په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٦\٢٠٢٠

خوێندنەوەیەکی تر بۆ ئایەتی ٤٠، سورەتی (الاحزاب).

(خاتم النبیین)١.


سه‌‌لاح رێبوار      


لێکۆڵینەوە هەمیشە کارێکی پڕ کێشەیە. بەتایبەتی بەدواداچوون و ساخکردنەوەی بەرهەمێکی زۆر کۆن، کە سەرچاوەی بێلایەن و جێ متمانە بە دەگمەن دەستبکەون. جا لەوەش سەختتر کێشەی پەرتووکە دینییەکانە کە هەرگیز دەرفەتی دیالۆگ و ڕەخنەی تێدا نییە. بەڵکوو وەک پەرتووکێی ئاسمانی، بە سەرچاوەیەکی نەگۆڕ بۆ ژیان و ڕەفتارەکانی مرۆڤ دادەنرێن. هەرکەسێک ڕەخنە یان سەرنجێکی هەبووبێ ئەوا بەهەموو تواناوە ڕێگری لێکراوە. تا گەیشتۆتە ئاستی کوشتن. بەم شێوەیە وا لە دیندار کراوە، کە هەرگیز بە ڕەخنە سەیری پەرتووکی پیرۆزی دینەکەی خۆی نەکا. ئەوەش وایکردووە، بەردەوام بە مەبەست یان نا، بەڵگە و دۆکومێنتی ساخکەرەوە لاناو بچن و لە جیاتی ئەوە، بەڵگە و ساخکردنەوەی پڕ تەمومژ ولابەلا جێگایان بگرنەوە. ئەوەش کارێکی ئاسایی و پرۆگرام بۆکراوبووە. کە بە درێژایی مێژووی پەرەسەندن، ڕێگای بۆ خۆش کراوە. بۆ ڕەوایی دان بە شتێک چمکێک، کە لە هەڵومەرجێکی تر ئەستەمە جێگای ببێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش سیاسەتی ترساندن و پاداشت بۆ گۆڕینی چمکی دیاردەکان و گۆڕینی ئاڕاستەیان، بەو لایەدا کە دەستەڵات خۆی دەیەوێت. لەگەڵ ئەوەشدالە بە تروسکەی ڕووناکی چرا ڕەشکە لە توونێلە تاریکەکان، لێکۆڵەرەوە دەتوانێ بە سۆراخی دەق و بەڵگە یەکلاکەرەوەکان دا بگەڕێ و لە دەلاقەی لەبیرکراوی ڕاڤەکارەکانی خۆیان زانیاری یان بەڵگە بدۆزێتەوە، کە ڕووناکی بخاتە سەر چمک یان دەقە شێوێنراوەکان . لە دەرەوەی سنووری دینیش هەمیشە هەست بە ناهاوسەنگی هەڵەو لاڕێیی کراوە و دەکرێ. کە بە تێڕوانینێک دەردەکەوێ کە بە لێکدانەوەیەکی لۆژیکی یەک ناگرێتەوە. بۆیە هەمیشە سەرچاوە لێرە و لەوێ دەست دەکەون کە زۆر یان کەم پەردە لەسەر ڕاستییەکان هەڵماڵن.


هەرسێ پەرتووکی دینە ئیبراهیمییەکان تەورات، ئینجیل و قورئان بە درێژایی مێژووی تەمەنیان، کەوتوونەتە بەر چاوێلکەی ڕەخنە. و هەڵەکانیان خراونەتە ڕوو و شرۆڤەی بۆکراوە. لەم باسەدا سەرنجی ڕەخنەگرانە دەکرێتە پەرتووکی پیرۆزی ئیسلام. کە مرۆڤی خوێندەوار زوو هەست بە هەڵەکانی دەکات. جا بە ئاشکرابێ یان نهێنی خراوەنەتە بەر سەرنجی ڕەخنەگرانە. قورئان دەمێکە بۆتە جێی سەرنجی لێتۆژەرەوانی عەرەب و ڕۆژئاوایی. ئەوەش لەبەر هەڵەی لە ڕادەبەدەری ناو دەقەکانی. بە دەیان پەرتووکی بە زمانە جۆراوجۆرەکان لەسەر نووسراوە. ئەو لێتۆژینەوانە ئەگەر لە ناو سنووری دەستەڵاتی ئیسلام بووبێ، ئەوا بە توندترین شێوە سزادراوە. و ناو و ناتۆرەی سوکی بۆ دۆزراوەتەوە و بە زەندیق و معتزلە …. هتد تاوانبارکراوە. لە لەگەڵ ئەوەشدا نەتوانراوە ئەو دەنگە ڕەخنەگرانە وا بە ئاسانی کپ بکرێن. شارەزایانی زمانی عەرەبی و زمانەکانی ئارامی، عیبری و یۆنانی … هتد. هەبووین و هەن کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردوون. بەرامبەر بەوەش زانایانی موسوڵمان و دیندارەکان لە جیاتی دەستخۆشی لێکردن و ڕاستکردنەوەی هەڵەکان، بە پێچەوانەوە بەرگریان لێکردوون. و ڕەخنەگرانیان بەوە تانبارکردووە، کە لە قورئان تێناگەن. یان مانای ئەو چمک و زاراوانە تەنیا اللە خۆی دەزانێ. یان ئەوە کاری ئەوان نییە. و بەلای کەمی سووکایەتیان پێکردوون. ئەو هەڵانەی لەناو دەقەکانی قورئان هەن، لە بوارەکانی زمانەوانی، مێژوویی، جوگرافی و ڕووداو و کەسایەتی و هتد. هەر عەرەبی زانێک بە تەنیا سەرنجێکی ڕەخنەگرانە، جوان هەستیان پێدەکات. بەڵام هەڵە تەنیا لە تێکستەکان دانیین. بەڵکو جۆرێکی تریش هەڵە هەیە کە پێویستی بە ووڕووژاندنە. ئەویش لێکدانەوەی تێکستەکانی قورئان و پێدانی ناوەرۆکێک کە لەگەڵ پەیامی ئایەتەکە یەکناگرنەوە. ئەو جۆرە هەڵانەش لە ئەنجامی نەزانین، یان بە هەڵە تێگەیشتن لە ووشە یان چمکێک هاتوون. تێنەگەیشتن و لێکدانەوەی هەڵە بۆ ئایەتەکانی قورئان، وایانکردووە کە لە هەندێک شوێن تێکستەکە دیمەنێکی کۆمێدی یان ترسناک وەربگرێ. یان بەلای کەمی دووربێ لەو مانایەی ئایەتەکەی بۆ نووسراوەتەوە. هەندێک لەو هەڵانە ڕەنگە بێ وەیبن. و هەندێکیشیان بەڕاستی چارەنووس سازبن. نموونەیەکی ئەو جۆرە هەڵانە، سورەتی الواقعە، ئایەتی ٢٢-٢٣
(وَحُورٌ عِينٌ (٢٢) كَأَمْثَالِ اللُّؤْلُؤِ الْمَكْنُونِ (٢٣) کە تا ئێستا ڕەنگە گیانی ملیۆنان کەسی دروێنەکردبێ. لەپێناوی گەیشتنە ٧٢ حۆری لە بەهەشت. کەچی ئایەتەکە مانایەکی تری هەیە، کە هەر فڕی بەسەر حۆرییەوە نییە (٢). ئەو تێگەیشتنە هەڵانە بونەتە هۆی گرفتی گەورە. و دروستکردنی دەردەسەری هەم بۆموسوڵمان و هەم ڕێبەرانی دین کە ناچار دەبن بە پینە و پەڕۆکردن لێی دەربازبن. لە جیاتی دانپێدانان و ڕاستکردنەوەی ڕاڤەکانیان. تا دێ ڕۆژ دوای ڕۆژ پینە و پەڕۆی زیاتر بۆ ئەو هەڵانە دەکەن. کاتی وەڵامێکی لۆژیکی و ڕاییکەریان پێ نابێ دەست دەکەنە هەڕەشە و تاوانبارکردن.


ئەو بابەتەی لەو نووسینە دەخرێتە ڕوو. ئایەتێکی قورئانە سەبارەت بەوەی، محەمەد دوا نەبیی اللەیە لەسەر زەوی. و لەو بەدواوە هیچ نەبییەکی تر نایەت و هەر بەو پێیەش دینی ئیسلام دوا دینە بۆ مرۆڤ هاتبێ!!


کێشەی ساخکردنەوی ئایەتەکانی قورئان.


بۆ لێکۆڵینەوە و تێگەیشتن لە تێکستەکانی قورئان، دەبێ لێکۆڵەرەوە بە قووڵی ڕەچاوی دوو کێشە بکات. ئەو دوو کێشەیەش هەر لە دوای تێپەڕبوونی قۆناخی یەکەمی پەرەسندنی دینی ئیسلام. سەریان هەڵداوە و هەنگاو بە هەنگاو سەختتر و ئەستەمتر بووین. بەردەوام تا ئێستاشی لەگەڵدابێ، گرفتی گەورەن بۆ ساخکردنەوە و لێکۆڵینەوەی زۆر لە ئایەتەکانی قورئان. ئەگەر نەتوانین لەو دوو کێشەیە تێبگەین. وبۆ لێکۆڵینەوە لە دەقەکانی قورئان ڕەچاویان بکەین، ئەوا ناشتوانین بە دروستی لە زمانی قورئان بگەین. و زوو دەگەینە بنبەست. و بەدواداچوون بۆ مانای ڕاستی ئایەتەکان ئەستەم دەبێ. کێشەکانیش:
١- زمانی قورئان و گرفتەکانی
٢- کێشەی خاڵ و سەروبۆرلە تیپە ئارامییەکان.


١- زمانی قورئان و گرفتەکانی.


کێشەی گەورەی ڕاڤەکارانی موسوڵمان ئەوەیە کە بە هەڵە لە ووشە و چمکەکانی قورئان دەگەن. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ زمانی قورئان و تێنەگەیشتنی ووشە بیانییەکانی ناو ئایەتەکان. کە زۆر لە ئایەتەکان دەبنە گرێکوێرەی ڕاڤەکاران و ناچار دەبن لێکدانەوەیەکی بە مەزەندەی بۆ بکەن. لەو بارەوە ئەلفۆنس میگنانە (١٨٧٨ - ١٩٣٧) باوەڕی وایە، کە لەبەر نەبوونی زمانێکی ستاندارد و پێشکەوتووی عەرەبی. کە نووسەری قورئان توانیبای بیکاتە دەربڕی ئاراستەی ڕەوتی دینی خۆی. پێویستی زۆری بە زاراوە و ووشەی وا هەبوو، کە لە زمانی عەرەبی دەستنەدەکەوتن. بۆیە نووسەرەکەی بۆ دەربڕینیان و ئاسانکردنی ئایدیا نوێکەی سەبارەت بە ئیسلام، بەرەوڕووی سەختی زۆر بۆتەوە. ناچار بووە ووشە و چمکی نوێ بۆ دەربڕینەکانی بگونجێنێ، کە زمانی عەرەبی هێشتا ڕێزمانێک یان فەرهەنگێکی زمانی جێگیری نەبووە. لە هەمان کاتدا نەیدەوێرا ووشەی نوێ دابتاشێ. چونکە ترسی ئەوەی هەبوو کەس لێیان تێنەگا. باشترین ڕێگا ئەوەبوو، کە ووشە و چمک بۆ ئەیدیا نوێکەی، ئەو ووشانەبن کە گوێگرەکانی لێیان تێدەگەیشتن. و لە زمانەکانی دیکەی نزیکی زمانی عەرەبی هەبوون. ئەو ووشانە بووبوونە زاراوەی زمانی کەنیسە و سیناگۆگەکانی دینی. کە بە سەدان ساڵ پێش لەدایکبوونی خۆی و یاوەرانی دەوروبەری لە ناوچەی مەککە، لە لایەن قەشەکانی نەساڕی و ڕابینەکانی یەهوودی، لە ووتاریاندا بۆ ڕێنمایی کۆمەڵگە و ڕێڕەوی دینی و چاکە بەکاریان دەهێنان(٣). ئەو بۆ چوونە لەلایەن کریستۆف لوکسێنبێرگیش بە شێوەیەکی تر پشتڕاستکراوەتەوە. لوکسێنبێرگ زیاتر ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی گوێگرەکانی لەو ووشە و زاراوانە تێدەگەیشتن. ئەو دەڵێ قورئان بە زمانی پاراوی عەرەبی نەنووسراوەتەوە، کە لە بیابان و لەلایەن هۆزە شوانکارەکان بەکار دەهات. بەڵکوو تێکەڵاویێکی فرەزمانی بووە. کە لەو سەردەمەدا زمانی بازرگانی بووە لە شاری مەککە. بریتی بووە لە تێکەڵاوی لە چەندین زمانی ئەو بازرگانانەی چ بۆ بازرگانی دەهاتنە مەککە. یان ئەو بازرگانانەی سەر بە نەتەوەکانی تر. کە لە مەککە جێگیربوون. ئەوەش وایکردبوو خەلکی مەککە بۆ پەیوندی باشتر، ووشە و چمکی ئەو زمانانە لە کاروباری ڕۆژانەیاندا بەکاربێنن. هەر بۆیەش ئەو زمانە تێکەڵاوە ببووە زمانی ڕۆژانەی بازاڕەکانی مەککە (٤). جا لە زمانی کەنیسە و سیناگۆگ بێ، یان لە بازاڕی فرەزمانی مەککە بێ، باشترین ڕێگا بوو، کە نووسەری قورئان بەکاری بێنێ بۆ ئەوەی پەیامەکەی بگەیێنێتە خەڵکی مەککە، باتایبەتی قوڕەیش. هەر ئەوش بۆتە هۆی فرەزمانی لە قورئاندا. هەر ئەو زمانە بوو کە قورەیش وەک زمانی بازاڕ و کەنیسە و سیناگۆگ بەکاریان دەهێنا. زمانی دەربڕینی دەقەکانی قورئانیش بە هەمان شێوە، بەرهەمی ئەو زمانە تێکەڵاوەن. لەلایەکی تر سەرچاوەکانی چیرۆک و بەسەرهاتەکانی ناو قورئانیش بریتی بوون لە لیتورگی نەسرانییەکانی مەککە. دوای تۆمارکردنی سەرجەمی قورئان و تێپەڕینی ماوەیەکی زۆر، مانای زۆر شت لێڵی تێکەوت. خەڵکی لەو زمانە بازرگانییە تێکەڵاوە نەدەگەیشتن. هەوڵیاندا ئەو زاراوە و ڕستانەی تێنەدەگەیشتن بە مەزەندە بیکەنە عەرەبی ستاندارد. هەر ئەوەش بووە هۆی پەیدا بوونی زۆر ڕاڤەی هەڵە، بۆ لێکدانەوەی ووشەکانی ناو ئایەتەکانی قورئان، کە ووشەی بیانی بوون. ئەو فرەزمانییە لە قورئان وایکرد هەندێک لە لێکۆڵەرەوانی موسوڵمانیش ئاماژەی بۆ بکەن. ابو بکر الواسطی لە پەرتووکی (الإرشاد فی القراءات العشر) دەڵێ: قورئان بە پەنجا زمانە. دوایی دەست بە ژماردنیان دەکات. بێجگە لە عەرەبی، فارس، ڕۆم. نبط، حبشە و بەربەر و سریانی و عیبرانی و قبط و …هتد (٥) هەروەها إمام سیوطی باسی سی و هەشت زمان دەکات، بێجگە لە عەرەبی (٦). هەرچەندە لە زمان مەبەست ووشەی زمانە جۆراوجۆرەکانە. ئەو ئاماژە پێکردنە، لە خۆیا درک پێکردن و دانپدانانە بۆ لێکدانەوەی مانای ئایەتەکانی زۆر شوێنی قورئان. نموونەیەکیتر کە زۆر جێگای سەرنجە، ئەوەیە عومەری کوڕی خەتاب لە وەڵامی پرسیارێکدا گوتی : قورئان تەنیا گەنجانی قوڕەیش دەینووسنەوە (٧). ئەگەر کەسێک بە قووڵی لێی ووردبێتەوە. و پرسیار بکات. دەبێ گەنجانی قورەیش کێ بن؟. هەر ئەوانەن کە ڕۆژانە لەو بازاڕە فرەزمانییەی ناوەڕاستی مەککە بەشداری گفتوگۆ و مامڵەتی بازرگانی دەبوون. زمانەکەشیان هەڵێنجراوی ئەو تێکەڵاویە بوو کە بە درێژایی مێژووی بازرگانی شاری مەککە. و تێپەڕبوونی خەڵکی نا عەرەب، ئەو زمانە تێکەڵاوە دروستبووە. دەبینین عومەر بەوەش ناوەستێ و هەمیشە دووپاتەی ئەوەی دەکردەوە، کە دروست نییە بێجگە لە زمانی قوڕەیش قورئان بەهیچ زمانێکیتر بخوێندرێتەوە (٨). هەڵبەتە ئەو شێوە زمانە تێکەڵاوە و زۆری ووشەی بیانی وایکرد، بە تێپەڕبوونی کات و دروستبوونی بناخەی زمانی عەرەبی، ئەو ووشەو چمکانەش نەمێنن. ئیتر تێگەیشتنیان بۆ خەلکی ببێتە شتێکی ئەستەم.


٢- کێشەی خاڵ و سەروبۆرلە تیپە ئارامییەکان.


هەموو ئەو کەسانەی شارەزاییان لە مێژووی نووسینەوەی قورئان هەیە، دەزانن یەکەمین جار قورئان بە تیپی ئارامی نووسراوەتەوە. لەو سەردەمەشدا بە هیچ شێوەیەک خاڵ و سەروبۆر بۆ تیپە ئارامیەکان نەبووە. بۆیە نازانرێ، تیپەکانی هاوشێوەی وەک ح، خ، ج یان ت، ب، ث …. هتد. چۆن بووین، کە گۆڕانیان مانای ووشەکەش دەگۆڕێ. و خوێنەر تووشی سەرلێشێوان دەکات. سەرەڕای ئەوە (فتحە، کسرە، شدە، ضمە و سکون) لەسەر و ژێری تیپەکان چۆن بووین. کە مانای ووشەکانیان پێوە بەستراوەتەوە.


دەستنووسەکانی قورئانیش، وەک هەموو نووسراوە ئارامییەکانی ئەو سەردەمە، بێ سەروبۆر بووین. تەنیا وێنەی ووشەکانی تێدابووە. هەرچەندە لە قۆناخی یەکەمی دەوڵەتی ئیسلامیدا، بە هۆی نزیکی خەڵکی لەیەکەوە. و بوونی ئەو کەسانەی قورئانیان لەبەر بووە. ئایەتەکان بەردەوام بە شێوەی زارەکی لەلایەن خەڵکی دووبارە دەکرانەوە. و لەلایەن خەڵکی کە لە بەریان بوو یان لە کۆڕ و دانیشتنی سەردەمی پەیامبەر بووین، پشتڕاست دەکرانەوە. بۆیە کێشە لە خوێندنەوە و تێگەیشتنی ئایەتەکان ئەگەر هەشبووبێ ئەوەندە گەورە نەبووە. بەڵام دوای پەرسەندن و فراوانبوونی سنووری دەوڵەتی ئیسلام، ئەوانەی قورئانیان لەبەربوو و یان هاوسەردەمی پەیامبەر بوون دەکوژران یان دەمردن. بەو شێوەیە تەنیا دەستنووسەکان مابوونەوە. کە تاکە سەرچاوەبوون، بۆ ئەوەی لەکاتی جیاوازی یان هەڵە لە خوێندنەوە بۆیان بگەڕێنەوە. ئەو دەستنووسانەش بەبێ خاڵ و سەروبۆربوون.


