په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢۴\١\٢٠١٠

خوێندنەوەیەکى خێرا بۆ مێژووى هه‌فتاوپێنج ساڵەى حیزبى شیوعى.


هیوا ڕەش   

- بەشى سێزده‌م -

قۆناغى هەڵدێران. 1996 - 2003


باڵى ڕاست و چەپ سڕایەوە لە ناو سەرکردایەتى حیزبى شیوعى دا و هیچ ململانێیەکى فکرى لە ناویان دا وجودى نەما ، گەندەڵى فکرى و ڕێکخستنى پێشوو هێندە کرمۆڵیانى کرد بوو ئیتر جگە لەوانە گەندەڵى داراییش گەییشتە چڵەپۆپە و ئەو پارانەى لە سەرچاوە جیاجیاکانەوە دەست ئەکەوت بۆ مەبەستى خۆ دەوڵەمەند کردن و خانوو بەرز کردنەوە و ئۆتۆمبێل گۆڕینى بەرپرسەکان تەخشان و پەخشان ئەکرا ، هەڵتۆقینى ناشەرعى دارایى و دەوڵەمەند بوون جێگاى بە ویژدان و مەبدەئى ئەندامانى سەرکردایەتى لێژ کرد ، لە برى ململانێى فکرى ململانێى پەیدا کردنى سەرمایەى زیاتر بۆ خۆیان برەوى سەند و هەر ئەمەش کەلێنێکى گەورەى خستە نێو سەرکردایەتییەوە و تەرزێکى نوێى باڵ باڵێنەى داهێنا ، سەرکردایەتى حیزبى شیوعییان لە هەموو بەهاکانى کۆمۆنیزمى و مرۆڤایەتى و هزرى شۆڕشگێڕانە داماڵى ، کلکایەتى و پاشکۆیەتى لە سیاسەتەوە بوو بە کەسابەت و دوو باڵى ڕکابەرى هێنایە ناو سەرکردایەتییەوە کە هەر باڵێکیان بە پێى ناوچەکانى دوو دەسەڵاتەکە دابەش بووبوون بە سەر هەردوو زلحیزبەکەى کوردستانەوە ، باڵى پارتى و باڵى یەکێتى بە ئاشکرا لە ناو سەرکردایەتى حیزبى شیوعى ڕەگى داکوتا ، سیاسەتى دوو زلحیزبەکە بە زەقى ڕەنگى دابووەوە سەر هەڵوێست و ڕەفتارى ڕۆژانەى بە ناو اشیوعییەکانى سەرکردایەتى و تەنانەت لە مەڕ ئەو سیناریۆیەى ئەحمەد چەلەبى بە ناوى ئینقیلابى عەسکەرى لە بەغدا لە ساڵى 1995 دایڕشت ، ئێمە لە محەلى کەرکوک و سلێمانى بە خۆش باوەڕى خۆمان زوو بە دووزەلەى بەرپرسەکان کەوتینە هەلەکە سەما کە بە پێى سیاسەتى یەکێتى هەڵس و کەوتیان ئەکرد و بە مەبەستى پارە و چەک و تەقەمەنى کێشانەوە لێیان هەموو فەرمانەکانى سەرکردایەتى یەکێتییان جێبەجێ ئەکرد ، محەلى هەولێر و دهۆکیش پێچەوانە بوون و لە بەر ڕۆشنایى سیاسەتى پارتى دا فشەیان پێ ئەهات .

