەتییەکانی هندەسوورەکان و کولەمەرگی و
مەرگەساتی ژیانیان بەرهەمی بڵاو کردۆتەوە.
وەرگێڕ بەرهەمەکانی جوان و دروست هەڵدەبژێرێ و ڕاستەوخۆ لە زمانی
زیندووی جیهانی ئینگلیزییەوە وەردەگێڕێت و بە زمانێکی کوردی ڕەوان و
پاراو کارەکەی ئەنجام دەدات.
لەوەش گرنگتر ئەوەیە وەک خوێنەر و وەگێڕ دەزانێ چ لە کتێبخانەی جیهان
هەڵدەبژێری و تا پێشکەشی کوردی بکات.
تاموچێژی ئەم بەرهەمە و زمانی وەرگێڕانەکە، هەر بەوە دەبێت، بە زەوق و
تاسەوە بیخوێنیتەوە.
دەستخۆش مامۆستا، ماندوو نەبیت لە خزمەت و قەڵەمتان هەر بە بڕشت تر بێت..
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|