لە شوێنە دوورەکانی وەک عێراق و شام. گرفتی تێگەیشتن و خوێندەوەی قورئانی بێ سەروبۆر تا دەهات گەورەتر دەبوو. خەڵکی جیاواز و شێوەزاری زۆر لەیەک دوور لە سێبەری دەستەڵاتی ئیسلام. کە هەم لە ڕووی زمانەوە و هەم لەڕووی وێنەی ووشەکان، تێگەیشتنی ببووە کارێکی ئەستەم. کە هەمیشە ناکۆکی لەسەر تێگەیشتنی ئایەتەکانی قورئان لە ناو موسوڵمانان دروست دەکرد. خەڵکی دەستنووسەکانی قورئانی سەردەمی خەلیفە عثمان کوڕی عفان (٤٧ پ.ک - ٣٥ کۆچی/ ٥٧٦-٦٥٦ زایینی) کە خەلافەتی لە ساڵانی نێوان (٢٣-٣٥ کۆچی بوو) کۆپی دەکرد و دەستاودەست لەیەکیان وەردەگرت. و بۆ لێکدانەوەی کێشە جیاوازەکان بۆی دەگەڕانەوە. کەچی زۆربەی جار بە هۆی نەبوونی سەروبۆر کێشەکان یەکلا نەدەبوونەوە. تا گەیشتە سەردەمی عبدالملك کوڕی مروان (٢٦-٨٦ کۆچی/ ٦٤٦-٧٠٥ زایینی). تا دەهات دەستنووسەکان زیاتر دەبوون و کێشە و ناکۆکییەکانیش زیاتر و گەورەتر دەبوون. حجاج کوڕی یوسف الثقفی (٤٠-٩٥ کۆچی/ ٦٦٠-٧٤ زایینی) لە ساڵی ٧٥ کۆچی بووە والی عێراق (بۆ ماوەی ٢٠سال والی عێراق بوو). حەجاج هەرزوو هەستی بەو گرفتە گەورەیە کردبوو. زۆر بە ڕەخنە بوو لە سەر خەتی نووسین و خوێندنەوەی عەرەبی. و ناکۆکی لە تێگەیشتنی نامە فەرمییەکان و بە تایبەتی قورئان. کە بۆ زۆر پرسی کۆمەڵایەتی و دینی چارەنووسسازبوون. بۆیە پرسی: ئایا ناکرێ سەروبۆر بۆ تیپە هاوشێوەکان بکرێ. تا خوێندنەوەیان ئاسانتربێ؟ دوای ڕاوێژ لەگەڵ چەند کەسێکی تر، بڕیاری دا کە خاڵ و سەروبۆر لەسەرو ژێری تیپە هاوشێوەکان دانابنێن. بۆ ئەوەی بتوانرێ ئاسانتر و بەشێوەی ڕاست بخوێندرێنەوە. ئەوەبوو نصر بن عاصم ئەو کارەی گرتە ئەستۆ. لە زۆر سەرچاوە دا هاتووە کە ابو اسود الدولی یەکەم جار بەو کارە هەڵساوە و نصر بن عاصم لەو وەریگرتووە. هەڵبەتە ئەوەی نصر بن عاصم کردی، بە گشتی بۆ زمانی عەرەبی بووە. دواتر یحیی بن یعمر لە نصر بن عاصم بە مەبەستی نووسینەوەی قورئان وەریگرتووە. و سەروبۆری بۆ سەرجەم سورەتەکانی قورئان کردووە. ئەوەش زۆر کارئاسانی بۆ خوێندنەوە کرد و بووە ستانداردێک بۆ خوێندنەوە و نووسینەوە لە زمانی عەرەبی بەگشتی قورئان بەتایبەتی (٩). بەڵام ئەو سەروبۆانە، تا چەند لە شوێنی خۆیانن. کە ماوەی نێوان کۆکردنەوەی قورئان لە سەردەمی عوسمان تا دەگاتە سەردەمی عبدالملک بن مروان و دانانی خاڵ و سەروبۆر بۆ ووشەکان خۆی لە نزیکەی پەنجا ساڵ دەدات؟؟

(خاتم النبیین).


لەوەتەی بەبیرمان دێ، لەماڵ، لە گفتوگۆی چایخانە و ووتاری مەلا لە مزگەوت و تا دەگاتە منارەو بەدەنگی بەرزی بڵندگۆکان، گوێمان لێدەبێ ئیسلام دوا دینە و محەمەدیش دوا پەیامبەری اللەیە. کە لێیان دەپرسی، بەچ بەڵگەیەک؟ خێرا ئایەتی ٤٠ لە (سورەتی الاحزاب) لە قورئان (خاتم النبیین)، وەک بەڵگەیەکی حاشا هەلنەگر و زۆر بە دڵنیایی دێننەوە.

"مَا كَانَ مُحَمَّدٌ أَبَا أَحَدٍ مِنْ رِجَالِكُم وَلَكِنْ رَسُولَ اللهِ وَخَاتَمَ النَّبِيِّينَ وَكَانَ اللهُ بِكُلِّ شَيءٍ عَليماً". (سورة الأحزاب، آية ٤٠).


ئەوەش وەرگێڕانی کوردی ( هەڵبەتە بەپێی لێکدانەوەی موسوڵمانان):
(محەمەد باوکی هیچ کام لە پیاوەکانی ئێوە نییە. بەڵام نێردەی خودایە و دوا نەبیە و خوداش ئاگاداری هەموو شتێکە) (الاحزاب ٤٠).


پرسی کە پەیامبەر (دوا نەبی) یە، لە ناو دینەکان شتێکی نوێ نییە. و تەنیا ئیسلام ناگرێتەوە. هەموو دینەکان بە شێوەیەک ئەو دەربڕینە دووبارە دەکەنەوە. دینی یەهودی بێجگە لە موسا باوەڕیان بە هیچ پەیامبەرێکی تری لە دوای ئەوبێ. نە عیسا و نە محەمەد وەک پەیامبەر ناناسن (١٠). کریستیانەکان باوەڕیان بە موسا هەیە، بەڵام لە دوای عیسا باوەڕیان بە هیچ پەیمبەرێکی تر نییە. پێیان وایە کە عیسا کوڕی خودایە و دوا نەبی بوو. ئیتر کەسیتر لەدوای ئەو نایە. و چاوەڕوانن کریستی (مسیح) چاوەڕوانکراو بگەڕێتەوە (١١). هەرچەندە بۆ ئەو دوو پەیامبەرە دەقێکی پەرتووکی پیرۆز یان ڕاستەوخۆ ئەو بۆچوونە پشتڕاست ناکاتەوە. ئەوەی کە دووبارەی دەکەنەوە بریتییە لەخوێندنەوە و ڕاڤەکردنی تێکستە پیرۆزەکان. تا بتوانن ڕەوایی ڕەها وەک پیرۆزییەکی هەتا هەتایی بە دینی خویان بدەن.


بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دیاردەیە لە ناو دینەکانی تر، ئەو بۆچوونە بۆ ئیسلامیش شتێکی ئاساییە. کە موسوڵمانان محەمەد بە دوا پەیامبەر بزانن. تا بشتوانن نکۆڵی لە هاتنی پەیامبەرێکی تر بکەن. کەچی ئەوەی جیاوازی لە تێکستی قورئان هەیەو موسوڵمانان بۆ بەرگری لە دوا پەیامبەرایەتی محەمەد پشتی پێدەبەستن، ئایەتی ٤٠ سورەتی الاحزابە. کە سورەتێکی (مەدینە) مدنی/ دوای کۆچکردنە بۆ یەتروب. بە سەرنجێک لە سەرجەمی سوورەتەکانی ناو قورئان و ووربوونەوەیکی بەراوردکارانە، بۆمان دەردەکەوێ، ئەو ئایەتە وەک منداڵێکی هەتیوە لە ناو قورئان. لە سەرجەمی ئایەتەکانی ناو قورئان، هیچ ئایەتێک یان ئاماژەیەکی تری لەم شێوەیە نادۆزیتەوە. بەڵکوو تاکە ئایەتە ئاماژەی پێکردووە
(خَاتَمَ النَّبِيِّينَ) و هیچیتر. بە پێچەوانەوە لە زۆر شوێنی تری قورئان باسی پەیامبەرانی ترکراوە و بە تایبەتی بە دەیان جار باسی ئیبراهیم و موسا و عیسا، بە شێوەی جۆراوجۆر کراوە و ناویان هاتووە. کە تەواو پێچەوانەی چمکی ئەوئایەتەبن.


(خاتم النبیین).


تێەگەیشتن لە چمکی ئایەتی (خاتم النبیین)، کلیلە بۆ کردنەوەی دەرگایەک بۆ لێکدانەوەی ئایەتەکە، و گەیشتنە دەرئەنجامێکی گونجاو. چونکە نهێنی ماناکەی خۆی لەو دوو زاراوەیە دا حەشارداوە. تەمومژی هەڵەی ڕاڤەکارانیش، دەگەڕێتەوە بۆ چۆنییەتی تێگەیشتنیان لەو دوو ووشەیە
(خَاتَمَ النَّبِيِّينَ). ئێمە نازانین کەی ئەو چمکە بەو شێوەیە (لە ڕووی مانا و گەرداندن) بۆتە ماڵ بەسەر قورئاندا. بەڵام دەبێ زۆر دوای مردنی محەمەد بووبێ. ئەگەر زووتر بوایە، ڕەنگە کەسانی نزیک پەیامبەر کاردانەوەیان بۆ ئەو لێکدانەوەیە هەبووایە. بۆیە کەس ناتوانێ و ناوێرێ ڕەخنەی لێبگرێ. وەک چمکێکی بەڵگەنەوێست هیچ کەس بیری لێناکاتەوە. بە درێژایی مێژووی سەروبۆری تیپەکانی عەرەبی بەردەوام بە (دوا نبی) دانراوە. ئەگەرچی ناکۆکی لە ماناکەیدا هەیە!! بۆیە با لەم نووسینە هەوڵ بدەین لە هەردوو ووشەی (خاتم) و (نبیین) دەست پێبکەین.


١- ووشەی (خاتم).


هەر لە کۆکردنەوەی قورئان لە سەردەمی خەلیفەی سێیەم عوسمان کوڕی عفان. تا دەگاتە سەردەمی عبدالملک کوڕی مەروان کە پێشتر ئاماژەی پێکرا. بۆ نزیکەی پەنجا ساڵ قورئان بێ سەروبۆری بووە. و زیاتر بەپێی تێگەیشتن خوێندراوەتەوە. بۆیە سەختە بتوانین ئالتەرنەتیڤێک بۆ خوێندنەوەی ووشەکان بدۆزینەوە. بێجگە لە دەقی ئایەتەکە لە ناو قورئان، هیچ دۆکومێنتێکی ترمان لە بەر دەستدانییە، پشتڕاست یان ڕەتی بکاتەوە، تا بەراوردی پێ بکەین. هەر لەبەر ئەوە، ئایەتەکە چۆن لە قورئان داهاتووە. بەپێی ئەو نووسینەوەیە دەیکەینە سەرچاوە. بۆ ڵێکدانەوەی ووشەکان
(وَخَاتَمَ النَّبِيِّينَ). ئەگەر وانەکەین ساخکردنەوەی دەبێتە شتێکی ئەستەم. بۆیە هەوڵدەدەین بە ڕەچاوکردنی ئەو سەر و بۆرەی بۆیکراوە. هەر بەوپێیە لێکدانەوەیەکی زمانەوانی بۆ مانای ئایەتەکە بکەین.


بەر لە هەموو شتێک با بزانین ووشەی (خاتم) لە زمانی عەرەبی، مانای/ماناکانی چین و لە کام بوار چ مانایەک دەدەن. دوایی کامە لە ماناکان گونجاوە بۆ دروستی و لۆژیکی ئەو ئایەتە.


بەپێی فەرهەنگەکانی زمانی عەرەبی ووشەی خاتم، (ئەوەندەی چنگ کەوتبێ) شەش مانای جیاوازی هەیە (١٢). بەپێی ئەو بوارەی لێی بەکاردێ:


١. خاتم: کۆتایی، دوا. (هەروەک موسوڵمانان ئاماژەی بۆ دەکەن. کە محەمەد دوا پەیامبەرە).
٢. خاتم: ختم الادارة. مۆری کارگێڕی، بۆ ڕاستاندنی نامە یان دۆکومێنتی فەرمی کە ماکی ڕەسەنی پێبدات. لە هەمان کاتدا بۆ پشتڕاستکردنەوەی بابەتێک یان ڕاستاندنی (تصدیق) شتێک بەکاردێ. ئەو زاراوەیە بە قسەش بۆلایەنگیری و پەسەندکردن یان ڕاستاندن و هاوڕابوون بەکاردێ.
٣. خاتم: خاتم الزواج. ئالقەی هاوسەرگیری، ئەموستیلە، ئەنگوستیلە.
٤. خاتم: پاکیزە (باکرە). کچ کە هێشتا سەرمۆر بێ و نەبۆبێتە ژن.
٥. خاتم: پەڵەی مووی سپی نێوچەوانی ئەسپ.
٦. خاتم: قەتماخەی برین (پزیشکی).


ئەو مانایەنە بە تێکڕایی، لە ناو فەرهەنگەکانی زمانی عەرەبی، بۆ ووشەی خاتم دەستدەکەون. بەڵام ئەوەی بۆ ئەو نووسینە گرنگە، یەکەم و دووەمن. بەپێی لێکدانەوەی جیاجیا، دەکرێ جێگایان لێرە ببێتەوە. و ببنە بنەمایەک بۆ ساخکردنەوەی ماناکانیان و گونجانی لەگەڵ پەیامی ئایەتەکە. کە ئایا محەمەد دوا پەیامبەر بووە. یان محەمەد پەیامبەرەکانی تری (ڕاستاندووە) پشتڕاست کردۆتەوە.


بەپێی فەرهەنگەکانی زمانی عەرەبی (
وَخَاتَمَ النَّبِيِّين) بە کەسرە لەژێر (ت) دەکاتە دوا نەبی. لێرەدا خاتم بە دوا یان کۆتا دێ. بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەگەر فتحە لەسەر (ت) بێ، دەبێتە پشتڕاستکردنەوە یان ڕاستاندن. ئەو دەمە مانای ئایەتەکە بە تەواوی دەگۆڕێ و پەیامەکە دەبێتە پشتڕاستکردنەوە یان ڕاستاندن. لە فەرهەنگی (الغنی) بەو شێوەیە ڕوونی دەکاتەوە:
(وضع خاتم الادارة علی قرارات جدیدة)
جا ئەگەر سەیرێکی ئایەتەکە بکەین دەبینین بە فەتحە لەسەر (ت) یە (
وَخَاتَمَ النَّبِيِّين) (١٣)
 

يوسف درة الحداد بەو شێوەیە ڕوونی دەکاتەوە:
للفظ خاتم ( قراءتان :على الكسر )
خاتِم: بمعنى خاتمة ألأنبیاء. و(على الفتح) خاتَم (بمعنی ألة الختم) (١٤).
لێرەدا بەپێی زمانەوانی عەرەبی ستاندارد، ڕووندەبێتەوە کە مەبەست دوا نەبی نییە. بەڵکوو پشتڕاستکردنەوەی (ڕاستاندنی) نەبییەکانی ترە و بە ڕاستیان دەزانێ و پەیرەوی ڕێگای ئەوان دەکات. ئەوەش ئەو بڵگەمان دەداتێ کە لێکدانەوەی موسوڵمانان بپ ووشەی خاتم تەنیا دووبارە کردنەوەیەکە، بەبێ گەڕان بە دوای سەرچاوە و ساخکردنەوەی زمانەوانی و گەیشتنە منایەکی دروست.

٢- النبیین:


لە ناو دینە ئیبراهیمییەکان دوو زاراوە هەن کە هەم گرنگن و هەمیش ڕێزبەندییەک لە نێوانیاندا هەیە. بۆهەر پەیامبەرێک پێگا و ئاستی گرنگیان لە ناو دین دیار دەکا. ئەو دوو زاراوەیەش (نبی) و (رسول)ن.


أ- نەبی (النبیین) لە بنەڕەتدا ووشەیەکی کۆنی میسریە لەسەردەمی فیرعەونەکان بە مانای (سەرۆک) دێ. گشت فیرعەونەکانیش نازناوی نەبیان هەبووە. واتە سەرۆک یان سەرکردەی ئیمپراتۆرییەتی میسر. ئەوەش نیشانی دەدات کە فیرعەون نە خودابووە و نە خۆشی بە خودا زانیوە. بەڵکوو سەرۆکی ئیمپراتۆرییەتێک بووە. ئەوەش پێچەوانەی دەقی ناو پەرتووکە دینییەکانە کە فیرعەون بە خودا دانرابێى. بەڵکوو سەرۆکی ووڵات بووە. ئەو ووشەیە تا ئێستاش لە ناوچەکانی ووڵاتی حەبەشە (ئەثیوبیا) بە هەمان مانا بۆ سەرۆک هۆز و خێلەکان بەکاردێ.


لە ئەنجامی پەیوەندی و هاموشۆی نێوان بنی ئیسرائیل و میسر بە درێژایی زیاتر لە هەزار ساڵ، ئەو ووشەیەش هاتۆتە ناو زمانی عیبری. دوای هاتنی ووشەی نەبی بۆ ناو زمانی عیبری، ئەوا لە ڕووی زمانەوانیش بۆ گەردانن، فۆرمێکی نوێی وەرگرتووە تا لەگەڵ زمانی عیبری بگونجێ. ئەوەش لە ڕووی زمانەوانییەوە شتێکی ئاساییە. کاتێ ووشەیەک یان زاراوەیەک دێتە ناو زمانێک ئەوا لەڕووی زمانەوانییەوە دووبارە دادەڕێژرێتەوە تا فۆرمێکی لەبار لە زمانە نوێکەدا وەربگرێ. ووشەی نەبی وەک تاک: نبی و کۆیەکەشی دەبێتە: نبییم. زاراوەکەش مانا میسریەکەی وەک خۆی پاراستووە و لە زمانی عیبری بەهەمان مانا بەکاردێ. بەتایبەتیش وەک نازناوێک بۆ بنەماڵەی داود بەکارهاتووە. ئەوەش بەڕەچاوکردنی کە بنەمالەی داود پاشا بووین، شتێکی ئاساییە، بە ناوی نەبی (سەرۆک) ناو ببرێن. (١٥)


بۆ بەرچاو ڕوونی وتێگەیشتنی ئاسانترلە گرفتەکە، لەناو بنی ئیسرائیل دوو بنەماڵە هەبووین. کە بە درێژایی مێژوو، بەشێوەیەکی هاوتەریب بەنی ئیسرائیلیان بەڕێوە بردووە. بنەماڵەی داود پاشا بووین و ووڵاتیان لە ڕووی سەربازی، ئابووری و کارگێڕی بەڕێوەبردووە. هەرچەندە دەستەڵاتی ووڵاتیان بەدەستەوە بووە، کەچی هەوڵیان نەداوە خۆیان تێکەڵی کاروباری دین بکەن. (بێجگە لە سەردەمی هاتنە سەر تەختی نەبی سولەیمانی کوڕی داود نەبێ. لەبەر ناکۆکی و لەسەر جێنیشینی داود، بۆ جێگیرکردنی دەستەڵاتی خۆی دوژمنەکانی خۆی پاکتاوکرد. لەلایەک خزمەکانی خۆی لە ناو دەستەڵات پاکتاوکرد و لە ناو دینیش ناحەزەکانی خۆی پەڕاگەندەکرد). بەرامبەر ئەوە بنەماڵەی لاوین هەڵگری لایەنی دینی یەهودی بووین و کاهینەکانی (عیبری:کۆهن) یەهوودی لەو بنەماڵەیە بووین. بۆیە بە بنەماڵەی داود گوتراوە نەبی و بە بنەماڵەی لاوین و بە دیاریکراویش بنەماڵەی هاڕوون دەگوترا کاهن. کە بەپێی تەورات هاڕون یەکەمین کاهن بووە لە دینی یەهودی. (١٦)


دوای پەڕینەوەی ووشەی (نەبی) بۆ زمانی عەرەبی و بە دیاریکراویش قورئان تێکەڵاوییەک پەیدابوو. هەر ئەو تێکەڵاوییەش وایکردووە کە ووشەی (نبی) مانای بنەڕەتی خۆی لەدەست بدات. هەرچەندە نازانین نووسەری قورئان تا چەند لە ڕەگوڕیشەی مانای نەبی لە زمانی میسری و عیبری ئاگاداربووە. تا بتوانێ لە هێنانی بۆ ناو ئایەتەکانی قورئان، مانا بنەڕەتییەکەی ڕەچاوبکا. ووشەی نەبی لە زمانی عەرەبی بەگشتی و لە قورئان بەتایبەتی ناوەرۆکێکیتری وەرگرت. کە لە بواری گشتی دا بۆ هەواڵ گەیێن یان ئەوکەسەی هەواڵ پەخش دەکا (مذیع) بەکار دێ. و لە بواری دینیشەوە بە مانای گەیێنەری پەیامی دینی بەکار دێ. بۆیە لە ڕووی فۆرم و ناوەرۆک ووشەی نەبی ئەو ڕۆڵەی میسری و عیبری لەبەر داکەنرا و ڕۆڵ و ناوەرۆکێکی تری پێ بەخشرا. لە زاراوەیەکی فەرمانڕەوایی و بەڕێوەبردن، گۆڕا بۆ زاراوەیەکی کۆمەڵایەتی. و خزێنراوەتە ناو زۆر کایەی پەیوەندییەکانی کۆمەڵگە. بەتایبەتیش ڕۆلی پیرۆز بۆ گەیێنەری پەیامی دینی و ئاڕاستەکردنی کاروباری کۆمەڵگە، بە گیانی خودایی بە ئاڕاستەیەکی دیاریکراو (١٧)


لە ڕووی زمانەوانیشەوە ڕەچاوی گەرداندن بۆ (نەبی) لە ناو دەقەکانی قورئان نەکراوە. کە بەپێی زمانی عەرەبی ستانداردی هاوچەرخ دەبێتە (الانبیاء). کەچی لە (ئایەتی ٤٠ سوورەتی الاحزاب) نووسراوە (النبیین). ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، لەو سەردەمەی قورئان هاتووە زمانی عەرەبی ڕێزمانێکی جێگیری نەبووە. نووسەری قورئانیش لەبەر ناشارەزایی لە ڕێزمانی عەرەبی یان هەرهۆیەکی تر. ڕەچاوی ئەوەی نەکردووە. دەقی (کۆی:نبییم)ی عیبری وەرگرتووە. تاکە شت کە گۆڕانی بەسەردا هاتبێ، لە عیبرییەکە کۆ بە تیپی (م) تەواو دەبێ لە قورئان بۆەتە (ن). جا ئەگەر بە پێی ڕێزمانی عەرەبی لێکی بدەینەوە، دەبێتە دوو نەبی نەک کۆ. کە دەبوایە (الانبیاء) بوایە. (١٨)


ب. رسول.


ووشەی رسول: بە مانای نێردە یان پەیامبەر دێ. زاراوەیەکی بەرزترە لە نەبی. بەو پێیەی نێردەی خودایە بۆ خەڵک. لە سایتی (الإسلام سوأل و جواب). کە سایتێکی دیندارەکانە. هەمیشە خەریکی پینەو پەڕۆیە بۆ قورئان و حدیسەکان. بە ڕاشکاوی دان بەوەدا دەنێ و دەنووسێ ( کل رسول فهو نبی، و لیس کل نبی رسول) واتە گشت نێردەیەک نەبیە، بەڵام گشت نەبیەک نێردە نییە. لێرەدا پرسیارێک سەر هەڵدەدا. ئایا بۆ لەناو ئایەتەکەدا دوا رسول نەبوو؟ کە پلەی لە نەبی بەرزترە. لە جیاتی (خاتم النبیین) بنووسرایە (خاتم المرسلین). هەرچەندە بە ڕەچاوکردنی (خَاتَمَ)، هێشتا ناتوانێ مانای دوا نێردە بدات. کەچی دیالۆگ و هەڵوێستەکان سەبارەت بەو ئایەتە بە شێوەیەکیتر دەبوون. تەنانەت لە صحيح مسلم دەنووسێ: (وإنما قال خاتم النبیین ولم یقل المرسلين) (١٩)
لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە پێی کەلەپووری ناوچەکە دەبێ ١٢٤ هەزار نەبی هاتبن. ئەگەر بەپێی زمانی میسری و عیبری لێکی بدەینەوە. ژمارەکە هەندێک لۆژیکی تێدایە و دەبێتە جێگای متمانە. بە ژماردنی گشت فیرعەون و سەرۆک و پاشا و میرەکان و سەرۆک خێل و هۆزەکانی ئەو ناوچەیە ڕنگە ئەو ژمارەیە دەربچێ!. ئەوکاتە مرۆڤ هەست دەکا، لۆژیکێک لەم ژمارە زۆرە دا هەیە. کەچی نەبی ئەو ڕۆڵە پیرۆزەی نامێنێ کە لە زمانی عەرەبی بەبەری دابڕاوە. وەک ئەوەی لێدێ بڵێی ١٢٤ هەزار سەرۆک هەبووین. بەڵام ئەگەر ئەو ژمارەیە بە نەبی (پەیامبەر) دابنێین. وەک لە زمانی قورئان هاتووە، ئەوا بە لێکدانەوەیەکی بیرکاری سادە بۆمان دەردەکێوێ شتێکی ناهاوسەنگە و هیچ لۆژیکێکی تێدا نابێ. بۆیە ناتوانێ جێگای متمانەبێ.


گریمان با وایدابنێین هیچ نەبی تر نایە، محەمەد دوا نەبی بوو. باشە بەڵام ڕێ لەوە ناگرێ نێردەیەک (مرسل) بێت، لەبەر ئەوە لە قورئان باسی ئەوەی نەکردووە کە دوا نێردەیە. و نێردەش ڕاستەوخۆ پەیامبەری خودایە، واتە لە هەمان کاتدا نەبییە. هەر لە هەمان سایتی (الإسلام سوأل و جواب) دەنووسێ (''محمد رسول اللە''یە، بۆیە بێگومان نەبیە). ئەی باشە ئەگەر نێردەیەکی (رسول) تر هات، ئەو کاتە چی دەبێ؟ بێگومان ئەویش رەسولە، ڕاستەوخۆ نەبییە. لەوکاتەدا ئایەتەکە چ گرنگییەکی دەمەنێ؟ کاتێ رسول بێت، پێویستی بە مۆڵەتی کەس نییە. لەبەر ئەوەی نێردەیە (رسول) و پلەی لە نەبی بەرزترە. ئیتر ئەو ئایەتە بێکار دەمێنێ و وەک موسوڵمانەکان دەڵێن (نەسخ) دەبێ. چونکە نێردە هاتووە و ئاستی لە نەبی بەرزترە و ڕاستەوخۆ نەبیە. (٢٠)

خاتم النبیین لە حەدیس و ڕیوایەت دا.


حەدیس و روایەت، بە شێوەیەکی گشتی دوو بواری زۆر گرنگن بۆ موسوڵمانان، کە هەمیشە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئایەتێک یان هەڵومەرجێکی کۆمەڵایەتی، یان دینی پشتییان پێدەبەستن. لەگەڵ ئەوەشدا زۆرتەماویین. ناکرێ بە لێبڕاوی جێگای متمانەبن. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ دووری ماوەی نێوان مردنی پەیامبەر و دەستپێکی کۆکردنەوەی حەدیسەکان. یەکەمین جار ساڵی ٨٤٠ زایینی لەلایەن ابن سعد (١٦٨-٢٣٠ ک/ ٧٨٤-٨٤٥ ز) حەدیسکان لە پەرتووکێک بەناوی (کتاب الطبقات الکبیر) لە ١١ بەرگ دا کۆکرایەوە، کە بە (الطبقات ابن سعد) ناسراوە. دوای ئەو بخاری (محمد بن اسماعیل البخاری ١٩٤-٢٥٦ ک/ ٨١٠-٨٧٠ ز) لە ساڵی ٨٦٩ ز صحیح البخاری نووسراوەتەوە. لە دوای بوخاری، مسلم (إمام أبی الحسین مسلم بن الحجاج القشری النیسابوری ٢٠٦-٢٦١ ک ٨٢٢-٨٧٥ ز) لە ساڵی ٨٧٤ زایینی حەدیسەکانی پەیامبەری لە پەرتووکێک بەناوی (صحیح مسلم) بڵاوکردەوە. ئەگەر سەیرێکی ئەوە بکەین کە محەمەد ساڵی ٦٣٢ زاینی مردووە. کەواتە یەکەم کۆکردنەوەی حەدیسەکان ٦٣٢-٨٤٠ دەکاتە ٢٠٨ ساڵ دوای مردنی محەمەد. هەڵبەتە ئێمە نازانین تا چ ڕادەیەک بوخاری سوودی لە (الطبقات ابن سعد) وەریگرتووە. ئەگەر وەرینەگرتبێ، ئەوە دەکاتە ٢٣٧ ساڵ دوای مردنی محەمەد. هەر هەمووشی متمانە لەسەر کەسان دەکات، کە لە کەسانیتر بیستوویانە ئەوانیش لە کەسانی تر بیستوویانە(٢١). سەرجەمی گێڕانەوەکانیش بریتین لە دەستی چوارەم و پێنجەم و هتد. لەلایەکیتر بە هەموو شێوەیەک ماوەی زیاتر لە ١٥٠ ساڵ دوای دانانی سەروبۆر و جێگیربوونی نووسین و خوێندنەوەی زمانی عەرەبی. کەواتە چۆن بزانین دروستکراو نیین؟ ڕۆژهەڵاتناسی ئەڵمانی ئیگنێس گۆڵدێزەر (١٨٥٠ - ١٩٢١ز) دەڵێ ناتوانین بڵێین هەر حەدیسێکی صحیح محەمەد گوتوویەتی. لەبەر ئەوەی دروستکردنی حەدیس بەناوی پەیامبەر، تا هاتنی دەوڵەتی عەباسیش هەر بەردەوام بوو. خەلیفەکانی عەباسی دەیانەویست بەهانە بۆ زەوتکردنی دەستەڵات لە ئەمەوییەکان بێننەوە. داوایان لە زانا دینییەکان دەکرد، حەدیس دابنێن، کە پشتیوانی لەوان بکات و لۆمەی ئەمەویەکان بکات. تا ڕەوایی بە دەوڵەتی عەباسی دژی ئەمەوییەکان بدا. جا بیری لەبکەرەوە، یەکەم دەوڵەتی عەباسی لە ساڵی ١٣٢کۆچی٧٥٠/ زایینی دامەزرا. بەو پێیە بخاري بە زیاتر لە ١٠٠ ساڵ دوای دامەزرانی دەوڵەتی عەباسی صحیحی نووسیوە. کەواتە مەحاڵە لە پڕووشکی شەڕە حەدیسی نێوان عەباسی و ئەمەوی بەدووربووبێ. هەندێک لەحەدیس گێڕەوەکان تا سێ سەد هەزار حەدیسیان کۆکردبووەوە. هەر ئەو کەسەی کۆیکردۆنەتەوە. لەناو حەدیسەکانی خۆی، هەندێکیان ڕێک دژی هەندێکیتریان بوون. جا ئەگەر خەڵکێک بە درۆ حەدیس بەناوی محەمەد دروستکرد، کەواتە بە هەمان شێوە لە پێناوی دەستەڵات و بەرژەوەندی هەڵومەرجەکان، بە دەیان و سەدان ئایەتی قورئانیش دروستکراون (٢٢) ئەو قسانەی گولدێزەر بۆ هەردووک قورئان و حەدیسەکانی پەیامبەر ڕەوایە. کە دەتوانرێ لێکدانەوەی زۆری بۆ بکرێ. و زۆر پرسیار لەخۆ دەگرێ!!. بەڵام جێگای ئێرە نییە.


بۆیە هەر حەدیسێک دەبێ زۆر بەگومانەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێ. بەلای کەم، لە دوو ڕوانگەوە لێی ووردبینەوە. یەکەم شێوەی گێڕانەوەی و بەراوردکردنی لەگەڵ حەدیسەکانی تری پەیامبەر، بۆ دڵنیابوون لە شێوەی داڕشتن و دەربڕینی. دووەم بۆنەی هاتنی حەدیسەکە. کە لە خۆیەوە خاڵێکی گرنگە. ئەوەش بە ڕەچاوکردنی دووری ماوەی نێوان مردنی پەیامبەر و گێڕانەوەی حەدیسەکە. دووەم هەروەک گولدێزەر ئاماژەی پێدەکا. ڕەنگە بە مەبەستێکی سیاسی دروستکرابن. بۆیە دەبێ هەڵومەرجی تۆمارکردنی لەگەڵ باری سیاسی و کۆمەڵایەتی لایەنە ناکۆکەکانی ناو ئیسلام هەڵسەنگێندرێ. هەر بۆیە ناتاونرێ بە ئاسانی بکرێتە سەرچاوە بۆ لێکۆڵینەوە و متمانەی پێ بکرێ.


سەرەڕای گومان لە لێکدانەوەی مانای حەدیسەکەش، دەبێ هەروەک چۆن لە شێوەی لێکدانەوەی ئایەتەکانی قورئان بە گومان بووین، بۆ حەدیسەکانیش بەهەمان شێوە بەگومان بین. ئەوەش دیاردەیەکە ڕووچۆتە ناو قووڵایی دەقەکانی هەردوو قورئان حەدیسەکان.


با لە بخارییەوە دەست پێبکەین:
لە صحیح بخاری (١٨- باب خاتم النبیین صلى الله عليه وسلم) دوو حەدیس هەن. هەردووکیان لە دوای یەک هاتوون کە هەمان حەدیسن بە گێڕانەوە لەلایەن دوو سەرچاوەی (کەسانی) جیاواز.


حەدیسی یەکەم ژمارە:٣٥٣٤ - حدثنا محمد بن سنان: حدثنا سليم: حدثنا سعيد بن ميناء، عن جابر بن عبد الله رضي الله عنهما قال: قال النبي صلى الله عليه وسلم: (مثلي ومثل الأنبياء، كرجل بنى دارا، فأكملها وأحسنها إلا موضع لبنة، فجعل الناس يدخلونها ويتعجبون ويقولون: لولا موضع اللبنة. (٢٣)
٣٥٣٤ هەروەک من و نەبیەکانی پێش من. وەک ئەو پیاوەی خانوێکی دروستکرد. باشتری کرد و جوانکاری تێداکرد. بێجگە لەیەک خشت لە گوشەیەک. خەڵکی سەری لێدەدا. و پێی سەرسام بوون. پێیان دەگوت: ئەگەر ئەو خشتە دانەنرایە!


حەدیسی دووەم ژمارە ٣٥٣٥ - حدثنا قتيبة بن سعيد: حدثنا إسماعيل بن جعفر، عن عبد الله بن دينار، عن أبي صالح، عن أبي هريرة رضي الله عنه: أن رسول الله صلى الله عليه وسلم قال: (إن مثلي مثل الأنبياء من قبلي، كمثل رجل بنى بيتا، فأحسنه وأجمله إلا موضع لبنة من زاوية، فجعل الناس يطوفون به، ويعجبون له ويقولون: هلا وضعت هذه اللبنة؟ قال: فأنا اللبنة، وأنا خاتم النبيين).(٢٤)
٣٥٣٥ هەروەک من و نەبیەکانی پێش من. وەک ئەو پیاوەی خانوێکی دروستکرد. باشتری کرد و جوانکاری تێداکرد. بێجگە لەیەک خشت لە گوشەیەک. خەڵکی سەری لێدەدا. و پێی سەرسام بوون. پێیان دەگوت: ئەگەر ئەو خشتەشت دانابوایە؟. گوتی: من ئەو خشتەم. من دوا نەبیم.
حەدیسی یەکەم گێڕانەوەیەکی سادەی وەک پەند وایە. کۆتاییەکەشی ناتەواە. کەچی لە حەدیسی دووەم، کە هەمان گێڕانەوەیە. تەنیا دوو ووشەی لەسەر زیادکراوە.


لێردەا گومان لەسەر بنەڕەتی حەدیسەکە دروست دەبێ. دوو گێڕانەوەی جیاواز لەیەکتری دوو پەیامی زۆر جیاواز. ئەوەی جێگای گومانە، یان هەردوو حەدیسەکە دروستکراون. چونکە یەکەم لەنگی لە کۆتایی حەدیسەکەدا هەیە. دووەمش هەر هامەنە و دەستکاریکراوە و کۆتاییەکەی لێ زیاد کراوە. ئەگینا ئەگەر ڕاستبوایە دەبوایە هەردووک حەدیسەکە یەکتری پشتڕاستکەنەوە. بۆیە ناکرێ هیچ لە حەدیسەکان جێگای متمانە بن. بەتایبەتی حەدیسی دووەم ٣٥٣٥ (قال: فأنا اللبنة، وأنا خاتم النبيين) زیادکراوە و کە لەگەڵ تەواوی پەیامی حەدیسەکانی پەیامبەر ناکۆکە.


سەبارەت بە صحیحی موسلم ئەوە هەر ماڵی وێرانە. لە پێشەکی صحیح مسلم ( نووسیویەتی :(قولە خاتم النبیین) بفتح التاء و کسرها هو اخرهم، فلانبی بعدە. و انما قال خاتم النبیین ولم یقل المرسلین (٢٥)


مسلم بێ گوێدانە ڕێزمانی عەرەبی و ڕۆڵی کسر و فتح. بڕیاری خۆی دەدات. کە بەهەردووک کسر
خاتِم: و فتح خاتَم هەر دوا نەبییە ( پێت خۆش بێ یان نا هەر ئەوەیە!!). ئەوەش ڕێک پێچەوانەی ڕێزمان و فەرهەنگی عەرەبیە. کە (کسر و فتح) دوو مانای تەواو جیاواز بە ختم دەبەخشن. هەرچەندە دان بەوەش دادەنێ کە دەڵێ (دەڵێ خاتم النبیین، ناڵی خاتم المرسلین). بۆیە مسلم لە دوولاوە بە هەڵە داچووە. یەکەم لایەنی ڕێزمانی کە جیاوازی لە نێوان سەروبۆری فەتح و کەسر نەکردووە. دووەم دەنووسێ: ئەو گوتوویەتی خاتم نەبی و نەیگوتووە خاتم المرسلین. ئێ باشە ئەگەر نێردە نەبێ، بۆ نەبی بێ؟ ئەوەش وامان لێدەکا نەتوانین متمانە بەو بۆچوونەی مسلم بکەین. بۆ پشتڕاستکردنەوەی نا ڕاستی لە گێڕانەوەی حەدیسەکانی صحیحی موسلم، با حەدیسێکی تری بێنینەوە، بۆ بەراوردکردن، لەسەر دروستی گێڕانەوەکانی: هەرچەندە ئەو حەدیسە سەبارەت بە هەڵومەرجێکی ترە. بەڵام مەبەست لێرە ئاماژەکردنە بە نالۆژیکی حەدیسەکان و تا چەند جێی متمانەن.

٢٧٦٧ - عن أبي موسى رضي الله عنه، عن النبي صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قال: »يجيء يوم القيامة ناس من المسلمين بذنوب أمثال الجبال، فيغفرها اللهُ لهم ويضعها على اليهود والنصارى«. (٢٦)
٢٧٦٧ نەبی دەڵێ: ڕۆژی قیامەت دێ خەڵکی موسوڵمان بەووێنەی چیا تاوان دەکەن، خودا لێیان خۆش دەبێ تاوانەکان دەخاتە سەر یەهودی و نەساریەکان.


بە ووردبوونەوەیەک لەو حەدیسە و بەراوردکردنی لەگەڵ ئایەتەکانی قورئان و حەدیسەکانی تری پەیامبەر. نالۆژیکی و بێمانایی لەو دوو دەربڕینەی مسلم بە ڕاشکاوی دیارە. هەر زوو مرۆڤ تێدەگات، ئەو حەدیسە دروستکراوە. لە بەر ئەوەی هەم لە قورئان و هەم لە حەدیسەکانی تری پەیامبەر، ئەو دوو دینە بە (أهل الکتاب) دادەنێ و بە دینی ڕەوای خودا دەیانژمێرێ. چۆن لە یەک حەدیس، بە بێ هیچ هۆیەکی لۆژیکی خراپەکارییەکانی موسوڵمانان بخڕێنە سەر شانی ئەوان؟ ئەگەر دینی ئیسلام و پەیامبەرەکەی سەرڕاستبن، دەبوایە یان لە سەرجەمی قورئان و حەدیسەکان یەهودی و نەسرانییەکان ڕەتکەنەوە. یان وەک دینێکی اللە چاولێبکرێن. نەک هەرچی بن هەر خراپەکارن. جا ئەگەر ئەو حەدیسە هی محەمەد بێ، ئەوا دوو فاقیی لە کردار و ڕەفتارەکانی داهەیە. ئەگینا ناتوانین متمانە بە دروستی ئەو حەدیسە بکەین.


سەرەڕای ئەوە هەمان ئایەتی ٤٠ سوورەتی الاحزاب، بە ریوایەتێکی عائیشە هەردوو حەدیسەکانی بخاری و موسلم ڕەتدەکاتەوە.
هەرچەندە ئەو ڕیواتەش بە دوو شێوە لەلایەن کەسانی جیاوازەوە گێڕدراوەتەوە، کەچی هەمان پەیامە:

رواهإ بن أبي شيبة في مصنفه عن جرير بن حازم: “حَدَّثَنَا حُسَيْن ُبْنُ مُحَمَّدٍ، قَالَ: حَدَّثَنَا جَرِيرُ بْنُ حَازِمٍ، عَنْ عَائِشَةَ، قَالَتْ: قُولُوا: خَاتَمُ النَّبِيِّينَ, وَلا تَقُولُوا: لا نَبِيَّ بَعْدَهُ. (٢٧)
لە عائیشە دەگێڕنەوە کە گوتوویەتی بڵێن ڕاستێنەری نەبیانە ، و نەلێن هیچ نەبی لەدوای ئەو نییە.


دواتر لە تفسیر یحیی بن سلام لەوەش زیاتر دەڕوات، بەڵکوو عیسا بە دوا نەبی دادەنێ.

رواه یحي بن سلام عن الربیع فی تفسیره: ''الربیع بن صبیح، عن محمد بن سیرین، عن عائشة قالت: لا تقولوا: لا نبي بعد محمد، و قولوا: خاتم النبیین، فانه ینزل عیسی ابن مریم حكما عدلا واماما مقسطا، فیقتل الدجال، ویكسر الصلیب، ویقتل الخنزیر، ویضع الحرب اوزارها''. (٢٨).

بە هەمان شێوەی پێشتر لە عائیشە دەگێڕنەوە کە گوتوویەتی: مەڵێن هیچ نەبی دوای محەمەد نیە، و بڵێن ڕاستێنەری نەبیانە. ئەوە عیسای کوڕی مریەمە دادەبەزێ و دادوەری ڕەوا دەکات و ئیمامێکی ڕەوایە، دەجال دەکوژێ، خاچ دەشکێنێ و…. هتد. عائیشە مەبەستی گەڕانەوەی عیسایە وەک نەساڕییەکان (کریستی چاوەڕوانکراو) دێتەوە. کە لە ئیسلامیش بە ناوی (مهدی منتظر) ناو دەبرێ.


ئەوەی جێگای هەڵوێستەکردنە لەو ڕیوایەتە ئەوەیە، کە ئەو بۆ چوونە پشتڕاستدەکاتەوە کە ئیسلام و پەیامەکەی لە قۆناخی سەرەتادا لە ژێر کاریگەری بەهێزی نەسرانییەکاندا بووە. محەمەد ئەو پایە بەرزەی نەبووە کە بتوانێ لە ڕوانگەی دینییەوە وەک نێردەی اللە ببینرێ. بەڵکوو ئەو کەسە کریست (مەسیح) بووە. وەک عائیشە گوتەنی دەگەڕێتەوە و جیهان ڕزگار دەکات. بۆیە ناکرێ کەسایەتی محەمەد وەک دوانەبی ببینرێ.


بە لێکدانەوەیەکی گشتی بۆمان دەردەکەوێ کە لە سەرجەمی پەرتووکەکانی صحیح چەواشەکاری تێدایە. جا ئەو چەواشەکارییە، دەبێ لە دوو ڕووەوە تێی بڕوانین یەکەم ڕاڤەکاران و کۆکەرەوەی حەدیسەکان پابەند بووین بەو مانایەی بەسەر خاتم دابڕاوە. و بۆتە کولتوورێکی باو کە ڕاڤەکاران، ئەگەر هەستیشیان بە هەڵە کردبێ، نەیان وێراوە گوزارەی تری بۆ بکەن. دووەم لە ئەنجامی دروستبوونی هەڵومەرجی سیاسی کە وایکردووە حەدیس و ڕیوایەت لە بەرژەوەندی لایەنێکی سیاسی دەستەڵاتدار دروستبکرێن. ئەگینا ناکرێ ئەو کەسانەی وەک پسپۆر لە بوارێکدا کار دەکەن. هەڵەی وا ئاشکرایان لەسەر تێبپەڕێ و کاردانەوەیان نەبێ.
جا لە هەربارێک دابێ. و بە هەر هۆیەک بووبێ، بە هەڵە لێکدراوەتەوە. بۆیە وامان لێدەکات متمانەیان پێیان نەبێ. ئەوەی کە دەتوانرێ بگوترێ، ناکۆکی نێوان دەربڕینەکان ناتوانن ڕاستی بشارنەوە. سەرەڕای ئەوەش زمانی ئەو سەردەمەی محەمەد تێیدا ژیاوە. زمانێکی تێکەڵاو بووە کە تێگەیشتنی کردۆتە کارێکی ئەستەم.

بەراوردێک لە نێوان ئایەتی ٤٠، سورەتی الاحزاب لەگەڵ چەند ئایەتی تر.


با لە چەند ئایەتی تری قورئان ووردبینەوە و لەگەڵ ئەو ئایەتە دا بەراوردیان بکەین. تا بتوانین بگەینە ئەنجامگیرییەک بۆ مەبەستی (خاتم النبیین). نووسەری قورئان لە چەندین شوێن لە قورئان پەیڕەوی (اتباع)ی خۆی بۆ عیسا دووپاتە دەکاتەوە ( وقفینا بعیسی) (البقرە ٨٧، المائدە ٤٩، الحدید ٢٧) واتای ئەو ئایەتە (قفینا من بعدە بالرسل) ووشەی (قفینا) دەکاتە (اتبعنا). واتە پەیرەوی پەیامبەری ئەومان لەدوای خۆیکرد.

 

هەروەها لە سورەتی الصافات ئایەتی ٣٧ سەبارەت بە محەمەد هاتووە دەڵێ:
(بل جاء بالحق و صدق المرسلین) (الصافات ٣٧)
بەڵکوو ئەو ڕاستی لەگەڵ خۆی هێناو و بڕواشی بە پەیامبەرانی خوداکرد. (صافات ٣٧).


لە سورەتی البقرە ٨٧ دەڵێ:

وَلَقَدْآتَیْنَامُوسَىالْكِتَابَوَقَفَّیْنَا مِنْ بَعْدِهِ بِالرُّسُلِ وَآتَیْنَا عِیسَى ابْنَ مَرْیَمَ الْبَیِّنَاتِوَأَیَّدْنَاهُ بِرُوحِ الْقُدُسِ أَفَكُلَّمَا جَاءَكُمْ رَسُولٌ بِمَا لَا تَھْوَى أَنْفُسُكُمُاسْتَكْبَرْتُمْ فَفَرِیقًا كَذَّبْتُمْ وَفَرِیقًا تَقْتُلُونَ (البقرە ٨٧)
ئێمە پەرتووکمان بۆ موسا نارد و چەند پەیامبەری تریشمان بەدوایدانارد. چەندین بەڵگەی ئاشکراشمان دایە عیسای کوڕی مریەم. لە گیانی پیرۆزی خۆشمان یارمەتیمان دا. تاکو ئێستا هەر پەیامبەرێکتان بۆ هاتبێ و بانگهێژی کردبێ، ئێوە بە دڵتان نەبووە و، خۆتان لەو بە زلترزانیوە. بەهەندێکتان گوت درۆزن. هەندێکیشتان هەر کوشتن (البقرە ٨٧)


سورەتی الحدید ٢٧

 

ثُمَّ قَفَّيْنَا عَلَى آثَارِهِم بِرُسُلِنَا وَقَفَّيْنَا بِعِيسَى ابْنِ مَرْيَمَ وَآتَيْنَاهُ الإِنجِيلَ وَجَعَلْنَا فِي قُلُوبِ الَّذِينَ اتَّبَعُوهُ رَأْفَةً وَرَحْمَةً وَرَهْبَانِيَّةً ابْتَدَعُوهَا مَا كَتَبْنَاهَا عَلَيْهِمْ إِلاَّ ابْتِغَاء رِضْوَانِ اللَّهِ
دوای ئەوان زۆر پەیامبەری ترمان نارد. دوای ئەوانیش عیسای کوڕی مریەممان نارد و ئینجیلمان پێ بەخشی. سۆز و میهرەبانیشمان خستە دڵی پەیرەوانی. ئەو ڕەبەنیەش کە هەیانە ئێمە بۆمان نەنووسیون، بۆ خۆیان دایان هێناوە. ئەو کارەشیان بۆ ڕەزامەندی خودا بوو. (الحدید ٢٧)


تەنانەت لە سورەتی یونس، نووسەری قورئان پاکانە بۆ ئەوە دەکا کە قورئان باەڕی بە پەرتووکەکانی تر هەیە. لێرەدا دەیەوێ پەرتووکەکانی تر واتە تەورات و ئینجیل بکاتە بارمتە بۆ پشتیوانی کردنی قورئان، تا وەک پەرتووکێکی خودایی وەربگیرێ:


وَمَا كَانَ هَٰذَا الْقُرْآنُ أَن يُفْتَرَىٰ مِن دُونِ اللَّهِ وَلَٰكِن تَصْدِيقَ الَّذِي بَيْنَ يَدَيْهِ وَتَفْصِيلَ الْكِتَابِ لَا رَيْبَ فِيهِ مِن رَّبِّ الْعَالَمِينَ  (یونس ٣٧)
ناکرێ ئەو قورئانە هی اللە نەبێ و هەڵبەسترابێ. کەچی ئەم قورئانە باوەڕ بەوە دەکات کە پێشتر هاتووە و ئێستاش لەبەر دەستدایە و ڕوونیشی دەکاتەوە. هیچ گومانی تێدانییە، لەلایەن پەروەردگاری گشت جیهانەوە هاتووە (یونس ٣٧)


هەڵبەتە زۆر ئایەتی تر هەن، کە بەهەمان شێوە محەمەد پاکانە دەکات و دەیەوێت هەردوو موسا و عیسا و پەرتووکەکانیان بکاتە گەواهی. تا ڕەوایی بە خۆی و قورئانەکەی بدا. بەڵام بە مەبەست ئەو چەند ئایەتە هەڵبژێردراون. بۆ ئەوەی نیشانی بدەین کە بەپێی کرۆنۆلۆژیای مێژوویی نووسینەوەیان، گرفتەکە هێشتا گەورەتر دەبێ. لەبەرئەوەی ئەو ئایەتانە تێکەڵاون لە نێوان سورەتەکانی مەککە (مکی) و مەدینە (مدنی). بۆ نموونە ئایەتەکانی (سورة الأحزاب، سورة البقرە و سورة الحدید) هەرسێکیان سورەتی (مدنی) واتە دوای کۆچی محەمەد بۆ مدینە نووسراون، هەردوو سورەتی (سورة الصافات وسورة یونس) مکی ین. کەواتە لە ناوەڕاستی مکی و مدنی ئەو ئایەتە هاتووە و ئیتر هیچ جارێکی تر نەهاتووتەوە. گریمان ئەگەر تەنیا سورەتەکانی مکی بان ئەوە موسوڵمانان دەیانگوت (منسوخ)ن. بەڵام دەبینین ئایەتی (مدنی) ش هەن کەواتە هیچ لۆژیکێک ڕێگا نادا، لە ناوەڕاستی قورئان یەک ئایەت بێ، کە پێچەوانەی سەرجەم قورئان بێ. هەردوای ئەوە ئایەتی تر بێن دژ بەو ئایەتە و ئێمەش بە ئاسانی ڕەوایی بە ڕاڤەی هەڵە بدەین. (٢٩)


سەرەڕای ئەوە بە وورد بوونەوەیەک لە سورەتی یونس، ئایەتی ٣٧ بۆمان دەردەکەوێ چۆن محەمەد شێوەیەک شپڕزەیی پێوەدیارە بۆ ئەوەی خەڵکی پێی باوەڕبکەن، کە قورئان لەلایەن اللە ناردراوە. سەرەڕای ئەوە بە پەرۆشەوە ئاماژە بە پەرتووکە دینییەکانی تر دەکات، کە باوەڕی پێیان هەیە.


بە بەراوردێک لە نێوان سورەتی الاحزاب ئایەتی ٤٠ و ئایەتەکانی تری ناو سورەتەکانی قورئان، بۆمان دەردەکەوێ. لێکدانەوەی
(خَاتَمَ النَّبِيِّينَ) بە هیچ لۆژیکێک ناکرێ مانای دوا نەبی بدا. یەکەم بەپێی لێکدانەوەی زمانەوانیی دەرفەتێ ئەوەی نەهێشتووتەوە، کە بێجگە لە ڕاستاندن یان پشتڕاستکردنەوە هیچ مانایەکی تری هەبێ. هەروەها سەرجەمی ئایەتەکانی تری قورئان، پێچەوانەی ناوەرۆکی ئەو ئایەتەن. دووەم لێکدانەوەی بە (دوا نەبی) هەڵەیە و دەبێ پشتڕاسکردنەوە (ڕاستاندن) بێ، نەک دوا (کۆتا). لەلایەکی تر زاراوەی نەبی بەپێی پەرەسندنی. و گۆڕانی ناوەرۆکی زاراوەکە ناتوانێ دوا نەبی بێ. چونکە رسول هەیە و ئاستی بەرزترە. بۆیە چمکێکی نەگونجاو دەردەچێ.


بە ڕەچاوکردنی هەمەلایەنی مانای ئایەتەکە دەبێتە:
(محەمەد باوکی هیچ کام لە پیاوەکانی ئێوە نییە. بەڵام نێردەی خودایە و ڕاستێنەری نەبییەکانی ترە و خوداش ئاگاداری هەموو شتێکە) (الاحزاب ٤٠).


دوا ووتە.


پرسی دوا پەیامبەر، هەرچەندە پرسێکی کۆنە لە دینەکاندا. کە بۆ سەقامگیری و مانەوەیان، هەمیشە پێیان لەسەر ئەوە داگرتووە، کە دینەکەی ئەوان ڕاستترین دینە و پەیامبەریشیان دوا پەیامبەرە. هەر بەو لێکدانەوەیەش دین و پەیامبەری دوای خۆیان ڕەکردۆتەوە. ئەوەش کاردانەوەیەکی ئاساییە، ئەگەر دان بەوەدابنێن هەردینێکی نوێ بەت و بە ڕەوای بزانن، واتە بڕیاری نەمانی خۆیان دەدەن. ئەو کاردانەوەیەش وەک دیاردەیەکی کولتووری دینە ئیبراهیمییەکان، لە هەرسێ دینەکە بە ڕاشکاوی دووبارە بۆتەوە. یەهودیەکان عیسایان بە پەیامبەر دانەنا و موسایان بە پەیامبەری گشت بەنی ئیسرائیل دەژمارد. دواتر کە ئیسلام هات، هەرچەند محەمەد هەوڵیدا، بێهودەبوو. یەهودیەکان بەوە ڕازی نەبوون، دان بەوەدابنێن محەمەد پەیامبەری اللەیە. هەر ئەوەش بووە کارەسات بۆ جولەکەکانی خەیبەر، بەنی نەزیر و بنی قورەیزە. دینی کریستیانی باوەڕی بە موسا هەبوو، بەڵام باوەڕی بە هیچ پەیامبەرێک دوای ئەو نەبوو. بۆیە محەمەد وەک نێردەی اللە لەلای کریستیانەکان ڕەتکرایەوە. و ئەنجامەکەشی لەناوچوون و توانەوەی نەساڕیەکان بوو، لە ناو دینی ئیسلام. بەڵام لە هەر دوو دینەکانی یەهودی و کریستیان شتێکی ڕاستەو خۆ لەناو پەرتووکی پیرۆزیان نەنووسراوە. ئەوەی هەیە تەنیا ڕاڤەکردنە و کاردانەوەیەکی ئاساییە بۆ مانەوە و ڕەوایی دان بە دینی خۆیان.


کاتێ دینی ئیسلام هات پەیامبەرەکانی هەردوو دینە ئیبراهیمییەکانی بە پێشڕەوی خۆی دانا. تەنانەت لە چەندین ئایەتی جۆراوجۆر خۆی بە پەیرە و بەردەوامی ئەوان دەزانێ. ئەوەش شتێکی سروشتیە کە موسوڵمان بەرگری لە مانەوەی دینی خۆی بکات.


کێشەی موسوڵمانان ئەوەیە، بەپێی ئایەتێکی قورئان محەمەد بە دوا نەبی
(وَخَاتَمَ النَّبِيِّينَ) دادەنێن. ئیسلامیش بە دوا دین. بەو پێیەش هیچ دینێکیتر نابێ بێت و دینەکانی تریش دەبێ بێنە ناو ئیسلام. لەبەر ئەوەی ئیسلام دینی هەتا هەتاییە.


بە ڕەچاوکردن و لێکدانەوەیەکی هەمەلایەن بۆ ئایەتی
(وَخَاتَمَ النَّبِيِّينَ). چ لە ڕووی زمانەوانی و بەراوردکردنی لەگەڵ ئایەتەکانی تری پێش و پاش ئەو ئایەتە، ناکرێ دوا نەبی بێت. بەڵکوو ڕاستێنەری نەبیەکانی ترە.


لێرەدا پرسیارێک سەر هەڵدەدا. ئایا بۆچی لە ماوەی ١٤٠٠ ساڵە ئەو هەموو زمانزان و ڕاڤەکارانی ئیسلام درکیان پێنەکردووە؟ وەڵامەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە ناو دینی ئیسلام، گشت دەرگایەک بۆ ڕەخنەگرتن داخراوە.


ڕاڤەکاران و زمانزانانی ئیسلام، هەرگیز نەیانوێراوە ئاماژەی پێبکەن. ولێی بێدەنگ بووین. یان پینەو پەرۆیان بە چەندین جۆر بۆ کردووە.


ئەگینا ناکرێ لەو هەموو عەرەبیزانە و بوونی سەرچاوەی زمانەوانی و فەرهەنگناسی درکیان پێ نەکردبێ؟ لە دینی ئیسلام و کولتوورەکەی، قورئان شتێکی نەگۆڕە. بچووکترین ڕەخنە بە گشتی کارەساتی لەدوایە. بۆیە ئەگەر زانایەک یان عەربیزانێک کەمترین ڕەخنەی گرتبێ ئەوا بە شێوەیەکی دڕوندانە بێدەنگکراوە. نموونەیەکی دیار بۆ ئەو مەبەستە، دوو کەسایەتی بەرزی دینی ئیسلامن ابو ذر عبداللە بن احمد الهروی (٣٥٥- ٤٣٤ کۆچی) و دادوەر (القاضی) ابو ولید الباجی (٤٠٣-٤٧٤ کۆچی/١٠١٣-١٠٨٢ زایینی) کاتی ووتیان محەمەد خوێندەوار بووە، هێرشێکی توندیان کرایە سەر. بەتایبەتی ابو ولید الباجی گەیشتە ئەو ئاستەی هەندێک مەلا لە ووتاری ڕۆژی هەینی بە جنێو و نەفرەت سووکایەتیان پێکرد (٣٠). جێگای ئاماژەیە ئەو دوو زانایە لە ئەندەلوس لەدایک بووین و پەروەردە بووین. ئەو ووڵاتەی ابن ڕشدی بەرهەم هێناوە. بۆیە سەیر نییە. کە بوێرانە ڕەخنە لە هەڵەیەکی سەدان ساڵی پێش خۆیانبگرن.


بۆیە موسوڵمانان بە زانا و نەزانەوە. بە درێژایی مێژوو، هەر لە دوای سەروبۆری تیپەکانی قورئان ئەو چمکەی (خاتم النبیین)، بە ڕاست دەخوێننەوە و بەهەڵە تێی دەگەن. هەر لەسەریشی بەردەوامن.
___________________________________________________
سەرچاوەکان:
١. القرآن الکریم (١٩٧٩) دار ألایمان للطباعة و النشر. بیروت - لبنان (گشت ئایەتەکانی قورئان کە لەم نووسینە بەکار هاتوون لەو کۆپییەی قورئان وەرگیراون).
٢. Luxenberg, Christoph (2007) The syro- Aramic Reading of the Koran. Acontribution to the Decoding of the Language of the Koran.
٣. Mignana, Alphonse (1927) Syriac influence on the style of the Kur´an
Source: John Rylands Library Bulletin, Manchester, 1927, volume 11, pages 77-98. Pp87

٤. Luxenberg, Christoph (2007) The syro- Aramic Reading of the Koran. Acontribution to the Decoding of the Language of the Koran.
٥. عبدالکریم. خلیل (١٩٩٧) قريش من قبیلة الی الدولة المرکزیة. ص٢٠
٦. الشیخ الإمام جلال الدین عبدالحمن السیوطی الشافعی. الإتقان فی علوم القرآن . الجزء الأول ص ١٧٧
٧. عبدالکریم. خلیل عبدالکریم. خلیل (١٩٩٧) قريش من قبیلة الی الدولة المرکزیة. ص ١٩
٨. شاهين الدکتۆر عبد الصبور (٢٠٠٥) تاریخ القران ص ١١٢-١١٣
٩. الصلیبی دکتۆر کمال. البحث عن مسیح قراءة جدیدە فی الاناجیل
١٠. الحداد يوسف درة. القرآن دعوة نصرانية
١١. هەمان سەرچاوە
١٢. فەرهەنگەکان: منجد اللغة و الاعلام، معجم لاروس، معجم الوسیط، معجم شمس العلوم، المعجم الغنی، معجم الرائد، لغة الفقهاء.
١٣. الدکتۆر عبد الصبور شاهين (٢٠٠٥) تاریخ القران ص ١١٢-١١٣
١٤. الحداد يوسف درة. القرآن دعوة نصرانية
١٥. الدكتور سامی الذیب. الحوار المتمدن
١٦. الصلیبی دکتۆر کمال. البحث عن مسیح قراءة جدیدە فی الاناجیل
١٧. دکتۆر سامی الذیب. الحوار المتمدن
١٨. هەمان سەرچاوە
١٩. صحیح مسلم. للامام ابی الحسین مسلم بن الحجاج القشری النیسابوری المتوفی ٢٦١ هجریة. مع شرحە المسمی اکمال اکمال المعلم، للامام ابی عبداللە محمد بن خلفە الوشانی الاتی المالکی. الجزء الاول، ص ٣
٢٠. الإسلام سوأل و جواب
٢١. شاهين الدکتۆر عبد الصبور (٢٠٠٥) تاریخ القران ص
٢٢. Godziher, Ignes (1969) Muslim Studies (Muhammedanische Studien). Volume 1
٢٣. صحیح البخاری للامام ابی عبداللە محمد بن اسماعیل البخاری ١٩٣- ٢٥٦ هجری. طبعە جدیدە مضبوطە و مصححە و مفهرسە. دار ابن کثیر. دمشق - بیروت. طبعە الاولی ١٤٢٣ هجری - ٢٠٠٢ م حدیث رقم: ٣٥٣٤
٢٤. صحیح البخاری للامام ابی عبداللە محمد بن اسماعیل البخاری ١٩٣- ٢٥٦ هجری. طبعة جدیدە مضبوطة و مصححة و مفهرسة. دار ابن کثیر. دمشق - بیروت. طبعە الاولی ١٤٢٣ هجری - ٢٠٠٢ م حدیث رقم: ٣٥٣٥
٢٥. صحیح مسلم. للامام ابی الحسین مسلم بن الحجاج القشری النیسابوری المتوفی ٢٦١ هجریة. مع شرحە المسمی اکمال اکمال المعلم، للامام ابی عبداللە محمد بن خلفە الوشانی الاتی المالکی. الجزء الاول، ص ٣
٢٦. صحیح مسلم. للامام ابی الحسین مسلم بن الحجاج القشری النیسابوری المتوفی ٢٦١ هجریە. (وهو ثانی کتابین، هما أصح الکتب المصنفة). الجزء الاول، خادم الکتاب و السنە محمد فواد عبدالباقی. دار الکتب العلمیە بیروت- لبنان. حدیث رقم:٢٧٦٧
٢٧ أبو بكر عبد الله بن محمد بن أبي شيبة الكوفي. المصنف في الأحاديث والآثار،، ٥/٣٣٦، الطبعة الأولى، ١٤٠٩، مكتبة الرشد - الرياض، تحقيق : كمال يوسف الحوت. حدیث ٢٦٦٥٣
٢٨. یحیی بن سلام بن ابی ثعلبە.(١٢٤ - ٢٠٠هجری ٧٤٢- ٨١٥ م)
) تفسير يحيى بن سلام. سُورَةُ الأَحْزَابِ، تَفْسِيرُ سُورَةِ الأَحْزَابِ. ٥١٩
٢٩. الدکتۆرسامي دیب (٢٠١٦) القرآن الكريم بالتسلسل التاريخي. وفقًا للأزھر بالرسم الكوفي المجرد والإملائي والعثماني مع علامات الترقیم الحديثة ومصادر القرآن وأسباب النزول والقراءات المختلفة والناسخ والمنسوخ ومعاني الكلمات والأخطاء اللغوية والإنشائیة
٣٠. شاهين الدکتۆر عبد الصبور (٢٠٠٥) تاریخ القران ص٩١.

 

ماڵپەڕی سەلاح رێبوار

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک