په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١\٢٠٢١

خوێندنه‌وه‌یه‌كی كورت بۆ پەرتووکه‌كه‌ی د. هه‌ژار مه‌عروف ''ره‌نجی فه‌رهاده‌كان''.

سالار باسیرە      

 

من و ''د. هه‌ژار مه‌عروف'' له‌ هه‌شتاكانه‌وه‌ ئاشناین به‌ یه‌ك بەڵام كاتێك به ‌ته‌واویی له‌ كاره‌كته‌ر و جیهانبینیی ئه‌م مرۆڤه‌ تێگه‌یشتم كە پەرتووکی بیره‌وه‌رییه‌كانیم (ڕه‌نجی فه‌رهاده‌كان) خوێنده‌وه‌.. ئه‌م مرۆڤه‌ هه‌ر له‌ قۆناغی هه‌رزه‌كارییه‌وه‌ هۆشیاریی خۆی دروست ئه‌كات و به‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی ژیانی خۆیدا تێده‌په‌رێت و ده‌بێته‌ كه‌سێكی خاوه‌ن هه‌ڵوێست و هه‌لگری فه‌لسه‌فه‌ی مرۆڤدۆستیی و ئاشتیخوازیی و بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆریەت و زوڵم بە هەمو جورەکانیەوە.

 

وەک پزیشك و پێشمه‌رگه‌ و مامۆستای زانکۆ، لە ئه‌زمونه‌كانی ژیانی خۆیدا ڕاستگۆیانە هەمو ئەو بنەما فەلسەفیانەی بڕوای پێیان هەبوە پیادەیان دەکات. د. هەژار لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا زۆر دژی شەڕی براکوژی بوە و ئازاری پێوە کێشاوە، ئەو لە شوێن و کاتی خۆیدا ڕەخنەی بوێرانەی گرتوە لەم شەڕە و لە هەڵە و دیاردە ی ناشیرین و خراپ لە شۆڕش دا و هەر وەها لە هەندێ ڕوداودا ڕەخنەی لە هەندێ هەڵوێستی خۆیشی گرتوە ناوبراو یاده‌وه‌ریه‌كانی به‌ زمانێكی ئەدەبیی ساده‌و جوان داڕشتوه‌ كه‌ هه‌موو كه‌س لێی تێبگات.

 

گێڕانه‌وه‌کانی د. هەژار ته‌نیا بیره‌وه‌ریه‌ كه‌سیه‌كانی خۆی نیه‌ به‌لكو باس له‌ بابەتە سیاسی و سایكۆلۆجی و كۆمه‌لایه‌تی و كه‌لتوریەکانیش ئه‌كات، له‌م رێگایه‌وه‌ له‌ چیرۆكی ژیان و ناخی زۆریك له‌ مرۆڤه‌كانی تر تێئه‌گه‌یت. ڕه‌نجی فه‌رهاده‌كان باس له‌ ژیانێك له‌ نیوان غوربه‌ت و نیشتیمانیشدا ئه‌كات، ئەو کاتانەی د. هەژار لە ئێران و سوریا و ئەڵمانیا ژیانی بەسەربردوە.

 

دیاره‌ هەندێ لە ئه‌زمونه‌ مرۆییە تاڵه‌كانی قۆناغه‌كانی ژیانی ئه‌م مرۆڤه‌ دەگاته‌ ئه‌وه‌ی بنوسیت "ئایا ئیمه‌ی مرۆڤی ئێسته‌ هه‌ر به‌ راستی مرۆڤین، یا قۆناغیكین له‌ پرۆسه‌ی گه‌شه‌سه‌ندن بۆ دره‌ستبوونی مرۆڤی راسته‌قینه‌، له‌ ئاینده‌یه‌كدا كه‌ وادیاره‌ هیشتا زۆر دووره‌؟". بەڵام د. هەژار لە پەرتووکەکەیدا باسی دەیان هەڵوێستی شیرین و جوان و پڕواتا و مرۆیی باڵاش دەکات کە لە خەباتی نیشتمانی و چینایەتیی خۆێدا لە مۆڤەکان بینیویەتی. یه‌كێك له‌ جوانیه‌كانی نووسەر وه‌فایه‌تی به‌ ناوهێنان و باسکردنی هەمو ئه‌و کەسانه‌ی خەباتی دڵسۆزانەیان کردوە و قوربانیی گەورەیان داوە و هاوكاریان کردوە له‌ ڕۆژانی ته‌نگانه‌دا.

 

نووسەری پەرتووک له‌ تاراوگه‌ش به‌ گیان هه‌ر له‌ نیشتیمان بووه‌ هه‌ربۆیه‌ دوای ٢٤ ساڵی له‌ ژیانی تاراوگه‌ به‌ خۆی و ئەزمون و زانسته‌كه‌یەوە له‌ بواری ده‌رونناسی نیشتیمان دوباره‌ بۆلای خۆی ڕایكێشایه‌وه ‌و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ درێژەدانی ژیان و خەبات لە ئامێزی گەرمی گەلەکەیدا. پەرتووکی ڕەنجی فەرهادەکان بێ دوودڵیی شایەنی خوێندنەوەیە، دیمەنی زۆر و بەسەرهاتە ڕەنگاوڕەنگەکانی ناوی بەشی چەند فیلمێکی سینەمایی دەکات، لە خوێندنەوەی بێزار نابیت چونکە دەتخاتە دۆخێکی دەرونیی وا کە حەزبکەیت بزانی بەسەرهات و رووداو و کەسی دواتر کێیە و چۆن بووە، چیی کردوە.

 

ماڵپه‌ڕی سالار باسیرە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک