په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٢\٢٠١٩

خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی ''وێرانەپیاو'.


سەدیق سەعید     


مرۆڤی ڕۆژھەڵاتی بەگشتی، کاتێ ڕوو لەخۆر ئاوادەکات و دەیەوێت وەک پەناھەندەیەک ژیان لەوێ بەرێتەسەر،ھەرتەنھا بەرشوێن ودنیایەکی دیکەی جیاوازناکەوێت کەلەڕووی ژیاریی و بیناسازی و پێکھاتەی شارسازییەوە، زۆرلەوڵاتەدواکەوتووەکەی خۆی پێشکەوتووترە. بەڵکوگرفتی سەرەکی لەوەدایەکەبەرکلتوورو پەروەردەیەکی دیکەی جیاوازدەکەوێت، کەتەواوناکۆکە بەوپەروەردەوشێوەژیانەی ئەولەسەری ڕاھاتووە. مرۆڤی خۆرھەڵاتی کەڕەگی بەقوڵایی ئەو کلتوورەدا ڕۆچووە، نەک تەنھا ناتوانێت لەگەڵ کلتووری ئەوشوێنەڕابێت کەئیدی سەر زەمینی ژیانی ئەوە، بەپێچەوانەوە بگرە لەبەریەککەوتنێکی سایکۆلۆژی گەورەدایە، کەنەدەتوانێ شوناسی ڕۆژھەڵاتییانەو ئیسلامییانە لە خۆی دابماڵێت، نەدەشتوانێ ببێتە ھەڵگری شوناسی عیلمانیانەو خۆرئاوایانە. تاھیربن جەللون لەکتێبی(بابە تیرۆرزم چییە؟) کە گفتۆگۆیەکە لەگەڵ کچەکەکەی دەڵێت: گرفتی کۆچبەرە عەرەبەکان لەوەدایە کەدێنە فەڕەنسا، بەئەقڵی وڵاتی خۆیان بیر دەکەنەوە. لەبری ئەوەی ھەوڵبدەن کەئیدی خۆیان لەگەڵ ژیانی ئەوێ بگونجینن، بەپێچەوانەوە ھەوڵدەدەن فەڕەنسا و ڕێسا کۆمەڵایەتییەکانی ئەوێ، بێننە سەربیرکردنەوەو تێگەیشتنی خۆیان. بەبێ ئەوەی بەبیریان دابێت کە ئەوان لەوڵاتێکی دیکەن، کەبەھەموو پێوەرێک جیاوازە لەووڵاتەی لێیەوەھاتوون.کەواتە یا دەبێ ڕازیبن بەوەی ھەیە، یا دەبێ بچنەوە وڵاتەکەی خۆیان. بەمەش تووشی نامۆبوونێکی گەورەی ڕوحی و کلتووری دەبن و گەلێک جارئەونامۆبوونە،دەبێتە پاڵنەرێکی دەروونی کەھانیان دەدات بەرچەکرداریان بۆکلتووری ئەوێ لادروست بێت. لێرەوەشە دەبینین دوای ساڵانێکی درێژلەژیانکردن لەخۆرئاوادا، ھێشتا مرۆڤی خۆرھەڵاتی کە پاشخانێکی ئایینی ھەیە، ناتوانێت لەگەڵ شَوە ژیانی ئەوێ ھەڵبکات. تەنانەت ھەوڵدەدات منداڵەکانیشی ئەوانەی لەوێ لەدایک دەبن و گەورەدەبن، بەپەروەردەی خۆرھەڵاتییانەی خۆیان گۆش بکات. لەکاتێکدا لەوێ لەدوای ھەژدەساڵی، ھەردوو ڕەگەزئازادن لەھەڵبژاردنی ژیانی خۆیان. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ باوکێکی ئیسلامی و عەرەب تاچەند ئەوکلتوورە وەردەگرێت، کەکچەکەی لەدوای ھەژدەساڵی ھاوماڵێکی ھەبێت ولەدەرەوەی ڕێساو یاساکۆمەڵایەتی و ئایینییەکان، لەگەڵی بژیت؟ رۆمانی(وێرانە پیاو) ھەڵگری ئەوکێشە دەروونی کلتووریەیە کەمرۆڤی عەرەب لەخۆرئاوادا ڕووبەڕووی دەبێتەوە. گەرچی ئەم رۆمانە بەتەکنیکی ئالۆِز نووسراوەو لەسەریەک ڕیتمی گێڕانەوە ناڕوات. ھاوکات کات و شوێن و ڕووداوەکان، لەڕێی تەکنیکی فلاشباکەوە گۆرانیان بەسەر دادێت و ڕووداوەکان جۆرێک لەھارمۆنی لەنێوان خۆرئاواو ولاتی سودان وەردەگرن. ئەمە ێرای ئەوەی کەگێڕەرەوە لەھەندێ کاتدا، دەنگی رۆماننووسەو لەھەندێ کاتیشدا، دەروێشی پاڵەوان خۆی دەبێتەبگێرەوە. بەڵام ئەوەی بۆمن وەک خوێنەرێک گرنگە ھەڵەوەستەی لەسەربکەم، تیمەی رۆمانەکەیە، کەبەشێکی سەرەکی ھەڵگری ئەوئاریشە دەروونی و خێزانیانەیە کەمرۆڤی خۆرھەڵاتی لەئەوروپاڕووبەڕووی دەبێتەوە.ئەم رۆمانە باسی پیاوێک دەکات کەلەباوکێکی سودانی و دایکێکی میسری لەدایک بووە. (حوسنی جەلالەددین دەروێش) کە پاڵەوانی رۆمانەکەیە، دوای ئەوەی خوێندنی پزیشکی تەواو دەکات، ئیدی لەپێناو ژیانێکی باشترھاوشێوەی ھەموو کۆچبەرانی دیکەی دنیا،بیرلەچوونە ھەندەران دەکاتەوە. بۆیە بەڕێگەی یاساغ وبەڕێنوێنی چەند قاچاغچییەک دەچێتە تورکیاو لەوێوەش بۆ یۆنانی وێستگەی پەڕینەوەی پەنابەران. تادواجار بەیاوەری ژنێکی دیکە کەوەک ئەو دەیەوێت بچێتە ئەوروپا، بەبارھەڵگرێکی گواستنەوەی(بەراز)دوای دەڕۆژ ڕێکردن، لە یۆنانەوە دەگاتە نەمسا. ئیدی لەوێ ژیانێکی دیکە دوای ئەمسەرو ئەو سەرکردنی کەمپەکان، دەست پێَدەکات.لێرەدا ئێمە لەبەردەم مرۆڤێکداین کەیەکەم ئیسلامە، دووەم عەرەبە، سێیەمیش خەڵکی سودانە. کەواتە شوناسی ئەومرۆڤەمان بۆدەرکەوت. چونکە ھەموومان دەزانین سودانییەکان لەوکەسانەن کەپابەندبوونێکی پتەوی ڕوحیان بەئیسلامەوە ھەیەولەھەندێ کاتدا ئەوتێگەیشتنەیان فۆرمێکی ئەوپەڕی توندوتیژوەردەگرێت. دیارەئەمەش ڕەنگدانەوەی شوناسی ناسیۆنالیزمی ئەو وڵاتەیە کەوڵاتێکی خێڵەکی و ئایینی وتوندڕۆیە. حوسنی بۆ ئەوەی لەو ناوەدرێژە رزگاری بێت، ناوێکی نەمسایی بۆخۆی ھەڵدەبژێرێ بەناوی(ھاینرش). واتە دەروێش لەیەک کاتدا، پێیەکی لەنێو شوناسە سودانییەکەیە، پێیەکی دیکەشی لەنێو شوناسە نەمساییەکە یە. لەنێوان ئەودووشوناسەشدا، دەھاڕدرێت و ناتوانێت خۆی بەسەریەکێکیاندا ساغ بکاتەوە. دەروێش دوای ئەوەی مافی پەناھەندەی وەردەگرێت، دەبێتە گووپێکەری سەگەگان و پاشانیش (نورا شۆلدز) دەناسێت ودەبێتە ھاوسەری. دەروێش تائێرەئاسایی ژیان دەگوزەرێنێت. بەلام نەھامەتییەکانی ئەو، ھاوشێوەی بەشێکی زۆری پیاوی خۆرھەڵاتی، ئەو کاتە دەست پێدەکات کەلەسی دیسەمبەری ساڵی١٩٩٥(میمی) کچەتاقانەکەیان لەدایک دەبێت. ئەمە سەرەتای دەرکەوتنی مۆتەکەیەکی دەروونی گەوریە بۆ دەروێش، کە دەکەوێتە سەردڵی و دواجاریش بەمەرگی خۆی کۆتایی دێت. میمی، بەمنداڵی نازێکی زۆری لەلایەن باوکییەوە پێ دەدرێت و گەورە دەکرێت. دەروێش کە ھێشتاگرێیەکی بچووکی دەروونی لە ژیاندا ھەیە کەئەوعەرەبەو پەروەردەی کلتوورێکی ترە،مەبەستیەتی میمی بەو پەروەردەیەی ئەودەیەوێت گەورە بکات. بەڵام ئاخۆ ئەمە بۆمنداڵێک کەلەناوجەرگەی ئەوروپا لەدایک بووبێت، دەتوانێ تاکوێ بڕبکات؟.میمی دوای ئەوەی تەمەنی دەگاتە ھەژدەساڵی، کەئەو تەمەنە سەربەستی ئەوە بەکچ و کوڕەکان دەدات ھاوڕێ و ھاوماڵێکیان ھەبێت، ئەویش دەبێتە ھاوڕێی تۆنی.تاکو ڕۆژێک تۆنی دێتە ماڵی دەروێش. کاتێ دەروێشیش پرسیار لەژنەکەی دەکات کە ئەوبۆچی ھاتووە، ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت: (نازانم ڕەنگە بیانەوێ ئیشەکە بکەن).دەروێش کەھاوشێوەی ھەمووپیاوەکانی دیکە، دەزانێت ھاتنی کوڕێکی گەنج بۆلای کچەکەی بۆچ مەبەستێکە، دەکەوێتە بارێکی دەروونی ئالۆزەوە بەتوڕەییەوە دەڵێت: (ئیشی چی؟) تۆنی و میمی دەچنە ژوورەکەی میمی،دەروێش بیردەکاتەوە، ئەگەرکچ و کوڕلەدەرەوەی ڕێساکانی شەرع و ئایین سێکس بکەن، ئیدی ئەمە زینایە. بەو ھۆیەشەوە دایک و باوکی دەچنە جەھەننەم.بۆیە دەڵێت:_ (ئەگەر میمی کوڕ بووایە ھێندەی ماندوو نەدەکردم).تۆنی دەچێتە ژوورەوە، دوای ماوەیەک میمی کچی بە دەنگی بەرزەوە بانگی دەروێشی باوکی دەکات. کاتێ دەروێش دەچێتە ژوورەوە دەبینی کچەکەی بە حەپەساویەوە وەستاوەو دەستی تۆنی گرتووەو دەڵێت_ تۆنی بووە موسڵمان. دەروێش لێرەدا، ئاھێکی بەردادێتەوەو شادومانە کەتۆنی لەسەردەستی کچەکەی بۆتە موسڵمان. بەڵام نەک لەسۆنگەی ئەوەی کەسێکی دیکە بۆئیسلام زیاددەکات، بەڵکو لەسۆنگەی ئەوەی ئیدی تۆنی لەسەردەستووری ئیسلام لەگەلڕ کچەکەی جووت دەبیت. بۆیە دەروێش لە تۆنی دەپرسێت:_( چی وایلێکردی ببیتە موسڵمان؟) ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت: -(کەلەگەڵ کچەکەی سەیری چەندبەرنامەو دیمەنێکیان کردووە). لێرەدا جارێکی دیکە دەروێش دەکەوێتەوە بارودۆخێکی دەروونی دژوارتر. چونکە ئەمجارەیان گومان دەکات لەوە تۆنی کچەکەی ھەڵبخەڵەتێنی و خۆی ببێتە موجاھیدێک و کچەکەشی لەگەڵ خۆی ببات بۆ جیھادو ئیدی چەندین کەس بەناوی(ھاوسەرگیری نیکاح) لەگەڵی جووت بن. بۆیە بەتۆنی دەڵێت:_(کچەکەم نامووسی منە ھەرکەسێک دەست بۆ کچەکەم ببات کارێکی پێ دەکەم بابەدەواری شڕی نەکردبێت). بەم جۆرە گەرچی تۆنی لەڕوانگەی دەروێشەوە دەبێتە موسڵمان، بەڵام دەروێش لەنێو ئەو ھەموو گومان و دوودڵیە دەمێنێتەوەو لەڕووی دەروونییەوە دادەڕمێت و دەبێتە پیاوێکی وێران. یاساکانی نەمساش ڕێگەی ئەوەی پێ نادەن، ھیچ کاردانەوەیەک بەرامبەر ژن و کچەکەی بنوێنێت، چونکە سکاڵای پۆلیس و دەستگیرکردنی ھەمیشە ئامادەن، ھاوکات ناشیەوێت کچەکەی لەسەرڕێساو کلتووری خۆرئاوایانە بژیت، بۆیە ژیانی لێ تێکدەچێت، تادواجار لەگەشتێکدا ھەوڵی ئەوەدەدات تۆنی لەلوتکەی چیایەکەوە بخاتە خوارەوە، بەڵام تۆنی نامرێت و سەرەنجام ژیانی ئەویش لەلایەن خێزانەکەیەوە کۆتایی پێدێت. ئەم رۆمانەگوزارشت لەبەریەککەوتنی مرۆڤێکی عەرەب و موسڵمان دەکات لەگەڵ ژینگەو پەروەردەی خێزانی و کۆمەڵایەتی و کەسی خۆرئاوا. مرۆڤێک کەخۆیان بەئارەزووی خۆیان ژیانەکە ھەڵدەبژێرن، بەڵام لەبڕی ئەوەی تێکەڵ بەکلتووری ئەوێ بن،دەیانەوێت کلتووری ئەوێ بگۆڕنە سەرژیانی خۆیان. ئەمەش کارێکە لەمەحاڵ مەحاڵتر. لەکۆتاییدا دەست خۆشانە لە برای وەرگێڕ سەباح ئیسماعیل دەکەم، کەجارێکی دیکە لەڕێی وەرگێڕانە جوانەکانییەوە بەرۆمانێکی دیکەی ئاشناکردم.ھیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ دەخوازم.
_____________________________________________

پەراوێز:
وێرانە پیاو: رۆمان، عەبدولعەزیز بن بەرەکە، وەرگێڕانی: سەباح ئیسماعیل، بڵاوکراوەی دەزگای سەردەم، ٢٠١٨.

 

 

sadiqrwandze@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک