خۆکوژیى
گەنجى کورد تەشەنەى سەندووە.
(دیاردەو چارەسەر)
توێژەرى کۆمەڵایەتى:
حەمەى ئەحمەد رەسوڵ
پێناسی خۆکوژی: ئایا بە خۆکوشتنمان کێشەکانمان چارەسەر دەبێت؟ ئایا
خۆکوژی دەتوانێ هۆکاری گۆڕانکاری لە کۆمەڵگادا بێت؟ کێ لە
بەرامبەر خۆکوژیی تاکەکاندا بەرپرسیارە، کۆمەڵگا یان خودی تاک؟ مرۆڤ
بۆچی پەنا دەباتە بەر خۆکوژی؟ ئەم پرسیارانەو دەیان پرسیاری
لەمجۆرە، لە کاتێکدا دێنە گۆڕێ کە دیاردەی خۆکوژی لە پەرەسەندندایەو
رۆژانە لە هەموو شوێنێکی جیهاندا، گوێبیستی هەواڵی خۆکوژی
دەبین.بەڵام پێناسی خۆکوژی چییە؟ خۆکوژی وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی،
تەنیا رێگاو دوایین رێگای لەنێوبردنی "خود"ە کە بە شێوەیەکی
ئاگایانە لە لایەن تاکەوە بەڕێوە دەچێت. یان بە مانای ئەنجامدانی
کردەوەیەکە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ژیانی کەسێک بەدەستی خۆی.
خۆکوژی بە شێوەیەک لە مردن دەگوترێ کە راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ
دەرئەنجامێکی دیارو بەرچاوی هەیە، ئەم کردەوەیە تاکی خۆکوژ
ئەنجامیدەدات و خۆشی ئاگاداری ئاکامی کردەوەکەی خۆیەتی.
ئیمیل دوورکهایم، دامەزرێنەری کۆمەڵناسیی مۆدێڕن، لە کتێبە
بەناوبانگەکەی خۆیدا بەناوی "خۆکوژی" بە شێوەیەکی زانستیانە باس لە
خۆکوژی دەکاتو لەمبارەوە نووسیوە: "خۆکوژی کردەوەیەکی تاکەکەسیو
کۆمەڵایەتییە کە دەتوانرێت لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسییانەی بۆ بکرێت. بە
بێ لەبەرچاوگرتنی "هۆکار"ی شەخسیی تاکەکان بۆ خۆکوژی، تەنیا بە
یارمەتیی کۆمەڵناسی دەتوانین پەی بەو هۆکارانە ببەین کە دەبنەهۆی
ئەوەی رادەی خۆکوژی لە کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکاندا، جیاواز بێ.
هۆکارگەلێک کە لە نەبوونی پێڕاگەیشتنو چاودێریی دروست بەسەر ویستو
ئارەزووە تاکەکەسییەکاندا، سەرچاوە دەگرێ.
ئەم دیاردەیە مێژوویەکی دوورو درێژی هەیەو ساڵانێکە وەک کێشەیەکی
کۆمەڵایەتی بەرۆکی هەموو کۆمەڵگای جیهانیو یەک لەوان کۆمەڵگای
کوردستانی گرتۆتەوە. خۆکوژی، لە ئاکامی کێشە کۆمەڵایەتیو تێکچوونە
دەروونییەکانی مرۆڤەوە سەر هەڵدەدات و لە کوردستاندا بە یەکێک لە
کێشە گرنگەکان دەژمێردرێو پێویستی بە لێکۆڵینەوە، خەسارناسیو
بەدواداچوون هەیە. بەداخەوە ئەم دیاردەیە لەم چەند ساڵانەی دواییدا
بەشێوەیەکی گشتی پەرەیسەندوە، بە جۆرێک کە رۆژ نییە گوێمان لە
بڵاوبوونەوەی هەواڵی پێوەندیدار بە خۆکوژییەوە نەبێت، یان لە
رۆژنامەو ماڵپەڕو تۆڕی ئینتەرنێتدا نەخوێنینەوە کە: ژنێک خۆی
سووتاند، پیاوێک خۆی خنکاند، لاوێک لە رێگای خواردنی دەرمانەوە
کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، کچێک خۆی خنکاند، کچێک بەهۆی دەسترێژیی
سێکسییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداو مرد، کچو کوڕێکی لاو،
بەهۆی ناڕەزایەتیی بنەماڵەکانیان لەگەڵ پێکەوەژیانیان، خۆیان کوشت،
گەنجێک بەهۆی هەژاریی بنەماڵەکەیەوە خۆی کوشتو دەیانو سەدان
هەواڵی لەمجۆرە.
وەلى هۆکارەکانی خۆکوژی چین: لەگەڵ ئەوەی کە خۆکوژی پەیوەندیی بە
بڕیاری تاکەوە هەیە، بەڵام سەرچاوە یان هۆکارەکەی تەنیا بڕیارە
تاکەکەسییەکان نینو ناتوانین بە بێ لەبەرچاوگرتنی پێکهاتە
کۆمەڵایەتییەکانو کاریگەرییان لەسەر تاک، باس لە هۆکارەکانی خۆکوژی
بکەین. خۆکوژی، پەیوەندیی بە هەلومەرجی کۆمەڵایەتیو ژیانی
تاکەکان لە نێو بنەماڵەو کۆمەڵگادا هەیەو هەروەک باسمکرد، ئەم
دیاردەیە لە ئاکامو دەرئەنجامی کێشە دەروونیو کۆمەڵایەتییەکاندا
سەر هەڵدەدات و هۆکاری واقیعیی خۆکوژییەکان، هێزە کۆمەڵایەتییەکانن
کە لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی دیکە، لە دەستەیەکەوە بۆ
دەستەیەکی دیکەو لە ئایینێکەوە بۆ ئایینێکی دیکە جیاوازییان هەیە.
دەتوانین هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان کە تاک هاندەدەن بیر لە خۆکوژی
بکاتەوە یان پەنا بەرێتە بەر ئەم دیاردەیە، بەمجۆرە دەستنیشان بکەین:
ژیانی شاری، زۆربوونی حەشامەت و قەرەباڵى، پێوەندییە
کۆمەڵایەتییەکانو پێکەوە نەگونجانی تاکەکانی کۆمەڵگا، شکستی
کۆمەڵایەتی، دەستکورتیو هەژاری، بێکاری، کێشەکانی بنەماڵە، تەڵاقو...
. لە هۆکارە دەروونییەکانیش دەتوانین ئاماژە بە هەستکردن بە تەنیاییو
غەریبی، گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، شکست لە خۆشەویستیدا،
بێهیوایی یان نائومێدی، خەمۆکیو هەستکردن بە پووچی لە ژیانداو
لاوازیی تاک لە بەرامبەر کێشەکانی ژیاندا بکەین. هەروەها دەکرێت
گۆڕانی کۆمەڵگا سوننەتییەکان بە کۆمەڵگای مۆدێرنو جیاوازیی نێوان
بایەخە سوننەتیو بایەخە نوێیەکانیش بە هۆکارگەلێک ناو ببەین کە
باندۆریان لەسەر تاکەکان هەیەو لەوانەشە هۆکاری پەنا بردنە بەر
خۆکوژی بن.
رادەی خۆکوژی لە هەر کۆمەڵگایەکدا، نیشاندەری ئاستی لاوازیی
تێگەیشتنی تاکەکانی کۆمەڵگا، خۆشنەویستنی خودو ئاستی تەندروست
نەبوونی ئەو کۆمەڵگایە لە باری دەروونییەوە نوومایش دەکات.
نیشانەکانی پێش لە خۆکوژی: تاکێک کە بڕیاری خۆکوژیی دابێت، بێگومان
لە قسەکردن، هەڵسوکەوتو هاتوچۆکانیدا دیارە. ئەڵبەت بە لەبەرچاوگرتنی
جیاوازیی تاکەکان، لەوانەیە شێوەی قسەکردنو هەڵسوکەوتەکانیش جیاواز
بن. بە واتایەکی دیکە، هەڵسوکەوتەکان لە تاکێکەوە بۆ تاکێکیتر دەگۆڕێن.
بۆ نموونە تاکێک پێش لە خۆکوژی، بە شێوەیەکی ئەرێنی لەگەڵ دەوروبەرەکەی
هەڵسوکەوت دەکات و پێی وایە دەبێ بەمجۆرە سەرنجی کەسانی دەوروبەری
بۆلای خۆی رابکێشێت. بەڵام لەوانەیە کەسێکی دیکە وا بیر بکاتەوە کە
چونکە ئەو خۆی دەکوژێو دەمرێت، گرنگ نییە کە هەڵسوکەوتی باش بێت،
بۆیە لەمەڕ دەوروبەر بێبایەخ دەبێت و هەوڵنادات سەرنجی ئەوان بۆلای
خۆی راکێشێ.
بێگومان هەرکەس یان هەر تاکێک کە پەنا دەباتە بەر دیاردەی دزێوی
خۆکوژی، کێشەی تایبەت بە خۆی هەیە، کە پێیوایە رێگای دەربازبوون
لەو قەیرانو کێشانە، خۆکوشتنە. بەڵام ئایا خۆکوژی تەنیا رێگای
چارەسەری کێشەکانە؟ بێگومان نا. چونکە، مرۆڤ تاکە بوونەوەرێکە کە لە
بەرامبەر کێشەو گرفتەکانی ژیاندا بە بنبەست ناگات، بەو مانایە کە
هەرچەندەش ژیان لە تاریکاییدا بێت، رۆچنەیەکیش هەیە کە ئەو رۆچنەیە
دەتوانێ روناکی بە ژیان ببەخشێو مرۆڤ هیوادار بکات.
خۆکوژى و ئەم چرکەساتەى کوردستان: مەخابن و ئەفسووس کە دیاردەى خۆکوژی
یان (هەوڵى خۆکوشتن) لە کۆمەڵگاکەماندا روو لە زیادبوونەو بەتایبەتى
لەنێو توێژى گەنجاندا.. من وەکو توێژەرى کۆمەڵایەتى بەپێویستى دەزانم
کە باس لە هۆکارەکانى سەرهەڵدانى ئەم دیاردەیە بکەم و پێموایە کە
یەکەمین و گرنگترین فاکتەرێک لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە نوێیەکاندا
دەبیندرێنەوە کە بریتین لە هەبوونى توندوتیژیی لە پێکهاتەو پەیوەندی
خێزانی یان ئەوەى لە سۆسیۆلۆژیادا پێی دەوترێت: زەبر و زەنگی کەلتووریی
و نۆرمى بنەماڵە.
وەکو دروونناسان و توێژەرانى تایبەت بەم دیاردەیە باسی لێوە دەکەن،
بەزۆرى ئەو جۆرە کەسانە دەیانەوێت خۆیان بکوژن کە هەستیارو هەستناسک و
دڵ ناسکن، ئەو کەسانەى کە زۆر زوو زوویر دەبن و شەرمنن و بێوەین، ئەو
کەسانەى کە بەناز پەروەردەن و رادەى ویست و ئیرادەیان زۆر نزمترە لەو
کەسە بەهێزانەى کە بەرامبەر بە نەهامەتى و ئاریشە دانبەخۆدا دەگرن و
رێژەى بەرەبەرەکانى و ململانێیان لە ژیاندا بەرزە.. شایانى وتنە،
ئەوانەى هەوڵى خۆکوژى دەدەن هەمیشە دوودڵن لەزۆربەى کەسان و شتەکانى
دەوروبەریان بۆیە لەگەیشتنیان بە خاڵى بنبەست دڵیان بە ژیان خۆش
نامێنێت و سەد دەر سەد بێئومێد دەبن و باوەش دەکەن بە مەرگدا..
ئەوەشمان بیر نەچێت کە زۆرینەى گەنجان (نەک هەر لە کوردستاندا بەڵکو لە
زۆربەى دونیادا و بەهۆى مامەڵەکردنى رۆژانەى بە ئامێرە کارەبایى و
ئەلکترۆنیەکانەوە) زۆر بێئارام و بێحەوسەڵەیەو تواناى گرفت و کۆششى زۆر
لاوازەو لەبەردەم هەر کێشەو کۆسپێکدا کە نەتوانن لەو دەمودەستەدا
چارەسەرى بۆ بدۆزنەوە یەکسەر تاو دەدەنە نزیکترن ئامێرو کەرەستە بۆ
خۆکوشتن کە بریتیین لە خواردنى کۆمەڵێک حەب یان دەمانچە یا ئاگر یاخود
پەتى قەنارەو خۆهەڵواسین و .....تاد.
فاکتەرى هەرە گرنگ لە خۆکوژیدا: هۆکارى شکستهێنانە لە ئەزموونی
خۆشەویستیدا کە دەشێت پەیوەندی هەبێت بە بەربەستەکانی بەردەم خۆشەویستی
لاوانەوە یان ئەو لەمپەرانەی کە رێگرن لەبەردەم دەرفەتی هاوسەرگیریدا،
فاکتەرێکى دیکە کە رۆڵى گرنگ لە دیاردەى خۆکوژیدا دەگێڕێت، بریتییە لە
گۆڕانى کتوپڕى کۆمەڵگاو خەریکبوونى هەرکەسە بە ئیشوکارى خودی خۆیەوە کە
کەس ئاگاى لە کەس نەبێت و ساردبوونەوەى پەیوەندییەکانى نێوان تاکەکان
ببێتە ئەوەى کە زووتر دڵى گەنج بشکێت و لە ژیان زوویر ببێت و دوچارى
خەمۆکى و زەبرو فشارى دەروونى ببێت.. بۆ وێنە: پەیوەندیمان بە ئامێرى
مۆبایل و کۆمپیوتەرو تەلەفزیۆنەوە زۆرترە وەک لە مرۆڤـ، کە ئەمەش
دۆخێکی نالەباری رۆحی و بێزارى و تەنیایی بۆ تاکەکان فەراهەمدەکات..
فاکتەرێکى تر لەپەیوەندی خوێندندا دەبینرێتەوە (کە لەسیستەمی پەروەردەى
توندى کوردستاندا بەدیدەکرێت) هەروەها نەبوونی بواری گەشەی تاک و
داخرانی کۆمەڵگا بەسەر گەنجاندا لە ژیانى رۆژانەیاندا، هەروەها گرفتی
ئابووری و پرسی بێکاری هۆکارى دیکەیە کەوا لە گەنجى موفلیس دەکات ژیان
و ئاییندە لەبەردەمیدا رەش ببێت، دەتوانین دۆخی نالەباری
زیندانییەکانیش بە هۆکارێکیتر دابنێین کە زۆرێک لە زیندانییەکان
هەوڵدەدەن خۆیان بکوژن..
بەڵام دواجار چۆن ئەم دیاردەیە چارەسەر بکەین و مامەڵەى مەدەنییانەى
لەتەکدا بکەین؟
رێگەچارە لەمبوارەوە ئەوەیە کە لەنێو خێزان و کۆمەڵگادا، گرنگى زیاتر
بدرێت بە گەنجان و پەیوەندی لەگەڵیاندا کراوەترو نەرمونیانتر بێت،
دیالۆگ لە جێی شەڕو هەڕەشەو لێدان و سووککردن بەکار بهێنرێت و
توندوتیژیى جەستەیی و دەروونیان لەگەڵدا بەکار نەیەت، بە راستگۆییەوە
مامەڵەى مەدەنیانە لەگەڵ کچ و کوڕى ناو خێزانەکانماندا بکەین و نهێنیان
بپارێزین و لە هەمانکاتدا گرفتە دەروونى و سۆزداری و ئابوورییەکانیان
بۆ چارەسەر بکەین و بێنازو بێنەوایان نەکەین.. لە لایەنى داراییشەوە
پیسکەو رژد نەبین و یارمەتیان بدەین.
پێویستە بە هێند وتەو گفتى گەنجان وەربگرین ئەگەر وتى: ژیانم ناخۆشەو
خۆم دەکوژم....دەبێت قسەى ناشیرین و تانەو تەشەر بەکارنەهێنرێت لەگەڵ
ئەو کەسانەدا کە هەوڵى خۆکوشتن دەدەن یان باسی خۆکوژیمان بۆ دەکەن،
پێویستە لەکاتى تەنگانەدا دەستى هاریکاریان بۆ درێژ بکەین و درۆیان
لەگەڵدا نەکەین.. پێویستە نەیەڵین ئەو کەسانەى باس لە خۆکوشتن دەکەن بە
تەنیا دابنیشن و زۆر بیر لە کێشەکانیان بکەنەوە، پێویستە ئەو کێشەیەى
بە گرنگ و بە بایەخى دەزانن بۆیان چارەسەر بکرێت و هەست بکەن کە تەنیاو
بێنەواو بێکەس نین.
بە دیوێکى دیکەشدا پێویستە گەنجان ئەوەندە ناسک و بێئیرادەو لاواز نەبن
کە لەبەردەم کێشەى سۆزدارى یان خوێندن یان ئابوورى یان دەروونیدا
دەستەو یەخەو بێئومێد نەبن کە نەتوانن هیچ چارەیەک بۆ خۆیان و بۆ
ژیانیان دابنێن.. پێویستە گەنجى کورد خاوەن خەون و خولیاو ئامانج و
دیدێکى فراوان و تایبەتمەند بن.. هەروەها گرنگى بە کارکردن بدەن و
وەرزش لە ژیانى رۆژانەیاندا بکەنە بەرنامەو بیر لە سبەینێ و ئاییندەى
خۆیان و خێزان و نیشتمانەکەیان بکەنەوە..
Hemea.rasoeL961@yahoo.com
|