په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\١٢\٢٠٠٩

خوێندنەوەیەکى خێرا بۆ مێژووى هه‌فتاوپێنج ساڵەى حیزبى شیوعى.


هیوا ڕەش    

 - بەشى شه‌شه‌م -

قۆناغى خۆبەدەستەوەدان. 1973 - 1978


(( لە سەردەمێکى شۆرشگێڕیى وەکو ئەم سەردەمەى ئێستاى ئێمە ، هەموو هەڵە تیئۆرى و ڕیڤیژنیستییەکانى حیزب ، ژیان خۆى بە توند و تیژى ڕەخنەى لێ ئەگرێت – فەهد )) .

دیارە ئەو بۆچوونانەى هاوڕێ فەهد ئەگەر چى لە سەردەمێکى جیا و لە بار و دۆخێکى جیاواز دا بووە بەڵام ژیان ڕاستى و زیندوێتى ئەو بیر و ڕایانەى سەلماندووە چونکە هەڵێنجراوى تیئۆرێکى ڕاست و زیندووى مارکسیزمن ، بار و دۆخى ئەمڕۆى حیزبى شیوعى لە دواى هاوڕێ فەهد و سەلام عادل ، یەکەم و دووەم سکرتێرى شەهید ، کە چارەنوسى کەوتۆتە ژێر باڵى هەڵگرانى هزرى لادەرانە باشترین نمونەیە کە تا دێت بەرەو لاوازى و ڕۆخى مردن ئەچێت و ئەندامە دڵسۆزەکانیشى لە باتى هەوڵدان بۆ بەر گرتن لەو لادان و هەڵدێرانەى کە لە سەر دەستى سەرکردایەتییەکەیان دووچارى حیزبەکەیان هاتووە بە هەناسە ساردییەوە لە ژێر دروشمى – ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار – لە نێو چوار دیوارى بارەگاکانیان چاوەڕێى قەدەرى ئیلاهین .

ئەو میراتە شۆڕشگێڕییەى شەهیدانى حیزب بۆ دواى خۆیان جێیان هێشت بووە لەوەڕگایەکى باش بۆ هەلپەرستان ، ئەوانەى خاوەن هزرى شۆڕشگێڕى بوون بە دەگمەنیان لە سیاسەتى کوشت و بڕى دوژمنانى شیوعیەت دەرباز بوون و هەر چییەکیان لێ شەهید کرا کرا و ئەوانەشى مابوونەوە بە ئاوێتە یبوونى سیاسەتى تۆقاندنى دوژمنان لە دەروەى حیزب و سیاسەتى بەربەرەکانێى نامۆ بە شیوعیەتى سەرکردایەتى حیزبەکە تەفر و تونا کران و وەکو ئاردى ناو دڕکیان لێ بە سەر هات ، بەمە مەیدانى جریت بازى سەرکردایەتى و دەست و پێوەندەکانیان پان و پۆڕ تر بوو تا بە ویست و ئارەزووى خۆیان گەمە بە ئاییندەى حیزبى شیوعییەوە بکەن و لە کوێوە با هات لەوێوە شەن بکەن و ئیتر سەرەتاى هەڵخزانى سەرکردایەتى حیزبى شیوعى دەستى پێ کرد و چووە وارى پراکتیکەوە و هەنگاوى هەڵێنا بەرەو خۆ بەدەستەوەدان .

کۆمیتەى ناوەندى لە مانگى تەمموزى ساڵى 1973 کۆبوونەوەى ناکاوى گرێ دا و مۆر کردنى – بەرەى نیشتمانى و نەتەوەیى پێشکەوتووخواز – ى لە منداڵدانى خۆیەوە دەرپەڕاند و مێژوویەکى ڕەشى بە دواى خۆى دا هێنا کە لە شاشەى تەلەفزیۆنەوە و بە بەرچاوى گەلانى عێراقى ماران گەستەى دەستى بەعس لە لایەن هەریەک لە عەزیز محەمەدى سکرتێرى حیزبى شیوعى عێراق و ئەحمەد حەسەن بەکرى سەرۆک کۆمارى بەعسییەکان واژۆ کرا ، و ئەو ئەندام سەرکردایەتییانەى لە کۆبوونەوەى بەرایى کۆمیتەى ناوەندى کە بەر لە ئیمزا کردنى بەرە خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن دەر ئەخست ئەوا لە دواى ئەوەى بەرەکە ڕاگەیەنرا بوونە سەربازێکى ملکەچى سیاسەتى سەپێنراوى سکرتێر و ڕەعیەتەکەى کە پێش گرێ دانى کۆبوونەوەکە لە پەنهانەوە حیزبەکەى خۆیان لە بەعس مارە کرد بوو بە بێ ئەوەى ئاکامەکانى بایەخى هەبێت بە لایانەوە ، ئەم کردەوە ناشۆِڕشگێڕییە خۆ بە دەستەوەدەرانەیە شکستێکى گەورە بۆ شیوعییەکان و سەرکەوتنێکى بێ وێنەى بۆ بەعسسەکان تۆمار کرد ، دیارە سەرکردایەتى حیزبى شیوعى لە چەمکى ووریایى شۆِر ِشگێڕانە هەر ئەوەندە تێ گەییشتبوون کلیلى چارەسەرى قەیرانەکانى کۆمەڵگا بدەنە دەست بۆرژوا نانیشتمانییە کۆنەپەرستەکانى گۆش کراو بە ئایدیۆلۆژیاى بەعسیزمەوە لە پێناوى چەسپاندنى بیرۆکەى نەزۆکى – لە ڕێگەى گەشەى ناسەرمایەدارى بەرەو بنیات نانى کۆمەڵگایەکى سۆشیالیزمى – ئاغاى خرۆتشۆف !

لە دواى دروست بوونى بەرەى نیشتمانى و نەتەوەیى و پێشکەوتووخواز کە بە خاوەندارێتى حیزبى بەعس و کرێچێتى حیزبى شیوعى دەستى پێ کرد ڕۆژ لە دواى ڕۆژ بەعسییەکان فشاریان زۆر تر ئەکرد و تەنگیان بە کۆمەڵانى خەڵکى زەحمەتکێش زیاتر هەڵ ئەچنى و بەردەوام گیانى شەڕاگێزیى خۆیان لە هەموو ئان و ساتەکان دا بەرامبەر شیوعییە تێکۆشەرە ڕاستەقینەکان نە ئەشاردەوە ، مۆر کردنى بەرە زۆر قورس کەوت لە سەر شیوعییەکان و لە بەرامبەر نزیک بوونەوەیان لە بەعس کەلێن کەوتە نێوان حیزبى شیوعى بە سەرکردایەتى عەزیز محەمەد و پارتى بە سەرۆکایەتى مەلا مستەفا و شەهید کردنى دۆست و لایەنگرانى یەکتر ، تا گەییشتە بە ڕەنگاریى چەکدارى و شەڕ و پێکدادان دواى ئەوەى بەعس لە ناوەڕۆکى بەیاننامەى 11 ئازارى 1970 پاشگەز بووەوە ، بە تایبەتى لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى یاسادانان کە بەعسییەکان لە هەوڵى ئەوەدا بوون وەکو دامەزراندن ئەو پێکهاتەیە پێک بهێنرێت نەک هەڵبژاردن ، سەرکردایەتى حیزبى شیوعیش لە چاوەڕێى کورسییەکان دا بێ هەڵوێستانە سەرى خۆى کز کردبوو کە ئەمانەى خوارەوە ئەندامانى ئەنجومەنى یاسادانانى سەر بە لیستى حیزبى شیوعى بوون : یوسف حەننا بەرپرسى حیزبیى فراکسیۆنى شیوعى و نەجمەددین مامۆ و ئەحمەد دڵزار و سامیە چاوشلى و قادر ڕەشید و ئیبراهیم سۆفى و خەیرى قازى و - - - ئەم هاوبەش بوونى حوکمەش نەبووبووە کۆسپ لە بەردەم بەعسییەکان لە دەست درێژى کردنە سەر شیوعییەکان و گرتن و کوشتنیان ، هەر چەندە جگە لە هاوبەشیى یا باشتر وایە بڵێین شاگردێتى سەرکردایەتى حیزبى شیوعى بۆ – کاسترۆى عێراق – کە ئەم ناوەیان بە باڵاى سەدام تکریتى خوێنمژ دا بڕیبوو ڕاستڕەوانى ناو حیزبى شیوعى لە تواندنەوەى شۆِڕشى کورد بە پیلانێکى نێودەوڵەتى کەیف سازى خۆیان نە ئەشاردەوە و تەنانەت لە ڕاپۆرتى کۆمیتەى ناوەندى لە کۆنگرەى 3 دا کە لە لایەن عەزیز محەمەدەوە خوێندرایەوە هاتبوو : دواى داڕمانى یاخیگەریى کۆنەپەرستى چەکدارى توانایەکى بابەتیانەى باشتر خوڵقا بۆ چارەسەرى ئاشتى – دیموکراتیانە بۆ کێشەى کورد - - - ، ئەمە هەڵوێستى ناوەندیى بڕیار بە دەستانى حیزبى شیوعى بوو کە شۆڕشێکى خاوەن نزیکەى 200000 پێشمەرگە بە یاخیگەرى کۆنەپەرستى بناسێنێت و واى نیشان بدات کە بە هاوپەیمانێتیى بکوژانى سەلام عادل و شێخ عەلى بەرزنجى و سەدان هاوڕێى تێکۆشەر و بە دەست لە ناو دەست لە گەڵ بەعسییەکان بە ئاشتى و دیموکراتییانە ئەتوانن چارەسەرى کێشەى خاکێکى داگیر کراو و گەلێکى ستەم لێکراو بکەن !

لە دواى ڕێککەوتننامەى شوومى جەزائیر و تێکشکانى شۆڕشى کورد ئیتر بەردەمى حیزبى بەعس چۆڵ بوو بۆ سیاسەتى تاکڕەوى و حیساب نەکردن بۆ حیزبى شیوعى زیاتر برەوى سەند و تا ئەهات لە بەڵێنەکانى پێشووى پەشیمان ئەبووەوە و لە بەرامبەر دا ئەوەى لە سەر سەرکردایەتى حیزبى شیوعى بوو تەنها موبارەکە کردنى هەنگاوى – گەشە سەندنى نا سەرمایەدارى بەرەو سۆشیالیزم – ى بەعسییەکان بوو لە کاتێک سیاسەتە کۆنەپەرست و نا ئینسانییەکانى حیزبى بەعس فراوانتر ئەبووەوە لە تەعریب و تەهجیر و تەرحیل و بە سەربازى کردنى کۆمەڵگا و بەر تەسک کردنەوەى مافەکانى زەحمەتکێشان و کوشتن و بڕین و لە سێدارە دان بە گشتى و لە هەمبەر حیزبى شیوعیش تا ئەهات چالاکییەکانیان بەر تەسک ئەکرایەوە لە ناو زانکۆ و فەرمانگە و شوێنە فەرمییەکان بە گشتى و بە تایبەتى لە سوپا دا ، تەنانەت 31 سەربازى شیوعى بە ئاشکرا لە سێدارە دران ، شایەنى باسە لە نێو ئەو شەهیدانە دا تەنها سکرتێرى ئێستاى حیزبى شیوعى – کەمال شاکر – بە سەلامەتى دەرچوو و ئازاد کرا کە تا ئێستا ئەم نهێنییە شارراوەیە زۆربەى شیوعییەکانى ئێستا نەک نایزانن بەڵکو لێشى بێ ئاگان جا نازانین دواى زانینى ئەم ڕاستییە وەڵامیان چى ئەبێت ئایا دەست بە کڵاوەکانیانەوە ئەگرن با نەیبات هەر وەکو هەڵوێستى نەشیاویان نواند لە بەرامبەر مەلەفدارەکانى 2003 ؟ ! العلم عند الله . هەموو ئەو تاوانانەى درا بووە پاڵ ئەو 31 هاوڕێیەى حیزبى شیوعى کە بە ناهەق لە لایەن بەعسییەکانەوە شەهید کران تەنها گوایە کارى حیزبایەتییان کردووە لە ناو سوپا دا بە مەرجێک هەموو ئەفسەر و پلە و پایەدارەکان و فەرماندەکانى سوپا بەعسى بوون ، دیار بوو ئەمە بۆ بەعسییەکان عادەت بوو بۆ شیوعییەکان عیبرەت بوو ، بێگومان لە ئەنجومەنى کارتۆنى یاسادانانیش شیوعییەکان وەکو کارمەندێکى ئاسایى هەڵسوکەوتیان لە گەڵ ئەکرا ، کەچى سەرکردایەتى کۆنەپارێزى حیزبى شیوعى لە زەردەخەنە بترازێت متەقى ناڕەزایەتییان لێوە نە ئەهات !

لە دانیشتنێکى دۆستانەى هەندێک بەعسى و شیوعى دا و لە کاتى خواردن و خواردنەوە دا کە – سەباح میرزا – ى یاوەرى سەدامیشى تێدا ئامادە بووە ، جەلادى ناوبراو لە نێو قسەکانى دا ئەوەى درکاند کە : ساڵى 1980 ئەکەینە ساڵى یەکلایى کردنەوە ئەبێت و هەموو گەلى عێراق ئەبێت بە گەلێکى بەعسى و جگە لە بەعسى کەسێکى تر جێگەى نابێتەوە لە عێراق دا . لێیان پرسى بوو بۆچى بە دەست نیشان کراوى ساڵى 1980 ؟ ناوبراویش دواى پێکەنین ووتبووى : ئەمە سیاسەتمانە ، ئەمە پلانمانە ، ئەوانەى دیکەش بەرەو جەهەننەم .

بە هاوکارى سەرکردایەتى حیزبى شیوعى حیزبى بەعس توانى حیزبە هاوپەیمانەکەى خۆى ئاوەڕووت بکات تەنانەت دواى شەڕ پێ کردنیان و بە گژ دا دانەوەیان لە گەڵ شۆڕشى کورد دا دەستیان بە چەک داماڵینیان کرد و سەرکردایەتى حیزبى شیوعیش بە سنگێکى فراوانەوە ئەم داوایەى بەعسییەکانى جێبەجێ کرد ، لە ناوەندى ڕێکخراوە دیموکراتى پیشەیى و جەماوەرییەکان چالاکییەکانیان بەرتەسک کرایەوە سەرکردایەتى حیزبى شیوعى مێش میوانى نەبوو ، سیاسەتى تەهجیر بەرامبەر گوندنشینانى کورد پیادە کرا سەرکردایەتى بە دەسکەوتى مەزن وەسفیان ئەکر دو ئۆردوگاکانیان بە گوندى هاوچەرخ ناوزەد ئەکرد ، حیزبى بەعس وەرگرتنى ئەو پێشمەرگانەى دواى نسکۆى شۆڕش ڕادەستى دوژمن بووبوونەوە لە ڕیزى حیزبى شیوعى دا یاساغ کرد سەرکردایەتى حیزبى شیوعى بە حیکمەتى دا ئەنا ، کارى حیزبیى بۆ شیوعیەکان بە خنکاندنیان کۆتایى هات سەرکردایەتى حیزبى شیوعى هێشتا لە هەڵهەڵەى خۆى نەکەوت بە شان و باهووى بەعس ، حیزبى بەعس باڵى بەکر – سەدام جیا لە ڕەفتارى فەرمانڕەوایانى دیکەى پێش خۆى پەلامارى پێگە و بنکە و کادیرى ناوەند و ئەندامەکانى حیزبى شیوعى ئەدا بەڵام سەرکردایەتییەکەى مەرەخەس کرد بوو بە ئارامى بنوون و بە دڵنیاییەوە سەفا و مەروەى ووڵاتە بە ناو سۆشیالیستەکان بکەن و بە پاسپۆرتى ڕەسمى و لە فڕۆکە خانەى عێراقییەوە بە بەرچاوى بەعسییەکانەوە گەشتى سوور ئەنجام بدەن ، بۆیە سەرکردایەتى حیزبى شیوعى هەموو ئەوانەى بە دوژمن تەماشا ئەکرد کە ئەیانویست ناز و نیعمەتیان لێ تێک بدەن ، تەعریب و تەهجیر و تەرحیل و تەبعیس و نەهێشتنى خوێندن بە کوردى و گرتن و کوشتنى ڕۆڵەکانى کورد بەردەوامیى هەبوو لە لایەن سەدامییەکانەوە سەرکردایەتى حیزبى شیوعى تاڵێک لە سمێڵیان نە ئەلەرزى و پێشمەرگە سەرەتاییەکانیان بە موراهیق و چەتە و بەکرێگیراو لە قەڵەم ئەدا ، سەرەنجام شاڵاوێکى بەربڵاوى دڕندانە ڕووى لە حزى شیوعى کرد و زۆربەى هەرە زۆرى لایەنگرانى حیزبى شیوعى ڕاپێچى بەردەم لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەى دەزگا داپڵۆسێنەرەکان کران و داواى پاکانەیان لێ ئەکرا سەرکردایەتى حیزبى شیوعى پێیان ئەووتن : با بەرە تێک نەچێت بڕۆن سمود بکەن خۆمان قسە لە کۆبوونەوەى بەرە چارەسەرى ئەکەین ، ئەوەى لە سەرەتاى دروست کردنى بەرەى نیشتمانى و نەتەوەیى پێشکەوتووخواز ئەنجام درا لە لایەن بەعسییەکانەوە کۆتاییەکەى ئەوەى خستە ڕوو کە سەدام تکریتى نەک درێغى ناکات لە زەبر و زەنگ لە بەرامبەر حیزبى شیوعى بەڵکو ئامادەیە هاوکارانى خۆشى پاکتاو بکات لە ڕیزى حیزبەکەى خۆیان دا کە لە تەمموزى ساڵى 1979 دا بە سیناریۆیەک جەستەى 23 کەسى لە سەرکردەکانى حیزبى بەعسیشى بە پەتى قەنارەوە هەڵواسى ، بەڵام بڵێى سەرکردایەتى حیزبى شیوعى ئێستا بەو قەناعەتە گەییشتبن کە سەدام – کاسترۆى عێراق – نەبوو بەڵکو فەرخە هیتلەرێکى سەردەم بوو ؟ ! یان تا ئێستا تەپڵى بنیات نانى کۆمەڵگایەکى یەکسان و دادپەروەر لە لایەن هێزى بۆرژواوە دەنگى خۆشە و هێشتا نەدڕاوە ؟

چەمکى بەرە لە ڕوانگەى سەدامییەکانەوە هیچ مانایەکى نابەخشى پتر لەوەى چەند حیزبێکى کارتۆنى لە ژێر فەرمانڕەوایى بەعس دا وەکو بەعسییەکى ناڕاستەوخۆ بوونیان هەبێت لە گەڵ ئەوەش دا سەرکردایەتى حیزبى شیوعى دواى ئەو هەموو شاڵاوە پۆلیسییە دەرهەق بە هاوڕێکانیان و هەڵاتنى خۆیان بە پاسپۆرتى عێراقى و بە نوێژى نیوەڕۆ و بە بەرچاوى بەعس و لە فڕۆکەخانەى بەعسییەکانەوە بەرەو ووڵاتانى بە ناو سۆشیالیستى هێشتا ئومێدەوارن بوون و لەوێوە چاوبڕکێیان بوو ئاخۆ کەى بگەڕێنەوەو پەرە بە هاوپەیمانێتییەکەیان بدەن و بەرەى نیشتمانى و نەتەوەیى پێشکەوتووخواز ببوژێننەوە !

لە ماوەى ساڵانى بەرەى نیشتمانى و نەتەوەیى پێشکەوتووخواز دا حیزبى بەعس کەمتەرخەمى نەکرد لە کڕینى ویژدانى سەرکردایەتى حیزبى شیوعى و دەست و دایەرەکانیان و زۆربەیان ڕێگەى جاسوسى و نۆکەر بوونیان گرتە بەر و لە ئاستەنگ دا شوناسیان ئاشکرا بوو ، ئەوەى من ئاگادار بم لە کەرکوک دا چونکە خەڵکى ئەو شارەم و بارەگاکەیان نزیکە ماڵى ئێمە بوو کە وەکو بەعسى خانەیەک وابوو ، بەڕێوەبەرانى بارەگاکە ژێر بە ژێر یا لە کاتى بانگ کردنیان بۆ پاکانە خۆیان فرۆشت ، لە سەرجەم ئەندامانى محەلى و ئەندامانى مەکتەبى محەلى و ئەعیانەکانیان 80% یان سەنگەریان گواستەوە و ڕیزى حیزبەکەیان جێ هێشت و بوونە جاسوسێکى باوەڕ پێکراوى بەعس و هاوڕێ و کادیرە دڵسۆزەکانیشیان سەرگەردان کرد و هەندێکیانیشیان کردە خۆراکى دوژمن ، بێگومان لە شارەکانى دیکەش کەمتریان بە سەر تێکۆشەرانى حیزبەکە دا نەهێنا و ئەوەى بەعس پێى نەکرا بەرامبەریان ئەوا بەرپرسە بە ناو شیوعییەکان بە جێیان هێنا ، سەرەنجام ئاشکرا بوو کە بەرەى نەتەوەیى و نەتەوەیى پێشکەوتووخواز شتێک نەبوو لە تەڵەیەک زیاتر بۆ داهێزرانى گیانى شیوعییەکان و بێ متمانە بوونى حیزبەکەیان لە لاى خەڵک و باشترین پرد بوو بۆ پەڕینەوەى حیزبى بەعس لە حیزبێکى ناجەماوەرى و بێ ڕەواجەوە بۆ حیزبێکى تاکڕەوى سەرتاسەرى کۆنەپەرستى دیکتاتۆرى فاشى ، ئەو بەرەیەى سەرکردایەتى حیزبى شیوعى خۆیان بە ئەندازیارى بناغەکەى ئەزانى .

 


07701309524
Hewarash1@yahoo.com