په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\١٢\٢٠٠٩

خوێندنەوەیەکى خێرا بۆ مێژووى هه‌فتاوپێنج ساڵەى حیزبى شیوعى.


هیوا ڕەش    

- بەشى یەکەم -

قۆناغى شۆڕشگێڕانە.


شیوعیەت لە مردن بە هێز ترە و لە دارى سێدارە بڵند ترە - فەهد (1934- 1949)

کاتێک ململانێى هێزە زەبەللاحە داگیرکەرەکانى عێراق بە تێکشکاندنى ئیمپڕاتۆریەتى پیاوە نەخۆشەکە ( عوسمانیەکان ) و سەرکەوتنى ئینگلیزەکان بە لا دا کەوت ، کۆمەڵگاى فیوداڵى عێراقى هەنگاوێکى تر بەرەو پێش چوو ، سەربارى ململانێى نێوان جوتیار و دەرەبەگ ئینجا کۆچى بەرچاوى جوتیارانى لادێ بەرە و شار لە دەستى ستەمى دەرەبەگایەتى و بۆ پەیدا کردنى بژێوى زیاتر برەوى سەند ، چونکە هاتنى ئینگلیزەکان تەماحى سامانە سرووشتییەکانى ژێر خاکى عێراقى لە هەناوى خۆى دا حەشار دابوو ، پێش خستنى کەرتى پیشەسازى نەوت گرنگى و بایەخى پێدرا و بۆ ئەم مەبەستەش پرۆژەى هەڵێنجانى نەوت کەوتە وارى جێبەجێ کردنەوە ، دیارە وێڕاى هێنانى دەستى کار لە گەڵ خۆیان دا بەڵام هێشتا ئینگلیزەکان پێویستییان بە وە گەڕ خستنى دەستى کارى ناوخۆى عێراق هەبوو ، ئەمەش ڕێگە خۆشکەر بوو بۆ ئەوەى جوتیارە هەژارەکان ڕوو لە شار بکەن و ئەو بۆشاییەى پێویستیى دەستى کارى ئینگلیزەکان پڕ بکەنەوە لە پێناوى پەیدا کردنى کار و دابین کردنى بژێوى ماڵ و مناڵیان ، وە نەبێ بەر لەوە دەستى کار لە شارەکان دا بوونى نەبووبێ بەڵام ئەو پرۆژانەى لە سەر دەستى ئینگلیزەکان هاتبوونە بوون جگە لەوەى پێویستیى زۆریان بە دەستى کار هەبوو لە هەمان کاتیش دا گەڕان وە دووى کرێ دەستى کرێکاران فاکتەر بوون بۆ ئەوەى ئەو جوتیارانەى ڕوویان لە شار ئەکرد بۆ قازانجى خۆیان بە کاریان بخەن ، هاتنى یەکێک لە گەورە زلهێزەکانى ئیمپریالیزمى جیهانى بۆ ناوچەکە و هەوڵ دان بۆ کۆکردنەوەى قازانج و سەرمایەى زیاتر دەستیانى واڵا کرد بوو تا بکرێت پەرە بە پرۆژە ئابورییەکانى خۆیان بدەن .

گەڕان و دۆزینەوە و هەڵکەندنى بیر و دەرهێنان و گواستنەوە و ناردنى نەوت بۆ دەرەوە پرۆژەگەلێکى زەوەند و پێداویستییەکى زۆرى بە دەستى کرێکار هەبوو . جگە لە کار کردن لە بوارى نەوت دا لە هەمان کات دا گرنگى و بایەخى دروست کردنى پرۆژەى هێڵى شەمەندەفەر بۆ گواستنەوەى پێداویستیى پرۆژە نەوتییەکان ڕۆڵى بەر چاوى گێڕا لە فراوان کردنەوەى پێگەى چینى کرێکار لە ووڵات دا ، هەروەها بە کار خستنى کرێکار لە بەندەرەکان دا بۆ هەناردە کردنى نەوتى دزراو بە ڕێگاى دەریاوە بایەخى لەوانى دى کەمتر نەبوو لەو بوارەدا ، کە واتە ئەتوانین بڵێن لە دایک بوونى چینى کرێکار لە مناڵدانى کەرتى پیشەسازى نەوتەوە بە تەواوى گەشەى سەند ، هەرچەندە ڕیشەى پەیدا بوونى کرێکار مێژوویەکى لەوە و بەر ترى هەیەو بە چەند دەیەیەک پێش تر بازرگانى هەناردنە دەرەوەى کەل و پەل و دەغڵ و دان و خورى و خورما و بەرهەمە خۆماڵییەکان جووڵەى خستبووە بازرگانى عێراقەوە کە ئەمانەش لە لایەن کۆمپانیاکانەوە بە هێزى بازووى کرێکارانەوە بە ڕێوە ئەبران لە لایەکەوە و لە لایەکى تریشەوە بایەخ دان بە ڕاکێشانى هێڵى ئاسنین لە عێراق دا و سوود وەرگرتن لێى بۆ گواستنەوەى کەل و پەلى جەنگى لە لایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە لە پێشوو تر و لە دەمە دەمى هەڵگیرسانى جەنگى جیهانى یەکەم ڕۆڵى خۆى گێڕاوە لە نەش و نماى چینى کرێکار لە ووڵات دا بەڵام لە دواى پیشەسازى بەرهەمە نەوتییەکانەوە ململانێى چینایەتى نێوان کرێکار و سەرمایەدارى بیانى شکڵگیر تر بوو ، و قەڵشتى نێوان چەوساوە و چەوسێنەرانى فراوان تر کردەوە .

بەپێى پێگەى کار و فرۆشتنى ڕاستەوخۆى هێزى کارى ڕۆژانە و چەوساندنەوەى بەردەوام ، کرێکار چینێکى شۆڕشگێڕى پێشکەوتووخوازە و وا ئەکات زوو دەرک بە ستەمى چینایەتى بکات و لە بەرهەمى ڕەنج و بازووى بپرسێتەوە ، هەر ئەمەشە هانى ئەدات بۆ خۆ ڕێکخستن و خۆ تەیار کردن و هاتنە مەیدان بە ئایدیۆلۆژیایەک کە لە ئاستى بە پیرەوە هاتنى داوا و خواستە ڕەواکانیان دا بێت ، بۆیە حیزبى شیوعى لە سەرەتاى سەرهەڵدان و دروست بوونى لە لایەن کۆمەڵێک لاوى ڕۆشنبیرى شۆڕشگێڕەوە توانیویانە خۆ بخزێننە ئەو نێوەندەوە و کاریگەرییان لە سەر دابنێن و بیانهێننە ڕیزەکانى خۆیانەوە و بۆ خەبات و داکۆکى لە مافەکانیان جۆشیان بدەن ، ئەوانیش وەکو حیزبێکى پێشەنگ لێى بڕوانن بۆ دەستەبەر کردنى مافەکانیان و بنیات نانى ژیانێکى خۆش و کۆمەڵگایەکى یەکسان و بێ چین و چەوساندنەوە .

هاوڕێ ( فەهد ) کە یەکێک لە لاوە مارکسییەکانى کۆتایى ساڵانى بیستەکانى سەدەى ڕابردوو و یەکێک لە دامەزرێنەرانى حیزبى شیوعى و یەکەم سکرتێرى حیزبەکە و یەکەم سەرکردەى شەهید بوو ، ئەتوانین بە ڕێبەرى سەرەکى و فاکتەرى بنەڕەتى بزاڤى کۆمۆنیستى بە ئەژمارى بهێنین کە ڕۆڵێکى کارا و بەر چاوى گێڕاوە لە گەشە سەندنى بیرى مارکسیزم لینینیزم لە کۆمەڵگاى عێراقى دا و لەو پێناوەش دا گیانى خۆى بەخشى و ئاڵاکەى بە شەکاوەیى بۆ تێکۆشەرانى دواى خۆى جێهێشت ، گەر چى هاوشانى هاوڕێ ( فەهد ) کەسایەتى ڕۆشنبیر و شۆڕشگێڕى بە تواناى تر هەبوون بەڵام ئەستێرەى فەهد لەوانى دى درەوشاوە تر کەوتە ئاسمانى سیاسى و حیزبى ئەو دەمەوە . چونکە فەهد لە هەمووان سەرسەخت و غەمخۆر تر بوو لە بیر کردنەوە بۆ پێکهێنانى حیزبێکى مارکسى لینینى لە تەرزى حیزبى شیوعى و بۆ ئەم مەبەستە تواناکانى خۆى لە تەواوى کەناڵە جیا جیاکانەوە خستە گەڕ و پەیوەندى توند و تۆڵى لە گەڵ ئەوانە دا بەست کە بەم ئاراستەیە بیر ئەکەنەوە تا لە کۆتایى دا حیزبێکیان بە ناوى ( لیژنەى قەڵاچۆى ئیستیعمار و ئیستیسمار ) دروست کرد و لە دوایى دا ناوەکەیان بە حیزبى شیوعى عێراق گۆڕى .

دامەزراندنى حیزبى شیوعى بەرهەمى تێکەڵەیەکى هزرى لینینى پێشکەوتوو خواز و کردەوەى شۆڕشگێڕانەى ڕۆشنبیرە شۆڕشگێڕەکان و زەحمەتکێشانى یاخى لە ستەمى چینایەتى بوو کە لە سەرتاپاى عێراق دا ڕەگى داکوتا ، هەرچەندە بارى نەتەوایەتى و ئایینى پێکهاتەى کۆمەڵگاى عێراق جیاواز بوو کە لە ئیسلام و مەسیحى و جولەکە و عەرەب و کورد و تورکمان و -- - تێدا بوو بەڵام حیزبى شیوعى و ڕێکخستنە نهێنییەکانى بە زوویى پەل و پۆیان لە ناویان دا داکوتا لە بەر ئەوەى لە ئاستى داخوازییەکانى خۆیان دا ئەیان بینییەوە ، وێڕاى ئەوەى چەندین حیزبى دیکە لە گۆڕەپانەکە دا هەبوون ، لە ماوەیەکى کورت دا لە سەر دەستى فەهد حیزبى شیوعى بوو بە ژمارەیەکى کاریگەرى نێو هاوکێشە سیاسییەکانى عێراق و ڕۆڵێکى بەر چاوى بینى لە هوشیار کردنەوەى کرێکاران و جوتیاران و سەرجەم چینە بەشمەینەتەکانى عێراق و خەباتى چینایەتى ئاوێتەى خەباتى ڕزگارى نیشتمانى کرد کە ئەمە بووە مایەى ئەوەى خەڵکانێکى زۆرى نیشتمانپەروەریش ڕووى لێ بکەن و لە ڕیزى ئەو حیزبە دا پەرە بە خەبات بدەن .

بەڕەنگار بوونەوەى پیلانەکانى ئیمپریالیزم و نۆکەرانى ئینگلیز و حکومەتە داتاشراوەکانى لە عێراق دا و ئاشکرا کردن و ڕیسوا کردنیان و ڕێگە پیشان دانى چینى زەحمەتکێش لە بەرگرى کردن لە مافە زەوت کراوەکانیان و جۆش دانى خەبات و ناڕەزایەتى دەر بڕین و مان گرتن و خۆپیشان دانەکان لەو سەر و بەندە دا هەمووى لە ئەستۆى حیزبى شیوعى ئەبینرایەوە بۆیە دواى دەیەیەک لە تەمەنى بووە ئامانجى زەبرى دوژمنەکانى و بە سەدانیان تووشى گرتن و ڕاوەدوونان و دوور خستنە و دەست بە سەر دا گرتن و هەڕەشە و چاو ترساندن کران ، بەڵام ئەم سیاسەتى ترس و تۆقاندنە تۆزقاڵێک لە وورەى شیوعییەکانى کەم ناکردەوە بەڵکو بە پێچەوانەوە هاندەر بوو بۆ ئەوەى زیاتر پەرە بە چالاکى و ڕاگەیاندنى پەیامى سیاسى و حیزبى و ڕێکخستنى خۆیان بدەن و بەمە هێندەى تر ڕەگیان لە ناو خەڵک دا قوڵتر دائەکوتا و زیاتر متمانەیان لاى خەڵک پەیدا ئەکرد بۆیە تا دەهات پێگەى جەماوەرى و ڕێکخستنەکانیان تۆکمە و فراوان تر ئەبووەوە ، تا دوژمنەکانى ناچار بوون پەنا وە بەر سیاسەتى گرتنى درێژ ماوە و کوشتن ببەن بە تایبەتى دواى مانگرتنە مێژووییە پڕ لە سەروەرییەکەى گاوور باغى لە کۆمپانیاى نەوتى کەرکوک کە دەسەڵاتداران بە زەبرى ئاگرى چەک وەڵامى داواى کرێکارانى مانگرتوویان دایەوە و 13 کرێکاریان خڵتانى خوێن و شەهید کرد ، لە دواى ئەوەشەوە شاڵاوى فراوانى گرتن دەستى پێ کرد و زەبرێکى گەورەیان لە ناوەندى بڕیار و داڕێژەرانى سیاسەتى حیزبى شیوعى دا بە گرتن و زیندانى کردنى دەیان ئەندامى سەرکردایەتى حیزبەکە و لە نێویشیان دا هاوڕێ فەهدى دامەزرێنەر و سکرتێرى یەکەمى کۆمیتەى ناوەندى کە فەرمانى لە سێدارەدانیان بۆ دەر کرد ، بەڵام هەندێک سەرشۆڕى نێو ڕیزەکانى سەرکردایەتى مالیک سەیف ئاسا کە سازشى لە گەڵ دەزگا پۆلیسییەکان دا کرد و لە دوایى دا بووە دوژمنێکى سەرسەختى شیوعیەکان و نۆکەرێکى گوێ ڕایەڵى دوژمنانى شیوعیەت ، بە پێچەوانەوە فەهد بەوپەڕى خۆڕاگرییەوە لە هەمبەر بڕیارى لە سێدارەدانەکەى دا وەستایەوە و زۆر بێ منەتانە لە نێو زیندانەوە سەرپەرشتى کار و بارى حیزبى ئەکرد و ڕێکخستن و سیاسەتى حیزبەکەى بەڕێوە ئەبرد ، لە باجى ئەم هەڵوێستە قارەمانانەیەى دا دواى ئەوەى دوژمنان بڕیارى سێدارەیان لە سەرى ڕاگرتبوو دووبارە بە بڕیارە شوومەکەى خۆیان دا چوونەوە و لە شوباتى 1949 دا لە ئاکامى دان نانى مالک سەیف بە سەرکردایەتى کردنى لە زیندانەوەى حیزب لە لایەن فەهدەوە فەرمانى سێدارەکەیان دەرهەق بەو قارەمانە جێبەجێ کرد و هاوڕێ فەهد و هەردوو ئەندامانى مەکتەبى سیاسى هاوڕییان حازم و ساڕمیان لە قەنارە دا و شەهیدیان کردن ، ئەمە سەرەتاى گەورە ترین شکستى ڕێکخستن بوو کە دووچارى حیزبى شیوعى هات و لەو ڕووداوە کەمەر شکێنە بە دواوە ڕێکخستنەکانى حیزب بەرەو سەرگەردانى و شێواوى چوو چونکە جگە لەوەى ئەو سێ تێکۆشەرەى داینەمۆى کار و بارى حیزب و ئاراستەکەرانى سیاسەتەکەى بوون ، دەیان هاوڕێى ترى حیزبەکە فەرمانى زیندانى کردنیان دەرچوو کە ئەمەش بووە مایەى دروست بوونى بۆشایى و کەلێنى گەورە لە جەستەى حیزب دا و بەم سۆنگەیەوە جڵەوى حیزب کەوتە دەستى کەسانێکى نە شارەزا لە ڕووى ڕێکخستن و نا کامڵ لە ڕووى فکر و نە ناسراو لە سەر شانۆى سیاسى ، ((لە حوزەیرانى 1949 عەلى بەرزنجى هات بۆ لام و نامەیەکى داخراوى پێ بوو کە بۆ من ناردبوویان خوێندمەوە : بەرپرسى یەکەم لە ناوەندى سەرکردایەتى حەمید عوسمان گیراوە ، کە پێشتر پێى ڕاگەیاندبووین ئاگادارى بەرپرسى سلێمانى بکەین لە کاتى گیرانى دا ئەو بەرەو بەغدا بێت ، کە واتە پێویست بوو لە سەرم بچم بۆ پایتەخت و ببم بە سکرتێرى حیزب - - - یادەوەرییەکانى بەهاددین نورى )) ، ئەمە ڕاستى نیشان دانى ئەو دۆخەیە کە حیزبى تێ کەوتبوو کە بە نامەیەک هاوڕێیەک لە سلێمانییەوە بانگ بکرێت بۆ پایتەخت و بچێتە سەر خوانى بەرپرسى یەکەمى حیزب کە پێم وایە لەو کاتە دا تەمەنى نەگەییشتبووە 25 ساڵ لە لایەک و لە لایەکى ترەوە قەوارەى زەبرى دوژمن و ئاسەوارەکەى لە سەر جەستەى حیزب دەر ئەخات ، شەهید کردنى فەهد و هاوڕێکانى برینێکى هێندە بە سوێ بوو لە هەموو تەمەنى حیزبى شیوعى دا ساڕێژ نەبووەوە .

دادگاى عێراقى داواى لە فەهد کرد ناوى ئەندامانى کۆمیتەى ناوەندییان بۆ ئاشکرا بکات بەڵام لە وەڵام دا پێى ووتن : حیزب متمانەى خۆى بە من بەخشیوە تا نهێنییەکانى بپارێزم بۆیە پێویستە لە سەرم لە ئاستى ئەو متمانەیەدا بم ، دوایى دادگا پرسیارى ئاراستە کرد :

- ئێوە لافى نیشتمانپەروەرى لێ ئەدەن و دژایەتى ئیستیعمار ئەکەن و لە بەرژەوەندى جەماوەرى گەل کار ئەکەن ، ئەى بۆچى بە نهێنى کار ئەکەن ؟

فەهد : ئێمە ئامانج و پرەنسیپەکانمان بە ئاشکرا بڵاو ئەکەینەوە بەڵام ڕێکخستنەکانمان نهێنى یە تا پارێزرا و بەردەوام بن لە ڕاپەڕاندنى ئەرکەکانیان ، هەروەها ڕایگەیاند و ووتى : نیشتمانپەروەر بووم بەر لەوەى ببم بە شیوعى ، کاتێک کە بووم بە شیوعى هەستم بە بەرپرسیارێتى گەورە تر کرد بەرامبەر بە گەل و نیشتمانەکەم .

هاوڕێ ( حازم ) یش نەترسانە لە بەرامبەر دادگا و ڕۆژنامەنووس و ئامادەبووان دا داکۆکى لەو ئامانجانەى حیزب کرد کە بڕیارى لە سەر درابوو.

 

 

 

 

 

 

- بەشى دووەم -


قۆناغى بووژانەوە. 1949 1958

ڕێکخستنەکانى حزب بەهێز بکەن، ڕێکخستنەکانى بزووتنەوەى نیشتمانى بە هێز بکەن - فەهد

ئەو نسکۆیەى تووشى حزبى شیوعى هات لە ڕووى ڕێکخستنەوە گەلێک کوشندە بوو بەڵام باشترین زەمینەى ڕەخساند بۆ بە جەماوەرى بوونى کە بە لێشاو کرێکار و جوتیار و پیشەگەر و ڕۆشنبیر و قوتابى و ئافرەت و کەسایەتییە نیشتمانى و هەتا ئایینییەکانیشى لە دەور کۆبوونەوە و چەندین چالاکى ناڕەزایەتى جەماوەرى سەرکردایەتى کرد و لە بەرەوەى هەموو چالاکییە سیاسییەکان ڕۆڵى کاراى ئەگێڕا ، هەروەکو مامۆستا بەهاددین نورى ئەیگێڕێتەوە کە ئەو دەمەى ڕۆڵى سکرتێرى حزبى گێڕاوە و لە زیندانى ژمارە 1 گیراوە پاسەوانێک لێى پرسیوە بۆ چى زیندانى کراوى ؟ لە وەڵام دا پێى ووتووە لە بەر ئەوەى شیوعیم ، پاسەوانەکەش لە سادەیى خۆى دا ووتوویەتى : ئەم حکومەتە زۆر سەیرە ! بۆچى خەڵکى لە سەر شیوعى بوون ئەگرێت ؟ ئەى ئەوە نیە نیوەى ئۆمەتى محەمەد شیوعین ؟ ! ئەو داکشانە ڕێکخراوەییەى دووچارى حزبى شیوعى هات هەڵکشانێکى زۆر گەورە ترى بە دواى خۆى دا هێنا و ڕۆژ لە دواى ڕۆژ بوو بوونە جێ ئومێد و متمانەى تەواوى خەڵک بەڵام ئەو بۆشاییەى لە دواى شەهید بوونى فەهد و هاوڕێکانى بە جێ ما هەتا ساڵى 1956 سەقامگیرییەکى ئەوتۆى بە خۆیەوە نەگرت و چەندین سکرتێر ئاڵ و گۆڕ بوون و هەندێکیشیان کە تووشى گرتن ئەهاتن یەکسەر چۆکیان دا ئەدا و خۆیان بە دەستەوە ئەدا و ئەبوونە پیاوى ڕژێمى پاشایەتى و نهێنییەکانى حزبیان ئاشکرا ئەکرد و ڕاوەدووى هاوڕێکانى خۆیان ئەنا و خیانەتیان ئەکرد ، لە بەر نەبوونى کەسى گۆشکراو لە ڕووى ڕێکخستن و ڕۆشنبیرى و فکرییەوە خەڵکى ناشایستەى ئەوتۆ ڕۆڵى جێگاکەى هاوڕێ فەهدیان یارى ئەکرد هەندێکیان وەکو کوردەوارى خۆمان ئەڵێن لە جێى شێران ڕێوى ئەیکرد گێران وا بوون لە گەڵ هەموو ئەمانەش دا خەڵک پەیتا پەیتا ئەچوونە ڕیزى حزبەکەوە و پایەکانیان لە مەیدانى سیاسى عێراق دا تۆکمە ئەکرد ، بە بێ لە بەر چاو گرتنى ئاستى ئەوانەى سەرکردایەتى حزب و سەرپەرشتى ڕێکخستنەکانیان ئەکرد کە هەندێکیان شایستەى ئەوە نەبوون تەنانەت ئەندامیش بن لە حزبێکى بەو ناوە ، لە دواى کارەساتى شاڵاوى دڕندانەى ڕژێمى پاشایەتى گوێ لە مستى ئیستیعمارى ئینگلیزى زەمینە لە بار بوو بۆ ئەوەى کەسانێک دزە بکەنە ناوەندى بڕیار کە ببنە کۆسپ لە بەرەو پێش بردنى حزب بە ئاقارى ئەرکى ڕاستەقینەى خۆى و سەرکردایەتى شۆڕشگێڕانەى خەڵکى گڕ گرتوو ، ئەمەش بووە هەوێنى دروست بوونى ململانێى نێو حزب و چەکەرە کردنى باڵێکى نامۆ بە ئاراستە گشتییەکانى ، بەڵام هەرگیز ڕێگر نەبوو لە هەڵچوونى جەماوەرى و بێزار و ستەمدیدە و بەربەرەکانى کردنى سیاسەتى کۆنەپەرستانەى دەسەڵات کە زنجیرە مانگرتن و خۆپیشان دان و ڕاپەڕینەکان گەواهى مێژوویى ئەو ڕاستییەن ، بۆ نمونە : کاتێک قوتابیانى کۆلێژى دەرمانسازى و کیمیاگەرى و وێژە و یاسا و پەروەردە مانیان گرت و دواى دانوستان لە گەڵ بەڕێوەبەرایەتى و ڕاگرى کۆلێژەکان بە سەرکەوتنى قوتابیان کۆتایى هات و پاشان لە کردەیەکى پیلانگێڕى دا هێرش کرایە سەر ڕێکخەرانى مانگرتنەکان و برینداریان کردن ئەمە بووە مایەى زیاتر هەڵچوونى کەف و کوڵى قوتابیان و گەشە سەندنى گیانى بە ڕەنگاریى و لە دوایى دا خۆپیشاندانێکى گەورەى لێ کەوتەوە و شەقامەکانى بەغداى پایتەختى هەژاند و ڕۆژانى دوایى تر تەشەنەى سەند و لە 20 تشرینى دووەم دا بڵێسەى زیادى کرد و ڕۆژانى دوا تریش بەردەوام بوو ، شایەنى باسە یەکێتى گشتى قوتابیانى سەر بە حزبى شیوعى ڕۆڵى سەرەکى و داڕێژەرى هەبوو لەم هەنگاوە پڕ حەماسەت و شۆڕشگێڕانەیە ، ئەم ڕابوون و بە گژ دا چوونەوەیە کونجى زیندانەکانیشى گرتەوە و لە وێوەش دەنگى ناڕەزایەتى بەرز بووەوە ، جێگەى ئاماژە پێدانە کە لەو سەر و بەندەدا هاوڕێ بەهاددین نورى سکرتێرى حزب بوو و لە سەردەمى بەرپرسیارێتى ئەو دا حزبى شیوعى بۆ یەکەم جار و یەکەم حزب بوو بە ڕاشکاوانە تر دروشمى مافى چارەى خۆنووسین بە مافى جیابوونەوە و دەوڵەتى سەربەخۆشەوە بەرز کردەوە ، چونکە لەوە پێشیش لە ساڵى 1945 دا هاوڕێ فەهد لە ووتارێکى دا نووسیبووى ((مافى چارەنووسى هەموو گەل و نەتەوەیەک لە پرەنسیپە بنەڕەتییەکانى حزبە شیوعییەکانە لە سەرتاپاى جیهان و لە نێو ئەوانیش دا حزبى شیوعى عێراق ، حزبمان تێ ئەکۆشێت لە پێناوى گشت ئازادییە نیشتمانییەکان و بەرژەوەندییەکانى جەماوەرى زەحمەتکێش - - - و بەمە ڕیکخراوە دیموکراسییە پێویستەکان مسۆگەر ئەکات بۆ گەلى کورد و جەماوەرە زەحمەتکێشەکەى کە بتوانێت ڕاى خۆى بەیان بکات لە بار و دۆخێک دا گونجاو بێت بۆ گەلى کورد بە مانەوەى ئارەزوو مەندانە یان جیا بوونەوە بۆ بەرژەوەندى جەماوەرە زەحمەتکێشەکەى بۆ گەلى کورد.

 

 

 

نکوڵى لەوە ناکرێت کە شیوعییەکان لە زیندانیش دا سەر قافڵەى بەڕەنگار بوونەوەى ستەمەکانى ڕژێم بوون بە یاداشت پێشکەش کردن و ناڕەزایەتى دەر بڕین و مان گرتن پەیامى خۆیان بە دەسەڵاتداران ئەگەیاند کە لە بەرامبەر دا ئەشکەنجە ئەدران و دوور ئەخرانەوە بۆ زیندانى دوورە دەست و بێبەش لە سادە ترین مافى ئینسانى ، هەر وەکو : مانگرتنى زیندانییەکان لە خواردن لە بەندیخانەى نوگرە سەلمان و ناڕەزایەتى و خۆپیشان دان لە بەندیخانەکانى بەغدا و کوت و بەعقوبە و بەدرە و شوعەیبە و - - - کە پڕ بوون لە شیوعى و نیشتمانپەروەران و دەسەڵاتدارانى کۆنەپەرست بە لایەنگرانى زایۆنیست و خاوەن پرەنسیپى ڕووخێنەر ناوى ئەبردن و چەند جارێک قەسابخانەى خوێناوى لە ناو زیندانەکان دا لە دژیان بەرپا ئەکرا هەروەکو قەسابخانەکەى بەندیخانەى بەغدا لە ساڵى 1953 کە 8 شەهید و نزیکەى 90 بریندارى لێ کەوتەوە ، و لە بەندیخانەى کوت لە بەرامبەر ئەو ڕەفتارە دژە مرۆیى یەى دەرهەق هاوڕێکانیان پیادە کرا یاداشتنامەیەکى ناڕەزایەتییان بە واژۆى 121 زیندانى دایە کار بەدەستانى زیندان و لە هەمبەر ئەم کۆ دەنگییەى زیندانییەکان بەڕێوەبەرانى بەندیخانەکە هەستان بە لێکۆڵینەوە لە ڕێکخەرانى ئەم کارە بەڵام زیندانییەکان ملکەچیان نەبوون و مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند و پۆلیسیش بەندیخانەکەى ئابڵوقە دا و بە چەکى ڕەشاش و مەتەرێزەوە چوار دەوریان گرتن و لە گەڵ ئەوەش دا بەیانى جاڕس کەر بە ناوى بەڕێوەبەرى بەندیخانەکەوە لە بڵند گۆوە ئەخوێنرایەوە و هاواریان ئەکرد : ئەى برایانى جولەکە ، ئەى برایانى حسقیل قۆجمان و مۆشى قۆجمان - - - هتد ، حسقیل و مۆشى دوو تێکۆشەرى ئایین جولەکەى شیوعى برا بوون و لە گەڵ هاوڕێ فەهد دا گیرا بوون و حوکمى تاهەتایى یان بە سەر دا سەپێنرا بوو ، مەبەستیشیان لەم کارە شێواندنى ڕاستییەکان و تاوانبار کردنى شیوعییەکان و بەستنەوەى حزبى شیوعى بوو بە بزووتنەوەى زایۆنیستییەوە ، بەڵام ئاگاهى خەڵکەکە ئەو سنورەى بەزاند بوو بەو درۆ و بوختانانە بڕوا بهێنن ، پاشان مۆشى بە دەستى تاهیر زوبێدى بەرێوەبەرى گشتیى بەندیخانەکان شەهید کرا و هەر لە کوت دا بە خاک سپێردرا و حسقیلیش ناردنى بۆ ئیسرائیل لە لایەن جەلادەکانەوە ڕەت کردەوە و بە تۆبزى سوارى فڕۆکەیان کرد و ناردیان بۆ قوبرس و لەوێوەش ڕووى لە لەندەن کرد ، لە شەوى 3 ى ئەیلولى 1953 لە لایەن دەسەڵات بە دەستانەوە بە ئاگرى چەک وەڵامى زیندانییەکان درایەوە و لە ئاکامى ئاوڕشێنى گوللەى پۆلیس لە کۆى 121 زیندانییەکان 10 کەسیان شەهید و 92 ى تریشیان بریندار بوون ، لە دواى ئەم کردە خوێناوییە پیاوانى ڕژێم بەیاننامەیەکیان دەر کرد و پەنجەى تاوانیان خستە ئەستۆى شیوعییە زیندانییەکان و ناوى مۆشى مەناحیم قۆجمان و حسقیل مەناحیم قۆجمان و محەمەد ڕازى شبر و ئەکرەم حوسێن و محەمەد عەبدوللەتیفیان بە دواى یەک دا پۆلێن کرد وخستیانە ناو بەیاننامە گوماناوى و بوختان ئامێزە نا بەجێکانى خۆیانەوە . ئەمەو جگە لە مانگرتنى کرێکارانى نەوتى بەسڕە و ڕاپەڕینى 1956 و چەندین بەرخودانى تر کە شیوعییەکان بۆ وەدەست هێنانى مافى زەوت کراویان ڕێبەرایەتى ئەکرد و بە گژ دەسەڵاتداران دا ئەچوونەوە بێ سڵ کردنەوە لە زەبرى دوژمن .

ئەوەى نیگەرانیى لاى هەوادارانى حزب دروست کردبوو ، لێک دابڕان و بۆچوونى جیاواز و لێکترازانى زریزەى ڕێکخستنەکان و جیابوونەوە بوو کە ئاسەوارێکى نەرێنى خراپى بە سەر جەستەى حزبەوە جێهێشتبوو ، حزبى گەل بە سەرۆکایەتى عەزیز شەریف و کارگەران بە سەرۆکایەتى شەهید جەمال حەیدەرى بە هاوکارى عەزیز محەمەد و ئیبراهیم شائول و هەمزە سەلمان و عەبدولسەلام ناسڕى و یەعقوب میسرى و سەبیح میر و عەبدولڕەززاق سافى و چەندینى تر کە لە زیندان دا سەریان هەڵ دا و باڵى سەرکردایەتى بەهادین نورى یان بە چەپ و سەرکێش ناوزەد ئەکرد و لە بەرامبەر دا حزب بە سەرکردایەتى بەهادین نورى لە دەرەوەى زیندان باڵى ئاڵاى کارگەرانى بە باڵى ڕاستڕەو و هەلپەرست ناو ئەبرد ، پێم وا بێت ئەم ڕکابەرى یەى نێوان بەهادین نورى و عەزیز محەمەد کە لە سەردەمى باڵا دەستى عەزیز محەمەد دا بە دەر کردنى بەهادین نورى لە کۆنگرەى 4 ى حزب لە ساڵى 1984 کۆتایى هات هەر لەوێوە وەکو گیانى تۆڵە سەندنەوە سەرچاوەى گرتبێ .

ململانێى حزبیى ناوخۆ ، حزبى ناچار کرد بیر لە گرێ دانى کۆنفرانسى حزبى بکرێتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش لە ساڵى 1956 یەکەم کۆنفرانسى حزب بەسترا و لەو کۆنفرانسە زۆربەى کێشەکان بە ڕەزامەندى هەمە لایەنەى باڵە جیا جیا و جیابۆوەکانى حزب چارەسەر کران کە لەوە پێش زەمینە سازى بۆ کرابوو ، و بە ناو بژیوانى حزبى شیوعى سورى باڵى ئاڵاى کارگەران بوونەوە بە یەک لە گەڵ حزب دا ، جێ دەستى کۆنگرەى 20 ى حزبى شیوعى سۆڤیەتى بە ڕوونى بە سەر سەرەنجامى کۆنفرانسەکە و بڕیارەکانیەوە دیار بوو لە کاڵ کردنەوەى دروشمە شۆِڕشگێڕییەکان و هێدى هێدى ڕێکخستنەوەى ماڵى حزب بە دەرکەوتنى سەرە داوى باڵى ڕاستڕەویشەوە ، لە گەڵ ئەوەش دا ئەم هەنگاوە حزبى بردە پێگەیەکى باڵا ترەوە لە مەیدانى خەبات و تێکۆشان دا و متمانەى خستەوە بەر هەواداران و دۆستان و جەماوەرەکەى ، هەر چەندە دوو ئاراستە بە ئاکامەکانى کۆنفرانسەوە ئاسەوارى دیار بوو کە عامر عەبدوڵا کە بە نوێنەرى باڵى ڕاست و سەلام عادل باڵى چەپ بۆچوونە دژەکانیان سەرەتاى دیاردەى باڵ باڵێن بوو کە پاشان حزبى بە ئاقارێکى خراپ دا برد .

لە ساڵى 1957 دا بەرەى یەکێتى نیشتمانى لە نێوان تەواوى حزبە بەرهەڵستکارەکان پێک هات و حزبى شیوعى کە لەوە پێشتریش قورسایى و گرنگى زۆرى پێ دا بوو لە لایەک و لە لایەکى تریشەوە ئەمجارەیان بە لێپرسراوێتى شەهید جەمال حەیدەرى بایەخى تەواوى بە ڕێکخستنە چەکدارییەکانى سوپا دا و لە ئەنجام دا ڕۆڵى بەرچاویان گێڕا لە ڕووخاندنى ڕژێمى پاشایەتى و هێنانە سەر کارى حوکمێکى کۆمارى لە عێراق دا لە پاش ساڵێک لە ڕاگەیاندنى بەرە ، دیارە ووتە بە ناو بانگەکەى فەهد بۆ ئەو سەردەمە ڕۆڵى خۆى بینى و بە هەماهەنگى هەموو لایەنە نیشتمانییەکان توانرا بە سەر قەڵایەکى ڕەشى ئیمپریالیزم لە عێراق دا سەرکەوتن بە دەست بهێنرێت .
 


07701309524
Hewarash1@yahoo.com