٦\١\٢٠١٠
خوێندنەوەیەکى
خێرا بۆ مێژووى ههفتاوپێنج ساڵەى حیزبى شیوعى.

هیوا ڕەش
- بەشى نۆیەم -
قۆناغى نوێبوونەوەى شکست.
1983 - 1988
هەموو ئەو هەڵوێستە نامۆیانەى سەرکردایەتى حیزبى شیوعى لە ژێر پەردەى
ئەوەى دوژمن سوودى لێ نەبینێ و حیزب بە قۆناغێکى سەخت دا تێ ئەپەڕێت
چاوپۆشى و دیزە بە دەرخۆنە ئەکرا ، هێزى حیزب سنوور دار لە ڕووى ژمارە
و چەک و جەماوەرەوە و سەرکردایەتیش خۆى بە خاوەنى ناکات و ئەوەى
پێشمەرگە شیوعییەکان بە جێیان ئەهێنا ئەرک نەبوو بەڵکو ئەفراندنێکى لە
وێنە نەبووى پارتیزانى و بە ڕەنگاربوونەوە بوو ، دواى بە ناچارى
کشانەوەى یەکێتى لە گفت و گۆ لە گەڵ ڕژێم دا زەمینەیەکى باش ڕەخسا بۆ
وەلا نانى یەکتر کوشتنى نێوان هێزى پێشمەرگەى حیزبەکان کە یەکێتى
هۆکارى سەرەکى کێشەکان بوو هەروەها هێزێکى گەورە و جەماوەریش بوو و
ژمارەیەکى کاریگەرى هاوکێشە سیاسى و سەربازییەکانى کوردستان بوو ،
یەکخستنى تواناکان بۆ بە ڕەنگار بوونەوەى سوپایەکى تۆکمە و فاشی کۆک و
تەیارى بەعس بۆ بەرامبەر سوپایەکى چەند ئەوەندە لە خۆى گەورە تر و پڕ
چەک ترى ئێران کە باس لەوە ئەکرا پێنجەم ووڵاتى سەربازیى پێشکەوتوو بێت
لە ڕووى ژمارە و تەکنەلۆژیاى سەربازییەوە ، هێندە دڕندانە لە مەیدانەکە
دا بوونى خۆى ئەسەلماند ئامادە بوو لە وەڵامى ئاراستە کردنى فیشەکێک بە
ڕووى دا گوندێک بە خاک و خانوو ، بە دار و درەخت و بە گیانلەبەر و
مرۆڤەکانیەوە خاپور و سوتماک بکات و لە بەکارهێنانى هیچ جۆرە چەک و
شێوازێکى دڕندانەش ناسڵەمییەوە ، بۆیە ئەمە زیاتر هێزە شۆڕشگێڕەکانى
ناچار کرد مل بۆ ئاشتى نێوان خۆیان و داواى جەماوەر بدەن و خۆکوژى
بدەنە لاوە .
حیزبى شیوعى بە بریندارییە یەک لە دوا یەکە سەختەکانی و دوژمنە
زۆرەکانیەوە گیرۆدە بوو بوو ، وەکو لایەنەکانى دیکە لە ناو جاش و
دەزگاکانى ڕژێم لە کوردستان دا پەل و پۆى نەهاویشتبوو ئەتوانین بڵێین
کە ئەو دەزگایانە بە شێوەیەکى گشتگیر دژایەتى حیزبى شیوعییان ئەکرد ،
سوپاى بەعسیش هەموو هێزەکانى بە چاوى دوژمن ئەبینى و هى حیزبى شیوعیش
لە هەمووان زیاتر ، دەزگا جاسوسییە سەرکوتکەرەکانى ڕژێم بە بایەخەوە لە
جموجۆڵى شیوعییەکانیان ئەڕوانى و قورسایى خۆیان خستبووە سەر چۆنێتى
زەبر لێدانى شیوعییەکان ، ئێرانیش ئەگەر چى هەندێک جار بە ناچارى و
بەرژەوەندى خۆى و دڵ ڕاگرتنى لایەنە کوردستانییە دۆستەکانى کە گشتیان
پەیوەندییان هەبوو لە گەڵى دا لە ئاستى دوژمنایەتى کردنى زەقى
شیوعییەکان چاوى خۆى ئەنوقاند ، ئەگینا زۆر جار هاوکات و هاودەم لە یەک
ڕۆژ و سەعات دا تۆپخانەکانى ئێران و عێراق پێکەوە بارەگاکانمانیان بە
تۆپى قورس و سووک و دوور هاوێژ و مەودا کورت بۆردومان ئەکرد ، گەلێک
جار بۆ خۆپاراستن لە تۆپ بارانى چڕى سوپاى هەردوو ووڵات بارەگاکانمان
جێهێشتووە و داڵدەمان بردۆتە بەر بارەگاکانى پارتى وە یا لەو بەندەن و
کێوانە دا لە پەنا گابەرد و بنە دار بەڕووەکان دا خۆمان حەشار داوە
وێڕاى ئابڵوقەیەکى مەحکەمى ئابورى ، لە ناوچە جیاجیاکانیش دا هێزى
نابەرامبەرى چاو سوور و لە خۆبایى یەکێتیش لەولاوە بوەستێ کە ڕێگر بوون
لە بەردەم مەفرەزەکانمان دا بۆ چوونە ناو جەماوەر و ئەنجام دانى
چالاکییەکانمان بە تایبەتى لەو ماوەیەى کە لە دانوستان دا بوون لە گەڵ
ڕژێمى فاشیستى بەعس .
تێکچوونى پەیوەندى یەکێتى و بەعس کەشێکى سیاسى و سەربازى لە گۆڕەپانى
پێشمەرگایەتى دا خوڵقاند ، پێشبڕکێیەکى سەیر کەوتە نێوان پارتى و
یەکێتییەوە لە چاو ساغى کردنى سوپاى پاسدارانى ئێران و دەست ڕاکێشانیان
بۆ ناو قوڵایى خاکى کوردستان کە پێشتر یەکێتى بە پارتى ئەووت – پاسدار
موئەقەتە – تا کار بەوە گەییشت خۆیان پاسدارى ئێرانى بگەیەننە گەرمیان
و بنارى کەرکوک و بیرە نەوتییەکان بۆمب باران بکەن ، بەمە پاساوێکى
بیانوو گیرتریان دایە دەستى ڕژێمى بەعس کە بەوپەڕى دڕندانە ترەوە هێرش
بکاتە سەر تەواوى ناوچە بن دەستەکانى ژێر داگیرکارى خۆى و ڕزگار
کراوەکان لە لایەن هێزى پێشمەرگەوە و چەکى قەدەغە کراویش بۆ سەر کوتى
بزوونتنەوەى چەکدارى گەلى کورد بە تایبەتى و دانیشتوانى کوردستان بە
گشتى بە کار بهێنێت کە ماڵوێرانى بێ وێنەى بە سەر گەلەکەمان دا هێنا ،
لە نێو هەموو ئەم دۆخە ئاڵۆزە دا کە پێویستى بە سەرکردەى بوێر و
لێهاتوو هەبوو بۆ بەڕێوە بردنى ئەو قۆناغە ناسک و ئاڵۆزەى چەکدارى هیچ
گۆڕانکارییەک بە سەر پێکهاتەى نیمچە خێڵەکەى عەزیز محەمەد دا نەهات کە
زیاتر جڵەوى مەسەلەکانیان گرتبووە دەست ( ئەبو فاروق و کەریم ئەحمەد و
ئەبو سەرباز و ئەبو ئاسۆس و ئەبو حیکمەت و ئەبو جۆزیف و ئەبو تارا و
ئەبو لینا و ئەبو و و - - - ) ، ئەم هەموو ئەبووانە تواناى شوانێکیان
تێدا بەرجەستە نەئەبوو لە جێبەجێ کردنى ئەرکەکانیان دا هەروەها ئەوەى
من ئاگادار بم لە کۆمیتەى ڕێکخستنى محەلییەکانیش پێکهاتە حیزبییەکە لەو
ئاستە دا نەبوون بە ئەرکێکى قورسى ئاوەها هەستن و بتوانن جڵەوى
بزوتنەوەى چەکدارى بگرنە دەست و بە ڕێک و پێکى بەڕێوەى ببەن ،، هێزى
پێشمەرگەى حیزبى شیوعى کە نەیانهێشتبوو بکەوێتە سەر پێ و بە ڕژێمى
عێراق و ئێران و یەکێتى و دۆستە دوژمنە شارراوەکانیشیەوە لەولاوە
بووەستێ کە لە ژێر بارى زەبر و پیلانگێڕى دا هێندە لاواز کرابوو کە چى
ئەو ڕەجەبانەى ناومان هێنان سەرپاڵەى بوون بۆیە تا ئەهات ڕووە و شکستیى
زیاتر ئەڕۆییشت .
لە ساڵى 1986 ئاشتى نێوان یەکێتى و حیزبەکان ڕاگەیەنرا و هەناسەیەک
وەبەر هێزى ماندووى حیزبى شیوعى هاتەوە ، هەر چەندە لەوەپێشیش لە
جەماوەرى خۆى دانەبڕابوو و بە پارتیزانییەکى تەواوى مەفرەزە پارتیزانە
شۆڕشگێڕە سەرسەختەکان بوونى بەردەوامى خۆیان لە ناوچەکان دا سەلماند
بوو بەڵام دواى ڕاگەیاندنى ئاشتى دەرگایەکى زۆر فراوانتر بۆ چوونە ناو
جەماوەر کرایەوە و زۆربەى مەفرەزە و پەل و لقەکان لە ناوچەکان کەوتنە
جەولە و زەبر لێدان لە دوژمن ، لێرەش دا سەرکردەکان بە پێى پێویست
نەبوون و خۆیان لە مەیدانەکە ئەدزییەوە و لە نزیکەوە و ڕاستەوخۆ نە
ئەهاتنە ناو خەڵکەوە کە بەم کردارەیان ئەیانتوانى ڕۆڵى ئەکتیڤ بگێڕن لە
جۆش دانى خەڵک و هاوڕێکانیان دا ، ئەوەى ئەنجام ئەدرا دەستپێشخەرى
فەرماندە پلە بچووکە مەیدانییەکانى خوارەوەى خۆیان بوو ، تەنانەت
فەرماندەى بەتالیۆنەکانیش خۆیان لە قەرەى مەیدانى شەڕەکان نەئەدا و
بگرە جار و بار ڕێگریش بوون لە جموجۆڵى هێزە مەیدانییەکان ، بۆ نمونە :
ئێمە کە لە بەتالیۆنى 7 ى هەورامان بووین و بە مەفرەزەى بچووک بچووک
جەولەى شارەزورمان ئەکرد و ئەچووینە ناو شارۆچکەکانى – هەڵەبجە و سەید
سادق و سیروان و خورماڵ – ەوە بە تایبەتى لە ناو هەڵەبجە دا ڕۆڵى
کارامان ئەگێڕا لە تەمبێ کردنى جاش و نۆکەران و پیاوانى دەزگا
سەرکوتکەرەکانى ڕژێم و ئەمەش بە بێ هەماهەنگى ڕێکخستنە حیزبییەکان
ئەنجام نە ئەدرا و ئەوان ڕۆڵى بنەڕەتییان ئەگێڕا و بە بێ ئەوان مەحاڵ
بوو بەو جۆرە بە سەرکەوتوویى ئەرکەکانمان بە جێ بهێنین کە ئەو دەمە
شەهید عەلى کڵاشینکۆف فەرماندەى بەتالیۆنەکەمان و ئەندامى مەڵبەند و
ئەندامى ئەنجومەنى سەربازى مەڵبەند بوو ، لە لایەن حیزبەوە نامە نێردرا
بوو بۆ ڕێکخستن تا هاوکاریمان نەکەن ! مەگەر هۆیەکەى خۆیان
بیانزانیبایە لە بەر چى بوو ؟ ! بەڵام ئێمە بە خەت ڕەجعە لێکمان
ئەدایەوە بۆ پاراستنى کەس و کاریان کە لەو شارانەدا نیشتەجێ بوون ،
دواى شەهید بوونى عەلى کڵاشینکۆف بە کارەساتێکى چاوەڕوان نەکراو و بە
تل بوونەوەى گابەردێکى شاخ بۆ سەر بارەگاکەمان لە کەڕەجاڵ شەهید یوسف
بە وەکالەت بووە فەرماندەى بەتالیۆن ( یوسف عەرەب – گەنجێکى هێمن و لە
سەر خۆ و لێبووردو ، لە هیچ ئەرکێکى حیزبى و عەسکەرى دوو دڵى نە
ئەنواند ، سادە و ڕۆشنبیر و قوربانیدەر و شۆِڕشگێر ، نمونەى ڕەوشت و
جوانى ئینسانى بوو و تا بڵێى شایستەى ڕێز و خۆشەویستى بوو ، بەڵام
شیوعییەکى پەپولەیى هەست ناسکى پڕ لە بەهاى ئینسانى بوو ) وێڕاى ئەم
هەموو سیفەتى مرۆییەى لەو کەسە بە ماناى ووشە ئینسانە دا هەبوو گوناه
بوو ئەرکێکى پێشمەرگایەتى ئاستى فەرماندەیى بەتالیۆنى بە ئەستۆوە بخرێت
، چونکە شارەزاى ناوچەکە نەبوو ، هێندە بەڕێز بوو لە تواناى دا نەبوو
بەرپەچى هیچ پێشنیارێکى هاوڕێیان بداتەوە ، و لە گەڵ ئەوەش دا کە
شیوعییەکى دڵگەرمى خۆشەویستى نێو هاوڕێکانى بوو بەڵام ئەمە کیفایەت
نەبوو بۆ ئەوەى ئەرکێکى لەو جۆرەى پێ بسپێردرێت و ئەتوانرا وەکو
کادرێکى پێشکەوتوو لە بوارەکانى دیکەى ڕێکخستن دا سوودى لێ ببینرێت ،
کەم فەرماندەى بەتالیۆن هاوشێوەى شەهید یوسف عەرەب ئامادەیى تێدا بوو
بۆ هەر ئەرکێک خرابێتە بەردەمى بە بێ لێکدانەوە بە عەمەلى خۆى بێتە ناو
پرۆسیسەکەوە بەڵام لە تواناى دا نەبوو ئەرکى بەتالیۆنى ناوچەیەکى
هەستەوەرى وەکو بەتالیۆنى 7 ى هەورامان بەڕێوە ببات ، بۆیە ئەو دانرا
بوو تا ئەو ئەرکە لە کۆڵى خۆیان بکەنەوە لە لایەکەوە و لە لایەکى ترەوە
کەسێکى لەویش شایستە تر نەبوو ئەو جێگەیە بگرێتەوە کە پێشتر ڕابەرى
سیاسى بەتالیۆن و ئەندامى مەکتەبى بەتالیۆن بوو ، باس لە بەتالیۆنى 9 ى
شارباژێر بکەم لە ساڵى 1986 بە دواوە ئەوا قێزتان لە حیزبەکە ئەبێتەوە
ئاى کە بەتالیۆنێکى سەقەت بوو و لەوەندەش زیاتر ناهێنێت باسى بکەم کە
چۆن کۆمەڵێک پێشمەرگەى قارەمان گیرۆدەى ترسنۆکى و خۆپارێزی
بەرپرسەکانیان بوو بوون و تا ئەهات وورەى هاوڕێکانیان بەر ئەدا و ئەیان
ڕووخاندن تا واى لێ هات ژمارەیان لە سێ ئەوەندەى ژمارەى پەنجەکانى دەست
تێ نە ئەپەڕى ، بەتالیۆنى 15 ى قەرەداغ – گەرمیان خاوەن سنورێکى فراوان
هێزێکى زۆر و پێشمەرگەى نمونەیى بوو ، ئەگەر فەرماندە سەربازییەکانى
بەر لە گەڕانەوەى شەهید جەوهەر لێهاتوو بوونایە ( یەکێتى گوایە تەقلەى
بە فیل لێ ئەدا بەڵام ئەو هێزەى بەتالیۆنى 15 تەقلەى بە یەکێتیش لێ
ئەدا ) فەرماندەى بەتالیۆنەکەى حەمە ڕەشید قەراغى بوو ، حەمە ڕەشید
پیاوێکى قایم و گورج و گۆڵ بوو لە پارتیزانى دا و توانایەکى باشى هەبوو
، خاوەنى کەسایەتییەکى کۆمەڵایەتى ناوچەکە بوو ، بەڵام بەربەست وخۆ
پارێز بوو بۆ ئەنجام دانى چالاکى پێشمەرگانە بۆیە لە ناو هاوڕێکانی دا
خۆشەویست نەبوو ، – مام ئەسکەندەر – ئەندامى مەکتەبى بەتالیۆن بوو کە
جوتیارێکى نەخوێندەوارى دەروون پاکى خەڵکى ناوچەکە بوو ، قسە خۆش و
ئینسان پەروەر ، باوەڕ ناکەم لە ژیانى دا ئازارى هیچ کەسێکى دا بێت ،
پیاوى ناو مەجلیس و بۆ سوڵحى عەشایەرى باش بوو ، بەڵام لە ئاستى
فەرماندەیى هێزێکى وەکو بەتالیۆنى 15 دا نەبوو ، بەتالیۆنى 31 ئازار
ئەوەى لە بیرم مابێت تەنها – مامۆستا ڕزگار – ى فەرماندەى بەتالیۆنە ،
پێم وا بێت مودەرسى فیزیا بوو ، گەنجێکى قۆزى باڵا بەرزى مەسیحى بوو ،
قسە خۆش و ڕۆشنبیر و لە سەر خۆ بوو ، بۆ ئەوە باش بوو لە قوتابخانە
حیزبییەکان وانە بڵًێتەوە ، ئەو و فەرماندەیى بەتالیۆن هەرگیز نە
ئەگونجا ، ئەوانەى ئەو جۆرە کەسانەیان بۆ فەرماندەیى بەتالیۆنەکان دەست
نیشان کرد بوو مەکتەبى قاتعەکان بوون کە هەر قاتعێکى عەسکەرى ئەندام
سەرکردایەتییەکى ئێکسپایەر لە ڕووى حیزبى و جەماوەرییەوە سەرپەرشتى
ئەکرد و ڕاى خۆى بە سەرى دا ئەسەپاند و بە بێ پێوەر و هەڵسەنگاندنى
واقعیانە و دیراسە کردنى – کەسى گونجاو بۆ شوێنى گونجاو – بڕیارى دەر
ئەکرد .
لە نێو فەرماندەکان دا بە تایبەتى بە شەهید مولازم جەوهەر ئەتوانرێ جیا
بکرێتەوە و بدرێتە لاوە ، ئەکرا بکرێت بە کەسێکى خاوەن بڕیار و لە
لوتکەى بڕیارى پێکهاتەى سەربازى ناوچەیەکى زۆر گەورە و فراوان دا
دابنرێت چونکە جگە لەوەى گەنجێکى شیوعى شۆِڕشگێڕ بوو ، گوێ گریش بوو ،
ڕۆشنبیرییەکى سیاسی باش و سەربازیى باشترى هەبوو ، خەڵکى ناوچەکە و
کەسایەتییەکى جەماوەری بوو ، ئازا و بوێر و سادە و لێبوردوو و لێبوردە
بوو ، بەڵام نە سەرووى خۆى و نە چوار دەورى لە ئاستى ئەو دا نەبوون
بۆیە خۆى بە تەنها ئەستەم بوو بەرەو ڕووى ئەو ئەرکە سەختە ببێتەوە ،
ئەم ئاکارانەى دەربارەى شەهید جەوهەر باسم کرد ئەو تێکۆشەرە بە خوێنى
خۆى سەلماندى کە بە ماناى ووشە تێکۆشەرێکى شیوعى ماندوو نەناسە لە
کاتێک دا بەرپرسى سەربازى مەڵبەندى سلێمانى و کەرکوک بوو ئەیتوانى وەکو
زۆرێک لە بەرپرسە ترسنۆکەکان هەڵ بێت و مەیدانەکە جێ بهێڵێت و
بگەڕێتەوە سەر سنوورەکان و لەوێ قسەى زل بکات بەڵام ئەنفالە بەد
ناوەکانیش کۆڵیان پێ نەدا و لە خەبات سستیان نەکردەوە و لە مەیدانى
تێکۆشان دووریان نەخستەوە و سەربەرزانە ژیانى پڕ مەترسى هەڵبژارد و
شەهید بوو ، ئەو کاتە دارایى لە بەر دەست دا نەبوو بەڵام گەندەڵى
ڕێکخستن و هزرى برەوى سەند بوو ، وەلائات و گوێ ڕایەڵیى بێ قەید و
مەرجى سەرکردایەتى و نزیکى لێیانەوە زۆر لە سەرووى پێوەرى بنەما فیکرى
و ڕێکخستنەکانەوە دا ئەنرا ، ئەوانەى لەو چێوە دەرچووبوون و
گەییشتبوونە ئاستى بەرپرسیارێتیى ئەوە لە بەر جەربەزەیى و لێهاتوویى
خۆیان سەرووى خۆیان ئیحراج کرد بوو و پێگەى بەرپرسیارێتییان بە ناچارى
لە سەرکردایەتى دابڕیبوو شەهیدان مولازم جەوهەر و یوسف عەرەبیش باشترین
نمونەن ، کاتێک ئەنفالى شووم دەستى پێ کرد ڕاستییەکان ڕوون تر دەرکەوتن
و پیاوان و دەست و پێوەندى سەرکردایەتى زوو تێیان قوچاند و چوونەوە ژێر
باڵى گەورەکانیان و هەڵنیشتن .
عەزیز محەمەد قسەیەکى جوانى هەیە کە ئەڵێت ( ئەگەر شیوعییەکان بە چاوى
دوژمنەکانیان لە خۆیان بڕوانن ئەوسا ئەزانن چەندە بە بەها و بە نرخن !
)) ، مخابن ئەو ووتەیە نە خودى کاک عەزیز و نە هەوادارانیشى پەیڕەوییان
لێ نەکردووە و قوربانى و بەرخودانى هاوڕێکانیان هەرگیز لە بەر چاو
نەگرتووە بۆیە حیزبەکەیان بە دەردێک برد حەوت بەشى مەرگ بێت ، ڕەفتارى
بەعسییە کۆنە دۆستەکانى عەزیز محەمەد و گوێ ڕایەڵەکانى ئەو ووتەیەیان
سەلماند و هەرچى قورسایى خۆیان هەبوو خستیانە گەڕ بۆ قەڵاچۆ کردنى
شیوعییەکان ، جگە لە ڕاوەدوونانى بەردەوامى مەفرەزەى شیوعییەکان لە
دەمەدەمى ئەنفالەکان دا لە هەمان کات دا دەیان تۆڕى بە کرێگیراو و
خۆفرۆشیان لە ڕیزى هێز و حیزب و لایەنە کوردستانییەکان دروست کردبوو بۆ
لە ناو بردنى شیوعییەکان ، و دەیان قارەمانى شیوعى کە شاڵاوى بەدناوى
ئەنفال زەفەرى پێ نەبردن لە لایەن خۆفرۆشەکانى ڕیزەکانى شیوعى و یەکێتى
و پارتییەوە زەبرى نامەردانەیان لێ وەشێنرا و شەهید کران 1 – سەڵاح
شینەى تاوانبار کە سەرتیپى یەکێتى بوو لە دەشتى هەولێر لە ژێر بە ژێر و
خۆشاردنەوە لە بن پەردەى دۆستایەتیەوە دکتۆر عادل و نزیکەى 20 پێشمەرگە
و کادیرى شیوعى شەهید کرد 2 – هێمنە ڕەشى تاوانباریش کە سەرتیپى یەکێتى
بوو زۆر بە نامەردانە مولازم سەعدى ڕادەستى بەعسییەکان کردەوە و چەند
هاوڕێیەکى دیکەشى شەهید کرد و ئێستا لە ساباتى چەترى یەکێتى دا سنگ
دەرئەپەڕێنێت و نە یەکێتى و نە سەرکردایەتى حیزبى شیوعى ویژدانیان
ئازار ناخوات تا بیدەنە دەستى یاسا و دادگا بە سزاى خیانەتکارانەى خۆى
بگەیەنێت 3 – نەوەکانى حەمە سدیق ( حوسێن و تەحسین و بورهان ) ، ئەم
تاوانبارانە کە سەر بە پارتى بوون و ئێستاش لە ساباتى چەترى پارتى دا
حەساونەتەوە ، قاسم عەرەب و ئایارى سەید عەلى جەبارى و هەڵمەت و چەند
پێشمەرگەیەکى دیکەى شیوعى و یەکێتییان شەهید کرد 4 – خەلیلى تاوانبار
ناسراو بە شۆڕش کە سەر بە ڕێکخستنەکانى حیزبى شیوعى بوو گەورە ترین
خیانەت و کوشندە ترین زەبرى بە پارتیزان ترین مەفرەزەى گەرمیان بە
سەرپەرشتى شەهیدان ئەبو ڤیان و ئەحمەد بازۆکا و هاوڕێکانى گەیاند و بە
گرتن و بە شەهید کردنیانى دا و لە دوایى دا گیراوەکانیش لە سێدارە دران
5 – نەوزادى مەحامى کە کادرێکى شیوعى بوو لە گەڵ براکەى لە لایەن
جوامێرى خۆفرۆشەوە ڕادەستى دوژمن کران و ئێستا لە ساباتى پارتى دا
ئەخۆن و ئەخەون 6 - حاجى مەجید و کۆمەڵێک خۆفرۆشى دیکەى تێکەڵەى سەر بە
یەکێتى و پارتى و سۆشیالیست بە دەسیسەى ئیستیخباراتى بەعس لە هەوڵێکى
نەزۆک دا ویستیان مەفرەزەیەکى حیزبى شیوعى قەڵاچۆ بکەن کە بەندە
فەرماندەى مەفرەزەکە بووم بەڵام نوشوستیان هێنا 7 – شەهید مولازم
جەوهەریش لە لایەن دەستى خیانەتى خۆفرۆشانەوە شوێنى دیارى کراو بە
بریندارى بە دیل گیراو پاشان لە سێدارە درا 8 - ئاراسى خۆفرۆش کە
پەیوەندى بە ئەمنى سلێمانییەوە هەبوو پۆڵا زیندانى ڕادەستى دوژمن کرد 9
– خۆفرۆشێکى دیکەى ڕیزەکانى ڕێکخستنى حیزبى شیوعى شوێنى هیوا ڕەشى بۆ
دوژمن دەست نیشان کرد و پاشان بە بریندارى لە لایەن مەنزومەى
ئیستیخباراتەوە دیل کرا ، ئەمانە چمکێکن لەو تاوانانەى دەرهەق بە
شیوعییەکان ئەنجام ئەدرا و ئەبوایە سەرکردایەتى حیزبى شیوعى کە خاوەنى
سەدان لەو بژاردە پێشمەرگە و کادرانە بوو ئێستا حیزبەکەیان هیچ نەبوایە
بگەیاندایەتە ئاستێک لە هاوکێشە سیاسییەکان دا بخوێندرایەتەوە نەک بە
خوێن و ماندو بوونیانەوە سازش و مساوەمەیان بکردایە و هەمیشە چاویان لە
پاشەڵى حیزبەکانى تر بێت و شتێکیان لێ بکەوێتە خوار و هەڵى بگرنەوە .
ئەم کارەساتانە مشتێکن لە خەروارێک و زەبرى زۆر کاریگەر تر بەر
ڕێکخستنەکانى حیزبى شیوعى کەوت لە ناوەند و خوارووى عێراق دا و زۆربەى
هۆکارەکانیش دەستى خیانەتى نێو خودى شیوعییەکان خۆیان بوون ، ڕەنگە
لەبێ هەڵوێستى لە تاوانبارانى ڕیزى حیزبەکانى دیکەى کوردستان تۆزێک هەق
بدرێتە سەرکردایەتى چونکە نان بڕاو ئەبن ! بەڵام هیچ ناووترێت لە
بەرامبەر بێ هەڵوێستییان لە مەڕ ئەوانەى ئاستى بەرپرسیارێتیشیان هەبوو
لە ناو حیزب دا و خیانەتیان ئەنجام دا و لە دواییش دا خۆیان
ترینجاندەوە ڕیزەکانى حیزبەکە و بگرە مەلەفدارى وا هەبوون لە چاوگەى
بڕیاردان دا گەمەیان بە چارەنووسى هاوڕێ دڵسۆز و شیوعییە
ڕەسەنەکانیشەوە ئەکرد .
07701309524
Hewarash1@yahoo.com
|