٨\١\٢٠١٠
خوێندنەوەیەکى خێرا بۆ مێژووى ههفتاوپێنج
ساڵەى حیزبى شیوعى.

هیوا ڕەش
- بەشى دەیەم -
قۆناغى بە گژ دا چوونەوە.
1989 -
1990
دواى 8 ساڵ لە شەڕى کاولکارى نێوان عێراق و ئێران لە 8 8 1988 بڕیارى
وەستاندنى درا و ئیتر سوپایەکى هار و بێ کار بە دەستى ڕژێمێکى فاشییەوە
بەر درایە خاکى کوردستانەوە بە مەرامى تەواو کردنى قۆناغەکانى دیکەى
ئەنفال و قڕ کردن و بنبڕ کردنى نەتەوەیەک ، تا بەو پرۆسیسە قێزەونەى
لاپەڕەیەکى ڕەش بۆ مێژوو تۆمار بکات و بیکاتە پەڵەیەکى شەرمەزارى بە
تەوێڵى شۆفینیزمى عەرەبەوە ، گەورەترین باجى ئەم شاڵاوە کەوتە سەر شانى
تەواوى گەلەکەمان و چینى زەحمەتکێش و ستەم لێکراوى گوند نشینانى
کوردستان ، نزیکەى 5000 گوند و شار و شارۆچکە سووتێنران و تەختى زەوى
کران ، نزیکەى 200000 مرۆڤى کورد لە پیر و گەنج و ژن و پیاو کوژران و
دیل کران و زیندە بە چاڵ و گوللە باران و بێسەر و شوێن کران ، ژێرخانى
ئابورى کوردستان تێک و پێک شکێنرا ، ڕێگەکان کوێر کرانەوە ، ڕەز و باخ
گڕیان تێ بەر درا ، کانیاوەکان ووشک کران ، ماڵ و سامان بە تاڵان بران
، ئافرەتان هەتک کران ، بۆ یەکەم جار لە مێژوودا لە دواى هێرۆشیما و
ناکازاکییەوە کە لە لایەن ئەمریکاى بێگانەوە خاپور کران ، شارێکى
کوردستانى لە لایەن دەسەڵاتدارێتییەکى ( خۆیى ) یەوە بە فاشیستى ترین
شێواز ژەهر باران کرا و هەزاران کەسى تێدا شەهید و بریندار کران و بە
گازى خەردەل و سیانید و گازە کوشندەکانى تر سوتێنران و سەرتاپاى
هەڵەبجە خوێن و مەرگ بووە میوانى و شەهید کرا ، ئەم هێزە زەبەللاحە
نائینسانى و فاشیستەى بەعس لە هەموو قۆڵێکەوە هێرشى هێنا و هێزى
پێشمەرگەى سەرجەم حیزبەکانى کوردستانى لە گەڵ خۆى دا ڕاماڵى ، ئەو
شکستەى بە سەر بزووتنەوەى پێشمەرگایەتى دا هات نیمچە ئاشبەتاڵێکى بە
سەر هێزەکە دا هێنا ، هێزێکى شکا و لە خاکى خۆی دەرپەڕێنرا کە ئەتوانین
بەم شێوەیە پۆلێنیان بکەین :
1 – 40% پاشەکشەیان کرد بۆ سەر سنورەکان و لەوێشەوە بوون بە چوار
بەشەوە و هەندێکیان ملى ڕێگەى ئەوروپایان گرت و هەندێکى تریشیان چوونە
ئێران بۆ خۆ ژیاندن هەندێکى زۆریشیان وەکو هێزێکى یەدەک بۆ ئاییندە لە
نێو بارەگاکان دا مانەوە.
2 – 55% بە ناچارى و بە حوکمى دژوارى و سەختیى بار و دۆخەکە خۆیان
ڕادەستى بەعس کردەوە.
3 - 2% وەکو پارتیزان ناوچە داگیر کراوەکانیان جێ نەهێشت و بە سەخت
ترین شێوازى خەباتى چەکدارى پەرەیان بە تێکۆشان دا و گەلێک ژیانى
مەرگەساتیان بینى لە شەهید بوون و بریندارى و گوزەرانى مەرگەساتبار.
4 – 2% ژێر بە ژێر خۆیان و شەرەف و ویژدانیان فرۆشتبوو و بووبوون بە
سیخوڕ و جاسوس و ئەڵقە لە گوێ و جاش و کاسەلێس و خیانەتکار و خوێنى
هاوسەنگەرەکانیان کردە دیارى بۆ سەر مێزى بەعسییەکان.
5 – 1% پەنایان وەبەر خۆ خزاندنە ناو شارەکان و دووبارە ڕێکخستنەوە و
دروست کردنى شانە و هەوێنى چەکدارى نهێنى برد و بە بێ ڕادەست بوونى
دوژمن و بە فەرمانى شۆڕش بە پشت بە خۆ بەستن پەرەیان بە خەبات دا.
ئەم دابەش بوونى هێزى پێشمەرگە بەو شێوەیە لە نێو هێزى پێشمەرگەى حیزبى
شیوعى دا بۆ مانەوە لە گۆڕەپانى خەبات و چۆک دا نەدان بۆ سیاسەتى کوشت
و بڕى بەعس بە جوانى پەیڕەوى لێ کرا و لەو پێناوەش دا گورزى گورچک بڕى
بەرکەوت ، جگە لەو هاوڕێ قارەمانانەى بە ڕەنگاریى ئەنفالەکانیان کرد
کۆمەڵێک هاوڕێى دیکەش لە دواى قۆناغى ئەنفالەکان دا مانەوە و
بەردەوامییان بە خەباتى خۆیان دا ، لە بنارى کۆسرەت بە فەرماندەیى مام
جوامێر مەفرەزەیەکى چوست و چالاک لە ساڵى 1989 دووچارى شەڕى دەستە و
یەخە بوونەوە لە گەڵ سوپاى ڕژێم و جاشەکانى قاسمە کوێرى کۆیە و چەند
هاوڕێەک شەهید و بریندار کران ، لە گەرمیانیش مەفرەزەیەکى بە جەرگ
درێژەیان بە خەبات دا و لە قوڵایى ناوچەکان و ناوجەرگەى هێزەکانى دوژمن
مانەوە و لە پاشان دەستى خیانەتیان پێگەییشت و ڕووبەڕووى زەبرى کوشندە
بوونەوە ، مولازم جەوهەریش کە بەرپرسى سەربازى مەڵبەند بوو لە دەڤەرى
شارەزوور و دەربەندیخان بە مەبەستى ڕێکخستنەوەى هاوڕێیان مابووەوە لە
لایەن هەردوو تاوانبار – جەمال و بەرزان - کە ئێستا لە کوردستان
نیشتەجێن خیانەتى لێ کرا و بە بریندارى دەستى دوژمن کەوت و لە سێدارە
درا ، هاوڕێ پۆڵا زیندانیش بە هەمان شێوەى مولازم جەوهەر دەستى خیانەتى
ئاراس ناوێکى پێگەییشت و بە دیل گیرا ، ئێمەش دواى مقاوەمەتێکى زۆرى
ئەنفالەکان و مانەوەمان لە ناوچەکان ڕێچکەى خەباتمان گۆڕى ، بەندە کە
بەرپرسى هێزێکى ناوچەى شوانى حیزب بووم لە بنارى چیاى – زینەتیر – دواى
لێدانى کیمیاوى و پاشەکشەى لق و مەڵبەندەکانى حیزبەکان ئێمەش بە ناچارى
هێزەکەمان کشاندەوە ، شایەنى باسە لە گەرمەى پاشەکشەکان دا کە ئێمە
هێشتا بە چیاى زینەتیرەوە بووین هێزێکى زۆر زۆر قارەمانى یەکێتى لە –
سەرى جوانەگا – مابوونەوە کە – سەعیدى حەمە زیاد – بەرپرسیان بوو بە
گیانێکى خۆڕاگرانەى ئەوتۆوە بەرگرییان لە سەنگەرەکانیان ئەکرد لە وێنەى
نەبوو ، شەوانە زیاتر لە 10 هێرشى زۆر سەختى دڕندانەى نابەرامبەرى
سوپاى بەعسییەکانیان بەرپەچ ئەدایەوە ، مخابن ئێستا لە کاتى نووسینى
ئەم بابەتەدا بەروارى 6 ى کانونى دووەمى 2010 یە کە ئەکاتە ( جەژنى )
لە دایک بوونى سوپاى عێراقى ، ئەو سوپا فاشیستییەى لە نواندنى
دڕندایەتى بۆ جینۆسایدى گەلەکەمان هیچ کەمتەرخەمی نەنواندووەو کەم وێنە
بوو لە سەرکوت کردنى نەتەوەکەمان بەڵام دیارە ئەم ڕۆژە لە لایەن
سەرکردایەتى سیاسى کوردەوە بەرز و پیرۆز ڕائەگیرێت بۆیە کراوە بە پشووى
فەرمى دام و دەزگاکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان ، بەم بۆنەیەوە بە
گەرمى دەستى سەرجەم کارمەندانى دەزگاى کار و بارى شەهیدانى سلێمانى
ئەگووشم و نێوچەوانیان ماچ ئەکەم کە ملکەچى ئەو بڕیارەى حکومەتى هەرێمى
کوردستان نە بوونە و ڕەتیان کردۆتەوە و ئەم ڕۆژە بکەن بە پشوو ، دواى
کشانەوەمان لە زینەتیر و یەکگرتنەوەمان لە گەڵ هێزەکانى دیکەى مەڵبەندى
هەولێر لە دۆڵى بالیسان ، هێزێکمان بڕیارى مانەوەیان درا لە ناوچەکە دا
بە چوساغى – مام ڕەسول – ، ئەوەى لە یادم مابێت پێکهاتبووین لە مام
ڕەسول – موحسین یاسین – مولازم شوان – مولازم هەژار – مولازم ئەحمەد
شاهین – مولازم ڕابەر - مولازم چەتۆ – کاوە چاوشین – سیار – ئاشتى –
جاسم خێلانى و من و و و- - - زۆر داواى لێبووردن لەوانە ئەکەم
ناوەکانیانم لە یاد نەماوە و نەمنوسیوە ، ئەمانە دواى جەولەى جیاجیا لە
ناوچەکانى دۆڵى بالیسان و هیران و نازەنین و بەرەکە و شەقڵاوە و دەشتى
هەولێر و قەرەچوغ و بەرانەتى بڕیارى چوونە ناوشارى هەولێر وەرگیرا ،
ئەم بڕیارە بێ فشار و ئارەزوومەندانە بوو ، هەندێک لەو هاوڕێیانە لە
شەوێکى پڕلە ترس و ماندوو بوون خۆمان گەیاندە دەور و بەرى عەنکاوەى
شارى هەولێر 1 - مولازم شوان 2 - مولازم ڕابەر 3 – مولازم هەژار 4 -
مولازم ئەحمەد شاهین 5 - ئاشتى 6 - کاوە چاوشین 7 - سیار 8 - من و
دیسانەوە لە ناوى ئەو هاوڕێیانەى لە یادم نەماون داواى بەخشین ئەکەم ،
لە قەراغى عەنکاوەش مامۆستا هۆگر هات بۆ پێشوازیمان و بە 2 سیارەى
میتسیۆبیشى و سوپەرێک بەرەو شوققەیەک لە بەرامبەر هۆڵى میدیاى شارى
هەولێر بردمانیان و لەوێش لە گەڵ سەعدون عەرەب و ئەبو ئەحلام و مامۆستا
هۆگر دا ماینەوە ، دواى چەند ڕۆژێک کۆبوونەوەیەک ساز درا و ئەرکەکان
دابەش کران و پلان بۆ چۆنێتى ئیش و کارەکانمان داڕێژرا ، دواى ماوەیەک
لە بەر سەختى کارەکانمان و مەترسیى زۆر لە سەرمان بەس ئەمانە لە نێو
شاردا ماینەوە 1 - مامۆستا هۆگر 2 - مولازم ئەحمەد شاهین 3 - شەهید
سەعدون عەرەب 4 - سرود 5 - من ، دواى خستنە سەر سکەى کارەکانمان و
دانانى بنکە لە بەغدا و کەرکوک دا ( ئەوەى من لێى ئاگادار بم )
بەردەوامیمان بە ئەرکەکانمان دا لە هەولێر و بەغدا و کەرکوک و سلێمانى
جگە لە شارەکانى تر کە من ئاگادارى کارەکانیان نەبووم ، بەندە
بەرپرسیارێتى لیژنەى ناوەندى هەولێرم پێ سپێردرا لە گەڵ بەرپرسیارێتى
هەندێک هێڵى ڕێکخستن لە بنەسڵاوە و دارەتوو پاشان بەرپرسیارێتى هێڵێکى
ڕێکخستنى کەرکوکیشم لە ئەستۆ گرت .
لێرە و لەوێ ڕێکخستنەکانمان بەر زەبرى دوژمن ئەکەوتن ، لە شەقڵاوە
هێڵێکى ڕێکخستنمان ئاشکرا بوو و زۆربەیان گیران ، لە شارەکانى دیکەش دا
ئەم کارەساتانە دووبارە ئەبوونەوە ، بەڵام ئەمانە لە وورەمانیان کەم
نەئەکردەوە ، بۆیە شیلگیرانە تر کارەکانمان ڕا ئەپەڕاند ، کاتێک
بەرپرسى لیژنەى قەزاى هەولێر بووم زانیارییان پێم گەیاند کە لە باخچەى
ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەکان دا لە هەولێر ئامادەباشى ئەکرێت و
مناڵان فێرى سروود و گۆرانى و سەماو هەڵپەڕکێ ئەکەن تا ئەگەر – بابە
سەددام – هات چۆن پێشوازى لێ بکەن ، لیژنەى قەزاى هەولێر بریتى بوون لە
هاوڕێ ئامانج و 2 هاوڕێى دیکە ( بەڕاستى زاکیرەم شەرمەزارى دیوانى
هاوخەباتى ئەو هاوڕێیانەم ئەکات کە ناویانم لە یاد نەماوە ) ، ئەو 3
هاوڕێیەى لیژنەکە منیان شەرمندەى بەرامبەر ئازایەتى و بوێرى و نەترسى و
خۆڕاگرى و قوربانیدەرى و لێهاتوویى و ئامادەباشى بۆ هەر کارێکى
شۆڕشگێڕانەى خۆیان کردبوو ، هێندە قارەمان بوون بەڕاستى شیوعییەکى
مەبدەئى و ڕەسەن بوون و پێم وانیە ئێستا لە ناو حیزبى شیوعى دا جێگەیان
ببێتەوە ، ئەم هاوڕێیانە زانیارییان لە مەڕ گریمانەى هاتنى سەدام بۆ
هەولێر کۆ کردبووەوە ، لە کۆبوونەوەى خۆمان دا باسى لێوە کرا و گفت و
گۆى جدى لە بارەوە کرا بۆ ئەوەى یەدەکى خۆمان دابنێین و ئەگەر هات و
سەدام ئەو هەنگاوەى نا و دواى ئەو هەموو کارەساتەى بە سەر گەلەکەمانى
دا هێنا بوو ئێمە چى بکەین باشە ؟
لە نیوەى یەکەمى مانگى شوباتى ساڵى 1990 دا ، دواى تاوتوێ کردنى جدیمان
بۆ ئەو پرۆژە بەرنامە ئامادەباشییەى بۆ باخچەى ساوایان و قوتابخانە
سەرەتاییەکان لە لایەن دەزگاى بەعسییەکانەوە داڕێژرا بوو بۆ چۆنێتى
پێشوازیى لە – بابە سەدام - ، ئێمە لە ڕێکخستنى هەولێر بەو بڕوایە
گەییشتین کە بیرۆکەى هاتنى سەدام و سەردانە چاوەڕوان نەکراوەکانى لە
ئارادایە بەڵام کەى و بۆ کوێ ؟ ! پێمان وا بوو بۆنەیەکى ئەوتۆ لە مانگى
شوبات دا نیە هاندەر بێت بۆ سەرۆکى خوێنمژى سەدام تا ڕوو بکاتە
کوردستانێکى وێران و گەلێکى پەڕاگەندە ، جگە لە 8 ى شوبات ئەو ڕۆژە
ڕەشەى بەعسییەکان لە ساڵى 1963دا هەستان بە کودەتایەکى شووم و حوکمى
عەبدولکەریم قاسمى نیشتمانپەروەریان شەڵاڵى خوێن کرد و خۆیان جڵەوى
حوکمڕانێتى عێراقیان گرتە دەست و قەتڵ و عامى گەلانى عێراقیان کرد بەڵا
م ئەو ڕۆژەش بە سەر چوو بوو چونکە لە ناو 10 ڕۆژى دووەمى مانگەکە دا
بووین ، قەناعەتى ئەوەمان لە لا دروست بوو کە ئەم ئادەباشییە ئەکرێت
ڕێگە خۆشکەر بێت بۆ مانگى ئازار کە مانگێکى پڕ لە خۆشى و ناخۆشى ،
سەرکەوتن و شکستە بۆ گەلى کورد بەڵام ئەگەر سەردانى سەرۆکى دیکتاتۆر
ئەنجام بدرێت ئایا چ ڕۆژێک دیارى ئەکرێت ؟ بێگومان کۆى بۆچوونەکان لە
سەر دەست نیشان کردنى 2 بۆنە ( 11 ى ئازار و نەورۆز ) جەم بوو بوو
بەڵام دوایى گریمانەى نەورۆز چانسى زیاترى لامان پەیدا کرد ، ئەمە
لێمان نەبوو بە گرێ کوێرەیەکى نەکراوە کە دوا تر دێمە باس کردنى بۆ ؟
بەڵام ئایا ئەگەر لەو مانگە دا سەردانەکە ئەنجام بدرێت سەدام ڕوو لە
کوێ ئەکات و کام جێگە و کام شارى کوردستان هەڵ ئەبژێرێت ؟ ! گریمانەى
هەولێرى پایتەختى هاوینەى سەدام لە هەمووان بەهێز تر بوو ، ڕۆژ و شوێن
و کات هیچ ڕێگرییەک نەبوون لە هەمبەر ئەو قەناعەتەى لە لامان دروست بوو
بوو لەوەى سەدام نیازى سەردانى هەیە ، هەموومان کۆک بووین لە سەر ئەوەى
یەدەکى خۆمان بخەین و پلانێک بۆ ئەگەرەکان دابڕێژین .
ئەبێت قورسایى بیرکردنەوەمان بە قوڵایى خۆ ئامادە کردنێک دا ببەین بەو
ئاراستەیەى هەوڵى تیرۆرى گەورەترین دیکتاتۆرى سەردەم بدرێت لە سەر
دەستى کۆمەڵێک لاوى شیوعى ، پێویستە هەوڵەکانمان چڕ بکەینەوە بۆ ئەوەى
خانوویەک بە کرێیەکى چەشاوى – مغری – بە کرێ بگرین بەڵام ئەبێت لە دەور
و بەرى بینایەى پارێزگاى هەولێر بێت کە سەرنج ڕاکێش ترین جێگە بوو بە
لامانەوە و لەوانە بوو سەدام بۆى بچێت لە هاتنى دا بۆ هەولێر ، بەم
ئاراستەیە بیرمان ئەکردەوە و لەو خانووەى بە کرێى ئەگرین مەفرەزەیەک
پێشمەرگەى پڕ چەک بە ئار بى جى و بى کەى سى و کڵاشنکۆف و ڕاگەیاندنێکى
ئامادە و چاپ کراو کە چالاکییەکە و سەرچاوەکەى بۆ جەماوەر وەکو بەیانێک
بە ناوى حیزبى شیوعییەوە بە هەزاران کۆپى بۆ بڵاو کردنەوەى لە کاتى بە
جێ گەیاندنى چالاکییەکە دا لە گەڵ خۆمان دا حەشار بدەین ، ئەمە
خەیاڵێکى شۆڕشگێڕانە بوو ، سەدامیش نەکوژرێت و دەرباز بێت ئەوا لووت
شکاندنێکى گەورە ئەبێت بۆ ڕژێمى بەعس و هەڵایەکى ڕاگەیاندنى جیهانى
دروست ئەبێت و ئەبێتە هۆى بەرز کردنەوەى وورەى جەماوەر و پشتیوانییەکى
مەعنەوى مەزن بۆ حیزبى شیوعى هەر چەندە بڕوامان وا بوو لە 90% کارەکە
سەرکەوتوو ئەبێت چونکە پێمان وا بوو لە کاتى تەقە کردن دا جاشە گوند
سوتاو و کەس و کار ئەنفال کراوەکانیش ئەبنە پاڵپشت بۆمان ، کاتێک لە
کۆبوونەوە دا باسى لێوە کرا وەکو پێشنیارێکى گاڵتە جاڕى پێشوازى لێ کرا
، ئەوەى لە خەیاڵم دا بێت مولازم ئەحمەد شاهین هەڵوێستێکى جوامێرانەى
نواند و مامۆستا هۆگر کە ئەندامى سەرکردایەتى و بەرپرسى هەموومان بوو
فشەى بە مەسەلەکە ئەهات و شەهید سەعدون عەرەبیش کە لە شاخ دا بە
قارەمان ناسرا بوو بە داخەوە لە نێو شار و خەباتى نهێنى دا بێ مامۆستا
هۆگر پەنجەى لە ئاو نە ئەخست و گوێ ڕایەڵیى ئەو بۆ هۆگر ئەندازەى خۆى
تێپەڕاندبوو بۆیە ئەویش هەمان قاقاى ئیستیفزازى و گاڵتە جاڕى کردە
پاشکۆى گاڵتە جاڕییەکانى هۆگر و منیش وەکو خەتابارێک نەمتوانى داکۆکى
لە بۆچوونەکەم بکەم و چەشنى هەرزەکارێکى بێ ئەزمون دانەجیڕە و
توڕەبوونم کردە وەڵام ، شایەنى باسە لەو سەر و بەندە دا هۆگر کە
بەرپرسى هێڵێکى فراوانى ڕێکخستنەکانى هەولێر و سلێمانى و موسڵ و بەغاش
بوو غەزەبى ئەو غەزەبى خوا بوو و چارەنوسیشمان بە غەزەبى ئەوەوە بەند
بوو ، ناوبراو کە ئەندامى سەرکردایەتى بوو لە گەڵ بەرپرسى هێڵێکى دیکەى
ڕێکخستن کە ئەویش ئەندامى سەرکردایەتى بوو بە ناوى ( ئەبو عەلى و حەمە
شەریف ) کە هەر جارەى بە ناوێک ناوى ئەهات ، ململانێیەکى نا شەریف و
دوور لە بەهاى شیوعییەت لە نێوانیان دا هەبوو نازانم ئەم ڕق و
کینەیەیان لە چییەوە سەرچاوەى گرتبوو ؟ !
ئەم کەین و بەینى پلان دانانەى تیرۆر کردنى سەدام هێشتا کۆتایى پێ
نەهاتبوو ، من بە کارى حیزبى چووم بۆ کەرکوک و دەستى خیانەت دوو
مەفرەزەى ئیستیخبارات لە دوو سەیارەى جیا دا گەیاندە سەرم و دواى
بریندار بوونێکى سەخت بە دیلى کەوتمە دەستیان ، بۆ مێژوو ئەیڵێم و لێشى
پەشیمان نیم و بە ئەرکێکى شۆڕشگێڕیم ئەزانى ئیعتیراف لە سەر هەردوو
ئەندامەکەى سەرکردایەتى – هۆگر و ئەبو عەلى – بکەم بۆ ئەوەى ڕیزەکانى
حیزب لە دوو کەسى موریدانى عەزیزم - خرۆتشۆفیزم پاک بکەمەوە بەڵام لە
بەر ئەوەى دڵنیا نەبووم لێیان لەوەى بەرگەى ئەشکەنجە ئەگرن یان نا و لە
دواى خۆیانەوە کۆمەڵێک موریدى حیزبى شیوعى خۆم ئاسا پێوە ناکەن ؟ !
بۆیە دانم بە خۆم دا گرت و دەسبەردارى ئەو ئەرکە پیرۆزە بووم ، ئەگینا
ئەگەر بمزانیبایە لە دواى ئەو دووانەوە کەسى تر پێوە ناکرێت دوودڵ
نەبووم لە بڕیارەکەم ئەگەر هەزار ساڵ بە خیانەت ناوم بهاتایە ، ئەو
کاتەى لە ژێر چاودێرى ئیستیخبارات دا لە خەستەخانەى عەسکەرى بووم بۆ
چارەسەر کردن و سوود لێ وەر گرتنم هەواڵم بیست کە سەدام حوسێن لە ڕۆژى
نەورۆز دا سەردانى بینایەى پارێزگاى هەولێرى کردووە و ڕیسەکەى ئێمەش
نەک لە لایەن سەرانى ڕژێمەوە بەڵکە لە لایەن سەرانى حیزبى شیوعییەوە
کرایەوە بە خورى کە ئێستا - بەڕێز
- یان لە ئەوروپان ئێمەش لە کوردستان لە
حیزبەکە دەرکراین .
07701309524
Hewarash1@yahoo.com
|