په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٣\٢٠٢٦

خوێندنەوەیەکی بونیادگەریی ڕەخنەیی

بۆ درامای ''گەوهەر و خوشکەکانی''.


پێشرەو حەمید      

 
پێشەکی: ئەرکی کۆمەڵایەتیی دراما.

هونەری دراما لە گوتاری هاوچەرخدا، تەنیا هۆکاری کات بەسەربردن نییە، بەڵکو دراما دامەزراوەیەکی مەعریفییە بۆ بەرهەمهێنانەوەی شوناس و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی جەماوەری. ئەم وتارە وەک خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی هەوڵێکە بۆ دیاریکردنی خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکان، بە ئامانجی بونیادنانی دیدگایەکی هونەریی بەرزتر بۆ داهاتوو .

 

 

زنجیرەی کۆتایی.
شێواندنی وێنای ڕەوشت و ئاڵۆزکردنی پەیام:

بۆچی لە سەرەتادا قسەلەسەر زنجیرەی کۆتایی دەکەم؟ چونکە تەرخانکردنی سەرەتا بۆ باسی زنجیرەی کۆتایی لەبەرئەوەیە کە ئەنجامی هەر پڕۆسەیەکی شێواندن ، ڕاستەوخۆ دەست دەخاتە سەر ئامانجی ڕاستەقینەی پشت پەردە ، کاتێک وێنای ڕەوشت تەمومژاوی دەکرێت و پەیامەکان ئاڵۆز دەکرێن ئەوا ئەو کات مرۆڤ لە ناو وردەکارییەکاندا سەرگەردان دەبێت ، بەڵام تێگەیشتن لە کۆتاییەکە وەک ڕووناک کەرەوەیەک وایە بۆ دەرکەوتنی مەبەستە شاراوەکان ، ئەم جۆرە پرسیارکردنە هۆشیارییەکی ستراتیژیمان پێ دەبەخشێت تا بزانین ئەو گۆڕانکارییە پلەبەندییانەی لە بەهاکاندا ڕوودەدەن بەرەو چ ئاراستەیەک دەمانبەن ، بەمەش ڕێگری دەکات لەوەی بەبێ ئاگا ببینە بەشێک لەو تێکچوونە ئەخلاقی و فیکرییەی کە مەبەست لێی وێرانکردنی بنەما جێگیرەکانە.

ناسینی زنجیرەی کۆتایی کورتترین ڕێگایە بۆ دۆزینەوەی ئەو سەرەداوانەی کە دەیانەوێت پەیامە ڕاستەقینەکان بشێوێنن. لە کۆتاییەکانی دراماکەدا، بینەر تووشی جۆرێک لە شۆکێکی بێمانا دەبێت کاتێک دەبینێت بکوژی زێڕنگەرەکە کەسێکە کە لە سەرتاپای کارەکەدا وەک هێمایەک بۆ دینداری و خوداپەرستی نیشان دراوە، لە بەرامبەریشدا ئەو ئافرەتانەی وەک خیانەتکار و نیمچە ڕووت ناسێنرابوون، بە هیواشی لە بەردەوامی زنجیرەکەدا وەک فریشتەی بێتاوان وێنا دەکرێنەوە! لێرەدا پرسیارێکی جەوهەری لە دەرهێنەری کارەکە دەکەم، ئاخۆ مەبەستت لە دروستکردنی ئەم گومانە و پێچەوانەکردنەوەیەی پەیامەکەت چییە؟

ئەرکی دراما لە بنەڕەتدا هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگایە لە دەردە کۆمەڵایەتییەکان ، بەڵام کاتێک دەرهێنەر کەسێکی چاکەخواز و خوداناس وەک "شەیتان" و کەسێکی لادەر وەک "فریشتە" دەناسێنێت ، ئەوا جۆرێک لە سەرلێشێواوی ئەخلاقی لای بینەر دروست دەکات ، ئەم جۆرە گێڕانەوەیە نەک هەر خزمەت بە چاکسازی ناکات، بەڵکو متمانەی بینەر بە بەها باڵاکانی کۆمەڵگا لاواز دەکات!

ناکرێت بۆ تێرکردنی ئارەزووەکانی بینەر وەک سوپرایزکرنێک پەنا بۆ تێکدانی بنەما ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگا ببرێت ؟ چونکە کاتێک تۆ کەسێکی ئیماندار بە خراپەکار نیشان دەدەیت و کەسێکی خراپەکار سپی دەکەیتەوە ، ئەوکات بینەر لەبری ئەوەی وانەی لێ وەربگرێت ، تووشی جۆرێک لە گومانی هەمیشەیی دەبێت بەرامبەر بە چواردەورەکەی ، لە ڕاستیدا ئەمە یارییەکی مەترسیدارە بە هزر و باوەڕی بینەر و لە بری ئەوەی دەردە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر بکات، ئەوا بێگومان دەرگای نوێ بۆ بێ متمانەیی و نائومێدی لە چاکە کاری دەکاتەوە.

ڕەهەندەکانی درامای سەرکەوتوو و ئاستی جێبەجێکردنیان.

بۆ ئەوەی بەرهەمێکی درامی وەک کارێکی مانادار و خاوەن بەهای هونەری پۆلێن بکرێت ، پێویستە لەسەر بنەما ستانداردە جیهانییەکانی پیشەسازیی سینەما و تەلەفزیۆن بونیاد بنرێت کە بەداخەوە لەم بەرهەمەدا درک بە کەلێنێکی ڕوون دەکرێت لە ڕەچاوکردنی ئەم بنەما سەرەکییانەدا !

أ. هاوسەنگیی ئۆرگانیی نێوان دەق و گەشەی کارەکتەر:

درامای سەرکەوتوو تەنیا زنجیرەیەک لنییە لە ڕووداوی ڕێکەوت و ئاڵوگۆڕی قسەی ئاسایی ، بەڵکو دەبێت جەخت لەسەر ململانێی دەروونی بکاتەوە ، کارەکتەر پێویستە لە ڕەوتی ڕووداوەکاندا تووشی گۆڕانی جەوهەری و گەشەی فیکری ببێت بەڵام لەم کارەدا جۆرێک لە چەقبەستوویی لە گەشەی کارەکتەرەکاندا دەبینران و کێشەکان زیاتر لەسەر بنەمای ڕێکەوتی دەرەکی داڕێژراوبوون نەک پاڵنەرە دەروونییەکان.

ب. جەختکردنەوە لەسەر نیشاندان لەبری گێڕانەوە:

یەکێک لە بنەما هەرە گرنگەکانی زمانی وێنە گواستنەوەی هەستەکانە لە ڕێگەی هێمای بینراو و تەکنیکەکانی کامێراوە لە کاری ئاستبەرزدا ، خەم و خۆشیی کارەکتەر پێویست بە دەربڕینی زارەکی ناکات ، بەڵکو زمانەوانیی ڕووناکی یان گۆشەنیگای کامێرا ئەو ئەرکە دەگرێتە ئەستۆ ، بەڵام ئەم درامایە تا ڕادەیەکی زۆر پشتی بە گێڕانەوەی زارەکی و گفتوگۆی ڕاستەوخۆ بەستبوو کە ئەمەش کاریگەریی وێنەکانی لاواز کردبوو ، دیمەنەکانی تووشی دووبارەبوونەوەی بێزارکەر کردبوو .

ج. فەلسەفەی دیالۆگ و ڕەهەندە شاراوەکان:

دیالۆگ لە کاری ئەکادیمی و درامیدا تەنیا ئامرازێک نییە بۆ گواستنەوەی زانیاری یان گێڕانەوەی ڕووداو، بەڵکو دەبێت ببێتە ئاوێنەیەک بۆ بەرجەستەکردنی ژێر-دەق و ڕەنگدانەوەی ناسنامەی چینایەتی و کولتووری و دەروونیی کارەکتەرەکان . بەڵام لەم بەرهەمەدا دیالۆگەکان لە ئاستێکی ڕووکەشیدا قەتیس ماون و نەیتوانیوە بوو پەردە لەسەر لایەنە نادیار و ئاڵۆزەکانی کەسایەتییەکان لابدات ، ئەمەش بووە هۆی لاوازبوونی دینامیکییەتی پەیوەندیی نێوان کارەکتەرەکان و کەمکردنەوەی توانستی گوزارشتکردن لە ناوەرۆکە قووڵەکاننیان.

١. کەرەستەناسیی نواندن و بەرجەستەکردنی کەسایەتی:

لە نێوەندی ئەو تەمومژە هونەرییەی بەسەر گشتێتیی بەرهەمەکەدا زاڵ بوو ، ناتوانین ئاماژە بە ئاستی باڵای نواندنی کارەکتەرەکانی (گەوهەر و نەقیب زریان) نەکەین چونکە ئەم دوو ئەکتەرە توانییان بە تێگەیشتنێکی قووڵەوە مانا بە ڕووبەرە بێدەنگەکانی دەقەکە ببەخشن و دوور بکەونەوە لەو نواندنە میکانیکییەی کە لە زۆربەی ئەکتەرەکانی تردا بەدی دەکران ، ئەوان توانییان باوەڕپێکردن لای بینەر دروست بکەن کە ئەمەش سەرکەوتنێکی باشی ئەکتەرە لە گواستنەوەی ڕاستگۆییی هەستەکانیاندا ، بەتایبەت کارەکتەری گەوهەر وەک چەقێکی ستراتیژی لە ناو گێڕانەوەی دراماکەدا دەردەکەوێت کە ئەو وەک ژنێکی بەرپرسیار و خاوەن ئیرادە لە نێوان دوو خوشکی بێدەسەڵاتدا ، باری قورسی خێزان و تەنانەت کێشەکانی دەوروبەریشی خستووەتە سەر شانی خۆی ، گەوهەر تەنیا ڕۆڵ نەگێرا بەڵکو رەوڕووی قەیرانگەلێک بویەوە کە لە بنەڕەتدا کێشەی ئەو نەبوون بەڵام وەک ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقی ڕووبەڕوویان بویەوە ، هەروەها ئەو بەرجەستەکردنە سەرکەوتووەی گەوهەر نیشانەی تێپەڕاندنی قۆناغی دووبارەکردنەوەی دەقە بەرەو قۆناغی چوونە ناو قووڵایی دەروونیەوە ، ئەو بە وردەکارییەکانی ڕووخسار و گۆڕانکارییەکانی دەنگ ، توانی بووی ململانێیەکی پڕ لە ژێر-دەق پێشکەش بکات ، هەربۆیە ڕاستگۆیانە دەیلێم ئەگەر بەم پێوەرە هونەرییانەبێت ئەوا گەوهەر نەک هەر سەرکەوتوو بووە لە ئەنجامدانی ئەرکە درامییەکەیدا، بەڵکو مژدەی لەدایکبوونی ئەستێرەیەکی نوێ و خاوەن توانست لە کایەی نواندنی کوردیدا دەدات ، کە دەکرێت لە داهاتوودا ببێتە یەکێک لە ناوە درەوشاوەکانی ئەم بوارە.

٢ . ڕێز و شکۆی ئافرەتی کورد لە درامادا:

لە کایەی درامای کوردی هاوچەرخدا کاتێک پانتاییەکی گەورە بۆ کارەکتەری ئافرەت وەک پاڵەوانی سەرەکی تەرخان دەکرێت، پێشبینییەکان بەرەو ئەوە دەچن کە وێنەیەکی قووڵتر و فرەڕەهەندتر لە جوامێریی ئافرەت ببینین ، بەڵام کاتێک ورد دەبینەوە لە داڕشتنی کارەکتەری وەک ( گەوهەر ) دەبینین هەرچەندە هەوڵ دراوە وەک جەمسەرێکی کاریگەر و بڕیاردەر دەربکەوێت ، بەڵام زۆرجار قورسایی ئەم پێگەیە لەژێر فشاری زمانی زبری کارەکتەرەکان و ئاستی نزمی ململانێکاندا کز دەبێت. لە ڕوانگەیەکی ئەکادیمییەوە، کێشەی سەرەکی لێرەدا لەوەدایە کە " شکۆ " وەک چەمکێکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی نەدراوەتە پاڵ بڕیارە ژیرانە و ستراتیژییەکان ، بەڵکو لەناو قاوغی کێشە خێزانییە ناوەکاندا بەند کراوە.

ئەو وێنە باڵایەی کە بۆ ئافرەتی کورد لە مێژوو و ئەدەبیاتدا کێشراوە، بریتییە لە سەلاریی و حیكمەت لە کاتی تەنگانەدا ، نەک تەنیا بەشداربوون لە ململانێیەکی زارەکی کە زیاتر لە مۆدێلی دراما تورکییەکان دەچێت.


لەم جۆرە درامانەدا ململانێکان زیاتر لەسەر ئاستی کاردانەوەی سۆزداری دەمێننەوە و کەمتر دەپەرژێنە سەر بونیادنانی هێزێکی مەعریفی بۆ ئافرەت ، جوامێریی ئافرەت لە درامایەکی ڕەسەندا دەبێت لە ڕێگەی دەسەڵاتی مەنتیق و بڕیاری چارەنووسسازەوە نمایش بکرێت نەک لە چوارچێوەی کێشە سواوەکانی ناوماڵ کە تەنیا بۆ ڕاکێشانی سۆزی کاتیی بینەر داڕێژراون ، هەر بۆیە کاتێک زمانی گفتوگۆ بەرەو زبری دەچێت، ئەو سام و هەیبەت و کاریزمایەی کە پێویستە پاڵەوانێکی وەک ( گەوهەر )هەیبێت درزی تێدەکەوێت و ململانێیە هونەرییەکە لە ململانێیەکی بەهادارەوە دەبێتە ململانێیەکی کەسیی ڕووکەش.

بۆ ئەوەی درامای کوردی بتوانێت ڕێز و شکۆی ئافرەت وەک بەشێک لە ناسنامەی نەتەوەیی و مرۆیی بەرجەستە بکات ئەوا پێویستە لە لاساییکردنەوەی مۆدێلە هاوردەکان دوور بکەوێتەوە و جوامێریی ئافرەتی کورد لە بێدەنگییەکی پڕ لە مانادا و لە بڕیارێکی ئازایانەدا بۆ پاراستنی کۆمەڵگە و لە بەکارهێنانی عەقڵدایە بۆ چارەسەری قەیرانەکان ، کاتێک دراما دەبێتە ئاوێنەی ئەم ڕاستییانەی کە باسکران ، ئەوا تەنیا چیرۆکێک ناگێڕێتەوە ، بەڵکو مێژوویەکی زیندوو لە شکۆمەندیی مێینە بونیاد دەنێتەوە کە شایستەی تێڕامان و ڕێزگرتن بێت ، نەک تەنیا پڕکردنەوەی کاتی بینەر بێت بە کێشە دووبارەبووەکان کە بەردەوام ئێمە لەدراماکاندا دەیان بینین!
 

ماڵپه‌ڕی پێشڕه‌و حه‌مید

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک