خولیاکانی پێشمه‌رگه‌یه‌ک!

ئه‌یوب ره‌حمانی
ئه‌م کورته چیرۆکه
له‌سه‌ر هه‌ندێک بیره‌وه‌ری و به‌سه‌رهاتی لاوێکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان،
دانیشتوی ئوروپا داندراوه!
ڕزگار منداڵێکی کورد بو‌و له بنه ماڵه‌ێکی نه زۆر هه‌ژار و نه ده‌وڵه‌مه‌ند.
چه‌ند ساڵێک پێش سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران له دژی نیزامی
پاشایه‌تی چاوی به جیهان پشکوت. ته‌مه‌نی منداڵیی پێش قوتابخانه‌ی به
بێ گوێدان به کێشه و گرفته‌کانی ده‌ور و به‌ری وه‌ک هه‌مو
منداڵیکیتری هاو ته‌مه‌نی خۆی به یاری کردن تێپه‌ڕاند و ئه‌م قۆناخه‌ی
پشت سه‌ر خست. لانیکه‌م بۆ ئه‌و، که منداڵێک بو‌و و ئاگای له چه‌رمه‌سه‌ریه‌کانی
ئه‌م جیهانه ئاڵۆزه و هه‌روه‌تر ئاگای له کێشه‌کانی گه‌وره‌ساڵان نه‌بوو،
قۆناخێکی بێ شه‌ڕ و کێشه و خۆش و ئارام بو‌و، ئه‌گه‌ر چی که‌مێک هه‌ژاری
بنه‌ماڵه و زستانی سارد و بێ سۆبای ئه‌و ساڵه‌ی که له ماڵی دایه
پیاره‌ی ده‌رکرابون و به ناچار له خانووه ته‌ڕ و تازه دروستکراوه‌که‌ی
قه‌راغ شار ده‌ژییان و سه‌رمای ئه‌و زستانه و قوڕه چڵپه‌که‌ی ئه‌و
ساڵه نه‌گبه‌ته‌ی هه‌رگیز له بیر ناچێته‌وه و سه‌رمای ئه‌و ساڵه
ئێستاش له له‌شیدا ماوه، به‌ڵام وه‌ک وترا سرجه‌م بۆ ئه‌م قۆناخێکی
بێ کێشه بو‌و! ئه‌وکات هێشتا شۆڕشی گه‌لانی بنده‌ستی ئێران ده‌ستی پێ
نه‌کردبو، هه‌ر خۆیشی ڕوداوه‌کانی ئه‌و ده‌ورانه‌ی به وردی له بیر نه‌ماوه،
مه‌گه‌ر ئه‌و بیره‌وه‌ریانه‌ی که له باره‌ی خۆیه‌وه دواتر له دایک
و باوکی و که‌سانیی دیکه‌ی گه‌وره‌تر له خۆیه‌وه‌ی بیستبوونیه‌وه، وه‌ک
ئه‌وه‌ی که بۆیان باس کردبو که له‌و ته‌مه‌نه‌دا منداڵێکی زۆر عه‌جول
و ده‌ست بزێو بووه. له‌مه‌ڕ ئه‌و قۆناخه‌ی ژیانی شتێکی ئه‌وتۆی
شایانی گێڕانه‌وه‌ی بۆ باس کردن نیه! ئه‌وجار قۆناخێکی تر له ژیانی
ده‌ستپێکرد و بۆ ئه‌و که ئێستا ئیتر تۆزێک زیاتر له ده‌وروبه‌ری خۆی
گه‌ییبو و سه‌ره‌تای چون بۆ قوتابخانه‌ی بو، دنیاێکی تازه و ته‌جروبه‌ێکی
سه‌ره‌تایی نوێ بو. ناردییان بۆ پۆلی یه‌که‌م له قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی
شار که له نیزیک ماڵی خۆیان بو. ڕوداوه‌کانی ساڵی یه‌که‌می سه‌ره‌تایی
ئه‌و سه‌رده‌مه‌شی له بیر نه‌ماوه، ته‌نیا ناو و شێوه‌ی مامۆستاکه‌ی
و یه‌ک و دووان بیره‌وه‌ری خۆشی ئه‌و سه‌رده‌مه نه‌بێت. به ناشوکری
نه‌بێت کوا ڕوداوی خۆش له کوردستان، چ ئه‌و کات و چ دواتریش؟ وڵاتێکی
ژێر ده‌سته‌ی دیلکراو خۆی چی و بیره‌وه‌ریه خۆشه‌کانی چی؟ ئه‌وه‌ی
خۆشه له بیره‌وه‌ریه‌کاندا بازنه‌ی گه‌رمی ناو بنه‌ماڵه و خۆشه‌ویستی
دایک و باوکی زه‌حمه‌تکێش و ده‌ر و دراوسێ و هاوپشتی و یه‌کیه‌تی به‌شێک
له کۆمه‌ڵگا له گه‌ڵ یه‌کتر و له دژی داگیرکه‌ر و به تایبه‌ت له
کاتی گیانبه‌ختکردنی ڕۆڵه‌ێکی کوردستاندا. ئه‌مانه‌ن بیره‌وه‌ریه خۆشه‌کان،
زۆربه‌یان ڕه‌نگ و بۆنی سیاسی‌یان لێوه دێت. ئاخر داگیرکه‌ران سیاسه‌تیان
ئاوێته‌ی ژیانی ڕۆژانه‌ی ئه‌م گه‌له کردووه و سیاسه‌ت له کۆڵییان
نابێته‌وه! ئه‌ڵبه‌ت خراپ نیه ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگاێک سیاسی بار بێت، به‌ڵام
سیاسه‌تێکی نه‌ته‌وه خوازانه و پێشکه‌وتو و نه‌ک وه‌ڕێز کردنی کۆمه‌ڵگا
له هه‌مو داب و نه‌ریته کۆنه‌کانی خۆی و دور خستنه‌وه‌ی له زمانی
زگماکی و فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بییاته‌که‌ی خۆی! جار و باریش که سه‌رکه‌وتنه‌کانی
پێشمه‌رگه له شه‌ڕێکدا له ڕادیۆکانه‌وه ده‌بیسترا، ده‌بووه بیره‌وه‌ری
خۆش، ئه‌مه‌یان به‌ڵام له‌و کاتانه‌ی که ئه‌و منداڵ بو‌و، هێشتا ڕوویان
نه‌دابو. دیاره زۆر پێش له له‌دایک بوونی ئه‌و کوردستان خاوه‌نی
پێشمه‌رگه‌ی خۆی بووه، به‌ڵام ته‌مه‌نی ڕزگار ناگاته ئه‌و ده‌ورانه
و یا با بڵێین هێشتا ئه‌وکات چاوی به ژیان هه‌ڵنه‌هاتبو. بۆیه ئه‌م
بیره‌وه‌ریه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قۆناخی پاش شۆڕشی گه‌لانی ئێران و گه‌لی
کوردستان. بیره‌وه‌ریه ناخۆشه‌کانیش که زۆر‌و بۆرن و ده‌کرێت بڵێین که
هۆکاره‌کانی ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ دیل بوونی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه و هیند زۆرن
که له ئه‌ژمار نایه‌ن، ئاخر پیاو نازانێت له کوێوه و له کام سه‌ره‌وه
باس له‌و بیره‌وه‌ریه تاڵانه بکات؟! جا هه‌ر پێویستیش به گێڕانه‌وه‌یان
ناکات، بۆ ئه‌وه‌ی کورد نیه که بیره‌وه‌ری تاڵی به هۆی دیلی و بنده‌سته‌یی
نه‌بێت! لێ گه‌ڕێ و باسی بیره‌وه‌ری خۆشمان بۆ بکه، دڵمان هێنده‌یتر
ته‌نگ مه‌که! وه‌ک بیره‌وه‌ری خۆشی کاتی قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی که
له بیری مابێت، یه‌کییان ئه‌وه بو‌و که سه‌ر له به‌یانیان شیرینی
ته‌ڕ و ویشک و میوه و پسته و شیر و ئه‌مانه‌یان له قوتابخانه بۆ
منداڵان ده‌هێنان و ئه‌میش وه‌ک هه‌مو منداڵه‌کانی تر زۆری حه‌ز لێیان
بو‌و، هه‌موی وه‌رده‌گرت و ئه‌وه‌نده‌ی توانیبای ده‌یخوارد! له کاتی ده‌سه‌ڵاتی
نیزامی پاشایه‌تی په‌هله‌وی له ئێران‌دا و له‌و سه‌رده‌مه‌ی پێش شۆڕشه
کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که‌ی گه‌لانی ئێران، که زلهێزه‌کان دایانه ده‌ست مه‌لاوه،
نه ته‌نیا خوێندن بۆ منداڵان به خۆڕایی بو‌و، به‌ڵکو به‌یانییان هه‌ندێک
خوارده‌مه‌نی ته‌قویه‌تییشیان به منداڵان ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی که هه‌م
باڵا بگرن و هه‌میش به تێری فێری وانه‌کان ببنه‌وه. خوا ماڵی شا ئاوه‌دان
کا، که نه‌یکرد، هه‌م ده‌یبرد و هه‌م ده‌یدا، خۆ ئه‌مییان به‌س ده‌یبات
و هیچ نادات، مه‌گه‌ر جاش و باش بیت! ئه‌مه هه‌مو بیره‌وه‌ریه خۆشه‌کانی
ئه‌و کاتییه‌تی و هه‌ندێک ورده شتی بچکۆله‌ی تریش. بۆ نمونه گاڵته و
گه‌فه‌کانی له‌گه‌ڵ چه‌ند دانه‌ێک له منداڵه هاو که‌لاسییه‌کانی خۆی
که دواتر له گه‌ڵ زۆریان تا کاتی گرتنی دیپلۆم جار و بار پێکه‌وه ده‌که‌وتنه
یه‌ک که‌لاسه‌وه، هه‌ندێک له‌مانه‌ی ئێستاش له بیر ماوه و له گه‌ڵ
کۆمه‌ڵێکییان ئێستاش دۆسته، به‌س چی بکات لێیان دوره! ئه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری
ناخۆشیشه هێنده زۆرن که له گێرانه‌وه‌یان په‌ڕتوکه‌کان پێک دێن و
لام وا نیه که‌سیش بیانخوێنێته‌وه، ئاخر خوێندنه‌وه و گوێ ڕایه‌ڵ
کردن بۆ بیره‌وه‌ری ناخۆش، مێشکی مرۆڤ تێک ده‌دات، بۆیه ئه‌گه‌ر په‌ڕتوکیشیان
لێ بنوسرێت، ڕه‌نگه به زایه بچێت! دیاره له درێژه‌دا هه‌ندێکیان
به کورتی ده‌خرێنه به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ران!
شۆڕشی گه‌لانی بنده‌ستی ئێران ده‌ستی پێ‌کرد و ڕۆژانه هه‌را و هوریای
سیاسی هه‌مو شوێنێکی داگیر کردبو. ماوه‌ێک بو‌و ته‌قه و لێکدان و
سوتاندن و دوکه‌ڵ له هه‌مو شوێنێک ده‌بیستران و ده‌بیندران. شاره‌کان
پڕ ببون له خه‌ڵکانی گوند و ده‌یان وت "ئێمه خه‌ڵکی دێهاتین، بۆ
تێڵانی شا هاتین"! ئه‌وجار له ڕقی شا خه‌ڵکی گوند و شار پێکه‌وه یه‌کییان
گرتبو و ده‌یانوت " تاج و ته‌ختی ئه‌م زۆڵه، وردی که‌ن وه‌ک پڕپۆڵه"
بۆیه که‌وتنه خۆ و ته‌له‌فون و ته‌لگرافخانه‌کان و کارخانه‌ی به‌رق و
پادگانه‌کان و هه‌ر هه‌مویان تاڵان کردن و ئه‌وه‌ی بۆ که‌س نه‌چوبو
شکاندییانن و وردییان کردن وه‌ک پڕپۆڵه! دیاره له هه‌مو شاره‌کان ئه‌مه
وه‌ک یه‌ک نه‌بون، به‌ڵام که‌م تا زۆر وێک چوون هه‌بو. شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی
ئا به‌م ڕادیکاڵی و شۆڕشگێڕیه که‌س نه‌یکردبو! هه‌مو ده‌بو له کورده‌وه
فێری شۆڕش ببن! دواتر هه‌مو تێگه‌یشتن که کارخانه‌ی به‌رق و ته‌له‌فونخانه
و پۆست و ته‌لگراف کاری به سیاسه‌ت نه‌داوه و نه‌ده‌بو بیشکێنن،
ئێستا ده‌بو شه‌وانه به چرا موشی و چراتۆڕی هه‌ڵ که‌ن و په‌یوه‌ندی
ته‌له‌فونیش نه‌مابو و ئه‌وجار پاتری ئۆتۆمۆبیل بۆ هه‌ڵکردنی تلویزیۆن
ڕه‌ونه‌قی گرتبو و خه‌ڵک کون به کون به شوێنی‌دا ده‌گه‌ڕان. زۆربه‌ی
لاوان ببونه هونه‌رمه‌ند و به سیمه ڕه‌نگیه‌کانی کابلی ته‌له‌فونه‌کان
کڵاو و ده‌سبێح و زۆر شتی دیکه‌یان دروست ده‌کرد! که‌سیش گله‌یی له که‌س
نه‌بو، چوون هه‌مو پێکه‌وه یه‌کگرتووانه شکاندبوویانن! ئه‌و قۆناخوش
تێپه‌ڕی و هه‌ندێک هه‌ڵپه‌ی شۆڕش دامرکیه‌وه و ئه‌وجار زۆربه‌ی
پیاوان و لاوان ببوون به پێشمه‌رگه و ڕێکخستنه‌کان و شۆڕاکان و جه‌معیه‌ته‌کان
و هتد له ناو شار و گونده‌کان به ڕێبه‌رایه‌تی حیزبه‌کان دامه‌زران.
ئه‌وجار قوتابخانه‌کان که به هۆی شۆڕش و ئاڵ و گۆڕی سیاسی داخرابوون،
کرانه‌وه. ئه‌مجاره به‌ڵام له شیریینیه‌کان هه‌واڵێک نه‌مابو، بڕیار
بو‌و دواتر که هه‌مو شوێنێک هادء و ئارام بوه‌وه، ئه‌وجار شیرینیش به
قوتابییه سه‌ره‌تاییه‌کان بده‌نه‌وه. ڕۆژێک سه‌رله‌به‌یانی که له
پۆلی دووهه‌می سه‌ره‌تاییدا بو‌و، مامۆستا ده‌چێته ژوری خوێندنگا و هه‌ر
سه‌ره‌تای بیسمیللا به منداڵه‌کان ده‌ڵێت، منداڵه‌کان، کتێبه‌کانتان
ده‌ر بێنن و هه‌موتان لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کتێبه‌کانتان بکه‌نه‌وه. که
هه‌مو ئاماده بوون، مامۆستاکه‌یان که کورد بو‌و پێی وتن، ئه‌و وێنانه‌ی
شا و کوڕی شا (وه‌لیعه‌هد) و فه‌ڕه‌ح و وێنه‌ی هه‌مو ئه‌و بنه‌ماڵه
له کتێبه‌کانتان بکه‌نه‌وه و بیدڕێنن. منداڵی هه‌شت ساڵه نازانێت
که بۆ ده‌بێت ئه‌و وێنانه که تا ماوه‌ێک پێشتر مامۆستاکه به سه‌ر
و شاخیاندا هه‌ڵیده‌کوت و شیعری بۆ ده‌خوێندن و باڵی بۆ دروست کردبوون
و هێند به جوانی به‌و منداڵانه‌ی ناساندبون که هه‌مویان خۆشیان ده‌ویستن،
ئه‌مڕۆ بیدڕێنن! بۆچی ده‌بو له پێشدا خۆشیان بوێت و ئه‌مڕۆ نابێت
خۆشیان بوێت؟! سیاسه‌ت لێره‌وه تاریف ده‌کرێت، سیاسه‌ت یانی ئه‌مه،
یانی هونه‌ری ئاڵ و گۆڕی فیکری به شه‌رتی تێدا بوونی به‌رژه‌وه‌ندی!
ئه‌مڕۆ شتێک ده‌ڵه‌یت، سبه‌ی شتێکی دیکه و له خڕی به ده‌وری خۆیدا
ده‌گه‌ڕێت و هه‌روا ده‌ڕوات و ده‌گۆڕێت تا له چه‌ند ساڵانێکدا ئه‌م ده‌ور
و خوله هێند گۆڕاوه که جێگای حیزبی ڕاست و چه‌پ و ئایینی پێکه‌وه
گۆڕاونه‌ته‌وه و ڕاست چه‌پ ده‌ڵێت و چه‌پ ڕاست ده‌ڵێت و ئایینی له هه‌ردووکیان
ده‌ڵێت!! دیاره ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه که به سیاسه‌ت وه‌دی دێت، ده‌توانێت
به‌رژه‌وه‌ندی تاکه که‌سێک بێت یا حیزبێک یا خۆ نه‌ته‌وه‌ێک. که ئه‌گه‌ر
سیاسه‌ت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی یه‌ک نه‌ته‌وه بگۆڕدرێت نه ته‌نیا خراپ نیه
به‌ڵکو زۆر پێویستیشه، به‌ڵام ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌یتر که بۆ تاکه
که‌س و بۆ حیزبێکن، نه‌ته‌وه‌ێک لاواز ده‌که‌ن! که هه‌مو خه‌ریکی
دڕاندنی ئه‌و وێنانه له کتێبه‌کانیان بوون و سه‌ریان به دڕاندنه‌وه
نابووه‌وه، ماموستا وتی منداڵه‌کان ده‌زانن بۆ ئه‌م وێنانه له کتێبه‌کانمان
ده‌که‌ینه‌وه؟ منداڵ هه‌مو پێکه‌وه هه‌ر به‌و شێوه‌ی که له کاتی
فێربوونی ده‌نگه‌کان به دوا مامۆستادا دووپاتی ده‌که‌نه‌وه، هه‌مو
هاواریان کرد، ناااااا نازانم! ئه‌وجار مامۆستاش که ماتڵی ئه‌و وڵامه
بو‌و، ده‌بوو به زمانێکی ساکار و منداڵانه تێ‌یان گه‌ێنێت که بۆ؟ ئه‌وجار
پێی وتن، منداڵه‌کان، شا پیاوێکی خراپ بو‌و، ئه‌م ده‌وڵه‌ته زۆر خراپ
بو‌و، خه‌ڵکی ده‌کوشت، کوردی ده‌کوشت، کورده‌کانیان ده‌خسته ناو به‌ندیخانه
و لێیان ده‌دان، ئیتر خه‌ڵک تووڕه بوون و هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌کان و
وتییان ئێمه ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌مان ناوێت و ڕێپێوانیان کرد، تا شا ناچار
بو‌و به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ڕا بکات و ئێستاش ده‌وڵه‌تی شا ڕوخاوه و
ئه‌و ڕژیمه "فاسیده" له سه‌ر کار نه‌ماوه و ئیتر ئێمه‌ش ده‌وڵه‌تی
خۆمان داده‌مه‌زرێنین، ئیتر پێشمه‌رگه له کوردستان ده‌وڵه‌ت به
ڕێوه ئه‌بات! منداڵه‌کان که ئه‌مانه‌یان ده‌بیست به‌و ته‌مه‌نه
چکۆله‌ی خۆیانه‌وه که‌یفیان پێی ساز و خۆش ده‌بو، ڕه‌نگه له به‌ر ئه‌وه
بووبێت که هه‌م پێشمه‌رگه‌یان له ناو شار و له ماڵی خۆیان و له هه‌مو
کوێ ده‌دی که وه‌ک خۆیان جل و به‌رگی کوردی‌یان له به‌ردایه و به
کوردی ده‌دوێن و کڵاو و جامانه‌یان به سه‌ره‌وه‌یه و له هه‌مو
گرنگتر چه‌کییان پێیه و له ماڵیشه‌وه باوکیان و برا گه‌وره‌کانیان
بوبون به پێشمه‌رگه و چه‌کییان له ماڵه‌وه بو‌و و هه‌میش له به‌ر
ئه‌وه‌ی که مامۆستا به تام‌و و چێژ و حه‌ماسیه‌وه ئه‌م شتانه‌ی ده‌وت.
مامۆستاش خۆی هه‌یبه‌تێکی هه‌بو له لای
منداڵه‌کان و هه‌ر چی بووتایه جێگای باوه‌ڕ بو‌و و ڕێگاێکی دیکه‌ش نه‌بو.
منداڵێک به‌و ته‌مه‌نه که‌مه‌وه ناتوانێت له خۆیه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندن
بۆ وه‌زعه‌که بکات و له ئاکامدا هه‌ر چی مامۆستا ده‌یفه‌رمو هه‌ر ئه‌وه
بو‌و. خانم مامۆستاش که زۆر جار دامه‌نێکی کورتی تا ئه‌ژنۆی له پێ ده‌کرد
و قه‌ڵه‌و و سپی بو‌و و لانیکه‌م له به‌ر چاوی منداڵه‌کاندا باڵای زۆر
به‌رز بو‌و هێنده‌یتر ڕه‌زای شیرین بووبو. دوای ماوه‌ێکی کورت ناوی
قوتابخانه‌که‌ش گۆڕدرا و له په‌هله‌وه‌یه‌وه کردیان به قازی محه‌مه‌د
و ئه‌مه‌ش بۆ منداڵه‌کان مه‌علووم نه‌بو بۆچی، به‌ڵام ده‌یانزانی که
زۆر شت له گۆڕاندایه و ته‌قریبه‌ن هه‌مو ئاڵ و گۆڕێکییان له‌م سه‌رده‌مه‌دا
لا خۆش و شیرین بو‌و و ئه‌م ئاڵ و گۆڕه‌شیان، واته گۆڕانی ناوی
خوێندنگا، لا له دڵ نیزیک بو‌و، بێ ئه‌وه‌ی بزانن قازی محه‌مه‌د کێیه،
به‌ڵام هه‌ر له خۆڕا خۆشیان ده‌ویست! ڕۆژی دواتر که چونه‌وه
قوتابخانه، ڕزگار زۆر به په‌له بو‌و که مامۆستا بێته ژور و پرسیاری
لێ بکات و بزانێت قازی محه‌مه‌د کێیه؟ هه‌ر که مامۆستا ده‌چێته ژوری
وانه وتنه‌وه، هاوکات که هه‌مو پێکه‌وه له به‌ر مامۆستا هه‌ڵده‌ستن
و سڵاو ده‌که‌ن، ئه‌و له گه‌ڵ هه‌ستان له سه‌ر کورسییه‌که‌ی ده‌ستیشی
به‌رز کردۆته‌وه و قامکی ئیشاره‌ی درێژ کردووه و له گه‌ڵ ئه‌وانیتر
دانانیشێته‌وه به‌ڵکو به‌و ده‌نگه منداڵانه‌یه‌ی ده‌پرسێت، خانم مه‌علیم
ئیجازه؟ مامۆستا سه‌یرێکی ده‌کات و ده‌بینێت شاگردی مێزی ناوه‌ڕاست
له پێشه‌وه که سه‌ری به زه‌حمه‌ت له پشت مێزه‌که‌وه دیاره شتێکی
بۆ وتن هه‌یه! به‌ڵام پێی وا نییه پرسیاری لێ ده‌کات، واده‌زانێت هه‌ر
سه‌ره‌تای بیسمیللا کاری ئاوه‌ده‌ستی هه‌یه و پێش ئه‌وه‌ی قسه‌که‌ی
بکات، پێی ده‌ڵێت خێرا بڕۆ و زو وه‌ره‌وه ده‌ی. ئه‌وجار ڕو له منداڵه‌کان
پێیان ده‌ڵێت، منداڵه خۆشه‌ویسته‌کان هه‌میشه پێش ئه‌وه‌ی بێنه سه‌ر
که‌لاس، بڕۆن کاره‌کانی ده‌ست به ئاوتان بکه‌ن! ڕزگار له جێگای خۆی
نه‌بزواوه و دوپاتی ده‌کاته‌وه و سه‌رله‌نوێ ده‌پرسێت، خانم مه‌علیم
ئیجازه؟ مامۆستا لێی ده‌چێته پێش و ئه‌وجار ده‌زانێت که شتێکی بۆ
وتن پێیه و ئه‌ڵێ، ده‌ی زوکه ئه‌ڵه‌ی چی؟ ئه‌ویش پرسیاره‌که‌ی به شه‌رمه‌وه
و به په‌له ده‌کات و خێرا داده‌نیشێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی یه‌کێک به زۆر
ئه‌و پرسیاره‌ی پێ بکات! به په‌له و بێ ئه‌وه‌ی چاو له مامۆستاکه‌ی
بکات، سه‌ری داده‌خات و به شه‌رمه‌وه و به ئیعتیماد به نه‌فسێکی که‌مه‌وه
ده‌پرسێت، خانم مه‌علیم قازی محه‌مه‌د کێیه؟ مامۆستا پێی سه‌یر ده‌بێت
که ئه‌و منداڵه شه‌رمنه وه‌ها پرسیارێک بکات! بۆیه خێرا له مێشکی
خۆیدا ده‌یهێنێت و ده‌یبات و هه‌وڵ ده‌دات له ساکارترین زمان که‌ڵک وه‌رگرێت،
بۆ ئه‌وه‌ی وڵامی پرسیاره‌که‌ی بداته‌وه. ئه‌وجار به هێمنی ڕوی
تێداکات و پێی ده‌ڵێت ئافه‌رین بۆ ئه‌و پرسیاره کوڕه‌که‌م، ئه‌وجار ڕو
له هه‌مو منداڵه‌کان ده‌ڵێت، منداڵه‌کان هه‌موتان حه‌ز ئه‌که‌ن بزانن
قازی محه‌مه‌د کێیه؟ منداڵ هه‌مو یه‌کده‌نگ هه‌ر که‌س له جێگای خۆیه‌وه
هوار ئه‌کات، به‌ڵێ حه‌ز ئه‌که‌م! ئه‌وجار مامۆستا ده‌ست پێ ده‌کات و
ده‌ڵێ، منداڵه‌کان، ئێمه کوردین، خه‌ڵکی کوردستانین، کوردستان وڵاتی
ئێمه‌یه، په‌نجا ساڵ له‌مه‌وبه‌ر شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی ده‌ستی پێ‌کرد....!
مامۆستا هه‌ست ده‌کات منداڵه‌کان سه‌ریان ته‌قه‌ی دێت و لێی تێ ناگه‌ن،
بۆیه شێوه‌ی گێڕانه‌وه‌که‌ی ده‌گۆڕێت و ده‌ڵێت، کوردستان وڵات و ماڵی
هه‌مومانه و ده‌وڵه‌تی په‌هله‌وی ماڵه‌که‌مانی لێ سه‌ندبووینه‌وه،
....، خه‌ڵکی کورد بوون به پێشمه‌رگه و قازی محه‌مه‌دیش پیاوێکی
لێزان و زیره‌ک و ئازای کورد بو‌و و پێشمه‌رگه‌کان کردییان به پێشه‌وای
خۆیان و ده‌وڵه‌تی کوردستانیان دروست کرد و ماڵی کوردی‌یان له ده‌وڵه‌ت
ئه‌ستانده‌وه. به‌ڵام به داخه‌وه ده‌وڵه‌ت قازی محه‌مه‌دی گرت و
ئیعدامییان کرد. چونکو له سه‌ر کوردستان کوژرا، شه‌هید بووه و هه‌مومان
خۆشمان ده‌وێت و هه‌ر بۆیه ناوی قوتابخانه‌که‌مان کرد به ناوی ئه‌وه‌وه
بۆ ئه‌وه‌ی ناوی هه‌میشه زیندو بمێنێت...!
مێرمنداڵیه‌که‌ی ئاوێته‌ی وشه‌گه‌لی وه‌ک پێشمه‌رگه و ئازادی و زمانی
کوردی و قازی محه‌مه‌د و وڵات و ملوانکه‌ی شین و ئه‌مانه بو‌و و سرود و
گۆرانیه کوردیه‌کانی وه‌ک "ئا به وێنه‌ی ئازادی..." و "کوردستان
وڵاتی ڕه‌نگینم" و "ئه‌ی ڕه‌قیب" و "دایه گیان مه‌گری" و زۆری دیکه
جێگای سروده فارسیه‌کانی وه‌ک" به به چه خروسی، چه حیوان ملوسی،
ببین بال و پرش را، ببین تاج سرش را، خروس وقت ازانه، ازان گفتن پوابه،
برو شکر خدا کن، شاهنشاه را دعا کن" یان گرته‌وه و ئیتر که‌س به
فارسی نه‌ده‌دوا. یاری ڕۆژانه‌شی له گه‌ڵ منداڵانی گه‌ڕه‌ک و هاوته‌مه‌نی
خۆی به قاپوڕه فیشه‌ک و گولله تۆپ و له‌م بابه‌تانه بون.
له تارانیش ڕژیمێکی ئیسلامی به ڕێبه‌رایه‌تی خومه‌ینی هاتبوه سه‌ر
کار و به‌ڵێنی داب‌و که وه‌زعی هه‌مو گه‌لانی بنده‌ستی ئێران و به وته‌ی
خۆی وه‌زعی "ئومه‌تی ئیسلامی" چه‌ند قات له‌وه‌ی کاتی شا باشتر ده‌کات
و مه‌عنه‌وییاتییان ده‌باته سه‌ره‌وه و به‌لۆعه‌ی نه‌وت به خۆڕایی
دێنێته به‌ر ده‌رگای هه‌مو ماڵێک و ئاو‌و و به‌رق ده‌کرێنه خۆڕایی و
هتد! زۆری نه‌کێشا که شه‌ڕی به‌رگری پێشمه‌رگه و ده‌وڵه‌تی نوێ ده‌ستی
پێ‌کرد و ڕۆژانه هێلیکۆپته‌ر به سه‌ر شاره‌وه ته‌قه‌ی له خه‌ڵک ده‌کرد
و له پادگانه‌وه ناو شاریان ده‌دایه به‌ر تۆپ و هاوه‌ن و ڕاکه ڕاکه
و خۆ حه‌شاردان و ئاواره‌یی و ترس و دڵه‌ڕاوکه بون به کاری شه‌و و
ڕۆژانه و هاواری دایکان و به خه‌مه‌وه بوونی باوکان بۆ پاراستنی ماڵ
و منداڵ سه‌رتاپای کۆمه‌ڵگای گرتبووه‌وه و ناوی مرۆڤ کوژان و جه‌لادانیی
وه‌ک خومه‌ینی و خاڵخاڵی و چه‌مران و پاسدار و جاش بوونه وشه‌گه‌لی
زاڵ و ترسناک و که‌وتنه سه‌ر زاری گه‌وره و چکۆله و ته‌نانه‌ت
منداڵیش له بیستنی ئه‌و ناوانه ترسیان لێ ده‌نیشت! باسی ئیعدام و
تیربارانی ڕۆڵه‌ی کورد به ده‌ست خاڵخاڵی و چه‌مران و ئه‌مانه‌وه بون
به وته‌ی ڕۆژانه و به‌ر پادگانه‌کان دایمه پڕ بون له که‌س و کاری
گیراوان بۆ تکا و ڕه‌جا کردن بۆ به‌ردانی ڕۆڵه و باوک و مێرده‌کانیان.
زۆر له‌م تکا و ڕه‌جایانه بێ هوده بوون و ئه‌و به‌ند کراوه‌ی به
دڵییان نه‌بوویایه ده‌یانکوشت! پاش به‌رگری کردنێکی حه‌ماسی و
شۆڕشگێڕانه و نابه‌رابه‌ر، شارکانی کوردستان یه‌ک به دوا یه‌ک به خه‌ستی
تۆپباران و بۆمباران ده‌کران و ئه‌وجار داگیریان ده‌کردن. پێشمه‌رگه
بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکێکی که‌متر بکوژرێن، له شاره‌کان نه‌ده‌مان و هه‌مویان
ڕۆیشتن بۆ ئاواییه‌کان. که شاره‌که‌ی ڕزگاریش که‌وته‌وه ده‌ست عه‌جه‌م
و به تۆپ و تانک و فڕۆکه و به هێزێکی دڕنده و بێ ڕه‌حمه‌وه شاره‌که‌یان
داگیر کرده‌وه، ناوی قوتابخانه‌که‌یان هه‌مدیسان گۆڕییه‌وه و کردییان
به "مدرسه توحید"! پاش ماوه‌ێک شه‌ڕی ئێران و ئێراق و سه‌ربازگیری و
بۆمباران و تۆپبارانی ئێراقیه‌کانیش به‌م نه‌هامه‌تییانه زیادیان کرد
و سه‌رجه‌م نۆ ساڵی ته‌واو و تا کاتی کۆتایی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی ئێران
و ئێراق، بۆمباران و تۆپبارانی شاره‌کان درێژه‌یان کێشا و دواتر له
کۆتاییه‌کانی ئه‌و شه‌ڕه نگریسه‌ی به‌ینی فارس و عه‌ڕه‌ب که ئه‌میش
وه‌ک زۆربه‌ی شه‌ڕه مێژووییه‌کانی ڕابردوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین، له ناو
خاکی کوردستاندا کرا، تۆپبارانه‌کان دو سێ قات کرانه‌وه و بۆمبی
شیمیایشیان پێ زیاد بو‌و. ئه‌مانه حاڵ و وه‌زعی ئه‌م گه‌له بێچاره‌یه
بون و ده‌سکه‌وتی شۆڕشی ئیسلامی و ده‌ر کردنی شای ئێران و به‌لۆعه‌ی نه‌وت
و ئاو‌و و به‌رق و خوێندنی خۆڕایی و ئه‌مانه بوون به ئێعدامی ڕۆڵه‌ی
کورد و خه‌ونی ناخۆش و ڕۆژانه‌ی که‌س و کارییان و له قوتابخانه به
جێگای شیرینی و پسته و شیر و ئه‌مانه، شه‌ق و زلله‌ی پاسدار و
تۆپباران و بۆمبارانی ئێراق و هتد ببوون به خواردنی منداڵانی
قوتابخانه! هه‌مو ئه‌مانه بێجگه له‌و هه‌مو شۆڕه سواره کورده‌ی که
چه‌کییان کرده شانییان و بۆ پارێزگاری له شه‌ره‌فی ئه‌م نه‌ته‌وه
ڕێگای شاخ و کێوییان گرته به‌ر و ڕۆژانه حه‌ماسه‌یان ده‌خوڵقاند و هه‌زاران
ڕۆڵه‌ی ئه‌م گه‌له له‌و ڕێگایه‌دا گیانیان فیدای ئازادی و ئه‌و خاک و
نیشتمانه کرد، یادیان به‌رز و به‌ڕێز بێت. به‌لۆعه‌ی نه‌وتیش به
جێگای به‌ر ده‌رگای ماڵان، هه‌مو ڕاکێشران بۆ ناو گیرفانی مه‌لا و
بنیاتنه‌ران و پارێزه‌رانی نیزامی ئیسلامی له ئێران و گیرفانه‌کانی هه‌مو
ئه‌و زۆڵه کوردانه‌ش که ئه‌مڕۆکه دروشمی چاکسازییان له ناو ڕژیمدا
به‌رز کردۆته‌وه و یه‌کتر له قاو ده‌ده‌ن، هه‌مو ئاخێنران له پوڵی
نه‌وت و ئه‌وانیش بۆ ئه‌و پاداشانه چیها ڕۆڵه‌ی کورد که به گرتن و
به کوشتییان نه‌دان و ئه‌مڕۆکه پاش سی ساڵ باسی کورد بوونی خۆیان ده‌که‌ن!
ته‌مه‌نی لاوی ڕزگار ده‌ستی پێ‌کرد و له‌م قۆناخه‌ی ژیانیدا ئه‌گه‌ر چی
لاوێک بو به‌ڵام ته‌جروبه‌ێکی تاڵی له ژیانی دیلی وه‌رگرتبو و زۆرترین
شته‌کان که دیبوی، شه‌ڕ و بۆمباران و تۆپباران و ئه‌مانه بون. هه‌ر
بۆیه له‌م ته‌مه‌نه‌یدا ده‌یزانی هه‌ندێک شت به‌وجۆره نین که ده‌بێت
وا بن و کۆمه‌ڵێکی به‌رچاو شتی ناسروشتی ده‌هاتنه به‌ر چاو و نه‌زه‌ری
و له بیرێکی قوڵییان ده‌خست. دایمه ده‌بو بیری لێ بکاته‌وه که ئه‌م
جیهانه بچکۆله‌ی ده‌ور و به‌ری ئه‌و بۆ به دڵی ئه‌و نیه. کۆڵی زۆر
پێوه هه‌ڵده‌گرت و ده‌یکرده دڵی خۆیه‌وه و نه‌یده‌وێرا به ڕاشکاوی
باسی بکات، ده‌یزانی باسکردنی هه‌مان و گرتوخانه‌ی ئیتیڵاعات هه‌مان و
ڕه‌نگه بیخه‌نه سیاچاڵێک که عه‌ڕه‌ب نێزه‌ی بۆ نه‌خات! هه‌ندێک جار
سه‌ره‌نه‌خێکی لای هاوڕێکانی خوێندنگا ده‌کرده‌وه، به‌ڵام هه‌ر خێرا
تێده‌گه‌یشت که جێگای نیه و هه‌ر خۆشی باسه‌که‌ی ده‌گۆڕی پێش ئه‌وه‌ی
هیچ باسێک کرابێته‌وه و ئه‌وانیش بێده‌نگه‌یان لێ ده‌کرد. هاوڕێکانی
تێی گه‌ییبون، ئه‌وانیش ده‌یانزانی ئه‌م باسه باسی سه‌ره و ئه‌ویش
خولییاێکی له سه‌ردایه و هه‌ر ناکا سه‌ریشی پێوه‌ی تیا چو! ئیتر
ورده ورده ئه‌م وه‌زعه هیلاکی کردبو و تێگه‌یبو که لێره جێی
نابێته‌وه و پاش ئه‌وه‌ی که وازی له خوێندنگا هێنا ده‌بو بچێته
خزمه‌توه‌زیفه‌ی سه‌ربازی بۆ حکومه‌تی داگیر که‌ر، ئه‌و حکومه‌ته‌ی که
کار و کرده‌وه‌ی ڕابردوی و ئێستاشی له کوردستان له ڕه‌ش ڕه‌شتره! ئه‌مه‌ی
له هه‌موی پێ ناخۆشتر بو و هه‌ستی به زۆرداریێکی نامۆ و ناعه‌داڵه‌تیێکی
به‌رچاو ده‌کرد. ئاخر بۆ ده‌بێت چه‌ک بۆ ڕژیمێک هه‌ڵگرێت که ده‌زانیت
له تۆ نیه و تۆش له‌و نیت و زۆر ناخۆشه‌ویسته و نیشتمانه‌که‌ی داگیر
کردووی و ڕه‌زای لات هێند قورسه که له ئه‌ژمار نایات؟ بۆ ڕزگار وه‌ک
ئه‌مه وابوو که چه‌ک له دژی گه‌له‌که‌ی خۆی و خوشک و برا و دایک و
باوکی خۆی هه‌ڵگرێت، هه‌ر بۆیه هه‌رگیز نه‌چووه ژێر باری چوون بۆ سه‌ربازی!
به‌ڵام دیار بو‌و که خولیاێک که‌وتبووه مێشکی و ڕۆژانه بیری لێ ده‌کرده‌وه.
هاوڕێکانی تێی گه‌ییبون و ده‌یانزانی که شوێن خولیاێکی سیاسی که‌وتوه
و بیر له پێشمه‌رگایه‌تی ده‌کاته‌وه، به‌ڵام لای ئه‌وانیش هیچی نه‌ده‌ووت
و ئه‌وانیش لێیان نه‌ده‌پرسی یا نه‌یانده‌وێرا له‌و جۆر باس و
پرسیارانه‌ی لێ بکه‌ن! ئه‌و خولییایه به تایبه‌ت کاتێک زۆرتر له
ناخیدا چڕ و پڕتر بووه‌وه که ئیتیلاعات لێی مه‌شکوک بوبون و
زانیبویان که سه‌ربازه و خۆی ناونوس نه‌کردووه و هه‌ر به‌م بۆنه‌شه‌وه
جارێک گرتبوویان و بازجووییان لێی کردبو و ئه‌ویش واده‌ی داب‌و که به
زووترین کات ناونوسیی ده‌کات بۆ سه‌ربازی و ئه‌وانیش به‌و مه‌رجه به‌رییان
داب‌و.
ده‌یزانی که ده‌بێت واده‌که‌ی به‌رێته سه‌ر و بڕوات ناونوسی بکات بۆ
سه‌ربازی، ئه‌گه‌ر وا نه‌کات دوباره سه‌رله‌نوێ ده‌یگرنه‌وه و ئه‌مجاره
ئازاری ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌و زۆر یه‌کده‌نده بو‌و و نه‌یده‌توانی ئه‌و
کاره بکات و ناوی بۆ سه‌ربازی بنوسێت، ئه‌وه بو‌و که بڕیاری دا وڵات
واته کوردستان به جێ بێڵێت و ببێت به پێشمه‌رگه! کام پێشمه‌رگه؟
پێشمه‌رگه‌ی کام حیزب؟ بۆ ئه‌و فه‌رقی نه‌ده‌کرد، بڕواێکی سیاسی یا
ئایدیۆلۆژیی تایبه‌تیی نه‌بو، ته‌نیا هه‌ستیی به‌وه کردبوو که
مرۆڤێکی ژێر ده‌سته‌یه! حه‌زی له چاره‌ی عه‌جه‌م و پاسدار و کۆمیته
و ئه‌مانه نه‌ده‌هات، ده‌یزانی که ئه‌و کورده و ئه‌و ڕژیمه‌ش چاره‌ی
کوردی ناوێت و ته‌نیا خاکه‌که‌ی ده‌وێت، ده‌یزانی که وڵاته‌که‌ی و
نیشتمانه‌که‌ی داگیر و میلیتاریزه کراوه، ده‌یزانی زۆر پیر و لاو و
ژن و پیاوی کورد ته‌نیا به هۆی کورد بوون له به‌ندیخانه‌ی ئه‌و ڕژیمه‌دان
و هه‌ر به‌و هۆیه‌ش له سێداره ده‌درێن. جار و بار تێده‌فکری که ئایا
ئه‌مانه‌ی بۆ ئه‌م گرنگن و خولیای ئه‌ون، ئایا بۆ هاوڕێکانی و هاوته‌مه‌نه‌کانیشی
هه‌ر گرنگن و ئایا ئه‌وانیش وه‌ک ئه‌م بیر ده‌که‌نه‌وه؟ که‌م تا زۆر
وڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی ده‌زانی. ده‌یزانی که ئه‌وه‌ی کورد بێت، بێجگه
له خۆفڕۆش، ئه‌م هه‌سته نامۆیه‌ی هه‌یه و حه‌زی له چاره‌ی ئه‌و
ڕژیمه نییه، به‌ڵام هه‌مو که‌س ناتوانێت بڕیار بدات که له دژی ئه‌م
داگیرکه‌ره نیگریسه چه‌ک هه‌ڵگرێت، ئه‌گه‌ر وا بوویایه و هه‌موکه‌س
خولیای ئه‌مییان له دڵ و مێشک‌دا بوویایه، بێ شک هه‌موویان ده‌ستییان
ده‌دایه چه‌ک و کوردستانیان بۆ داگیرکه‌ر چۆڵ ده‌کرد و هه‌مو به
تێکڕا ده‌بوونه پێشمه‌رگه، وه‌ک ئه‌و کاته‌ی شا ڕووخابو و ئه‌وه‌ی له‌و
سه‌رده‌مه‌دا لاو و گه‌وره‌ساڵ بو، پێشمه‌رگه‌ش بو‌و. هێزی به‌رگری بو‌و،
پیر بو‌و یا خۆ لاو، دوکاندار بو‌و یا تاجر، مامۆستا بو‌و یا کارمه‌ند، به
ده‌نگ داوای گه‌له‌که‌یانه‌وه هاتبون و لایان شه‌رم بو‌و چه‌کیان پێ نه‌بێت.
به‌ڵام که کوردستان داگیر کراوه، هه‌مو نه‌بونه پێشمه‌رگه، لۆ ئه‌وه‌ی
هه‌مو خولیای پێشمه‌رگایه‌تییان نه‌بو. هه‌ر ئه‌مه‌ش وای له پێشمه‌رگه
ده‌کرد که تاقانه بێت و خۆشه‌ویستی ناو گه‌له‌که‌ی بێت. ئاخر ئه‌و،
خولیای ژیانێکی ئازاد له وڵاتێکی ئازاد که وڵاتی خۆیه‌تی و داگیر
کراوه‌ی بو‌و. ئه‌و نه‌یده‌توانی وه‌ک زۆر که‌سی دیکه ژێانێک بباته سه‌ر
که ژینه‌مه‌رگییه! ئه‌وه بو‌و که ئه‌ویش وه‌ک زۆر کوڕ و کچی لاوی
دیکه‌ی کوردستان بڕیاره‌که‌ی برده سه‌ر و به ئاواتی خۆی گه‌یشت و
ڕۆیشت و بو‌و به پێشمه‌رگه!
فێرگه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی بۆ ئه‌و جیهانێکی نوێ و ته‌جروبه‌گه‌لێکی نوێ
و شێوه ژیانێکی جیاواز له‌و ژیانه بو‌و که له ناو شار دیتبوونی. ئه‌م
شێوه ژیانه‌ی زۆرتر له کتێب و فیلمه پاڕتیزانیه‌کانی ئوروپای دژی
ئاڵمانی نازی له کاتی شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی دیتبوو یا خوێندبووه‌وه.
جیهانێکی به ته‌واوی ئازاد و شوێنی فێر بوون بو‌و. کاتێکی زۆری له به‌ر
ده‌ستدا بو‌و بۆ په‌ڕتوک خوێندنه‌وه و تاکتیکی نیزامی و وه‌رزش و زۆر
کاری دیکه. له گه‌ڵ لاوانێکی خوێنگه‌رم له هه‌مو شاره‌کانی
کوردستان به له‌هجه جیاوازه‌کانی کوردستان بوبو به هاوڕێ. ئه‌مه یه‌کێک
له خۆشترین بیره‌وه‌ریه‌کانی ئه‌و کاتانه‌ییه‌تی! له ناو فێرگه به
زمانێکی هاوبه‌ش قسه ده‌کرا و هه‌مو له یه‌ک ده‌گه‌یشتن. ئه‌و لاوه
سنه‌یی و قوروه‌یی و بیجاڕی و کرماشانی و به گشتیی باشوریانه، دوای
ماوه‌ێک به سانایی له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی باکوریان له موکریان و ورمێ و
ماکۆ و ئه‌مانه و هه‌مو له‌گه‌ڵ لاوانی ناوه‌ڕاستی کوردستان پێکه‌وه
ده‌دوان، بێ ئه‌وه‌ی ناچار بن به زمانی داگیر که‌ر واته فارسی له گه‌ڵ
یه‌کتر بدوێن! ئه‌م کێشه هاکه‌زاییه دوای مانگێک تا دومانگ کۆتایی
پێ هات و هه‌ندێک جار لاوه‌کان له فێرگه ده‌که‌وتنه نووکته دروست
کردن و بۆ پێکه‌نین یارییان به وشه‌کانی یه‌کتر ده‌کرد و هه‌ر ئه‌مه‌ش
ده‌بووه هۆی فێر بوونی وشه‌کانی یه‌کتر و دروست بوونی متمانه و
هاوڕێیه‌تیێکی قوڵتر له‌گه‌ڵ یه‌کتر. به گشتی فێرگه بۆ ئه‌و
زانستگاێک بو‌و. ڕژیمی داگیر که‌ری ئیسلامی عه‌جه‌می ڕێگای پێ نه‌دابوو
پاش ته‌واو کردنی خوێندنی دواناوه‌ندی بچێت بۆ زانستگا، به‌ڵام فێرگه
و پێشمه‌رگایه‌تی بۆ ئه‌و زانستگای زانستی سیاسی و نیزامی بو‌و، به
ئیمکانییاتێکی زۆر که‌متر و له جه‌ووێکی زۆر گه‌رم و هاوڕێیانه و
ئازاد‌دا. په‌ڕتوکخانه‌ی فێرگه دایمه پڕ بو‌و له په‌ڕتوکی که‌م وێنه
و باش و به که‌ڵک له هه‌مو بواره‌کاندا. نوێترین په‌ڕتوکه‌کان که
به زمانی کوردی و فارسی و جار و باریش ئینگلیزی ده‌ر ده‌چون، ده‌هێنرانه
په‌ڕتوکخانه و هه‌مووان که‌ڵکییان لێ وه‌رده‌گرتن!
پێشمه‌رگایه‌تی به گشتی بۆ ئه‌و زۆر قازانجی تێدا بو‌و که له دواڕۆژی
ژیانیدا به کاریان بێنێت. که له گه‌ڵ پۆلێک پێشمه‌رگه ده‌چونه‌وه
بۆ ناوه‌وه بۆ ناو خه‌ڵکه‌که‌یان و جه‌وله‌ی سیاسی‌یان ده‌کرد، له
گونده‌کان له گه‌ڵ پیر و لاو، هه‌ژار و دارا ده‌دوان و گوێیان بۆ کێشه
و گیر و گرفت و شکایه‌ته‌کانیان شل ده‌کرد و ئه‌وه‌ی بۆیان بکرایه له
یارمه‌تیدان بۆ چاره‌سه‌ر کردنی ئه‌و گرفتانه، درێغییان نه‌ده‌کرد.
هاوکات له قسه و باسی ئاگا که‌ره‌وه و وشیارکه‌ره‌وه و زانایی دان
به هاووڵاتییان له‌مه‌ڕ مافه‌کانیان به وردی له‌گه‌ڵییان ده‌دوان.
یه‌که‌م جاری بو‌و که له گه‌ڵ پۆلێک پێشمه‌رگه‌ی هاوڕێی ده‌چونه‌وه
بۆ جه‌وله‌ی سیاسی بۆ ناو خاکی کوردستان و بۆ ناو خه‌ڵک. هێشتا هیچ شه‌ڕێکی
نه‌دیبو و جار و بار بیری لێ ده‌کرده‌وه، له خۆی ده‌پرسی، تۆ بڵه‌ی
که توشی شه‌ڕ هاتین، حاڵه‌ته‌م چۆن بێت؟ بڵه‌ی بترسم؟ بڵه‌ی نه‌ترسم؟
بڵه‌ی بکوژرێم یا بریندار بم یا به دیل بگیرێم؟ تۆ بڵه‌ی منیش بتوانم
جاش و پاسدار بکوژم؟ ئه‌وه هه‌ر تاوێک بو‌و ئه‌وجار هه‌وڵی ده‌دا زۆری
بیر لێ نه‌کاته‌وه. له دڵی خۆیدا ئه‌یوت که هات و توش بووین، ئیتر
بۆم ڕون ده‌بێته‌وه که چی ده‌بێت و ئه‌جار چیش ده‌بێت با ببێت، خۆ من
پێشمه‌رگه‌م و خوێنم له هیچکام له هاوڕێکانم سورتر نیه! چوار ڕۆژ
بو‌و که له ناو کوردستان بوون و ته‌نیا چاوه‌دێری ناوچه‌که‌یان کردبو
و ته‌نانه‌ت خۆیان نیشان شوانێکیش نه‌دابو. ئێواره‌ی پێنجه‌م چونه ناو
ئاوایێک بۆ زانیاری کۆ کردنه‌وه و پارووه نانێکیش له کیسه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه
هه‌ژاره بخۆن. بۆ ئه‌و که یه‌که‌م جاری بو‌و وه‌ک پێشمه‌رگه ده‌چووه
ناو ئاوایی و بۆ ناو ماڵی خه‌ڵک، له دڵی خۆیدا حه‌زی نه‌ده‌کرد که
ببێته مایه‌ی زه‌حمه‌تی که‌س و پێی خۆش بو‌و له دوکانی ئاوایی
بیسکویتێک بکڕێت و بیخوات و هاوڕێکانیشی پێخۆرێکی بۆ بێنن بۆ ناو ڕێگا!
که‌س ئه‌مه‌ی لێ قه‌بوڵ نه‌کرد و ناچار له‌گه‌ڵ یه‌ک له هاوڕێکانی که
ئه‌و یه‌که‌م جاری نه‌بو بچێته سه‌ر سفره‌ی که‌س، ڕۆیشتن بۆ ماڵێک،
واته پیاوی ماڵه‌که هاتبو و ده‌یه‌ویست دو پێشمه‌رگه به‌رێته‌وه.
پێشیان که‌وت و بردنیه‌وه بۆ ماڵ. که چونه ناو ژوره‌که ڕۆشنایی به‌رقییان
نه‌بو و ته‌نیا به چراێکی گڕسۆز ماڵه‌که‌یان هه‌ندێک ڕون کردبووه‌وه
و به هۆی دوکه‌ڵی چراکه دیواری ناو ژوره‌که هه‌ندێک ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕابو.
ژنی ناو ماڵه‌که به گه‌رمی به خێرهاتنی کردن و بێ ئه‌وه‌ی هیچ
پرسیارێکی له پێشمه‌رگه‌کان هه‌بێت یا شتێکی بۆ وتن پێ بێت، یا خۆ ڕه‌نگه
کۆڵێک پرسیاری هه‌بوبێت و مه‌جاله‌که‌ی به باش نه‌زانیبێت بۆ قسه و
باس، ڕۆی بۆ ژوری چێشتخانه و به خێرایی که‌وته دروست کردنی خواردن و
دانانی سفره و کچه بچکۆله چاو گه‌شه ده ساڵانه‌که‌شیان یارمه‌تی
دایکی ده‌دا و هه‌ر خێرا خێراش سه‌یرێکی پێشمه‌رگه‌کانی ده‌کرد و شه‌رمێکی
له خۆی نیشان ده‌دا و عێشوه‌ێکی جوانی ئه‌نواند و دایمه‌ش بزه و پێکه‌نینێکی
جوان له سه‌ر لێوه‌کانی بو‌و و له په‌ستاش چایی بۆ دێنان و دوباره ده‌ڕۆی
بۆ یارمه‌تیدانی دایکی. له گه‌ڵ پیاوی ماڵه‌که که‌وتنه قسه و باس و
پرسیار و وڵام له هه‌ر دوک لاوه ده‌ستی پێکردبو و هێند قوڵ چوبونه
ناو باسه‌کان که کات به خێرایی تێپه‌ڕیبو و خواردن ئاماده له سه‌ر
سفره داندرابو. خانمی ناو ماڵ وتی فه‌رمون برا گیان، ڕه‌نگه زۆر
هیلاک بن، ئه‌م خوشکه‌تان بمرێ، فه‌رمون نانه‌که‌تان بخۆن. هه‌تا ئه‌و
بنه‌ماڵه دڵسۆزتر ده‌بون و ئیحتیڕامی زیاتریان لێ ده‌گرتن، ڕزگار شه‌رمنتر
ده‌بو! شه‌رمی ده‌کرد و هه‌ستی ده‌کرد که بۆته هۆی زه‌حمه‌تی ئه‌و
ژنه و نانی ئه‌و ماڵه هه‌ژاره ده‌خوات، ئاره‌قه‌ی ساردی ده‌کرده‌وه
و خودا خودای بو زو شتێک بخوات و بڕواته ده‌ر، وتیشی داده گیان ده‌سته‌کانت
خۆش بێت به ڕاستی نه ده‌بو هێنده بتخه‌ینه ئه‌زیه‌ته‌وه، ئیتر زه‌حمه‌ت
مه‌کێشه و تۆش دانیشه. هاوڕێکه‌ی که هه‌ستی شه‌رم و شتی له لا نه‌بو،
به پێکه‌نینه‌وه سه‌یرێکی کرد و وتی ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و زه‌حمه‌ت نه‌کێشێت،
چۆن ئێمه پاروه نانێک بخۆین؟ ئێمه‌ش هیلاکین و ده‌شزانم ئه‌زیه‌ت نیه
بۆ ئه‌وان پێیان خۆشه و هاوکات ئه‌مرێکیشی به ژنه‌که کرد و پێی وت،
داده گیان بێ زه‌حمه‌ت خێرا دو پێخۆریشمان بۆ حازر که بیبه‌ین بۆ ناو
ڕێگا. که هاوڕێکه‌ی ئه‌مه‌ی وت ڕزگار هێنده‌یتر سور بووه‌وه و له شه‌رمدا
نانیشی بۆ نه‌ده‌خورا، هه‌ستێکی زۆر ناخۆشی لا دروست بوبو، ئایا هی ئه‌وه
بو‌و که یه‌که‌م جاریه‌تی؟ یا هه‌ر خۆی شه‌رمنه و له‌و که‌سانه‌یه که
که‌س ناتوانێت به چه‌قۆ سه‌ری ببڕێت، به‌ڵام به لۆکه به ئاسانی سه‌ری
ده‌بڕدرێت! هه‌ر چۆنێک بێت نانه‌که‌ی خوارد و چایش به سه‌ریدا و
هاوکات که پیاوی ماڵه‌که‌ش هه‌ستی کردبو که ئه‌و شه‌رم ده‌کات، پێێ
ده‌وت، پێشمه‌رگه چۆن ده‌بێت شه‌رم بکات، ماڵی برای خۆتانه و منیش
خۆم به خاوه‌ن ماڵ نازانم و ئه‌ی میوانداری پێشمه‌رگه نه‌که‌م که بۆ
ئێمه که‌وتونه‌ته ئه‌و شاخ و کێوه، میوانداری کێ بکه‌م؟ دیاره
ڕزگاریش له قسه و باسه‌کاندا شه‌رمی نه‌ده‌کرد، ته‌نیا له سه‌ر سفره
شه‌رمن بو‌و و پیاوه‌که‌ی قانع کرد که شه‌رم ناکات و ئه‌وه‌نده‌ی
بتوانێت و میعده‌ی بیبات، ده‌یخوات و هه‌ر وایشی کرد و دواتر تێر و پڕی
خوارد، له ئاخره‌کاندا هه‌ندێک ڕوی زیاتر کراوه و باشتر بوبو، به‌ڵام
هێشتا به ته‌واوی ڕوی نه‌کرابووه‌وه. پێش له ڕۆیشتن پێخۆره‌کانیان
له کۆڵه پشتییه‌کانیان خست و پێچایانه‌وه و ماڵئاواییان کرد و زۆر
سپاس و پێزانینیان ده‌ربڕی و ڕۆیشتن و له پلیکانه‌کانی ماڵه‌که که
ده‌چونه خوار، له پڕ پیاوی ماڵه‌که بانگی کردن و وتی ئه‌رێ ئه‌و
کڵاشینکۆفه‌ی کامتانه به جێتان هێشتووه؟ به‌ڵێ کاکه ڕزگار له شه‌رمی
پارووه نانێک، چه‌کی ده‌ستی له بیر چوبو! خێرا گه‌ڕاوه و چه‌که‌که‌ی
وه‌رگرته‌وه و به په‌له له گه‌ڵ هاوڕێکه‌ی به‌ره‌و ناو ئاوایی و
شوێنی دیاریکراو به‌ڕێ که‌وتن و هه‌ر له‌وێ به‌ڵێنی به هاوڕێکه‌ی دا
که ئیتر له هیچ ماڵێک شه‌رم نه‌کات و شه‌رت بێت ئیتر هه‌ر بۆ خۆی
داوای خواردن و پێخۆر و ئه‌مانه بکات و هاوڕێکه‌شی به‌ڵێنی دا که ئه‌م
ڕوداوه بۆ که‌س ناگێڕێته‌وه، با نه‌بێته هۆی پێکه‌نینی هاوڕێکانی و
نه‌کا توشی ته‌وبیخی فه‌رمانده‌ش ببێته‌وه! بۆ جاره‌کانی دیکه که ده‌که‌وتنه
هه‌ر ئاوایێک و هه‌ر ماڵێک، ئیتر شه‌رم له لای ڕزگار نه‌مابو و
هاوڕێکه‌شی که چه‌ند جاری دیکه له گه‌ڵی که‌وتنه ماڵێکه‌وه، زانی
که ڕزگار وانه‌ی باشی له‌و ڕۆژی یه‌که‌مه‌ی وه‌رگرتووه و شه‌رمی نان
خواردنی به ته‌واوه‌تی وه‌لا ناوه! مابووه‌وه شه‌رم و ترسی شه‌ڕیش
له خۆی دادڕێت. یه‌که‌م جار که توشی شه‌ڕ هاتن، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ی
ته‌قه ده‌ستی پێ‌کرد و له یه‌که‌مین ته‌قه‌کاندا که‌س نه‌پێکرا، ئیتر
ترس و ئه‌مانه نه‌مان و خێرا وه‌زعییه‌تی ده‌ور و به‌ری و جێگا و
شوێنی سه‌نگه‌ری خۆی و هاوڕێکانی هاتنه ده‌ستی و جێگای دوژمن و هێرش
به‌ران دیار بوون و ئیتر سه‌نگه‌ر به سه‌نگه‌ر ته‌قه ده‌کرا و پاش
ماوه‌ێک هێرش بردنه سه‌ر دوژمن و ڕاونانییان، ته‌قه‌ش که‌م بووه‌وه و
ئه‌مانیش پاشه کشه‌یان کرد و له به‌ر ئه‌وه‌ی که نه‌کا ته‌ڵه‌ێکییان
بۆ دانابن، شوێن دوژمن نه‌که‌وتن و خه‌ساره‌تێکی که‌مییان له دوژمن دا
و درێژه‌یان به جه‌وله‌که‌یان دا.
