په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١١\٢٠١٩

خوێندنەوەیەک بۆ ناڕەزایەتیەکانی ئێستای ئێران!


عەبدوڵا ساڵح    


سەرەتا دەبێ بڵێم من ھەرگیز باوەڕم بە سیاسەتی پیلانگێڕیی نەبووە و نییە، بەڵام لەپەیوەند بە ناڕەزایەتیەکانی ئێستای جەماوەر لە ئێران دەکرێ ھەڵوێستەیەک بکەین!


پرسیارە سەرەکیی و سەرسوڕھێنەرەکە ئەوەیە بۆچی لەم کاتە ناسکەدا کە کۆماری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتە ھاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، بە ئەندازەی یەکەم عێڕاق و دواتر لوبنان ، پێدا تێدەپەڕن ئەم دەوڵەتە کە زۆر پێویستی بە ئارامی وئاسایشی ناوخۆیی ھەیە دەستی برد بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین و بەنزینی کرد بە ئاگرێکی نیمچە خامۆشدا، بۆچی دەستی برد بۆ یاریکردن بەو ئاگرە!؟

تۆ بڵێی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەندە گێل بێ نەزانی کە ئەم یاری کردنە بەئاگر بە چ ئەنجامێک ،نەک بەسەر خۆیدا وەک دەوڵەت، بگرە بەسەر چارەنووسی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی شیعەگەرا لە ھەموو ناچەکەو تەنانەت لە جیھانیشدا دەشکێتەوە!! مەگەر ئەمە شەڕی خۆکوژی نییە!؟

وەڵامە سادەو ڕاستەوخۆ وئامادەکراوەکە یەکسەر دەمانباتە سەر کاریگەری گەمارۆ ئابوریەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کە ئەمەش بێشک وەڵامێکی نادروست نییە، بەڵام ئەگەر خوێندنەوەیەکی تری بۆ بکەین دەکرێ تیشک بخەینە سەر سیاسەتێک کە کۆماری ئیسلامی ئێران لەئێستادا گرتویەتەبەرو ناچاری کردوە وەک دوا کارت بەکاری بێنێ ئەویش لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە ئەم دەسەڵاتە دڵنیایە لەوەی کە ئەگەر خۆی دەست پێشخەریەک نەکا بۆ دەرباز بوون لەم قەیرانە، واتە ئەگەر خۆی شەقام نەجوڵێنی ئەوا جوڵەی شەقامێکی پەنگخواردو دەکەوێتە دەست نەیارەکانی کە ئەوەش بێشک ئاماژەیە بۆمانەوە لە چاوەڕوانی مەرگی خۆی لەکورت ماوەدا.

ئەم سیاسەتە ناچاریەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەوەدا بەدی دەکرێ کاتێک دەزانێ کە شاباڵێکی لە عێڕاق بەرەو تێکشکان دەچێ و تازە زۆر ئەستەمە بگەڕێتەوە دۆخی جارانی وە باڵەکەی تریشی لە لوبنان بە جۆرێک لە جۆرەکان بەرەو شکست دەڕوا ئەمە لەلایەک، و لەلایەکی تریشەوە بارودۆخی ناوخۆی ئێران وەک بەرمیلێک باروت وایە لەھەموو ئان وساتێکدا چاوەرێی ھەڵگیرسانی فتیلەکە یە ھەربۆیە ئەم دەوڵەتە پەنا دەباتە بەر سیاسەتی (گورزی دەستپێشخەر) تاکو بەر لە کامڵ بوونی بارودۆخی شۆڕشێکی جەماوەری بەرفراوان کە تەختوتاراجی ئەم دڕندەییە ئیسلامییە بۆ ھەتاھەتایێ گۆڕ گوم بکا ئەم خۆی دایگرسێنی و بە ھەر نرخێک بێ ھەوڵی خامۆشکردنی بدا.


ئەم ھەوڵە بۆ لەباربردنی ئەم شۆڕشەی بەڕێوەیە لە ڕێگای بەکاربردنی ئەوپەڕی توندوتیژیی بەرامبەر جەماوەری ڕاپەڕیو وەک تاکە وەسیلەیەکی گاریگەر، ھەرچەندە شانسی سەرکەوتنی زۆر لاوازە، بەڵام کۆتا چارە وکۆتا کارتی دەستیەتی کە لەئەگەری سەرکەوتنیدا، جیا لەوەی تەمەنی نەگریسی ئەم دەوڵەتە بۆ ماوەیەک درێژ دەکاتەوە پەیامێکیش دەبێ بۆ ھاوپەیمانە شکستخواردوەکانی کە تاکە ڕێگا بۆ خامۆش کردنی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان تەنیا و تەنیا بەکار ھێنانی ئەوپەری دڕندەیی و زەبروزەنگە و ماوە نەماوە بۆ ھیچ سازشێک.

 


١٨\١١\٢٠١٩
a_salih11@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک