په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\١٠\٢٠١٢

خوێندکارانی ناوچە دابڕاوەکان ناچار دەکرێن بە زمانی عەرەبی بخوێنن!

محەمەد ئەحمەد     

یاساناسێک: لەرووی یاساییەوە کورد بۆی ھەیە کە داوای کردنەوەی کۆلێژ بکەن کە تەنھا بەزمانی کوردی بێت.
خوێندکارێک: لە پۆلی یەکی سەرەتاییەوە بە زمانی خۆم دەخوێنم بەڵام ئێستا ناچار دەکرێم بە عەرەبی بخوێنم.


خوێندن، سەرچاوەی وەرگرتنی زانست و زانیارییە، ھەمووساڵێکی خوێندن بەکردنەوە دەرگای قوتابخانەکان خوێندکاران روودەکەنە قوتابخانەکان بۆ فێربوون لە پۆلێکی نوێدا، ھەموو کەس و نەتەوەیەک بە زمانی دایک دەخوێنێت، بەم بۆنەیەوە ھەموو ساڵێک خوێندکاران کوردەکانی ناوچە دابڕاوەکان توشی کێشەدەبن چونکە لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان وەرناگیرێن و ناچار دەکرێن لە زانکۆکانی عێراق بخوێنن کە بە زمانی عەرەبی دەخوێنن، ھەربۆیە وای کردووە خوێندکاران بەمەبەستی وەرگرتن لە زانکۆکانی ھەرێم روو لە شاراکانی سنوری ھەرێمی کوردستان بکەن.

سەباح نوری، خوێندکاری شەشی ئامادەیی لە خورماتوو دەخوێنێت ووتی، بەمەبەستی وەرگرتنم لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵی خوێندن من و کۆمەڵە خوێندکارێکی برادەرم روومان کرد لە شاری کفری، من دانیشتووی خورماتووم ئەبوایە ھەموو رۆژێک بچومایەتە کفری بۆ دەوامی قوتابخانەکەم و ئەمەش کارێکە کە مەترسی ھەیە بۆ خوێندنەکەم و وادەکات نمرەی کەمتر بەدەست بھێنم، بۆیە ناچار بووم ھەر لە شارەکەی خۆم بمێنمەوەو سوریش دەزانم کە لەپاش تەواو کردنی پۆلی شەش ئەبێت لە زانکۆ بە زمانی عەرەبی بخوێنم و ئەمەش کێشەی من و سەرجەم ئەو خوێندکارانەیە کە بەزمانی کوردی دەخوێنن لە ناوچە دابڕاوەکان.

ھیوا عەلی، دەرچووی شەشی ئامادەیی ووتی: خۆزگە ھەر بەزمانی عەرەبی بمخوێنایە چونکە من ئێستا لەپاش دەرچوونم لە پۆلی شەشی ئامادەیی ئەبێت لە بەغدا بخوێنم چونکە ناووم لەوێ دەرچووە، من لە پۆلی یەکی سەرەتاییەوە بە زمانی خۆم دەخوێنم بەڵام ئێستا ناچار دەکرێم بە عەرەبی بخوێنم و ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەرم ھەیە چونکە من بەھیچ شێوەیەک عەرەبی نازانم، داواکارم خەمێک لە ئێمە بخۆنەوە چونکە ئەمە دوارۆژی چەندینی وەکو منی لەسەر بەندە.

ھەڵکەوت تاھا، بەرپرسی لقی بەغدای کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان ووتی: بەڕاستی خوێندکارانی ناوچەدابڕاوەکان کێشەی زۆریان ھەیە و ئێمەش لە نزیکەوە ئاگەداری ئەوانین، لەوانە ئەوخوێندکارانە لەپاش تەواوکردنی پۆلی شەشی ئامادەیی ناچار دەکرێن بەزمانی عەرەبی بخوێنن و ئەمەش کێشەیکە لە ئاستی خوێندکاران کەم دەکاتەوە، وە سەبارەت بە خوێندنیان لە زانکۆکانی عێراق، ئەوە ھیچ کێشەیەک نییە چونکە بە ئیداری ناوچەدابڕاوەکان سەربە حکومەتی عێراقن، ئەتوانین بڵێن بەرپرسانی کورد لە بەغدا کەمتەرخەمن سەبارەت بە کردنەوەی زانکۆ بەزمانی کوردی و ئەمەش مافێکی رەوایە چونکە زمانی کوردی زمانێکی رەسمییە لە عێراقدا.

یاساناسێک سەبارەت بە تەوەرەکەمان ووتی: لەرووی یاساییەوە کورد بۆی ھەیە کە داوای کردنەوەی کۆلێژ بکەن کە تەنھا بەزمانی کوردی بێت، چونکە زمانی کوردی زمانێکی فەرمییە لە حکومەتی عێراقدا، وە نەکردنەوەی کۆلێژ کەمتەرخەمی لایەنە پەیوەندیدارەکانە کە تاکو ئێستا کۆلێژ نییە بەزمانی کوردی لە پارێزگاکانی عێراق.

بەپرسێکی پەروەردەی خورماتوو ووتی: بەووتەی بەرپرسانی شارۆچکەی خورماتوو ئەبوایە چەند ساڵێک پێش ئێستا کۆلێژێک بۆ شاری خورماتوو بکرایەتەوە و ئەو کۆلێژە ئەبووە ھۆی چارەسەرکردنی بەشێک لەوکێشانەی کە رووبەروی خوێندنی کوردی دەبێتەوە لە خورماتوو، بەڵام کردنەوەی ئەو کۆلێژە ھەر قسە بوو و تاکو ئێستا ھیچی دیار نییە، بەڕاستی ئەم کێشانە ئەرکی سەر شانی حکومەتە و حکومەتی مەرکەزی ھیج بایەخێک بە خوێندنی کوردی نادات بۆیە ئەبێت حکومەتی ھەرێم خەمێکی بخوات و ھەستێت بەچارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، چونکە زۆر ئەستەمە بۆ خوێندکار بەزمانی کوردی بخوێنێت و ھەر لەگەڵ چوونی بۆ کۆلێژ یان پەیمانگا ئەبێت بەعەرەبی بەردەوامی بە خوێندنەکەی بدات.

لەکۆتاییدا ئەوە ماوەتەوە بیڵێن، ئایە حکومەتی ھەرێم کەی بێدەنگی دەشکێنێت و کێشەی خوێندنی کوردی لە ناوچەدابڕاوەکان چارەسەر دەکات بەشێوەیەک چیتر خوێندکاری کورد ناچار نەکرێت بە زمانی غەیرە کوردی بخوێنێت.

 

 خورماتوو

ماڵپه‌ڕی محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک