په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\١\٢٠١٤

خۆیندنەوەیەکی دیکە بۆ مارکس و کۆمونە و دەوڵەتی سۆڤێتی.


سەلام عارف
     


بەڕێز (ئەنوەر نەجمەدین) لە سایتی (کوردستانپۆست ئینفۆ (www.kurdistanpostinfo.com/ViewItems.aspx?id=1838)دا لەژێر تایتڵی " مارکس لە نێوان کۆمۆنەو دەوڵەتی سۆڤێتیدا" بابەتێکی بە ‌سێ بەش بڵاوکردۆتەوە، منێش بە مەبەستی بەشداریکردن لە لێدوانێکی دۆستانە لەسەر بابەتەکە، ھەوڵدەدەم بەپێی توانا بە بیروبۆچوونی خۆم خوێندنەوەیەکی دیکەی بۆ بکەم، ھیوادارم بۆ خوێنەرانی بەڕێز بەسوودبێت.

نووسەر، سەرەتا لە بابەتەکەیدا ستەمێکی زۆری لە (کارل مارکس) کردووە و نووسیویەتی " لەلای مارکس، مێژوو ھیچ نیە مێژووی گەشەی پیشەسازی نەبێت"، ئەو بۆچوونە لە ڕاستییەوە ‌دوورە، تەنانەت سۆسیالیستێکی شیرەخۆرەش ئەوە دەزانێت، کە (کارل مارکس) مێژووی بە مێژووی ململانێی چینایەتی زانیوە، بە مێژووی داماڵینی خاوەندارێتی زانیوە،جگە ‌لەوە (مارکس) وەک زانستێک ڕوانیویەتە مێژوو، ھەر لەو تێڕوانینەشەوە بووە وتوویەتی "مێژوو تاکە زانستێکە، کە ئێمە دەیناسین و بڕوای پێدەکەیین" ‌ھەموومان دەزانیین، کە (مارکس) زۆر باسی پێشکەوتنی پیشەسازی کردووە، ئەوەش لە لۆجیکی پرۆگرامی لێکۆڵینەوەی ئابووری کۆمەڵگەی سەرمایەداری بەدەر نەبووە. کێ ئەوە نازانێت، کە بەبێ باسکردنی پێشکەوتنی پیشەسازی ئەستەمە توێژینەوەی ئابوریی و پێشکەوتنی ئابووری کۆمەڵگەی سەرمایەداری بکرێت؟ ئەوە لەیادناکەم، کە توێژینەوەی (مارکس) بۆ ئابووری کۆمەڵگەی سەرمایەداری، لەژێر کاریگەری ئاستی زانستی سەردەمەکەی خۆیدا بووە، بە تایبەتی ئاستی زانستی میکانیکی کلاسیکیدا.

(کارل مارکس) ھێندێک جار لە گۆشەیەکی ڕامیارییەوە سەرنجی مێژووی داوە، ھەندێک جاریش لە گۆشە ئابووری کۆمەڵایەتییەکەوە، زەق دیارە ، کە گۆشە ڕامیارییەکە بۆ بە ڕامیارییکردنی(حیزبی)کردنی بزوتنەوەی کرێکاران بووە، ھەروەھا بۆ دەستخستنی دەسەڵاتی ڕامیاریی، باشتر بڵێم بۆ شۆڕشی ڕامیاریی لە ‌سەرەوە بۆ خوارەوە و سەقامگیرکردنی دەوڵەت، دەوڵەتێکی کڕیاری ھێزی کار.

نووسەر نوسیوییەتی" لە سەردەمی لە دایکبوونی مارکسیزمی ڕووسیدا، ھێشتا کتێبەکانی مارکس لە چاپ نەدرا بوون. کتێبی (ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی)، (گرۆندریسە)، (سەرمایە، کتێبی سێھەم) کە گرنگترین و دواین بەشی لێکۆڵینەوەکانی مارکس، بە چڕی و خەستی، کۆدەکاتەوە، وە زۆری تریش لە دانراوەکانی مارکس، ھەتا سەدەی بیستیش چاپ و پەخش نەکراون و کەسیش لە مارکسیستەکان ئەو دانراوانەیان نەبینیوە کە تێزەکانی مارکسن و سەربەخۆن لە نووسینەکانی ئینگڵس، وە کەسیش نازانێت نووسینەکانی مارکس چ دەستکاریەک کراون. تاکە سەرچاوەیەکیش کە مارکسیستەکانی ڕووس پەنایان بۆ بردبێت، کتێبی (ئەنتی دۆھرنگ) و (دیالەکتیکی سروشتە) کە ھەردووکیان سەربەخۆ لە مارکس، لە ئینگڵسەوە نووسراون و لە ناکۆکیەکی گەورەیشدان لەگەڵ تێزەکانی مارکس"

گەر لە نزیکەوە بڕوانینە ئەو بۆچوونەی نووسەر، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت، کە ئەو سەر بەو بیرکردنەوەیەیە، کە بڕوای وایە، "فەلسەفەکانی پێشوو تەفسیری دونیان کردووە، ئەوەی ئێمە تەنھا تەفسیری ناکات، شۆڕشگێڕانە دەشیگۆڕێت" . بە بۆچوونی من ئەو جۆرە بیر و بۆچوونە بە زمانی فەلسەفەی ڕامیاریی پێیدەوترێت (ئایدیالیزمی میکانیکی) جا لێرەدا پرسیار ئەوەیە "ماتەریالیزمی دیالێکتیک" و (ئایدیالیزمی میکانیکی) کوجا مەرحەبا ؟

دەربارەی درەنگ گەیشتنی مارکسیزم بۆ ڕوسیا، من ھەر ئەوەم لەسەرە بڵێم مارکسیزم زۆر درەنگ نەگەیشتۆتە ڕوسیا، ئەوەتا (ڤۆلین) لە لاپەڕە ‌(٤٢)ی بەرگی یەکەمی پەرتووکی (شۆڕشی نەناسراو*دا گەیشتنی مارکسیزم بۆ ڕوسیا بۆ ساڵی ١٨٨١دەگەڕێنێتەوە و نوسیوییەتی " مارکسیزم و پارتی سۆسیال دیموکرات بوونە ڕوخساری بزوتنەوەی شۆڕشخوازی-پێشکەوتنی پیشەسازی- لەتەک پێشکەوتنی کولتوور و- نەشونمای پیشەسازی- ڕەھایی وکۆنخوازی ئەو پێشکەوتنە دەسەلمێنێت، دوای مایەپوچی ئەو توندوتیژییە، کە حیزبی Narodnia Vola دژی تزاریزم بەکاریدەھێنا،چەند ئۆرگانێک ڕۆڵێکی بنەڕەتیان لە گۆرینی بزوتنەوەی شۆڕشخوازی ڕوسیدا بینی ، لە ھەموویان گرنگتر سەرھەڵدانی مارکسیزم بوو."

ئەو قسانەی (ڤۆلین) ئەوە دەردەخەن، کە مارکسیزم زۆر درەنگ خۆی ‌ بە ڕوسیادا نەکردووە ، ئەو چەند ساڵەش ھێگجار زۆربووە بۆ تێگەیشتن و ھەرسکردنی کۆڵەکە سەرەکییەکانی مارکسیزم، واتە تێگەیشتن لە (بە ڕامیارییکردنی بزوتنەوەی خۆبەخۆیی کرێکاران و جڵەوکردنی) و (دەستخستنی دەسەڵاتی ڕامیاریی و پراکتیزەکردنی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا). مارکسیزم لە ھەڕەتی لاویدا لە دەرگەی ڕوسیای داوە ‌و خۆی بە ماڵدا کردووە ‌و سۆسیال دیموکراتەکانی ڕوسیا پێشوازیان لێکردووە، گریمان ئەوەی (ڤۆلین) وتوویەتی فڕی بەسەر ڕاستییەوە نییە ‌و مارکسیزم درەنگانێک خۆی بە ڕوسیادا کردووە،بەڵام سۆسیال دیموکراتەکانی ڕوسیا کەمتەخەمیان نەکردووە و ھەر زوو بە زوو خۆیان گەیاندۆتە لای مارکسیزم، دەبووایە نووسەر لە ‌باسکاری ئەو درەنگ و زوو گەیشتنە، ئەو خاڵانەی خوارەوەی لەبەرچاوبگرتنایە، کە ڕاستەوخۆیان ناڕاستەوخۆ پەیوەندیان بەو پرسەوە ھەیە:

١- ھەموومان ئەوە دەزانیین، کە سۆسیال دیموکراتەکانی ڕوسیا گەمژە نەبوون و لە کونی دیوار نەھاتبوەدەر، ئەوان زۆریان بەتایبەتی سەروەرەکانیان، لە حیزبی (Narodnia Vola) و تەوژمی (نەبووەکی-العدمیە- نەھیلیزم)ەوە ھاتبوون، ئەو حیزب و تەوژمە یەکەمیان پارتێکی دەسەڵاتخوازی بووە، بڕوایان بە ھیچ گۆڕانێک نەبووە، گەر لە توندوتیژی و سەرەوە بۆخوارەوە سەرچاوەی نەگرتبێت، دووەمیشیان بڕوای وابووە، بۆ بڕینەوەی ئازار و چەوسانەوە لە ڕەگەوە، دەبێت ھەرچییەک ھەیە لەتەک زەویدا تەختبکرێت، دواتر بەپێی حەز و ویست و ئارەزوەکان پێکھاتەیەکی دیکەی پاک دروستبکرێت.

٢- سۆسیال دیموکراتەکانی ڕوسیا بە سەلیقەتریین شاگردی گەورەتریین پارتی مارکسیست بوون، واتە پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا، ئەوان لە دەرچووانی خوێندگەکەی (کاوتسکی) بوون، ئەو دەمە ئەو (کاوتسکی)ە ‌دەوڵەتخوازە مەزنتریین باسکار و ئاسانکاری ھزرەکانی (مارکس) و (ئینگلس) بووە، لەو شاگردە بەسەلیقانە دووانیان لە ھەموویان بەتواناتر بوون بەتایبەتی لە پرسی پارتچێتی و دەوڵەتچێتیدا، مەبەستم لە (لینین) و (ترۆتسکی)یە.‌

٣- من لەو بڕوایەدام نووسەر ئەوە دەزانێت، کە فەلسەفە و بیروباوەڕ موڵکێکی تایبەتی ئەم تاک و ئەو تاک نین ‌و لەدایکبووی ئەم جێگە و ئەو جێگە نین، لە ھەر کوێیەک ھەلوومەرجە بابەتی و خۆییە ھاوتوخمەکان ھەبن، ھەمان فەلسەفە ‌و بیروباوەڕ بوونی دەبێت، واتە مارکسێک، مارکسیزمێک ھەیە، ڕوسیاش خەزێنەی فەلسەفە ‌و بیروباوەڕی ڕامیاریی باڵادەستی لێوان لێو بووە، تاکەکانی کۆمەڵگەیان پێگۆشەدەکرا، واتە زۆر لە تاکەکانی کۆمەڵگەی ڕوسیا کەرەسەی ئامادەکراوبوون بۆ مەیدانی تەراتێنی دەسەڵاتخوازی و گۆڕانکاری لە سەرەوە بۆ خوارەوە، باشتر بڵێم گۆڕینی کۆمەڵگە بە زەبری ھێزی ھزر و تێپەرکردنی بە فیلتەری دەسەڵاتی دەوڵەتدا.

نووسەر دەربارەی دەستکاریکردنی دانراوەکانی مارکس، واتە مارکسیزم، نوسیوییەتی " کەسیش نازانێت نووسینەکانی مارکس چ دەستکاریەک کراون. تاکە سەرچاوەیەکیش کە مارکسیستەکانی ڕووس پەنایان بۆ بردبێت، کتێبی (ئەنتی دۆھرنگ) و (دیالەکتیکی سروشتە) کە ھەردووکیان سەربەخۆ لە مارکس، لە ئینگڵسەوە نووسراون و لە ناکۆکیەکی گەورەیشدان لەگەڵ تێزەکانی مارکس ..... ئەو سەرچاوەیەی لە ساڵەکانی دوایی تەمەنی ئینگڵسدا، دەکەوێتە بەر ڕەخنەی ئینگڵس خۆی (بڕوانە پێشەکی کتێبی: ئەنتی دۆھرنگ). سەرچاوەی بیرو بۆچوونەکانی ئینگڵسیش ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانیە. دایکی ھەموو تەوژمە مارکسیستەکانی قوتابخانەی ڕووسیی مارکسیزمیش، بلیخانۆفە نەک مارکس "

بە بۆچوونی من، ھیچ کەس لە بۆ‌لشەڤیکەکان، ھێندە چاوقایم نەبووە، تا بوێریی ئەوە بکات دەستکاری نوسراوەکانی مارکس بکات، ئەو دەمە زیاتر لە ھەموو کاتێکی دیکە زیاتر بڤەتر بووە، چونکە لای بۆ‌لشەڤیکەکان نووسراوەکانی مارکس لە ڕاستییە مێژوییە نەگۆڕاوەکان بوون، ئەوە لەلایەک، لەلایەکی دیکەشەوە سۆسیال دیموکراتەکانی ڕوسیا، وەک سۆسیال دیموکراتەکانی وڵاتەکانی دی، حازرخۆری بەرسێبەر بوون، بۆ دەستکاریکردنی ھزرێک، کە لەتەک خواست و ھیوا و مەبەستیاندا گونجاوبێت و بە کوڵاوی و بە پاکراوی ھاتبێتە بەر دەستیان، ھیچ پاساو و ھاندەرێکیان نەبووە، بێجگە لەوەش دەستکاریکردن پێویستییەک نەبووە، کە خۆی سەپاندبێت،مارکسیزمیش یا ئەوەتا وەک خۆی وەریدەگریت و پەسەندیدەکەیت، یان ئەوەتا دووھێڵی ڕاست و چەپی بەسەردا دەھێنیت، ئەوەی بەلای بۆلشەڤیکەکانەوە گرنگ بوو، داھێنانی نوێ بوو بە پشتبەستن بە مارکسیزم. مەگەر بۆلشەڤیکەکان،بەتایبەت (لینین) ئەوانەیان نەکردە بنەمای داھێنانە سەرسوڕھێنەرەکانیان.


١-فەلسەفەکەی ئێمە شۆڕشگێڕانە دونیا دەگۆڕێت...
٢- ئەو دوو خاڵە، کە کۆمونیستەکان لە بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی کرێکاران جیادەکاتەوە ‌[بڕوانە مانیفێستی کۆمونیست] واتە بوونی کۆمونیستی پلە یەک، پلە ‌دوو... تد.

(لینین) ئەو بیروباوەڕانە و ھێندێکی دیکەشی کردە بنەمای داھێنانی " دەستبژێری ھۆشمەندی شۆڕشگێڕی پێشڕەو، ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕمان بدەنێ ڕوسیا ھەڵدەگێڕینەوە، بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕ نییە، بەبێ تیۆرێکی شۆڕشگێڕ".

لە ‌بواری دروستکردنی دەوڵەتی کڕیاری ھێزی کار، بۆچوونی (مارکس)ی کردە بەردی بناغەی دەوڵەتە بۆلشەڤیکییەکە، مەبەستم ئەوەیە، کە (مارکس) وتوویەتی " بین المجتمع الراسمالی و المجتمع الشیوعي تقع مرحلة تحول المجتمع الراسمالي تحولا ثوریا الی المجتمع الشیوعي و تناسبھا مرحلة انتقال سیاسي لایمکن ان تکون دولة فیھا سوی الدکتاتوریة الثوریة للبرولیتاریا" (بڕوانە مارکس انجلس مختارات ل٢٣٥) بە کوردی "قۆناخێکی گۆڕانی شۆڕشگێرخوازی دەکەوێتە نێوان کۆمەڵگەی سەرمایەداری و کۆمەڵگەی کۆمونیستییەوە، ئەو قۆناخی گواستنەوەیە،‌ لەتەک قۆناخی ڕامیارییدا گونجاوە، ناتوانرێت دەوڵەتی ئەو کات دیکتاتۆریەتی شۆڕشگێڕی پرۆلیتاریا نەبێت (بڕوانە مارکس انجلس مختارات ل٢٣٥)

بۆلشەڤیکەکان زۆر لەوە وریاتر بوون، کە زیاد لە پێویست گرنگی بدەن بە فەلسەفە ڕەقوتەقەکە، چونکە باشدەیانزانی ، کە ھیچی بۆ دروستکردنی پارت و دەوڵەت لێ سەوزنابێت، تەنھا نووسینێکیش لەسەر پرسی فەلسەفە وشکوبرنگەکە پەرتوکەکەی (لینین) بووە، واتە ( المادیە و المژھب النقدی التجریبی)،‌ ئەوەش (لینین) چاری ناچاربووە، لەژێر فشاری پرسیارە فەلسەفییەکانی ئەندامانی پارتەکەیدا نوسیوییەتی. چییەتی دەوڵەتەکەی پارتی بۆ‌لشەڤی دەقاودەق کۆپی دەوڵەتە کڕیارەکەی ھێزی کاری لای (کارل مارکس) بووە.

ھەندێک لە سۆسیالیستەکان دەڵێن پێویستیبوونی دەوڵەتی دیکتاتۆری شۆڕشگێڕی پرۆلیتاریای نێوان کۆمەڵگەی سەرمایەداری و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی ھزری (مارکس) نەبووە،‌ بۆی ھەڵبەستراوە، گریمان ئەو بۆچوونەی ئەوان ڕاستە، بەڵام ئەوان بۆچی دەقێکی (مارکس)مان نیشاننادەن، کە دژی ئەوە نوسرابێت، لەوەش ناماقوڵیتر نییە، گەر بووترێت، بۆنەیەک نەبووە، یان (مارکس) ئاوەزی بەوە نەشکاوە، کە دژی ئەو دەوڵەتە بنوسێت (تکایە ڕەخنە لە پرۆگرامی گۆتا) بەسەربکەرەوە.

بە بۆچوونی من، ئەگەر دەوڵەتخوازان و پارتخوازان لە مرۆڤایەتی بھێنینەدەرەوە،‌ بە ڕۆشنی بۆمان دەردەکەوێت کە لەوەتەی مرۆڤ ھەیە، مرۆڤایەتی بە دوای ڕێکخستنێکدا دەگەڕێت، کە لەوەی ڕابودوو و لەوەی ئێستاشی نەچێت، بەڵکو بۆ داھاتوو بشێت،تا ڕزگاری ببێ، ئەو ڕێکخستنەش نە پارتییە، نە دەوڵەتییە،ھەر ڕێکخستنێک بەو دوو فیلتەرەدا تێبپەڕێت، ھەر ڕێکخستنە سەرمایەدارییە دیکتاتۆرییەکەیەتە خۆیەتی و ھیچی دی، ھزری دەوڵەتخوازیی،نەک ھەر لە سەردەمی ھەڵکشانی شۆڕشخوازیدا دژە شۆڕشە، بەڵکو ھەر لە سەرەتاشەوە دژە شۆڕش و کۆنخوازە.


لەو بوارەدا، واتە بواری (دەوڵەتی دیکتاتۆریەتی شۆڕشگێڕی پرۆلیتاریا) پرسیارێکی سەنگین و گرنگ خۆی دەسەپێنێت، گەر سەردەمی شۆڕشی ڕوسی (مارکس) لە ڕوسیا بووایە ‌و لە پلەوپایەکەی (لینین)دا بووایە، چی بە کرێکاران دەوت، پێیدەوتن ئێوە شۆڕشی خۆتان کردووە، ئەوەندە ماوە دەستی پێوەبگرن، خۆتان بە خۆتان بۆ خۆتان بەڕێوەیبەرن، ئیتر ئێمە کارێکمان نەماوە دەگەڕێینەوە ناو خاووخێزانی خۆمان، ھەرکات پێویستان بە ڕاوێژێک، ئامۆژگارییەک یان دەفتەرکارییەک بوو، ئەوا ئێمە لە خزمەتداین، ئایا ئاوایان دەکرد و دەیوت، یان ئەوانیش یەکێتی سۆڤیەتەکانیانی دەکرد بە یەکێتی لیژنە پارتیەکان؟ واتە پارت دەخرایە جێگەی چین؟ دیکتاتۆریەتیان دەخستە جێگەی دیموکراتی ڕاستەوخۆی ئازاد؟ لەو بڕوایەدام بە لۆجیکی دەوڵەتخوازیی ھەر وەک (لینین)یان دەکرد. وەڵامی ئەم پرسیارانە سەنگی مەحەکە، کەواتە(گوڵەکە وا لێرەدا، با لێرەدا سەمابکەین).

من ڕێگە بەخۆم نادەم ئامۆژگاری نووسەر بکەم، بەڵام دەبووایە نووسەر نەبووایەتە مامەخەمەی دەستکاریکردنی مارکسیزم، دەبووایە وەک سۆسیالیستێک ببووایەتە مامەخەمەی شێواندنی سۆسیالیزمی شۆڕشگێڕی ڕەسەن و دژی ئەوە بووایە، کە ئەو ڕەسەنییە ناڕەسەنکرا، سۆسیالیزم کرا بە زانستی ڕامیاریی، واتە کرا بە فەلسەفە، ھزری سۆسیالیست، ھزرێکی شۆڕشخوازی ئازادیخوازە، نەک زانست و فەلسەفە، زانست و فەلسەفە، بۆ گۆڕینی ڕیشەیی کۆمەڵگە ھیچیان لەبارا نییە.

چارەنووسی ڕەشی شۆڕشی ڕوسیا خەتای دەستکاریکردنی مارکسیزم نەبوو، لە بنەڕەتدا لە بەپارتکردن و بەدەوڵەتیکردنی سۆڤیەتەکانەوە سەرچاوەیگرتبوو، بێگومان بە زەبری دیکتاتۆریەتی دەوڵەت. بە بۆچوونی من، مارکسیزم دەستکاری نەکراوە،خۆی چۆن بووە ئاواھی پراکتیزەکراوە، دەبا ئیدی بەس بکرێت بە خەتای ئەم و ئەو.

دەربارەی بەزمی (ئەنتی دوھرنگ) و (دیالیکتیکی سروشت) من بۆ خۆم، ھێندەی لێنازانم، وەنەبێت ئەوانە ‌و زۆری دیشم نەخوێندبنەوە، بەڵام من بۆ ئەو مەبەستە نەمخیۆندونەتەوە، تا بۆم دەرکەوێت (ھێلکە لە مریشکە، یان مریشک لە ھێلکەیە)، لەلاشم گرنگ نەبووە کێ دەستکاریکردووە و چۆن چۆنی ئەو دەستکارییەی کردووە؟ باوەڕناکەم ئینگلس مەبەستی دەستکاریکردنی مارکسیزم بووبێت، ھەروەھا باوەڕناکەم ئینگلس دێڕێک یان پەرەگرافێکی بڵاوکردبێتەوە بەبێ ئاگاداری (مارکس)، ھەروا بڕواشناکەم دوای مردنیشی لەو بوارەدا کارێکی نابەجێی کردبێت، چونکە ئینگلس لە (مارکس) خۆی مارکسیستتر بووە، پێیانوایە ئینگلس مارکسیزمی کردووەتە ھزرێکی ڕیفۆرمخواز، چونکە لە پێشەکییەکدا، کە بۆ کتێبێکی مارکسی نووسیوە، باس لە ھەڵبژاردن دەکات و بۆ دەستخستنی دەسەڵات، بە ئامرازێکی باشی زانیوە. من گومانم ھەیە لە بنجوبناوانی ئەو باسە، کێ دەڵێت ئینگلس ئەو بیرۆکەیەی لە مارکس خۆیەوە وەرنەگرتووە، چونکە مارکس ساڵانی ١٨٤٨تا ١٨٧١لایەنگری بزوتنەوەیەکی چەکداری کرێکاران نەبووە،جا بە دووری نازانم مارکس خۆی نەکەوتبێتە سەرکەڵکەڵەی ئەو ھەڵبژاردنە و بە ئەلتەرنەتیڤێکی زانیبێت.

ئەوەش کە پلیخانۆف دایکی تەوژمە مارکسیستەکانی ڕوسیا بووە، نەک مارکس، ئەوی ڕاستبێت من زۆر ئەو پیاوە ناناسم، ھەر ئەوەندە دەزانم بە دیوەکەی دیکەیدا وەک (لینین) بووە، بەڵام ئەو ڕامیارییەکی نابووت بووە، وێنەی (لینین) بزێ و بەتوانا نەبووە، بەپێی زانیارییەکانی من، ئەو نوسینی زۆر کەم بووە، من زۆر بەدوای نووسینی ئەودا گەڕاوم، بەڵام ھیچم دەستنەکەوتووە، تەنھا یەک نامیلکەی ئەوم بە زمانی عەرەبی بەناوی (ڕۆڵی تاک لە مێژوودا) بینیوە و ھیچی دی، ئیدی چۆن و بەچی بووەتە دایکی تەوژمە مارکسیستەکان؟ نازانم !! عەرەبزمان واتەنی(علمی علمک).

سەیرە نووسەر باسی تەوژمە مارکسیستەکان دەکات، مارکسیزم فرە تەوژم نەبووە ‌و نییە، مارکسیزم فەلسەفەیەکی ھاوڕەگەزی تێکسمڕاوە، مارکسیستەکانی ئەم بەر و مارکسیستەکانی ئەو بەر، ھیچ جیاوازیەکیان نییە، وەک تەیری گول عاشق بەداری زەقنەبووتن، واتە عاشق بە (حیزب) و (دەوڵەت)ن.

نووسەر لەبارەی کۆمۆنەوە نوسیوویەتی "بە پێچەوانەی دەسەڵاتە ئاسمانیەکەی دەوڵەتی سۆڤێتیەوە، کۆمۆنە ڕایگەیاند بەبێ داگرتنی سیاسیەکان بۆ سەر زەوی و داماڵینیان لە ھەموو دەسەڵاتێک، کۆمەڵگا ناتوانێت ھیچ دەستکاریەکی ئەو پەیوەندیە ئابووریانە بکات، مرۆڤ لە سایەیدا، سەلبی ھەموو ئازادیەکانی دەکرێت."

بە بۆچوونی من ئەو باسەش،ھەر وەک باسەکانی پێشوو وایە،‌ شۆڕشی ڕامیاریی ئابووری دەگۆڕێت، سەرخان ژێرخان دەگۆڕێت، واتە شۆڕش سەربەرە ‌و خوارە، نازانم ئەو ڕاگەیاندەیە دەستنووسی کێیە؟ ئەوەی منی سەرسامکردووە؛

١- بۆچی دەسەڵاتی سۆڤیەتی ئاسمانییە؟
٢-ئەمە یەکەم جارە ببینم و ببیستم پێش (لینین)، کەسانێک، یان کەسێک ئاوا بکات، مەدحی یاری خۆی، واتە (شۆڕشی ڕامیاریی) نازانم بۆ نووسەر وەھا سەرسام و پێی دڵخۆشە؟

سۆسیالیستەکان تا ئەم ڕۆژ لەسەر ئەوە کۆکن، کە شۆڕشی کۆمەڵایەتی بریتییە لە گۆڕانێکی ڕیشەیی شێوازێکی بەرھەمھێنان و دابەشکردن بە شێوازی بەرھەمھێنان و دابەشکردنێکی نوێ، ھەندێک لەو سۆسیالیستانە سەر بە فێرگەی سۆسیالیزمی دەوڵەتین، واتە سۆسیالیزم بە شۆڕشی ڕامیاریی سەربەرەوخوار، ئەوانی دیکە سۆسیالیزمی ئازادیخوازی دژە دەوڵەت (ئەنارکی)ن، واتە شۆڕشی کۆمەڵایەتیی لە خوارەوە، بە بیر و بۆچوونی سۆسیالیستانی ئازادیخواز، شۆڕشی کۆمەڵایەتی لە ژێر ژێرخانی کۆمەڵگەی چینایەتییدا توندوتۆڵ ڕەگە ئابوورییەکانی خۆی دادەکوتێت، ھێدی ھێدی گەشەدەکات دەکات و ژێرخانی کۆمەڵگە ھەڵدەتەکێنێت و خۆی دەسەپێنێت، ئەو جۆرە شۆڕشەش، کاتێکی ھێکجار زۆر زۆری پێدەچێت، ئەو درێژەکێشانە، ھەناسە کورتیی یارانی (کن فیکون) و گۆچانی جادوویی بۆیان ھەرسناکرێت و پەسەندیناکەن؟ لەبەر دوو ھۆی سەرەکی:


١- ئەو جۆرە شۆڕشە ھەڵگر و خوازیاری دەسەڵاتی دەوڵەتی نییە.
٢- ئەوان شۆڕشی ڕامیاریی بە تێپەڕبوون دەوڵەتبووندا، بە کورترین ڕێگە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەی سۆسیالیستی دەزانن!!

لە ئێستادا نامەوێت دەربارەی ئەو کۆمۆنەیە ھیچ بڵێم، چونکە چەند بابەتێکم بە فەرەنسی لەبەردەستدان، کە دەمەوێت وەریانبگێڕمە سەر زمانی کوردی و بە چەند بەشێک بڵاویان بکەمەوە، بەو ھیوایەی کە ھەناوی ئەو خەوخەیاڵ و ئاوەژووکردنەوەی ڕاستییە مێژووییەکان دەربکەوێت، کە کراون بە خەرمانەی دەوری کۆمۆنە، تەنھا بەڵگەنامە مێژوییەکان و ڕەواندنەوەی خەوخەیاڵەکان دەتوانن دەریبخەن، کە ئەو کۆمۆنەیە و ئەوانی دوای خۆی چ جۆرە شۆڕشێک بوون.
____________________________
پەراوێز:
* سەرچاوەی دەقە ئینگلیزییەكەی "شۆڕشێكی نەناسراو":
http://theanarchistlibrary.org/library/Voline__The_Unknown_Revolution__1917-1921  ._Book_One._Birth__Growth_and_Triumph_of_the_Revolution.html


بۆ خوێندنەوەی بابەتەكەی نووسەر:

http://kurdistanpostinfo.com/Readblogbywriters.aspx?id=%D8%A6%DB%95%D9%86%D9%88%DB%95 %D8%B1%20%D9%86%DB%95%D8%AC%D9%85%DB%95%D8%AF%DB%8C%D9%86

 

ماڵپه‌ڕی سه‌لام عارف

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک