١\٢\٢٠١٠
خوێندنەوەیەکى خێرا بۆ مێژووى ههفتاوپێنج
ساڵەى حیزبى شیوعى.

هیوا ڕەش
بەشى چواردەم (ا)
قۆناغى دەرفەت دۆڕان.
2003 - 2005
لە ئاکامى بەردەوام بوونى سەدام حوسێن لە سەر سەرچڵییەکانى خۆى و مل
نەدان بۆ بڕیار و سزا نێودەوڵەتییەکان و بێمنەتى نواندن ، گەلەکۆمەکى
نێو دەوڵەتى تا ئەهات گریمانەى هێرش و پەلامارەکانى بۆ سەر عێراق زیادى
ئەکرد و بۆ ئەمەش ئامادەسازییەکى گشتگیرى دەستى پێ کرد لە لایەن تەواوى
هێزە دەوڵەتى و هەرێمایەتى و ناوچەیى و ناوخۆییەکانەوە ، حیزبەکانى
کوردستانیش بەشێک بوون لەو هێزانەى لە بۆسەدا بوون بۆ پەلاماردانى هێزە
شڕ و شپڕێوەکەى سەدام حوسێن و ڕژێمە خوێنڕێژەکەى ، حیزبى شیوعیش لە
ڕواڵەت دا لاسایى ئەو هێزانەى ئەکردەوە و تەواوى هاوڕێیانى داواى
ئامادەباشى جدییان کرد بۆ ئەو پێشهاتە چاوەڕوانکراوەى لە ئارادا بوو ،
ئێمەش بۆ ئەم مەبەستە لە محەلى کەرکوک کۆبوونەوەیەکى گرنگى ئەنجومەنى
سەربازیمان بە سەرپەرشتى ئەبو کاروان ساز دا کە منیش تێیدا بەشدار بووم
و جگە لەو پێشنیارانەى لە کۆبوونەوەکەدا خستمە بەرچاو و ئەوەى پێداگریم
تێیدا کرد 1 – هەوڵدان بۆ گەییشتن بەو ئامانجانەى پێشوەخت دەست نیشان
ئەکرێن و دەست بە سەردا گرتنى بەڵگەنامە و دۆکۆمینتى بەعسییەکان 2 –
ڕاسپاردنى هاوڕێیانى خوارەوە بۆ دیارى کردنى شوێنە ستراتیژییەکان بۆ
دانانى بارەگا 3 – کڕینى خانووى عەرەبە هاووردەکان کە لەو دەمەدا
ترسیان لێ نیشتبوو و بێ لەوەى پارەى چاپى عێراقى کە لەوێ بەکار ئەهێنرا
بەهاکەى زۆر نزم بوو لە بەرامبەر پارەى سویسرى دا کە لە کوردستان بەکار
ئەهێنرا و لە هەمان کاتیش دا عەرەبە داگیرکەرەکان کە لە ترسا ڕەویان
ئەکرد ماڵەکانیان هەرزان فرۆش ئەکرد - - - لە گەڵ ئەوەش دا وەڵام بە
نامەیەکى ناوخۆیى ( کۆمیتەى ڕێکخستنى ناوەندى – لتم ) نامەیەکى
نووسراویشم 3 ساڵ لەوەوبەر ئاراستەى مەکتەبى سیاسى کرد بوو کە ئەمە
دەقەکەیەتى :
بەڕێزان هاوڕێیانى مەکتەبى سیاسى حیزبى شیوعى
کوردستان.
سڵاوى شۆڕش و خەبات .
نامەى ناوخۆیى ئەم دواییەى ( لتم ) م خوێندەوە ، لە دەرگاى زۆربەى
مەسەلە هەنوکەییە پەیوەستەکان بە کارى حیزبى داوە ، بە شیلگیرییەوە
جەخت کراوەتە سەر چۆنێتى بەرەو پێش بردنى داهاتووى حیزب ، بوارەکانى
ڕێکخستن و دارایى و وەزعى سیاسى و کۆمەڵایەتى هیچیانى نەبواردووە ،
هێندەى بە لاى منەوە گرنگ بێت ، بە پێویستم زانى پەنجەى بخەمە سەر و بە
ڕاشکاوى بۆ جەنابتانى بەرز بکەمەوە بە هیواى سوود بەخشین بۆتان ئەخەمە
ڕوو .
هەموومان کۆکین لە سەر ئەوەى دەرەنجامى سەرچڵى و سیاسەتى کۆنەپەرستانەى
ڕژێمى ڕەفتار فاشیستى بەعس گۆڕان لە ئان و ساتى چاوەڕوان کراودایە ، جا
چ چاک بێت یان خراپ تاووتوێ کردن و لێکۆڵینەوەى وورد بۆ جەنابتان جێ
ئەهێڵم بەڵام ئەوەى بە لاى منەوە مەبەستە لە هەردوو حاڵەتەکەدا چى
بکەین باشە ؟
پێم وایە بواردن لە ڕووى سەربازییەوە کەلێنێکى گەورەى نامە
ناوخۆییەکەتانە ، چونکە پێداویستیى هەرە بایەخدارى ئەمڕۆى بۆ
پێشەوەچوونى حیزب لەو بوارەدا ئەبینمەوە ئەمەو جگە لەوەى گرنگى دان بە
بوارى سەربازى بە واتاى دروست کردنى قەڵغانێکى کاریگەر بۆ داکۆکى کردن
لە قەوارەى حیزب و کۆکردنەوەى جەماوەرى زیاتر بە دەورى حیزبەوە
ئەگەیەنێت ، گریمان وەزعى سیاسى عێراق و کوردستان لە بەرژەوەندى ڕژێم
دا بشکێتەوە کە تا ڕادەیەک بە دوورى ئەزانم ، ئەوسا حیزب پێویستى بە
چەکداریى ئەبێت یا نا ؟ ئەگەر پێویستى پێ بێت چ هەنگاوێک نراوە ؟ ئەگەر
یەدەگى خۆمان نەخستووە بۆچى لەمەودوا بە جدى بیر لەو مەسەلەیە
نەکرێتەوە و گرنگى تایبەتى خۆى پێ نەدرێت ؟ ئەمە لە لایەکەوە ، لە
لایەکى تریشەوە کە حاڵەتى دووەمە و پێویستە بە هەند وەر بگیرێت
گۆڕانکارى ڕیشەیى سەر ناوچەکە و ڕژێمى بەعسە لە ئاییندەیەکى دوور یا
نزیک بێت ، ئەوسا دەورى ئێمە چى ئەبێت و چۆن کاریگەرى جێ پەنجەى حیزب
بە سەر جەستەى گۆڕانەکان دا ڕەنگ ئەداتەوە ؟ پێم وایە لێرەدا زۆر زیاتر
پێویستمان بە ڕێکخستنى سەربازى و خۆ چەکدار کردن ئەبێت تا بتوانین بە
ڕووى دوژمنان و فشارى دوژمنانى ژێر پەردەشەوە بووەستینەوە ئەویش بە
مۆڵدانى هێزى چەکدارى نەبێت بەڕەنگاربوونەوەمان کارێکى ئەستەم و مەحاڵ
ئەبێت و هەلى زێڕینیشمان بۆ هەڵکەوێت ڕەنگە نەتوانین بیقۆزینەوە .کە
تێڕوانینێکى بەستەڵەکمان بۆ وەزعەکە نیە و لەو باوەڕەدا نین بەم شێوەیە
بە لە قاڵب دراوى بمێنێتەوە پێشنیار ئەکەم :
1 – بیرکردنەوەمان بە ئاراستەى پێکەوەنانى مەکتەبى عەسکەرى ناوەندى ( م
– ع – ن ) ببەین .
2 – بەرپرسى م – ع – ن هاوڕێیەکى سەرکردایەتى قاڵ بووى تێکۆشانى
چەکدارى و خەباتى پێشمەرگایەتى بێت .
3 – م – ع – ن سەرپەرشتى مەکتەبى عەسکەرى پارێزگاکان بکات و بیانخاتە
ئاستى لێپرسینەوەى جدى و بە دووى کار و ئەرکەکانیان دا بچێت .
4 – م – ع – ن دەسەڵاتەکانى دیارى بکرێت .
5 – پەیڕەو و پرۆگرامى سەربازى دابڕێژێت .
6 – بودجەى تایبەتى بۆ تەرخان بکرێت .
7 – کۆنفرانسى سەربازى ببەستێت .
8 – گرنگى بە پەروەردەى کادرى سەربازى بدرێت .
9 – خولى ڕۆشنبیرى سەربازى بخاتە بەرنامەى خۆیەوە .
10 – بە پێى توانا چەک و تەقەمەنى دابین بکات .
11 – ئۆرگانێکى ناوەندى سەربازى دەربچوێنێت کە ببێت بە زمانحاڵى
سەربازیمان .
12 – م – ع – ن بکرێت بە دەزگایەکى باڵا و لە چێوەى سیاسەتەکانى حیزب
دا مامەڵە لە گەڵ دەزگا سەربازییە بەرپرسەکانى حکومەتى هەرێم دا بکات .
13 – هەر لەم ڕێگەیەشەوە هەوڵ بدرێت هاوڕێیانى گونجاو دەست نیشان بکرێن
و لە کۆلێژ و خولە سەربازییەکانى حکومەتى هەرێم دا بەشدارییان پێ بکرێت
.
14 – بەتالیۆن – فوج – ەکانى حیزب ڕاستەوخۆ پەیوەست بکرێن بە م – ع – ن
ەوە .
15 – م – ع – ن بەرپرس بێت لە میلاکات و داراییان .
16 – هەوڵ بدرێت قەوارەى بەتالیۆنەکان بۆ لیوا زیاد بکرێت و فراوان
بکرێتەوە .
17 – کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکانى حیزبیش بخرێتە ژێر دەسەڵاتى
ناڕاستەوخۆى م – ع – ن ەوە .
18 – پێویستە بە گوێرەى تواناى حیزب هەوڵ بدرێت جێگە و ڕێگەى تایبەتى
لە کار کردن و نیمچە سەربەخۆییەک و دەسەڵاتێکى ئەوتۆیان پێ بدرێت کە بە
دەر نەبێت لە خواست و سیاسەتى حیزب .
19 – گرنگى بە بوارى ڕاگەیاندنى تایبەت بە م – ع – ن بدرێت .
20 – زانیارییەکانى بوارى سەربازى نهێنى و سنووردار بێت .
21 – هەنگاو بنرێت بۆ دروست کردنى شانەى چەکدارى نهێنى .
22 – گەنجینەى چەک و تەقەمەنى شاردراوە بنیات بنرێت .
ئەمانە و کۆمەڵە شت گەلێکى زۆر هەن لێمان ئەخوازن زۆر بە ووردى بیرى لێ
بکەینەوە تا لە هەموو حاڵەتێک دا هێزێکى سەربازى بە تین و تاومان هەبێت
بۆ پاراستنى قەوارەى حیزب و لێدانى زەبرى کوشندە بۆ وەڵام دانەوەى هەر
زەبرێک کە لە لایەن دوژمنانەوە ئاراستەى حیزب بکرێت و جگە لەوەى ئەم
هێزە پێداویستییەکى بە بایەخە لە حاڵەتى ڕزگار کردنى ناوچەکانى تر دا
تا بە پێداگیرى و قورساییەکى گەورەوە بوونى حیزب لە مەیدانەکان دا
بسەلمێنین بۆ بەدحاڵى نەبوونى نەیارانى حیزب لە حیزبمان و بەرپەرچ
دانەوەى گوشار و فشارەکانیان ، چونکە لە گەلێک جار دا زمانى عەسکەرى
تاکە زمانى گفتوگۆى لەبارە بۆ خۆسەلماندن و خۆگونجاندن لە گەڵ دەور و
بەردا .
لە کۆتاییدا هێندە ماوە بیڵێم ، تا بتوانین خۆمان لە ڕووى سەربازییەوە
ڕێک بخەین کەمە بۆ دڵنەوایى و دڵنیایى دۆست و جەماوەرى حیزب و
خولقاندنى متمانەیەکى لە بن نەهاتوویان و خزمەتى زیاترى کێشەى ڕەواى
گەلە ستەمدیدەکەمان .
بۆ ئەم مەبەستەش کۆبوونەوەیەکى بەرفراوانى کادرە سەربازییەکان بە
کارێکى پەلە و بێ چەند و چوون ئەزانم .
هەر بژین و بۆ پێشەوە لە ژێر ئاڵاى مارکسیزم لینینیزم د.ا
هاوڕێى دڵسۆزتان
- - - - - - - - - - - -
هیوا ڕەش
ڕۆژى هەینى بەروارى14 4 2004
لە سلێمانییەوە
ئەمە پێشنیارێکى بچووکى من بوو بۆ کارنامەى حیزب لە پێناو سەر خستن و
بە دەستهێنانى دەسکەوتى سیاسى حیزب لەو پێشهاتانەى ئەهاتنە ڕێمان ،
زۆربەى کادرە سەربازییەکان و هەر یەک لە ئاستى خۆى دا زۆرتریان لەمەى
من ئەووت و گوێ لە هیچمان ڕانەگیرا ، و لە دەمەدەمى زەبر لێدانى
نێودەوڵەتى لە ڕژێمى بەعس لە زۆربەى ناوچەکانى هێڵى ڕووبەڕوو
بوونەوەکان هێزى پێشمەرگە ساز و ئامادە کرابوون و پێشمەرگەکانى حیزبى
شیوعیش بە هەمان گیانى ئازایەتى و لێبووردەییەوە کۆک و تەیار بوون
بەڵام بە بێ سەرکردایەتییەکى بوێر و بە ئەزموون ، هەر وەک لە پێشتر
ئاماژەم پێدا ئێمە لە چەمچەماڵ لە چاوەڕوانى گفت و لفتى سەرکردایەتى
ئامادەباش بووین بۆ هەر کارێکى سەربازى و هەنگاوێکى شۆڕشگێڕانە کە
پێمان بسپێرن ، دواى ئەوەى لە هاوکارى و دەسگیرۆیى سەرکردایەتى لە
پێشڕەوى کردن بێ ئومێد بووین بە ناچارى هەوڵمان دا بڕیار و پارە
بەدەستەکانى حیزب قەناعەت پێ بکەین بە بێ بەشدارى خۆیان ئێمە هەنگاو
بنێین .
بەر لە ڕزگار کردنى کەرکوک هاوڕێیان ئایار و نەجمەدین و سەرباز و من و
دەیان هاوڕێى تر ڕێککەوتین کە هێزێک پێک بهێنین و هەوڵى دزە کردن یان
هیچ نەبێت زۆر نزیک بوونەوە لە کەرکوک بدەین و خۆمان لە بۆسەى کتوپڕ
بنێین بەڵام ئەمە ئاسان نەبوو چونکە نەک پشتیوانى نەکراین بەڵکو
کۆسپیشیان بۆ دروست ئەکردین ، ئەوە بوو لە چەمچەماڵەوە گەڕاینەوە بۆ
تەکیە و لەوێ ئیڤایەکمان بە – 300 – دینارى سویسرى بە کرێ گرت و
دووبارە گەڕاینەوە بۆ چەمچەماڵ و لەوێ ئەو هێزەى مەبەستمان بوو کۆمان
کردەوە و بە بێ هاتن یان خۆ شلوێ کردن یان خۆ بە خاوەن زانى
پارەخۆرەکان ملى ڕێگەمان گرتە بەر و ویستمان بە ناو شوان دا خۆمان
بگەیەنینە گوندى حەسار و لەوێشەوە بەرنامە و پلان دابنێین بۆ چوونە ناو
کەرکوک ، لە نیوەى ڕێگەدا بووین ئێمەى دابڕاو لە ڕووداوى بە پەلە
هێندەمان زانى ئۆتۆمبیلێکى تیژڕۆ بەرەو ڕوومان هات و تۆزى ئاسمان
گرتووى مۆنیکاى تاڵان کراو هات بە سەرمانا ، لە گەییشتنى مۆنیکا بەرەو
چەمچەماڵ دواى زیاتر لە کاتژمێرێک ئۆتۆمبیلى حیزب بە تەنیشتمانا تێپەڕى
بە بێ ئەوەى لامان بووەستێت و هەندێک لەو پێشمەرگانەى ناو ئیڤاکە کە لە
حەماسەت دا خۆیان بە بۆدییەکەیەوە هەڵواسیبوو نەبادا جێ بمێنن و شەرەفى
بەشداریى ئازاد کردنى کەرکوکیان پێ نەبڕێت لە گەڵ خۆیان دا سەر بخەن ،
جەماعەتى پارە و جیهازى سورەییا بە دەست ، بە بێ ئاووڕدانەوە لە ئێمە و
پێش ئێمە خۆیان گەیاندە ناو کەرکوکى پێشتر ئازاد کراو ، ئێمەش لە دواتر
گەییشتینە جێ ، ڕەنگە ئێستا دەمیان بکەیتەوە خۆیان بە قارەمانى ئازاد
کردنى کەرکوک بناسێنن .
کەم ناوچە هەبوو خۆمانى پێدا نەکەین و بە دواى شوێنى بارەگادا نەگەڕێین
بە تایبەتى لە گەڕەکەکانى خوارووى کەرکوک و لەو دەمانەش دا گەلێک چەکى
ڕژێممان دەست کەوت و یەکسەرى گەنجە دڵگەرمەکانمان پێ چەکدار ئەکرد بە
بێ ئەوەى بپرسین کێیە و سەر بە چ حیزبێکە ، هێزە شڕەخۆرەکانیش لەولاوە
خەریکى تاڵانى بوون ، هێزەکانى دیکەى حیزب لە قۆڵى هەولێرەوە کارێکى
باشیان کردبوو بە تایبەتى لە گرتنى مونەزەمەکەى ڕەحیماوە و دائیرەیەکى
موخابەراتى کەرکوک لە نێوان ئوتێل کەرکوک و ئینزیبات خانەدا ، هێزەکەى
ئێمەش لە دائیرەى موخابەراتەکە گیرساینەوە و لەوێوە کەوتینە زانیارى
کۆکردنەوە و هەڵکوتانە سەر بەرپرسە ئەمنییەکانى بەعس ، ئازادى سەرچنار
کە خەڵکى کەرکوکیش نەبوو بەڵام ڕۆڵى کاراى گێڕا لە کۆکردنەوەى زانیارى
و دەست نیشان کردن و هەڵکوتانە سەر ئەو پیاوکوژانە ، هەرچەندە لە دوایى
دا دەنگۆى ئەوە پەیدا بوو کە ناوبراو مەلەفى جاسوسى هەبێت و لە گەڵ خۆى
دا سوبحى مەهدى ئەندامى مەکتەبى سیاسى و بەرپرسى ڕێکخستنى سلێمانى
تاوانبار ئەکرد ، لە ئاکام دا بە دەرکردنى ئازاد لە حیزب و تەقدیر
کردنى سوبحى کۆتایى هات ، هەرچەندە ئازاد داد و فیغانى کرد لەوەى ئەم
کارەى لە گەڵ سوبحى و بە ئاگادارى ئەو وەکو بەرپرسى یەکەم ڕاِپەڕاندووە
بەڵام بێسوود بوو ، ئەم مەسەلەیە کرا بە ئاگرى دۆزەخ و لە جەستەى بەر
درا و – جنات النعیم – یشى بۆ سوبحى مەهدى مەیسەر کرد ، ئەم لوغزە بە
بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک لە لایەن سەرکردایەتى حیزبەکەوە بۆ هاوڕێیان بە
هەڵپەسێردراوى مایەوە بۆیە گومانى زیاتر لە ناو هاوڕێیانى خوارەوەدا
پەیدا بوو کە ئەم دوکەڵە بێ ئاگر نیە و لەوانەیە تۆڕەکە فراوانتر و
کەسى تر لە پشتیەوە هەبێت ! داکۆکى لە خۆ کردن لە لایەن ئازادەوە زۆر
لاواز بوو ، سوبحیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکى لە بارەى تاوانبار کردنەکەیەوە
نەدا ، سەرکردایەتیش لایەنگیرى سوبحى هەڵبژاردبوو ، ئەوەى بە دەستى
ئێمەش گەییشت بەڵگەنامەیەکى لاواز بوو بەڵام تەمى گومانمانى چڕ تر
ئەکردەوە چونکە سوبحى و بڕیار بەدەستانى سەرانى حیزبەکە لە هەوڵى
خۆلادان لەو باسە تەواوى کۆششەکانى خۆیان خستبووە گەر ، ئەمەش دەقى
بەڵگە نامەیەکى مەکتەبى کۆمیتەى پارێزگاى سلێمانییە کە سوبحى واژۆى
کردووە و مۆریشى پێوەیە و پارێزراوە لە لاى ئێمە کە ئاراستەى ئازادى
سەرچنار کراوە سەبارەت بەو پردەى لە گەڵ دەزگا جاسوسییەکانى بەعس
دروستى کردووە :
حیزبى شیوعى کوردستان - عێراق ژمارە تایبەت
کۆمیتەى پارێزگاى سلێمانى. ڕۆژ : 17 6 1999
K . C . P
هاوڕێ ى ئازیز و خۆشەویستمان ( ئازادى سەرچنار )
بۆ سوپاس و پێزانین ( کڵێشەکە بەم شێوەیە نووسراوە - نووسەر )
سڵاوى گەرممان.
بە هەستێکى پڕ سۆزەوە سوپاس و پێزانینى خۆمان و هەموو هاوڕێ یان پێشکەش
ئەکەین ، بۆ ئەو هەواڵ و بەڵگەنامانەى کە لە لایەن ( م مشیرەوە )
هێناوتە و بە دەستمان گەیشتوە ، هیوادارین لە نزیکەوە متابعەى بکەى و
وەفاداریتان هەر زۆر بێت بۆ بەرەو پێش بردنى حیزبمان ..
دووبارە سوپاس و ستایش مان بۆ ئێوەى لە خۆبردوو . . . .
مۆر و ئیمزا
مەکتەبى کۆمیتەى پارێزگاى سلێمانى.
ناچینە سەر ئاستى کرچ و کاڵى ئەم نووسراوە کە لە نامەى دڵدارى گەنجێکى
هەرزەکارى کەم خوێندەوار ئەچێت لە ڕووى داڕشتن و دەربڕین ، بەڵام ئەمە
ئەکرا لێپێچینەوەى وورد و لێکۆڵینەوەى جدى لە سەر بکرێت و لیژنەیەکى
پسپۆڕ و تایبەتى بۆ دەست نیشان بکرایە و بە دوادا چوونى لە سەر بکردایە
کە نەکرا ، لە گەڵ ئەمەش دا دەنگۆى جاسوسى و خۆفرۆشى و مەلەفداریى چەند
کەسێکى دیکەى سەرانى حیزبەکە و دەست و پێوەندەکانیان هەبوو بێدەنگى لێ
کرا و هیچ هەڵوێست و ڕوونکردنەوەیەکیان لە سەر نەدرا ، ئەمە و کۆمەڵێک
دیاردەى دزێوى تر و شڕەخۆرى و دزى و کلکایەتى و لاموبالاتى و تەنگژەى
ڕێکخستن و گەندەڵى دارایى و - - - هتد کە لەوە پێش سەریان هەڵ دابوو بە
ڕاشکاوانە تر دەرکەوتن ، هەموو ئەمانە هەڵوێستیان لە ئێمە ئەخواست بۆیە
دواى کۆبوونەوەیەکى نزیکەى 100 کادر و پێشمەرگە لە بارەگاى محەلى
سلێمانى لە کانونى یەکەمى 2003 دا نامەیەکمان ئاراستەى کۆمیتەى ناوەندى
و مەکتەبى سیاسى حیزبى شیوعى کرد کە دەست پێکەکەى ئاوها دەستى پێ
کردبوو :
هاوڕێیانى خۆشەویست . . هەموو دڵنیاین لەوەى کەسمان بۆ ئەوە نەبووینەتە
شیوعى تا کۆمەڵێک مشەخۆر و هەلپەرست زیاد بکەینە سەر جەستەى ئەو
کۆمەڵگەیەى پێویستى بە قوربانی دانە بۆ ساڕێژ کردنى برینەکانى ،
کەسیشمان بەوە ڕازى نابین کە سەرمایەى خەبات و تێکۆشان و قوربانى دانى
دەیان و سەدان لە ڕۆڵە بە جەرگەکانى ئەم حیزبە هەرزان فرۆش بکرێت ، بۆ
ئیمتیازاتى تایبەتى چەند کەسێک لاپەڕەکانى مێژوومان لەکەدار بکرێت . .
. . . . . . . .
لە نامەکەدا بە ووردى لە سەر کێشەکان وەستاوین و داواى زوو بە دەنگەوە
هاتن بۆ چارەسەرى قەیرانە بە بنبەست گەییشتووەکان کراوە ، دواى پێچ و
پەنا و خۆدزینەوە و فرت و فێڵ کردنێکى زۆر سەرانى حیزبى شیوعى بە
مەبەستى پاشقول دان لە سەرەتادا نەرمى و ئامادەییان بۆ چارەسەرییەکان
دەربڕى و لیژنەیەکیان بۆ ئەو مەبەستە پێک هێنا و هاوڕێ مەلا حەسەنى کۆچ
کردوو زۆر مەبدەئیانە و بە بێ داشکاندن بە لاى کەس دا ڕاپۆرت و ڕاى خۆى
لە هەمبەر ئەو قەیرانە دەربڕى و داواى چارەسەرى بە پەلەى بۆ کرد بەڵام
ئەمە بووە مایەى ئەوەى ناوبراو لەو لیژنەیە دوور بخرێتەوە و
دەسکەلایەکى خۆیان هێنایە شوێنەکەى تا لە ئاکام دا ئەوان لە کۆبوونەوەى
مەکتەبى سیاسى دا بزمارى خۆیان داکوتا ، هەروەکو لە کۆنووس ( مەحزەر )
ى مەکتەبى سیاسى دا هاتووە و کۆپى عەرەبییەکەى لە بەردەستمان دایە ،
ئەڵێت :
سەبارەت بەو نامەیەى ئاراستەى مەکتەبى سیاسى کراوە ، مەکتەبى سیاسى واى
ئەبینێت پێویست بە وەڵام دانەوەى نامەکەیان ناکات لە بەر ئەوەى
نایاساییە و ئەوانە خۆیان خستۆتە دەرەوەى حیزب کە هەندێکیان نامەى دەست
لە کارکێشانەوەیان پێشکەش کردووە و هەندێکى دیکەشیان سەرزارەکى پچڕانى
پەیوەندى خۆیان ڕاگەیاندووە و ئینجا محەلیش لە کۆبوونەوەى پێشووى دا
بڕیارى دەرکردنیانى داوە لە ڕیزەکانى حیزب بە هۆى چالاکى
کەرتخوازانەیان ، هەروەکو پێڕەوى ناوخۆ کە ڕێگە بە دەستەبەندى نادات لە
ناو حیزب دا و ئەوانە تا ئێستاش بەردەوامن و لە نامەکەشیان دا
پاشگەزبوونەوەیان دەرنەبڕیوە و ڕەخنە لە خۆیان ناگرن لە . . . بۆیە
پێویستە پەیوەندییان لە گەڵ دا بپچڕێندرێت و وەکو ئەندامێک ڕەفتاریان
لە گەڵ دا نەکرێت و ڕێگەیان نەدرێت لە بارەگا حیزبییەکانیش دا بن چونکە
ئەوانە لە دەرەوەى حیزبن ، هەروەها پێویستە ڕێکخستنەکانى حیزب ڕۆشنبیر
بکرێن بەرامبەر هەوڵە کەرت خوازییەکانیان و ڕێکخستنەکان پەیوەست بن بە
پێڕەوى ناوخۆوە . . . هەروەکو کۆمیتەى ڕێکخستنى ناوەندیش نامەى ناوخۆیى
ئاراستە کردووە کە ئەوانە لە دەرەوەى حیزب دان :
ئەمەش دەقى ئەو نامە ناوخۆییە نهێنییەیە کە
سەرانى حیزبى شیوعى لە هەمبەر هەڵوێستى ئێمە بۆ چارەسەرى قەیرانەکان
ئاراستەى ڕێکخستنەکانى خۆیان کردووە :
هاوڕێیانى تێکۆشەر
سڵاوێکى گەرم
نامەیەکى ناوخۆیى سەبارەت بە چالاکییەکى
تێکدەرانە لە ناو حیزبدا.
ماوەیەک لەمە پێش لە ئەنجامى جێبەجێ کردنى بەندەکانى پێڕەوى ناوخۆ بە
تایبەت سەبارەت بە دیسپلنى حیزب و پاککردنەوەى ڕیزەکانى حیزب ، کۆمیتەى
پارێزگاى سلێمانى چەند هاوڕێیەکى ڕووبەڕووى لێپرسینەوە کردووە . . . بە
هۆى کەمتەرخەمیان و پێشێلکردنیان بۆ بەندەکانى پێڕەوى ناوخۆ و پاراستنى
نهێنییەکان و پەیوەندى نەگرتن لە گەڵ ئازادى سەرچنارى کە فایلى گیراوە
و سەر بە موخابەراتى ڕژێمە ئەمە بووە هۆى ئەوەى کە چەند کەسێک بۆ
وەستانەوە بەرامبەر بڕیارەکەى کۆمیتەى پارێزگا بە تایبەت . . . . . . .
. . ، هەستان بە چالاکییەکى تێکدەرانە بە پەیوەندى کردن بە ئەندامانى
ترى ڕێکخراوەى شارى سلێمانییەوە و هاندانیان دژى مەکتەب و لیژنەى
پارێزگا تا گەییشتە ئەوەى ڕۆژى 31 7 2003 لە بارەگاى کۆمیتەى پارێزگادا
نزیکەى 25 هاوڕێ کۆبکەنەوە و لە ژێر ناوى جۆراوجۆر بە مەبەستى (
سەپاندنى – ئەم ووشەیە لە بەر پەلەپەل پەڕاندوویانە – نوسەر ) چەند
مەرجێک بە سەر حیزبدا و دروست کردنى ناو و ناتۆرەى نابەجێ بەرامبەر بە
کۆمیتەى پارێزگا و سەرکردایەتى حیزب بۆ ئەم مەبەستە هاوڕێیانى ( م س )
و کۆمیتەى پارێزگا زنجیرە چاوپێکەوتنێکیان ڕێکخست بۆ گوێ گرتن لە
داخوازى و تێبینییەکانیان ، دواتریش لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەو
تۆمەتانەى کە درابوونە پاڵ هاوڕێیان پێکهات لە دارایى ناوەندى لتم کە
لە ڕاپۆرتەکەیاندا پشتیوانى لە ڕێکوپێکى لیست و سەرف و داهات پرۆژەکانى
کۆمیتەى پارێزگا دەکات و هەموو تۆمەتەکان ڕەتدەکاتەوە . . و هەوڵى
تەواویش درا لە لایەن کۆمیتەى پارێزگاوە بۆ ڕوونکردنەوە و تێگەیاندنى
ئەندامانى حیزبى بەشدار بوو لە گەڵ ئەو کەسانەدا ، لە ئەنجامدا بەشى
هەرە زۆرى ئەوانەى بەشدار بوون ئەو کارەیان مەحکوم کرد لە ئەنجامدا م .
س بڕیارى ( تجمید ) کردنى ژمارەیەکى لەو هاوڕێیانە دا و دواتریش لە
کۆبوونەوەى کۆمیتەى پارێزگادا بە سەرپەرشتى سکرتێرى حیزب و م . س لە
گەڵ هەوڵدان بۆ نەرمونیانى هەڵسوکەوت کردن لە گەڵ ئەو هاوڕێیانەدا
بڕیار درا بە ( تجمید ) کردنیان و بە جیا هەر یەکەیان پێیان ڕاگەیەنرا
لە ئەنجامدا ووتیان ئێمە ئێستا لە دەرەوەى حیزبین . . لە دواى ئەوەشەوە
ئەوانە کە دەبوایە لە ماڵى خۆیان بوونایە تا حیزب ئاگاداریان دەکاتەوە
نەک بێدەنگ نەبوون بەڵکو دەگەڕێن بە سەر ڕێکخراوەکاندا خەڵک هان دەدەن
دژى حیزب ، بۆیە بەم کردەوەیەیان لە سەر کارى تێکدەرانە و کەرتکارى
بەردەوامن و بەم شێوەیە خۆیان خستە دەرەوەى حیزبەوە .
بۆیە سەرجەم هاوڕێیانى ڕێکخستنەکان ئاگادار دەکەینەوە کە پێویستە بە
توندى ڕووبەڕووى ئەم جۆرە کارانە بووەستنەوە و هەر تێبینى و سەرنجێکیش
هەبێت دەشێت لە چوار چێوەى شەرعییەتى حیزبیدا و بە مەبەستى یەکێتى
ڕیزەکانى حیزب بەرەو پێش بردنى حیزب و ڕێکخراوەکان کارى بۆ بکرێت .
07701309524
Hewarash1@yahoo.com
|