خوێندنەوەى سۆسیۆلۆژیى بۆ شارى سلێمانى.
توێژەرى کۆمەڵایەتى:
حەمەى ئەحمەد رەسوڵ
- بەشی دووهم -
جوانکردنى شار.
ئەوەى پێکهاتەى شارى پێدەوترێ و لە شارۆچکە و گوندە دواکەوتووەکانى
جیادەکاتەوە، ئەو دیمەنە شارستانییەیە، ئەو خەسڵەتە جوان و ڕازاوەیەیە
کە سەربارى سروشت و ژینگە و شوێنى جوگرافیى، دروستکراوێکى کەلتووریى و
کەلەپوورى تایبەتى هەیە کە لە خانوو و تەلار و دروستکراوە
میللییەکانەوە بەدەردەکەوێت و پێکهاتەیەکى ناوازە دەخەمڵێنێ لەناو
سەرجەم شارانى دیکەى دنیادا و ناسنامەیەکى خۆى هەیە، هەڵبەتە لەو
ڕووبەرەشدا مۆرکێکى مێژوویى بۆخۆى دەستگیر دەکات و هەمیشە میوانان و
بێگانەکان، ئەوانەى بۆ یەکەمین جار چاویان پێى دەکەوێت تابلۆیەکى
نەبینراو و جیاواز ببیننەوە کە تایبەتمەند بێ و پەیوەست بێت بەو
پانتاییەى تەنها وێنەى ئەو شارە دیاریکراوە بێت. شارى سلێمانى کە بە
تەلارسازییەکى کوردى زۆرینەى ماڵ و باڵەخانە و دیوى ناوەوە و دەرەوەى
هەموو جێگەکانى کراوە و خاوەنى پێکهاتە کوردییەکانە، ئەمەش نزیکایەتى
لەگەڵ کوردستانى ڕۆژهەڵاتدا هەیە و زۆرینەى وەستا و بیناسازەکانى پێشتر
لەو هەرێمەوە هاتوون و کاریان تێدا کردووە، تاق و چوخمەکان و دەرگا و
پەنجەرەکان، نەخشەسازیى و هەڵچنین و کارى هونەریى و دەستڕەنگینى
هەموویان خەسڵەتێک بوون بە بیناسازیى شارى سلێمانییەوە بینراوە و لە
زۆر جێگەش تا هەنوکە ئەو پاشماوە دێرین و مێژووییانە ماون و دەبینرێن،
بەڵام وردە وردە لەگەڵ نۆژەنکردنەوە و دروستکردنى شتى نوێدا ئەو مۆرکە
وندەبێ و بەرەو نەمان دەچێت، لە جێگەیان ئەندازەى ڕۆژئاوایى و
نەخشەسازیى بیانیى قوتدەبنەوە و شارى کۆن و نوێ دوچارى بەرکەوتنێکى
دژوار بوون، دەکرا نۆژەنکردنەوە تەنها پەیوەست ببووایە بە نوێکردنەوەى
ئەوەى دەفەوتێ و دانانەوەى دیمەنە دێرینەکان لەسەر ڕووبەر و
پانتاییەکانى شار، نەک لابردن و ڕوخاندن و وەلانانیان بەو مانایەى
ڕووەو کۆمەڵگەیەکى مەدەنیى و شارستانى پەل بکوتین و هەموو خەسڵەتە
مێژووییەکان لەناوبەرین.. تەلارسازیى کوردیى ئەم شارە بەژێر گڵەوە بووە
و وەختە تەواوێ لەناوبچێت، زۆرینەى باڵەخانە و ماڵ و شوێنە
بەرفراوانەکان دەڕووخێنرێن و ڕووبەرى گەراجەکان بۆ ئوتمبێل و پاسەکان
تەرخان دەکرێن، ئەوەى بە مۆرکێکى مێژوویى ناسراوە و پەیوەندییەکى
ڕاستەوخۆى هەیە و هەبووە لەگەڵ دەروونى دانیشتوانیدا پوکاوەتەوە و چیتر
شوێنى یادەوەریى و یادگارییەکان نەماوە، شار سەبارەت بە دانیشتووانى
ئەو شارە تەنها جێگەى تێدا ژیان و تێدا مردن نییە، مەگەر پەیوەندییە
ڕۆحى و فیزیکییەکانیش ڕەنگدانەوەى تایبەتییان لەگەڵدا سازداون.
نۆژەنکردنەوەى شار، جوانکردن و پێشخستن و فراوانبوونى هەرگیز نەبووە
لەسەر نەهێشتنى شتە دێرینەکان شتى نوێ بێنە ئاراوە.. شارى نۆژەن ئەو
شارەیە کە لەپاڵ شارى مێژووییدا بوونى هەیە نەک سڕینەوەى هەموو
ڕابردووەکان و دانانى ئێستایەک کە ڕەنگە لە داهاتوودا ببنەوە کۆن و
بەهەمان دەرد و پەتاى لەناوبردن بچن و وەک هەڵم لەبەر چاوان ون بن..
پێویستە شار کە گەورە دەکرێت لە چواردەوەرەوە پەل بهاوێ، نۆژەنکردنەوش
ئەگەر هەمان تەلارسازیى پێشینە نەپارێزێت هەرگیز پێى ناوترێت
نۆژەنکردنەوە، نوێ شتێکى قبوڵە وەک وتمان لەپاڵ کۆندا، واتە نوێکردنەوە
و گەشەسەندن تایبەت بێت بە نوێ و دەست وەرنەداتە شتە دێرینەکانەوە..
نۆژەنکردنەوە بەواتاى نوێکردنەوەى هەموو شتە دێرین و خاوەن مێژووەکان
تاوەکو لەسەر هەمان خەسڵەت و پێکهاتە ، توخمە بنەڕەتییەکانى بپارێزرێن
تا نەفەوتێن. زەمەن پێشدەکەوێ و ڕواڵەت و بینراوە بەرچاوەکانیش بەرەو
گۆڕان دەچن، هەموو شتێک مەحکومە بە گۆڕان و مومکین نییە وەک خۆى
بمێنێتەوە، کارى ئارکیۆلۆژیست و شوێنەوارناسان و کەلەپوورناسان پاراستن
و هێشتنەوەى شتە کۆنەکانن تاوەکو بە ئاقارێکى زانستى و مێژوویى کار
لەسەر نۆژەنکردنەوەیان بکەن، شار ناکرێت تەنها بە وێنە مێژووییەکانى
سەر لاپەڕە و کاغەزەکان مێژووى خۆى بپارێزێت ئەوەندەى بە ڕاستەقینە و
واقیع ئەو مێژووە بۆ خۆى دەستەبەر دەکات.. ئەپارتمان و تەلار و کۆشکى
نوێ دەکرێن و کەسێک نییە ڕێگر بێت لەبەردەمیان و پێویستى ژیانى هاودەم
دەیانهێنێتە بوونەوە، وەلێ کاتێک نەهێشتنى فۆرمە دێرینەکان بێت و لە
جێگەیان فۆرمى نوێى مۆدێرن دابنرێت شتێکە دەچێتە خانەى تاوانەوە،
جوانکردنى شار و گەورەبوون و پێشکەوتنى بەندە بە فراوانبوونى
ڕووبەرەکەى نەک لەهەمان جێگەى پێشوودا بونیادنانى شتى نوێ و دانسقە.
ئەوەى بە بەردەرکى سەرا ناسراوە لە شارى سلێمانیدا هەنوکە بەرەو نەمان
دەچێت، لە شوێنە پڕ یادگارییەکاندا کە شوناسێکى تایبەتییان بەخشیبوو بە
شار ئێستا دیمەنى شارێکى دیکە وەختە قوتبێتەوە.. لەپاڵ هەموو ئەم
گۆڕانە بێ بەرنامە و پلانە زانستییانەشدا، دیسانەوە خەسڵەتە
چەقبەستووەکان، دیمەنە کۆن و ڕەزا گرانەکان دەبینینەوە کە هەرگیز
گۆڕانیان بۆ نییە، بەواتاى هەموو ئەو شتانەى مۆرکى شارەکە نین
دەمێننەوە و بەشێوەیەکى دیکە پەرەیان پێدەدرێ، بەڵکو شتێکە بە تۆپزى
خۆى کێشاوە بەسەر شاردا و ئێستاش پەیڕەودەکرێتەوە، ئەویش بوونى شیش و
پەرژینەکانى سەر شۆشتەکانى ناوجەرگەى شارن، ئەو شیش و دیوارانەى شۆستە
لە شەقام جیادەکەنەوە و ڕەوت و ڕێچکەیەک بۆ ڕۆیشتن دیاریدەکەن، ئەم
دیمەنە ئەگەرچى چەپەر و پەرژینى لادیکان وەبیر مرۆ دەهێننەوە، دیسانەوە
شوێنگەى مەڕ و ماڵات و ئاژەڵان دەبەخشێتەوە شارى نۆژەن و مۆدێرن کە
نوێگەرییەکە یەکانگیر نابێتەوە لەگەڵ سروشتەکەیدا ئەوەندەى ونکردنى
سیما سروشتییەکانە، واتە بە دروستکردنى بینایەک، تەلار و کۆشکێک، یاخود
بەرزە پردێک دیمەنى شاخ و ڕواڵەتى شار داپۆشراوە و شوێنى بینگە و
هەناسەدانیش ناهێڵێتەوە.. پاشان بۆ ون نەبوونى جوانیى تەلارەکەش هەموو
ئەو درەختە بەتەمەنانە هەڵدەپاچرێن و دەبڕدرێنەوە ئەگەر بیانەوێت
دیمەنى کۆشکەکان بشارنەوە، شار چیتر ئەو درەختە خاوەن مێژوو و تەمەنانە
لەخۆ ناگرێ و زۆرینەى شەقامەکان وێنەى خۆیان لەدەست داوە و تاموبۆیەکى
دیکەیان لێوە دێت!
ئەو پەرژینە بەو مانایەى خەڵکان لەسەر شۆستەوە بڕۆن و بەنێو شەقام
نەکەون، هەڵبەتە ئەمە هەموو ڕژێمە داگیرکەرەکان پەیڕەویان کردووە لە
هەموو شارەکانى عێراقدا و سلێمانیش بەتایبەتى، بۆخۆى زۆر هەڵدەگرێت شیش
و چەپەرەکان لەسەریان ڕابووەستینەوە، وەلێ ئێمە تەنها بە کۆمەڵگەى
مێگەلیى ناوزەدى دەکەین و چیتر نا.. شار کە شوێنێکى بۆ حەوانەوە نەبێت،
بۆ نمونە لە شەقامە سەرەکییەکاندا ستووڵێک بۆ دانیشتن نییە، کەسێک
بیەوێت پشوویەک بە قاچەکانى بدات دەبێت لەسەر شۆستەکان دابنیشێ چونکە
جێیەک نییە بۆ دانیشتن و سەقامگیربوون، مرۆ لە شارەکەى خۆیدا شوێنى
دانیشتنى بۆ تەرخان نەکرابێت مرۆیەکە هەڵواسراو و هەمیشە نامۆش
بەسەریەوە، دانیشتووان لەم شارەدا ڕاگوزەرانە تێیدا دەژین هەربۆیە
ئاووهەواى وڵاتان خۆشەویستر دەبێت لەلایان نەک شارەکەى خۆیان،
لەبەرئەوەى فاکتەرەکان هێندە زۆرن شتێک نەماوە پێى بوترێت شارى خۆت یان
شارەکەم!!.. ئەو عەرەبانە وەستاو و دیمەنە دزێوانە هەموو هەن و
هەڵمەتێکیش هەیە بۆ جوانکردنى شار کەچى بیر لەوە ناکرێتەوە شوێنى
عەرەبانەکان بکرێنە کوشکى خنجیلانە و دانانى ستووڵە پێویستەکان، گەنج
وەختێک دەیەوێت سەرى خۆى هەڵبگرێت و ئەم نیشتمانە جێبێڵێت بۆ ئەوەیە
دیمەنێک نییە چاوانى تێر بکات، لە سۆنگەى ئەوەوەیە ناتوانێت دابنیشێ و
پشوویەک بدات، کە شوێن بۆ دانیشتن نەبێت بینگەیەکى فراوانى هەبێ جگە لە
پارک و باخچەکان، ئیتر ئەوەى جێى دانیشتنە، خاکى مانەوەیە زەمینەى بۆ
نەڕەخسابێت گوناهیشە داوایان لێبکەین وڵات جێنەهێڵن، لەوێشەوە ئەو
توندوتیژییەش دەستنیشان دەکەینەوە کە دەروونى تاکەکانى تەنیووە و
هەمیشە پرسیاریش دەکەینەوە کە توندوتیژیى لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت!
گۆڕستانەکانى شار.
بوونى گۆڕ و قەبر و شوێنى شاردنەوەى لاشەى مردووەکان شتێکە لە ئەزەلەوە
هەیە و لەم شارەشدا بەپێى پەیڕەکردن و دەستوورى ئایینەکان بەڕێوە دەچێت،
بەپێى ئایینى ئیسلامى و مەسیحى، ئەمەش بەهۆى بوونى مەسیحییەکان لە
شارەکەدا و یەکەمین گۆڕستانیان بە گردى ئەڵمانەکان ناوبراوە، چونکە لە
دەموەختى سەرەتاى جەنگى جیهانى یەکەمدا فڕۆکەیەکى ئەڵمانى لەسەر دەشتى
دۆزەخ مینەدا دەکەوێتە خوارەوە و هەردووک فڕۆکەوانى ئەڵمانى گیانیان
لەدەست دەدەن و لەم شارەدا دەنێژرێن، دواتر ئەو گردەش بە گردى
مەسیحییەکان دەناسرێ و تا هەنوکە واى پێدەڵێن، گۆڕستان لەم شارەدا زۆرن
و بەشێوەیەک لە شێوەکان مێژوویەک تۆمار دەکەن، مێژووى ژیانى پێشتر و
ئەو دانیشتووانانەى لە شاردا ژیاون، گۆڕستانى زۆر دێرینتریش هەموو
ونبوون و ناوبەناو بەپێى بناغەلێدان بۆ پڕۆژەیەک سەرهەڵدەدەن و
دەزانرێت پێشتر جێى ئارامگا و قەبرستان بوون، بۆ نمونە گۆڕستانى
کانیئاسکان لە دەیەى هەشتاکاندا لە نۆژەنکردنەوەى قوتابخانەیەکدا
دەرکەوت کە شوێنى گۆڕستان بووە ئەو گەڕەکە میللییەى دەکەوێتە پشت
مزگەوتى گەورەى شارەوە.. وەلێ لەو پاشماوەیەدا تەنها گۆڕەکەى شێخ
مستەفا هێشتان ماوە و نەتوانراوە وەک گۆڕەکانى دیکە ون ببێ و بناغەى
خانووى لەسەر لێبدرێت.
بەشێوەیەکى بەرچاو گۆڕستانەکانى شار گردەکانیان بۆ تەخان کراوە، هەمیشە
گۆڕستانە دێرینەکان لەو شوێنانەدا بوون کە نزیک بوون لە ئاوى کانى و
کارێزەکانەوە.. وەک ئەو نمونەیەى هێنامانەوە لەسەر گۆڕستانى
کانیئاسکان، دەبینین بوونى پێشوەختەى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە نزیک بووە لە
کارێزى مزگەوتى گەورەى ئێستاوە ئینجا کانى ئاسکانى بەرى ڕۆژئاواى،
چونکە بۆخۆى بونیادنان و دروستکردنى مزگەوتى گەورەى شار لە کاتى
فەرمانڕەوایى بابانەکاندا، ئەو وەختەى لە قەلاچوالانەوە دێنە سلێمانى و
لەگەڵ گەورەکردن و دروستکردنى شارى نوێدا مزگەوتەکەش دروست دەکرێ و شێخ
مارفى نۆدێى باپیرە گەورەى شێخ مەحمودى بۆ دەهێنرێت تاوەکو ئەو تەکیەیە
دامەزرێنێت، مزگەوتى گەورە کەوتۆتە بنارى ئەو گردەوە کە گۆڕستانى
کانیئاسکانى لێبووە، چونکە لە دەرگاى پشتەوە کە بەرى گەڕەکى
کانیئاسکانە بە پلیکانە دادەبەزیتە ناو حەوشەکەیەوە، ئەو کارێزەى لە
حەوشەى مزگەوتەکەدایە لە گردى جۆگاوە دادەگەڕێ بۆ ئەوێ، هەڵبەتە
دەستنیشانکردنى شوێنى گۆڕستانەکان لە خەسڵەتى یەکەمیندا بۆ بوونى ئاو
دەگەڕێتەوە.
جگە لە گۆڕستانى جوولەکان کە تایبەت بووە بە گۆڕى جوولەکەکانى شار و
ئەو گەڕەکەى تێیدا ژیاون، پێشتر گۆڕستانى شار نەکەوتۆتە دەرەوەى
شارەوە، واتە لێوار و چواردەورى شار و دوورە دەست، وەلێ لەکاتى نەخۆشیى
گولیدا گۆڕستانێک تایبەت دەکرێت بۆ ئەو مردووانە کە ئەویش گردى گولانە
و پاشتر دەبێتە گوڵان و ئێستاش بە گردى مامەیارە ناوى دەرکردووە،
بێگومان لەوێشدا کارێزى وەستا شەریف بوونى هەیە و لێدانى گۆڕستانێک
لەوێدا بۆخۆى ئاو چاوگى یەکەمینە.. وەک سەردانى گۆڕستانەکە لەلایەن
خەڵکانى شارەوە کە گۆڕى کەسوکار و باووباپیرانیان لەوێ هەبووە هەڵبەتە
بوونى ئاو وەک پێداویستییەکى بنەڕەتى لەبەرچاو گیراوە، پاشان بەهۆى
گەورەبوون و فراوانبوونى شارەوە بڕیاردراوە چیتر لەناو شاردا گۆڕ
هەڵنەکەندرێ و ببرێنە چواردەورى شارەوە، گردى جۆگا کە ئێستا کەوتووەتە
ناو شارەوە پێشتر دەشت و بەرزایى بووە و هەموو گۆڕستانەکانیش بەو
گەورەبوونەى شار چیتر لە لێواردا نەماونەوە.. ڕەنگە یەکەمین هەوڵیش لەو
پێناوەدا گۆڕى شێخ مارفى نۆدێ بێت کە لەگەڵ بوونى گۆڕستانى کانیئاسکانى
نزیکدا لە گردى سەیوان نێژراوە، بۆخۆى قسەکردن لەسەر بوونى گۆڕەکەى لە
سەیوان و گۆڕى کاک ئەحمەدى شێخ و شێخ مەحمود و چەندانى تر لەناو
مزگەوتى گەورەدا جێى پرسیار و لەسەر وەستانەوەیە بەبەراورد لەگەڵ
دوورکەوتنەوەى شێخ مارفى باپیرە گەورەدا. سەرەتا وا بیر لە گۆڕستانەکان
کراونەتەوە کە شوێنێک نەبێت بۆ کشتوکاڵ و هەر بەم شێوەیەش گردەکانى بۆ
هەڵبژێردراوە، ئەو گردانەى نزیکن لە کانى و کارێزەکانەوە و درەختى
خۆڕسکیان تێدا ڕواوە بۆ سێبەر و سەیوان و شتێک لە بەردەڵانیشیان پێوە
دیارە هێشتاکە، ناوى سەیوان بەماناى سێبەر و کەپر و سابات دێت لە
بنەڕەتدا، واتە بوونى چڕستانێکى زۆر لە درەختى خۆڕسکى وەک دار ئەرخەوان
و گۆیژ و چەندین درەختى تر.. شارى سلێمانى دارستان و درەختێکى زۆرى
بەخۆوە بینیووە لە پێشوودا و هەڵبەتە ئەو دیمەنە ئێستا گۆڕاوە و
بەداخەوە پاشماوەى نەماوە.. لەسەرێکى تریشەوە بەهۆى لافاو و زریانەوە،
گۆڕستانەکان لەبەرى سەرەولێژیى لافاودا پارێزراون و بەسەر گردەوە
هێڵراونەتەوە.. گرد بۆ خۆى ماناى شوێنى بەرز و پارێزراو، هەروەها بەپێى
ئایینەکانیش بوونى منارە و گومەز و قوللە بەرزەکان بۆئەوەیە
نزیکبوونەوەیەک لە ئاسمانەوە بسازێنن، ئەو نێوەندەى نێوان زەوى و
ئاسمان کە بە ( هوى ) ناوبراوە، گەیەنەرى دەنگى زەوییە بۆ ئاسمان و لاى
خواوەندیش، پەرستگاکانى میزۆپۆتامیاش لەو خەسڵەتە بەدەر نەبوون..
کەواتە شوێنى بەرزایى و بوونى گردەکان بۆ لە ئامێزنانى گۆڕستانەکان
ڕەهەندێکى دیکەش بەیان دەکات کە پیرۆزکردنە، پیرۆز ڕاگرتنى گیانى
مردووەکان و پاراستنیشیان لە لافاو و بوون بە ڕێگەى هاتوچۆکەرانیش..
لایەنێکى دیکەش بۆ ئەو مەیلە مرۆییەى وا دەخوازێت لە پاش مردنیان لە
شوێنێکى بەرز بنێژرێن تا ئازاد و سەربەست، سەرکەش ڕابکشێن لەنێو سروشتى
بینراودا، مرۆ ئەو دەمەى ژیان جێدێڵێت، ئەو شار و خاک و زێدەى تێیدا
دەژى، هەردەم خوازیارى ئەوەیە لاشەکەشى لە جێى نەزانراو و نامۆدا نەبێت
و ئەو سروشتە بیگرێتەوە باوەش کە هەمیشە پێى سەرمەست بووە و لاى
خۆشەویست بووە.. نمونەى ئەمە وەسێتەکەى نەجمەدین مەلاى شاعیرى خاوەن
کەشتییەکەى نوحە، ئەو وەهاى پێخۆش بووە لەسەر شاخى ئەزمڕ بنێژرێت تا
چاوى بە گۆیژە و پیرەمەگروون و گڵەزەردەش بکەوێ و تێر نەبێت لە
بینینیان، پاش ئەوەى لە سەیوان دەنێژرێت، لە سەرەتاى ساڵانى
حەفتاکانەوە وەسێتەکەى جێبەجێ دەکرێ و دەبرێتە سەر شاخى ئەزمڕ.
سەربارى بوونى چەندەها خەسڵەت لە هەڵبژاردنى گرد و بەرزاییەکانى شار بۆ
گۆڕستانەکان، ئێستا لەگەڵ بەرزبوونەوەى زەبەلاحە تەلارییەکاندا، مرۆ
پێویستى بەوە هەیە لە جێیە بەرزەکانەوە شار ببینێتەوە چونکە بینگەى
بەرتەسک بووەتەوە و لەمپەر و ڕێگرە هەڵچووەکان هەن، شوێنى بەرزایى
گۆڕستانەکان لە ئێستادا وا پێویست بوون شوێنى گشتى ژیانى خەڵکى بێت نەک
شوێنە چەپەکەکان کە ئەمەش خەسڵەتى بونیادنانى شارەکانى دونیایە بۆ
بینینى فراوانى شار، گۆشەیەکى کراوەى دڵڕفێن کە بنیادەم شارەکەى خۆى
خۆشبوێت.. وەلێ لەگەڵ ئەو بۆچوونەشدا هێشتا شار خاوەنى چەندین بەرزایى
خۆیەتى کە دارستانەکانن و بەسەر گردەکانەوەن، ئەگەر ئێمە دوێنێ
بخەینەوە بەر ڕەخنە کە مێژووى پاشماوەى مردووەکانیان لەسەر بەرزایى
داناوە و ژیانى زیندووەکانیش لە نزماییدا، ئەوا ڕەخنەکەمان بەرەو ڕووى
ئێستا تۆختر دەکەینەوە کە بڵێین ئەو دارستان و ( غابات ) انە شوێنى
گشتین و ناکرێت ببنە شوێنى تایبەتى لێپرسراوان و دەسەڵاتداران بەتەنها
و تەواو قۆرخ بکرێن بۆ بەرژەوەندى تایبەتى!
نووسراوى سەر دیوارەکان.
هەمیشە لەو شارانەدا کە بەهۆى هۆکارگەلێکەوە ڕەوشى ژیان دواکەوتوویى
بەخۆوە دەبینێت، یان پەیوەندییەکانى نێوان دەسەڵات و میللەت
پەیوەندییەکى لێکترازاوە، جۆرێک لەو تێکستانە وەک پەرچەکردارێکى
دەروونیى دەکەونە سەر دیوارەکان و ڕووپەڕى بڵاوکردنەوەیان ئەو
ئاراستەیە دەگرێتە خۆى.. بوونى نووسراو یان مانشێت و تێکستى خاوەن هێما
کە بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ و هەڕەمەکیى دەکەونە سەر دیوارەکان، نەبوونى
دیالۆگە و نەبوونى جۆرێک لە دیموکراسییە کە شار بەخۆوە دەیبینێت. لە
شارانى دونیادا ئەم دیاردەیە بوونى هەیە، وەلێ بەشێوەیەک لە شێوەکان
جۆرێک لە هونەریان پێوە دیارە، ئیتر ئەو نووسراو و وێنانە لە هەر شتێک
پێکبێن، چۆنێتیى لایەنە هونەرییەکەیان بەندە بەو دیموکراسییەوە کە
هەیە.. لە شارى سلێمانیدا دیاردەى نووسراوى سەر دیوارەکان بۆ ڕەوشێکى
سیاسى نالەبار دەگەڕێتەوە، وەک بڵاوکراوە و مەنشورات و دروشمى ڕاستەوخۆ
کە لە دژى داگیرکەران و دیکتاتۆران دەنووسران و بەشێوەیەکى بەربڵاویش
سەر دیوارى ناو ئاودەستى مزگەوتەکانى بەخۆوە دەبینى.. چونکە ئیتر بەپێى
بوونى پیاوانى دەسەڵاتى وەک پۆلیس و هێزى تایبەت بەوە تاکەکانى کۆمەڵگە
ڕووەو ئەو شوێنانە نووسراوەکانیان دەگواستەوە کە شوێنێکى هەم زۆر
تایبەتى و نهێنى بوون و هەم شوێنێکى گشتیش کە هەمووان ڕووى تێبکەن و
بگەنەوە بە نووسراوەکانیان.. ئەم جۆرە دیاردەیە وەک بڵاوکردنەوەیەک
وایە کە ڕێگە دروستەکانیان لەبەردەمدا داخرابێ و بەو چەشنە بێنە
بوونەوە. وەک وتمان نووسراو و مانشێتەکان دیوێکى سیاسییان هەڵگرتووە لە
ناواخندا، هەر لەم سۆنگەیەشەوە تێکەڵاوبوونى بە شتى پڕوپووچ و بێمانا و
بێبایەخ کە دیسانەوە دواکەوتوویى میللەت پیشان دەداتەوە، سەر دیوارى
ئاودەستى مزگەوتەکان کە جێى ئیفرازە جەستەییەکانە، ببوونە جێى ئیفرازى
بیروباوەڕ و میزاج و مەیلى داخراوى تاکەکانى کۆمەڵگە، کە ئەمەش مەیلى
خودیى گەنجە بێکار و بێ بەرهەمەکانە و لەو ڕێیەوە بەرهەمى خۆیان پێشکەش
دەکەن.. هەرچى سکاڵا و گازندەى خەڵکییە لەو ڕێیەوە دەهاتنە بوونەوە، پێ
بەپێى ڕووداوەکان دژە بیروڕایان تۆمار دەکرد تا وەئاگاهاتنەوە ببەخشنە
یەکترى، ئەو وەختەى ڕێى چپەدووى نێوان مرۆڤەکانیش گیرابێ و متمانە بە
یەکترى لەکیس چووبێت ئەودەمە پەنا بردنە بەر ئەو شێوازە دێتە کایەوە.
هێشتان جۆرێک لەو نووسراوانە بوونیان ماوە و لەگەڵ چەندین جار سڕینەوە
و نۆژەنکردنەوەى دیوارى ناو ئاودەستەکان جۆرێک لەو مەیلە بەردەوامى
بەخۆوە دەبینێت، ئەمەش وەک ئاماژەمان پێدا هەڵوەشاندنەوەى
پەیوەندییەکانى ناو کۆمەڵگە و دەسەڵاتیش فاکتەرن بۆ سەرهەڵدانى
دیاردەیەکى لەم جۆرە.. هەڵبەتە ئەم شێوازى دەربڕین و ئیفرازە دەروونییە
لاى هەموو ئەو کەسانە بوونى هەیە کە کەسێتییەکى لاوازیان هەیە و
ناتوانن ڕێیەکى دیکە ببیننەوە بۆ دەربڕین و گوزارشتى تایبەتییان، چونکە
هێندەى لایەنە زۆر تایبەتییەکان بە نووسراوەکانەوە دیارە کەمتر لایەنە
سیاسییەکە، تەنها لە کاتى شەڕى ناوخۆدا نەبێت کە زۆرینەى هێڵکارى و
ئاماژە و نووسراوەکان لەو پێناوەدا بەکاردەهاتن.. بۆخۆى ئەم نووسراوانە
لە تابۆکان نزیک دەبنەوە، دەستبردن بۆ ئەو شتانەى قەدەغەکراون یان
ڕێپێدراو نین و یاخیبوونێک دەبەخشێتە دەروونى کەسێتییەکان بۆ
تێکشکاندنیان، پێشتر ئەو نووسراوە ڕاستەوخۆیانە لەوەدا خۆیان
دەبینییەوە کە شوێنێک بووبێتە زبڵدان و هەمووان پاشەڕۆ و خۆڵ و خاشاکى
تێدا فڕێبدەن، هەربۆیە بە نووسراوى سەرزەنشتکەر ئەو کەسانە ئاگادار
دەکرانەوە تا شتێکى لەو جۆرە پەیڕەو نەکەنەوە. نووسراوەکان ئەگەرچى
مەیلى پەنگخواردوو ئیفرازیان دەکات، وەلێ یاخیبوون و ناکۆکى نێوان
تاکەکانیش لەنێو خۆیاندا بێت یان لەگەڵ دەسەڵاتى باو بەیان دەکاتەوە،
واتە جۆرێک لە ڕکى ئەستوور تۆمار دەکات کە ئەمەش شتێک لە توندوتیژیى
دەخاتەوە ڕوو، یان ترازانى شیرازەى سروشتى نێوان کەسەکان و سوک و
ڕیسواکردنى یەکترى بەو شێوازە ناشارستانییە، بەڵام سەربارى هەموو
ئەمانە لایەنە سیاسییەکە هۆکارگەلێکى بنەڕەتییە بۆ پەیدابوونى ئەم
دیاردەیە. خوێنەران وەختێک چیتر ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەکان
نەخوێننەوە و تووشى دڵساردى بووبن لەگەڵیاندا، دژە مانشێتى لەو جۆرە
پەرەدەسێنێ و ناقایلبوونێک ئاشکرا دەکاتەوە. ئێستا لە زۆرینەى سەر
دیوارەکاندا، دیوارى ماڵان یان شەقام و ناو وێستگەى پاسەکان، جۆرێکى
دیکە لە مانشێت هاتوونە ئاراوە کە زیاتر بە ئینگلیزین و کەمۆکەیەک
هونەرکارییان تێدا کراوە، هەڵگرى جۆرێک لە ڕیکلام و موفرەدە
تەکنۆلۆژییەکانن کە لەڕێى لاساییکردنەوە لەم شارەماندا پەیڕەو
دەکرێنەوە و ناوابەستەبوونێکیش دەخەنە ڕوو، کە بەرهەمهێنەرى ئەو جۆرە
کارانە وابەستەى هیچ شتێک نەبن و ژیانێکى پڕ ئاخ و داخ بژین و گاڵتەیان
بە هەموو شتێک بێت، ئەمە بۆخۆى قۆناغە، وەلێ قۆناغ لە ژیانى تایبەتى
ئەو جۆرە کەسانەدا نەک هەمووان، هەربۆیە وەک دیاردەیەک تەماشا دەکرێت
کە دیاردەیەکى خاوەن مێژووە و هەروا زوو کۆتایى نایەت مەگەر کۆمەڵگە پێ
بخاتە قۆناغى کرانەوە و بووژانەوەوە، بونیادنانەوەى ماڵى کوردیى و
پێشخستنى هەموو کایە و بووارەکان، بێ چاکسازیى و گۆڕانى ڕیشەیى لە
کۆمەڵگەدا ناکرێت ئەو دیاردەیە لەخۆوە بنەبڕ ببێ و کۆتایى پێ بێت چەندە
لەبارەیەوە بدوێین.
پایتەختى شیعر و هونەر.
ئەم شارە کە مێژوویەکى دێرینى هەیە لەگەڵ ئەدەبیات و هونەردا، خاوەنى
شاعیران و شیعرگەلێکە کە پێدەچێت هیچ شارێکى ئەم دونیایە هێندە شاعیرى
بەخۆوە نەبینیبێ.. هەر لەم ڕووەوە بەپێى ئەو خەسڵەتە تایبەتمەندەى
ئێستا لە شارانى کوردستاندا بە پایتەختى شیعر و هونەر دەناسرێ و خۆى
ناساندووە.هەموو ڕووداوەکان، ڕووداوە سیاسى و کارەساتە مرۆییەکان،
گۆڕان و وەرچەرخان و خەبات و قوربانیدانى کە بە شارى هەڵمەت و قوربانیش
دیسانەوە ناسنامەى بۆخۆى دروست کردووە، هەموو ئەمانەى بە شیعر
دەربڕیووە و تۆمار کردووە، گەڕانەوە بۆ مێژووى شار و زەمەنە
بەسەرچووەکان، نەک تەنها لە مێژووى ڕۆژهەڵاتناسەکان و مێژووى تایبەتى و
یاداشتنامەکاندا، بەڵکو بەشێوەیەکى بەربڵاو لە شیعرى شاعیراندا زیاتر
بەرجەستە بووە و شیعرەکانى نالى و سالم لە گۆڕینەوەى نامەکانیاندا
بەڵگەى زیندووى ئەم مێژووەن.. شیعر بارتەقاى ئەزموون و ڕۆژگارە
تاڵەکان، جێى یادەوەریى و ژیانە تایبەتەکان، لەگەڵ شاردا تەریب بووە و
ڕەنگدانەوەى ژیانى شار و ڕەوشە کۆمەڵایەتییەکەیەتى.. لەپاڵ ئەوەشدا
گۆرانى فۆلکلۆرى و میللى و هونەرى موزیکیش خاوەنى بەرهەمگەلێکى ئەوتۆن
کە بەرجەستەى ئەو حاڵەتەن.
هونەرەکانى دیکەى وەک شانۆ و نیگارکێشان و شێوەکاریى، ژانرە ئەدەبییە
پەخشانییەکان درەنگتر هاتوون بەبەراورد لەگەڵ شیعر و ئاوازدا.. هەربۆیە
هەموو زەمەنێک کە دووبارەبوونەوە و کۆپیکراوى زەمەنە پێکداچوو و
چوونیەکەکانن، شیعر لە خەسڵەتى شار دەرباز نابێ و وەچە لە دواى وەچە
شاعیران بۆخۆوە دەبینێ، وەلێ هێشتان جگە لە کتێب و دەستنووسە
تایبەتییەکان، جگە لە کتێبخانە گشتییەکان، شیعر نەبووەتە سیمایەکى
ڕاستەوخۆى نمایش و پیشاندان بە کەسانى دەرەوەى شار و بیانییەکان وەختێک
سەردانى سلێمانى دەکەن.. واتە لە هیچ ڕواڵەتێکدا تێکست و بوونى شیعر
وێنەیەکى بەرجەستەى ڕاستەوخۆى نییە کە پایتەختێک وێناى بکاتەوە، دەبوو
لە دەروازەى شارەوە، لە چەند شوێنێکى تایبەتدا شیعر و تێکستى شاعیرانى
کلاسیکى وەک ڕیلیف و دیواربەندێک ئەو خەسڵەتە بەرچاوە نمایش بکاتەوە تا
وێنەیەکى زیندوو ببەخشێتەوە بە دانیشتووان و میوانانى، نەک ئەو
دیمەنانەى هەرگیز گوزارشت لە شار ناکەن و پێیەوە لکاون. هونەر کە
خەسڵەتە بەرچاوەکەى شارە و ناسنامەیەکى زیندووى دیکەیە، تا ئێستاکە شار
بەخۆیەوە نەیبینیووە و بەماناى هونەر چ ڕەندانەوەیەکى ئەکتیڤى نییە،
هونەر وەک زمانحاڵى لایەنە هونەرییەکان دەکرێت لە پەیکەرتاشیندا
بەرجەستەى بکەینەوە چونکە لە هەموو ژانرە هونەرییەکان تواناى مانەوەى
هەیە لەگەڵ سروشتدا ئەویش بەپێى ئەو ماتریالانەى زۆرتر بەرگەى دیاردە
سروشتییەکان دەگرن، پەیکەرتاشین کە بەرکەوتنێکى ڕاستەوخۆى هەیە لەگەڵ
کۆمەڵدا و دەچێتە نێو ژیانى ڕاستەقینەوە، هێشتان وەکو پێویست ئاوڕى جدى
لێنەدراوەتەوە.. ئەو پەیکەرانەى لە گۆشە تایبەتى و شوێنە جیاجیاکانى
شاردا دانراون، نەک تینوێتى هاوڵاتیان ناشکێنێ تا پێشکەشکردنیش بۆ
میوانان و وێناکردنەوەى هونەرى شار، بەڵکو لاى هونەرمەندان و
هونەردۆستانیش مایەى نیگەرانییە و بەپێى میزاج و ناسیاوى و مەحسوبیەت
ئاوڕى لێدراوەتەوە.هونەر وەک وتمان ناسنامەى شارەکەیە، هەرگیز وەک
ناسنامەیەکى پڕاوپڕى هونەر لەبەرچاو نەگیراوە.. ئەو پەیکەرانەى
لێرەولەوێ دەیانبینین ئەگەر بەراوردیان بکەین بە کارە هونەرییە
جیهانییەکان نەک شاکارە هونەرییەکان، لە ئاستى سفردا خۆیان دەبیننەوە،
پێشتر پەیکەرى پیرەمێردى شاعیر کە لەلایەن هونەرمەند ( عەتا قەزاز )ەوە
بەرهەم هێنرابوو و بە دەستى خۆى لە ساڵانى حەفتاکاندا دوایى پێهێنا،
باشترین نمونەى زیندوێتى پەیکەرتاشینى کوردى بوو و زۆر لەچاو ئەوەى
ئێستادا باڵاتریش بوو، یان پەیکەرەکەى کاوەى ئاسنگەر، وەلێ ئەوەى ئێستا
هەیە، ڕەنگدانەوەى هونەرى بەرجەستە نییە و ناسنامەى هونەریان بەسەردا
دانابڕێت.. لە شوێنێکى وەک باخى گشتیى شاردا ئەو پەیکەرى شاعیرە
کوردانە دەبینینەوە کە ئەگەر ناویان لەسەر هەڵبگرین، هیچ کامیان
ناناسینەوە و بەڵکو هەموو کۆپیکراوى یەک ڕوخسار و یەک قاڵبى پەیکەرن کە
هەڵبەتە هەموو شتێکن تەنها هونەرێکى باڵا نەبێت. بۆ شارێک کە بە
پایتەختى شیعر و هونەر دادەنرێت، نە شیعر وەک ناسنامەیەکى ئاشکرا، نە
هونەریش بەو شێوە پێویستە گۆشەکانى شارى بۆخۆى تەرخان نەکردووە و
دەتوانین بڵێین لە ناو ئەو پەیکەرتاشە خاوەن ئەزموون و دەستڕەنگینانەى
شاردا کە بەهەند وەرنەگیراون و بەپەراوێز کراون، شار نەیتوانیووە
پارێزگارى لە خەسڵەتە تایبەتمەندەکانى خۆى بکات، ئێستا لە شوێنە
بەرچاوەکانى شاردا شتێکمان نییە پێى بڵێین هونەر، چ جاى هونەرى
هونەرمەندانى شاریش، لەم ڕووەشەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرسیارى
ئەو بۆشایى و دۆخە پەشێوەن.
شارى ڕۆشنبیریى لەبەرئەوەى ئەم شارە فشارێکى زۆرى لەسەر بووە و زۆریشى
چەشتووە بەدەست داگیرکەرانیەوە، وەک کاردانەوەیەکى سروشتى هەمیشە
خولیاى خۆ ڕۆشنبیرکردنى هەبووە تاوەکو لە پەراوێزدا نەمێنێتەوە و لە
هەموو کەوتن و نشوستییە سیاسى و مەینەتییەکانیدا هەستانەوە و بووژانەوە
زمانحاڵ و خەسڵەتى بووە.. وابەستەبوون بە مێژوو و کەلەپوور و
فەرهەنگەوە، پارێزگاریکردن لە دابونەریتەکان چەکێکى ئەوتۆبوون تاوەکو
بە ئاقارى شۆڕش و خەبات و بەرخوداندا هەستە ڕەواکانى بێنێتەوە سەر
ئەرزى واقیع. داگیرکەران هەردەم ویستوویانە لە دواکەوتوویى و نەزانیندا
شار بهێڵنەوە، ئەو شارەى زێدەڕِۆیى نییە گەر بڵێین پزیسکى هەموو
شۆڕشەکانى کوردستانى هەڵکردووە و وەک خەسڵەتێکى بنەڕەتى و وەک
پەرچەکردارێکیش بەرهەڵستى بنوێنێ و وەک شارێکى زیت و یاخى ناسنامەى خۆى
بەیان بکات، هەر لەم ڕێیەشەوە خۆ ڕۆشنبیرکردن سەردەفتەرى هەموو
مەیلەکانى بووە تاوەکو لە شەوەزەنگەکان، لە دواکەوتوویى بێتە دەرەوە و
زوڵم و زۆرداریى قبوڵ نەکردووە، ڕۆشنبیریى ئەگەر بە ئاراستەیەکى
سیاسیشدا بردبێت دیسانەوە بۆ ئەو هۆکارانە دەگەڕێنەوە کە کاریان لەسەر
کردووە و بۆخاترى کردنەوەى دەلاقەکان و هەناسەدان، بە خۆراکێکى دیکەش
ژیاوە کە زانیارى و زانین بووە.
هەڵبەتە ئەم چەکى خۆ ڕۆشنبیرکردنە چەکێکى بەهێز بووە لەڕووى هێزە
دەرەکى و نەیارەکانى، وەلێ لەپێناوى ڕۆشنبیرییەکى کراوە و ئەکتیڤدا کە
کاردانەوەیەکى ڕاستەوخۆى هەبێت بەسەر چۆنێتى ژیانى کۆمەڵایەتى و بەڵکو
ناوخۆییشدا، دەتوانین بڵێین وەک خاڵێکى ناوەندیش کاردانەوە دروستەکەى
نمایش نەکردووە و لە بۆتەى ڕۆشنبیرییەکى خودیدا قەتیس بووە هێندەى
گۆڕانێکى ڕیشەیى لەسەر هەموو کایە کۆمەڵایەتى و جەماوەرییەکانیش..
ڕۆشنبیریى شار سنوورى لەوێدا وەستاوەتەوە بەرامبەر دوژمنان خۆى
بسەلمێنێ و بگاتە ڕۆژى خۆى، کە بە خۆرى کوردستان هەمیشە لەسەر زمانان
وتراوەتەوە.. واتە نەیتوانیووە لە بازنەى فێرکاریى و پەروەردەدا
بەربڵاو بپەڕێتەوە بۆ سەرجەم کۆمەڵگە، نەک هەموو کۆمەڵگەى کوردیش بەڵکو
لە بازنەى تەواوى شاریشدا.. فاکتەرەکان ئەگەر کۆمەڵگەیەکى ئیسلامى
بووبێت کە کەرتبوونێکى بەو ڕۆشنبیرییە بەخشیبێت و نەیهێشتبێ سەربەست
کارى خۆى بکات، وەلێ لەلایەکى دیکەشەوە ئەلفوبێى ڕۆشنبیریى نەکردۆتە
ڕەنگڕێژکردنى تێکڕاى تاکەکانى، لە پاش نسکۆى شۆڕش و هاتنى داگیرکەرانى
دیکەوە، گەڕانەوە بۆ هەستە ڕابردووەکان، دوچارى چەندەها هێرشى نەیاران
بۆتەوە و لەنێوان دواخستن و هەناسەداندا قەتیسبوون بەو ڕۆشنبیرییە
باوانە درێژبوونەوەیەکى هەمان ڕابردووى داوەتێ کە بیرکردنەوە بووە لە
بەرگریى و بەرهەڵستى نەتەوەیى و مانەوەدا، مانەوەیەک لەسەر شتە
دێرینەکان سەربارى هەوڵدانیش بۆ تازەگەریى و دەرچوون لە بازنە و
کڵێشەبەندییەکان. ئەم ڕۆشنبیرییە کە بۆ بەرەنگاربوونەوە هاتۆتە
مەیدانەوە، لاى ڕۆشنبیرانیش ئەو چەکە نوێیە بووە بۆ مەرامى زاڵبوون
بەسەر بەرامبەردا، بەناوى بیروباوەڕەوە، مەبادیئى نەتەوەیى و
کەسێتییەوە وەشێنراون، واتە چوونە ژێر ڕکێفى هەموو ئەو فەلسەفە و
مەعریفەیەى لەو وەختەدا برەوى تەواوى هەبووە لە دیدى کۆمەڵدا و
پارێزگاریکردنێکى ڕەهاش لە بۆچوون و تێزە ڕۆشنبیرییەکان، هەربۆیە
بینینەوەى مۆدێلى ڕۆشنبیریى بەپێى کاریگەرییەکان بە ڕۆشنبیرییەکەمانەوە
دیاریدەدات کە هەمووان دەستەجەمعى و کۆک و ڕاهێنراو پەیڕەوى بکەنەوە و
لە قۆناغێکى دواتریشدا سەرمەستبوون بەو بیروباوەڕانەى لە وڵاتانى
خۆشیاندا وەک کۆن و بەسەرچوو لێکبدرێنەوە و لاى ئێمەش بە نوێ و
گەرموگووڕ، بێگومان هەمیشە کاریگەرییەکانیش درەنگوەختە بوون، بەماناى
هاتنى مۆدێلێکى بیروباوەڕ و شێوازێکى ڕۆشنبیریى جیهانى لەساتەوەختى
خۆیدا گەرماوگەرم نەهاتوون، ئەمەش بەهۆى ئەو فشارە سیاسییەوە کە
داگیرکەران نەیانهێشتووە ئاسۆکانیان بکرێنەوە و میللەتێک گۆشەگیر
بمێنێتەوە لە جوگرافیاى جیهاندا.
بەرەنگاربوونەوەکە وەک وتمان ڕۆشنبیرییەک بووە وەک چەکێکى کاریگەر
لەڕووى نەیاراندا، ئەم خەسڵەتە بۆ بەدەستهێنان و بزاف و برەوى خۆ
ڕۆشنبیرکردنە دژ بە دوژمنان وایکردووە ناسنامەیەکى تەواویش بداتەوە بە
مشتومڕى ڕۆشنبیریى و ڕووناکبیریى و لەپێناوى بەرەنگاربوونەوەى
یەکتریشدا بەکارهێنراوە، بیرى نوێ بیروباوەڕەکانى پێش خۆى بە کۆن و
سەلەفى و چەقبەستوو لەقەڵەم داوە و بەرەنگاربوونەوەیەک بووە بۆ مێژووى
ئەزموونى خودیش، بە مۆدێل ڕۆشنبیریى هاتووە و جگە لە مەرامى وەرگرتنێکى
ڕاگوزەریش ڕەگى دانەکوتیووە لە هەناوى کۆمەڵگەدا، واتە ڕۆشنبیریى تەنها
بۆ ڕۆشنبیریى بووە نەک گۆڕان و وەرچەرخان لە کۆمەڵگەدا، لە دروستکردنى
تاکێکى ڕۆشنبیردا بەهەموو ماناى خۆى، چونکە کۆمەڵگەى داخراو بەڵگەى
ڕۆشنبیرییەکى داخراوە نەک کراوە و شەفاف و ئاشکرا کە هەموو
هەڵسوکەوتەکانیش لەگەڵ خۆیدا بگۆڕێت.. ڕۆشنبیریى جیاوازى قبوڵکردن و
جەدەلێکە بۆ گەیشتن بە بەهاکان و پەیڕەوکردنیان، گۆڕینى بیرکردنەوە و
تەنانەت هەستە سروشتییەکانیش، لاى ئێمە ڕۆشنبیر کە ئەو نازناوەیان
هەڵگرتووە، گەیشتۆتە پێزانین و وەرگرتنى نوێترین فەلسەفەى فەیلەسوفان و
بیرمەندان لێ نەگەیشتۆتە گۆڕینى هەستە تایبەتییەکانیان.
لەو مۆدە ڕۆشنبیرییەوە، نێوەندى ڕۆشنبیریش دوچارى دروستکردنى کاریزما و
تەوتەمى هاودەم و هەنوکەییە، دۆگمایى وەرگیراون هێندەى وەرگرتنێکى
تایبەتى و بەشداریکردنێکى ئەکتیڤ لە بونیادنانى کەسێتیدا، وەک مۆدى
سەردەم هاودەمان و هەوادارانى ئەو بیروباوەڕە نوێیە کە هەرگیز
پراکتیزەیى بەخۆشەوە نەبینیووە، کەسانێک دەکەنەوە باوک و چاوگى
بیروباوەڕە نوێیەکان، هەر لێرەشەوەیە دەست لێدان و ڕەخنە کردنیان
تابۆیەکە قەدەغە و کەسانى ڕەخنەگر بە نەیار و تێکدەران و شێوێنەران
ناوزەد دەکرێن، کەچى هەر خۆشیان دواى تێپەڕینى زەمەنەکان لەو
بیروڕایانەى پێشوویان پاشگەز دەبنەوە و مۆدێکى نوێى ڕۆشنبیریى دەژین.
بەرگریکردن لە ڕۆشنبیریى بێ لەبەرچاوگرتنى سەرخستن و پێشخستنى فەرهەنگ
و کەلتوور بەرگریکردنێکە کوێرانە و هەرزەیى، گەرمبوونێکە کە
ساردبوونەوە ئاکامیەتى.. پێزانینى ڕاستییەکان، بارگاویبوون بە
ڕۆشنبیریى، فرە ڕوانین و فرە زانین دەبەخشێ و کونجێک بۆ گرژیى و
دەمارگیریى ناهێڵێتەوە، بەخشینى ڕووناکییەکە بە ژیان و جووڵەى فیگەرى
مرۆڤ و ڕۆڵى لە برەوپێدان و ڕۆشنکردنەوەى دیدگاکاندا، نەک داخران و
سووربوون لەسەر ئەو شتانەى لاى کەسێتییەوە قبوڵن و میزاج و مەرامى
خودیى لە پشتیەوە بووەستنەوە، ڕۆشنبیریى تەنها یەک بەرژەوەندى لە
پشتەوە ڕادەوەستێتەوە کە ئەویش بەرژەوەندى گشتییە و بۆ باشتر کردن و
لەبارکردنى ژیانێکى دروست تێدەکۆشێت.
پاش ڕاپەڕین و شەڕى ناوخۆ، خوێنەران دوچارى دڵساردییەک هاتوون و بەهاى
زانین و وەرگرتنەکان لایان پوکاونەتەوە، خۆشەویستى بڵاوکراوە و چاوگە
ڕۆشنبیرییەکانیان بەرەو کوژانەوە چووە کە چیتر بەو گەرمییەى جارانەوە
پرۆسەى ناکەنەوە، مۆدى سەردەم و لێکچوونى بڵاوکراوە و ڕۆژنامە و
گۆڤارەکان لەلایەک و نەبینینەوەى ئەکتیڤى نووسراو و وەشاندن و
بیروڕاکان لە گۆڕین و گەیاندنى دەنگى زیندووى ڕاستەقینەدا لەلایەکى
دیکەوە قەیران و تەنگژەیەکى بەربڵاوى بەخشیوە بە ڕەوشە ڕۆشنبیریى و
کۆمەڵایەتییەکە، ئەو دەمەى وێنەى ڕۆشنبیران لەبەرچاویان کاڵ بووبێتەوە
و نەمانى ئەلتەرناتیڤەکانیش بۆ هێنانەدى خواستى میللەت و دەنگى زۆرینە،
ئیدى ئەو ڕۆشنبیرییە بە دۆخێکدا ڕەتدەبێت کە دەتوانین پێى بڵێین دۆخى
مەییو و پەنگخواردوو، ڕۆشنبیریى ئەم قۆناغە هێندەى خولیایەکى تایبەتییە
و دەستەبژێرێک گەمەى دەکەنەوە نەپەڕیووەتەوە بۆ ڕۆشنکردنەوەى جومگەکانى
ژیان و گۆڕین و پیادەکردنیشیان، چیتر خوێندن و پەروەردەش سیمایەکى
بەرچاوى ئەو شارە نەماوە و جۆرێک لە بێهودەیى ئەم قۆناغەى ڕەنگڕێژ
کردووە کە دەکرێت بە کەوتنى بەهاکان بیهێنینە پێناس.
(کۆتایی بەشی
دووەم)
_________________________________________________________
تێبینى: ئەم وتارە
درێژەى هەیەو لەبەر تایپکردنى بەش بەش لێی بڵاو دەکەمەوەو پرۆژەى کتێبە
لە داهاتوودا.
|