ئێواره‌ێکیان که دوباره توشی شه‌ڕ هاتبون، شه‌ڕه‌که‌ی ئه‌مجاره‌ش
زۆری نه‌خایاند و ته‌نیا عه‌مه‌لییاتێکی ئیزایی خێرایان کرد و پاش نیو
سه‌عاتێک ته‌قه و لێکدادان، پاشه‌کشه‌یان کرد و بۆ ئه‌وه‌ی توشی
کاره‌ساتی ناخۆش نه‌بن، شوێنه‌که‌یان جێ هێشت و له ئاوایێک
گیرسانه‌وه. فه‌رمانده‌که‌یان بڕیاریدا له‌م گونده پارووه نانێک
ده‌خۆن و هه‌ندێک زانیاری وه‌رده‌گرن و به‌ره‌و شوێنێکی دیاریکراوی
دیکه وه‌ڕێ ده‌که‌ون. که گه‌یشتنه ناو ئاوایی، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا
که خه‌ڵکی گونده‌که ده‌یانزانی که ئه‌م پێشمه‌رگانه بوون که ئێستا
شه‌ڕیان ده‌کرد و ڕه‌نگه هه‌ر ئێستاکه ده‌وڵه‌ت شوێنییان که‌وێت یا
خۆ گونده‌که‌یان بکه‌وێته مه‌ترسی تۆپبارانی کۆماری ئیسلامی، به‌ڵام
نه‌ترسانه به‌ره‌و ڕوی پێشمه‌رگه‌کان ڕۆیشتن و به بێ ئه‌وه‌ی که
پێشتر ڕێکخستنێک کرابێت یا خۆ ئه‌رکێک بۆ که‌سێک دیاری کرابێت، هه‌ر
که‌س ئه‌رکی خۆی ده‌زانی و هه‌ر بنه‌ماڵه و دو و سێ پێشمه‌رگه‌یان بۆ
ماڵی خۆیان ده‌برده‌وه و له سه‌ر سفره‌ی هه‌ژارانه‌ی خۆیان
میواندارییان ده‌کردن و پێش ئه‌وه‌ی میوانه‌کانیان له نان خواردنی
هه‌ژارانه، به‌ڵام به له‌زه‌ت ببنه‌وه، پێخۆری ناو ڕێگایشیان بۆ
ئاماده کردبون و هاوکات قسه و باسیشییان پێکه‌وه ده‌کرد. هه‌ندێک
له خه‌ڵکی ئاوایی شکایه‌تییان هه‌بو له ده‌ست مه‌لای ئاوایی و
ده‌یانوت مه‌لا له گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته و دایمه له ماڵی ئه‌و داوه‌ت و
داوه‌تکاری بۆ که‌سانی سپای پاسداران و جاش و کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت
ده‌کات و مه‌ڕ و قه‌ل له به‌ر پێیاندا سه‌ر ده‌بڕێت، بۆیه بڕیار درا
پێش ئه‌وه‌ی که ئاوایی به جێ بهێڵن، قسه و باسێکیش له‌گه‌ل مه‌لای
ئاوایی بکه‌ن! پاش ماوه‌ێکی کورت هه‌مو پێشمه‌رگه‌کان به تێر و
ته‌سه‌لی له شوێنی دیاری کراوی ئاوایی کۆبوونه‌وه و زانراش که
ته‌نیا یه‌ک ماڵ پێشمه‌رگه‌ی نه‌بردۆته‌وه، ئه‌وه‌یش خۆشترین و
به‌رزترین ماڵی ئاویی بو‌و که ماڵی مه‌لای ئاوایی بو‌و! پاش نان خواردن
هه‌ر وه‌ک بڕیار درابو که له ده‌رگای ماڵی مه‌لا بدرێت و له
شکایه‌ته‌کانی هه‌ندێک له خه‌ڵکی ئاوایی بکۆڵدرێته‌وه و له گه‌ڵ
مه‌لا کورته باسێک بکرێت. دو پێشمه‌رگه دیاری ده‌کرێن که بڕۆن و
مه‌لا بێنن، پێشمه‌رگه‌کان له ده‌رگا ده‌ده‌ن و خۆیان ده‌ناسێنن. له
پشت ده‌رگاوه ژنێک که ده‌نگێکی لاوی هه‌یه دێته وڵام و ده‌ڵێت،
کێیه؟ پیاومان له ماڵ نیه! کاتێک ئه‌و دو پێشمه‌رگه بۆ جاری دوهه‌م
له ده‌رگا ده‌ده‌نه‌وه و یه‌کییان ده‌ڵێت ئێمه پێشمه‌رگه‌ین و ئێستا
له خوار ئاوایی ئێوه‌وه توشی شه‌ڕ هاتین و به ته‌ئیکید گوێتان له
ته‌قه‌ی فیشه‌ک بووه، تکایه ده‌رگا بکه‌نه‌وه و مه‌ترسن، ئێمه
پێشمه‌رگه‌ین. له پڕ پیاوێک به ده‌نگێکی نێر هاوار ده‌کات که گوێتان
لێ نه‌بو خێزانم چی وت؟ وتی پیاومان له ماڵ نیه؟ بۆ وازمان لێ
ناهێنن؟ هه‌ر ئه‌و پێشمه‌رگه که پێشتر قسه‌ی کردبو به
ته‌حه‌موله‌وه ده‌ڵێت ئێمه بۆ ژن خوازی نه‌هاتوین، بێزه‌حمه‌ت
ده‌رگاکه بکه‌ره‌وه، جه‌نابت داوا کراویت و هه‌ندێک پێکه‌وه قسه
ده‌که‌ین. پێشمه‌رگه‌که‌ی دیکه که ته‌حه‌مولی که‌متر بو‌و وتی، ئه‌رێ
ئه‌ی تۆ پیاو نیت؟ کابرای ژوره‌وه به توڕه‌یی ده‌نه‌ڕێنێت و ده‌ڵێت،
من نان به پێشمه‌رگ نایه‌م و ده‌رگاش له پێشمه‌رگه ناکه‌مه‌وه،
بڕۆن وازمان لێ بێنن! پێشمه‌رگه‌ی یه‌که‌م ده‌ڵێت نانمان خواردووه،
ده‌رگاکه بکه‌ره‌وه داوا کراویت، شکایه‌تت له‌سه‌ره، پێویسته قسه‌ت
له‌گه‌ڵ بکه‌ین. پاش ماوه‌ێک بێنه و به‌ره، که نزیک بو‌و ده‌رگاکه
بشکێنن، مه‌لا ده‌رگا ده‌کاته‌وه. که ده‌رگای کرده‌وه جلی خه‌وی له
به‌ردا بو‌و که وه‌ک دیشداشه‌ی عه‌ڕه‌بان ده‌چو و سه‌ر تا پێی سپی بو‌و.
لێدانێک ده‌خوات و ده‌یبه‌ن بۆ شوێنی دیاری کراو. مه‌لا خۆی که
ته‌مه‌نی چل و پێنج ساڵان ده‌بو، باڵاێکی به‌رز و ڕیشێکی کورتی
قه‌ڵه‌می کراوی پاسدارانه‌ی هه‌بو و زگێکی زلیشی به‌ردابۆوه‌وه!
ده‌یبه‌نه ماڵی ڕیش سپی ئاوایی که له‌وێ فه‌رمانده و پێشمه‌رگه‌ێکیش
وه‌ک چاو‌دێر و موشاوێر و چه‌ند پیاوێکی به ته‌مه‌نی ئاوایش له‌وێ حازر
ده‌بن و بێ ئه‌وه‌ی ناوی شکایه‌ت کاره‌کان یا شاکییه‌کان ببردرێت،
شکایه‌ته‌کان بۆ مه‌لا ده‌خوێندرێته‌وه و ئه‌وه‌ی که ده‌رگاش له
پێشمه‌رگه‌کان ناکاته‌وه و وتویه نان به پێشمه‌رگه نایات و
ئه‌مانه‌ش به تاوانه‌کانی زیاد ده‌کرێن. له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که
مه‌ترسی تۆپبارانی ئاوایی و هاتنی گروپی زه‌ربه‌تی سپا بۆ ئاوایی و توش
بوونی شه‌ڕ هه‌بو، به‌ڵام پێویست بو‌و زۆر به په‌له ئه‌م کێشه‌یه به
لاێکدا ببڕێته‌وه، هاوکات پێشمه‌رگه له چوارگۆشه‌ی ئاوایی دامه‌زراون
و زۆر به باشی ده‌ی‌پارێزن و چاوه‌دێری باشی ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری
ئاوایی ده‌که‌ن و ماتڵی هاتنی گروپی زه‌ربه‌ت ده‌بن. دوای ماوه‌ێه‌ک
لێکۆڵینه‌وه و قسه و باسی فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌کان و ڕیش سپیه‌کانی
ئاوایی داوا له مه‌لا ده‌کرێت که به نوسراوه به‌ڵێن بدات که واز
له جاشایه‌تی بۆ کۆماری ئیسلامی دێنێت و له‌وه به‌دوا گرفت بۆ خه‌ڵکی
گونده‌که دروست ناکات و واز له داوه‌ت و داوه‌تکاری بۆ جاش و
پاسداره‌کان بێنێت، ئه‌وجار که پێشمه‌رگه‌ش ڕێیان که‌وته ئاوایی
ده‌رگاکه‌ی ئاوه‌ڵه بێت. هه‌روه‌ها که ته‌مه‌نی خۆی و خێزانی لێ
ده‌پرسن، زیاتر له بیست و حه‌وت ساڵ جیاوازیی ته‌مه‌نییان پێکه‌وه
هه‌یه و ده‌ر ده‌که‌وێت که ئه‌و کچه‌ی له پیاوێکی هه‌ژاری ئاوایێکی
دورتر به زۆر و هه‌ندێک پاره له خۆی ماره کردووه! مه‌لا هیچکام
له‌م بڕیارانه په‌سه‌ند ناکات و ده‌ڵێت چیتان له ده‌ست دێت، بیکه‌ن،
منه‌تتان نه‌بێت! فه‌رمانده که ئیتر کاتی مانه‌وه‌ی له ئاوایی
نه‌ماوه و زیاتر مانه‌وه ڕه‌نگه ببێته هۆی که‌وتنه مه‌ترسی گیانی
خه‌ڵکی گونده‌که، پاش مه‌شوه‌ره‌تێک بڕیاری ئێعدام بۆ مه‌لا
ده‌رده‌بڕێت! مه‌لا که ده‌یزانی که‌وڵی ده‌که‌ن، ده‌که‌وێته
پاڕانه‌وه که نه‌یکوژن، به‌ڵام هه‌ست ده‌کرێت که درۆ ده‌کات و به
ته‌مایه خۆی ده‌رباز کات، له‌ولایشه‌وه کاتی هیچ نه‌ماوه و ده‌بێت
بڕۆن. ئه‌مجاره ڕیش سپیه‌کان ده‌که‌ونه به‌ینه‌وه و داوای به‌خشین
بۆ مه‌لا ده‌که‌ن، نه‌ک له‌به‌ر مه‌لاکه خۆی، به‌ڵکو له به‌ر ئه‌وه‌ی
که سبه‌ی ڕۆژ کۆماری ئیسلامی له تۆڵه‌ی مه‌لاکه‌دا لاوانی ئاوایی
نه‌گرن و نه‌یانخه‌نه گرتوخانه. فه‌رمانده‌که ڕو له مه‌لا که
تۆزێک ترساوه ده‌ڵێت به‌م هۆیه که پێشمه‌رگه‌ی کوردستان بۆ ئاسایشی
کۆمه‌ڵگاکه‌ی تێده‌کۆشێت و نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که کۆمه‌ڵگا توشی
ناخۆشی ببێت، ئه‌گه‌ر چی ئه‌مه له لایه‌ن دوژمنی داگیرکه‌ر وه‌ک
تاکتیکیش به کار ده‌بردرێت، بڕیاره‌که ده‌گۆڕین و له ئیعدامه‌وه
ده‌یکه‌ین به بردنی مه‌لا له گه‌ڵ خۆمان و دوای دو حه‌وتوی دیکه
ده‌ینێرینه‌وه بۆ ئاوایی. مه‌لا ئه‌م بڕیاره‌ی له ئیعدامه‌که‌شی پێ
ناخۆشتر ده‌بێت، بۆیه ئه‌مجاره هه‌م ده‌پاڕێته‌وه و داوای لێ
بوردویی بۆ خۆی ده‌کات و هاوکات که وه‌ک منداڵێک ده‌گری و چاویشی پڕ
ده‌بێت له ئاو، ئه‌وجار ئاماده ده‌بێت که هه‌ر چی ئه‌وان
بییانهه‌وێت بینوسێت و واژۆی کات، ئه‌گه‌ر چی هه‌مو ده‌زانن که درۆ
ده‌کات و هه‌ر چیێکیش واژۆ بکات، سبه‌ی لێی پاشگه‌ست ده‌بێته‌وه،
به‌ڵام لێی قه‌بوڵ ده‌که‌ن! کات نه‌ماوه و ڕیش سپییه‌کان دوباره
ده‌که‌ونه‌وه به‌ینه‌وه و فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌کان به‌مه ڕازی
ده‌که‌ن که واژۆکه‌ی لێ وه‌رگرن و وازی لێ بێنن. ڕیش سپییه‌کان پێیان
وایه که ده‌رسی خۆی وه‌رگرتووه و که‌سیش له‌وه زیاتری لێی ناوێت.
بڕیار ده‌درێت که بینوسێت و واژی کات، هه‌ر بۆیه مه‌لا به خێرایی
لاپه‌ڕه‌ێک ده‌نوسێت و بڕیار ده‌دات که واز له جاشایه‌تی بێنێت و
گرفت بۆ خه‌ڵکی گوند دروست ناکات و ڕاپۆرتی خراپ له که‌س نادات و
داوه‌تکاریه‌کانی جاش و پاسدار ده‌وه‌ستێنێت و مه‌لایه‌تی خۆی ده‌کات و
ڕێزی خه‌ڵک و پێشمه‌رگه‌ش ده‌گرێت. پاش زیاتر له سێ سه‌عات مانه‌وه
له ئاوایی، به بێ ئه‌وه‌ی گروپی زه‌ربه‌ت و سپا په‌یدایان ببێت،
کۆتایی به مانه‌وه له ئاوایی ده‌هێندرێت و درێژه به ڕێگاکه‌یان
ده‌ده‌ن و ماڵئاوایی له خه‌ڵکی گونده‌که ده‌که‌ن و ده‌ڕۆن.
له ڕێگادا که ورده ورده پۆله پێشمه‌رگه‌که له ئاوایی دور
ده‌که‌وتنه‌وه و پاش ماوه‌ێکی زۆر ڕێپێوان پشوێک ده‌ده‌ن، یه‌ک له
پێشمه‌رگه‌کان له فه‌رمانده‌که‌یان ده‌پرسێت که کاک .... ئه‌رێ
ئه‌م مه‌لایه هێنده‌ی بێنه و به‌ره ده‌ویست؟ ئایا نه‌ده‌بو خێرا
بیگرین و بیکوژین، چونکو ئه‌و جاش و خۆفڕۆش بووه و دوژمنی ئه‌م
گه‌له‌یه؟ له وڵامدا فه‌رمانده‌که‌یان به ئیمان به‌و قسه‌یه‌ی که
ده‌یکرد وتی ئێمه ده‌بێت بزانین که مه‌به‌ست له چه‌ک هه‌ڵگرتنمان
چییه؟ ئه‌یا مه‌به‌ستی ئێمه کوشتن و شه‌ڕ کردنه به‌و چه‌که، یا
به‌رگری؟ ئایا مرۆڤ هێنده که‌م نرخه که هه‌ر به‌وه‌نده‌ی که چه‌ند
کاری خراپی کرد، بیگرین و بیکوژین؟ ئایا هه‌مو مرۆڤێک هه‌ڵه ناکات؟
که‌واته پێویسته که مه‌جال به مرۆڤ بدرێت که بیر له هه‌ڵه‌کانی
خۆی بکاته‌وه، ئێمه‌ش چه‌کمان ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه که به‌م چه‌که
به‌رگری له خۆمان ده‌که‌ین له به‌رانبه‌ر هێرشی کۆماری داگیر که‌ری
ئیسلامی ئێران و به‌س. ئه‌وه‌ش که بڕیاری ئیعدام کردنیمان دا به
ڕاستمان نه‌بو و به گوێی ڕیش سپی ئاوایشم گه‌یاند که به ڕاستم نیه
و ته‌نیا بۆ ترساندنی بو‌و، چونکو دیار بو‌و ملا زۆر له خۆ بایی بو‌و و
پێی وابو که ئێمه ناتوانین غوروری بشکێنین، که هه‌ر وه‌ک دیتتان له
لای هه‌مو خه‌ڵکی ئاوایی به گه‌وره و بچکۆله‌وه و له به‌ر چاوی
خێزانه‌که‌یدا غوروری خۆی ژێر پێ ناو و بۆ پاراستنی ژیانی خۆی گریا و
داوایی لێ بووردنی له ئێمه‌ش و له هه‌مو خه‌ڵکی ئاوایی کرد. ئایا
کامیان باشتر بو‌و، ده‌ستمان به خوێنی جاشێک که له‌و کاته‌شدا بێ‌دیفاع
بو‌و، سور بکردایه یا خۆ که‌رامه‌تی بشکێنین، به بێ ئه‌وه‌ی توشی
کوشتنی ببینه‌وه. کوشتن له حاڵه‌تی نا ئاسایی و شه‌ڕدا ئاسانه، لێ
بوردویی له‌م کاته‌دا پێویسته! جیاوازییه‌کانی ئێمه وه‌ک هێزی
ئازادیخواز له گه‌ڵ دوژمنه‌که‌مان ئالێره‌دا ده‌ر ده‌که‌ون و ئێمه
له کاتی توش شه‌ڕ بوونه‌که‌ی ئێواره سه‌لماندمان که هێزی له پسان
نه‌هاتوی شۆڕشین و له‌و کاته‌ی که پێویست بکات به ئیمان و ئیراده‌وه
به‌رگری ده‌که‌ین و له ئاوایش سه‌لماندمان که نرخ بۆ مرۆڤ داده‌نێین،
ئه‌گه‌ر ئه‌و مرۆڤه جاشێکی وڵات فڕۆش و خیانه‌تکاریش بێت، به‌ڵام بۆ
جاری دووهه‌م ڕه‌نگه نه‌یبه‌خشین، با بزانین به‌ڵێنه‌کانی ده‌باته
سه‌ر یا نا!
٭ ٭ ٭
وانه‌کانی پێشمه‌رگایه‌تی هه‌تا بڵه‌ی بۆ ئه‌و زۆر بوون و فێری مرۆڤ
دۆستی و نرخ و پله و پایه‌ی ئینسانیه‌تی کردن و هه‌ر ئه‌و وانانه‌ش
بوونه هه‌وێنی خولیاێکی دیکه له مێشک و بیر و باوه‌ڕی ئه‌ودا که
بیری لێ ده‌کرده‌وه و پرسیارێک له مێشکیدا ده‌هات و ده‌ڕۆیشت که ئه‌رێ
شه‌ڕ و خوێنڕشتن و توند و تیژی نواندن چ ده‌ردێک له مرۆڤ ده‌وا ده‌کات؟
ده پاسدار ده‌کوژیت، هه‌زار جێگای ده‌گرێته‌وه، یه‌ک پایگا ده‌گریت،
ده دروست ده‌که‌نه‌وه، به کڵاشینکۆف شه‌ڕ ده‌که‌ی به تۆپ و هاوه‌ن
و کاتیۆشا و فڕۆکه و هێلیکۆپته‌ر له‌گه‌ڵت به شه‌ڕ دێت و ڕاوت ده‌نێت.
خوێندنه‌وه‌ی په‌ڕتوکی زۆر و ناسینی هه‌ندێک وشه‌ی وه‌ک مافی مرۆڤ و
دژی شه‌ڕ و دژی خوێنڕێژی و دژی توند و تیژی و ئه‌و ته‌جروبه و
ڕوداوانه‌ش که له کاتی جه‌وله‌کاندا فێریان ببو، هه‌مو ده‌یخستنه
بیره‌وه و ده‌یان پرسیار له مێشکیدا په‌یدا ده‌بون که ده‌بو ولامیان
بۆ په‌یدا کات! له خۆی ده‌پرسی که ئایا کوژران و کوشتن هیچ سودێک ده‌گه‌ێنن
و ئایا له قازانجی دێمۆکڕاسی و مافی مرۆڤ و ئاشتیدان؟ ئایا به
نواندنی توند و تیژی ده‌توانرێت داهاتوێکی بێ توند و تیژی ده‌سته‌به‌ر
بکرێت؟ بۆ ئه‌مانه و زۆر پرسی دیکه ده‌بو وڵام په‌یدا کات و ورده
ورده ئاڵ و گۆڕ به سه‌ر بیر و بۆچونه‌کانیدا ده‌هاتن و خولیاکانی
کاتی لاویه‌تی که هێنانی بۆ پێشمه‌رگایه‌تی، خه‌ریک بون ئه‌وجار به‌ره‌و
ئاقارێکی تریان ده‌کێشا و ئیتر بیری له جۆره خه‌باتێکی نوێ ده‌کرده‌وه
که تێیدا توند و تیژی نه‌بێت و هه‌وڵ بدات له ڕێگای پۆلیمیکی سیاسی،
به ئامانجه‌کانی بگات! ئاڵ و گۆڕی سیاسی و فیکری ئاله‌م حاڵه‌تانه‌وه
پێک دێن!
ئه‌وه بو‌و که پاش ئه‌وه‌ی که خولیای شێوه خه‌باتێکی نوێ به
شێوازێکی نوێ و شارستانیانه و جیاواز له‌و خه‌باته‌ی که ئێستا ده‌یکرد،
هه‌مو مێشک و له‌شی داگیر کردبو، بڕیارێکی دیکه‌ی داب‌و که چه‌کی ده‌ستی
دا‌نێت و ماڵئاوایی له هاوڕێکانی بکات و به‌ره‌و هه‌نده‌ران و ڕۆژئاوای
به ناو "پێشکه‌وتو" وه‌ڕێ بکه‌وێت. هاوڕێیانی زۆر به په‌رۆشییه‌وه
بون که بۆچی ئه‌بێت بڕیارێکی ئاوه‌ها بدات! بۆ ئه‌و خۆی ئه‌م بڕیاره
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی که دیار بو، هێنده ساکار نه‌بو. ماوه‌ێک بو‌و
که ئه‌م بیرۆکه‌ی له مێشکی خۆیدا هێنابووی و بردبووی به‌ڵام ته‌نیا
به‌م ئاکامه گه‌یشتبو که چه‌ک نه‌یتوانیوه تا ئێستا ئاشتی بۆ گه‌لان
به دیاری بێنێت، ئه‌گه‌ر چی ئه‌و چه‌که بۆ به‌رگریش بێت. خواهه‌ڵناگری
ئه‌ویش ئه‌م چه‌کانه‌ی که به ده‌ستی ئه‌مانه‌وه بون، له چاو چه‌ک و
چۆڵی دوژمنی داگیرکه‌ر زۆر کزتر و بێده‌نگتر بون. دوژمنێکی ته‌یار و بێ
ویژدان که ئه‌وه‌ی ماف بێت بۆ تۆی قایل نیه و هه‌ر به مرۆڤیشت
دانانێت، چ بگات به‌وه‌ی که حیسابی گه‌لێکت بۆ بکات. ڕژیمێک که له
گه‌ڵ شوێن که‌وتنی تۆ و بۆ گه‌یشتن به ئامانجه چه‌په‌ڵه‌کانی چه‌کدار
و مه‌ده‌نی به یه‌ک چاو ده‌بینێت و بۆ ئه‌و ته‌نیا کوشتن و سڕینه‌وه‌ی
فیزیکی وڵامی داخوازیه‌کانی گه‌لی کوردستانه و ئه‌مه‌شی به درێژایی
ته‌مه‌نی خۆی و هه‌ر کاتێک به پێویستی زانیبێت، سه‌لماندووه. سه‌لماندویه‌تی
که ڕژیمێکی هێنده بێ ڕه‌حمه که چکۆله و گه‌وره، چه‌کدار و بێ چه‌ک
و هه‌مو ئه‌وانه‌ی بیر له تاقه زه‌ڕه‌ێک ئازادی بکه‌نه‌وه، به گرتن
و کوشتن وڵامییان بداته‌وه و ئه‌وه‌ش وه‌ها بێ ویژدانانه ده‌کات که
به خه‌یاڵی خۆی خه‌ڵکیشی پێ چاوترسێن بکات، به‌ڵام وره‌ی به‌رزی گه‌لی
کوردستان هه‌رگیز به‌و تاکتیکه چه‌په‌ڵ و ترسنۆکانه‌یه‌ی ڕژیم نه‌ڕوخاوه
و هه‌رگیزیش ناڕوخێت!
بڕیاره‌که‌ی داب‌و و لێی پاشگه‌ست نه‌ده‌بووه‌وه و هه‌ر چی هاوڕێکانی
پێیان ده‌وت، که پاشگه‌ستی ئه‌و بڕیاره ببێته‌وه، نه‌یده‌توانی واز
له بڕیاره‌که‌ی بێنێت و ببو به خولیا و ئاوات، هه‌ر بۆیه ڕێگای
هه‌نده‌ران و ئاواره‌یی و ڕێگاێکی نامۆ و نادیار و تاریکی گرته به‌ر و
پاش چه‌رمه‌سه‌ریێکی زۆر له ئوروپا گیرسایه‌وه. ئه‌و کات حیزبه‌که‌ی
ئه‌و له ڕوکودێکی ته‌واودا بو‌و و بڵاوکراوه‌یه‌ک که ده‌ری ده‌کرد و
بۆ ئه‌مییان ده‌نارد که به ده‌ست خه‌ڵکی بگه‌ێه‌نێت، هه‌واڵی سێ چوار
مانگ له‌وه پێشی تێدا بو‌و و زۆر بڵاوکراوه‌ێکی لاواز بو‌و، به‌ڵام ئه‌و
به تاقی ته‌نیا کۆمیته‌ی وڵاته‌که‌ی زیندوو ڕاگرت. چه‌ند ساڵانێک که
له ئوروپا ژیا، توشی گێره و کێشه‌کانی دو فه‌رهه‌نگی ژیانی ئوروپا
بووه‌وه. ڕزگار له وڵاتێکی ئوروپایی گیرسابووه‌وه که پێشتر بۆ
کورده‌کان نه‌ناسراو بو‌و و به هۆی ئه‌وه‌ی پێش ئه‌و کوردێکی زۆر که‌می
لێ بو‌و و ئه‌وانیش تازه چه‌ند ساڵێک ده‌بو که چوبونه ئه‌و وڵاته،
له گه‌ڵ گرفتێکی زۆر به‌ره‌وڕو ببووه‌وه و دواجار هێنده نوقمی
چه‌رمه‌سه‌ریه‌کانی دو فه‌رهه‌نگیی و کێشه و گرفتی ژیانی ئه‌و وڵاته
بووه‌وه که مرۆڤایه‌تی و شۆڕش و خه‌بات سه‌هله خه‌ریک بو‌و کوردستانی
دایکی نیشتیمانیشی له بیر بچێته‌وه. ئه‌گه‌ر چی له سه‌ره‌تاکاندا
زۆر باش بو‌و و چالاکی سیاسی ده‌کرد، به‌ڵام پاش ماوه‌ێک جێگای خۆی به
که‌سانی دیکه سپارد و خۆی هێند نوقمی خه‌بات له دژی هه‌ڵاواردن له‌و
وڵاته بو‌و که سه‌ریشی پێ نه‌ده‌خورا و له ئاکامدا ده‌وڵه‌تی
نێئۆلیبڕاڵی وڵاته‌که‌ی که هه‌مو یاسا و ڕیساکان به ده‌ست خۆی بوون
و ته‌نانه‌ت به پێچه‌وانه‌ی یاسا و ڕیساکانی نوسراوه‌ی سه‌ر
لاپه‌ڕه‌کان، ده‌ستی له بڕیاره‌کانی دادگاکانیشدا هه‌یه، سه‌رکه‌وت و
مامه ڕزگاریش ئه‌وه‌ی بووی له مادییات و له مه‌عنه‌وییات له ده‌ستی
دا و هیچی بۆ نه‌کرا و به تاقی ته‌نیا و کز و مات و هه‌ژار مایه‌وه و
ئاکامی ساڵه‌ها خه‌باتی مه‌ده‌نی/سیاسی له ئوروپا و پێشمه‌رگایه‌تی و
هه‌مو ئه‌وانه، وه‌ک بڵقی سه‌ر ئاو‌و ته‌قینه‌وه و بوون به هیچ!!
خولیای خه‌باتی مه‌ده‌نی سیاسی له دژی کۆماری ئیسلامی و له
ئه‌روپاوه هه‌رگیز ناتوانێت به ته‌نیا کاریگه‌ر بێت، به‌ڵکو ئه‌م
خه‌باته ده‌بێت شێوه‌یه‌کی دیپلۆماسییانه بگرێته خۆی و ناشبێت هه‌ر
حیزبه و بۆ خۆی به ته‌نیا بیکات، به‌ڵکو ده‌بێت به‌ره‌ێکی نیشتیمانی
دروست بکرێت و نوێنه‌ره‌که‌یان له گه‌ڵ ئوروپاییه‌کان له پۆلیمیکدا
بێت و هاوکات له ناوه‌وه‌ی وڵاتیش خه‌بات به شیده‌ت و حیده‌ت بڕواته
پێش و گه‌لی کوردستان و حیزبه سیاسیه‌کانی ده‌بێت له هه‌مو
ئه‌هرومگه‌لی مومکین بۆ سه‌ر خستنی ئه‌م خه‌باته که‌ڵک وه‌رگرن و
نه‌سره‌وتن تا سه‌رکه‌وتن، به‌ڵام به شیده‌تێکی زیاتره‌وه بکه‌نه‌وه
به دروشمی سیاسی خۆیان. بێ‌شک سه‌رکه‌وتن ته‌نیا به‌م شێوه خه‌باته
یه‌کگرتووانه و هه‌مه‌لایه‌نه زه‌مانه‌ت ده‌کرێت و بێجگه له‌مه
هه‌مو ڕێگاکان به‌ره‌و ناکوجائاباده!
ڕزگار به ته‌جروبه بۆی ده‌رکه‌وت که مافی مرۆڤ له ئوروپا له پێش
هه‌مو که‌سدا سه‌ره‌تا بۆ خه‌ڵکی ئوروپایه و ئه‌وجار بۆ کۆچبه‌ران و
بێگانه‌کان و به‌رابه‌ری و ئینساف له‌مباره‌وه ئه‌گه‌ر چی هه‌یه، به‌ڵام
زۆر کز و لاوازه و موتڵه‌قه‌ن شۆڤینیستن! دیاره وڵات تا وڵات هه‌ندێک
جیاوازییان هه‌یه، به‌ڵام هه‌مو له‌مه‌ڕ به‌رژه‌وه‌ندی یه‌ک ده‌نگن.
به باوه‌ڕی ڕزگار به‌رژه‌وه‌ندی تاک و گشت بۆ ئوروپاییه‌کان، له سه‌رو
هه‌مو شتێکه‌وه‌یه و کۆماری ئیسلامیش ته‌نیا ئوروپائیه‌کان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی
خۆیان سی ساڵه پشتیوانی سیاسی و ئابوری لێ ده‌که‌ن و ئه‌گه‌ر ئه‌و
پشتیوانییانه نه‌بونایه، کۆماری ئیسلامی له ئێران له مێژ ساڵ بو‌و
ڕوخابو، به‌ڵام به داخه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که هه‌مو جارێک
کۆماری ئیسلامی له‌مه‌ڕ پێشێلکاریه‌کانی مافی مرۆڤ مه‌حکوم ده‌که‌ن، به‌ڵام
هه‌رگیز په‌یوه‌ندی سیاسی و ئابورییان ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت، له‌گه‌ڵی
نه‌پساندووه! هه‌ر بۆیه پشتیوانانی ڕاسته‌قینه‌ی کۆماری ئیسلامی ده‌وڵه‌تانی
ئوروپایی و بانک و شیرکه‌ته عه‌زیمه گازی و نه‌وتیه‌کانی ئوروپان.
بێ‌شک هه‌ر ئه‌وانیشن که له سبه‌ی ڕۆژی ڕوخانی کۆماری ئیسلامی قاتڵان
و تاوانباران و ڕاکردووه‌کانی ئه‌و ڕژیمه له خۆیان ده‌گرن، به هۆی
پوڵه‌کانییانه‌وه که دزییویانن! گه‌لی ئێمه پێویسته ئه‌م شتانه
بزانن و هێنده به شاخ و باڵی مافی مرۆڤی ده‌وڵه‌تانی ئوروپایی‌دا هه‌ڵ
نه‌ڵێن، چونکو هه‌موی درۆیه و ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندی بۆ ئه‌وان له هه‌موی
گرنگتره! ئه‌مه بێ‌شک به‌و مانایه نییه که چونکو ئه‌و ده‌وڵه‌ته
ده‌سمایه‌داریه به ناو لیبڕاڵانه خراپن، ئیتر هزری لیبڕالیزمیش خراپ
بێت. ئه‌گه‌ر چی هیچ هزرێک ته‌واو و کامیل نیه، به‌ڵام لیبڕالیزم
توانیویه‌تی له هه‌مو سیسته‌مه سیاسیه‌کانیتر زیاتر وڵامی پێداویستیه‌کانی
مرۆڤایه‌تی بداته‌وه و ئازادیه‌کانی مرۆڤایه‌تی زه‌مانه‌ت بکات.
13ی
خه‌رمانانی 2709
rahmayub@yahoo.de
|