٩\٢\٢٠١٠
خوێندنەوەیەکى خێرا بۆ مێژووى ههفتاوپێنج
ساڵەى حیزبى شیوعى.
هیوا ڕەش
بەشى چواردەم (ب)
قۆناغى دەرفەت دۆڕان. 2003 – 2005
سەرکردایەتى حزبى شیوعى وەکو پیشەى لێ ڕاهاتوویان کە هەمیشە دڕ بوونە
بۆ گیان هاوڕێکانیان و لە بەرامبەر دوژمنیش دا ملکەچ و موونەرم ،
ئەمجارەشیان بەرامبەر ئەو هاوڕێیانەى داواى چاکسازییان ئەکرد لە ناو
حزب دا وا بوون بەڵام بارودۆخەکە گۆڕابوو و نەگونجاو بوو بۆیان ،
هەرچەندە هێزى چەکدارییان کۆکردەوە و هەڕەشە و گوڕەشەیان ئەنجام دا
بەڵام خۆیان ووتەنى نەیانتوانى – سحق – مان بکەن چونکە پێگە حزبییەکە
ووریا بوون و هەڕەمەکى بڕیارى ناپەسەندى سەرکردایەتییان بە سەر
هاوڕێکانى خۆیان دا جێبەجێ نەئەکرد ، بۆیە شێوازى ئەمجارەى سەرکردایەتى
زیاتر پەنا بردنە بەر درۆ و دەلەسە و بوختان و پڕوپاگەندەى خراپ بوو بۆ
نمونە : هاوڕێیانى ڕیفۆرمخواز داواى دادگایى مەلەفدارانى ناو حزبیان
ئەکرد کەچى سەرانى حزبەکە ئەیانویست هاوکێشەکە پێچەوانە بکەنەوە لە برى
ئەوەى ملکەچى ئەو داوایە بن و برادەرە مەلەفدارەکانیان لە سەرکردایەتى
دا سزا بدەن کەچى بۆیانیان دیزە بەدەرخۆنە ئەکرد لە ناو حزب دا و لە
دەرەوەى حزبیش دا پڕوپاگەندەى ئەوەیان ئەکرد کە ئێمە داکۆکى لەو
جاسوسانە ئەکەین کە لە دوایی دا دەرکەوت کێ بوون ئەوانەى داکۆکییان لە
سیخوڕ و جاسوس ئەکرد و پلەکانیشیان لە ڕیزى حزبەکەدا بۆ بەرز ئەکەنەوە
، لە هەمبەر هاوڕێیانى ( کۆڕى تێکۆشان لە پێناو چاکسازى حزبى شیوعى
کوردستان ) دا هەڵوێستێکى دووفاقى و دیماگۆگیانەیان گرتبووە بەر چونکە
ئەیانزانى ئەوانەى ئەو بزووتنەوەیە بەڕێوە ئەبەن مێژووى خەباتى سیاسى و
پێشمەرگایەتى و ڕێکخستنیان زۆر لە هى سەرکردایەتى باڵاتر و پاکتر و پڕ
هەڵوێست ترە .
دواى ئەوەى بۆ سەرانى هەلپەرستى حزبى شیوعى دەرکەوت کە ئەم باڵە ( کۆڕى
تێکۆشان لە پێناو چاکسازى حزبى شیوعى کوردستان ) دەسبەردارى هەڵوێستى
خۆیان نابن لە پێداچوونەوە بە سیاسەتى حزبەکە دا و کاراکردنى چاودێرى
دارایى ناوەندى و سزادانى مەلەفداران و پاککردنەوەى ڕیزەکانى حزب لێیان
کە تا ئەهات هاوڕێیانى ڕێکخستنەکانمان زیاتر لێ کۆ ئەبوونەوە بۆیە
بیریان لە گەلەکۆمەى چەکدارى کردەوە تا لە بارەگاکان دەرمان بکەن ،
ئەویش بە هەڵە تێگەیاندنى هاوڕێیان لە دەربەندیخان و هەڵەبجە و ڕانیە و
ئەو شوێنانەى چەکداریان لێى هەبوو گوایە ( کۆمەڵێک بە پشتیوانى
لایەنێکى دەسەڵات ئەیانەوێت بارەگاى حزب داگیر بکەن ) ، بۆیە ئێمە
وامان بە باش زانى خۆمان لەو شەڕى لابەلایە لابدەین تا نەهێڵین بە
پیلانى سەرانى حزبەکە هاوڕێیانمان دەستیان بە خوێنى یەکتر سوور بێت و
ناچار بارەگاکانمان بۆیان جێهێشت و نووسینگەیەکى تایبەت بە خۆمان دانا
و لەوێوە هەر بە ناوى کۆڕى تێکۆشان لە پێناوى چاکسازى حزبى شیوعى
کوردستان پەرەمان بە کارەکانمان دا و بڵاو کراوەى تایبەت بە خۆشمان
دەرچواند و سەرانى حزبى شیوعیش لە درۆ و بوختان بۆ ناوزڕاندنمان یەک
ساتێک خافڵ نەبوون .
ئێمە ئومێد بڕاو بووین لە بەخۆداچوونەوە و خۆنوێکردنەوەى حزبەکە و
ئاستەنگى دروست کردن لە بەردەم هەموو هەوڵێک بە ئاراستەى پێشخستن و
گیان وەبەر هێًنانەوەى حزبەکە و زیندوو کردنەوەى بگیرێتە بەر بۆیە لە 2
7 2004 دا لە لایەن لیژنەى ئامادەکارییەوە بە مەبەستى دامەزراندنى حزبى
شیوعى کوردستان – باشور بەیانى ڕۆژنامەوانى ڕاگەیەنرا کە ئەمە
دەقەکەیەتى :
بەیانى ڕۆژنامەوانى.
ساڵێک لەمەوبەر چەندین هاوڕێ و کادیرى بە ئەمەکى حزب لە پێناوى بەرز
ڕاگرتنى ئاڵاى حزب و پاراستنى مێژووى پڕ سەروەرى شیوعییەکان ، لە
هەڵوێستێکى مەبدەئیانەدا دەستیان خستە سەر کەموکوڕییە سیاسى و فیکرى و
تەنزیمییەکان لە ڕیزەکانى حزب و دەرکردنى لەو قەیران و ئاستەنگییانەى
دووچارى هاتووە ، بەڵام لە وەڵامى ئەم هەڵوێستەدا گیانى بیرۆکراتیەتى
دەستەیەکى بڕیاردەرى ناو سەرکردایەتى سەرکوتێکى حزبى تەسکى گرتە بەر و
قایل نەبوون بە ڕێگەیەکى دیموکراتى و بە کۆششى هەمە لایەنە بە پێشوازى
ئەو تەنگژانەوە بچن و بۆ ئەمەش دەستیان دایە پڕوپاگەندە و چەواشەکارى
دەرهەق بە هاوڕێیانى کۆڕى تێکۆشان کە لە پێناوى چاکسازى حزبى شیوعى
کوردستاندا تێدەکۆشان .
دواى تاقیکردنەوەى هەموو ڕێگاکانى گفتوگۆ و گوێگرتن لە دڵسۆزانى حزب ،
دەرکەوت دەستەى بڕیاردەرى سەرکردایەتى دەیانەوێ بەڕە لە ژێر پێى ئەو
هاوڕێیانەدا ڕابکێشن و تووشى سارد بوونەوەیان بکەن ئەمەش بە ڕاشکاوى لە
کۆنگرەى سێهەمى ئەو تاقمە و ئاکامەکانى دا دیارە و لە دواى ئەوەشەوە لە
سەر ڕێگەى نامەبدەئى خۆیان بەردەوامن و دەیانەوێ ئەسپى لەڕى خۆیان لە
مەیدانى تۆزاویدا تاو بدەن و مەبەستیان نییە حزب لەو قەیرانانە دەرباز
بکەن چونکە ئەمە لە بەرژەوەندى خودى خۆیاندا نییە ، بۆیە لە دوا
کۆبوونەوەى ئەمجارەدا لە 2 7 2004 بە کۆدەنگى سەرجەم هاوڕێیان بڕیار
درا لیژنەیەکى ئامادەکارى پێک بهێنرێت لە پێناوى بنیاتنانەوەى حزبى
شیوعى کوردستان بە شێوازێکى نوێ تر و پوختە تر .
حزبى شیوعى کوردستان – باشور دەبێتە سەکۆى هەموو شیوعیەکان و چەپەکانى
کوردستان ، داوا لە سەرجەم هاوڕێیانى دڵسۆز و کەسان و گروپى چەپ و
پێشکەوتووخواز دەکەین بە هەماهەنگى لە پێناوى ئەو ئامانجە پیرۆزەدا
تێبکۆشین تا چیتر ڕێگە نەدرێ سازشکارى بە مەسەلە پیرۆزەکانەوە بکرێت .
سەرکەوتن بۆ ڕاستییە
شەکاوە بێت ئاڵاى مارکسیزم لینینیزم
لیژنەى ئامادەکارى حزبى
شیوعى کوردستان
باشور
2 7 2004
سووربوونى هاوڕێیانى کۆڕى تێکۆشان لە سەر هەڵوێستى خۆیان و ڕاگەیاندنى
حزبى شیوعى کوردستان – باشور و دەرچواندنى ڕۆژنامەیەک بە ناوى ( کۆڕى
تێکۆشان ) ەوە و چالاکى بەردەوام و پەیوەندى گرتن لە گەڵ لایەن و گروپ
و کەسایەتییە چەپ و پێشکەوتووخوازەکان و پێشڕەوایەتیى ناڕەزایەتییە
جەماوەرییەکان و تێکۆشانى مەیدانى لە پێناو دەستەبەرکردنى مافە
خزمەتگوزارییەکانى هاووڵاتییان ، سەرانى حشکع ى ناچار کرد ڕایەڵەیەکمان
لە گەڵ دا بهێڵنەوە بۆ ووتووێژ و گفتوگۆ بەڵام هەموو دەستەکانیان
ئاشکرا و دیار بوو کە بە سیاسەتى ( پەرت کە و زاڵ بە ) ڕەفتاریان ئەکرد
و ئەیانویست هاوڕێکان لە یەک جیا بکەنەوە تا بەم شێوەیە هەوڵى هێز
لەبەر بڕینیان بدەن و لاوازیان بکەن ، هاوڕێیانى کۆڕى تێکۆشان وێڕاى
پیلانە نەگریس و ئاشکراکانى سەرانى حشکع دەرگاى گفتوگۆیان دانەخست و
هەر کاتێک ئەوان داوایان کردبێ ئێمە بێ دوودڵى پێشوازیمان لێ کردوون تا
درۆ شاخدارەکانیان پووچەڵ بکەینەوە کە گوایە ئێمە بۆ دژایەتى حشکع
دروست کراوین ، ساختەکارى هەوڵەکانى ئەوان هێندە ئاشکرا بوو لە هەمان
کات دا ئێمەش هێندە بە ووریاییەوە مامەڵەمان ئەکرد تا وەرەقەى قومار
کردنیان لە دەست دا بدڕێنین .
دواى چەندین دانیشتنى یەک بە دواى یەک و نەگەییشتن بە هیچ ئەنجامێک کە
ئێمە جگە لە پێ داگرتن لە بەخۆداچوونەوە و پێداچوونەوەى سیاسەتى حزب و
سزادانى مەلەفدارە جاسوسەکان هیچ خواستێکى تەعجیزیمان نەبوو ، ئەوان
کۆبوونەوەکانیان ئەدایە دەم یەک و سەرقاڵى فێڵ و پیلانگێڕى بوون ، بۆیە
ئێمەش لاى خۆمانەوە بڕیارمان دا ئیتر بۆ لەمەودوا بە هیچ جۆرێک
لەگەڵیان دا دانەنیشین و هەموو دەرگاکانى گفتوگۆیان لێ دابخەین ، بەڵام
ئەوان دەستبەردارى هەوڵە نەزۆکەکانى خۆیان نەبوون و داواى دانیشتن و
ووتووێژیان کردەوە و ئەیانویست ئێمە تووشى هەڵوێستێکى ئیحراج بکەن !
ئێمە ئەمجارەشیان بە ووریاییەوە وەڵاممان دانەوە و بۆ ئەوەى ترش و خوێ
بە درۆ و دەلەسەکانیانەوە نەکەن پێمان ڕاگەیاندن کە ئێمە بە دڵپاکى
تائێستا ڕەفتارمان کردووە و ئێوەش بە فرت و فێڵن لە گەڵمان دا بۆیە
ئەمجارەیان مەرجى دانیشتنمان ئەوەیە کە بە نووسراوى ڕەسمى مەکتەبى
سیاسى داوا بکەن تا پێًکەوە دانیشین ، بەمە ئەوان کەوتنە هەڵوێستێکى
ئیحراجەوە و ملیان دا بۆ داواکەمان ، بەڵام ئەو کەسەى نامەکەیان پێدا
ڕەوان کردبوو داوایان لێ کردبوو کە نامەکەمان پیشان بدات بیخوێنینەوە
بەڵام نەیداتە دەستمان ، ئەمە یەکێکە لە مەهزەلەکانى شێوازى گفتوگۆکانى
سەرانى حشکع ! ئەمەشمان قبوڵ کرد چونکە دڵسۆزانى مەسەلەکە فشار و ڕێزى
خۆیان بەکار هێنا ، لە وەڵام بەو نامەیەى کە ئەمەى خوارەوەیان تێدا
نووسیبوو :
بەڕێز هاوڕێ – هیوا ڕەش –
سڵاوى گەرممان
پێمان باشە بەیەکەوە دانیشین و لە کوێ و کێ دێت ئێمە ئامادەین - - - -
- ، بە نامەیەکى ڕەسمى بە هەمان ڕێگەدا بەم شێوەیە وەڵاممان بۆ
ناردنەوە و ئامادەیى خۆمان بۆ داواکەیان پیشان دا :
حزبى شیوعى کوردستان – باشور
ژمارە : تایبەت
بەروار : 25 8 2004
بەڕێز هاوڕێیانى م . س حشکع
گەرمترین سڵاو
لە ڕێگاى هاوڕێ هیوا وە ناوەڕۆکى نامەکەتانمان پێگەییشت . . پێمان خۆشە
ئاگادار بن کە ئێمە لە گەڵ مەبدەئى حیوارداین لە گەڵ ئەوەى نامەکە بە
شەخسى ئاراستە کراوە . . ئێمە ئێستا وەک کۆمیتەى ئامادەکارى حزبى شیوعى
کوردستان – باشور کار دەکەین ، ئامادەین شاندى خۆمان بنێرین بۆ دیالۆگ
و هەروەها پێمان باشە هەوڵ بدرێت بە تایبەتى هاوڕێ مەلا حەسەن ئامادە
بێ لە نێواندا .
لەگەڵ ڕێز دا
مۆر و ئیمزا
حزبى شیوعى کوردستان – باشور
کۆمیتەى ئامادەکارى
بە ناردنەوەى وەڵامەکەمان ئەوان بۆ ژوان و شوێنى دانیشتنەکە ئێمەیان
سەرپشک کرد ، ئێمەش بۆ ڕێز گرتن لەو هەڵوێستەیان بڕیارمان دا ئێمە بچین
بۆ لاى ئەوان و سەردانى بارەگاى محەلى سلێمانى بکەین و لە کات و ڕۆژى
دیارى کراودا لە لایان ئامادە بین ئەوانیش پێشنیارەکەى ئێمەیان پێ خۆش
بوو ، ڕاستە ئێمە ئەوپەڕى ڕەسمیاتمان دابوو بە شێوازى گفتوگۆ و دانیشتن
لە گەڵ سەرکردایەتى حشکع بەڵام لە ناوەڕۆک دا هەر چاوەڕوانى وەڵام و
هەڵوێستى ئەرێنى ئەوان بووین تا بە هەموو لایەک کارێک بکەین حزب لە
قەیرانەکانى دەرباز بکەین ، دواى ئەوەى نامەکەى م . س ى حشکع مان
خوێندەوە بێ ئەوەى بدرێتە دەست خۆمان و وەڵاممان دایەوە و شوێن و کاتى
کۆبوونەوەمان لە گەڵیان دا دیارى کرد کە کاتژمێر 10 ى سەر لەبەیانى
ڕۆژى 30 9 2004 لە بارەگاى محەلى سلێمانى لە گەڕەکى عەقارى چاومان
پێیان بکەوێت ، ئەوان ڕەزامەند بوون بە پێشنیارەکەمان و بە هەڵوێستێکى
دڵسۆزانەى ئێمەیان لە قەڵەم دا بۆ کردنەوەى ئەو گرێ کوێرانەى تا ئێستا
لەمپەر بوونە لە ڕێگەى ووتووێژەکان ، ئەمە هەروا بە گەرم و گوڕَى
نەمایەوە و وەڵامیان بۆ ناردینەوە کە کۆبوونەوەکە دوا بخرێت تا دووبارە
وەڵاممان لێ ئەگێڕنەوە گوایە کۆبوونەوەیان هاتۆتە پێشێ و ئەچن بۆ
شەقلاوە بۆ ئەو کۆبوونەوەیەى خۆیان ئیدیعایان ئەکرد ، بەڵام ئەمە
خۆدزینەوە و ڕاکردن بوو لە مەسەلەکە : 1 – ڕاستگۆیى و بە گەرمى
ئامادەبوونى بێ مەرجمان لە لایەن ئەوانەوە لە جیاتى ڕێز گرتن لەو
هەڵوێستەمان بە خاڵى لاواز دانرا . 2 – بیروڕاى جیاى نێوان سەرکردایەتى
حشکع لە بەرامبەر ئێمەدا هەبوو ، لایەنى دژمان بە هێزتر بوون لەوانەى
ئەیانویست چارەسەرییەک لە گەڵ ئێمەدا بدۆزنەوە بۆ خزمەتى زیاترى حزب .
ئێمە ئیشوکارى خۆمان نەوەستاند و لە سەر داواى ئەبو کاروان دانیشتنێک
لە نێوان هەردووکمان لە ئوتێلى ئەبو سەنا دا کرا ، دانیشتنەکە
تێکەڵەیەک بوو لە برادەرى و هاوڕێیەتى و نەمزانى ئەو تا چەند سەڵاحیەتى
بڕیاردانى هەبوو بەڵام سەبارەت بە خۆم هاوڕێیان سەرپشکیان کردبووم ،
دواى موناقەشەیەکى تێروتەسەل بەوە کۆتایى هات کە ئێمە بە بێ پۆست و پلە
و پایە ، بە بێ قەید و مەرج و بە دەرکردنى بەیانێکى هاوبەشى هەردوولا
کە ڕەخنە و لۆمەى تێدا بێت بەرامبەر بە ئێمە و لە هەمان کاتیش دا
بەڵێنى حشکع ڕابگەیەنرێت تێیدا بەوەى کار بۆ بەستنى کۆنگرەیەکى بنکە
فراوانى نەوعى بکرێت بۆ کۆکردنەوەى ووزە و تواناکانى حزب و سەر لەنوێ
داڕشتنەوەى سیاسەتى حزب و دیارى کردنى هێڵە گشتییەکان ، هەتا بەدەم
گاڵتەوە بە ئەبوکاروانم ووت ئەوە بکەن ( عفو ) ش دەرنەکەن ئێمە تەسلیم
ئەبینەوە ، ئەمەش چووە ناو ئەرشیفى ئەو چەندین دانیشتن و یەکتر بینین و
ووتووێژ و گفتوگۆیانەى سەرانى حشکع لێى بەترس و دوودڵ بوون !
لە پاییزێکى درەنگى بەرە و زستان و دواڕۆژەکانى دوامانگى ساڵى 2004 دا
لە وەڵامى ئەو کۆبوونەوە ڕەسمییەى کە بە نامە گۆڕینەوەى نێوانمان لە
ساز کردنى دا بووین سەرکردایەتى حشکع دەمەزەردیان کردەوە کە نزیکەى 4
مانگ بوو خۆیان لێ شاردبووەوە و داواى دانیشتنیان لە گەڵمان دا کردەوە
و بۆ ئەم مەبەستە ئەمجارەیان ئەوان شوێن و کاتیان بە بێ پرسى ئێمە دەست
نیشان کرد و ئێمەش وەڵاممان بۆ ڕەوانە کردنەوە .
07701309524
Hewarash1@yahoo.com
|