مقۆ مقۆ و ناڕەزایى و بێزارى و ڕەخنە و گلەیى و گازەندە و جار و بار جنێودانیش بووبووە وێردى سەر زمان و ڕوخسارى هاوڕێکانى خوارەوە لە ئاکامى دروست بوونى 2 باڵى جیاى سەر بە 2 زلحیزبەکەى کوردستان و وەر گرتنى 2 بەشە بودجە لە هەر یەک لە 2 حکومەتەکەى هەولێر و سلێمانى و بە دەست هێنانى ئیمتیازات و زەوى و پارەى مۆڵ بۆ ئەندامانى سەرکردایەتى لە 2 دەڤەرەکە و سیاسەتى 2 فاقییان لە هەڵوێستەکانیان دا وا ئاشکرا بوو کە جار و بار بە کەرى ناو جۆگا ئەشوبهێنران هەم لەمبەر و هەم لەوبەریش لە هەر 2 لا ئەلەوەڕان و هاوڕێیانى خوارووى خۆیان شەرمەزار و ئیحراجى ناو جەماوەر کردبوو و تەنانەت ئەو بار و دۆخەى شەڕى خۆکوژى نێوان پارتى و یەکێتى ، بەرپرسە بە ناو شیوعییەکان بۆ بازرگانى کردنى خۆراکیش سوودیان لێ وەر ئەگرت و لە دهۆک و هەولێرەوە شەکر و چا و برنج و ڕۆن و دانەوێڵە و پێداویستییە ڕۆژانەییەکانیانیان ئەهێنا و بە نرخى گران لە بازاڕەکانى سلێمانى دا ساغیان ئەکردەوە و ئەیانفرۆشتەوە و ئەمە ( بەهاى شۆڕشگێڕی ) یان بوو بۆ داکۆکى لە خەڵکى بەشمەینەتى کوردستان کە لە ژێر بارى سەخت ترین ژیانى قات و قڕى و گرانى و بێکارى و برسێتى دا ئەیناڵاند و ئەمان بۆ قاچاقچێتى ئەو هەلەیان قۆستەوە ، هەتا لە کارەساتە دەگمەنەکەى 31 ى ئابیش دا سەرکردایەتى حیزبى شیوعى 2 هەڵوێستى جیایان هەبوو ، سکرتێر و مەکتەبى سیاسى لە سێبەرى تانک و زرێپۆشەکانى بەعس لە هەولێر دا مانەوە و دڵیان نەهات پارتى جێ بهێڵن ، لە سلێمانیش بنە و بارەگاکان پێًچرانەوە و ڕەدووى یەکێتى کەوتن و تەنانەت لە یادمە لە کاتى هاتنە ناوەوەى هێزەکانى پارتى دا ئازاد قەراغى و سەڵاح دەلۆ و وا بزانم نەجات حەسەنیشیان لە گەڵ دا بوو بۆ سەردانیى هاتن بۆ بارەگاى کەرکوک لە تەنیشت هۆڵى ڕۆشنبیرى سلێمانى بەڵام سەردانەکەیان تایبەت نەبوو بەڵکو بۆ بە سەر کردنەوەى خانووەکەى ئازاد قەراغى بوو کە لە بەرامبەر بارەگاکەمان دا بوو ، لە کاتى هاتنیان بۆ بارەگا عەلى ڕوسى و ئاشتى و من و چەند کەسێکى تر لە بارەگا بووین مامۆستا عەلى پێیانى ووت : عەیب ناکەن بە دەبابەى عێراقییەوە دێن ؟ ! ئەمە ژاوەژاوێکى گەورەى نایەوە و بە تایبەتى ئاشتى ڕۆڵێکى بەرچاوى گێڕا لە هێوور کردنەوەى میوانەکان کە زۆر بە توندى ڕەدیان دایەوە ، بە کوردى و بە کورتى پێگە حیزبییەکان لەم سیاسەتى – بانێک و 2 هەوا – یە گیرۆدە بووبوون ، لە 31 ى ئاب دا هێزەکانى محەلى کەرکوک بە سەر من دا جێ هێڵدرا و لە فێڵێکى – دۆستانە – دا پەلامارى سەربازى براى شەهید یاسین و منیان دا و چەکیان کردین و چەکەکانیشیان برد و هەڵاتن و دواى ئەوە بە تەواوى لە نیازى هێزە شڕەخۆرەکەى پارتى شارەزا بووین .

نیوەى سەرکردایەتى حیزبى شیوعى لە محەلى سلێمانى و کەرکوک هەڵوێستى نیشتمانییان ئەفرۆشت و 31 ى ئابیان ئەخستە خانەى خیانەتەوە و نیوەکەى تریشیان لە هەولێر و دهۆک بێشەرمانە دانیان بە حکومەتى پارتى دواى 31 ى ئاب دا نا و بەشدارییان تێدا کرد و هێدى هێدى هەمان سیناریۆکەى سەرەتاى ساڵانى 1980 ى بەرەى جوقد و بەرەى جودیان دووبارە کردەوە بە لایەنگیرى بۆ پارتى و پشت کردن لە یەکێتى کە مانگانە بە گونیە پارەیان لێیان ئەکێشایەوە و فەوجى سەربازییان بۆ تەرخان کردبوون و مووچەى پێشمەرگە و ئازوقەشیان بۆ دابین ئەکردن و لە لایەن یەکێتییەوە ژیانێکى فیرعەونى بۆ هەندێک ئەندامى سەرکردایەتى حیزبى شیوعى مەیسەر ئەکرا ، ڕۆژێکیان نەمان بینى و نەشمان بیست سەرکردایەتى حیزبى شیوعى کە لە ئاستى شەڕى براکوژى خۆیان یەکلا بکەنەوە لە ڕوانگەیەکى شیوعییانەوە هەڵوێست وەر بگرن هەروەها لە ئاستى تەراتێنى سوپا داگیرکەرەکانى کوردستان بە سەرپەرشتى دەزگاکانى میتى تورکى و ئیتیڵاعاتى ئێرانى و موخابەراتى عێراقى و بە چاوساغى پارتى و یەکێتى ، هیچیان ناژنەفت و نابینى و کوێر و کەڕ بوون مەگەر جارجارە لە ژێر لێوەوە وورتە وورتێکیان لێوە بهاتایە ئەویش بە گوێچکە بادان و نماییش کردنى چمکى دینار و دۆلار پەشیمانیان ئەکردنەوە و خۆیان پێ لە گێلى ئەدان ! ئیتر لێرە بە دواوە داشۆرانى تەواوەتى لە شیوعیەت چەکەرەى کرد و تا ئەهات هێز و تین و تاوى لە بەر حیزبەکە دا نەئەهێشت و دایئەوەشاند .

سکرتێرى حیزبى شیوعى ( کەمال شاکر ) لە لایەن حکومەتى پارتى ئەرکێکى پڕ دۆلارى پێ سپێردرا و کرا بە سەرۆکى لیژنەى سەرپەرشتى ئەزمونى بەکەلۆرى قوتابخانەکانى کوردستان و ساڵانە پارەیەکى باش و مۆڵى لە بەڕکى ئەنا و بە شانازییەوە ڕاکە ڕاکى ئەکرد لە زاخۆ وە تا کفرى ، بێ ئەوەى حیزبى لە بیر بمێنێ وە یا نیو ئەوەندەى تواناى خۆى بۆ سەرپەرشتى ڕێکخستنەکانى حیزبەکەى تەرخان بکات و بە جارێ ئاگا لێبڕاوانە پشتى لە حیزبەکەى کرد و عەوداڵى دواى حەڵاڵ کردنى دۆلارەکانى خۆى بوو بە بێ ئەوەى ڕووبەڕووى فشار و لێپرسینەوەیەکى کەمى حیزبییش بێت لەو کردەوە بەرژەوەند پەرستییەى خۆى ، حیزبى شیوعى ڕۆڵى جەماوەرى بوونى بە تەواوى لە دەست دا و بووە بەشێک لە سیاسەتى دوو زلحیزبەکە و بە ڕاوێژ و فەرمانەکانى ئەوان هەڵوێستى دەر ئەبڕى .

بیرۆکەى بەستنى کۆنگرەیەک بۆ پێشمەرگە دێرینەکان هاتە پێشەوە ، بەر لە بەستنى کۆنگرەکە لە لایەن کۆمەڵێک پێشمەرگەى دێرینەوە کە پلەى حیزبی و بەرپرسیارێتییان لە مەترسى دا بوو و هەست بە نامۆ بوون باڵى کێشا بوو بە سەریان دا ئامادەسازى بۆ ئەکرا ، ئەو دەستە و تاقمە لە شاخ و لە شاریش دا ناخۆشەویست و جێگەى ڕق لێبوونەوەى ناو هاوڕێکانیان بوون چونکە کەسانى هەلپەرست و خۆپارێز و ترسنۆک و ڕێگر بوون لە بەردەم هاوڕێ گەنج و لاوەکان کە ئومێدى ئەوەیان لێ ئەکرا لە پاشەڕۆژ دا ببن بە کادیرى پێشکەوتووى چوست و چالاک و ئەوەندەى تر پێگەى ئەو بەرپرسانە بخەنە لێژییەوە ، بۆیە هەوڵیان ئەدا لە دەرەوەى ڕێکخستنە حیزبییەکانەوە هەیبەتى شکاوى خۆیان دروست بکەنەوە ، ئەمە لە لایەن ئەندامانى مەکتەبى سیاسیشەوە بە جوانى درکى پێ کرا بوو ، بۆیە پێش بەستنى کۆبوونەوە هانایان بۆ من هێنا چونکە کەسى بێ ئاگا تر و خۆنەویست تر یان لە من بەولاوە دەست نەئەکەوت تا بیکەنە دەسکەلا بۆگیانى ئەوانەى ئەیانەویست کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکان وەکو سەنگەرێک لە بەرامبەر حیزبەکە دا قووت بکەنەوە ، بۆ ئەم مەبەستەش هەردوو ئەندامانى مەکتەبى سیاسى حیزبى شیوعى ( ئەبو کاروان و سوبحى مەهدى ) زۆر بە کزۆڵانە پەرۆشى خۆیان لەو هەنگاوەى حەمە ڕەشید قەراغى و عەتا و هەندێک لە پشتگوێ خراوەکانى تر نیشان دا ، هەرچەندە ئەگەر بە ویژدانەوە بەراوورد لە نێوانیان دا بکرایە هەموو خەباتى ئەبو کاروان و سوبحى مەهدى کۆ بکرایەتەوە بە قەد چارەگى خەباتى یەکێک لەوانە مەترسى و ماندوو بوونى تێدا بەرجەستە نە ئەبوو بەڵام بە ناوى بەرژەوەندى حیزبەوە بە ئەژنۆى منیان دا کێشا و (( یخ )) میان کرد و پێمیان ڕاگەیاند کە بە مەرامێکى پەنهان و بە دەست لە پشتدانى ئەملاولا ئەو جەماعەتە ئەیانەوێ کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکان بکەنە سەنگەرێکى دژ بە حیزب ، منیش قۆڵ و باسکى چوونە مەیدان و سەنگەر گرتنم لە پێڕەکەى حەمە ڕەشید هەڵماڵى و چوومە کۆنگرەکەوە .

لە ناو کۆنگرە دا لە سەر هەموو خشتەکان بەشداریم ئەکرد بە مەبەستى ڕیسوا کردنى گزى و فزییەکان ، و لە بوارى داراییدا 13000 دینارى سویسرى ئەو دەمە دیار نەبوو و بە پێداگرییەوە ڕێگەم لە بازدان گرت بە سەرى دا و ناچار لیژنەیەکی 3 کەسییان بۆ پێک هێنا تا لە دەرەوەى کۆنگرە یەکلایى بکرێتەوە ( عەتا و هاوڕێیەک و من ) ئەندامى لیژنەکە بووین ، هەوڵ درا قەناعەتم پێ بکەن و جێگەى خەرج کردنەکەیم بە ناشەرعى بە بیانووى پاراستنى کەشى کۆنگرەکە بۆ بکەنەوە و بە هەر شێوازێک بێت بیپەڕێننەوە و بە سەرى دا گوزەر بکەین بەڵام وێڕاى واژۆ کردنى ئەو دوو ئەندامەى ترى لیژنەکە من هەر سوور بووم لەوەى بە ساغلەمى و بێ فرت و فێڵ ساغ بکرێتەوە بۆیە دووبارە لە ناو کۆنگرە دا کێشەکەم وورووژاندەوە و لە کۆتاییدا مامۆستا قادر کە ئەندامى سەرکردایەتى و ئێستا ئەندامى پەرلەمانى عێراقە پێى ووتم : هیوا ڕەشى شێت دە واز بێنە .

لە کۆنگرەدا بە ئەندامى کۆمیتەى باڵاى پێشمەرگە دێرینەکان هەڵبژێردرام ، و لە کۆبوونەوەکان دا هەندێک شتم بۆ ساغ بووەوە و ئەوەى ئەبوکاروان و سوبحى مەهدى ئەیانووت نیوەى ڕاست بوو لەوەى ئەم سەنگەر گرتنەى حەمەڕەشید و جەماعەتەکەى دەرەنجامى هەست کردن بە مەغدورى خۆیان بوو و ئەیانویست لەم ڕێگەیەوە فشار لە سەر حیزب دروست بکەن و پێگەیەک بۆ خۆیان بە دەست بهێنن مەوقعیان لە ئیعراب دیارى بکرێت بەڵام بۆ مێژوو ئەیڵێم هەستم نەکرد دەستێک لە پشتیانەوە بێت و ڕەنگە تا ڕادەیەک هەقیشیان بوو بێت لەوەى کە ئەوان لە زۆرێک لەوانەى لە سەرکردایەتى دا بوون باشتر و شایستە بوون ، لە زۆربەى کۆبوونەوەکانى کۆمیتەى باڵا دا من ئەمویست بڕیارەکان لەوان بسێنمەوە و بیگێڕمەوە مستى سەرکردایەتى حیزبى شیوعى بە مەرجێک سەرکردایەتى حیزبەکەش ئەوەیان تیا بە سەر نەبوو ، لێرە دا من خۆم خستبووە داوى سۆزەوە و مەزەندەى هەڵەم بۆ خوێندنەوەى شتەکان و لێکدانەوەى بار و دۆخەکە هەبوو ، چونکە تاک لایەنە هەردوو چاوم بە تیژى خستبووە سەر هەڵس و کەوتى حەمەڕەشید و حەماعەتەکەى و لە ئاستى ئەبو کاروان و سوبحى مەهدیشا چاوى خۆم نووقاندبوو و هیچ لێکدانەوەیەکم بۆیان نەئەکرد و بێ هەڵسەنگاندنێکى واقعیانە فەزڵیانم دابوو بە سەر حەمەڕەشید و ئەوان دا کە ئەمە خۆى لە خۆى دا هەڵەیەکى کوێرانە بوو چونکە مێژووى جەماعەتى کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکان زۆر لە هى ئەوان تروسکایى زیاترى تێدا بوو ، لە کۆبوونەوەکانى کۆمیتەى باڵاى کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکان هێندە بە گومانەوە لە ئەندامانى کۆمەڵەکەم ئەڕوانى لە ئاکامى نەخشاندنى وێنەى خراپیان لە لایەن سەرکردایەتییەکانەوە هەمیشە وەکو کەڵەشێرى سەر بارەدار وا بووم بەرامبەریان و هەموو تواناکانم بۆ ئەوە تەرخان کردبوو کۆبوونەوەکان بکەم بە کۆبوونەوەى حیزبى بە مەرجێک خۆشم حیزبى نەبووم و لە ساڵى 1993 دا دەستم لە کار کێشابووەوە ، جارێکیان لە کۆبوونەوەیەکى کۆمیتەى باڵاى کۆمەڵە دا مەحمود حاجى بەو دەقە ڕایگەیاند کە : هیوا ڕەش نوێنەرى حیزبى شیوعییە لە ناومان باشتر وایە بچێت حیزبایەتى خۆى لەوێ دا بکات .

لە هەمان کات دا لە کۆمەڵەى زیندانییە سیاسییەکانى کوردستانیش ئەندامى کۆمیتەى باڵا بووم و هەر بە کۆبوونەوە ڕا ئەگەییشتم ، و هەر لەو سەر و بەندە دا کۆمیتەى محەلى کەرکوک سەریان نابوو بە سەرمەوە گوایە بۆشاییەکى گەورەیان لە محەلییەکەیان دا هەیە و کادرى بە توانایان کەمە و پێویستیان پێمە ، دواى تەکلیف و ئیلحاحێکى زۆر داوایان لێ کردم بگەرێمەوە ناو ڕێکخستنەکان ، بە قەولى ئەوان لە زۆربەى کادرەکانى محەلى ڕۆڵ و ئەرکەکانم زیاتر ڕائەپەڕێنم ، دواى ساڵێک ئینجا بەڵێنم دانێ و بڕیارى گەڕانەوەم دا بۆ حیزب و ئەوانیش داوایان لێ کردم نامەیەک بۆ گەڕانەوەکەم ئاراستەى حیزب بکەم و منیش بە قسەیانم فریوم خوارد ، دواى نامەکەم بە چەند مانگێک لەتە وەرەقەیەکیان بە ئیمزاى ئەبو کاروان دامێ کە خوێندمەوە پسوڵەى شەرەف ئەندامیم بوو ، دیار بوو ئەوەى ویستیان کردیان و سەرمیان کەچەڵ کرد و ئاوێنەکەیان دایە دەستم و ئەوەى لە ڕوو ئەیانووت لە ناخەوە هەمووى درۆ بوو ، منیش تازە چارم ناچار بوو ملى ڕێى ویستە بۆگەنەکەى ئەوانم گرتە بەر و هیچ موناقەشە و پەشیمانییەکم لە نامەکەم دەرنەبڕى ، چونکە ئەوان دەمیان لەوە ئەژەنى من بگەڕێمەوە کۆمیتەى محەلى کەچى لە شانەى ئەندامان دۆشەکەڵەیەکیان بۆ ڕاخستم و قنج دامیان نیشاند .

جارێکیان لە ڕیپۆرتاژێکى عەدنانى حەمەى میناى ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى نیشتمانى کوردستان لە ڕۆژنامەى کوردستانى نوێ دا باسى لە داستانى تازە شارى گەرمیان کردبوو کە تێیدا نزیکەى 30 پێشمەرگەى قارەمانى یەکێتى و شیوعى و هێزى بەرگرى شەهید کران و 9 یان هاوڕێیانى حیزبى شیوعى بوون کەچى بە بێ ناوهێنان و ڕۆڵى پێشمەرگە شیوعییەکان لەو شەڕى بەرگرییەدا ، هەموو سەروەرییەکانى بۆ یەکێتى تۆمار کردبوو ، ئەبو کاروان گوایە بەشدار بوویەکى شەڕەکە بوو بێدەنگى هەڵبژارد و وەڵام دانەوەى بە پەسەند نەزانى ناچار دواى زانیارى کۆکردنەوە لە هەمان ڕۆژنامەى ناوبراو دا قسەکانى ئەو برادەرەم بە درۆ خستەوە ، دیارە دیفاع کردن لە حیزب و سەروەرییەکانى ئەرکى سەرشانى سەرکردایەتى نیە بۆیە ئەبو کاروانیش ئەمەى بە ئەرکى خۆى نەزانى .

ماوەیەک لە بەر دەست کورتى و نەدارى ماڵەکەم بردە ژێر زەمینى ماڵى هاوڕێ شوانەى براى مام ساڵح و مناڵەکانم ناردەوە بۆ ماڵە خەزورانم و دایکیشم ناردە ماڵى ئازادى برام و بارەگاشم کردە ماڵى بابە گەورەى خۆم و لەوێ ئەخەوتم ، ئەو ماوەیەى لەوێ خەوتم هیچ جۆرە هەڵوێستێکى جوامێرانەم لە عەبدەکانى پارتى و یەکێتى بەرامبەر هاوڕێکانى خۆیان بەدى نەکرد ، لە بەردەم بچووکترین بەرپرسى یەکێتى دا ئەکەوتنە هەلەکە سەما و بەرامبەر هاوڕێکانیشیان شیوعیەتیان ئەخستە بازاڕەوە ، داهاتى زۆر و زەوەندى محەلیش مەگەر هەر خۆیان بزانن چییان لێ ئەکرد و چۆنیان تەخشان و پەخشان ئەکرد ، ڕۆژێکیان لیستێکى بچووکى 15 ڕۆژى کە خەرج کردنى 44 هەزار دینارى سویسرى تێدا جێ کرابووەوە ، سەرجەم ئەو چەند هەزار دینارە بە ( یارمەتى – هاوکارى – مساعدە – دەعوەت – خۆراک و میوە ) و ئەم شتانە لە بەرامبەر پارە خەرج کراوەکان نووسرا بوو کە ئەتوانم بڵێم جگە لەوەى هەمووى یەک ماناى ئەبەخشى بەڵام هەمووشیان وەهمى بوون و دزرابوون و پێم ووتن ئێوە تا ئێستا ( هاوکارى و یارمەتى و مساعدە ) ى منتان نەکردبێ ئەدى ئەو پارانەتان چۆن چۆنى و بۆ کێ سەرف کردووە ؟ !

ناچوومە کۆبوونەوە حیزبییەکانەوە تا دەربکرێم لە ڕێکخستن و ئەوانیش دیار بوومەبەستیان بوو خۆم دەست لە کار بکێشمەوە تا وێنایەکى خراپم نیشانى هاوڕێیان بدەن و خۆیان بێ خەتا دەر بکەن ، هەر چەندە بارەگا لەم بێ پارەیى و بێ داڵدەییەم دا باشترین پەناگەم بوو بەڵام زۆر خەفەتم لە هەڵس و کەوت و ڕەفتارى بەرپرسە نەخوێندەوارەکانى محەلى ئەخوارد کە تەنانەت لە قسە کردنیش دا کڵۆڵ بوون ، ڕۆژێکیان کەریم ئەحمەدى سکرتێرى حیزب لە هەولێرەوە هاتبوو و لە بارەگاى محەلى کەرکوک بوو دواى ئەوەى چەند جارێک ئەبو کاروانى بەرپرسى محەلیم ئاگادار کردەوە کە ئەمەوێ لە فرسەتێک دا کەمێک قسە لە گەڵ هاوڕێ کەریم بکەم ، بەڵام ئەبو کاروان زیکزاکى ئەکرد و نازانم هۆیەکەى چى بوو ، ئەوە بوو لە گەڵ هاوڕێ نەجات و چەند هاوڕێیەکى تردا خۆم کرد بە ژوورى محەلى دا و دواى سڵاو کردن یەکسەر بە هاوڕێ کەریمم ووت : هاوڕێ ماناى چییە ئەمە چەند جارە داوا ئەکەین بتبینین وەڵاممان نادەیتەوە ؟ هاوڕَێ کەریم بە شێنەییەکەوە ووتى : بەخوا هاوڕێ گیان کەس پێى ڕانەگەیاندووم ! ئەم وەڵامە هەڵوێستى ئەبو کاروانى شەرمەزار کرد ، پێش ئەوەى دەست بە قسە بکەم ووتم هاوڕێ کەریم گوێم لێ ئەگریت ؟ ووتى فەرموو هاوڕێ گیان چیت هەیە پێمى بڵێ ، ووتم :

- داواى زەوى ئەکەین بۆ پێشمەرگەى دێرین دەسەڵات نامانداتێ ، بۆ زیندانى سیاسى هەر بە هەمان شێوە ، داواى خانووى ئاوارە ئەکەین کە ڕێکخراوە مرۆییەکان دروستى ئەکەن و پەیوەندى بە حیزبایەتییەوە نیە و هى دەسەڵاتدارانیش نیە و هەموو حیزبەکان بە بەرەى تورکمانیشەوە پشکیانى تێدایە بەڵام بە ئێمەى نادەن !
پرسى : بۆۆ ؟
- لەبەر ئەوەى شیوعین ، شیوعیش ئەزانى بە نەزەرى ئەوان یانى چى ؟
پرسى : چى ى ؟
- شیوعى یانى ماڵى قەڵپ ، ماڵى قەڵپیش سەر بە خاوەنیەتى و تۆش خاوەنمانى و ئێستا خەریکى دابەش کردنى خانووى ئاوارەن لە گەڕەکى ڕاپەڕین و ئەبێت ئیشێکى جدیمان بۆ بکەى .
پرسى : هاوڕێ گیان من چیم لە دەست دێت ؟ تۆ چى ئەڵێى بە سەر چاو .
- تۆ پەیوەندیت لە گەڵ مام جەلال خۆشە و داواى لێ بکە با حیزبیش پشکى هەبێت لەو خانووانە .
ووتى : بە سەر چاو تۆ نامەیەک بنووسە و من واژۆى ئەکەم و بە ئەبو کاروانیشى ووت : ئەمڕۆ بیگەیەننە مام جەلال .


دواى ئەوەى نامەکەم نووسى و ناوى 10 هاوڕێى موستەحەقم هاوپێچى کرد و هەر ئەو ڕۆژە هەڵکەوت گەیاندییە جێى مەبەست ، لە کاتى دابەش کردنى خانووەکان دا وەڵام بەو نامەیە ناوى 3 هاوڕێمان ( هەڵکەوت و نەجات و من ) گەڕایەوە ، ئەمە بۆ من گەورەترین دەسکەوتى مادى و مەعنەوى بوو لە ژیانى حیزبایەتیم دا کە لە خاوەندارێتى 5 خانوو لە کەرکوک دا 5 بلۆکیشمان بۆ نەمابووەوە بە سۆنگەى حیزبایەتیمانەوە .

ئەمە بەڵگەیەکى بچووکى بێ ئاگایى و دابڕانى سەرکردایەتى حیزبەکە بوو لە هاوڕێیان و کادیرە مام ناوەندەکان کە لە ژیانێکى کولە مەرگى دا ئەژیان و خۆشیان بەردەوام ڕاکە ڕاک و هەڵپەى مساوەمەیان بوو بۆ گیرفان پڕ کردن کە چى مشورێکیان لە بە دەست هێنانى مافى ڕەواى پێشمەرگە دێرینەکان و زیندانییە سیاییەکان و کادیرە کەم ئەندام و کەمدەرامەتەکانى خوارەوە ناخوارد و باسیان لە ململانێى چینایەتى و یەکسانى و مافى مرۆڤ و عەدالەتى کۆمەڵایەتیش ئەکرد ، پێگەى حیزبى شیوعى لە هاوپەیمانێتییەکانى لە گەڵ دەسەڵاتداران دا لەم ئاستە نزمەدا بوو کە حیسابى بەرەى تورکمانى لەوان باڵا تر بوو ، مەگەر خۆیان بزانن سیحرى هاوپەیمانێتییەکەیان لە کوێدایە ؟ !
 


07701309524 
Hewarash1@yahoo.com